هیوا عه‌ساف
هونه‌ر ئه‌فراندنی بوونێكی جوان و جیاوازی وایه، كه مرۆڤی ئاسایی ناتوانێت بیكات، سه‌رنجڕاكێش و وروژێنه‌ره، وه‌رگر به دوای خۆیدا ڕاده‌كێشێت، چێژبه‌خشه و ئامانجداریشه. به‌شێكه له كولتوور، كولتووریش ڕوخساری كۆمه‌ڵگەیه، بۆیه زۆرجار هونه‌ر ئاوێنه‌ی كۆمه‌ڵگەیه. جاری واش هه‌یه زاده‌ی خه‌یاڵه. هونه‌ر زۆر بواری وه‌ك: ئه‌ده‌ب، گرافیك، په‌یكه‌رتاشی، نواندن، میوزیك و گۆرانی، هتد، ده‌گرێته‌وه. جگه له به‌هره‌مه‌ندی، هه‌ر یه‌ك له لقه‌كانی هونه‌ریش بنه‌ما و توخم و ڕه‌گه‌زی خۆی هه‌یه.
هونه‌ر و كۆمه‌ڵگە په‌یوه‌ندییه‌كی به‌یه‌كداچوویان هه‌یه و ته‌واوكه‌ری یه‌كترن، جگه له جێژ و جوانی، زۆرجار هونه‌ر په‌یامێك ده‌گه‌یه‌نێت و تاك ئاراسته ده‌كات. ئه‌گه‌رچی ئه‌رك و په‌یامی هونه‌ر له كۆمه‌ڵگە جیاوازه‌كاندا جیاوازه، به‌ڵام به‌گشتی ناوه‌ڕۆكی هونه‌ره جیاوازه‌كان له كۆمه‌ڵگە جیاوازه‌كاندا پڕه له بابه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و وێنه‌ی هێڵه گشتییه‌كانی جیهانبینی و یاسا کۆمەڵایەتییەکانی كۆمه‌ڵگە ده‌كێشێت و به نه‌مری ده‌یانهێڵێته‌وه، بۆیه ده‌گوترێت “هونه‌ر پێناسه‌ی گه‌لانه”.
به‌گشتی “خۆشه‌ویستی” و “دڵداری” به‌شی زۆری ناوه‌ڕۆكی هونه‌ری گۆرانیی داگیر كردووه و ڕه‌نگه هونه‌ره‌كه هه‌ر له‌و پێناوه‌شدا هاتبێته ئاراوه. ئه‌و بابه‌ته‌ش له كۆمه‌ڵگەیه‌كه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگەیه‌كی تر جیاوازه. ڕێپێدراو و یاساغه‌كان جیاوازن، به‌ربه‌ست و یارمه‌تیده‌ره‌كان جیاوازن. لە دەقی شیعری گۆرانی (لیریكی)دا هه‌ست و سۆز زاڵه به‌سه‌ر ڕه‌گه‌زه‌كانی دیكه‌ی شیعردا. نووسه‌ر/گۆرانیبێژ هه‌ستی خۆی به‌رامبه‌ر به مه‌عشوقه‌كه‌ی ده‌رده‌بڕێت، پێیدا هه‌ڵده‌ڵێت، وه‌سفی جوانیی ده‌كات، خۆزگه ده‌خوازێت بۆ گه‌یشتن پێی، بۆ ژوان له‌گه‌ڵیدا، هتد. له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا باس له ڕێگری و به‌ربه‌سته‌كانی به‌ئامانجگه‌یشتن و ئه‌و كه‌س و هۆكارانه‌ی یارمه‌تیده‌رن یان ڕێگرن، ده‌كرێت.
له كۆمه‌ڵگەی كورده‌واریدا كچ به‌ڕاده‌یه‌كی كه‌م ئازادیی ئه‌وه‌ی هه‌یه، دڵداری بكات، یان هه‌ستی ئه‌وینیی خۆی ده‌ربڕێت، یان بچێته ژوانی دڵداره‌كه‌ی. بۆیه ئه‌و جۆره كارانه به‌زۆری به په‌نهانی و دوور له چاوی كه‌سوكار و خه‌ڵك ئه‌نجام دراون، ده‌درێن. ئه‌مه‌ش گرفت و له‌مپه‌ڕی به‌رده‌م دڵدارییه له‌م كۆمه‌ڵگەیه‌دا. له‌به‌رامبه‌ردا ڕه‌گه‌زی نێر به‌ڕاده‌یه‌كی زۆرتر ماف و ئازادی ئه‌و جۆره كارانه‌ی هه‌یه، یان به‌لایه‌نی كه‌م، كه‌متر بۆ كاری وا لۆمه ده‌كرێت. بۆیه شاعیری/گۆرانیبێژی نێر هه‌رده‌م یه‌كێك له بابه‌تی ده‌قه‌كانیان ئه‌و كێشانه‌یه. پڕە لە خۆزگه و گله‌یی و ڕه‌خنه و تا ده‌گات به تووك و دوعا له نه‌یارانی گه‌یشتن به یار. هه‌ر به‌هۆی به‌هێزی په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تیی نێوان ئه‌ندامانی خێزان و كه‌سوكار و ناسیار، ڕه‌قیب و ناحه‌زی كچ بۆ دڵداری و ژوان زۆرن. له ناو ئه‌و ڕه‌قیبانه‌شدا پله‌ی ناحه‌زیی به‌پێی دوور و نزیكییان له كچه‌وه ده‌گۆڕێت. باوك و برا زۆرتر قه‌ڵس ده‌بن و زۆرتر ناحه‌ز و كێشه و له‌مپه‌ری به‌رده‌م دڵداریی كچن، به‌ڵام خوشك و دایك به‌ڕاده‌یه‌كی كه‌متر. ئه‌مه‌ش نه‌گۆڕ و قه‌تعی نییه، به‌ڵكوو ڕێژه‌ییه و هه‌ندێك جار به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه. به‌تایبه‌تی به‌هۆی ئه‌وه‌ی خوشك و دایك زۆرتر له خوشكەوە/كچه‌وه نزیكن و ئاگاداری هه‌ڵسوكه‌وته‌كانین، بۆیه زۆرجار ڕێگری له دڵداریی كچ ده‌كه‌ن. ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له بابه‌ت و باسكراوه‌كانی شاعیر و هونه‌رمه‌ندانی گۆرانی. ئه‌و كه‌سانه‌ی گرفت بۆ دڵدار دروست ده‌كه‌ن، به‌خراپه وه‌سف ده‌كرێن و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ش.
حه‌سه‌ن زیره‌ك یه‌كێكه له گۆرانیبێژه هه‌ره به‌توانا‌كانی كورد. زۆربه‌ی هه‌ره زۆری گۆرانییه‌كانی دڵدارین. ده‌قی گۆرانییه‌كانی زۆرجار فۆلكلۆری كوردین، هه‌ندێك جاریش شیعری شاعیرانن. زمانی ده‌قی گۆرانییه‌كانی زیرەک ساده و بێگرێن، له هه‌مان كاتدا ناسك و جوانن. به‌پێی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و گۆرانییه‌كانی، هونەرمەند تا بڵێی عه‌شقه‌ژن بووه. تا مرد گۆرانی بۆ ژن گوت. دایكی یار یان دڵدار یه‌كێكه له كاره‌كته‌ره‌كانی فه‌زای گۆرانییه‌كانی، زۆر جار به ناحه‌ز و ناپه‌سند و سته‌مكار وه‌سفی كردووه، یان تووك و نه‌فره‌تی لێ كردووه، نزای تۆڵه‌ی دواڕۆژی لێكردووه. هه‌ندێك جاریش وه‌ك یارمه‌تیده‌ر، یان ئه‌هوه‌نتر له باوك وێناكراوه.
وێنەی نەرێنی
زیره‌ك له گۆرانیی “خه‌مخوار و خوێن شیرینم”دا ده‌ڵێت:
سه‌عات له هه‌شت و حه‌وت …
گرتم دوو ماچم لێی سه‌ند
دایكی زانی ڕێم كه‌وت
جا خودا به‌وه ڕو‌حمی كرد
سه‌رسمێكی دا و كه‌وت
گه‌ر بهاتبا و نه‌كه‌وتبا
سه‌د دارم لێ ده‌كه‌وت
لێره‌دا ئاشكرابوونی ماچه‌كه لای دایكی یار مه‌ترسی ئه‌وه‌ی لای زیره‌ك دروست كردووه، كه داركاری بكرێت، بۆیه هونه‌رمه‌ند خۆشحاڵه به‌وه‌ی خودا یارمه‌تیی داوه و دایكه‌كه كه‌وتووه. به‌مه‌ش دایكی یاره‌كه‌ی به سته‌مكار و شه‌ڕانگێز و ناحه‌زی عه‌شقه‌كه‌یان داناوه.
زیره‌ك له گۆرانیی “كۆڵوانه هه‌ولێرییه”دا جارێكی تر باسی دایكی یار ده‌كات و داوای ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌وه‌ی لێ ده‌كات، ده‌ستێك له كچه‌كه‌ی بدات و ده‌ڵێت:
چارۆكه‌ت بۆ گرێ ده‌ده‌م
كۆڵوانه‌ت بۆ گرێ ده‌ده‌م
كچێ ئه‌گه‌ر دایكت ڕازی بێ
ده‌ستێ له مه‌مكت ده‌ده‌م
لێره‌دا هونه‌رمه‌ند له‌پاڵ ڕازیبوونی دایكی‌دا “ئه‌گه‌ر”ی به‌كار هێناوه. واته له‌وه دڵنیانییه دایكی به‌وه ڕازی بێت، كاتێك چارۆكه و كۆڵوانه بۆ یاره‌كه‌ی گرێ بدات، ده‌ستێكیش بگه‌یه‌نێت به مه‌مكی.
هه‌روه‌ها له گۆرانیی “ئه‌سمه‌رێ، دولبه‌رێ”شدا هونه‌رمه‌ند دوعای خراپ له دایك و باوكی یار دەکات، له گۆرانیی “كیژێ مه‌ڕۆ جوانی”یش هەمان دۆعا له دایكی یاره‌كه‌ی ده‌كات، چونكه بوون به ڕێگر و هۆکاری به‌یه‌ك نه‌گه‌یشتنیان، بۆیە ده‌ڵێت:
بابه‌كه‌ت بمرێ، دایكت بێ ئیمان
وا بوون به باعیس دڵی هه‌ردووكمان
له گۆرانیی دووه‌مدا ده‌ڵێت:
له سوێی خاڵت مردم
دایكه‌كه‌ت بێ به پردم
تۆی خه‌ڵات نه‌كردم
له گۆرانیی “هه‌م نارنجه و هه‌م بێیە”دا گله‌یی له دایكی یار ده‌كات و به هۆكاری به‌یه‌ك نه‌گه‌شتنی له‌گه‌ڵ یاردا ده‌زانێت و ئۆباڵیی ئه‌و دووری و سوتانه‌ی خۆی ده‌خاته ئه‌ستۆی و ده‌ڵێت:
له دڵم دێ بۆنی سۆ
دایكی ئه‌و كچه‌ی نه‌دامێ
وه‌باڵی منی به ئه‌ستۆ
هه‌مان مه‌به‌ست له گۆرانیی “شه‌ده‌لار”دا هه‌یه، كاتێك ده‌ڵێت:
خودا بیستێنێ، حه‌قم له دایه‌ت
من جه‌ورم كێشا، كێ نیشته سایه‌ت
هه‌ندێك جاریش دایكی یاری به “عه‌یار”، واته زۆرزان و فێڵباز ناو بردووه، كاتێك به په‌یوه‌ندیی یان ژوانی خۆی و یاری زانیوه و لێی تێكداون. وه‌ك له گۆرانیی “وه‌ی بارانه”دا دەردەکەوێت:
چوومه ماڵیان به میوانی
په‌نجه‌م گوشی له‌گه‌ڵ ڕانی
دایكی عه‌یار بوو پێی زانی
یان دایكی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی به‌وه تاوانبار ده‌كات، كه ڕێگری له یاره‌كه‌ی ده‌كات و ئازادیی لێ سه‌ندووه‌ته‌وه، یاخود ناهێڵێت مه‌یلی بداتێ، یان له‌گه‌ڵیدا بێت، وه‌ك له گۆرانیی “شه‌ده‌لار”دا دیارە:
شه‌ده‌لار! بۆچی تۆ له من زی‌زی
دایكت زانیویه كۆت و زنجیری
هه‌ندێك جار دایكی یاره‌كه‌ی ته‌نانه‌ت لێ ناگه‌ڕێت له كۆڵان و له‌به‌رچاوی خه‌ڵكیش قسه‌ی ئاسایی بكه‌ن، وه‌ك له گۆرانیی “كۆڵوانه هه‌ولێرییه”دا ده‌ڵێت:
چارۆكه‌كه‌ی گازره، كۆڵوانه‌كه‌ی گازره
ناوێرم دوو قسه‌ی پێ بڵێم
دایكی له‌وێ حازره
تونده ده‌ڵێی ئاگره
هه‌روه‌ها له گۆرانیی “بۆم بڵێ تۆزه تۆزه”دا ده‌ڵێت:
له‌به‌ر دایكی ناوێرم
لێی بكه‌م جه‌ژنه پیرۆزه
یان ده‌ڵێت:
به‌ر ده‌ركیدا ڕابردم
دایكی به‌رۆكی گرتم
ته‌نانه‌ت له‌به‌ر دایكی ناتوانێت بۆ یاره‌كه‌ی شینیش بگێڕێت، بۆیه ده‌ڵێت:
نه‌خۆش بووی هاتمه سه‌رینت
له‌به‌ر دایكت نه‌مكرد شینت
وێنەی ئەرێنی
به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و نموونانه‌ی سه‌ره‌وه هه‌ندێك جار هونه‌رمه‌ند هه‌ستی به چاكه به‌رامبه‌ر به دایكی یاره‌كه‌ی ده‌رده‌بڕێت. ئه‌مه‌ش یان به‌هۆی ئه‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ره بۆیان، یان به‌لای كه‌مه‌وه ڕێگر نییه له عه‌شقه‌كه‌یان. یان هه‌ر له خۆشیی یاره‌كه‌ی به دایكیشیدا هه‌ڵداوه، وه‌ك له گۆرانیی “باخه‌وان خۆم غه‌ریبم”دا ده‌ڵێت:
پووزی وه‌ك كرمی سپی
پاوانه‌ی تێكراوه
له‌به‌ر ئه‌و دایكه ده‌مرم
مه‌مكی له زاری ناوه
له گۆرانی “بۆم بڵێ تۆزه تۆزه”دا و له چه‌ندین گۆرانی تریشدا دایكی یاره‌كه‌ی به دۆست و لایه‌نگری خۆی ده‌زانێت و له‌به‌رامبه‌ردا باوكی به ڕێگر ده‌زانێت، بۆیه ده‌ڵێت:
تۆ بڕۆ بابت ڕازی كه
دایكت بۆ من هیچ ناڵێ
هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دایكی كه‌متر ڕێگره و جێی ترسه، له گۆرانی “كیژان ده‌چنه مێرگۆڵان”دا ده‌ڵێت:
له‌یلا له دایكت مه‌ترسه
بۆم وه‌ره ده‌ركی حه‌وشه
هه‌روه‌ها له گۆرانی “لانك لانك لانكۆڵێ”دا ده‌ڵێت:
ئیجازه‌م له دایكی سه‌ند
ئه‌و شه‌و ده‌بمه میوانی
پێم گوت ئاوێزانت بم
به سه‌د ملوێن هه‌رزانی
یان هه‌ندێك جار هونه‌رمه‌ند له‌پاڵ دڵداره‌كه‌یدا عه‌شقی دایكیشی بووه و پێیی هه‌ڵداوه، یان جیاوازیی نه‌كردووه له نێوان كچ و دایكدا و عه‌شقی هه‌ردووكیان بووه، بۆیه ده‌ڵێت:
چاوت ڕه‌شه له‌گه‌ڵ ئه‌برۆت
به‌و خاڵانه‌ی ده‌وری لیمۆت
دایكت ماچكه‌م یانا بۆ خۆت
به گشتی، حه‌سه‌ن زیره‌ك شه‌یدای ژن بووه و عاشقانه له ژنی ڕوانیوه، لای عاشقیش ئه‌وه‌ی گرنگ بێ گه‌یشتنه به مه‌عشوق. بۆ ئه‌مه‌ش هه‌موو ڕێگایه‌ك ده‌گرێته‌به‌ر. ئه‌وه‌ی هاوكار بێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته، لای عاشق خۆشه‌ویسته و به شایه‌نی پیاهه‌ڵدانی ده‌زانێت. به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وانه‌ی كۆسپ و به‌ربه‌ستن، بێزراو و نه‌فره‌تلێكراون و شایه‌نی تووك و دوعای خراپن و هونه‌رمه‌ند ململانێ‌یان لەگەڵدا ده‌كات، ئیتر گرنگ نییه هه‌ر كێیه‌ك بن.
سه‌رچاوه
قادر نه‌سیری نیا، ناڵه شكێنه: ژیان و گۆرانییه‌كانی مامۆستا حه‌سه‌ن زیره‌ك، 1394 هه‌تاوی.