بەشی چوارەم
دەستنیشانکردنی چارەنووسی ئێمەی کورد پرسیارێکە، لەم سەد ساڵەی دواییدا بەچەندین شێوە لەلایەن خۆمان و داگیرکەران وەڵام دراوەتەوە، چونکە هەریەکەمان بەخواستی خۆمان وەڵاممان بۆ دۆزیوەتەوە، ئەمەش وایکرد داهاتووی هەردوولامان بەخوێن و ماڵوێرانی تەواو ببێت، ئەو کارەساتانەی کە ڕوویاندەدا هەردەم دووبارە ببێتەوە و هەر جارەی بەشێوەیەک دەربکەوێت، بۆیە لەئێستادا هەردوو لا پێویستمان بە وەڵامەک هەیە کە بەڕاستی باوەڕمان پێی هەبێت، تا نەهامەتییەکان نەمێنێت و کۆتایی بەم قۆناغە بهێنرێت. زیاتر هیچ لایەکمان لە لێکدانەوەی پێشهاتەکاندا بەهەڵەدا نەچێت، چیتر ئاشی زوڵم نەسووڕێت و جەرگسووتانی دایکانی لێ بەرهەم نەهێت، بەردەوام خوێنی کورد بەناهەق و ئینجا خوێنی داگیرکەرانیش نەڕژێت.
زۆربەی کورد لەسەرەتای هۆشیاربوونیەوە، کە لەخەوی بێ ئاگایی بەئاگا دەهاتەوە، هەستی بەوە دەکرد کە مافی خووراوە، بۆیە وای دەزانی بە شۆڕشی چەکداری دەتوانێ چۆک بەداگیرکەران دابنوێنێت و هەموو ئەو مافانەی کە لێیان زەوتکردوین بەدەستی خۆمان لەدەستیان دەربهێنین، بەشێکیش وایان دەزانی کە ڕۆژەک دادێت، داگیرکەران ویژدانی مرۆڤایەتیان دەجوولێت، چیتر بە ستەم و زۆرداری وەڵامیان بۆ مافەکانمان نابێت، لەهەمان کاتدا داگیرکەرانیش وایان دەزانی کە دەتوانن ناوی کورد بسڕنەوەو لەڕەگ و ڕیشەوە هەڵمان تەکێنن، وەک ئەوەی ڕۆژەک لەڕۆژان نەتەوەیەک بە ناوی کورد لەسەر گۆی ئەم زەوییە بوونی نەبووبیت،هەندێکیتریان وایان دەزانی مرۆڤی کورد ناچار دەبێت، خۆ ویستانە واز لە ناسنامەی خۆی بهێنێت، بەڵام لە دەرئەنجامدا بۆ هەردوو لا دەرکەوت، کە نە ئێمەی کورد دەتوانین داگیرکەران ببەزێنین، سنوورەکان بگۆڕین و ئازادی بەدەست بهێنین، نە داگیرکەرانیش دەتوانن کورد بتوێننەوەو نەیهێلن، تا خاکەکەی بەناوی خۆیان بکەن و خواستی خۆیان بەجێ بگەیەنن، بۆ گەیشتن بەم قەناعەتەش، بەداخەوە سەد ساڵی ویست، دەریایەک لە خوێن و مال کاولکردنی هەردوولای ویست، تا ئەو ڕاستییە بۆ کەسانی دووربین و بەویژدان ڕوونبوویەوە، کە پێویستە ڕێڕەوو بیرکردنەوەمان بگۆڕین، لەمەشدا بەشی هەرە زۆر لە ئێمەی کورد لە ئێستادا گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی، کە بەخوێن ڕێشتن ناگەینە ئەنجام، بەڵام بەداخەوە زۆربەی داگیرکەران تا ئێستاش هەر ئەو دەهۆڵە کۆنە دەکووتن، کە سەد ساڵە پێی هەڵ دەپەڕن، چونکە بەهەڵە پەروەردەکراون، بۆیە هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو بڕوایە، وا دەزانن کە دەتوانن چارەنووسی ئێمەو خواستەکانیان، بە دەستی خۆیان بگۆڕن .
بەباوەڕی ئێمە گۆڕینی ئەم واقیعەی کە ئێستاکە نەتەوەی کوردی تێدایە لەتوانای خۆیدا نییە، بەڵکوو لە توانای زلهێزەکاندایە، چونکە لەگەڵ ئەوەی خاکەکەی دابەشکراوە و لەسەرکەوتن بێئومێد کراوە، لەنێو خۆشدا دابڕدابڕ بووە و زەمینەی یەکگرتنەوەی پچڕاوە، ئەمانەش کاریگەرییەکی زۆریان لەسەری هەبووە، بۆیە ناتوانێت تەکان لەخۆی بدات و ئەو واقیعە بگۆڕێت، بەڵام ئەوەی ئومێد بەخش و جێگای دڵخۆشییە لەئێستادا ئەوەیە، کە گۆڕانەکی ڕیشەیی لە بیرکردنەوەی زلهێزان و کۆمەڵگەی کوردیدا ڕوویداوە، زلهێزەکان بەشێوازی خۆیان ئەو ڕاستییانە بەبیر داگیرکەران دەهێننەوە، کە چۆنیان دروست کردوون و چ ڕۆڵەکیان گێڕاوە! پێشیان دەڵێن کە دەتوانن پاشگەز ببنەوەو سنوورەکان هەڵ بوەشێننەوە! بچووکیان بکەنەوەو مافی کورد بگەڕێننەوە! لەهەمان کاتدا بیرکردنەوەی تاکی کوردیش گۆڕانی بەسەرداهاتووە، چونکە لە کۆتاییدا کۆمەڵگەیەکی تر و جیاوازی لێ بەرهەمهات، کە هۆشیار بۆتەوە، لە ڕاستیییەکان تێگەیشتوە. ئێستاکە ئەوەی خۆی بەکورد بزانێت، وەک نەتەوە خۆی بەمافخوراو دەزانێت، بۆیە ئەمیش هەروەکوو نەتەوە داگیرکەرەکان بەدوای بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیدا دەگەڕێت، ئەمەش پێچەوانەی بیرکردنەوەی سەد ساڵ بەر لەئێستای تاکی کوردە، چونکە ئەو کات بەرژەوەندی خۆی نەدەزانی! لەخەوەکی قووڵدا نقوومببوو! چارەنووسی خۆی و نەتەوەکەی لەبرایەتی ئایینی دەدیتەوە، بەبرایەتی ئایینی داگیرکەران هەڵخەڵەتابوو، وای دەزانی ئەوەی موسڵمان بێت، خوا بناسێت، نوێژ بکات و ڕۆژی بگرێت، نوێنەرایەتی ئیسلام دەکات و پاکی ئایینەکەی لێ دەردەکەوێت، نەی دەزانی کەسانی وا لەناو موسڵمانان هەڵ دەکەون، کە بنەماکانی ئایین بۆ چاوبەستی و بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندی نەتەوەیی بەکاردەهێنن، بۆ بەدەستهێنانی مەرامەکانیان، لەژێر پەردەی ئاییندا، ژێردەستەکانیان هەڵ دەخەڵەتێنن، لەمەشدا داگیرکەران نموونەیەکی جوانی برایەتی و هاوئایینییان پیشان نەداین، بۆیە ئێمەی کوردیش گۆڕاین و لەو ڕاستییە گەیشتین، کە ئەگەر برا بووینایە، ئەو هەموو زوڵمەیان لێ نەدەکردین. لەجیاتی برایەتی و پەیڕەوکردنی ئایینی ئیسلام بەپاکی، هەر داگیرکەرەک هەوڵی ئەوەی نەدەدا بەزەبروزەنگ لەنێو نەتەوەکانی خۆیاندا بمانتوێننەوە، هەر ئەمەش بوو کە وایکرد تاکی کورد بیربکاتەوە و بەخۆیدا بچێتەوە، ئەو ڕاستییەی بۆ ڕوون ببێتەوە، کە مەرج نییە ئەوەی موسڵمان بیت، بنەماکانی ئایینی ئیسلام وەکوو خۆی جێبەجێ بکات، ئەوەی بۆ خۆی بوێت، بۆ برای ئایینیشی بخوازێت، بەڵگەی ئەمەش لە ڕەفتاری وڵاتە موسڵمانە داگیرکەرەکانی کوردستان دەر دەکەوێت، چونکە ئەم بنەمایانە لەهیچ قۆناغەکدا، لەسەردەمی هیچ دەسەڵاتدارو داگیرکەرەکی کوردستاندا ڕەنگی نەداوەتەوە، بەڵکوو هەردەم ئەوەی بۆ نەتەوەکانی خۆیانیان ویستوە بۆ برای ئایینییان نەویستوە کە کوردی موسڵمانی ژێر دەستیان بووە، ئەوەی بەسەر کوردی موسڵمانیان هێنا لە کوشتن و دەربەدەرکردن و ئاوارەکردن و ماڵ زەوتکردن و ئەنفال و بەتاڵانبردن…. لە هیچ بنەمایەکی ئایینی ئیسلامدا بوونی نییە، کە موسڵمانەک بەرامبەر بە برای موسڵمانی خۆی بیکات، ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی هەرگیز وەک برا لەگەڵ یەکتر نەژین، چونکە داگیرکەرەکان هەردەم بەرژەوەندییە نەتەوەیییەکانیان دەخستە پێش پەیڕەوکردنی بنەما ئایینیەکانیان، ئینجا کە خواستە نەتەوەیییەکانی خۆیان جێبەجێ دەکرد، داوایان لێ دەکردین هاوڕابین و بەبرایەتیان ڕازی بین.
ماویەتی…