هەڵۆ عەبدول
بەشی دووەم
پێش ئەوەی بچینە ناو باسکردنی فیلمی دووەم و ڕۆڵی یاسا و چۆنیەتیی جێبەجێ کردنی، پێویستە چەند
ڕوونکردنەوەیەک بدەین.
یەکەم، بوونی دیموکراسییەت و کەشێکی دیموکراتیانە، ڕێگە خۆش دەکات بۆ دەرکەوتنی ڕای جیاواز. لەم کەشەدا، ڕا جیاوازەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە ڕووبەڕووی یەکدی دەبنەوە، بێ ئەوەی هیچ لایەنێک هەوڵی تێکشکاندنی ئەوی تر بدات بە شێوازی جۆراوجۆری ڕێکخراو. هەروەها لە سیستەمێکی دیموکراتدا، یاسا و دەزگا جێبەجێکارەکان جێی متمانەن و کاری خۆیان ئەنجام دەدەن، بێ ئەوەی بتوانرێت بۆ تێکشکاندن، بێدەنگکردن، یان لێدانی هیچ لایەنێک بەکار بهێنرێن.
دووەم، فیلمی “پیاوی یاخی”، کە لە ١٩٧٦ بەرهەم هاتووە و لە ڕۆمانێکی جێفری هاوسهۆڵد (١٩٣٩) وەرگیراوە، باس لە هەڵوێستێکی شەخسی دەکات، کە پێش جەنگی دووەمی جیهانیی و تێوەگلانی بەریتانیا لەو جەنگەدا ڕوودەدات. ئەمەش دوای هێرشی ئەڵمانیا بۆ سەر پۆڵەندا لە ئەیلوولی ١٩٣٩ دەست پێ دەکات. هۆکارەکەشی کارە دڕندانەکانی ئەدۆڵف هیتلەر بوو لە ناوەوە و دەرەوەی ئەڵمانیا، لەگەڵ ئەو خەونە وێرانکاریانەی بۆ ئەڵمانیا و جیهانی ئامادە کردبوو. بە واتایەکی تر، ڕووداوەکانی ئەم فیلمە لە ماوەیەکی کورتدا، نزیکەی ساڵێک یان دووان، کۆتاییان دێت.
بەڵام لە فیلمی دووەمدا، دەکرێت بگوترێت کە ڕووداوەکان لەدوای هەڵگیرسانی “جەنگی کوێت”ـەوە لە ١٩٩١ دەست پێ دەکەن. لە ١٩٩١ تا ڕۆژی ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس، گۆڕانکاریی زۆر لە پەیوەندی و هەڵوێستی وڵاتاندا ڕوودەدات سەبارەت بە چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بارودۆخەی لە عێراق و ناوچەکەدا دروست ببوو. ئەمەش وای کرد ئەو لایەنانەی کە پێشبینی دەکرا یەک هەڵوێست بن لەسەر دۆخی عێراق، دەسەڵاتی کورد، یان مانەوەی ڕژێمی بەعس، ڕای جیاوازیان هەبێت. ئەم جیاوازییە چ لە کاتی هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس و چ لە دوای ڕووخانیشیدا، بە ڕوونی دەرکەوت. بۆ نموونە، زۆر وڵات و لایەن ڕەخنەی توندیان لە کار و هەڵوێستی ئەمریکا و هاوپەیمانە نوێکانی گرت لەسەر ڕووخاندنی ڕژێم و دەرەنجامەکانی. دواجار بارودۆخی ناوخۆی عێراق دوای جەنگی ڕزگارکردن، بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە وڵاتانی هاوپەیمان وردە وردە پاشەکشە بکەن و هەوڵ بدەن ڕۆڵی تر ببینن.
ئەوەی جێی سەرنجە، بە تەواوی نازانرێت کە ئایا ڕووداوەکانی فیلمەکە پەیوەندییان بە دوای ڕزگارکردنی “کوێت”ـەوە هەیە، یان زیاتر بەهۆی ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس و دەرەنجامە چاوەڕوانکراوەکانی دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوەیە. بەم شێوەیە دەتوانین بڵێین کە کاتی دەست پێ کردن و کۆتاییهاتنی ڕووداوەکانی فیلمی دووەم نادیارە.
لە فیلمی دووەمدا، ئەوەی دەبێت تێبینی بکرێت، ڕۆڵی یاسا و چۆنیەتیی جێبەجێکردنیەتی بە شێوازێکی نایاسایی، تەنها لە پێناو بەرهەمهێنانی کەیسێکی یاساییدا. بێگومان لە ڕووی یاسایی و سیاسییەوە، هەمیشە دەکرێت ڕووداوێک بقۆزرێتەوە تا لە پێناویدا کاری پێویست ئەنجام بدرێت. لە ڕووی حکومییەوە، دەبێت بۆ هەموو کارێک یاسا هەبێت و مۆڵەت بدات بە ئەنجامدانی کاری پێویست بەپێی بەڵگە لە چوارچێوەی یاسادا. ئەم ڕۆتینە یاساییە تەنها کاتێک ئەنجام دەدرێت کە یاسا و دەزگاکانی یاسادانان جێی متمانە بن و سەربەخۆییان هەبێت. بەڵام ئەم چەمکە لە فیلمی دووەمدا بەدی ناکرێت. هۆکاری سەرەکیی ئەمەش دوو شتە:
یەکەم، بارودۆخی سیاسیی نێودەوڵەتی و دۆخی عێراق، لەگەڵ ناجێگیریی ئاسایش، هۆکار بوون بۆ بەرهەمهێنانی یاسای نوێی بەپەلە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاسایش و دژایەتیکردنی تیرۆر. ئەم یاسا و ڕێکارانە، ئاسان بوو بۆ مەبەستی تر بەکار بهێنرێن، وەک کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی نەخوازراو بە شێوەیەکی نامرۆڤانە و نایاساییانە.
دووەم، لە وڵاتی دایکی پاڵەوانی فیلمەکەدا، ڕێکخستن و بەڕێوەبردنێکی گشتیی وا بوونی نییە کە یاساکان گشتگیر بن لە ڕێی دامەزراوە دیموکراتییەکانەوە. بەڵکوو ئەوەی هەیە، ئیدارە و ڕێکخستنی حیزبیی ناوچەییە. لێرەدا کەسایەتییە دیارەکان ڕاستەوخۆ لە پێناو قازانج و بەرژەوەندیی خۆیان و پاراستنی پەیوەندییەکانیاندا، یاسا و فەرمان جێبەجێ دەکەن، بێ ئەوەی بیر لە دەرەنجامەکانی بکەنەوە.
بەشی یەکەمی فیلمی دووەم:
ڕووداوەکانی ئەم فیلمە بەوە دەست پێدەکات کە پاڵەوانەکە وەک پەنابەرێک خۆی لە وڵاتێکی نوێدا دەبینێتەوە و تێیدا دەبێت بە هاووڵاتی. گرنگە باس لە هۆکارەکانی پەنابەرییەکەشی بکرێت، چونکە کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر ڕووداوەکان هەیە.
یەکەم هۆکار پەیوەندی بە دۆخی نالەباری وڵاتی دایکەوە هەیە لە دوای جەنگی ڕزگارکردنی کوێت. ترس لە هێرش و پلانی کوشندەی ڕژێمی بەعس دژ بە خەڵک هەبوو، بەتایبەت دوای ڕزگارکردنی بەشێکی زۆری ناوچە کوردییەکان، لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە و پشتگیریی هاووڵاتییان بۆیان. هۆکاری دووەم، ئەوە بوو کە فشارەکان وایان کردبوو تاکە دەرفەتی بژێوی و بەڕێوەبردنی وڵات، شانبەشانی گرفتە سیاسی و چەکدارییەکانی ناوخۆ، پشت بە ئاڵوگۆڕی نایاسایی سەر سنوورەکان و هاوکارییە مرۆییەکانی ڕێکخراوە حکومی و ناحکومییەکان ببەستێت. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، دەسەڵاتەکان سێ هەنگاویان گرتبووە بەر بۆ بێدەنگکردن، دوورخستنەوە، یان لێدانی ئەو کەسانەی لە پرۆسەی گەندەڵیدا بەشدار نەدەبوون: یەکەم، دروستکردنی کەیسی سێکسی و سۆزداری. دووەم، هەڕەشەکردن و سنووردارکردنی کار و تواناکانیان. سێیەم و کۆتا هەنگاو، لێدانی یەکلاکەرەوە بوو.
بۆیە پاڵەوانی فیلمی دووەم، بۆ ئەوەی چیتر بەم هەنگاوانەدا تێنەپەڕێت و لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و پێشخستنی ئاوەدانکردنەوەی وڵاتدا، بڕیاری کۆچکردن بۆ وڵاتێکی هەندەران دەدات. ئەم بڕیارە بە بێدەنگی و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دەدات، بێ ئەوەی هیچ ڕێنماییەک یان زانیارییەکی لەسەر داهاتوو هەبێت. لەلایەکی ترەوە، ڕووبەڕووبوونەوەی زۆربەی وڵاتان لەگەڵ ڕژێمی بەعس و ناساندنی کورد وەک هاوکارێکی دژ بە دیکتاتۆر، ئەو تێگەیشتنەی دروست کردبوو کە کورد، چ وەک تاک و چ وەک کۆمەڵ، ڕێزلێگیراوە و وەک گەلێکی تینووی ئازادی و ماف و دوژمنی سەرسەختی ستەمکاران دەناسرێت. ئەم بۆچوونە کاریگەریی هەبوو لەسەر هەڵبژاردنی بواری خوێندنی زانکۆی پاڵەوانی فیلمەکە لە هەندەران. لەو کاتەدا گۆڕانکارییەکی تر ڕوودەدات کە کاریگەریی لەسەر پێگەی پەنابەران و هاووڵاتییە نوێیەکان دەبێت. ئەمەش بەهۆی گۆڕان لەو هاوپەیمانێتییەوە بوو کە کوێتی ڕزگار کرد، بۆ ئەو هاوپەیمانێتییەی کە دواتر بەشداری لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەعس دا کرد. لەم نێوەندەدا، کاری جددی بۆ پاراستنی ئاسایش و دژایەتیکردنی تیرۆر خرایە گەڕ، بەتایبەت لەلایەن باڵی چەپەکان، سەوزەکان و داکۆکیکارانی مافی ژنانەوە. ئەمانە هەوڵیان دا کەشێکی سیاسیی ئارامتر بهێننە کایەوە، ئەویش لە ڕێگەی هاوکاریکردن و چالاککردنی ڕێکخراو و کەسایەتییە ئیسلامییەکانەوە. لەبەر ئەوەی لە دەستووری زۆربەی وڵاتاندا ئاماژە بەوە کراوە کە نابێت لەژێر ناوی دیندا هیچ کەسێک تووشی گرفت بکرێت، تاکە چارە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخەکە، هێنانەکایەی “سیاسەتی شەرەف” بوو. ئەم سیاسەتە لەژێر ناوی پاراستنی ژیانی ژنان و کچان بوو لە دەستی کەسوکاریان. وا لێکدرایەوە کە ئەمە سیاسەتێکی مرۆڤانەیە و ئامانجی یەکەمی پاراستنی ژنانە لە کوشتن و ئازاردان، هەروەها وریاکردنەوەی ئەو نەتەوەانەیە کە بە “ناشارستانی” دادەنران. ئامانجی دووەمیشی ئەوە بوو کە ئەم سیاسەتە ببێتە هۆی دۆستایەتیکردنی باڵە توندڕەوەکانی ناو کۆمەڵگە ئیسلامییەکان، بەو ئاواتەی لە کاری تیرۆر و تێکدان دوور بکەونەوە و پەیوەندییەکانیش لەگەڵ وڵاتە ئیسلامییەکاندا بپارێزرێن.
جێبەجێکردنی ئەم سیاسەتانە لە هەموو بوارەکانی سیاسەتکردن و بەڕێوەبردنی ژیاندا ، کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی پاڵەوانی فیلمەکە و کارە ڕۆژانەکانی هەبوو وەک هەموو هاووڵاتییەکی تر بەتایبەتی لە ساتەکانی خوێندنی زانکۆدا. سەرەتا ئەو پرسیارە دروست بوو لە سەردەمی خوێندندا کە ئایا مەبەستی پاڵەوانەکە چییە لەو خوێندنەی هەڵیبژاردووە و دەیەوێت چۆن سوودی لێ ببینێت. دواجار ئەم پرسیارانە وایان کرد کە کار و هەڵسوکەوتی بخرێتە ژێر چاودێرییەوە و لێکۆڵینەوە لە کردار و پەیوەندییەکانی بکرێت، هاوکات زانیاریی تەواو لەسەر ژیانی ڕابردووشی کۆکرایەوە. هەموو ئەم مامەڵانەش لە چوارچێوەی سیاسەتێکی نوێی داڕێژراودا بوو کە گوایە بۆ بەڕێوەبردنێکی دیموکراتیانە و پاراستنی ئاسایش و مافەکانە.
دواجار پاڵەوانی فیلمەکە بڕیاری گەڕانەوە دەدات بۆ وڵاتی دایک، تا درێژە بە ژیانێکی سادە و ئارام بدات. هۆکاری ئەم بڕیارەشی خۆپاراستن بوو لە ئێستایەک و داهاتوویەکی نەخوازراوی بەرهەمهێنراو ئەوەش دوا دڵنیابوون لە:
یەکەم، بێهیوابوون لە سوودوەرگرتن لە بەرهەمی خوێندن و دەرئەنجامەکانی، بەتایبەت دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک لە بواری یەکخستنی کۆمەڵایەتی کاری کردبوو، کە تێیدا سیاسەتی شەرەف پەیڕەو دەکرا. هەروەها تێگەیشت لە سنووردارکردنی سوودبین لە خوێندنیش لە بوارەکانی تردا.
دووەم، بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و پەیڕەوکردنی سیاسەتی نوێ، بەتایبەت سیاسەتی شەرەف و پاراستنی ئاسایش، هۆکار بوون بۆ دەرکردنی یاسای تایبەت بە چاودێریکردن. ئەمەش بووە مایەی دڵەڕاوکێ و بێزارکردنی لە ڕێگەی، دروستکردنی کەیسی کۆمەڵایەتی و سۆزداریی تایبەت، بە مەبەستی بێدەنگکردن و تێوەگلاندنی لە کەیسی نایاسایی. ناساندنی بە کەسانێک لە ناوەند و گرووپی تایبەتدا، وەک هەوڵێک بۆ چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی. دروستکردنی کەیسی یاسایی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی جۆراوجۆری پلان بۆ داڕێژراو، تا دواجار کەسایەتیی تێک بشکێنرێت و لە هەموو پەیوەندییەکی چاوەڕواننەکراو داببڕێندرێت و سڕ بکرێت.
جیاوازیی نێوان ئەم فیلمە و فیلمی “پیاوی یاخی” لەم بەشەدا ئەوەیە، کە پاڵەوانی فیلمی یەکەم کاری نایاسایی ئەنجام دەدات و دەگیرێت و ئازار دەدرێت، دواجار لە ڕێی ڕووداوێکی دروستکراوەوە هەوڵی کوشتنی دەدرێت و بە نهێنی دەگەڕێتەوە وڵاتی خۆی. بەڵام پاڵەوانی فیلمی دووەم بە ئارەزووی خۆی و بە سوودوەرگرتن لە دەرفەتە یاساییەکان، گەڕانەوە بۆ وڵاتی دایک هەڵدەبژێرێت، بە مەبەستی بەدیهێنانی ژیانێکی سادە و ئاسوودە، دوور لە کێشە چاوەڕوانکراو و نەکراوەکان.
بەشی دووەم
پاڵەوانی فیلمەکە، بێ ئاگا لە بارودۆخی وڵاتی دایک، لە کاتێکدا دەگەڕێتەوە کە هاووڵاتییان لە ململانێدان بۆ بەدەستهێنانی گۆڕانکاریی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریی بنەڕەتی، لە پێناو بنبڕکردنی گەندەڵیدا. ئامانجی ئەم گۆڕانکارییە ئەوە بوو کە دەستکەوتی خەباتی نەتەوە و داهاتی وڵات بە شێوەیەک بەڕێوە ببرێت کە هەمووان لێی سوودمەند بن. نەدەکرا ئەم دەستکەوتانە لەژێر ناوی خاوەندارێتیی ڕاپەڕیندا، ببێتە میراتی گرووپێکی تایبەت و نەوە لە دوای نەوە دەستاودەستی پێ بکرێت، لە کاتێکدا بەشەکەی تری نەتەوە بێهیوا و بێداهاتوو بمێننەوە. ئەم بارودۆخە، هەرچەندە کێشەی بۆ پاڵەوانی فیلمەکە دروست کرد، بەڵام لە ڕاستیدا زۆر جێی بایەخی ئەو نەبوو، چونکە پێشوەختە دیار بوو کە هەوڵی گۆڕانکارییەکان سەرکەوتوو نابێت. جگە لەوەش، پاڵەوانەکە کێشەی تایبەتی خۆی هەبوو و پێی وابوو ئەم کەشە سیاسییە ئەگەر بارودۆخی خراپتر نەکات، باشیشی ناکات.
وەک بیرخستنەوەیەک، لە فیلمی یەکەمدا کاتێک پاڵەوانەکە (پیتەر ئۆتول) هەستی کرد سیخوڕە ئەڵمانییەکان بەدوایەوەن، دوای ئەوەی یەکێکیشیان دەکوژێت، دەچێتە لای مامی تا ڕێنمایی وەربگرێت، چونکە مامی کەسایەتییەکی حکومی و سیاسی دەناسی. بەڵام مامی هیچی ئەوتۆی پێ ناڵێت، تەنها ئەوە نەبێت کە کارێکی خراپ و شێتانەی لە کاتێکی نەگونجاودا ئەنجام داوە و تاکە چارەسەری خۆشاردنەوەیە. بەڵام لە فیلمی دووەمدا ڕووداوەکان جیاوازن. پاڵەوانەکە بێ ئەوەی پێویستی بە خۆشاردنەوە هەبێت، دەکەوێتە ژێر فشاری جۆراوجۆر، ئەویش لە ڕێگەی هاوکاری و پێکەوەکارکردنی دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەردوو وڵاتی دایک و وڵاتی هاندەرانەوە.
خەباتی دژە گەندەڵی و دروشمی “ئەوەی کار نەکات، نان ناخوات” بوونە هۆی زیادبوونی فشار لەسەر پاڵەوانی فیلمەکە. لەبەر ئەوەی بە کەسێکی “کارنەکەر” ناسرابوو، بەتایبەت دوای ئەوەی زانرابوو کە لە وڵاتی هاندەرانیش کارەکەی خۆی بەجێ هێشتووە، بۆیە وا لێکدرایەوە کە دەبێت بەو “خەڵاتە” ڕازی بێت کە هێزی دژە گەندەڵی و لایەنەکانی تر پێی دەبەخشن. دواجار ئەوەی چاوەڕوان نەدەکرا ڕوویدا و پاڵەوانەکە کەوتە ژێر پلانی نایاساییانەی هەمەلایەنە. ئەویش لە پێناو بەدەستهێنانی هەمان ئەو دەرەنجامانەی کە لە وڵاتی هاندەران بۆی داڕێژرابوو: یەکەم، چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردن. دووەم، ناساندنی لە ناوەند و گرووپە تایبەتەکاندا بە ئاواتی بێدەنگکردنی. سێیەم، دروستکردنی کەیسی کۆمەڵایەتی و یاساییی نەخوازراو بە مەبەستی تێکشکاندنی. لە هەمووی ناخۆشتر، مێژووی ژیانی، پەیوەندییەکانی، کار و بۆچوونەکانی هەر لە منداڵییەوە جارێکی تر زیندوو کرانەوە و خرانەوە ژێر لێکۆڵینەوە، تا بە شێوازێکی نوێ بۆ جێبەجێکردنی ئەو سێ خاڵە بەکار بهێنرێن. ئەم کارانە تەنانەت ڕێگر بوون لەوەی بتوانێت وڵاتێکی سێیەم بۆ ژیان هەڵبژێرێت.
ئەو هۆکارانەی یارمەتیدەر بوون بۆ سەرکەوتنی پلانەکان دژ بە پاڵەوانی فیلمەکە لە وڵاتی دایکدا، ئەمانە بوون:
یەکەم، لە وڵاتدا وا باو بوو کە ڕا و بۆچوونی کەسانی بیانی بەرز ڕابگیرێت، بەهۆی ئەو یارمەتیانەی پێش و دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس پێشکەش کرابوون.
دووەم، بارودۆخی سیاسیی ئەو سەردەمە و ململانێی نێوان هێزی گۆڕانخواز و دژەگۆڕانخواز، وای کرد پاڵەوانی فیلمەکە بەردەوام لە بەرەی جیاوازدا ببینرێتەوە، هەرچەندە لە بنەڕەتدا هەموو بەرەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵیدا هاوڕا بوون.
سێیەم، لەژێر دروشمی “ئەوەی کار نەکات، نان ناخوات”، پاڵەوانەکە دەبوو سزای خۆی وەربگرێت، چونکە مێژووی سەلماندبووی کە یەکێکە لە “کارنەکەرەکان” و “مشەخۆرەکانی” کۆمەڵگە.
چوارەم، بەهۆی بارودۆخی پێش کۆچکردنی، وا ناسێنرابوو کە بە ماندووبوونی خۆی نەژیاوە و بەردەوام بە نان و ئاوی کەسانی تر ژیاوە.
پێنجەم، لە کاتێکدا دەرفەتی کار و ئیمتیازات لە ڕێگەی کاری حیزبی و پەیوەندییەوە دابین دەکرا، ئاسایی بوو هەموو کەسێک هەوڵی بۆ بدات، تەنانەت ئەگەر ببێتە هۆی پێشێلکردنی یاسا و مافی کەسانی تر.
بەهۆی ئەم فشارانە و دواتریش گۆڕانی بارودۆخی سیاسی و ئابووریی ناوچەکە، بەتایبەت دوای هێرشی داعش و کەمبوونەوەی دەرفەتەکانی کار، پاڵەوانی فیلمەکە بڕیار دەدات جارێکی تر بگەڕێتەوە بۆ هەمان ئەو وڵاتەی پێشتر لێی گەڕابووەو.
بەشی سێیەم
پاڵەوانی فیلمی “پیاوی یاخی”، پیتەر ئۆتول، بەوە ڕزگاری دەبێت کە بەریتانیا دواجار دەکەوێتە جەنگەوە لەگەڵ ئەڵمانیا. هەڵگیرسانی جەنگی دووەمی جیهانیی، کۆتایی بە فیلمەکە و نەهامەتییە تاکەکەسییەکانی پاڵەوانەکە دێنێت و دوا جاریش خۆی بۆ بینینی ڕۆڵێکی نیشتمانیی ئاشکرا ئامادە دەکات.
بە پێچەوانەی فیلمی یەکەمەوە، پاڵەوانی فیلمی دووەم بە ناچاری و وەک شێوازێک لە دەرکردن، وڵاتی دایک بەجێ دەهێڵێتەوە و بۆ جاری دووەم ڕێگای هەمان وڵاتی هەندەران هەڵدەبژێرێت، بێ ئەوەی گوێ بداتە ئەو گرفتانەی کە ڕەنگە لە داهاتوودا ڕووبەڕووی ببنەوە. لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵۆزیانەی کە بەشێکی پەیوەندی بە مێژووی ژیانییەوە هەیە، لەژێر ناوی چاودێریکردن، کۆنترۆڵکردن، سڕکردن و پاراستندا، پاڵەوانەکە لە هەوڵدایە بۆ بەدەستهێنانی ژیانێکی ئاسوودە و ئازادانە.
تا ساتی نووسینی ئەم بابەتە، بارودۆخی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردن، ناساندنی لە ناوەندە خوازراوەکاندا و دروستکردنی کەیسی پێویست بۆی، کەم تا زۆر و بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامیی هەیە.
لەم گێڕانەوەیەدا، شیکارییەکی ئەوتۆ بۆ ڕۆڵی یاسا و یاساشکێنەکان نەکراوە. بیرمان نەچێت کە پیتەر ئۆتول لە فیلمی یەکەمدا دوو کاری نایاسایی ئەنجام دا. بەڵام پاڵەوانی فیلمی دووەم هیچ کارێکی نایاسایی ئەنجام نەداوە، بەڵکوو بەردەوام لە هەوڵدا بووە بۆ بەسەربردنی ژیانێکی یاسایی و ئازادانە و دوورکەوتنەوە لە تێوەگلان لە ڕووداوە نایاساییەکان. ئەوەی هەیە ئەوەیە کە زۆر ڕێکار و مامەڵەی نایاسایی لەگەڵیدا ئەنجام دراوە، بە مەبەستی تێوەگلاندنی لە ڕووداوێکدا لەسەر بنەمای چیرۆکێکی دروستکراو کە ئامانج لەمەش بێدەنگکردن و سنووردارکردنی ئازادییەکانی بووە.
دواجار، مەبەست لەم هەموو مامەڵەیە، پاراستنی پیرۆزییەکانی کۆمەڵگە نییە، بەڵکوو یەکەم، کۆنترۆڵکردنی ئازادییەکانی کەسێکی ئازادە. دووەم، بەکارهێنانی کەیسە دروستکراوەکەیەتی وەک پەردەیەک، بۆ شاردنەوەی چالاکی و کاری تری جیاواز.
تێبینی
لە بەشی دووەمی “باسێک لە سەر ڕۆڵی یاسا و چۆنێتی جێبەجێ کردنی لە دوو فلیمی جیاوازدا”، هەڵبەتە ناتوانرێت ئاماژە بە ناونیشانی فلیم و ئەکتەری پاڵەوانی ناو فلیمەکە بدرێت و ئاماژەش بەو ڕۆمانەش بدرێت کە فلیمەکەی لەسەر دەرهێنراوە بە هۆکاری ئەوەی کە لە بەش دووەمدا ڕووداوەکان لە فلیمدا نین بەڵکوو لە واقیعدا ڕوویان داوە. ڕووداوەکان لە بەشی دووەمدا، کە وەک فلیمێک ئاماژەی پێدراوە، توانراوە باسی لەسەر بکرێت بە هاوکاری بەراوردکردنی لەگەڵ فلیمی پیاوی یاخی وە لەو ڕێیەشەوە هەوڵدراوە ئاماژە بەو مامەڵەکردنە بدرێت کە لەگەڵ کەیسەکەدا کراوە. هەڵبەتە ئەو شێوازی ڕێکخستنە گشتییەی کە لە کوردستان بەرهەم هاتووە لە دوا ڕاپەرینـەوە بە شێوازێکە لە خزمەتی ڕێکخستنی گشتی پرسی خەڵک و پاراستنی ئازادییەکانی خەڵکدا نییە لە ڕووی یاساییەوەە، بەڵکوو سیستەمێکە کە لەسەر فەرمانی ڕاستەوخۆی حیزب و سەرکردەی حزبیدا بەڕێوەدەچێت کە ئەوەش دواجار بە زیانی هەمووی کۆتایی دێت. ئەو پرسیارەی کە دوا جار دەکرێت بکرێت ئەوەیە کە ئایا چۆن دەتوانرێت لە بارودۆخە جیاجیاکاندا کار بکریت بۆ پاراستنی ئازادییەکان و مافەکانی هاووڵاتی بوون بێ بوونی فشاری نایاسایی جۆراوجۆر. هەڵبەتە کەیسی فلیمی پیاوی یاخی و کەیسی واقیعی بەشی دووەمی بابەتەکە و چەندەها کەیسی تر دەکرێت ببێتە وانەیەک بۆ تێگەیشتن لێی بە ئاواتی دووبارە نەبوونەوەیان لە داهاتوودا.



