هیوا ساعدی
شێخ سەعیدی پیران لە 1865 لە ناوچەی پاڵوو لەدایک بووە، یەکێکە لە شێخە بەرزەکانی نەقشەبەندی لە پاش مردنی باپیرەی، شێخ عەلی، باوکی ناوچەی پاڵووی بەجێ هێشتووە و ڕووی کردۆتە شاری خنیس. شێخ سەعید خوێندنی دینی لەو شارە تەواو کردووە، پایە و ڕیزی کۆمەڵایەتی شێخ و زیرەکی و لێهاتوویی و دەوڵەمەندی بۆتە هۆی سەرەکی بۆ ئەوەی کۆمەڵە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و پتە و بە شێخ سەعیدـەوە بکات. لە کۆتایی هاوینی 1923، یوسف زیبا، کە سەرۆکێکی بزووتنەوەی کورد و نائیبی کۆنی شاری بەتلیس بووە لە پەرلەمانی تورکیا دا، چۆتە شاری خنیس بۆ خزمەت و دیدەنی شێخ سەعید. لەپاش گۆڕینەوەی بیروڕاو ڕوونکردنەوەی دید و بۆچوونیان ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی بڕیاری هەڵگیرسانی شۆڕشێکی نوێ بدەن! لە زستانی 1923 تا 1924 سەرۆک هۆزەکان و ئەندامە چالاکەکانی کۆمەڵەی سەرخۆبوون کۆبوونەوەی فراوانیان لە ناوچەی پاڵوو بەست، کە تیایدا باس لە فراوانکردن و خۆسازدان بوو بۆ چالاکی کردن لە پێناو بزووتنەوەی نهێنی و خۆئامادەکردن بۆ ڕاپەڕینی نۆی بۆ سەربەخۆی کوردستان. ئەم کار و بڕیارەش تا ڕادەیەکی بەرفراوان بە یارمەتی شێخ مەحمودی حەفید و سمکۆی شکاک بوو. هەر ئەوکات بڕیار درا یاداشتێک دەربارەی پشتگیری نەتەوەی کورد بۆ کۆمەڵەی نەتەوەکان (عصبة الامم) بنێرن.
سەرهەنگ خالید جەبری و یوسف زیبا چالاکترین ئەندامانی کۆمەڵەی سەرخۆبوون بوون کە هەموو بڕیارە گرنگەکانی کۆمەڵەیان دەگەیاندە دوورترین ناوچەکانی کوردستان و ئامادەییەکی هەمیشەییان لە نێوان سەرۆک هۆزەکاندا پەیدا کردبوو. هەروەها پەیوەندییان لەگەڵ پارتی جەمهوری پێشکەوتووی تورکیا پەیدا کردبوو کە لە کانوونی دووەمی 1925 دامەزرابوو، بەڵام بەهۆی خیانەتکاری سەرۆکەکانی هۆزی خورمیک کە دەنگوباس و خۆئامادەکردنی گەیاندە یاساوڵانی ڕژێمی تورکیا. ئیدی بە بڕیاری مستەفا کەمال ئەتاتورک، یوسف زیبا و خالید جەبری بەگ گیران و ڕەوانەی زیندانی بەتلیس کران.
لەپاش گرتنی ئەم دوو سەرکردەیە کۆمەڵە وەک پێویستیەکی گرنگ بە پەلە بڕیاری دا کە شیخ سەعیدی پیران هەڵبژردرێت و بکرێت بە سەرۆکی کۆمەڵەی سەرخۆبوون. شێخ سەعید لە پاش هەڵبژاردنی بە سەرۆکی کۆمەڵە بڕیاری هەڵگیرسانی مەشخەڵی بزووتنەوەی چەکدارانەی دا، بەڵام زیاتر دەیویست بڕیارەکە مۆرکی کوردستانی گەورەی پێوە دیاربێت، لەبەرئەوە عەلی ڕەزای کوڕی ناردە شارەکانی دیاربەکر و حەڵەب بۆ زانینی بیروبۆچوونی سەرۆکەکانی کوردی سووریا و عێراق و ئێران بۆ زیاتر ڕێککەوتن لەسەر کاتی گشتی ڕاپەڕینەکە.
لە پاش کۆبوونەوەیەکی گەورە لە شاری حەڵەب، هەمووان گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە مافی نەتەوایەتی گەلی کورد بەبێ شۆڕشێکی چەکدارانە مەحاڵە مسۆگەر بکرێت! پاشان، ڕۆژی 21 ئازاری 1925 دانرا بە یەکەم ڕۆژی هەڵگیرسانی مەشخەڵی شۆڕش و ڕاپەڕین، لە نیوەی دووەمی کانوونی دووەمی 1925دا، شێخ سەعید گەشتێکی بەزۆربەی ناوچەکانی کوردستان دا کرد، گەرمی هەستی کوردانەی خەڵکی کورد کارێکی وای لێکەوتەوە کە شێخ سەعید شۆڕشی چەکدارانە دەست پێ بکات لە دژی داگیرکەرانی تورک. شێخ دەچووە هەر ناوچە و گوندێک و شار و شارۆچکەیەک بەکومەڵ لایەنگر و دۆست ڕوویان تێ دەکرد تا دەهات خەڵکی چەکداری ڕاپەڕینەکە ڕوو لە زیاد بوون دەچوو، بەتایبەتی لە شاری گەنچ و ناوچەی لیچە، خانی، پیران.
لە ٥ی شوباتی 1925دا، شێخ سەعید، خانیی بەجێ هێشت لەگەڵ ١٠٠ سوارەی ئازا بەرەو گوندی پیران بەڕێ کەوتن بۆ ماڵی عەبدول ڕەحیمی برای. لەهەمان شەودا مەفرەزەیەکی سوپای تورک بەسەرۆکایەتی دوو ئەفسەر، حوسنی ئەفەندی و موستەفا عالیم، کە هاتبوون بۆ گرتنی چەند کەسێک لە گوندنشینەکان، بەڵام لەبەرئەوەی شێخ سەعید ڕازی نەبوو کە کەس بگیرێ، ئەوە بووە هۆی ئەوەی کە هەردوولا سەنگەر لەیەک بگرن. لە پاش شەڕ و تەقە کردن چەندەها کەس لە مەفرەزەکەی داگیرکەران کوژران و ئەوانی تریش بە ئەسیری گیران. ئەم ڕووداوە لەپڕە بووە هۆی ڕێگرێکی سەرەکیی ناوەخت لە کاملنەبوونی خۆئامادەکردنی ڕاپەڕینەکە.
کاتێک شێخ تایەری برای شێخ سەعید ئەم هەواڵەی بیست، بێ وەستان و چاوەڕوانی لە 10ی شوبات کۆنتڕۆڵی شارۆچکەی “لیچە”ی کرد و دەستی بەسەر گشت پارە و نووسین و نامە و تەلگرافی نهێنی ڕژێمدا گرت. لە ڕۆژی 11ی شوبات دا، لەگەڵ ٢٠٠ هەزار سوارە چوونە خزمەت شێخ، ئەم ڕووداو و هۆکارانە بوونە هۆی سست بوونی هەندێ کاری شۆڕشەکە ڕێگەیان لەدواخستنی شۆڕشەکە گرت بۆیە شێخ سەعید بەناچاری پێش وەخت بڕیاری دەست پێ کردنی ڕاپەڕینەکەی دا.
بەپێی ئامارێکی ئەو کاتە، ژمارەی پێشمەرگە کوردەکان تەنیا لە چوار ولایەتدا نزیکەی ٦٠٠ هەزار کەس بوون بەرامبەر ژمارەی هێزی تورکەکان کە لە ١٠٠ کەمتر بوون جگە لەوەی لەم ناوچانەدا نەتەوەی چەرکەس و عەرەب و ئەرمەنیشی تێدا بوو. ئەم کەمینە نەتەوانەش زۆر چەوساوە و زوڵم لێ کراوی ژێر دەسەڵاتی تورک بوون بۆیە زۆربەیان لە شۆڕشەکەدا بەشدار بوون و هاوکاری و پشتیوانیان نیشاندا. شێخ سەعید سەرۆکایەتی سوارە پێشمەرگەکانی حاجی حەسەن و عەمەری خارۆ هۆزی مەستان و بۆتانی باشووری چیای کوچەرانی دەکرد هێزی ساڵح بەگی خانی هێزەکانی شێخ شەمسەدینـیش هاتنە ناوچەی مادن و شێخ ئەیوبـیش لەگەڵ هەزاران سوارەی پێشمەرگە چوونە ناو ڕیزەکانی شێخ عەبدولرەحیمی برای شێخ سەعید بەرەو ڕزگارکردنی شاری دیاربەکر ڕۆیشتن.
شیخ سەعید لەسەرەتاوە هەستی کرد کە هێزەکانی لە توانایان نییە شاری دیاربەکر ڕزگار بکەن، بۆیە بیری لە ڕێگای تر کردەوە. بۆ ئەمەش کەوتبووە گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی تورک تا بوارێکی لەبار بۆ ڕاپەڕینی کوردەکانی ناو شارەکە بڕەخسێنێ، هەر چەندە بوار و ڕێگا نەبوو بۆ گەیاندنی هیچ جۆرە چەکێک بۆ خەڵکانی ناو شارەکە، گەمارۆدانی شارەکەش زۆری کێشا، سوپای دوژمنیش لەناو شارەکەدا ڕازی نەبوون کە دەستبەرداری بەرەنگاری و خۆڕاگرتن ببن. لە سەرەتای مانگی ئازار پێشمەرگە هێرشی بە جۆرەها چەک دەست پێ کرد بەڵام خۆڕاگری سوپای تورک زۆری خایاند، لە دەرگای ماردینی شارەوە کەرتێکی پێشمەرگە و خەڵکی شار یەکتریان گرتەوەو کەوتنە پەلامار بۆ سەر سوپای دوژمن، تورکەکان سەنگەری پتەویان لێ دابوو. لە هەمان کاتدا خاوەنی سەدان چەکی نوێ بوون و توانای سەرکەوتنیان زیاتر بوو، لە پاش شەڕێکی قورس و کوژرانی ژمارەیەکی زۆر لە هەردوولا، کەرتی هێرش بەری پێشمەرگە و خەڵک ملیان دایە بەر پاشەکشەکردن و گەڕانەوە دواوە لە پاش دوو سێ هێرش پێشمەرگەکان کە تێدا سەرنەکەوتن، بە تەواوی بڕیاری وازهێنان لە گەماروی شارەکە و پاشەکشەی هێزەکانی پێشمەرگە لە لایەن شێخ سەعید درا!
ئەوە بوو، ڕیزەکانی شۆڕش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرە و شپرزەیی و پەرش و بڵاوی دەچوو، بە تایبەتی کاتێک سوپای دوژمن لە باکوور و باشوورەوە بە هێزی زۆر هێرشیان هێناو گەماروکەیان پێچەوانە کردەوە لەشکری جەندرمەش بۆ هێرشبردنە سەر دوا هێزی پێشمەرگە و سەرکوتکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەی کورد لە چەندەها لاوە هێرشی دڕندانەیان برد و کوشتار و قەتلوعامێکی بێ ڕەوایان لە خەڵکی بێگوناه و ڕەشوڕووتی کورد کرد.
لە کوتایی مانگی نیسان بە هۆی خیانەت و جاشێتی سەرۆک هۆزی جبرانان و دەرەبەگی تاوانبار قاسم بەگی جبران، شێخ سەعید، شێخ عەبدوڵڵا، عەلی غالب ڕەشید ئاغا و ٢٦ شۆڕشگێڕی تر لەسەر پردی چەمی مۆراچ لە ناوچەی گەنج بەدیل گیران!
لەدوای دادگایکردنی شێخ سەعید و هاورێکانی لە کۆتایی مانگی ئایار، کە ماوەی یەک مانگی خایاند، جگە لە شێخ سەعید، ٤٧ تێکۆشەری کورد بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرکرا و لە شاری دیاربەکر بە گیانێکی شۆڕشگێڕانە و بوێرانەوە لە سێدارەدران، گیانی پاکی خۆیان کردە قوربانی ڕێگەی خاک و نیشتمان.
شێخ سەعید بۆ دوا جار لەژێر پەتی سێدارەدا فەرمووی بە هیچ شێوەیەک پەشیمانی ئەو تێکۆشانە نیم. لە پێناوی نیشتمان و گەلەکەم گیانم بەخت دەکەم. ئەوەندەمان بەسە کە نەوەکانی دوا ڕۆژمان لە بەرانبەر دوژمنانیاندا شەرمەزار و خەجاڵەت نین، شانازی بە مێژووی خۆیانەوە دەکەن. ئاواتەخوازم لەسێدارەدانم هاندەرێک بێت بۆ بەهێزبوون و سووربوونی نەوەکانی دواڕۆژی گەلەکەم لە پێناوی سەربەخۆیی کوردستان. بێگومانم ڕۆژیک دێت لەم شوێنەدا و لە هەموو کوردستان دا ئاڵای سەربەخۆیی کوردستان هەڵدەکرێت.