سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

پرسی چەکدانان، ئەرێنی و نەرێنی

عوسمان ساوجی

چەندجار لە نووسین و وتەکانمدا ئەوەم گوتووە کە بزاوتی ڕزگاریخوازیی کورد هیچ کاتێک لە یەکەم هەنگاوی دەستپێکردنیدا پەنای بۆ چەک نەبردووە، بەڵکوو سەرەتا لەڕێگەی دامەزراندنی کۆمەڵەیەک یان ڕێکخراوێک یان حیزبێکی سیاسییەوە خۆی ڕێکخستووە و پەیڕەو و ئامانج و داواکارییەکانی بۆ لایەنی سەردەست خستوەتە ڕوو. لەقۆناغی نوێ و هاوچەرخیشدا حیزبە سیاسییەکان لەو جوگرافیایەی وەک گۆڕەپانی خەباتی خۆیان دەستنیشانیان کردووە ئامرازێک بوون بۆ ڕێکخستنی ئەندام و لایەنگرانیان تاوەکوو لەو ڕێگەیەوە بتوانن گوشار دروست بکەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکان. بەڵام بەهۆی ئەوەی لەدوای شکڵگرتنی کوردستان لەچوارچێوەی چوار دەوڵەت (تورکیا، ئێران، عێراق، سوریا) و نەبوونی زەمینەی خەباتی سیاسی  لەهیچ بەشێکی کوردستان و قەدەغە کردنی دامەزراندنی حیزبی سیاسی و بەشداری کردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن و خەباتی پەرلەمانیدا، ئەوا حیزبە کوردستانییەکان بەشێوەیەکی زۆر نهێنی لەناوخۆ یان لە دەرەوەی کوردستان دامەزراون و دوای ماوەیەک بە ڕاگەیەندراوێک دامەزراندنیان ئاشکرا کراوە.  لەکاردانەوەی ئەوەشدا ڕژێمی ئەم وڵاتانە لەڕێگەی دامودەزگا سیخوڕی و سەرکوتکارەکانیانەوە کەوتونەتە گەڕان و دەستگیرکردن و شەهید کردنی ڕێکخستنەکانی ئەم حیزبانە و زۆرجار خەڵکی ئاساییش کە هیچ پەیوەندییەکیان بە کاری سیاسییەوە نەبووە بۆ ترساندنی خەڵکی تر گیراون و زیندانی کراون و لە سێدارە دراون. ئەمانە و چەند هۆکارێکی تری بابەتی و هەرێمی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستانییان ناچارکردووە پەنا بۆ چەک بەرێت، ئەوەش لەلایەک بەمەبەستی بەرگری لەخۆکردنی ڕەوا و لەلایەکیش  دەچێتە خانەی مامەڵەی هاوشێوە (التعامل بالمثل).

سەبارەت بەلایەنی ئەرێنی و نەرێنی خەباتی چەکداری ئەم بابەتەش هاوشێوەی هەربابەتێکی تر لانیکەم هاووڵاتییان و دەستەبژێری ڕووناکبیری کوردستانی دابەش کردووە بەسەر دوو لایەندا، بەرەی پشتگیری و بەرەی دژ، هەریەکەش لەو دوو بەرەیە پاساوی خۆیان بۆ ڕاکەیان هەیە و هەریەکەشیان بەشێک لە ڕاستیان لایە. لە ئێستادا کە پرسی چەکدانانی دەستەیەک لە گەریلاکانی پە(کە(کە بووەتە بابەتی گەرمی ڕۆژ، ئەوا بەرەی نیگەران  و بەگومان و ناڕازی زیاتر و فراوانترە، ئەوەش کۆمەڵێک هۆکاری خۆی هەیە کە گرنگترینیان ئەزموونی تاڵی ڕابردووە، سەرهەڵدان و ڕاپەرینە چەکداریەکانی کوردستان بە دوو ڕێگە کۆتاییان پێهێنراوە، هەندێکیان هێرشی فراوان و قورس کراوەتە سەریان و تا دوا هەناسە شەڕیان کردووە سەروەری گەورەیان تۆمارکردووە ئەگەر دەستکەوتی گەورەشیان بەدەست نەهێنابێت، بەڵام ئەوانی تر بەناوی ڕێککەوتن و دانوستاندن و گفتوگۆ و بەڵێنی درۆ لە چەک داماڵێنراون و دواتر کۆتاییان پێهێنراوە و سەرکردەکانیان لەسێدارە دراون یان دوور خراونەوە و شوێنکەوتەکانیشیان پەرتەوازە بوون و دواتر گەل تووشی نائومێدیەکی گەورە بووە، کە دەکرێت نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ نزیکترین نموونەی ئەو دۆخە بێت کە تائێستا بەشێک لەوانەی بەچاوی خۆیان ئەو کارەساتەیان بینیوە تاڵاوەکەیان لە گەروودا ماوە.

یەکێکی تر لە هۆکارەکان جیاوازی تێڕوانینی هەردوولایەنی تورکی- کوردییە لەسەر پرۆسەکە، هێشتا لایەنی تورکی  نەک هەنگاوی کرداری نەناوە بۆ ئەو پڕۆسەیە بەڵکوو لەسەر ناوی پرۆسەکەش نەرمی نەنواندووە، تورکەکان تائێستا ئەم پرۆسەیە وەک هەنگاونان بۆ کۆتایی هێنان بە تیرۆر دەبینن، سوپای تورک تا ئێستا بەردەوامە لە هێرش و گەڕان بەدوای بنکە و بارەگا و تونێلەکانی پە)کە)کە و خاپورکردنیان و ڕشتنی گازی کیمیایی لەناویاندا بۆ قڕکردنی گەریلا. هۆکارێکی تری نیگەرانییەکان پەیوەستە بە ڕەهەندی کۆمەڵایەتی و بیرکردنەوەی تاکی کوردی لەسەر ئەو بابەتە، لە کۆمەڵگەی کوردستانیی دا چەک وەک کاڵایەکی پیرۆز و بەشێک لەشکۆی کەسەکە سەیر دەکرێت. تاکی کورد بەوە ڕانەهاتووە لەژێر هیچ فشار و بارودۆخێکدا چەکەکەی ڕادەست بکات ئەوە بەشوورەییەکی گەورە دەزانێت. سەدان چیرۆک هەن دەربارەی هەڵوێستی کەسێک لە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی یان شەڕێکی سیاسی کە دەیتوانی بە ڕادەستکردنی چەکەکەی گیانی خۆی دەرباز بکات بەڵام تا دوا فیشەک شەڕی کردووە یان بەدواین فیشەک خۆی کوشتوە، کە پەکەکە لەم بارەوە چەند بەسەرهاتێکی هەیە لەوانە چیرۆکی کچە گەریلایەک بەناوی زیلان کە ئامادە نەبووە خۆی ڕادەستی هێزێکی کوردیش بکات چ جای بێگانەیەک.

لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا سەرکردایەتی پە{کە{کە سەرباری پرسی ئاسایشی ڕەنگە هەستی بەنیگەرانی خەڵک کردبێت لەبەرئەوە چەند جارێک پێداچوونەوەی بە ژمارە و شوێنی چەکدانان و ڕێوڕەسمی ئەو پڕۆسەیە کردووە. گرنگترینیان ئەوەیە کە ڕووماڵکردنی ڕاستەوخۆی کەناڵەکانی وەستاند و ناوی پڕۆسەکەشی لەچەکدانانەوە کرد بە لەناوبردنی چەکەکان.

لە کۆتاییدا دەڵێین زۆرینەی هاووڵاتیان نیگەرانی بەڕێوەچوونی شەڕن چونکە ئەو شەڕە لەسەر خاکی کوردستانە و سوتەمەنییەکەشی خوێن و گیانی لاوانی کوردە و ئەنجامەکەش وێرانبوونی خاک و ئاوی کوردستانە، لەهەمانکاتدا نیگەرانی دووبارەبوونەوەی ئەزموونە تاڵەکانی ڕابردوون.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO