بەشی شەشەم
بەڵگە نەویستە کە لەم سەردەمەدا بڕیاردان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بەبەراورد بە سەد ساڵی بەر لە ئێستا گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە، گەورەیی جیهان بەبچووکتر سەیر دەکرێت، ئەو هۆکارانەی کە پێشتر لەبەر چاو دەگیران، لەئێستادا بەهەند وەرناگیرێت چونکە هەژموونی زلهێزەکان بۆ گۆڕینی کۆمەڵگەکان ئاسانتر بڵاو دەکرێتەوە و خێراتر پەرە دەستێنێت. ئەمەش وای کردووە ئەو پاڵپشتی و لایەنگریەی کە لە ڕابردوو لە هەندێ نەتەوە و کۆمەڵگە دەکرا لە ئێستادا ئەو کاریگەرییەی نەمێنێت. لەهەمان کاتدا، هەروەک لە ڕابردوودا ڕەچاو دەکرا، لە ئێستاشدا هەر بەرژەوەندییە ئابوورییەکانە لەنێوان وڵاتاندا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت. بۆیە دەبێت هەردەم ئەو ڕاستییە لەبەر چاو بگرین کە لە پلەی یەکەمدا هەبوون و نەبوونی بەرژەوەندی کاریگەریی لەسەر بڕیار و تێڕوانینی ڕووداوەکان و ڕەنگدانەوەی لەسەر پاڵپشتی و چارەکردن و هێشتنەوەی گرفتەکان دەبێت .
ڕاستییەکەی ئەو هۆکارانەی کە وایان کرد بەر لە سەد ساڵ، بەم شێوەیەی ئێستا نەخشەی ناوچەکەمان بکێشرێت بوونیان نەماوە، چونکە لەلایەکەوە کۆمەڵگەی کوردی گۆڕاوە، لەلایەکی دیکە یەکێتیی سۆڤیەتی جاران هەڵوەشاوەتەوە. بۆیە وەک ئەو کات نازی وڵاتە دروستکراوەکان هەڵ ناگیرێت و پشتگیرییان ناکرێت، لەهەمان کاتدا وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستانـیش گوێڕایەڵییان بۆ وڵاتە دروستکەرەکانیان کەم بۆتەوە چونکە لە ئەنجامی ئەو هەلومەرجەی کە بۆیان ڕەخساوە، سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونیان پارێزراوە. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی ئەم وڵاتانە پەل بهاوێن و بەرژەوەندیان لەگەڵ زلهێزەکان دژ بەیەک ببێتەوە. لەمەشدا کێشانی نەخشەی سەد ساڵی ڕابردووی ناوچەکە بۆ زلهێزەکان تا ڕادەیەک بێ کاریگەر و بێ سوود ماوەتەوە. بۆیە ئەگەر بەپێی لێکدانەوە و شیکردنەوەی شارەزایان بێت، وا پێ دەچێت لە قۆناغەکی تردا، بیر لە گۆڕینی جوگرافیای ناوچەکە بکرێتەوە، تا سەرلەنوێ نەخشە و بەرژەوەندی زلهێزەکان بەشێوەیەکی دیکە دابڕێژرێتەوە.
لەم کاتەشدا عێراق و سووریا وەک دوو کاڵای ماوە بەسەرچوو جوگرافیاکەیان ئامادەی لەبەر یەک هەڵوەشاندنەوەیە، بەڵام تورکیا و ئێران نایانەوێت هیچ گۆڕانەک بەسەر جوگرافیای ناوچەکەدا بێت. بۆیە لەم مەسەلەیەدا پاڵپشتی یەکتر دەکەن، ئەگەر هەر چەند جیاوازی و ناکۆکیشیان لەنێواندا بێت. ئەوەی لەم نێوەندەشدا بۆ کورد گرنگ بێت ئەوەیە کە بزانین ئەمجارەیان ویستی زلهێزان بە کامە لادا دەشکێتەوە. ئایا هەروەکوو جاری پێشوو، کە نەتەوەکانی تورک و فارس ڕۆڵی پێشەنگییان بینی، دیسان وڵاتەکانیان هەمان ڕۆڵ دەبیننەوە؟ ئایا دەتوانن چارەنووسی کورد لە چوارچێوەی وڵاتەکانی خۆیاندا بهێڵنەوە و بەرژەوەندی زلهێزەکان بە قازانج و خواستی خۆیانەوە ببەستنەوە؟ ئایا هۆشیاریی کورد لەو ئاستەدایە، کە بتوانێت بڕیاری زلهێزەکان بۆ ماف و بەرژەوەندی خۆی بگۆڕێت؟ یان هەمدیس عیبرەت لە هەڵەکانی ڕابردوو وەرناگرێت، بۆ بەدیهێنانی ئەم مەبەستەش دەبێت کورد وەک نەتەوە خۆی دەربخات و بەرژەوەندی خۆی بزانێت، ئامادەیی خۆ بەڕێوەبردن و پاراستنی خۆی هەبێت، لەجێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیاریەتیدا جێگەی متمانە بێت، لە بڕیار و حوکمگێڕاندا دادپەروەر بێت. هاوکات، لەگەڵ یەکتردا دڵنەرم و لێبوردە بێت، داگیرکەر بە برا نەزانێت، تا لەلایەن دۆست و دوژمنان، لەلایەن زلهێز و داگیرکەران هەڵ بسەنگێنرێت، ئینجا بەپێی ئەم هەڵسەنگاندنە ئاستی بۆ دیار بکرێت، کە ئایا شایانی مافی سەربەخۆیییە تا پێی دەدرێت یان هەر بەژێردەستی بهێڵرێتەوە. لەم پێناوەشدا دەبێت تاکی کورد بەهەستی نەتەوەیی پەروەردە ببێت و ئەم نیشانانە لە بیرکردنەوەیدا دەربکەوێت:
یەکەم: خەباتی چەکداریی بخاتە دوای شۆڕشی هۆشیاریی، چونکە ئەوەی ئێمەی لەم سەد ساڵەی دواییدا دواخست، نەبوونی ئەم هۆشیارییە بوو، نەوەکوو نەزانینی شەڕ و چەکداری، ئەم ڕاستییەشمان لەدوای ئەزموون وەرگرتن لە ڕابردوو بۆ دەرکەوت، کە شۆڕشی چەکداری بەبێ هۆشیاری نەتەوەیی ئەو بەرهەمەی نابێت کە دەمانەوێت .
دووەم: نەتەوەیی بیربکاتەوە، تاوەکوو چارەنووسی هەموو کوردێک، لەهەر شوێنەکدا بێت، بەداهاتووی خۆی بزانێت .
سێیەم: هەستی هاووڵاتیبوونی بۆ خاک و نیشتیمانی/کوردستانی بەهێز بێت، نۆکەرایەتی بۆ داگیرکەران بە ئاسایی نەزانێت.
چوارەم: توانای لێپێچینەوەی لە دەسەڵاتدارانی خۆی هەبێت، چونکە ئەوەی تاکی کورد بەهەڵەدا برد، بیرکردنەوەی دەسەڵاتدارانی بوو، کە هەردەم خوێندنەوەیان بۆ ڕووداو و پێشهاتەکان سادە و بەپێی بەرژەوەندی خۆیان بوو.
پێنجەم: لە پەیڕەوکردنی ئایینییدا ڕەچاوی بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی بکات، نەوەکوو ئایین لەپێناو سەرخستنی نەتەوەی تردا بەکار بهێنێت .
شەشەم: بە کار و بە کردەوە بیسەلمێنێت کە بەبێ ڕەچاوکردنی مافەکانی ئەو لە ناوچەکەدا، کەس ناحەسێتەوە و بەرژەوەندییەکانیان پارێزراو نابێت.



