دوای لێدوانە ڤیدیۆییەکەی ئۆجەلان کۆمەڵگای کوردی بەتایبەت لە باشوور بوون بە سێ بەرەوە بەرەی پشتیوانی و لایەنگرانی ئۆجەلان؛ بەرەی ناڕازی و تەخوینکردن و بەرەی دەستەوسان و “بەتامای خوای”. ئەوەی کە خەڵکی کوردستانی لە بەردەم ترس و گومان ڕاگرتووە ئەوەیە پەیامێکەی ئۆجەلان لە زیندانەوە هاتووە و تورکەکانیش نیازپاکییان بۆ ئاشتی نیشان نەداوە. بۆیە ترس و گومانی خەڵک ڕەوایە. بەڵام بەگشتی تێنەگەیشتنێک لە ئارادایە، بەشبەحاڵی خۆم هێشتا “هیچ لە ئۆجەلان تێنەگەیشتووم” سوێندم لە سەرکردە باڵاکانی (کەجەکە) نەکەوتبێ پێموایە لایەنگرانیشی هەر تێینەگەیشتوون. ئەمەش نەک لەبەرئەوەی خەڵک توانای تێگەیشتنیان نییە و ئۆجەلان موعجیزەسازە، بەڵکوو لەبەرئەوەی دۆسێکە زۆر ئاڵۆزە و گرەنتی گۆڕانکاریی دەستوریی و دیموکراسی لە تورکیادا نیە. ڕەنگە زیادەڕۆیی نەبێت بڵێم مەگەر باخچەلی دەنا ئەردۆگانـیش هەر لە ئۆجەلان تێینەگەیشتووە. ئەمەش لە خۆڕا ناڵێم بەڵکو لە سۆنگەی قسەکانیەوە دەیڵێم کە ڕۆژێک دوای سوتاندنی چەکەکانی ٣٠ گەریلا، لێدوانێکیدا نەک بۆ من پێموایە بۆ هیچ کەس تێگەیشتنی قورس نییە، زمانی قسەکردن و دەربڕینی هیچ قووڵییەکی سیاسی و دیبلۆماسی تێدا نەبوو. ئەو قسەی بۆ شەقامی تورکی کرد و ڕوون و ڕاستەوخۆ بەهەمان زمانی ڕۆژانێک قسەی کرد کە هێرشیان دەبردە سەر قەندیل و بەڵێنی کۆتاییهێنان بەتیرۆریان بەخەڵکی تورکیا دەدا و مایەپوچیش دەبوون! من نازانم چەندجار ئەو بەڵێنەی بەخەڵکی تورکیا داوە کە گەریلا لەناو دەبەن، بەڵام ئەمجارە ڕۆژێک دوای ڕووداوێکی مێژووی قسەی کرد، کە تەنها ٣٠ گەریلا وەک نیاز پاکییەک لە چیا هاتنە خوارەوەو بەدەستی خۆیان چەکەکانیان لەناو بردو سوتاندیانن نەک تورکیا خۆیان و چەکەکانیان لەناوبەرێت!
ئەردۆگان وا دەست و زاری دەجوڵاند وەک بڵێی سەرکەوتبێت و دەوڵەت کۆتایی بە گەریلا هێنابێت و شتێک نەمابێت بەناوی کورد ! کەچی لەناو قسەکانیدا گوتی: “ئیتر کورد و تورک هاووڵاتیی پلەیەکی تورکیا دەبن”. بەواتای ئەوەی “دانیپێدا دەنێم کوردمان بۆ لەناو نەبرا. دانی بەوەش دانا کە “هەڵەی ئەوان بووە” پەکەکەی “تیرۆرست” دروست بوو. وردبوونەوە لەم لێدوانە و یەکەم وتاری باخچەلی لەمەڕ ئەم پرسە “ترسێک لە ڕۆح و بەدەنی فاشیزمی تورکی دا دیارە کە توانای خۆ شاردنەوەی نیە. هەرچۆنێک بێت ئێستا دۆخێکی جیاوازە ئەردۆگان لەخۆڕا ناڵێت “ئێستا وەختی ئەوەیە سیاسەتی ئێستا و داهاتوومان پێکەوە لە خزمەتی تورک دابێت”، ئەمە ئەو تێنەگەیشتنەیە کە ئەردۆگان پێوەی گیرۆدەیە، چونکە پڕۆژەکەی ئۆجەلان بۆ ڕزگارکردنی تورکیایە نەک پارچەپارچە کردنی. قسەکانی ئۆجەلان ئەوەی لێدەخوێندرێتەوە کە پڕۆژەی ڕزگارکردنی تورکیایە لە تۆرانیزم نەک رزگارکردنی تورک لە قەیران! لە دورمەودادا پڕۆژەکەی ئۆجەلان ڕزگارکردنی تورکیشە لە فاشییەت، و ڕزگارکردنی تورکیایە لە کەمالیزم و تورکچێتی. ئەمە ئەگەر تورکیا تێکی نەداتەوەو سیناریۆی تر نەهێنێتە پێشەوە.
ئەردۆگان کە جەختی لە تیرۆرست بوونی پە{کە]کە دەکردەوە لە ڕواڵەتدا پرۆسەی ئاشتی ڕەت دەکردەوە. چونکە پرۆژەی ئاشتی هی تورکەکان نییە هی ئۆجەلانە. ناهەقیشیان نییە نەوێرن یان نەیانەوێت ناوی ئاشتی بەرن چونکە دەزانن ئاشتیان بەسەردا دەسەپێت، ئەوان کە بە چەکی ناتۆ دەرەقەتی گەریلا و شەڕڤانەکانی کورد نەهاتن، ئەوا لە ئاشتیدا خراپ دەدۆڕێن.
ئەردۆگان کە بەو زمانە قسەی کرد یەکەم چالاکی پەکەکەی بە یەکەم کردەوەی تیرۆریستی دانا و سوتاندنی چەکەکانی گەریلاشی بەیەکەم هەنگاوی کۆتایی هاتنی تیرۆر دانا. هەڵبەت بە سەرکەوتنی دەوڵەتی تورکیاش پێناسەی کرد. بەڵام هەموو دنیا با دۆستیشی بن دەزانن یەکەم تیرۆری دەوڵەتی تورک بە کوشتنی ئەرمەنەکان دەستی پێ کرد. هەر ئەو تیرۆرە بوو هەڵکشا بۆ جینۆساید کردنیان و دواتریش جێنۆسایدی کورد لە دێرسیم! لەباری کەسیشەوە یەکەم تیرۆر خودی ئەردۆگان بەکوشتنی نزیکترین هاوڕێی دەستی پێکرد.
بەهەرحاڵ، قسەکانی ئەردۆگان بابۆ شەقامی تورکیش بووبێت بەڵام هەموو دنیا و بەشێکی زۆری شەقامی تورکیش دەزانن کە حکومەتی ئەکەپە بە سەرۆکایەتی ئەردۆگان دژی تیرۆر نەبووە، بەڵکوو پشتیوانی داعش و بەرەی نوسرەی تیرۆرست بوو لە دژی گەریلا و شەڕڤانان، کە لە دنیادا بە تیرۆربەزێن ناسراون.
ئەوەی بۆ من زۆر جێگەی تێڕامان بوو هێزی “زمان” بوو، لە نێوان لێدوانەکانی ئۆجەلان و ئەردۆگان دا. زمانی تیرۆر لە ئەردۆگان دا توانای خۆشاردنەوەی نەبوو.
ئەردۆگان ڕوون و ڕاشکاو بەڵام بێشەرمانە گوتی: “کورد لە بەرەی ئێمە دایە” ئیدی دژی هەر پلانێکی نوێ دەوەستینەوە کە مەترسی بۆ تورکیای مەزن دروست بکات، بە ئاماژەی ڕاستەوخۆ، خۆشخەیاڵی بەقسەکانیەوە دیاربوو، ئەمە خەونی گەڕانەوەی سەڵتەنەتی عوسمانییە کە بەنیاز بوو بە کوشتنی کوردان بیکاتە ئەمری واقع بەڵام ئەمجارە بانگەشەکەی لەگەڵ کورد دا بوو، خۆشخەیاڵییەکەی هەر لە قسەکانیدا نەبوون بەڵکوو لە جووڵە و تۆنی دەنگیشیدا ڕەنگیان دابووەوە.
ئەردۆگان بەڕوونی دانی بە گرنگی کورد دانا بۆیە بە نەیارەکانی گوت: ئیتر ناتوانن کورد بۆ تورکیای مەزن بکەنە کێشە! بەڵکوو کورد هێزێکە لە پشتی تورکیا و ئەو هێزەی داعشی شکاند لە مەودوا دوژمنەکانی تورکیا دەشکێنێ. بۆ کەسێک کەمێک تێ بفکرێ گەورەیی و هێزی کورد لە قسەکانی ئەردۆگانـدا دەخوێنێتەوە! ئەوەش دەبینێت کە لەمێژوودا کورد بۆ تورکیا کێشە نەبوون بەڵکوو خودی دەوڵەتی تورکیا کێشە بۆ کورد دروست دەکات. ئەردۆگان بەناڕاستەوخۆ گوتی: ئیتر تورکیا پارێزراو دەبێت و بەدەردی سووریا و عێراق ناچێت. تورک و کورد وەک سەروەختی خەلافەت دەبنەوە بەپارێزەری تورکیای مەزن چونکە ئێمە مێژوومان پێکەوەیە و عوسمانین و خەونی بنیاتنانەوەی ئەو سنوور و خەلافەتەمان هەیە و موسڵ و کەرکوک و سلێمانی شاری کورد و تورکن!
ئەمە خەونی پووچی سەردەمی خەلافەت و پیادەکردنەوەی هەمان فێڵ و توندڕەوییەکانی ئەتاتورکـە. بەڵام ئێستا کورد هەمان ئەو توخمەی سەروەختی عوسمانی و ئەتاتۆرک نییە، ئەگەرچی پێم وانییە هێشتا کەس بزانێ بەخودی پ)ەک(ەکەشەوە چی لەنێوان ئۆجەلان و باخچەلی و ئەردۆگان دا دەگوزەرێ و لەسەرچی ڕێککەوتوون؟ بەڵام ئەوەی دەرکەوتووە کاتێک ترسی گۆڕانکاریی و پارچەپارچەبوون دەگاتە بەردەرگایان پەنایان بردووەتەوە بەر ئۆجەلان! بێگومان بەهەمان عەقڵییەتی فریودان و لە داونانی کورد، بەڵام ئەوەی باخچەلی و ئەردۆگان تێی نەگەیشتوون و تێی ناگەن کوردی ئەمڕۆ، ئەوەی پە)کە(کە پێی دەڵێت کوردی نوێ، بەتایبەتی لە باکوور، کوردی سەردەمی خەلافەت و ئەتاتورک و حەسەن خەیری نییە و بە ئاسانی ناخەڵەتێ.
لە دیدارێکیدا بەسێ هۆزات لە کەناڵی کوردستان ئۆنلاین قسە دەکات، لەناو قسەکانیدا خاڵێک بۆ من زۆر مایەی تیڕامان بوو. لەڕاستیدا زۆر گرنگ و بایەخدارە لەم گفتوگۆیەدا گوتی: “سیاسەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردنی کورد، لە عەقڵییەتی باخچەلی دا بەڕێوە دەچێت” کەچی کاتێک ترسی پارچەپارچە بوونی تورکیا دەگاتە بەردەرگایان زۆر بێ شەرمانە پەنا دەبەنەوە بەر ئەو کوردەی دەیانویست لەناوی بەرن! پەنایان بردەوە بەر ئۆجەلان کە دیلە! ھەتا تورکیا لەم مەترسیە ڕزگار بکات، بۆچی ؟ چونکە ئەوان لە سیاسەتی لە ناوبردن و کودەتا و داگیرکاریی زیاتریان لەدەست نایات و ناتوانن خۆیان لە قەیرانی گەورە دەرباز بکەن. بۆیە دەشێت کۆی نەخشەکە بە نەخشەی خودی ئۆجەلان ببینین نەک هی باخچەلی و ئەردۆگان. ڕەنگە تورکە فاشستەکان زۆر بەوە کەیف خۆش و کوردەکانی بەرەی ناڕازیی زۆر نیگەرانی ئەوە بن کە ئۆجەلان دەستبەرداری دەوڵەتی سەربەخۆی کورد بووە! بەڵام ئایا ئۆجەلان دەستبەردای ئازادیی کورد بووە.؟ ئەو کاتێک دەڵێت دەوڵەتی سەربەخۆمان ناوێ و نامانەوێت جیاببینەوە بەو واتایەی دەوڵەتی تورکیشمان ناوێ واتا چیدی تورکیا نابێت دەوڵەتی تورکەکان بێت، بەڵکوو دەبێت هی هەموو پێکهاتەکان بێت، تەنانەت هی تورک و کوردیش نییە، بەڵکوو هی کەمینەکانیشە جا کەمینەکان ئەگەر تەنها ١٠ کەسیش بن.
من وای دەخوێنمەوە کە ئۆجەلان دەبێتە فریادڕەسی تورکیا بەڵام بەمەرجی ڕزگار بوونی کورد و گەلانی دی لە چنگ تورکچێتی واتا لە ئەنجامی ئەم پڕۆسەیەدا تورکیایەک نامێنێ جێگەی عەقڵیەتی کەمالستی و تورکچێتی تێدا ببێتەوە. ڕەنگە ئەمە وەک یۆتۆپیایەک بێتە بەرچاو بەڵام ئەگەر یۆتۆپیاش بێت باشتر و جوانترە لە فاشیزمێک کە جگە لە شەرمەزاری هیچی بۆ مرۆڤ تێدا نییە. بەواتایەکی سادە لە نەخشەکەی ئۆجەلاندا تورکیای ئایندە، بە فیزیکی نە ئۆجەلانی تێدا دیل دەبێ و نە دەبێتە سەرۆک و نە باخچەلی و ئەردۆگانی تێدا لەسێدارە دەدرێت، بەڵام تورکیایەکە، کە تۆرانیزمی تێدا دەکرێتە دەرەوە و بیرمەندەکانیشیان دەخرێنە مۆزەخانەی مێژووەوە.
ئیتر ئێستا کە ئەردۆگان پۆزی براوە و سەرکەوتن لێ دەدات دۆڕاوی ئایندەیە، ئەوە زۆر بەڕوونی بە زمان و هەڵسوکەوتیانەوە دیارە چونکە نەک هەر نەیانتوانی کورد ئەسیمیلە بکەن و بە جێنۆساید لەناوی بەرن، بەڵکو ناتوانن نکۆڵی لە کورد بکەن. وەک دەبینن ئەگەر وەک تاکتیکیش بێت بڕوایان بەکاریگەری کورد هێناوە. پەنا بردنەوەیان بۆ ئۆجەلان لەم قەیرانەدا پەنابردنەوەیە بۆ کورد وەک حەکیمی دەردەکەیان. بەهیوام ئەمجارەش ئۆجەلان بتوانێت گوڵێک بکات و لە داهاتوودا کورد نائومێد نەکات.



