لە دەستپێکی ھەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران دۆنالد ترەمپ پەنای بۆ تاکتیکێک برد ئەوەیش غافڵگیرکردنی ئێرانییەکان بوو، بە دانیشتن و گفتۆگۆکان بۆ چارەسەری پرسی چەکە ئەتۆمییەکانی ئێران.
بە پێی خشتەی دانووستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، دەبوو ڕۆژی 12ی حوزەیران گەڕی دانیشتنی شەشەمی دانوستانەکان ئەنجام بدرێت، بەڵام دانیشتنەکە بۆ ڕۆژی یەکشەمە 14ی حوزەیران دواخرا. لە پێشھاتێکی چاوەڕوان نەکراودا، ڕۆژی ھەینی 13ی حوزەیران سوپای ئیسرائیل ھێرشی کتوپڕی کردە سەر ئێران.
ئەمەیان بە قۆناغی یەکەمی دەستپێکی شەڕی نێوان ئیسرائیل-ئێران دادەنرێت کە بنکە مووشەکییەکانی ئێران و چەندین سەرکردەی سوپای پاسداران و زانای ئەتۆمی لە شیرینەخەو بە ئامانج گیران.
دوا بەدوای ھەفتەیەک لە دەست پێ کردنی جەنگەکە، ڕۆژی ھەینی 20ی حوزەیران دوو کۆبوونەوەی گرنگ بۆ ڕێگری لە تەشەنەسەندنی شەڕەکە لە ھەریەک لە نیویۆرک و جنێف بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئێران ئەنجام دەدران، دوای ئەم دوو کۆبوونەوەیە دۆنالد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دوو ھەفتەی دیاری کرد بۆ ئەوەی ئێران بچێتە ژێرباری مەرج و داخوازیەکانی ئەمەریکا، بەڵام دەرکەوت ئەو مۆڵەتەی ترەمپ تەنیا بۆ غافڵگیرکردنی دووبارەی ئێران بووە و درەنگانی شەوی 21/22 ئەمەریکا زمانی دبلۆماسیەتی گۆڕی بۆ تاقیکردنەوەی بۆمبە قورسەکانی فڕۆکەی B2.
ترەمپ لە پەنابردنە بەر تاکتیکی غافڵگیرکردنی ئێرانیەکان لە ڕۆژی ھەینیەوە کۆشکی سپی جێھێشت بۆ گەشتکردن بەرەو ویلایەتی نیوجرسی، ئەوەشیان ھەر وا لێک دەدرێتەوە کە دیسان بۆ غافڵگیری ئێرانییەکان بوو بێت، چونکە وا مەزەندە دەکرا ئەگەر سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی نەبێت بڕیاردان لەسەر پەلاماری ئەمەریکا بۆ سەر ئێران نادرێت.
بەڵام ترەمپ لە نیوەشەوی 21ی حوزەیران گەڕایەوە بۆ کۆشکی سپی و کۆتایی بەو وادە دوو ھەفتەیە ھێنا کە بە نافەرمی لە ڕێگای میدیاوە بۆ ئێرانییەکانی دیاری کردبوو.
سەرەنجام ئەمەریکا گەفەکانی خۆی لە پەلاماری ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران لە سێ ناوەندی (فۆردۆ، نەتەنز، ئەسفەھان) کردە کردار، بە قسەی ئەمەریکا بێت ئەو سێ ناوەندە بە بۆمبەکانی فڕۆکەی B2 وێران کراون، ئەمەریکاـش بە فەرمی بووە لایەنێکی شەڕەکە. ماوە ببینرێت ئایا ئێران کاردانەوەی بەرامبەر ئەمەریکا دەبێت یان دەچیتە ژێر باری ئەو داوایەی کە لێی دەکرێت بۆ گەڕانەوە بۆ دانووستان.
ئاشکرایە کە ئێرانێک کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی بە ئامانج گیرا بن دەبێت بۆ لەمەودوا زمانی گفتوگۆشی بگۆڕدرێت، لە ئەگەری ڕەتکردنەوەی دانیشتنیشدا دەبێت ئێران چاوەڕوانی پێشھاتی مەترسیدارتر بکات، بەڵام ئەمجارەیان دوور لە غافڵگیری، بگرە لە جەنگی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەمەریکا و ئیسرائیل.