بەشی پێنجەم
بە باوەڕی ئێمە هەندێ ڕاستی نەگۆڕ هەیە لە دنیادا، کە دەبێت لەهەڵهێنانی هەر هەنگاوێکدا ڕەچاو بکرێت. یەکێک لەم ڕاستیانە هەبوونی بەرژەوەندییە، چونکە لەزۆر بواردا، دونیا بە بەرژەوەندی بەڕێوە دەچێت، ئەم ڕاستییەش لەهەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژوودا دەردەکەوێت، چونکە دەبینین لەهەر سەردەمێکدا، زۆر بڕیاری ناڕەواهەیە بەپێی بەرژەوەندی دراوە، زۆر کارو کردەوەی دزێویش هەیە، بەهەمان هۆکار چاوپۆشی لێکراوە، چونکە لە گۆشەی بەرژەوەندییەوە لێکدانەوە بۆ کارەکان کراوە ،ئینجا پەنا بۆ ڕوانین و لێکدانەوەی ڕووداوەکان براوە، بەڵام بەدڵنیایی پاراستنی بەرژەوەندی تاسەر نەبووەو نابێت، وەک خۆی نامێنێت و گۆڕانی بەسەردا دەهێت، بۆیە دەبینین لەدواتردا ئەو ڕاستییانە ڕوون دەبێتەوەو پەردەیان لەسەر هەڵ دەماڵرێت، کە پێشتر بزر دەکران و نەیان دەهێشت کەس بیزانێت. ئاشکرایە کە ئێمەی کورد زیاتر لەسەدساڵ دەبێت، قوربانی دەستی ئەو بەرژەوەندییەین کە لە نێوان داگیرکران و زلهێزاندا هەیە، بۆیە هەرچەندی زوڵممان لێ دەکرێت و هەر چەندی هاوار دەکەین، کەس گوێمان لێ ناگرێت و چاوپۆشی لە کاری داگیرکەران دەکرێت، ئەمەش ئەو قەدەرە تاڵەیە کە دەبێت بەناچاری دانی پێدا بنێین .
لەدوای سەدساڵ لەژێردەستی و لێک دابڕان، ئێمەی کورد ئەو ڕاستییەمان بۆ ڕوون بۆتەوە، کە چارەنووسی نەتەوەییمان بەدەست خۆمان نییە، لەهەمان کاتدا بەخواستی داگیرکەرانیش نییە، بەڵکوو بەویستی زلهێزانە، چونکە ویستی زلهێزان سەنگی مەحەکە، خاڵی یەکلاکەرەوەیە، بۆ سەرخستنی هەرلایەک لەئێمە و لەداگیرکەران، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دەبێت سێ هۆکار لە ناوچەکەماندا بەدی بهێت، تا ئەو وێنەیە دروست ببێت کە بیروبۆچوونی زلهێزان بگۆڕێت و لەبەرژەوەندی ئێمەی کورددا بێت، ئەویش یەکەمیان: هێزێکی بەتوانا لەڕووی ئایدۆلۆجیاوە دژ بە ئایدۆلۆجیای زلهێزەکان هەڵ بکەوێت، هەروەکوو ئەوەی بەر لەسەدساڵ کۆمۆنیستەکانی ڕووس دەرکەوتن و هەندێ نەتەوە سوودیان لە دژبوونیان وەرگرت، بۆ ئەمەش دروستبوونی داعش بەهەمان کاریگەری لەسەر دۆزی کورد دەردەکەوێت، چونکە ئەوانەی دڵیان بەدروستبوونی داعش خۆشە، داگیرکەرانی کوردستانن، ئەمەش دژ بە هەڵوێستی زلهێزەکانە، بۆیە ئەمە بەو خاڵە دادەنرێت کە بەقازانج و بەرژەوەندی کورد هەڵ دەسووڕێت، ئەگەر ئەقڵی کورد بتوانێت سوودی لێوەربگرێت. دووەمیان: گۆڕانی بیرکردنەوەی کۆمەڵگەی داگیرکەرانی کوردستانە، کە ئەگەر بۆیان بلوێت، لە ئێستادا کەمترین ئامادەیی خزمەتکردنی زلهێزەکانیان تێدایە، ئەمەش بۆ دۆزی کورد سوودی دەبێت، ئەگەر کورد ئامادەیی زیاتری تێدابێت.سێیەمیان: پێگەیشتنییی تاکی کوردە کە تا چەند دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی خۆی بە بەرژەوەندی زلهێزانەوە گرێ بدات، لەمەشدا کورد هیچ گرفتەکی نابێت، چونکە سەربەخۆیی لەهەموو شتێک بەباشتر دەزانێت، هەروەها لەئێستادا وەک مێگەلەکی بێ شوان دەرناکەوێت، هیچ کوردەکیش بەژێر دەستی ڕازی نییە ئەگەر سەرپشک بکرێت، لەهەمان کاتدا ئەو ڕاستییەش دەزانێت، کە هەر زلهێزەکان دەتوانن نەتەوەتەکی بێ پشت و پەنا، لەبەرامبەر چوار وڵاتی دڕندەی خاوەن یەک بەرژەوەندی سەر بخەن و بپارێزن.
ئەمانەش چەند هەلومەرجێکن کە لەبارودۆخی ئێستای خۆمان و دەوروبەرماندا دەردەکەوێت، کە وا دیارە بەو ئاڕاستەیەدا دەڕوات کە کوردیش هەناسەیەکی سەربەخۆیی تێدا هەڵ بکێشێت، بەمەرجەک کورد لەئاستی ئەو ڕووداوانەدا بێت کە بۆی دێتە پێش، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگاکە بێ تەگەرەو کۆسپە نییە، کە هەڵوەستەو ترسی تێدا نەبێت، چونکە ئەگەر کورد بەدوای چارەنووسی خۆیدا دەگەڕێت، داگیرکەرانیش لەبەرامبەردا، هەوڵی بەدیهێنانی خواستەکانی خۆیان دەدەن و دەیانەوێت بەدەسیسە لەڕێی خۆمان و ڕازیکردنی زلهێزانەوە جارێکی دیکە ئەو خەونە لەگۆڕ بنێن، کە سەدساڵە کورد خەونی پێوە دەبینێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت، ئەوەی کورد بێت، لەهەر هەنگاوێکیدا ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگریت، کە ئازادی خۆی بە برایەتی کەس نەگۆڕێتەوە، نابێت کورد بەرژەوەندی و سەربەستی خۆی لە برایەتی ئایینی ببینێتەوە یان بەبرایەتی گەلانی بگۆڕێتەوە، چونکە لەمەدا مافمان تێکەڵ بە خواستی داگیرکەران دەبێتەوە و زلهێزان لێمان سارد دەبنەوە، بۆیە دەبێت چاوەڕوانی سەد ساڵی تر بکەینەوە تا هەمان هەلو مەرج دەڕەخسێتەوە، کە لەوانەیە زۆر ئەستەم تر دەرفەتی وا دووبارە ببێتەوە.



