ئەگەر چی هەرگیز هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی بزووتنەوەی چەکداریی باکووری کوردستان نەبووە، بەڵام بەهۆی سروشتی سەختی شاخەکان و لێزانی بزووتنەوەکە لە قۆزتنەوەی ئەو سروشتە، توانیان بۆ چەندین ساڵ خۆیان لەبەردەم هێرشە بەردەوامەکانی یەک لە بەهێزترین سوپاکانی ناتۆ، تورکیا، ڕابگرن. ئەو ناهاوسەنگییە هاوسەنگە نەگۆڕدرا تا تورکیا ژیریی دەستکرد و درۆن و گی پی ئێس و دەزگاگەلی وای دروست کرد کە ئیتر خۆڕاگری و سەرکەوتن یەکجار قورس بوون بۆ کارەکتەرێکی نادەوڵەتی، کە ئاسان دەستی بەو تەکنەلۆجیایە ڕاناگات. چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵانی داهاتوو ژیریی دەستکرد چەکی یەکجار زیاتر و کاریگەرتر بەردەست بخات، کە ئەوەندەی دیکە شەڕی پارتیزانی ئەستەم بکات. ئیتر گرنگ نابێت تۆ بە چ ئامانجێک بە چ گیانفیدایێک خەبات دەکەی. ئیتر گرنگ نییە تۆ چەند بوێری و ئەوان چەندە ترسنۆک. تورکیا بەهۆی ئەو پێشکەوتنە تەکنەلۆژیایەوە توانیویەتی سەرکەوتنی بەرچاو لە بەرەکانی جەنگ بەدەست بێنێت. لەگەڵ ئەوەش لەسەرەتایی ساڵەوە فریشتەئاسا هێرشەکانی کەمکردۆتەوە و دەستی ئاشتی بۆ بزووتنەوەی کوردستانیی درێژکردووە. زۆر شێتگیرانەش بە دوای سەرگرتنی پرۆسەکەیە.
خوێندنەوەی زۆر بۆ ئامانج و مەبەستەکانی ئەو پرۆسە کراوە. زۆرینە دەیبەستنەوە بە ڕووداوەکانی دوای ٧ی ئۆکتۆبەر و گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ترسی تورکیا لە بەرکەوتنی بە پریشکی ئاگرەکە.
هێزەکانی ڕۆژئاوای جیهانی ئەگەرهەندێک جار دژ بە خواست و حەزی تورکیا پشتگیری بزووتنەوەی کوردیان کردووە بەڵام هەردەم بەرژەوەندییەکانی تورکیایان پاراستووە و هەندێک سنوور هەیە نەیان بەزاندووە. تورکیاش ئەگەر هەندێک جار دژ بە بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوا کاری کردووە بەڵام هەردەم پێگەی خۆی زانیوە لەبەردەم ئەوان. بۆیە تاڕادەیەک ئەگەرێکی دوورە کە گۆڕانکاری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەریی نەرێنی بەرچاوی هەبێت لەسەر تورکیا. ڕوونتر بڵێین ئەستەمە تورکیا بەشێک بێت لە بەرنامەی گۆڕانکارییەکان، ئەوە ئەگەر خۆی یەکێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکان نەبێت.
لە لایەکی دیکە تورکیا ئەگەرچی لە بارێکی قورسی ئابووری دایە بەڵام ئەو بارە زیاتر بەهۆی سیاسەتە ئابوورییە هەڵەکانەوەیە نەک لاوازی بنەما ئابوورییەکانی دەوڵەتەکە. لە هەموو ڕوویەکی دیکە ئاماژەکان زۆر ڕوونن کە وڵات بە خواستی سەرۆک هەنگاو دەنێت، لەوانە: تورکیا لە پێشبڕکێی ژیریی دەستکرد بەتایبەت لە بواری تەکنەلۆجیای سەربازی تاڕادەیێکی زۆر باش لە پێشەوەیە. هاوکات، بەرهەڵستی ناوەخۆ لەوپەڕی لاوازی و شپڕزەیی دایە. لەولاشەوە، کورد هەر ئەوەندەیە لە چاو جاران پێگە و دەنگێکی کزی هەیە کە لە سەردەمی سۆشیال میدیا قوڕسە ڕێگەی لێ بگیرێت ئەگەرنا لە ڕۆژی ئەوڕۆ مەترسییەکی ئەوتۆی نییە بۆ سەر سنوورەدەستکردەکانی وڵاتەکە. لەولاتریشەوە، ڕۆژئاوای کوردستان ئەگەرچی چەندین ساڵە بۆتە چەقڵی چاوی، بەڵام بەهۆی دەسەڵاتی نوێی دیمەشق و تێڕوانینی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سیاسەتی جیهانی، ئێستا زۆر ئاسانتر دەتوانێت ئەو قەوارە بەرتەسک بکاتەوە، ئەوڕۆش نەبێت سبەی. ناشبێت ئەوە لەبیر بکەین، کە تورکیا تاڕادەیەکی باش هەژموونی سیاسی و ئابووری بەسەر عێراق و کوردستانی باشوور هەیە. بێجگە لەمانە، سەرەڕای بەرگریی و گیانفیدایی زۆری گەریلا، تورکیا سەرکەوتنی سەربازی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە باشوور.
کەواتە ئەو پڕۆسە فریشتەئاساییە لەو ساتەدا لەبەرچی؟ چی وادەکات نەژادپەرستێک لە شەو و ڕۆژێک ببێتە برا و فریشتەی ئاشتەوایی؟ دەوڵەتێک لە پرۆسەیەکی نێونەتەوەیی یەکجار گەورەی وەک ڕێگەپێدانی سوێد بۆ ناو ناتۆ، مەرجەکەی ڕاگرتنی ئەو کاتژمێرە بێت کە ڕادیۆی سوید هەفتەی ڕۆژەک بە زمانی کوردی پەخشی دەکرد.
پکک تا ئێستا ئەگەر ڕێکخڕاوترین بزووتنەوەی سیاسیی نەبێت لە جیهان، ئەوا بەدڵنیاییەوە ڕێکخراوترین و خاوەن دیسپلینترین بزووتنەوەی سیاسی و سەربازییە لە مێژووی کوردستان دا. ئەو بزووتنەوە بە دەیان بگرە سەدان لق و پۆپی بە جیهاندا بڵاوبۆتەوە و زۆر کاریگەرانە لەسەر بوارە جیاجیاکان خەبات دەکات. ئەگەرچی بزووتنەوەکە لە هەڵە بە دوور نەبووە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی قورسی کاری ڕێکخراوەکە و ئەو هەموو دژایەتییەی دەکرێت، توانیویانە لە زۆر بوارەکانی سەربازیی و سیاسیە و کارگێریی و کولتووری پێشکەوتنی بەرچاو بەدەست بێنن، کە بۆتە هۆی جێگەی سەرسامی دۆست و نەیار.
ئەو بزووتنەوە توانی کورد لە توانەوە لە تورکیا ڕزگاربکات، تا گەیشتن بە دروستکردنی پارتی سیاسی کاریگەر لە سەر گۆڕەپانی تورکیا. بزووتنەوەکە لە ڕۆژاڤای کوردستان توانی پەرجووئاسا شوێنپێی خۆی بکاتەوە، لە ماوەیەکی زۆر کەم و بە هەزاران گەنجی کچ و کوڕ پەروەردە بکات لە بواری سەربازی و کارگێری بۆ بەرگریکردن وبەڕێوەبردنی ناوچەکانیان. خۆپیشاندانەکانی پێشوو شایەتحالی باڵادەستی بزووتنەوەکەن لە گۆڕەپانی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لە باشووریش خاوەن هەوادار و پشتگیری زۆرن. هەرچەند دژایەتی تورکیا بۆ بزووتنەوەکە زیاتر دەبێت، ئەو زیاتر ڕەگ بە زەوی دادەچەقێنێ و پەلوپۆ زیاتر دەهاوێ. بە کورتی بزووتنەوەکە تا ئێستا کاریگەرترین بزووتنەوەی خەباتی ڕزگاری کوردستان بووە. لە ناوچەکەش هیچ کەس بە قەد تورک لە مەترسی بزووتنەوەیەکی لەو جۆرە تێناگات.
گرتنی ئۆجەلان لەوانەیە ستراتیجیترین ڕێگە بووبێت بە مەبەستی پەکخستن وپەرتەوازەکردن و لەبەریەک هەڵەوەشاندنەوەی بزووتنەوەکە. ئەو هەنگاوەی تورکیا هەرچەندە زەبرێکی جەرگبڕ بوو بەڵام کوشندە نەبوو. بزووتنەوەکە توانی هەر زوو هەڵسێتەوە سەرپێ و خۆی ڕێک بخاتەوە. ئێستا ئەو بزووتنەوە زۆر کاری بە چەک نەماوە، بەتایبەت ئەو چەکە کلاسیکیانەی کە لەبەرانبەر ژیریی دەستکرد هیچیان بۆ ناکرێت.
بۆیە لەوانەیە زۆر سەخت نەبێت بچێتە بەر باری سووتاندنی چەکەکانیان و وازهێنان لە خەباتی چەکداری. تورکیاش زۆر باش لەوە تێ دەگات. لەگەڵ ئەوەش زۆر دڵخۆشە بەو هەنگاوە. تورکیا دەتوانێ بەردەوام بێت لە شەڕ بەڵام سەرکەوتنی لە مەیدانی شەڕ هیچ سوودەکی زیاتری پێناگەیێنێ. تورکیا چاک دەزانێ بە لەناوبردنی هێزی گەریلا لە قەندیل، پکک لەناو ناچێت. ئامانجی تورکیا لەناوبردنی بزووتنەوەکەیە یان ڕاستتر لەناوبردنی سەرکردایەتی بزووتنەوەکەیە. ئەو سەرکردایەتییەی پاش گرتنی ئۆجەلان توانی پارێزگاری لە بزووتنەوەکە بکات. ئەو سەرکردایەتییەی وەک جاڵجاڵۆکە هەموو تەونەکەی ڕاگرتووە؛ ئەو سەرکردایەتییەی لە یەک کاتدا ئیدارەی شەڕ دەدات لە سەنگەرەکانی شاخ؛ ئیدارەی خەباتی سیاسی دەدات لە تورکیا؛ ئیدارەی بەرگری دەدات لە ڕۆژاڤا؛ ئیدارەی ڕێکخستنەکانی دەدات لە هەندەران و پارچە جیاجیاکانی وڵات؛ ئیدارەی خەباتی دیبلۆماسی دەدات بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی نێودەوڵەتی زیاتر؛ ئیدارەی پەروەردەکردنی گەنجی کچ و کوڕی زیاتر دەدات؛ ئەو سەرکردایەتییە لە ناو زیندانیش ئۆجەلانی وەک هێمایەکی پیرۆز هێشتۆتەوە تا بزووتنەوەکە لە لەتلەتبوون بپارێزێ؛ ئەو سەرکردایەتییەی سەرەڕای شکست و ڕەخنەی زۆر و هەوڵی دەزگا هەواڵگیرییەکان بەردەوام لە پێشڕەوییە. تورکیا زۆر باش لەوە تێگەیشتووە بۆ ئەوەی بەسەر بزووتنەوەکە سەربکەوێت دەبێت سەرکردایەتییەکەی لە ناو ببات، ئەوە تاکە ڕێگایە بۆ ئەوەی هەموو جومگەکانی بزووتنەوەکە لەیەک هەڵبوەشێنێتەوە. پڕۆسەی بەناو “ئاشتی” دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ گەیشتن بەو سەرکردایەتییە و پەرتەوازکردنی.
پاش سووتاندنی چەکەکان، هاکان فیدان بە ڕاشکاوی قسەی لەسەر ئەوە کرد. لەوانەشە پاش ئەوەش بە جۆرەکی گوماناوی ئۆجەلانـیش لە ناو ببەن تا وەک هێما نەمێنێت و ئەوەندەی دیکە خەڵک نائومێد بکەن.
مانەوەی سەرکردایەتی بزووتنەوەکە بە یەکگرتوویی، چارەنووسسازترین ئەرکیانە لە قۆناغەکانی داهاتوو، ئیتر گرنگ نییە پرۆسەکە بەرەو چ ئاقارێک هەنگاو داوێت. سیاسەتیش هونەری بەدەستهێنانە، ئیتر گرنگە بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێیت ئەگەر هەنگاوەکان بچووکیش بن.



