سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

شۆرباکەی ئۆجەلان، سوێرە یان بێ خوێ

ئیبراهیم شێخ وەسانی

بەشی شەشەم

شارستانیەتی دیموکراسی چییە؟

لەلای عەبدوڵا ئۆجەلان پیاو وەستای دروستکردن و بنیادنانی شارستانیەتی شارە کە ئەو بە «پیاوە فێڵبازە بەهێزەکان» پێناسەیان دەکات. ئۆجەلان دەڵێت «پیاوە فێڵبازە بەهێزەکان کودەتا بەسەر سیستەم و ڕێبەرایەتی ژن دەکەن». ئۆجەلان پێی وایە پیاوە فێڵبازە بەهێزەکان تەنها بەهۆی فێڵبازی و تەڵەکەبازی توانیان بەسەر ئەو سیستەمەی ژن ڕێبەرایەتی دەکرد سەرکەون.

بە باوەڕی ئۆجەلان چونکە سیستەمەکە بەرهەمی خۆپەرستییە، کەمینەی پیاوە فێڵبازە بەهێزەکان بۆئەوەی زۆرینە وابەستەی خۆی بکات بەبەردەوامی کۆمەڵگە پەرتەوازە و لاواز دەکات، ئۆجەلان وای دەبینێت لە شارستانیەتی شار چونکە دەسەڵات وەک جاران هی هەموو مرۆڤەکان نییە خۆپەرستی لەناو کۆمەڵگە زیاتر دەبێت.

ئۆجەلان کودەتای پیاو بەسەر دەسەڵاتی ژن ئاوا شرۆڤە دەکات. پیاوە فێڵبازە بەهێزەکان سەرەتا گەنجە بەهێزەکانی ناو کۆمەڵگەی یەکسانیخواز و ئازادیخوازی ( دایک-ژن) لە دەوری خۆیان کۆدەکەنەوە و هەژموونی خۆیانیان بەسەردا دەسەپێنن، دواتر هەر لە ڕێگەی ئەو گەنجە بەهێزانە بە وریایەوە هێرشێکی سیستەماتیکی بۆ سەر ژن دەست پێ دەکەن. ئۆجەلان وای دەبینێت مرۆڤ بەگشتی و ژن بەتایبەتی زەرەرمەندی یەکەمە لە دروستبوونی ئەو شارستانیەتەی شار.

ئۆجەلان دەڵێت «پیاوە فێڵبازەکان دەیانزانی بەبێ لاوازکرنی ژن ناتوانن بەسەر بەهاکانی کۆمەڵگەی سروشتیدا زاڵبن»، ئەو پێی وایە بەبێ پاشەکشەکردن بە ژن بەهیچ  شێوەیەک دۆڕانی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی (سروشتی) مسۆگەر نەدەبوو.

ئۆجەلان پێی وایە خاڵی بەهێزی ڕابەرایەتی ژن و سیستەمی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی (سروشتی) ئەوە بووە کە هیچ شتێک موڵکی تایبەتی هیچ کەسێک نەبووە، هەموو کۆمەڵگە بە یەکسانیی خاوەنی هەموو شتێک بوون، بنەما سەرەکییەکانی ڕێبەرایەتی ژن لە کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی (سروشتی)، بریتی بوو لە هاوبەشی (شەریکایەتی)، کۆمەلایەتی بوون ، هاودەنگی و کەڵەکەنەبوون بوو. بەڵام پیاوە فێڵبازە بەهێزەکان دژی هەموو بنەماکانی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی (سروشتی) بوون. ئۆجەلان دەڵێت «موڵکایەتی تایبەت بەرهەمی شارستانیەتی شاری پیاوە فێڵبازە بەهێزەکانە».

ئۆجەلان پێی وایە بەهۆی سەرکەوتنی کودەتای پیاوە فێڵبازەکان بەسەر ژن، کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی (سروشتی) بە ڕێڕەوێکی نوێدا دەڕوات کە تایبەتمەندی دەروونی نوێی تێدا سەرهەڵدەدات کە بنەڕەتیترین بنەمای بریتییە لە کەمکردنەوەی ئەوانی دیکە و گەورەکردنی خۆت. ئۆجەلان دەڵێت «دەرئەنجام لەو شارستانییەتەی شار دەسەڵات لەلای کەمینەیەکی خۆبەسۆژەکردووی دەستەڵاتدارە کە باقی کۆمەڵگە بە ئۆبژە دەکەن».

 بە بڕوای عەبدوڵا ئۆجەلان دەوڵەت وەک گەورەترین دامەزراوەی دەسەڵات بەرهەمی پیاوی براوەیە، کە دەوڵەت وەک ئالەتێک بۆ بەهێزکردن و جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خۆی بەکار دەهێنیت، ئەو پێی وایە دەوڵەت پارێزەری بەردەوامی و مانەوەی کولتووری شارستانییەتی شارە.

 ئۆجەلان دەڵێت دەوڵەت بە زەبری هێز دەتوانێت باڵادەستی و هەژموونی خۆی بەسەر کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی (سروشتی) بسەپێنێت، پێشی وایە «بەم شێوەیە ئەو سیستەمەی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی (سروشتی) کە نوێنەرایەتی یەکەم و ڕەگ و جەوهەری مرۆڤبوونی مرۆڤایەتی دەکرد، سەرکوت دەکرێت، وەک تاکە سیستەمی مرۆڤایەتی تێدەپەڕێنرێت».

عەبدوڵا ئۆجەلان دەڵێت «بەڵام دەوڵەت هیچ کات ناتوانێت بەتەواوەتی ببیتە جێگرەوەی سیستەمی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی (سروشتی) ژن»، چونکە ئۆجەلان وای دەبینێت کاتێک بۆ یەکەمجار دەوڵەت لە مێژووی مرۆڤایەتی دروست دەبێت ئەگەرچی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی زۆر گەورە بەر هێرشەکانی ئەو کولتوورەی شارستانییەتی شار و دەوڵەت دەکەون، بەڵام هەموویان تەسیلم بە ئیرادەی دەوڵەت نابن، بەشێکیان بەرەنگاری دەبنەوە، نایانەوێت ببنە بەشێک لە دەوڵەت».

لە دیدی عەبدوڵا ئۆجەلان ئەو بەرەنگاربوونەوەیەی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەت و  کولتووری شارستانیەتی شار سەرەتای فۆرمۆلەبوونی ئەنتی تێزی دەوڵەتە. ئۆجەلان دەڵێت «ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییانەی  لەسەرەتای دروستبوونی ئەو کولتوورەی شارستانییەتی شار نایانەوێت ببنە بەشێک لە دەوڵەت، دەبنە هەوێنی شارستانییەتی دیموکراسی».

**********

مامۆستا قژ زەردەکە، نازناوی کۆمەڵناسی تورک “ئیسماعیل بێشیکچی”یە کە ٣٧ کتێب و سەدان وتاری لەسەر دۆزی کوردە نووسیوە. بێشیکچی بەهۆی نووسینەکانیەوە ١٧ ساڵ تەمەنی لە زینداندا بەسەر بردووە، لە زانکۆش هەر لەسەر کورد دەرکرا. بێشیکچی لە کتێبی “بیرکردنەوەکان لەسەر پەکەکە: نرخی ئازادی” (PKK Üzerine Düşünceler Özgürlüğün Bedeli) کە لە ١٩٩٢ بڵاوی کردۆتەوە، کە بریتییە لە شاهێدحاڵبوونی بێشیکچی لە دادگایکردنی ئەندامانی پەکەکە ئەو کاتەی زیندانی بوو، بەرگرییەکی بەهێز لە ڕەوایەتی بوونی پە*کە*کە دەکات، بەڵام بێشکچی دوای دەستگیرکرانی ئۆجەلان کەوتە ڕەخنە گرتن لە پە*کە*کە و ئۆجەلان، گوتی «گفتوگۆکردن لەگەڵ ئۆجەلانێکی دیل هەڵەیە».

لە ١٣ی ئایاری ٢٠٢٥دا، بێشکچی لە وتارێکی ڕەخنەئامێزی توندا کە لە ماڵپەرەکەی خۆی بڵاوی کردۆتەوە بەناونیشانی “٢٠٢٥ ناسیۆنالیزم، جارەکی دیکە”، دەڵێت « بەیاننامەی “ئێمە دژی هەموو جۆرەکانی ناسیۆنالیزمین”، ڕیتۆریکی عەقڵێکە کە بەرگری لە تێڕوانینی فەرمی دەکات» کە مەبەستی بێشکچی لە تێڕوانینی فەرمی تێڕوانینی دەوڵەتی تورکیایە. بێشکچی پێی وایە دیموکراتیزەکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشنیازکردنی وەک نموونەک بۆ جیهان خەونێکی ئەرخەوانییە، ئەگەرچی ئەو داماڵینی چەک لەلایەن پە+کە+کە ئەرێنیی دەبینی، بەڵام پێی وایە ئامانجی ڕاستەقینە لێی چەکداماڵینی یەپەگە و تەسفیەکردنی دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستانە.

ئەوەی بەلای منەوە جێگای سەرنج  و پرسیارە ئیسماعیل بێشیکچی وەک دەستەبژێرێکی تورکیا و کۆمەڵناس و کوردناس بە شێوەیەکی سەتحی ڕەخنە لە ئۆجەلان دەگرێت بەڵام قسە لەسەر ناوەڕۆکی کتێبەکانی ئۆجەلان ناکات، ئەگەرچی بوارەکەی بێشکچی ئەو لە کەسانەی تر زۆرتر نزیکە بە تێزەکەی ئۆجەلان کەچی تاکو ئێستا هیچ کتێبێک تەنانەت وتارێکیشی لەسەر تیزی « کۆمەڵگەی دیموکراتیکی»  ئۆجەلان نەنووسیووە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO