سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ناسیونالیزم و نیشتیمانسازی

دەمێکە دەمەوێت لەسەر ناسیونالیزم ئەوەی لە دڵمە بینووسم، بەڵام باوەڕەکانم من بە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و پێکەوەژیان و ئاشتی لە بیست ساڵی کارکردنم بۆ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕێگر بوون لە نووسینی ئەم بابەتە. دەمێکە پرسیار لەخۆم دەكەم، بۆچی تەنیا بێ هێزەکان، نەتەوە داگیرکراوەکان، فێر دەکرێن کە دەبێت باوەڕیان بە پێکەوەژیان و برایەتی هەبێت، تەنیا نەتەوە بچووکەکان فێر دەکرێن کە مرۆڤەکان یەکسانن؟ بۆچی تەنیا داگیرکراوەکان فێر دەکرێن کە مرۆڤ دەبێت بە برایەتی و ئاشتی لەگەڵ یەک بژین؟ بۆچی تەنها لەناو نەتەوە دواکەوتوەکان کار لەسەر ئاشتی و پێکەوەژیان و مافی مرۆڤ دەکرێت؟

پرسیارەکە ئەوەیە، بۆچی کار لەسەر تورک، عەرەب، یان فارس ناکرێت تا باوەڕیان بە پێکەوەژیان بێت؟ بۆچی لە لەندەن ڕێکخراوەکان کار لەسەر ئەوە ناکەن کە “وێلزی”ـەک یان “سکۆتلەندی”ـەک مافی خۆیانە ئازاد و سەربەخۆ بژیین مافی چارەنووسیان دیاری بكەن؟ بۆچی کۆمەڵێک ڕێکخراو ناچنە فەڕەنسا بڵێن فەڕەنسییەک جیاوازی نییە لەگەڵ ئەفغانیەک؟ یان بۆچی ڕێکخراوە پارە-بەخشەکان نایەن مافەکانی دانیشتوانە ئەسڵییەکانی (هیندییە سوورەکانی) لە ئەمەریکا و کەنەدا وەربگرنە؟ ئەدی بۆچی کۆمەڵێک ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ناچنە ئەڵمانیا داوای ئەوە بکەن کە سەر ڕەشێک لەگەڵ سەر سوورێکی ئەڵمانیی هیچ جیاوازی نییە؟ ئەو پرسیارانە لەوێ دروست بوو کە من هاتمە دەرەوەی وڵات ژیام و تێکەڵی کولتوور و سیاسەت و ئابووری سایکۆلۆجیەتیان بووم.

ناسیونالیزم چییە؟

ناسیوناسیونالیزم هەستێکی خۆشەویستی و وابەستەییە بۆ ئەو خاک و نەتەوە و ژینگەی کە کەسەکە تێیدا گەورە دەبێت و پەروەردە دەکرێت. بە زمانێکی سادە، تۆ بۆنی خاک و ژینگەیەک و جۆری ئەو خۆراکەی دەیخۆیپێت خۆشترین بۆن و خۆشترین خواردنە، چونکە تۆ لەگەڵی گەورەبوویت. پێشتوابێت میوزیک و گۆرانی و جلوبەرگی تۆ لە هی هەموو دنیا جوانتر و پێشکەوتوترە.  ئەم هەستکردنە باڵادەستیە لە هەستی کۆمەڵێک کەسدا زیاتر ڕوودەدات و کاری بۆ دەکەن دەبێتە ڕای گشتی و پەروەردەی گشتیی، ئەو بیر و باوەڕە زۆر جار لەسەر بنەمای نەتەوە، زمان، ئایین، کولتوور یان بەها کۆمەڵایەتییە هاوبەشەکان دامەزراوە، تا ئەو شوێنەی دەبێتە بەشێک لە کولتووری خەڵک. كەواتە ئەگەر ناسیونالیزموەك خواردن و خواردنەوەیە! بەم مانایە ناسیونالیزم  پێچەوانەی گڵۆبالیزمە.

هەر وڵاتێک پێناسەیەکی تایبەتی بۆ ناسیونالیزم کردووە، وەک چۆن پێناسەی تیرۆر لە وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر جیاوازە. بۆ نموونە، پێناسەی تیرۆر لە تورکیا جیاوازە لە پێناسەی تیرۆر لە فەڕەنسا، پێناسەی تیرۆر لە ئێران زۆر جیاوازە لەگەڵ پێناسەی تیرۆر لە ئەمەریکا. ئەو پێناسەیەی ئەمریکا بۆ ئێرانی دەکات دەکرێت ئێران بە خەباتی سیاسی لێکی بداتەوە، یان بە ماف. بەهەمان شێوە، خەباتی ڕزگارییخوازی کورد دژی داگیرکاریی عێراقی و تورکی و ئێرانی و سووری لە ڕوانگەی کورد مافی کوردە، بەڵام تا ئێستا بەشێک لە خەباتگێڕانی کوردستان ناوییان لە لیستی تیرۆری ئەو وڵاتانە دایە. کەواتە پێناسە بۆ چەمکەکان تەواو جیاوازە بۆ لە کەس و لایەنێک بۆ کەس و لایەنێکی تر، کە دەکرێت ڕێک پێچەوانەی یەکدی بن. لە ڕوانگەیەکی تەواو سیاسییەوە، ناسیونالیزم ئامانجی گەیشتنە یان بەرگریکردنە لە سەروەری نەتەوە یان وڵات، واتە مافی خۆبەڕێوەبردن بەبێ دەستتێوەردانی ئەوانی دیکە.

مێژووی ناسیونالیزم

سەرەڕای ئەو هەستە هاوبەشەی کە خەڵکانێک کە زمانێک، ئایینێک یان کولتوورێکی هاوبەشیان هەیە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەڵام ناسیونالیزم وەك ئایدیۆلۆجیا و بزووتنەوە تاڕادەیەک نوێیە.  ڕ لە کاتێکدا مرۆڤەکان هەمیشە هەستیان بە وابەستەبوون بە نیشتیمانی دایک و نەریتی خێزان و دەوروبەر کردووە، بەڵام ناسیونالیزم وەک کۆکەرەوەی نەتەوە و ئاراستەکەری نەببووە هەستێکی بەرفراوان تا کۆتایی سەدەی هەژدەم. شۆڕشەکانی ئەمریکا و فەڕەنسا لە سەدەی هەژدەمدا زۆرجار بە یەکەم دەرکەوتنی کاریگەرانەی ناسیونالیزمی  ڕێكخراو دادەنرێت. لە سەدەی نۆزدەمدا ناسیونالیزم هاتە ناو وڵاتە نوێیەکانی ئەمریکای لاتین و لە سەرانسەری ئەوروپای ناوەڕاست و ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژهەڵات دا بڵاوبووەوە. لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا ناسیونالیزم لە ئاسیا و ئەفریقا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سەری هەڵدا.

ناسیونالیزمی هاوچەرخ

ناسیونالیزم لە سەدەی بیستەمدا لەگەڵ سەرهەڵدانی فاشیزم و نازیزمدا وەرچەرخانێکی ناشیرینی بەخۆیەوە بینی. بەڵام ئەمە فۆرمێکی خراپی ناسیونالیزم بوو کە زیاتر دەچێتە خانەی شۆڤینیزم و ڕاسیزم زیاتر لە ناسیونالیزم یان نیشتیمانپەروەری. لەو کاتەوە زۆر کەس و لایەن وازیان لە بیرۆکەی ناسیونالیزمی شەڕانگێز هێناوە، بە دڵنیاییەوە ئەمە بەو مانایە نییە کە ناسیونالیزم لە سەردەمی نوێدا لاواز بووە. خەڵک ناسیونالیزمێکی بەهێزی لە ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوودا بینی. تێکەڵبوونی ناسیونالیزم لەگەڵ ئایدۆلۆجیا ئابوورییەکانی وەک سەرمایەداری و سۆسیالیزمدا هەبوو.

لە سەدەی بیست و یەکەمدا ناسیونالیزم ڕەوتێکی نەرێنی نەبووە. لە زۆرێک لە وڵاتانی دیموکراسی سیاسەتمەداران بۆ سەرکەوتن پشت بە ناسیونالیزم دەبەستن، بەڵام لەجیاتی ناسیونالیزم زۆر جار تێرمی نیشتیمانپەروەری (patriotism)  بەکاردێنن.

ناسیونالیزم ڕەوتێکی بەهێزە لە جیهاندا، بێگومان جارجار لە فۆرمی نەرێنی دەردەکەوێت. بەڵام ئەم فۆرمە نەرێنییە بە دڵنیاییەوە ناتوانێت گرنگیی ناسیونالیزم بخاتە ژێر پرسیارەوە و جوانییەكانی بشارێتەوە.

ناسیونالیستی توندڕەو

ناسیونالیستە توندڕەوەکان پێیان وایە نەتەوەکەیان/وڵاتەکەیان مافی ئەوەی هەیە ئەگەر پێویست بکات لە ڕێگەی دەستدرێژی سەربازییەوە زاڵ بێت بەسەر نەتەوەکانی/وڵاتانی دیکەدا. وەک ئەمەریکا، کاتێک بە دیموکراتی و ئاشتی ناتوانێت بەسەرتدا زاڵ بێت هێزی سەربازی بەکار دەهێنێت. هەمان ڕێڕەو و هەمان ئەنجامە، بەشێک لەو نەتەوانە/وڵاتانە دەخاتە ژێردەستی خۆی بەناوی دیموکراتی داگیریان دەکات.

ناسیونالیزم دژایەتی گڵۆبالیزم دەکات، سەرکەوتنی گڵۆبالیزم هیچ لە بەرژەوەندی نەتەوە ژێردەستەکان نییە، چونکە بەمانای توانەوە نەتەوە بچووکەکان و وڵاتە لاوازەکان دێت لەناو وڵاتە زلهێزەکان.

ناسیونالیزمی دەوڵەتە نوێیەکان

دەوڵەتە نوێییەکان، وەک ئەمریکا و کەنەدا و ئوسترالیا، مۆدێلێکی جیاواز لە وڵاتانی پێش خۆیان داهێنا، تا جێگای هەمو کۆچبەر و پەنابەرێکی تێدا ببێتەوە، وەک ماڵی خۆی تێیدا ئاسوودە بێت. هەموو کەسێک لە دەوڵەتە نوێیەکان ئازادە چ کولتوورێکی هەیە، چ جلێک دەپۆشێت و چ دینێکی هەیە و چ زمانێک قسە دەکات و لە چ نەتەوەیەکە یاسایەک هەیە هەموویان ڕێک دەخات و بەیەکسانی سەیرییان دەکات. بەڵام نابێت ئەوە لەبیر بکەین کەنەوەی سێیەمی ئەو کۆچبەر و پەنابەرانە بە تێپەبوون بە ئامێزان بەرەو ئەسیمیلەبوون و توانەوە هەنگاو دەنێن و هەموویان دەبنە ئەمەریکی، کەنەدی یان ئۆسترالی بە ناسنامە و ئینگلیزیزمان لەڕووی قسەکردنەوە! سەرەڕای جیاوازی زۆر لە ڕووکەش بەڵام لە ناوەڕۆک ئەم جۆرە ناسیونالیزمە هەمان ئەو ناسیونالیزمەیە کە وڵاتێکی وەک تورکیا، هەر لەسەرەتاوە هاوار دەکات یەک زمان، یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، واتە سڕینەوەی کورد، وەک نموونە! لە کەیسی فەڕەنسییەکان کە خۆیان پیرۆزتر و لەپێشترە لە عەرەبێک یان تورکێک. هەروەها ئەڵمانییەک کە سەر ڕەشێک وەک ئەڵمانییەک تەماشا ناکرێت ئەگەر لە ئەڵمانیا‌ـش لەدایک بووبێت. بەکورتی، لە وڵاتە نوێیەکان وڵاتانی ئەوڕوپا ناسیونالیزم  جیاوازییەکی وای نییە لەگەڵ تورکیا و ئێران، تەنها پەیوەست بە کاتەوەیە، واتە گرووپە پەنابەر و کۆچبەرەکان لەدرێژمەودا لەناوخۆیاندا دەتوێننەوە.

بۆچی ئەو دوو نموونەم بەراورد کرد؟ چونکە لە دنیای گلۆپالیزمدا دەنگوی ئەوە بڵاو بۆتەوە کە مرۆڤەکان هیچ جیاوازییەکیان نییە! ئەمە لە ڕاستیدا تەنها بانگەشەیەکی بێ بنەمای زلهێزەکانە تاوەکوو بێهێزەکان بە زووترین کات بتوێنەوە، دەنا ئێستاش لە ئەمریکا ڕەش پێستەکان لەناو بەشێکی زۆری سپی پێستەکان بە پلەی دووەم سەیر دەکرێن. ئەگەر گلۆبالیزم مانای ئەوە بێت کە مرۆڤەکان یەکسانن ئەدی  ئینگلیزەکان بۆ ڕێگە بە وێڵزییەکان نادەن کە کیانی خۆیان هەبێت، یان بۆچی ڕێگە بە سکۆتلەندا نادەن سەربەخۆ بێت.  کەواتە جیهانگیریی تواندنەوەی نەتەوە بچووکەکانە لەناو نەتەوە گەورەکان لەژێر بانگەشەی گلۆبالیزم و جیهانگەریی دا. ئەمەش بەو مانایەیە کە فۆرمە نوێیەکەی و فۆرمە کۆنەکەی ناسیونالیزم جیاوازییەکی بەرچاوییان نییە، ئەوەی هەیە بە بەرگێکی تازە کاری لەسەر دەکات، بەڵام ئەنجامەکەی یەک شتە.

دەرکەوتەکان

ناسیونالیزم بۆ هەر نەتەوەیەک/وڵاتێک ئەگەر یەکجار گرنگ بێت، ئەوا بۆ کورد دوو جار گرنگە، یەکیان وەک هەر نەتەوەیەکی دیکە کە دەوڵەتەکەی دەیپارێزێت، دووەم لەبەرئەوەی کە کورد دەوڵەتی نییە کە بوونی بپارێزێت.

بۆ نموونە، لای ئەوانە ئاساییە کورد لەناو عێڕاق بتوێتەوە، دەبێت کورد ڕازی بێت عەرەب برای ئەو بێت، چونکە عێڕاق دەوڵەتە. بەهەمان شێوە، ئاساییە کوردێک لەناو تورکیا بتوێتەوە!  ئاساییە وێلزیەک و سکۆتیەک لەناو ئینگلیز بتوێتەوە چونکە بەریتانیا دەوڵەتە. ئەو هەڵمەتە بەردەوام لەناو نەتەوە بچووک و داگیرکراوەکان بەردەوامە. لە هەموو شتێک زیاتر جێگەی سەرنج ئەوەیە کە پارەیەکی یەکجار زۆریش خەرج دەکرێت کە زۆرترین نەتەوە بتوێننەوە بەناوی دەوڵەت و بەناوی جیهانگیریی و یەکسانی مرۆڤ و پێکەوەژیان و یەکتر قەبوڵکردن. بەڵام لە جەوهەردا نە یەکسانی، نە پێکەوەژیان، نە ئاشتی ئامانج نییە، بەڵکوو تواندنەوەی نەتەوە بچووکەکان نەتەوە بێدەوڵەتەکانە.

ئەگەر لە هەر شوێنێک نەتەوەیەک دەوڵەتی هەبێت ئەوە خۆی بەخاوەن دەکات لە نەتەوە بێدەوڵەتەکان لە شوێنێکی دیکە، جا ژمارەیان کەم بێت یان زۆر، بەڵام بۆ کورد کەس نە بای دێ نە نە باران. بۆ نموونە، ئاسایی نییە فەڕەنسیەکی کیوبک لە کەنەدا بتوێتەوە لەناو ئینگلیزەکانی کەنەدا، چونکە فەڕەنسا لەوخاڵە باوەڕی بە پێکەوەژیان و برایەتی ئینگلیز و فەڕەنسییەکان نییە لە کەنەدا، بۆیە تا سەرئێسقان بەرگری لە فەڕەنسییەکانی کیوبک دەکات. کەواتە پرسیارەکە توانەوەی بێ دەسەڵاتەکانە نەک توانەوەی بەهێزەکان. لەو شوێنە ئەو سیستەمە وەک خۆی قەبوڵ ناکرێت لە کیوبیک، تا بگرە لە کیوبک هیچ کەسێک بە ئینگلیزی وەڵامت ناداتەوە هەموویش ئینگلیزی دەزانن، بەڵام لەوێ ناوێکی تریان لێناوە ئەویش مافی نەتەوە بچووکەکان، نەک ڕەیسیست، کەواتە لەوێ کاری پێناکرێت بە بیانووی پاراستنی کولتوور و لەناونەچوون. پرسیارەکە ئەوەیە،بۆچی لە عێراق و ئێران و تورکیا و سووریا ئاساییە کورد بتوێندرێنەوە بەڵام بۆ فەڕەنسیەک ئاسایی نییە لە کیوبێکی کەنەدا دا بتوێنرێتەوە؟

زۆر بەسادەیی، لە هەستی هەر تاکێکی ئەمریکی، ئەمەریکا گەورەترین و سەروەرترین هێزی جیهانە، بەشێکی زۆر لە فەرەنسییەکان پێیان وایە ئەوان ڕووناکبیرترین و باشترینی مرۆڤەکانی دنیا. تورکەکان بەهەمان شێوە خۆیان پێ یەکسان نییە بە کورد، بگرە کوردەکان مافی خوێندن و جلوبەرگ و چالاکی سیاسییشیان نییە هەر بە مرۆڤ سەیر ناکرێن. لە ئێران کورد مافی خوێندن و خوێندنەوە و چالاکی مەدەنیان نییە، کورد پلەی سێیەمە لەدوای فارس و ئازەری. عێراق هیچ شتێک نەماوە بۆ لەناو بردنی کورد نەیکات، ئەنفال، کیمیایی، خاپوورکردنی گوندەکان و وشکردنی سەرچاوە ئاوییەکان و ڕاگواستن.

کوردەکان دوو ڕێگەیان لە پێشە یان بتوێندرێنەوە، یان لەناو ببردرێن. مێژووی عێراق دوای دروستکردنی لەلایەن ئینگلیز لە 1921 پێمان ەڵێت، هەرکاتێک دەوڵەتەکە بەهێز بووبێت کوردی لەناو بردووە. کەواتە دەوڵەتەکە بۆ تواندنەوە دروست کراوە، نەک بۆ پێکەوەژیان. ئەوە داگیرکەرانن کە کورد، وێڵزی، سکۆتلەندی و هیندییە سوورەکان فێر دەکەن باوەڕ بە پێکەوەژیان بێنن. لە ڕاستیدا، داگیرکەر هیچ کات باوەڕی بە پێکەوەژیان و ئاشتی نییە لەگەڵ ژێردەستەکانی خۆی. كەواتە بۆچی ژێردەستەیەك داگیركراوێك فێردەكرێت كە باوەڕی بە پێكەوەژیان و برایەتی هەبێت ئەگەر بتوێتەوە ئاساییە چونكە بێهێزی.

جوانترین پێکەوەژیان کە مانای پێکەوە ژیانی ئاشتیانە بێ، مانای یەکتر قەبوڵکردن بێت لە کوردستان هەیە لەنێوان مەسیحییەکان و تورکمانەکان و ئەرمەنەکان، ئەوان خۆشتر دەژین لە هاووڵاتیانی کورد، ئەوە پێشکەوتوتر و خۆشحاڵتر دەژین، پێکەوەژیانە کە لە هێز و زۆرینە ڕێز لە کەمینە بگرێت بەڵکوو لەخۆشت خۆشتر بژیین، ئەو نموونە لە هیچ شوێنیکی دنیادا نییە تەنها لە کوردستان هەیە. کەواتە بۆچی دەبێت من ناسیونالیست نەبم کاتێک ئەو ئایدیۆلۆجیایە ئەوەندە زاڵە، لە پێشکەوتووترین وڵاتی دنیا تا دواکەوتووترین؟

وەڵامەکەی زۆر سادەیە، چونکە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، بەدیاریکراوی دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی، لەسەر بنەمای نەتەوە وڵاتانی نوێ دروست کران، بەڵام ئەوەی ناسیونالیزمێکی بەهێزی نەبوو وڵاتی بەرنەکەوت. کورد کە پێی وابوو تورک و عەرەب و فارس برانە وڵاتی بەرنەکەوت. ، کەوتە ئێمە قوربانی برایەتی و قەبوڵکردنی ئەوی تر بووین بۆیە دەوڵەتمان نییە!

دوای جەنگی یەکەمی جیهانی زۆرێک لە نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوڵەتیان بۆ دروست کرا، بەڵام لە باکووری کوردستان، کوردەکان بەشێکیان کۆبوونەوە گوتیان ئێمە لەگەڵ تورک وەک برا دەژین. کاتێک دەوڵەتی تورک دەسەڵاتی گرتە دەست لەسەرتا ئەو کەسانەی لەسێدارە دا کە داوای برایەتی و پێکەوە ژیانیان دەکرد لەگەڵ تورک! کەواتە داگیرکەر باوەڕی بە پێکەوەژیان نییە، باوەڕی بە مافی کەمینە نییە، باوەڕی بە توانەوەی هەیە لەناوەخۆی.

دواتر ئەو سیستەمەی دنیا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی درێژکرایەوە بۆ مۆدێل و بەرگە تازەکەی، بەتێکەڵکردنی دەوڵەت نەتەوە و کەمێک دیموکراسی و ماف بۆ نەتەوە بچووکەکان، وەک خوێندن و جلوبەرگی میللی و کەمێک مافی سەرەتایی! بەڵام تا ئێستا ئەو سیستەمە بۆ بەڕێوەبردنی دنیا زۆر کارایە. دەوڵەت لەسەر بنەمای ناسیونالیزم دروست دەکرێت و دروست کراوە، نەک لەسەر بنەمای پێکەوەژیان و برایەتی و ئاشتی. پێکەوەژیان و برایەتی تەنها بۆ درێژکردنەوەی تەمەنتە بەژێردەستەیی.

کورد بۆیە دەوڵەتی نییە چونکە ناسیونالیزمی لاوازە، کورد بۆیە دەوڵەتی نییە، چونکە باوەڕی بە پێکەوەژیان لەگەڵ تورک و فارس و عەرەب هەیە. لەبەرئەوە، تا ئێستا ئەو سیستەمە قەبوڵی ناکات! كورد دەبێت زۆر چاوكراوەتر بێت لە پاراستنی هەستی ناسیونالیستی كوردی لە هەموو کەسێک زیاتر چونكە ئێمە بەسەر پێنج وڵات دابەشكراوین هەموو وڵاتەكانیش زمان وكلتوریان جیاوازە لەویتری.

یەکجار کورد داوا بکات کە وەک نەتەوە چیتر لەگەڵ عێراق ناژی لەوانەیە لەسەرەتا کوشتارو قەبوڵنەکردنی لێ بکەوێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەو بڕیارە ڕاستەوخۆی دەچێتە ناو سیستەمی جیهانی و وەک دەوڵەت نەتەوە قەبوڵ دەکرێت، وەک وڵاتێکی سەربەخۆ، بەڵام تا ئێستا ئەو هەوڵە نەدراوە تەنها لە کاتی ڕیفراندۆم نەبێت، ئەویش هەر زوو پەشیمان بوونەوە و سەرکردەکان گەورەترین زیانیان لە باشووردا. ئەگەر دوای شەش مانگ پەشیمان نەبوناویەوە دەوڵەت دروست دەکرا. ئەگەر هەولێر و سلێمانی و دهۆک داگیرکرابوونایەوە، ئەوا دەوڵەتی کوردستان هەر دروست دەکرا چونکە سیستەمە جیهانییەکە قەبووڵی دەکرد. بەڵام سەرکردەکانی کوردستان بۆ بەرژەوەندی پاراستنی ماڵ و موڵکیان زوو دەستیان لەو خەوە هەڵگرت. ئێستاش هەر وڵاتێک بیەوێت بچێتە ناو سیستەمی جیهانی تەنها بڕیار بدات وەک دەوڵەت نەتەوە و ناسیونالیزمی نیشتیمانیی بژیت. نموونەمان زۆرە، لە 1991 هەموو ئەو نەتەوانەی لە یەکێتیی سۆڤیەت کاریان لەسەر ناسیونالیزمی نەتەوەی خۆیان دەکرد، هەمووی سەرەبەخۆیی خۆیان وەرگرت، بەڵام بەشێکیان باوەڕییان بە برایەتی هەبوو لەگەڵ ڕووسیای نوێ ئێساش ژێردەستەن. دوای ئەویش بۆسنا لە 1991 بە هەمان شێوە سەربەخۆی خۆی وەرگرت دوای ئەو هەموو قوربانییەی کە دای، چونکە گوتی من چیتر بە برایەتی و پێکەوەژیانی درۆزنانە هەڵناخەڵەتێم سەربەخۆییم دەوێت.

کەواتە ئێمە هەر لەسەرتاوە هەڵخەڵەتاندراوین بە برایەتی و پێکەوەژیان لەگەڵ عەرەب و و تورک و فارس. ئەوانە هیچ کات برای ئێمە نین، ئەوانە داگیرکەرن. بۆیە کورد ئەگەر بیەوێت بچێتە ناو ئەو سیستەمە دەبێت هەستی ناسیونالیزم لەو پەڕێ بە هێزی دابێت. دەناو خەباتی مەدەنی لەگەڵ عێراق و سووریا و تورکیا هیچ سودێکی نییە ڕۆژ بە رۆژ دەتوێننەوە ونیشتیمانەکەت بە عەرەب و تورک و فارس دەدرێت و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتیمانییت لێ دادەماڵدرێت.

دەمەوێت ئەوە بڵێم، ئێستا لە ڕۆژاڤای کوردستان کیانێکی تایبەت و سەربەخۆ دروست کراوە، بەناوی ئیدارەی خۆسەری لە باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، بەڵام دڵنیابن هەرکاتێک دەوڵەتی سووریا بەهێزبێتەوە یەکەم کاری لەناو بردنی ئەو کیانە دەبێت. لەلایەکی تر هەرێمی کوردستان هەرکاتێک عێراق بە هێز بووبێت یەکەم کاری ئەوە بووە کوردی لەناو بردوە. لەبەرئەوەیعێراق و تورکیا و سووریا و ئێران بەشێکن سیستەمە جیهانییەکە، هیچ گلەییەکی نێودەوڵەتییان نایەتە سەرێ و سیستەمەکە لە بەرژەوەندی ئەوانە دێتە دەنگ نەک داگیرکراو و غەدرلێکراو. لەوانەیە کۆمەڵێک ڕێکخراوی مافی مرۆڤ لەسەر کورد بێنە دەنگ! بەڵام هیچ شتێکی تریان پێ ناکرێت بێجگە لە ناڕەزایی و ڕەخنەکردن. زۆر بەڵگەمان هەیە، عێراق بە چەکی کیمیایی و قەدەغە کراو هاووڵاتیانی کوردستانی لەناو برد، ئەنفالی کردن، هیچ وڵاتێک دەنگی لێوە نەهات. تورکیا ئێستا بەردەوامە بە چەکی کیمیایی و قەدەغەکراو کورد لە باکوور و ڕۆژاڤا لەناو دەبات کەچی هیچ وڵاتێک نقە ناکات. ئێران ڕۆژ نییە کوردەکان بەبیانوی جیاواز لە سێدارە نەدات بەڵام وڵاتە زلهێزەکان دەڵین کێشەی ناوەخۆیە. بەپێچەوانەوە وڵاتە زلهێزەکان پشگیری نەتەوەی بچووک ناکەن تا بۆشیان بکرێت سەرکوتی چالاکی سیاسیی و سەربازیان دەکەن، چونکە لادانە لە سیستەمی جیهانی. چەندان نموونە دەکرێت ئاماژەی پێ بکرێت، کاتێک کورد ویستویەتی لەناو ئەو وڵاتانە چالاکی هەبێت ڕاستەوخۆ سەرکوت کرایە بە هاوبەشی وڵاتە زلهێزەکان، تاکە هۆکار ئەوە بووە، کورد گوتویەتی ئێمە جیا نابینەوە تەنها دەمانەوێت مافی ژیان و خود بەڕێوەبەریمان دەوێت. بە دەیان جار لە سەردەمی دروستبوونی ئەو سیستەمەدا کورد لەنابراوە بە هاوکاری وڵاتانی ئەوڕوپایی، هەر لە شێخ عوبەیدوڵای نەهری، شێخ سەعیدی پیران، سمکۆی شکاک، کۆماری کوردستان لە مەهاباد، شێخ مەحمود، تا دەگاتە مەلا مستەفا، چەندان جار بە هاوکاری بەریتانی و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ڕووسیا، کورد سەرکوت کراوە. نوێترینیشیان بەڵگەی ڕیفراندۆم بوو، کە بەچی ئەمەریکی بە سووپای عێراقی و ئێران، بەهاوکاری ئێران و تورکیا بەشێکی زۆریان لە ناوچەکانی کوردستان داگیرکرد.

بۆچی دەبێت کورد شەرم لە ناسیونالیزمی خۆی بکات؟

ئایا ئێمە لە تورکێک و فەڕەنسیەک و ئەڵمانیەک و ئینگلیزێک پێشکەوتووترین؟ لە 22 وڵاتی عەرەبی پێشكەوتووترین؟ نەخێر ئەوان لەو پەڕی پێشکەوتنەوە ناسیونالیزمی خۆیان دەپارێزن و دەوڵەت نەتەوەیان دروست كردووە، کورد خاوەنی مێژووە،کوردستان لانکەی مرۆڤایەتییە، چۆن دەبێت ئەو هەستە نیشتیمانییەی نەبێت؟ بەبیانووی گلۆبالیزم و نەمانی مۆدێلی دەوڵەت نەتەوە! ئەو قسەیە تەنها عەقڵ داگیرکراوە ژێردەستەکان دەیکەن. ئەوەی پێی وایە دەوڵەت نەتەوە باوی نەماوە یان ناسیونالیزم بوونی نەماوە، تەواو بێ ئاگایە لە سیستەمی جیهانی کە لەسەر بنەمای دەوڵەت و نەتەوە و ناسیونالیزم دامەزراوە. دەنا بۆچی پێی ئاساییە فەڕەنسیەک و ئەڵمانیەک و تورکێک و فارسێک و عەرەبێک دەوڵەت نەتەوەیان هەبێت؟ تەنها بۆ کورد نابێت و مۆدێلی بەسەر چووە؟ بۆیە تا زووە كار بۆ سەربەخۆیی بكرێت، نە فیدرالی نە لا مەركەزی، نە هەرێم و دابەشكردن چارەسەر نییە، تاكە ڕێگا دەوڵەتی سەربەخۆیە.

کورد دەبێت چیبکات لەداهاتوو؟

لەسەرەتا دەمەوێت بڵێم جوانترین نموونەی پێکەوەژیان لەناو کوردان هەیە، ئێمە خاوەنی یەکەم مێژووین دوا بەڵگەش گرێ مرازانە، ئێمە خاوەنی دەوڵەمەندترین میوزیک و گۆرانین، هیچ نەتەوەیەک بە قەد کورد گۆرانی و میوزیکی پێشکەوتووی نییە، ئێمە خاوەنی دەوڵەمەندترین زمان و شێوەزاریین بە داتاکانی ڕۆژئاوا. ئێمە خاوەنی بەپیترین خاکین، ئێمە خاوەنی جوانترین ژینگەین. دەبێت وەک تورکەک، وەک عەرەبێک، وەک ئێرانیەک، وەک ئینگلیز و فەڕەنسیەک و ئەڵمانیەک بژیین، تا ئەو هەستە ناسیونالیزمەمان بۆ دروست نەبێت ناگەینە مەبەست و دەوڵەتی سەربەخۆ. بۆ ئەمە:

یەکەم: کورد نابێت چیتر شەرم لە سەربەخۆی خۆی بکات، دەبێت لە ئێستاوە پاکێجیک ئامادە بکات بۆ خۆئامادەکردن بۆ سەربەخۆیی. لە دەرەوەی برایەتی و پێکەوەژیان.

دووەم: تەواوی پڕۆگرامەکانی خوێندن  لە هەرێمی کوردستان بگوڕی بە هەستی نیشتیمانپەروەریی و ژینگەپارێزیی ئاشتیخوازیی و مرۆڤدۆستیی.

سێیەم: چیتر بانگەشەی پێکەوەژیان و برایەتی لەگەڵ تورک و عرەب و فارس نەکرێت بە مەبەستی تواندنەوەی کورد لەناو دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بەڵکوو وەک دراوسێ دۆست ناویان ببرێت.

چوارەم: دەستووری کوردستان بە زووترین کات ئامادە بکرێت.

پێنجەم: ڕێکخراوی تایبەت بە نیشتیمانپەروەریی کوردستانیی دروست بکرێت.

شەشەم: بەدەیان فیلم و دراما و زنجیرە فیلم لەسەر هەستی نیشتیمانپەروەریی دەربهێندرێت و تا بگاتە نیا و نەوەکانیشمان شانازی بە مێژووی خۆیان بکەن.

هەفتەم: نووسەرەکان ڕۆمان و کتێبی لەسەر مێژوو هەستی نیشتیمانپەروەریی بنووسن.

هەشتەم: پێویستە گرنگی بە پیاوانی ئاینی نیشتیمانیی بدرێت و مەلاکان لە وتاری ڕۆژی هەینی باسی لە ننیشتیمانپەروەریی کوردستانیی بکەن.

نۆیەم: مافی مانەوە نەدرێتە هیچ بیانییەک بە عەرەب و تورک و فارس و ئینگلیز، تا خولی زمانی کوردی و کولتووری کوردستانی وەرنەگرێت، ئەوەش لەهەموو وڵاتێکی ئەوڕۆپی و ئەمریکادا هەیە.

دەیەم: هەرچی تابلۆ بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی هەیە لاببردرێت وبکرێتە کوردی.

ئەنجام، بیر و هەستی نیشتیمانپەروەریی وەك مافێكی سەرەتایی و بنەڕەتی بۆ كوردستانیان بە چەندان جار گرنگترە لە هەر نەتەوە و وەڵاتێكی تر! چونكە ئێمە هەم خەڵكە ڕەسەنەكەین لە ناوچەكە پێش تورك و فارس و عەرەب، هەم داگیركراویین و دابەشكراوین بەسەر پێنج وڵاتانی دنیا، ئێمە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ خۆیی بوونمان بگەڕێنەوە ناوەخۆمان چیتر بەویتر كاریگەر نەبین.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO