ئەوەی ئێستا لە شەڕی ھێزە ئەمنییەکان و عەشیرەتی ھەرکی لە گوندی گردە ڕەشەی سەر بە قەزای خەبات دەگوزەرێت، بەرھەمی دیوەخانانە و دەست لەپشدانی ھێزەکانی دەسەڵاتە (پارتی و یەکێتیی) بۆ عەشیرەتەکان، لە پڕچەککردن و بڕینەوەی پارەیەکی زۆر بەناوی دیوەخانانە.
لە سایەی ململانێی ناڕەوای حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان، بە تایبەت لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ، دیاردەی دیوەخانانە و پڕچەککردنی کەسانی خاوەن “نفووس” و “نفووزی” عەشایری لە ھەرێمی کوردستان سەری ھەڵدایەوە. عەشیرەتەکان و خەڵکی دیکەش چەک و پارەیان پێدرا، ھێزیان بۆ دروست کرا، دیاردەی عەشیرەتگەرای لە پەنای دیوەخانی عەشیرەتەکان زیندوکرایەوە کە پێشتر لاواز ببوو.
ئێستا دیاردەی دیوخانانە خەریکە نەک مەترسی لەسەر سەروەرنەبوونی یاسا دروست دەکات، بگرە جۆریک لە ھەڵگەڕانەوە و وەستانەوە بەڕووی ھێزە ئەمنییەکان خەریکە دەبێتە دیاردە، کە کۆنترۆڵکردنی بێ قوربانی و خوێنڕشتن نابێت.
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا ڕووداوێکی ھاوشێوەی گوندی بەردەڕەشە لە دۆڵی شاورێ ڕوویدا، ھێزی عەشایری باڵادەست لە ناوچەکە ھێزە ئەمنییەکانیان ڕاونا و ناچاری پاشەکشەیان کردن، بەبێ ئەوەی بتوانن ئەو ئەرکەی بۆی چووبوون جێبەجێی بکەن. ھەمان دیاردەش ئێستا لە قەزای خەبات ڕوو دەدات، یان ڕووی دا.
لێرەدا دەپرسین ئایا ئەوەی دەگوزەرێت ھەر تەنھا لێکەوتەی دیاردەی دیوخانانە و دەست لە پشدانی دەسەڵاتە بۆ عەشیرەتەکان یان دەستی دیکەی لە پشتە کە مەترسی دەکرێت لە داھاتوودا سەربکێشێت بۆ بابەتی دیکە؟ ئەوەیان پرسیارێکە جارێ وەڵامەکەی بە ئاسانی دەست ناکەوێت.
شایانی باسە، کوردستان بەشێوەیەکی گشتی و باشووری کوردستان بە تایبەتی، ئەزموونی خراپی ھەیە لە ناکۆکییە عەشایرییەکان. زۆر جار ئەو دیاردەیە سەری کێشاوە بۆ لێکەوتەی خراپ. لە سەد ساڵی ڕابردوو ھەڵگەڕانەوەی عەشیرەتەکان لە شۆڕش چوونە پاڵی ھێزەکانی دژە شۆڕش زۆر ڕوویانداوە کێ خەتابار بووە شۆڕش یان عەشیرەتەکان ئەوەشیان جێگای باسی ئێرەمان نییە. بەڵام ئەوەی جێگای ئاماژەیە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرچاوەکانی مێژوو تێدەگەین کە لە ھەموو پارچەکانی کوردستان ئەو ئەزموونە تاڵە کۆسپێکی گەورەیان لەبەردەم شۆڕشی گەلی کوردستان دروست کردووە.
بۆیە، بەئەزموون وەرگرتن لە ڕابردوو، دەبوو لە ھەرێمی کوردستان دەرفەتی سەرھەڵدانەوەی دیاردەی دەسەڵاتی عەشایری لەسەر حیسابی سەروەری یاسا نەدرێت، بەڵام ئەوە نەکرا، بگرە بودجەیەکی زۆر لە لایەن دوو ھێزی دەسەڵات تا ڕۆژی ئەمڕۆمان خراوەتە بەردەم کەسانێک بەناوی دیوەخانانە، بەشێکیان خاوەنی دەنگی خێزانی خۆشیان نین، بەڵام حیزب پشتیوانیان لێ دەکات، ھەندێک لەوانە بە تەنزەوە پێیان دەگوترێت “شێخ و ئاغای تیکتۆک” کە خەریکە ھەندێک لە بەرپرسە حیزبیەکانی دەسەڵاتیش چاو لەو تیکتۆکچیانە دەکەن.
لە ساڵانی دواییدا، لە ھەرێمی کوردستان، کار گەیشتە ئەوەی لە ھەستیارترین شوێنی یاسادانان کە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ھێزەکانی دەسەڵات کەسانێک لەسەر بنەمای عەشیرەت بپاڵێون و بیانکەن بە پەرلەمانتار. ئەوان کوڕە سەرۆک جاشی کۆن و کۆنە بەعسیان کردە پەرلەمانتار. واتا نەک دەسەڵاتی دیوەخانانەیان بەھێز کرد بگرە پەردەی یاساییان بەو دیاردەیە دادا. لەسەریشی بەردەوامن، ئێ خۆ پێشینان بەبێ ھۆ نەیان گوتووە “چی بچێنی ئەو دەدووریەوە”.



