سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

“کوردێتیی” و “کوردبوون” و “بوونی کورد” و “نەتەوایەتیی”

ئەم بابەتە گفتوگۆیەکی کورتە بۆ تێگەیشتن لە چەمکەکانی «کوردێتیی» (نەک کوردایەتیی)، «کوردبوون»، «بوونی کورد» و «نەتەوایەتیی» لەگەڵ پەیوەندییان بە چەمکی پانتاییەوە/خاکەوە. بەگشتی و بەردەوام لێرە و لەوێ دەبیستین و دەبینین دوو چەمک بەرانبەر یەک دادەنرێن و دوو ئایدیۆلۆجیای سیاسییش نوێنەرایەتیی هەر یەکێک لەو دوو چەمکە دەکەن: «کوردایەتیی» و «کوردبوون». کوردایەتیی دەبەسترێتەوە بە “ئایدیۆلۆجیای بارزانی”یەوە و لەوێشەوە هەموو ئەو تاوان و گەندەڵییانەی پێوە هەڵدەواسرێن کە بەدرێژایی هەبوونی ئەو پارتی دیموکراتی کورد، لەسەردەمی شاخەوە بۆ سەردەمی حوکمی شار، ئەنجامی داون. لێرەوە کوردایەتیی وەک ناسیۆنالیزم بە جەوهەر و لە سروشتدا دەبێتە گەندەڵیی. لە بەرانبەردا “کوردبوون” “ئایدیۆلۆجیای پە*کە*کە” نوێنەرایەتیی دەکات و بەگشتییش وەک چەمک و دیاردەیەکی پاکتر لە کوردایەتیی دەخوێنرێتەوە، لانیکەم بەوەدا هێشتا ئەم کوردبوونە پراکتیز نەکراوە. کوردایەتیی بارزانیی دەیەوێت پەیوەندیی بە خاکەوە دروست بکات، بەڵام خاڵییە لە هەموو پەیوەندییەکی ڕۆحیی مرۆڤی کورد بە کوردبوونەوە. کوردبوونی پە*کە*کە زیاتر چەمکێکی کولتووریی و سایکۆلۆجییە و ڕەهەندە سیاسییەکانی لێ داماڵراوە. وەک چەمکێکی ئایدیۆلۆجیای پۆستمۆدێرن خزە و ناگیرێت. من لە بەرانبەر بەم دوو چەمکەدا ڕەهەندێکی جیاوازتر پێشکەش دەکەم. هەڵبەت ئەوەی لێرەدا دەیخوێننەوە هەندێک سەرەداوی خێران کە پێشتر کارم لەسەر کردوون و لە داهاتوودا زیاتر کاریان لەسەر دەکەم.

کوردێتیی، پێناسە و بەستێن

کوردێتیی (Kurdentum) دەکرێت وەک کۆیەتیی پێکهاتە و خەسڵەتە کولتووریی، زمانەوانیی و مێژووییەکان ببینرێت، کە پەیوەندیی قووڵیان بە ناسنامەی کوردەوە هەیە. ئەم چەمکە وەک فۆرم بوونی نەبووە، بەڵام وەک ناوەڕۆک لە سەردەمی ئەحمەدی خانی‌ـیەوە دروستبووە. جۆرێک وشیاریی کۆیی کوردیی دروست کردووە. ئەگەر سەیری خەسڵەتەکانی بکەین، ئەمانە دەبینین:

فەلسەفیی: کوردێتیی دەکرێت وەک «ڕۆحی نەتەوە» سەیر بکرێت، جۆرێک جەوهەری میتافیزیکیی و فیکرییە، کە زمان، کولتوور و مێژووی گەلێک یەک دەخات و پێکەوە گرێیان دەدات. لە کوردێتیی دا سنوورەکانی پانتایی بەرجەستە و فیزیکیی تەواو دیار نین، بەڵکوو زیاتر کۆمەڵەیەکی ڕۆحیی و بیرۆکەییە.

سیاسیی: لە سەدەی بیستەوە ناسیۆنالیزمی کوردیی چەمکی کوردایەتیی دادەهێنێت و بە ئامرازی دەکات، هاوکات بانگەوازی پانتاییش دەکات، بەڵام هێشتا سنوورەکانی بەتەواوی دیار نین. پانتایی (territorium) لە ناسیۆنالیزمی کوردیی دا وەک ناوچە/شوێن (space/place) سەیرکراوە نەک وەک پانتایی سیاسیی کە بڕیار لە دروستبوونی کۆیەتیی نەتەوە دەدات، کە تێیدا تەنها بەرگریی لە کولتووری کوردیی کراوە.

کولتووریی: کوردێتیی هەموو ئەم شتانە دەگرێتە خۆی: نەریتەکان، ئەدەبیات، مۆسیقا، زمان و فۆلکلۆرەکان. بە قووڵیی بەستراوەتەوە بە زمانی کوردیی‌ـەوە. ئەمەش خۆبەخۆ وەک ڕۆنەر و دروستکەری ناسنامە بینراوە، بەدەر لە ناوچە جیۆگرافییە لێکدابڕاوەکان. بۆ نموونە لەم ساڵانەی دوواییدا خوراسانییەک توانیویەتی پەیوەندیی ڕۆحیی لەگەڵ عەفرینییەک بدۆزێتەوە.

مێژوویی: مێژووی چەمکی کوردێتیی تازەیە، بەڵام ڕەهەندە ڕۆحییەکەی کۆنە، بۆ سەدەی شانزە دەگەڕێتەوە.

کوردبوون، پێناسە و بەستێن

کوردبوون (Kurdsein) بریتییە لە هەستێکی کەسیی/زەینیی یاخود درانەپاڵێکی تاکەکەسیی: «کورد» بوون. زیاتر تەرکیز دەکاتە سەر ناسنامەی کەسایەتیی تا کوردێتیی و لەم ڕووەوە کەمتر کۆیەتییە، بەڵکوو زێدەتر لیبراڵ و تاکگەرییە یاخود پۆستمۆدێرنە، خەسڵەتەکانی ئەمانە:

فەلسەفیی: کوردبوون دەکرێت پرسیارێکی بوونگەرییانە بێت: کاتێک وەک کورد هەستبکەیت چ مانایەکی هەیە؟ لە فەلسەفەی بوونگەرییدا هەردوو چەمکەکەی مارتین هایدیگەر “فڕێدان”(Geworfenheit) و “لە-جیهان-دا-بوون” (In-der-Welt-Sein)  دەتوانن لێرە کۆمەکمان بکەن بۆ تێگەیشتن لەمە. کوردبوون جۆرە فڕێدانێکە بۆ نێو جیهان یاخود لەنێو جیهاندا بوون کە پەیوەندییەکی تاکگەرییانەیە بە جیهان و بە کۆمەڵەوە. کوردبوون کەمتر لە کوردێتیی پابەندە بە شوێنەوە. کوردبوون دیاردەیەکی سەرتاپا ناسیاسییە. زۆرجار سایکۆلۆجیی یاخود کولتوورییە.

کولتووریی: کوردبوون دەکرێت لەڕێگەی کولتووری ڕۆژانەوە، زمان یاخود بەهاکانەوە خۆی دەرخات: وەک سترانی کوردیی، جلوبەرگی کوردیی، پابەندێتیی بەرانبەر بەهای کەسایەتیی ڕابەران، هتد. کوردبوون هەوڵ دەدات لەڕووی کولتوورییەوە بەها کولتوورییەکانی کوردێتیی ڕەت بکاتەوە و بەهاکانی خۆی بسەپێنێت.

مێژوویی: بەکارهێنانی ئەم چەمکە زۆر کۆن نییە، بەدیارییکراوی لەسەردەمی پە^کە^کە دا باڵادەستیی پەیدا دەکات.

پەیوەندیی کوردبوون بە خاک/پانتایی

گوتمان کوردبوون چەمکێکی ناسیاسییە، کەمترین پەیوەندیی بە سنووری پێناسەکراو (چ خودی بێت یاخود دەرەکیی)یەوە هەیە. دەکرێت کورد بیت لە ئەستەنبول بژیت، لە تاران، لە بەغدا، لە دیمەشق، لە دیاسپۆرا و هتد و درێژە بە ناسنامەی ناسیاسیی تاکەکەسیی کوردبوونی خۆت بدەیت. لەم ڕووەوە پانتایی کوردستان ڕۆڵەکەی تەنها بۆ ئەوە کورت دەبێتەوە کە ئێستا گەلێک لەسەر ئەم خاک و کۆمەڵگەیە دەژیت. هەر لەبەرئەوەیە لەبری چەمکی پانتایی، ئایدیۆلۆجیای کوردبوون زیاتر چەمکی «کۆمەڵ» یاخو «چڤاتی ئازاد» بەکاردەهێنێت.

بوونی کورد، پێناسە و بەستێن

بوونی کورد (Kurdisches Dasein) چەمکێکە بە ڕەهەندی فەلسەفیی بارکراوە، بەتایبەتیش لەڕێگەی فەلسەفەی بوونگەراییەوە، کە ئەم خەسڵەتانە لە خۆ نیشان دەدات:

فەلسەفیی: ئەوانەی لە کوردستان بە گشتیی بە فەلسەفەی بوونگەرییەوە سەرقاڵن زۆر نزیکن لە بەکارهێنانی چەمکەکانی مارتین هایدیگەر بۆ کورد. لێرەوە “کوردبوون” دەبێتە جۆرە بوونێکی کۆنکریتیی و بەرجەستەی تاکایەتییەک یاخود کۆمەڵێکی ناو جیهانی کوردیی، کە بەستراوەتەوە بە زمان، مێژوو و کولتوورەوە. ئەم چەمکەش زۆر کەمتر سیاسییە، بەڵکوو زێدەتر ڕەنگدانەوەیەکە دەربارەی «بوون» لە بەستێنی کوردیی دا. ڕەهەندە سیاسییەکانی کوردبوون نادیارن، لەبەرئەوە ناتوانین باسی بەستێنی سیاسیی چەمکەکە بکەین، بەو مانایە هێشتا دیار نییە بوونی کورد چ فۆرمێکی سیاسیی وەردەگرێت، بەڕادەیەک بۆشی گرنگ نییە.

کولتووریی: بوونی کورد دەکرێت بەجۆرێک ببینرێت وەک چۆن کوردەکان ئەزموونی جیهانی دەوروبەریان دەکەن، بۆ نموونە لەڕێگەی زمانی کوردیی‌ـەوە یاخود ڕوانینی تایبەتیان بۆ جیهانی دەوروبەر.

مێژوویی: چەمکەکە زۆر تازەیە و بەدیاریکراویی لە کۆتاییەکانی سەدەی بیست لەنێو بازنەی ڕووناکبیرییدا سەرهەڵدەدا.

پەیوەندییەکەی بە خاک/پانتایی

بوونی کورد لە بنەڕەتدا ناپانتاییە، واتا لە دەرەوەی پانتاییە، پانتایی وەک جوگرافیای سیاسیی، بەڵکوو زێدەتر بوونخوازانە و ئۆنتۆلۆجییە. هەڵوەستەکردن و پیشاندانی جۆر و چەشنێکی بوونە کە دەکرێت لە دەرەوەی هەموو پانتاییەکی جوگرافیی بەرجەستەوە خۆی ببینێتەوە، تەنانەت تەنها لەنێو ڕەهەندە سایکۆلۆجیی و هزرییەکاندا، بەڵام بەگشتیی لەنێو ناوچەی کولتووریی کوردیی دایە (زمان و مێژوو). لێرەوە بەستێنی خۆی دەدۆزێتەوە، واتا بوونی کورد ناکرێت بوونی ئینگلیز بێت. لەم ڕووەوەیە شوێن بۆ ئەم چەمکە بڕێک بەها وەردەگرێت.

نەتەوایەتیی، پێناسە و بەستێن

نەتەوایەتیی (Nationality) بریتییە لە وابەستەیی/ئینتیمایەکی یاسایی/مافناسیی و فەرمیی بەرانبەر بە دەوڵەتێک (لەم دۆخەدا کوردستان، کە هێشتا وەک دەوڵەت بوونی نییە). نەتەوایەتیی کەمتر چەمکێکی خۆکردیی و خودییە و بەشێوەیەکی فراوان کۆیەتییە، ئەم خەسڵەتانەی هەیە:

فەلسەفیی: ڕاستە فەیلەسوفان بەشدارییان لەم چەمکەدا کردووە، بەڵام نەتەوایەتیی کەمتر قووڵایی فەلسەفیی هەیە، زیاتر چوارچێوەیەکی سیاسیی/مافناسییە. بەڵام وەک بەشێک لە ناسنامە دەبینرێت، شتێک وەک پرسیاری دەوڵەت و تاکایەتیی پێکەوەن (ئەمەش لای هێگل زۆر باش پێناسەکراوە).

سیاسیی: نەتەوایەتیی دەکرێت لەڕێگەی هاووڵاتییبوونی دەوڵەتییەوە پێناسە بکرێت و مافەکان و ئەرکەکان ڕێک بخات. بنچینە/مافی خوێن (ius sanguinis) ماوەیەکی زۆر باڵادەستیی بەسەر چەمکی نەتەوایەتییدا کردبوو، بەڵام ئەمڕۆ ئەم چەمکە ڕیفۆرم کراوە و لیبرالیزەتر کراوە و بووە بە بنچینە/مافی لەدایکبوون (ius soli)، واتا لەدایکبوونت لەسەر خاکێک بەبێ ڕەچاوکردنی ڕەگ و ڕیشەی پێشووت، دەتکات بە هاووڵاتیی ئەو دەوڵەتە.

کولتووریی: نەتەوایەتیی وەک چەمکێکی سیاسیی/مافناسیی پەیوەندییەکی ناڕاستەوخۆی بە کولتوورەوە هەیە. بۆ نموونە لە ئەڵمانیا: هاووڵاتییەکی دەوڵەتی ئەڵمانیی لەژێر زەبری ئەوەدا نییە کولتوور یان زمانی ئەڵمانیی هەڵبگرێت. بەڵام هاوکات هێشتا بوون بە ئەڵمانیی سەختترە، لەگەڵ ئەوەی تۆ بۆ ئەوەی ببیت بە ئەمریکیی، تەنها پێویستە ڕێز لە بەهاکانی دەستوور بگریت، مافی خوێن باوی نامێنێت، لە ئەڵمانیا وا دەردەکەوێت لیبرالتر بێت، بەڵام مافی خوێن هەر دەمێنێتەوە.

نەتەوایەتیی و پانتایی/خاک

نەتەوایەتیی بە قووڵیی بەستراوەتەوە بە پانتایی/خاکەوە، چونکە نەتەوایەتیی وەک ئینتیما/وابەستەیی بۆ دەوڵەتێکی سەروەر پێناسە دەکرێت. بۆ نموونە، دەوڵەتی ئەڵمانیی وەک ناوچەیەکی پانتایی خاڵی جەوهەرییە. لەم ڕووەوە دەکرێت نەتەوایەتیی ئەڵمانیی لە دەرەوەش بمێنێتەوە، بەو مانایە ببیتە هەڵگری دوو ناسنامەی دەوڵەتیی.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO