هەڵۆ عەبدول
سەرەتا گرنگە ئاماژە بەوە بدەین، کە مەبەستمان لە “یاسا” ئەو یاسایەیە کە لەڕێگەی دامەزراوەیەکی هەڵبژێردراو، وەک پەرلەمان، کە نوێنەرایەتی خەڵک دەکات، دەردەچێت. ئەم جۆرە یاسایانە لەلایەن دادگا و دەزگا متمانەپێکراوەکانی حکومەتەوە جێبەجێ دەکرێن و ئامانجی سەرەکییان خزمەت کردنی بەرژەوەندی گشتییە. جێبەجێ کردنی یاسا بەم شێوازە، لە بنەڕەتدا بێ گرفتە و لە خزمەتی گشتیدایە.
بەڵام، شێوازێکی دیکەی “یاسادانان” بوونی هەیە کە لە ڕاستیدا دەرئەنجامی بڕیاری تاکلایەنەی حیزبی و کەسایەتییە سیاسییەکانە، کە ڕەفتاریان لە هی دیکتاتۆرەکان دەچێت. ئەم جۆرە “یاسایانە” بەبێ ڕەچاوکردنی ئیرادە و پێگەی خەڵک دادەنرێن، تەنها ئامانجیان پاراستنی پێگە و بەرژەوەندییە حیزبییەکان و پیرۆز کردنی بۆچوون و بڕیاری ئەو کەسایەتیانەیە. کردەوەکانی ئەم کەسایەتیانەش بوونەتە جێگرەوەی بنەما دیموکراسییەکان و حکومڕانییە دیموکراسییەکان. لەم سیستەمانەدا، هیچ بایەخێک بە دەرئەنجام و کاردانەوەکانی جێبەجێ کردنی ئەو “یاسایانە” نادرێت و خواست و پێداویستییەکانی زۆرینەی خەڵک پشتگوێ دەخرێن. ئەم بڕیار و “یاسایانە” لەلایەن دەزگای تایبەتی حیزبی و بەچاودێری ڕاستەوخۆی کەسایەتییە حیزبییەکانەوە، بە شێوەیەکی دیکتاتۆریانە، جێبەجێ دەکرێن.
هەڵبەتە بوونی ئەم جۆرە یاسایانە و جێبەجێکردنیان کە ڕاستوخۆ لەلایەن حیزب یان کەسایەتی حیزبی و سەرکردەی باڵاوە ئەنجام دەدرێت ڕاستەوخۆ و دکتاتۆریانە جێی باس نییە. مەبەست لە یاسا لەم بابەتەدا، ئەو یاسایانەیە کە دیموکراتیانە یان نیمچە-دیموکراتیانە بەرهەم دێن و لەلایەن دەزگای متمانە پێکراوەکان جێبەجێ دەکرێن، ئەوانیش لە پێناو قازانجی کۆمەڵگە و پاراستنی ئاسایش و ئاسوودەیی لەنێو کۆماڵگەدا.
گرنگی تێگەیشتنی مێژوویی و ڕۆڵی فیلمی کلاسیک
پێش ئەوەی باس لە فیلمەکان و ڕۆڵی یاسا لە ڕووداوەکانی ناو فیلمەکاندا بکەین، بەتایبەت لە سەردەمە دژوار و نالەبارەکاندا، پێویستە لەسەر گرنگی مێژوو و تێگەیشتن لە ڕووداوەکان بوەستین. بۆ تێگەیشتن لە هەر ڕووداوێکی ئەمڕۆ یان داهاتوو، هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی تێگەیشتنێکی مێژوویی سەبارەت بە هۆکار و چۆنیەتی پەرەسەندنی ڕووداوە هاوشێوەکان و شێوازی چارەسەرکردنیان زۆر گرنگە. هەروەها، پێویستە بزانین چ پەیوەندییەک لە نێوان ڕووداوەکانی ئەمڕۆ و داهاتوو لەگەڵ ڕووداوەکانی ڕابردوودا هەیە. ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ داڕشتنی سیناریۆی هاوشێوە و تێگەیشتنێکی باشتر بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕووداوەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو. لێرەدا، فیلمی کلاسیک دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت. لە ڕێگەی فیلمی کلاسیکەوە، هاوشێوەی فیلمی دۆکیومێنتاری، لێکۆڵینەوە و گێڕانەوە مێژووییە نووسراوەکان، دەتوانین تێگەیشتنێکی قووڵتر لەسەر ڕووداوە مێژووییەکان بەدەست بهێنین و لەو ڕێیەوە تێڕوانینێکی ڕوونترمان بۆ ڕووداوەکانی ئێستا و داهاتوو هەبێت.
شیکاری فیلمی ڕۆگ مەیل
یەکێک لەو فیلمانەی کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە باسەکەوە هەیە، فیلمی بەریتانیڕۆگ مەیل (Rogue Male)ـە، کە لە ١٩٧٦ لەسەر بنەمای ڕۆمانێکی جێفری هاوسهۆڵد بەرهەم هاتووە، کە لە ١٩٣٩ نووسراوە. فیلمەکە باس لە هەوڵێکی تاکەکەسیی پیاوێک دەکات بە ناوی سێر ڕۆبەرت هانتەر، بە ڕۆڵگێڕانی ئەکتەری بەناوبانگی بەریتانی پیتەر ئۆتۆڵ، بۆ تیرۆرکردنی ئەدۆلف هیتلەر بە تفەنگێکی ڕاوکردن. ڕووداوەکانی ناو ئەڵمانیا لە پێش جەنگی دووەمی جیهانی و پێشبینیکردنی کارەساتەکانی داهاتوو، پاڵنەری سەرەکیی “هانتەر”ن، بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە. لەگەڵ هۆکارێکی تایبەتیش کە بریتییە لە کوژرانی دەستگیرانەکەی لەلایەن نازییەکانەوە، کاتێک ئەندامی گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنی ئەڵمانی بووە. بۆ ڕوونکردنەوە و شیکردنەوەی باشتر، ڕووداوەکانی ناو فیلمەکە دابەش دەکەین بەسەر سێ بەشی سەرەکیدا.
هەوڵی تیرۆرکردن و هەڵاتن
لەم بەشەدا، ڕۆبەرت هانتەر ئامادەبوونی لە خوانێکی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە ئەڵمانیا دەقۆزێتەوە، بە بیانووی ڕاوکردن، هەوڵ دەدات هیتلەر بکوژێت. بەڵام بەهۆی دڵەڕاوکێ و پەلەکردنەوە، گوللـەکەی ئامانج ناپێکێت و هیتلەر ڕزگاری دەبێت. یەکێک لە پاسەوانەکانی گرووپی پاسەوانانی تایبەتی هیتلەر “ئێس ئێس” شوێنی هانتەر دەستنیشان دەکەن و دەستگیری دەکەن. هانتەر ڕووبەڕووی ئەشکەنجەیەکی زۆر دەبێتەوە و بڕیاری لەسێدارەدانی دەدرێت. بەڵام بەهۆی دیاربوونی شوێنەواری ئەشکەنجە لەسەر جەستەی و پێگەی کۆمەڵایەتیی لە بەریتانیا، نازییەکان ناتوانن بە ئاشکرا لەناوی بەرن. بۆیە، پیلان دادەڕێژن تا لە ڕێگەی ڕووداوێکی ساختەوە، وەک کەوتنەخوارەوە لە کاتی ڕاودا، بیکوژن. هانتەر لە بەرزاییەکەوە فڕێ دەدرێتە خوارەوە، بەڵام بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕزگاری دەبێت و لە ڕێگەی بەدەستهێنانی بەلەمێکی ماسیگرتنەوە، خۆی دەگەیەنێتەوە بەریتانیا.
لێرەدا، هەوڵی کوشتنی هیتلەر دەکرێت وەک کارێکی پاڵەوانانە سەیر بکرێت، چونکە سەرکەوتنی ئەم هەوڵە دەیتوانی ئەڵمانیا و جیهان لە کارەساتەکانی جەنگی دووەمی جیهانی بپارێزێت. لەگەڵ ئەوەشدا، کردەوەکەی هانتەر تاکەکەسی و نایاسایی بوو. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بە شێوەیەکی نایاسایی سزا بدرێت، ئەشکەنجە بدرێت و هەوڵی کوشتنی بدرێت. ئەگەر یاسا جێبەجێ بکرایە، دەبوو هانتەر ڕووبەڕووی دادگا بکرێتەوە و دادگا بڕیاری سزاکەی بدایە. بەڵام لەو سەردەمە پڕ لە ستەم و نایاساییەدا، ڕەنگە چاوەڕوانی جێبەجێکردنی یاسا لە مامەڵەکردن لەگەڵ کەیسێکی وەهادا واقعبینانە نەبووبێت.
گەڕانەوە بۆ بەریتانیا و ڕووبەڕووبوونەوەی نوێ
دوای گەیشتنەوەی بۆ بەریتانیا، سەرەڕای دیاربوونی شوێنەواری ئەشکەنجە، هانتەر هەست دەکات سیخوڕەکانی ئەڵمانیا بەدوایەوەن بۆ کوشتنی. بۆ ڕزگاربوون، ناچار دەبێت یەکێک لەو سیخوڕانە بکوژێت. ئێستا هانتەر خۆی لە دۆخێکی زۆر ئاڵۆزتردا دەبینێتەوە. یەکەم، هەوڵێکی “شێتانە” و تاکەکەسیی بۆ کوشتنی هیتلەر داوە، کە وای کردووە نەتوانێت هیچ پشتیوانییەکی حکومی یان ناحکومی بەدەست بهێنێت. دووەم، سیخوڕێکی ئەڵمانی کوشتووە، کە وای لێدەکات لە پۆلیسی بەریتانیاش خۆی بشارێتەوە. هانتەر پەنا بۆ مامێکی دەبات کە پەیوەندیی بەهێزی لەناو حکومەت و سیاسەتمەدارانی بەریتانیادا هەیە و چیرۆکەکەی بۆ دەگێڕێتەوە. مامەکەی پێی ڕادەگەیەنێت کە کارێکی زۆر مەترسیداری ئەنجامداوە و نابێت چاوەڕێی هیچ یارمەتییەک بێت، چونکە کردەوەکەی هانتەر دەتوانێت بەریتانیا بخاتە جەنگێکی نەخوازراوەوە لەگەڵ ئەڵمانیا. ئەمەش سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، چامبەرلین، سەرۆک وەزیران زۆر تووڕە دەکات. بۆیە لە کۆتاییدا، مامی ئامۆژگاری دەکات کە خۆی چارەسەری کێشەکانی بکات، باشترین ڕێگەش خۆشاردنەوەیە.
جا لەم بەشەدا دەردەکەوێت کە کردەوە تاکەکەسییەکەی هانتەر، هەرچەندە لەوانەیە پاڵنەری ئەخلاقی لەپشت بووبێت، هیچ دەرفەتێکی بۆ هاوکاری حکومی نەهێشتووەتەوە. حکومەتی بەریتانیا، لەبەر بەرژەوەندی گەورەتری وڵات و خۆپاراستن لە جەنگ لەگەڵ ئەڵمانیای نازی، ئامادە نییە بەهۆی کردەوەی تاکە کەسێکەوە بکەوێتە ململانێوە، بەتایبەت کە پرسگەلێکی گرنگتر هەبوون.
خۆشاردنەوە، ڕووبەڕووبوونەوەی کۆتایی و گۆڕانی بارودۆخ
لەم بەشەی کۆتاییەدا، هانتەر هەموو هەوڵێک دەدات بۆ خۆپاراستن و خۆشاردنەوە. وەسێتنامەی خۆی دەنوسێت و بە وریاییەوە دەجوڵێتەوە، چونکە دڵنیایە سیخوڕەکانی ئەڵمانیا چاودێری دەکەن. دوا پەناگەی، دروستکردنی ئەشکەوتێکی بچووکە لەناو دارستانێکی دوورەدەستدا. بەڵام دواجار شوێنەکەی ئاشکرا دەبێت و هەوڵی کوشتنی دەدرێت. دوای گەمارۆدەرانی هەوڵدەدەن ناچاری بکەن دان بەوەدا بنێت کە هەوڵی کوشتنی “هیتلەر”ی بە هاوکاری دەزگای هەواڵگری بەریتانیا ئەنجام داوە، تا ئەمە وەک بیانوویەک بۆ هێرشکردنە سەر بەریتانیا بەکاربهێنن. لەم کاتەدا، لای هانتەر ڕوون دەبێتەوە کە پاڵنەری سەرەکی بۆ هەوڵە سەرەتاییەکەی، تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی دەستگیرانەکەی بووە.
هانتەر لە هەوڵی کوشتنەکە ڕزگاری دەبێت، بەڵام ئەوەی کە بەڕاستی دەیپارێزێت، دەستپێکردنی فەرمیی جەنگی دووەمی جیهان و تێوەگلانی ڕاستەوخۆی بەریتانیایە لە جەنگەکەدا دژی ئەڵمانیا. ئەم گۆڕانکارییە لە دۆخی سیاسی و سەربازیدا، وادەکات هانتەر چیتر تاکە ئامانجێکی سەرەکی نەبێت. دواجار چاوی بە مامەکەی دەکەوێتەوە، کە ئێستا بە چاوێکی جیاوازترەوە سەیری کردەوە “شێتانە” و “سەربەخۆکەی” هانتەر دەکات، تەنانەت جۆرێک لە سەرسوڕمان و شانازیشی پێوە دیارە.
لەم بەشەدا دەردەکەوێت کە کردەوەی تاکەکەسی، هەرچەندە لە ڕوانگەیەکی مرۆییەوە ڕەوا بێت، بەتایبەت ئەگەر ئامانج لێی لەناوبردنی دیکتاتۆرێک و ڕزگارکردنی جیهان بێت لە کارەسات، لە ڕووی یاساییەوە دەکرێت نایاسایی بێت و ببێتە مایەی لێپرسینەوە. هانتەر بۆی ڕوون بووەوە کە دەبێت تەنها پشت بە خۆی ببەستێت بۆ ڕزگاربوون، چونکە یاسا و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت و بارودۆخی سیاسی ڕێگر بوون لەوەی هیچ لایەنێک یارمەتی بدات. بەڵام گۆڕانی بارودۆخی گەورەتر و دەستپێکردنی جەنگ، دەتوانێت تەواوی هاوکێشەکان بگۆڕێت.
ماویەتی