سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

بۆ خۆپیشاندانەکان لە کوردستان بەرهەمدار نین؟

هەر کاتێک لە هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانێک ئەنجام دەدرێت، یان ناڕەزایەتییەک گرژی و قوربانی لێ دەکەوێتەوە، کۆمەڵێک پرسیار خۆیان ڕاپێش دەکەن لەمەڕ بێ بەرهەمی خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتییەکان. ئەوەی زۆر باس دەکرێت وەک هۆکارێک لە پشت سەرنەکەوتنی خۆپیشاندانەکان، توندی وەڵام و سەرکوت و بێڕەحمی دەسەڵاتدارانە. پێم وایە زۆرینەی خەڵکی کوردستان کۆکن لەسەر ئەم هۆکارە، بەڵام ئەو ڕوونکردنەوەیە و تێگەیشتنە وێنە گەورەکان نیشان نادات. بۆیە، بۆ دەبێت بەدوای هۆکاری دیکەدا بگەڕێین و بیر لە کرداری بەرهەمدار بکەینەوە. من پێموایە هۆکاری سەرنەکەوتنی ناڕەزایەتییەکان زۆرن بەڵام دووانیان یەکلاکەرەوەن، کە لە خوارەوە گفتوگۆیان دەکەین.

یەکەم، کەمیی ڕێژەی بەشداربووان لە خۆپیشاندانەکان: داتای خۆپیشاندانەکان لەسەرتاسەری دنیا نیشان دەدات کە تەنیا ئەو خۆپیشاندانانە کاریگەرییان هەیە کە لانی کەم ٣.٥٪ دانیشتوانی وڵاتەکە/هەرێمەکە بەشداری لە مانگرتنەکان، لە خۆپیشاندانەکان، یان ناڕەزایەتییەکان دەکەن. واتە، لە هەرێمێکی وەک کوردستان کە ژمارە دانیشتوانی ٦.٥ ملیۆن کەسە، لە هەر خۆپیشاندانێک کە بەرهەمی هەبێت دەبێت لانی کەم ٢٢٠ هەزار کەس بەشداری لە خۆپیشاندانەکان بکەن. خۆ ئەگەر پرسی مووچە وەک پرسێکی هەنووکەیی وەربگرین، کە ماوەیەکە بووە بە چەقی ناڕەزایەتییەکان، ئەوا دەبێت ڕێژەی بەشداری فەرمانبەران لە داوا کردنی مووچەکانیان ڕەچاو بکەین. بەپێی داتاکان، وا پێدەچێت کە ژمارەی فەرمانبەران لە هەرێم خۆی لە ١.٢٥ ملیۆن فەرمانبەر دەدات. واتە بۆ سەرکەوتنی خۆپیشاندانی مووچەخۆران لانی کەم دەبێت ٤٣ هەزار فەرمانبەر بەشداری خۆپیشاندانەکان بکەن. بەڵام ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەردەکەوێت ئەوەیە کە ژمارەی بەشداربووان زۆر لەو ڕێژە و ژمارەیە کەمترە، ئەوە بێجگە لەوەی کە چەقی خۆپیشاندانەکان لە پایتەختی هەرێم، هەولێر، نییە بەڵکوو لە شارەکانی دیکەیە. لەوەش سەیروسەمەرەتر، کە هۆکارێکی بێ کاریگەرییکردنی خۆپیشاندانەکانە، ئەوەیە کە بەشێکی بەرچاوی بەشداربووان فەرمانبەر نین بەڵکوو چالاکوانن کە لەوانەیە مەبەستی دیکەیان هەبێت لە خۆپیشاندانەکان. ئەوەش دەمانبات بۆ هۆکاری دووەم.

دووەم، لە داوای مووچە بۆ ڕووخانی ڕژێم: یەکێک لە دیاردە هەر زەقەکانی خۆپیشاندانەکان لە هەرێمی کوردستان دیارنەبوونی، بە ئاگایی یان بێ ئاگایی بێت، داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانە، یان داواکانیش لەسەرەتا دیار بن بەڵام هەر کە ناڕەزاییەتییەکان دەست پێ دەکەن ئیدی دروشم و داواکان بە ئاقارێکی دیکە دادەچن، یان دادەبرێن. بەلاڕێ دابردنی داواکان زۆر جار مەبەستدارە، واتە گرووپێکی سیاسیی، نەک پیشەیی، دەچنە ناو خۆپیشاندەران و لە جیاتی داوای پیشەیی (وەک دانی مووچە، دوا نەکەوتنی مووچە، دامەزراندنی دەرچووان، هتد) داوا و دروشمەکان دەپەڕێنەوە بۆ “بڕۆ” (ارحل)، گۆڕینی ڕژێم و لە سێدارەدانی بەرپرسان، هتد. ئەم جۆرە لە داواکاریی و دروشمانە دەگەڕێتەوە بۆ تێنەگەیشتن لە پڕۆسەی گۆڕانکاریی لەسەرخۆ (ئیڤۆلیوشنەری) و زاڵیی تێگەیشتنە شۆڕشگێڕییە چەپیی و ئیسلامییە ڕادیکالەکان، کە گۆڕانکاریی تەنیا لە شۆڕش و ڕاپەڕین و سەرنگومکردنی ڕژێمدا دەبینن.

بەکورتی، بۆ سەرکەوتنی هەر خۆپیشاندانێک دەبێت ڕێژەیەکی زۆر زیاتر لەوەی کە تا ئێستا لە کوردستان دەبینرێت بەشدار بن لە ناڕەزایەتییەکان. هاوکات، چەقی خۆپیشاندانەکان دەبێت لە هەولێر بن. بەڵام دروشمی بڕۆ و سەرنگومکردنی ڕژێم نەک هیچ خزمەت بە سەرکەوتنی خۆپیشاندانەکان ناکات بەڵکوو دەسەڵات دەخاتە سەنگەر و هەموو فەزایەکی لەبەردەمدا دادەخا و لەباری دەبا.     

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO