لە پێناو ھەنگاونان بە ئاراستەی پراکتیزەکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و ئیمراڵی/ئۆجەلان، ئێستا باس لە ھەفتەیەکی ھەستیار دەکرێت. لەم ھەفتەیەدا ھەرچی ڕووبدات ھێشتان پڕۆسەکە یەک لایەنەیە، بۆیە بۆ قسەکرد لە پڕۆسەی ئاشتی ھەمووان لە چاوەڕوانی لایەنی دووەم دان کە دەوڵەتی تورکیاـیە.
وەک دیارە لەم ھەفتەیەدا بڕیارە گرووپێک لە گەریلاکان (30 گەریلا) دەکرێت ھەنگاوی پڕاکتیکی بۆ چەکدانان بنێن. ئەوەیش بە پێی دوایین بڕیاری کۆنگرەی 12ی پارتەکەیان، ماڵئاوایی لە چەک دەکەن. ئەمەیان بەشێکە لە نیشاندانی نیاز پاکی کە پێشتریش لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتی پە_کە+کە و دەوڵەت) 1999-2013) ھەنگاوەی لەم شێوەیە نراوە.
لە 1999 لەسەر بڕیاری پارتەکەیان گرووپێک لە گەریلا لە دەڤەری شەمدینان بە فەرماندەی یەکێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی بە ناوی “عەلی سەپان”، چەکەکانیان دانا و چوونەوە تورکیا، ھەروەھا لە 2013دا گرووپێکی دیکە لە مەخمور لە ڕێگەی دەروازەی ئیبراھیم خەلیل ھەمان کاریان ئەنجامدا. گرووپی سێیەمی گەریلا ھەر لە 2013دا لە ئەوروپا گەڕانەوە تورکیا، بەڵام چارەنووسی ھەریەک لەو گەریلایانە زیندانی دەوڵەتی تورکیا بووە.
ئەمساڵ، یەکێک لە بەرپرسی ئەو گرووپانەم بەڕێکەوت لە ئەوروپا بینی بۆی گێڕامەوە کە دوای ئەوەی چۆتەوە تورکیا دەوڵەت شەش ساڵ زیندانی بۆ بڕیوەتەوە، جا حوکمی ئەو بە بەراورد بە ھەڤاڵەکانی دیکەی کەمیش بووە، ئەوە لەبەرچاو گیراوە کە باری تەندروستی ناجێگیر بووە، ئەگەرنا حوکمی ھەڤاڵەکانی دیکەی زۆر زیاتر بووە.
تا نووسینی ئەم وتارە دیار نییە ئەو 30 گەریلایەی لە چوارچێوەی پڕۆسە تازەکەی ئاشتی دەستبەرداری چەک دەبن ئایا چۆن چەکەکانیان دادەنێن؟ وە لە کوێی دادەنێن؟ وە خۆیان دواتر بەرەو کوێ دەچن؟ ھەموو ئەوەی سەبارەت بە ئەوان دەگوترێت خوێندنەوەیە.
بگرە تا دەوڵەتی تورکیا دەست بە ھەنگاوەکانی کرداری بۆ چارەسەری سیاسیی و یاسایی لە چوارچێوەی دامەزراندنی کۆمسیۆنی چارەسەری لە لایەن پەرلەمانی تورکیا نەنێت ئایندەی ئەو گرووپە گەریلایە لە حالەتی خۆ ڕادەستکردنەوەیان وەک ئەوانی پێش خۆیان دەبێت.
شایانی باسە، تەنیا گەریلا نییە چاوەڕوانی ھەنگاوی بەرانبەر لە دەوڵەتی تورکیا دەکات، ھەر ئێستا گرووپێک لە شاندی ئاشتی نێونەتەوەیی کە ژمارەیان لە 39 کەس پێکدێت لە تورکیا چاوەڕوانن تا دەوڵەتی تورکیا ڕێگای دیداری “ئۆجەلان”یان پێبدات لە زیندانی ئیمرالی.
دیارە ئۆجەلان لە ھاتنی ئەو شاندە ئاگادارە و لە پەیامێک بۆیان دەنووسێ “بەو هیوایەی لە ڕۆژانی ئازاددا، لە کەشێکدا کە کۆمەڵگایەکی دیموکراسیی بنیات بنرێت، ڕووبەڕوو کۆببینەوە”.
شایانی باسە، دوو مانگ بەسەر بڕیارەکانی کۆنگرەی 12مینی پە{کە}کە تێدەپەڕێت ئەوسا ھەمووان پێیان وابوو قەندیل بەو دوو بڕیارەی کە دای لە دەستبەردرابوون لە خەباتی چەکداری و ھەڵوەشاندنەوەی پە[کە]کە، تۆپەکەی خستۆتە گۆڕەپانی دەوڵەتی تورکیا، بەڵام تا ئێستا ھەنگاوەکانی دەوڵەت سنووری قسە و لێدوانی تێنەپەڕاندووە.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە دیداری شاندی ئیمراڵی بەڵێنی دامەزراندنی کۆمسیۆنی چارەسەری دابوو تا ئێستا ئەو کۆمسیۆنە دانەمەزراوە، سەرۆککۆمار و بەرپرسانی دیکە باس لە نووسینەوەی دەستوور دەکەن و دەستووری ئێستای تورکیا بە دەستووری کودەتای سەربازی ناو دەبەن بەڵام لەو بەرایەشەوە ھیچ ھەنگاوێک نەنراوە.
مانگی ڕابردوو، یاسایی زیندانیانی سیاسی بە کێماسی زۆرەوە لە لایەن پەرلەمانی تورکیا ھەموارکرایەوە، کە پێشنیازی وەزارەتی دادی تورکیا بوو، بە پێی یاسا تازەکە دەبوو بۆ چەژنی قوربان ژمارەیەک لە زیندانی نەخۆش ئازاد بکرێن ئەوەشیان نەکرا.
سەبارەت بەو پێڤاژۆیە، ھەر زوو ئۆجەلان لەو نامەیەی کە بۆ کۆنگرەی پارتەکەی ناردبووی نووسی بووی “دەستمان بردووە بۆ کارێکی دژوار و مێژووی، ئەو پڕۆسەیە پەلەکردنی ناوێت”. بەڵام دیارە ئەویش سەبری ئەیوبی نییە، لە دوایین دیداریدا بە پارێزەرەکەی ڕاگەیاندووە ئەو بە بەرپرسانی دەوڵەتی ڕاگەیاندووە “سەبری ئێمەش سنووری خۆی ھەیە”.
بۆیە پێدەچێت پەیامی ئەو جارەی ئۆجەلان بۆ دەوڵەت کاریگەری ھەبوو بێت و ئیدی دەبێت دەوڵەت ھەنگاوی بەرانبەر بنێت، لە ئێستادا بۆ بەرەو پێشبردنی ئەو پرۆسەیە چاوەکان کەوتوونەتە سەر تورکیا.