سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

خەنجەری دیماگۆجی و ڕۆمانسیەتی کۆمۆن لە پشتی دەوڵەت: شیكارێكی فەلسەفی-سیاسی بۆ تەڵەكەی نەمان

کێشمەکێشی وجوودی و بەتاڵکردنەوەی خەون

مێژووی کورد، تەنیا داستانێکی خوێناوی و پڕ لە قوربانیدان نییە بۆ مانەوە، بەڵکوو گوزارشتە لە کێشوڕاکێشێکی بوونخوازانە و مێژوویی بۆ گەیشتن بە گشتێتیی بوونایەتیی نەتەوەیی و بەرجەستەکردنی خودی نەتەوە لە پانتایی کەتوار (واقیع) و سیاسەتدا. لەم ڕێگا دوور و درێژەدا، کە پڕ بووە لە هەوراز و نشێوی ئۆنتۆلۆجی، کورد ڕووبەڕووی پیلانگێڕیی دەرەکی و زۆر هەڵەی کوشەندەی ناوخۆیی بووە، کە هەردووکیان وەک دووانەیەکی پڕوپاگەندە و چەواشەكاری كاریان كردووە بۆ لادان لە تێلۆسی نەتەوەیی، واتە باڵاترین ئامانجی نەتەوەیی. هەواڵی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥، کە گوایە داوای هەڵوەشاندنەوەی پە{کە}کە و وازهێنان لە خەباتی چەکداری دەکات لەپێناو “کۆمەڵگەی دیموکراتی”، بۆ زۆر کەس لە یەکەم نیگادا وەک چرۆی هیوا دەهاتە بەرچاو، بەڵام لە قووڵاییدا، ئەگەر ڕەسەن بێت، خەنجەرێکی فەلسەفی و سیاسییە کە لە پشتی هیوا و ئاواتی لەمێژینەی نەتەوەیەک دەدرێت؛ ئاواتێک کە لە جەوهەردا خواستێکە بۆ دامەزراندنی قەوارەی سیاسیی خۆیی، واتە خواست بۆ دەوڵەت.

کورد و دەوڵەت، بەرجەستەکردنی بوون

ئەم خواستە بۆ دەوڵەت تەنیا دروشمێکی بەتاڵی سیاسی یان خەونێکی ڕۆمانسی و خەیاڵی نییە، کە لە پانتایی و کەتواری بوونایەتیی نەتەوەیی دوور بێتەوە؛ بەڵکوو دەوڵەت لە بنەڕەتدا ڕەنگدانەوەی ئەزموونی (empiric) جەوهەری بوونایەتیی نەتەوەیە، واتە ئەو قەوارە فەلسەفییەی کە لە ئاستی فینۆمینۆلۆجیدا هەست بە بوونی خۆی وەک نەتەوە دەکات. ئەم هەستە قووڵە، کە سەرچاوە لە مێژوو و کولتوور و ئەزموون و بوونی هاوبەشەوە دەگرێت، لە ئاکار و کرداری بەکۆمەڵی خودێکی نەتەوەییدا خۆی دەنوێنێ. ئەم خودە نەتەوەییە خودێکی کۆییە وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ کە قەبارەکەی لە کۆی تاکەکانی گەورەترە، وەک هاوبەشایەتییەکی بوونمەندانە و بوونویستانە زایەڵە دەداتەوە و پێکهاتە دەبەخشێت بە ناسنامەی نەتەوەیی. لەم زایەڵە و هاوبەشایەتییەدا، هەستی پێکبەستراوەیی و بەرپرسیارەتی هاوبەش و خەم و خۆشی هاوبەش دەخوڵقێنێت، کە بناغەی هاوپشتیی، پێکەوەلکاویی و یەکانگیری نەتەوەیی و بەرجەستەکردنی ویستی گشتیی نەتەوەیی لە پانتایی کەتوار و کرداری سیاسیدایە. داگیرکاریی هەوڵی زەوتکردنی هەموو ئەم توخمە بنەڕەتییە بوونایەتییانەیە کە ئاماژەیان پێ کرا و نەتەوەیەک کە دەوڵەتی لێ زەوت دەکرێت، بە هۆی ئەو خەسار و لاوازییە ئۆنتۆلۆجییانەی تووشی دەبێت، لە ڕەوتی کاتدا بەرەو قۆناغەکانی توانەوە و نەمان (assimilation and extinction) دەچێت. هەوڵی نەتەوەی بێدەوڵەتی لەژێر داگیرکارییدا بۆ گەیشتن یان گەڕانەوە بۆ پێگەی دەوڵەتیی، بە دەست هێنانەوەی هەموو ئەم توخمە بوونایەتییانەیە کە بە‌هۆی بێدەوڵەتی لە دەستی داون و خۆڕزگارکردنە لە توانەوە و نەمانێکی یەکجارەکی.

بۆ نەتەوەی بێدەوڵەت کە ڕزگاربوون لە نەمان و توانەوەی بەستراوەتەوە بە هەبوونی دەوڵەت، هەر ناونیشان و پێگەیەک جگە لە بنیادنانی دەوڵەت، بەدڵنیاییەوە ناونیشانێکی هەڵە و خێراکەرەوەی پڕۆسەی توانەوە و لەناوچوونە. بۆیە بنیاتنانی دەوڵەت له کوردستان وەک نیشتیمانێکی داگیرکراو، پرسێکی وجوودی و بوونخوازانەیە، واتە پرسێکە پەیوەست بە بوون یان نەبوونی نەتەوەکە. هەر ڕێگایەکی دیکە لادانە لە تێلۆسی دەوڵەتخوازی و ڕێگایەکە بەرەو توانەوە و لەناوچوون و بۆیەش ناونیشانی هەڵە و نەمانخوازانەیە.

پەرگاڕی جیهانی ئەمڕۆ، هەر وەک سروشتی مرۆڤ خۆی پەرگاڕێکی ئەمپریاڵی و زیادەخوازانەیە،  پاشماوەی سیستەمی جیهانیی ئیمپراتۆرەکانە کە تێیدا دەوڵەتانی خاوەن سەروەری (sovereign states) یەکەکانی سەرەکیی پانتایی جیۆپۆلەتیکن و هەردەم هەوڵی گەورەبوونەوە و بەهێزبوونی قەوارەی خۆیان دەدەن. بەشێکی زۆری وزە و ماتەوزەی پێویست بۆ ئەم گەورەبوونەوە و بەهێزبوونە، بە پلەی یەکەم لە قوتدانی نەتەوە بێدەوڵەتەکان و دواتر لە ڕکابەریی نێوان خۆیاندا دابین دەکەن. کوردستان بۆیە پێویستە ببێت بە دەوڵەت تاوەکوو لە قوڕگی ئەم ئەژدیها جیۆپۆلەتیکییانە بێتەوە دەر و لە جیهانی دەوڵەتاندا ببێت بە خاوەن هێزی مانەوە و توانای ڕکابەریی و داکۆکی لە بوونی خۆی. ئەمە وەک تاکە ڕێگای مانەوە و گەشەکردنە لە سیستەمی نێودەوڵەتیی ئەمڕۆدا.

کاتێک کورد بە ئایدیای دژبەرایەتی هەبوونی دەوڵەت و ئەقڵی دژەدەوڵەتیی کۆزمۆپۆلیتان (cosmopolitanism)  پۆشتە دەکرێ، کە بە “برایەتی گەلان”، “ئاشتیخوازی”، “دیموکراسیخوازی” و هەر ئایدیایەکی نادەوڵەتی سیمای نەتەوەیی دەشێوێنرێت، لە ڕاستیدا ئەمە ناونیشانێکی ڕوو لە نەمان و توانەوەیە کە پێی دەدرێت. عەبدوڵا ئۆجەلانی ئیمرالی و سەرکردایەتی پە{کە}کە پێشتر (لەدوای قۆناغی ئیمرالی) بە ئایدیای “کۆنفێدراڵیزمی دێموکراتیک” و ئێستا بە ئایدیای کۆمۆناڵیزم  (communalism)، لەڕاستیدا ئەم ناونیشانەمان پێ دەدەن کە بەبێ دوودڵی تەنیا  گوتاری نەمانخوازییەکی فیکری و سیاسییە. لەکاتێکدا ئۆجەلانی پێش ئیمرالی لە ١٩٩٢ لە پەرتووکێکدا بەناوی “هەڵبژاردە”، بە شێوەیەکی زۆر دەوڵەتخوازانە ئاگادارمان دەکاتەوە کە هەر ڕێگایەکی دیکە جگە لە سەربەخۆیی “خۆبەدەستەوەدان”، “گێلییەتی” یان “خیانەتە”، چونکە ئەو لە دۆخی ئازادییدا وەک ئۆجەلانی ئازاد لەوە تێگەیشتووە کە نەبوونی دەوڵەت و سەربەخۆنەبوون کوردستان بەرەو نەمان دەبات. لە بەرامبەردا، ئۆجەلانی بەدیلگیراو لە دوورگەی ئیمرالی لەژێر سەروەریی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، لە کاتێکدا دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەلی زێڕینی بۆ کوردستان دەڕەخسێنێت بۆ پێشڤەچوون لە پڕۆژەی دەوڵەتسازیدا، بە ناونیشانی هەڵە، ڕێگایەکی نەمانخوازیمان پيشان دەدات. ئەمە لەڕاستیدا هەمان ئۆجەلانی ئازاد نییە کە لە  ئیرادەی ئازادی خۆییەوە، بە کەتواری دەوڵەت و سەربەخۆیی، وەک تاکە ئامرازی مانەوە، گەیشتووە، بەڵکوو ئەمە ئۆجەلانێکی دیلە کە لە دۆخی دیلیدا لە لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەندازیاری دەکرێت تاکو کورد لە ئەقڵی دەوڵەتی دوور بکاتەوە. بۆیە ئەرکی ڕۆشنبیرانی کوردە ئەم گوتارە چەواشەکارانەی دەوڵەتی تورک، کە لە ڕێگای ڕێبەرێکی بەدیلگیراو و بێ خاوەن ئیرادەی خۆیەوە دەگەیەنرێت، ڕەتبکەنەوە و لە گەیاندنی خەونی باڵای نەتەوەیەک، کە دامەزراندنی دەوڵەتە، ڕاوەستاو بن.

دیماگۆجییەت، هونەری شێواندنی کەتوار و بەتاڵکردنەوەی چەمک

دیماگۆجییەت  (demagogy)، تەنیا بریتی نییە لە درۆیەکی ڕووت، بەڵکوو هونەری جۆشدانی سۆزی خەڵکە لەڕێگەی سادەکردنەوەی کێشە قووڵ و ئاڵۆزەکان و خستنەڕووی چارەسەری خەیاڵی و ناکەتواریی. ئەمە میتۆدێکی سیاسییە کە پشت بە لۆجیک و بەڵگەی عەقڵانی نابەستێت، بەڵکوو ڕاستەوخۆ کار لەسەر هەست و نەستی جەماوەر دەکات و لە فەلسەفەی سیاسیدا، وەک دژ بە گوتاری عەقڵانی و بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە سەیر دەکرێت. لە دۆخی کوردی دا، ئەم دیاردەیە بەم شێوەیە کاری کردووە و بووەتە بەربەست لەبەردەم پێشڤەچوونی پڕۆژەی نەتەوەیی:

١. دژایەتی کردنی دەوڵەت وەک دڕندە: شێواندنی چەمکی سەروەریی: یەکێک لە گەورەترین کارەکانی دیماگۆجییەتی سیاسی لەنێو بزووتنەوەی پە{کە}کەدا، ناساندن و دێواندنی “دەوڵەت-نەتەوە” بوو وەک سەرچاوەی هەموو ستەم و چەوسانەوەیەک. بەم کارە، خەونی لەمێژینەی کورد بۆ دامەزراندنی کیانێکی سەربەخۆ، کە پێویستییەکی ئۆنتۆلۆجی و ستراتیژییە، کرا بە تابۆ و شتێکی قێزەون. لەبری ئەوەی بڵێن “ئێمە دەوڵەتی کوردستانمان دەوێت کە جیاواز بێت لە دەوڵەتە داگیرکەرەکان”، واتە داوای قەوارەیەکی سیاسیی خاوەن سەروەریی بکەین کە نوێنەرایەتیی ویستی نەتەوەیی بکات، گوتیان “دەوڵەت لە بنەڕەتدا خراپە و ئێمە شتێکی باڵاترمان دەوێت”. ئەمە لادانێکی مەترسیدار بوو، چونکە کێشەی سەرەکی و بنەڕەتیی نەتەوەی کوردی سادە کردەوە و شێواندی: لەبری ئەوەی دان بەوەدا بنرێت کە کێشەکە ئەوەیە کورد خاوەن دەوڵەت نییە، کێشەکەیان گۆڕی بۆ ئەوەی کە دەوڵەت خۆی کێشەیە! بەمەش، ئامانجی سەرەکیی نەتەوەیەک گۆڕدرا بۆ پڕۆژەیەکی ئایدیۆلۆجیی تاقینەکراوەی خەیاڵی و نامۆ بە کەتواری سیاسیی جیهان.

٢. سۆزی جۆش دا: بەتاڵکردنەوەی ویستی نەتەوەیی لە پانتایی کەتواردا: گوتاری “برایەتیی گەلان”، “کۆمەڵگەی ژینگەپارێز و دیموکراتی” و “ژیانی کۆمۆن”، دروشمی جوان و سۆزدارن کە لە ئاستی یۆتۆپیاییدا مانایەکی مرۆڤدۆستانەیان هەیە. بەڵام لە چوارچێوەی خەباتی ڕزگاریخوازیدا، ئەم دروشمانە دەبنە ئامرازێکی دیماگۆجی بۆ لاوازکردنی ویستی نەتەوەیی بۆ سەربەخۆیی. گەنجێکی شۆڕشگێڕ کە لەژێر ستەمی قووڵی داگیرکەردا دەژی، زۆر بە ئاسانی بەرەو ئەم دروشمە خەیاڵییانە ڕادەکێشرێت، بەبێ ئەوەی بیر لە لۆجیکی سیاسی، پێداویستییە ئۆنتۆلۆجییەکانی نەتەوە و کەتواری جیۆپۆلەتیکی بکاتەوە. ئەم گوتارە وای کرد کە هەزاران ڕۆڵەی کورد، گیانی خۆیان بەخت بکەن بۆ ئایدیۆلۆجیایەک کە لە باشترین حاڵەتدا، یۆتۆپیایەکە و لە خراپترین حاڵەتدا، لە خزمەت بەرژەوەندیی دەوڵەتانی داگیرکەردایە و دەرەنجامەکەی توانەوەی نەتەوەی کوردە وەک نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت.

سەرکردەی دیل یان ئامرازی دوژمن؟ پارادۆکسی خۆسەروەریی و ئیرادە لە زیندان

لەپاش شەهیدبوونی مەزڵوم دۆغان وەک کاراکتەريێکی سەرەکی لەناو پە{کە}کەدا، عەبدوڵا ئۆجەلان پەرەی بە عەقڵی خوسرەوانی دا کە پە{کە}کە لە ڕواڵەتدا خۆی بە ڕەخنەگری ئەو مۆدێلە دەزانێت و لەسەر ئەم بنەمایە پەرەی مۆدێلی پاترۆنیزم یان هەمان مۆدێلی خوسرەوانی وەک مۆدێلی ڕێکخراوەیی دا. ئەو بەناوی ڕێبەر خۆی گەیاندە پيگەی خوسرەو یان هەمان سوڵتان لەناو پەکەکدا و مۆدێلی بەڕێوەبەرییشی کرد بە مۆدێلێکی پاترۆنیستی کە خۆی هەم پیرۆز بوو و هەم گشتایەتی ئەقڵ و دەسەڵاتی ڕێکخراوەیی بوو.

کيشەی بنەڕەتی مۆدێلی خوسرەوانی وەک شێوازێک لە مۆدێلی سوڵتانی دوو لقی سەرەکی هەیە؛ یەکەم) گشت ئەقڵ لەلای سوڵتانە، دووهەم) سوڵتان جەوهەری بوونایەتی ئەو بزاوتەیە. لە هەموو بزاوتەکانی پێشووی کورد ئەم کێشە دوو جەمسەرییە قەیران و نسکۆی خوڵقاندووە کە ئەمە لە تەڤگەری پە{کە}کەشدا بە زەقی بەدی دەکرێت. هەر بۆیەش ئۆجەلان وەک سوڵتان لە جێگای هەمووان بیر دەکاتەوە و هەمووان دەبێ تەنیا لە بازنەی ئەقڵی ئەودا بیر بکەنەوە. بەشی دووهەمی کێشەکە ئەوەیە کە چارەنووسی بزاوتەکە و سوڵتان یەک تاکە چارەنووسە. واتا سوڵتان بمرێ، بزاوتەکەش دەمرێت، سوڵتان دیل بکرێ، بزاوتەکەش دیل دەکرێ و سوڵتان خۆی بفرۆشێ، بزاوتەکەش خۆی دەفرۆشێت و هتد. کورد لەم مۆدێلە بە درێژایی مێژوو زیانی گەورەی خواردووە چونکە نەیتوانیوە قەیرانی ئەقڵی سوڵتان چارەسەر بکات و لەدوای سوڵتان تووشی نسکۆ نەبێت.

پە{کە}کە ڕێک لەم دۆخەدایە. کاتێک کە ئۆجەلان بە دیل گیرا، لەڕاستیدا  گشتایەتی پە{کە}کەش بە دیل گیرا و هەتا ئێستاش هەردووکیان دیلن. داگیرکەری تورک بە هەر ئەندازە ئۆجەلان ئەندازیاری دەکات، بە هەمان ئەندازەش پە{کە}کە ئەندازیاریی دەکات چونکە لە مۆدێلی خوسرەوانی یان پاترۆنیستی هەمووان دەبێ لە بازنەی هزر و ئایدیای سەرۆکدا کە هامان سوڵتان بێت، بیر بکەنەوە کاری بۆ بکەن.

لە مۆدێلی خوسرەوانیدا هەتا سوڵتان زیندوو بێ، کەس جێگای ناگرێتەوە. هەر بۆیەش تورکیا لەگەڵ ئەوەدا که سزای سێدارەی دابوو بە ئۆجەلان، زوو پاشگەز بۆوە و نەیکۆشت چونکە سوڵتان تەسلیم بوو و بەڵینی دا کە “ئاشتی” بۆ تورکیا بێنێت. بە واتا درووستەکەی تەسلیم بوو. تورکیا زۆر زوو تێگەیشت کە دەتوانێ لە ڕێگای سوڵتانی دیل و سیستەمی خوسرەوانی تەڤگەری ئاپۆیی سەرلەنوێ ئەندازیاری بکاتەوە و کۆنترۆڵی بکات. لەسەر ئەو بنەماییە پە{کە}کە لەدوایی ئەوەی سوڵتان بە دیل گیرا، خۆی هەڵوەشاندەوە و دواتر دیسان لە بەرژەوەندیی داگیرکەر بە پارادایمی نوێ گەڕایەوە. واتا داگیرکەری تورک پارادایم شیفتی بە پە{کە}کە کرد لە گوتاری دەوڵەتخوازیی ڕا بۆ گوتاری دژەدەوڵەتی دێموکراسیخوازی کۆزمۆپۆلیتان. لەو کاتەوە ئەم گەمەیە لە فۆرمی جیاوازدا درێژەی هەبووە هەتا ئەم پڕۆسە نوێیەی ئێستا کە تورکیا ناوی “داماڵینی تێرۆر” و پە{کە}کەش ناوی “پڕۆسەی ئاشتی” لەسەر داناوە. لەم ناوەدا ئەوەی وەک ڕۆژ ڕووناکە ئەوەیە کە سوڵتان بووە بە ئامرازی کۆنترۆڵی پە{کە}کە لەلایەن تورکیا و پە{کە}کەش بووە بە ئامرازی کۆنترۆڵی باکور و ڕۆژاوا،  باکور و ڕۆژاواش بوون بە ئامرازی شێواندنی نەزمی نوێی ئیسرائیل لە بەرژەوەندیی تورکیا و ئێراندا.

لۆجیکی سیاسی و سەربازیی هەر بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخواز، لەسەر بنەمای پاراستنی ئیرادە و خۆسەروەریی بنیات نراوە. یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئەم لۆجیکە ئەوەیە کە کاتێک سەرکردەکەی دەکەوێتە دەستی دوژمن، ئیتر ئەو سەرکردەیە وەک دیل مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و چیدی ئیرادەی ئەو تاکە، کە لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی داگیرکەردایه، نوێنەرایەتیی ئیرادەی گشتیی بزووتنەوەکە یان نەتەوەکە ناکات. هەر فەرمان و پەیامێک لە زیندانی دوژمنەوە دەربچێت، بە فەرمانی گوماناوی و لەژێر فشار و چەواشەکاریی دەوڵەتی داگیرکەردا ئەژمار دەکرێت. بزووتنەوەی پە{کە}کە، بە پێچەوانەی ئەم لۆجیکە بنەڕەتییەوە، پیرۆزییەکی مێتافیزیکی (God-like sanctity) بەخشیوە بە ئۆجەلان و کردویەتی بە “ڕابەری گەلی کورد” و تەنانەت “ڕابەری گەلان” و لەناو زیندان کە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی تورکیادا پالان و پرۆژەی دەوڵەتی قووڵی تورکیا کە ناوی پرۆژەی باخچەلی لەسەرە، ڕایی دەکات. پە{کە}کە ئەو کاتە کە لە ساڵی ١٩٩٩ ئەوەندە توانای ئەقڵانی نەبوو کە سوڵتانی دیل تێپەڕێت و وەک دیل پێناسەی بکات و دۆسییەکەی داخات. ئەمە هەڵەیەکی بنەڕەتی بوو کە لەژێر کاریگەری ئەقڵی خوسرەوانیدا ستراتیژە کوشندەکە، کە تێیدا ئیرادەی نەتەوەیی خرایە ژێر باری کۆنترۆڵی دەوڵەتی داگیرکەرەوە.

لۆجیکی جەنگ و سیاسەت جیاوازە لە لۆجیکی یاریی شەتڕەنج. لە سیاسەت و خەباتی چەکداریدا، کاتێک سەرکردەیەک (کە ڕەنگە بە پاشا بچوێنرێت) “چیک مەیت” گەمارۆ دەدرێ، یارییەکە لەو ئاستەدا ڕەنگە کۆتایی بێت، بەڵام خەباتی نەتەوەیەک، خەباتێکە بۆ بوون و مانەوە، یاریی شەتڕەنج نییە، کە بەگیرانی سەرکردەیەک، هەموو سەرباز و قەڵا و شمشێرەکان فڕێ بدرێن و خۆیان بەدەستەوە بدەن. دەبوو پە{کە}کە لە دوای گرتنی ئۆجەلان، بەردەوام بووایە لەسەر ئامانجە ستراتیژییە نەتەوەییەکەی (سەربەخۆیی و دەوڵەتخوازیی) و ئۆجەلانیشی وەک سیمبولێکی بەرخۆدانی نەتەوەیی و دیلێکی سیاسی کە دەبێت بە هەموو شێوەیەک ئازاد بکرێت، بەرز ڕاگرتایە، نەک وەک سەرچاوەی وەرگرتنی فەرمانی سیاسی و ستراتیژی.

کاتێک سەرکردەیەک دیلە، دەوڵەتی داگیرکەر خاوەنی سەروەرییە لەسەر جەستە و ئیرادەی ئەو تاکە و دەتوانێت بە چەندین شێواز کاریگەریی لەسەر دابنێت و پەیامەکانی بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بگۆڕێت؛ کەواتە دیل وەک کارتی فشاری دەوڵەتی داگیرکەرە و بە درێژایی مێژوو لە هەموو جیهانیش هەر وا بووە. بانگەوازی ئاگربەست لە کاتێکدا کە سوپای دوژمن لە پێشڕەویدایە، داوای چەکدانان بەبێ هیچ گەرەنتییەکی نێودەوڵەتی و بانگەشەکردن بۆ مۆدێلێکی سیاسی (پێشتر کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی و ئێستاش کۆمۆنالیزم) کە دەوڵەتی تورکیا وەک هەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی خاکی خۆی نایبینێت، هەمووی ئەو پەیامانەن کە لە خزمەتی ستراتیژیی مانەوە و گەورەبوونی دەوڵەتی داگیرکەردایە، نەک لە خزمەت تێلۆسی نەتەوەی کورد و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ.

پەتای ئایدیۆلۆجیا و چەواشەکردنی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی

ئایدیۆلۆجیای “کۆمۆنالیزم” یان “کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی”، وەک پەتایەکی فیکری و سیاسی بەناو جەستەی سیاسیی پە{کە}کەدا بڵاو بووەوە و وردە وردە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی (کە لە دیدی کەتوار و پێداویستییە ئێکسیستێنشیالییەکاندا بریتییە لە دامەزراندنی دەوڵەت و پاراستنی ناسنامە)ی کردە قوربانیی بەرژەوەندیی حیزب و ئایدیۆلۆجیاکەی.

١. پیرۆزکردنی حیزب لە بری نیشتمان: گۆڕینی ئامراز بە ئامانج: لەم سیستمە فیکرییەدا، جیا لە ڕێبەر (سوڵتان)، حیزب (تەڤگەر) بوو بە جێگرەوەی نیشتمان و دەوڵەت وەک قەوارەی نەتەوەیی. دڵسۆزی بۆ حیزب و سەرکردەکەی واتا ‘پە{کە}کەپارێزی” و “سەرۆکپارێزی”، بوو به پێوەر بۆ “وڵاتپارێزی”. هەر کەسێکیش داوای دەوڵەتی کوردی بکردایە، بە “نەتەوەپەرستی دواکەوتوو”، “بۆرژوازی” و “خیانەتکار” تۆمەتبار دەکرا، واتە بە شێوەیەکی ئایدیۆلۆجیی بێبەها دەکرا. بەم شێوەیە، حیزب بووە بە ئامانج، لەکاتێکدا دەبوو بەپێی لۆجیکی خەباتی ڕزگاریخواز تەنیا ئامرازێک بووایە بۆ گەیشتن بە ئامانجی گەورەتر کە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتە.

٢. دابڕان لە کەتواری سیاسی و سیستمی نێودەوڵەتی: جیھان لەسەر بنەمای دەوڵەت-نەتەوە و سەروەریی نەتەوەیی کار دەکات. نەتەوە یەکگرتووەکان، یاسا نێودەوڵەتییەکان، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و هەموو پێکهاتەکانی سیستمی نێودەوڵەتی، لە چوارچێوەی کیانی سیاسیی سەربەخۆدا (دەوڵەت) پێناسە کراون و مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. کاتێک کورد وەک بزووتنەوەیەک دەڵێت “من دەوڵەتم ناوێت”، لە ڕاستیدا خۆی لەم سیستمە جیهانییە دەخەیتە دەرەوە و دەبیتە یاریکەرێکی دەرەوەی گۆڕەپانەکە کە هیچ لایەنێکی خاوەن سەروەری (واتە دەوڵەتان) ناتوانێت وەک شەریکێکی سیاسیی خاوەن قەوارە مامەڵەی لەگەڵ بکات. بۆیە کاتێک نوێنەری ئەمریکا دەڵێت “کورد دەوڵەتی ناوێت”، ئەو قسەیە لە بۆشاییەکی فیکرییەوە ناکات، بەڵکوو پشت بەو گوتارە لاوازکەر و چەواشەکارە دەبەستێت کە بەشێک لە خودی کورد خۆی بۆی بانگەشە دەکات و بە دەستی خۆی ناسنامەی سیاسیی خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا لاواز دەکات.

٣. وەلانانی بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی و قوربانی کردنی بۆ ئایدیۆلۆجیا: ئایا لە بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەی کورددایە کە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەبری کارکردن بۆ ستاتووسی دەوڵەتی ، کە گەرەنتیی مانەوە و پاراستنی بوونایەتی و ناسنامە بێت، لەژێر ناوی “ئیدارەی خۆسەر”دا هەوڵی ڕێککەوتن لەگەڵ داگیرکەر بدرێت؟ بێگومان نەخێر، چونکە ئەمە دابڕانە لە ئامانجی ستراتیژیی دامەزراندنی دەوڵەت و گەرەنتیی بوون و مانەوە. بەڵام کاتێک ئایدیۆلۆجیاکە دەڵێت “دەوڵەت گرنگ نییە و دەبێت لەگەڵ گەلانی سوریا بژین”، ئەوا بەرژەوەندیی حیزب و ئایدیۆلۆجیاکەی دەخرێتە پێش بەرژەوەندیی خوێنی هەزاران شەهید و داهاتووی ملیۆنان کوردەوە، کە تەنیا دەوڵەت وەک قەوارەیەکی خاوەن سەروەریی دەتوانێت لە بەرامبەر بە توانەوە و لەناوچوون پاڕێزەریان بێت.

ئینتەگراسیۆنیزم (تێکەڵاوبوونخوازی)، یۆتۆپیایەکی تیۆری لە کەتوارێکی پڕ مەترسیی ئاسیمیلاسیۆندا

بۆ ئەوەی قووڵتر لەو لادانە فیکرییە تێبگەین کە بەرۆکی بەشێک لە بزووتنەوەی کوردی گرتووە، دەبێت ناوە زانستییەکەی ئینتەگراسیۆنیزم (Integrationism) یان تێکەڵاوبوونخوازی بۆ بدۆزینەوە. ئەم چەمکە، لە تیۆری و لە ژینگەی دیموکراتیی جێگیردا، بانگەشە بۆ ئەوە دەکات کە کەمینەیەکی نەتەوەیی دەتوانێت لەناو دەوڵەتێکی گەورەتردا بژی و مافە کولتووری و سیاسییەکانیشی پارێزراو بێت، بەبێ ئەوەی پێویستی بە جیابوونەوە و دامەزراندنی دەوڵەت بێت. لە ڕواڵەتدا، ئەمە وەک چارەسەرێکی ئاشتیخوازانە و مۆدێرن دێتە بەرچاو وەک ئامرازێک بۆ پێکەوەژیان. بەڵام کاتێک ئەم بیرۆکەیە دەهێنرێتە ناو دۆزەخە سیاسییەکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەخرێتە سەر جەستەی نەتەوەیەکی دابەشکراوی وەک کورد، چیتر نابێتە پرۆژەی پێکەوەژیانێکی ئازاد و یەکسان، بەڵکوو دەبێتە ڕێخۆشکەرێکی نەرم و مەترسیدار بۆ ئاسیمیلاسیۆن (توانەوە).

ئینتەگراسیۆنیزم لەژێر سێبەری دەوڵەتی ناسیۆنالیستی داگیرکەردا: بانگەوازێک بۆ نەمان

پێشنیارکردنی ئینتەگراسیۆن بۆ کوردێک لەناو تورکیا، ئێران، عێراق یان سوریادا، وەک ئەوە وایە داوا لە مەڕێک بکەیت هەوڵ بدات خۆی لەگەڵ ژیانی بندەستی گورگێکی تینوو بە خوێن بگونجێنێت بەو مەرجەی گوایە گورگەکە “دیموکراتی” بێت! مێژووی دەیان و سەدان ساڵی ڕابردووی ئەم دەوڵەتانە، سەلماندوویەتی کە ئەوان لەسەر بنەمای یەک نەتەوە، یەک زمان و یەک ئاڵا دامەزراون و سیستەمێکی ناوەندیی زۆر بەهێزیان هەیە. ئەوان لە بنەڕەتدا دژ بە فرەیی (Pluralism) و بوونی قەوارەی نەتەوەیی ترن، لە چوارچێوەی سەروەریی خۆیاندا. لە هەر سیستمێکی سیاسی، “تێکەڵاوبوون” مانایەکی نییە جگە لە وازهێنانی قۆناغ بە قۆناغی کورد لە تایبەتمەندییە نەتەوەییەکانی خۆی (زمان، کولتوور، مێژوو، ویستی سیاسی)،  لە کۆتاییشدا لە بوونایەتی خۆی.

ئینتەگراسیۆنیزم یەکسەر داوا دەکات واز لە گەورەترین چەکی سیاسی و یاسایی کورد بهێنرێت، کە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتە، واتە وازهێنان لە مافی ئۆنتۆلۆجیی بوونی سیاسیی خۆی. کاتێک تۆ خۆت لەسەر مێزی گفتوگۆ بە دەستی بەتاڵەوە و بە گوتارێکی نادەوڵەتی دەڵێیت “من دەوڵەتم ناوێت”، چیتر دوژمن ناچار نییە هیچ سازشێکی گەورەت بۆ بکات کە گەرەنتیی بوونی نەتەوەییت بێت. گوتاری “نەتەوەی دیموکراتی” یان “برایەتی گەلان”، ئێستاش “کۆنفيدرالیزمی دێموکراتیک” و “کۆمۆنالیزم” هەرچەندە دروشمی جوان و مرۆڤدۆستانەن، بەڵام لە کەتواردا و لەژێر دەسەڵاتی ناسیۆنالیزمی تونددا، ناسنامەی تایبەتیی کوردی دەخەنە مەترسییەوە. کاتێک کورد جەخت لەسەر ناسنامەیەکی گشتگیر و فرەپێکهاتە دەکاتەوە لەبری جەختکردنەوە و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی خۆی، لە ڕاستیدا یارمەتیی ئەو سیستمە دەدات کە دەیەوێت تایبەتمەندییەکانی بسڕێتەوە و لە کۆمەڵگای گەورەتردا بتوێنێتەوە.

ئایا هیچ دەوڵەتێکی زلهێز یان ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی (وەک نەتەوە یەکگرتووەکان) ئامادەیە پشتگیریی “کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی” بکات و دانی پێدا بنێت وەک قەوارەیەکی سیاسی خاوەن سەروەریی؟ نەخێر. تووشی ڕاستییەکی جیۆپۆلەتیکیی بنەڕەتی دەبینەوە: سیستمی جیهانی لەسەر بنەمای دەوڵەت و سەروەریی دەوڵەت کار دەکات. کاتێک کورد خۆی لەم چوارچێوە یاسایی و سیاسییە دەردەهێنێت و بەدوای مۆدێلێکی خەیاڵییەوە دەبێت کە لە کەتواری نێودەوڵەتیدا قبوڵکراو نییە، لە کۆتاییدا خۆێ گۆشەگیر دەکات و دەبێتە یاریزانێکی پەراوێزخراو کە کەس بە جیددی وەریناگرێت و ناتوانێت مافەکانی لەسەر ئاستی جیهانی بپارێزیت.

لە “ئینتەگراسیۆن”ی ناچارییەوە بۆ “ئاسیمیلاسیۆن”ی دڵنیایی

ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە: ئینتەگراسیۆنیزم تەنانەت لە وڵاتە دیموکراتییە جێگیرەکاندا ناتوانێت سەرکەوتوو بێت کە سیستمی یاساییان بە ڕاستی و لە پراکتیکدا ڕێز لە مافی کەمینەکان دەگرێت و میکانیزمی پاراستنی ناسنامەی کەمینەکانیان هەیە، وەک کەنەدا یان سویسرا. بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەر هەوڵێک بۆ “تێکەڵاوبوون” بەبێ گەرەنتیی نێودەوڵەتیی بەهێز و بەبێ بوونی کیانێکی سیاسیی کوردستانی خاوەن دەسەڵات و سەروەریی، سەرەنجامەکەی توانەوەیەکی هێواش و ئازاربەخش دەبێت.

ئەو گوتارەی ئەمڕۆ بە ناوی “ئاشتی” و “چارەسەری دیموکراتی”یەوە پێشکەش دەکرێت، لە ڕاستیدا بانگەوازێکە بۆ ئەوەی کورد بە دەستی خۆی واز لە تاکە کارتی براوەی خۆی بهێنێت، ئەو کارتەی کە لە مێژوودا بۆی تێکۆشاوە و قوربانیی بێشوماری لەپێناو داوە: ویستی دامەزراندنی دەوڵەت. بانگەوازێکە بۆ ئەوەی نەتەوەکەمان لەبری ئەوەی خاوەنی ماڵی خۆی و قەوارەی خۆی بێت، ببێتە کرێچییەکی هەمیشەیی لە خاکی خۆیدا. کاتێک دەڵێین “ئێمە دەوڵەتمان دەوێت”، ئێمە تەنیا داوای پارچە خاکێک و ئاڵایەک ناکەین؛ ئێمە ئێرادە مانەوە و بوون دەکەین، داوای ڕزگاربوون دەکەین، لە چارەنووسی دڵنیایی توانەوە کە ئینتەگراسیۆنیزمی ساختە و چەواشەکارانە بۆی داناوین. ئێمە دەمانەوێت لە کرێچییەک کە هەردەم لە مەترسیی دەرکردندایە، ببینەوە بە خاوەن ماڵێک کە بتوانێت لە بوونی خۆی داکۆکی بکات.

کۆمۆن، یۆتۆپیایەکی فریودەر و تەڵەیەکی ستراتیژی

ئێستا کە لە ستراتیژی گەورەی “ئینتەگراسیۆنیزم” وەک بانگەوازێک بۆ توانەوە تێگەیشتین، پرسیارەکە ئەوەیە: ئەگەر قەوارەی دەوڵەت ڕەت دەکرێتەوە و وەک “دڕندە” سەیر دەکرێت، ئەی بەدیل چییە؟! لێرەدا دیماگۆجییەتی سیاسی جوانترین و سۆزدارترین وەڵام دەخاتە ڕوو، وەڵامێک کە لە ئاستی هەست و سۆزدا کاریگەرە: کۆمۆن. کۆمۆن ئەو یوتۆپیا شیرینەیە، کە وەک چارەسەری هەموو کێشەکان پیشکەش دەکرێت و لە بنەڕەتدا ڕوخسارە کردارییەکەی ئینتەگراسیۆنیزمە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی؛ ئەو شێوازی ژیانەیە کە وا لە مرۆڤی کورد دەکات واز لە خەونی گەورەی دەوڵەت بهێنێت لەپێناو گەیشتن بە یۆتۆپیایەکی بچووکتر و ناوخۆیی.

بیرۆکەی کۆمۆن لەسەر کاغەز و لە قووڵایی تێۆرە سۆسیالیستی و ئەنارکیستییەکاندا زۆر دڵڕفێنە. کێ نایەوێت لە کۆمەڵگەیەکدا بژی کە خاوەندارێتی هاوبەشە، ستەم بوونی نییە، بڕیارەکان بە کۆمەڵ و بە یەکسانی دەدرێن و هەمووان وەک ئەندامانی یەک خێزانی گەورە یارمەتیی یەکتر دەدەن؟ ئەمە ئەو وێنە ڕۆمانسی و فریودەرەیە کە وەک بەدیلی “دەوڵەتی دڕندە” و “سەرمایەداریی چاوچنۆک” پێشکەش دەکرێت. ئەم گوتارە ڕاستەوخۆ کار لەسەر ویژدانی نەتەوەیی کوردی نائاگا دەکات و پێی دەڵێت: “تۆ پێویستت بە دەوڵەتێکی گەورە نییە، تۆ دەتوانیت بەهەشتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆت لە گەڕەکەکەی خۆت یان گوندەکەی خۆتدا دروست بکەیت”.

ڕاستی کۆمۆن چییە؟ وڵاتانی سکاندیناوی و بەشێکی زۆر لە وڵاتانی ئەورووپایی بە شارەوانی دەڵین؛ کۆمۆن کە بە واتای شارستان و شۆرای شاریش دەوترێت. کۆمۆنالیزم لە ڕاستیدا هەمان مافی بەشداری و دەنگدان لە شۆرای شار دەوترێت کە ئەمە لە خۆدی تورکیا و باکوری کوردستان و  تەنانەت ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەیە. پە{کە}کە لە ڕێگای ‌‌حیزبە تورکیاییەکانی خۆی نەک لە دەنگدانی شارەوانییەکان، بەڵکوو لە هەڵبژاردنی پارلمانی تورکیاش بەشداری کردووە و کورسی زۆریشیان بەدەست هێناوە. کەواتە ئەگەر مەبەستیان لەم کۆمەن و کۆمۆنالیزمە ڕاستەوخۆ کۆمۆنیزم نەبێت، کەواتە چما کاری دووبارە دووبارە دەکەنەوە و ٥٠ ساڵ خەبات و خوێنی بۆ قوربانی دەکەن؟!

بەڵام کاتێک لە ژینگەیەکی کەتواری و دوژمنکارانەی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەیری ئەم بیرۆکەیە دەکەین، کە سیستمی سیاسیی تێیدا لەسەر بنەمای هێز و دەسەڵاتی ناوەندیی دەوڵەتانی ناسیۆنالیست بنیات نراوە، دەبینین کە کۆمۆن لەبری ئەوەی ببێتە چارەسەر بۆ کێشەی بوون، دەبێتە بەشێک لە کێشە زەبەلاحەکە. چۆن؟

١. سەرگەرمکردنی بە وردەکارییەوە و لەبیرکردنی وێنە گەورەکە: کاتێک وزە و توانای نەتەوەیەک، کە لە بنەڕەتدا کەم و سنووردارە، لەبری ئەوەی بۆ ئامانجێکی ستراتیژیی گەورە و چارەنووسساز (وەک دامەزراندنی دەوڵەت و بەدەستهێنانی دانپێدانانی نێودەوڵەتی) بەکار بهێنرێت، لەناو کێشە و کاروباری ڕۆژانەی دەیان و سەدان کۆمۆنی بچووک و پەرت و بڵاودا خەرج دەکرێت، ئەوا لە ڕاستیدا هێزی خەباتەکە پەرت و بڵاو دەبێت و توانای کاریگەریی سیاسی و دیپلۆماسی کەم دەبێتەوە. ئەمە وەک ئەوە وایە سەربازەکانمان بەسەر سەدان سەنگەری بچووکی بێ پەیوەندی دابەش بکەین لەبری ئەوەی هێزەکە لە خاڵێکی ستراتیژیدا کۆ بکەینەوە.

٢. لاوازی لە ڕوووی سیاسی و سەربازی: کۆمەڵێک کۆمۆنی پەرت و بڵاو، هەرچەندە لەناوەخۆدا دیموکراتیش بن و نوێنەرایەتیی ویستی خەڵکی ناوچەکەش بکەن، ناتوانن لەبەرامبەر سوپایەکی ڕێکخراو، پڕ چەک و خاوەن دۆکتۆرینی سەربازیی دەوڵەتێکی دوژمندا خۆیان بگرن. کۆمۆن ناتوانێت بڕیارە ستراتیژییە گەورەکان بدات، ناتوانێت فڕۆکە و تانک بکڕێت، ناتوانێت پەیماننامەی نێودەوڵەتی واژۆ بکات و ناتوانێت کورسییەکی لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەبێت و مافی خۆی بپارێزێت. لە جەنگەڵی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بوونی سیستمێکی سیاسیی بێ دەسەڵاتی ناوەندیی بەهێز و خاوەن سەروەریی، بانگهێشتنامەیەکە بۆ لەناوچوون و داگیرکرانەوە.

٣. ڕێگایەک بەرەو نەمان: تەسلیمبوون بە چارەنووسی ئاسیمیلاسیۆن: دەوڵەتی داگیرکەر لەوانەیە بۆ ماوەیەک ڕێگە بەم “تاقییکردنەوە کۆمەڵایەتییە” بدات، چونکە لە بنەڕەتدا هەڕەشەیەکی جیددی نییە بۆ سەر سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی ئەو. بەڵام لەبەر ئەوەی مانەوەی کۆمۆنەکان وەک پێکهاتەیەکی جیاواز، سەرەنجام لە نەخشە و خەتی دوژمندا (کە توانەوەی نەتەوەی کوردە) ئامانجێکی هەمیشەیی نییە، بۆیە لە دواتردا بە هێزی نەرم (کولتووری و ئابووری) و هێزی ڕەق (سەربازی و سیاسی) هەوڵی توانەوەی کۆمۆنەکانیش لە ئارادایە. ئەوە ئەوکاتەیە کە زریانە سیاسییە گەورەکە هەڵدەکات و هەموو شتێک، تەنانەت ئەو کۆمۆنە بچووکانەش، لەگەڵ خۆیدا ڕادەماڵێت و بەرەو قۆناغی کۆتایی توانەوەیان دەبات.

کۆتایی: لە یۆتۆپیای ئایدیۆلۆجییەوە بۆ کەتواری دەوڵەتداریی و بوونخوازیی

دەنگی ویستنی دەوڵەتی کوردستان، دەنگی نەتەوەیەکە کە هەست دەکات لە هەستیارترین قۆناغی مێژوویی و وجوودیدایە و ئەم دەنگە بنەڕەتی و سروشتییەش لەلایەن بەشێک لە نوخبە سیاسییەکانەوە بە گوتار و ئایدیای چەواشەکارانە و یۆتۆپیایی، بە هەڵەدا براوە و کپ کراوە. چارەسەر، وازهێنان نییە لە خەباتی ڕەوای نەتەوەیی، بەڵکوو گۆڕینی ئاراستەی خەباتە لە گوتاری سۆزدارانەی دیماگۆجی و یۆتۆپیای ئایدیۆلۆجییەوە، بۆ گوتاری لۆجیکی، کەتواری سیاسی و فەلسەفەی بوونخوازیی نەتەوەیی. بۆیە دەبێ ڕێگە لەو فرۆشیارە فیکری و سیاسییانە بگرین کە خەونە مەزن و پێویستییە وجوودییەکەمان، کە دامەزراندنی دەوڵەتە، خەریکە دەفرۆشن یان بە بەتاڵیدا دەبەن.

کورد پێویستی بەوە نییە چیتر بجەنگێت بۆ ئەوەی بە جیهان یان بە گەلانی دراوسێ بیسەلمێنێت کە “مرۆڤی باشە” و “برای گەلانە”؛ چونکە ئەمە پێناسەیەکی وجوودی نییە. کورد پێویستی بە دەوڵەتە تا وەک هەموو نەتەوەی تر، خاوەنی سەروەریی خۆی بێت و چارەنووسی سیاسی، کولتووری و ئابووریی خۆی بە دەستی خۆی و لە چوارچێوەی یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بنووسێتەوە. ئاشتیی ڕاستەقینە و پارێزراو، لە سێبەری ئاڵای سەربەخۆی خۆدا بەدی دێت، نەک لەژێر ڕەحمەتی ئەم و ئەودا کە دەتوانن لە هەر ساتێکدا مافەکانت پێشێل بکەن. وەک فەیلەسوفی ئەڵمانی یوهان گۆستاڤ درۆیزن (Johann Gustav Droysen) دەڵێت: دەوڵەت وەک لوتکەی گەشەی ئەخلاقی و نەتەوەییە، ئەوە دەوڵەتە مانا بە ئازادی و بوونایەتیی نەتەوە دەدات.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO