بەشی سێیەم
ڕاستییەکەی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە، چوارچێوەو دیزاین و دەستنیشانکردنی ڕووبەرەکانیان بەویستی زلهێزەکان داندراوە، چونکە لەبنەڕەتدا ئەوان قەوارەکانیان دیارکردوە و سنوورەکانیان کێشاوە، بەلام لەئێستادا ئەم وڵاتانە ئەو ڕاستییە لەبیر خۆیان دەبەنەوە، هێشتنەوەی ئەم قەوارە و سنوورانە بەپیرۆز دەزانن و پاراستنیان بەئەرکەێکی نەتەوەیی دەبینن، چونکە مانەوەی بەقازانجی خۆیان لێک دەدەنەوە، لەمەشدا هەموویان پابەندو هاو هەڵوێستن و پاڵپشتی یەکتر دەکەن، تەنانەت ئەگەر کێشەو گرفتیشیان لەنێواندا هەبێت، چونکە بەرژەوەندی نەتەوەیییان لەمەدا یەک دەگرێتەوە.
لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانی، لەپەنا سێبەرو بەیاریدەی وڵاتە زلهێزەکان، نەتەوەکانی تورک و فارس و پاشان عارەبەکانی عێراق و سوریا بناغەی دەوڵەتیان بۆ دامەزرێنرا، لەوکاتەوەشەوە داهاتوو و چارەنووسی کورد بە ویژدانی داگیرکەران سپێردرا، چونکە هەر پارچەیەک لە کوردستان کەوتە ژینگەو چوارچێوەیەکی تایبەتەوە، بەمەش لەیەکتر دابڕێنراین و کەوتینە سووڕی متبوونی نەتەوەیی و بێ ئاگایی لە دواڕۆژی خۆمان. چونکە هەموو جوولانەوەو بزاڤێکمان بۆ خۆ ڕزگارکردن، بەپێی سنوورە دەستکردەکان وەک کێشەیەکی ناوخۆیی لە وڵاتە دروستکراوەکان دەبینرا، ئەمەش زەمینەیەکی لەباری بۆ وڵاتە داگیرکەرەکان ڕەخساند، تا بۆ سەرکوتکردن و هێشتنەوەی کورد لەژێردەستی خۆیان، ئەوەی لەدەستیان بێت بیکەن و درێغی لێ نەکەن و بەپلانی درێژ خایەن، وەک پڕۆژەیەکی سڕینەوەو تواندنەوەو لەناوبردن مامەلە لەگەل دۆزی کورددا بکەن، ئەگەر هەر جووڵەیەک لەهەر پارچەیەکیدا دروست ببێت، لەنێوان خۆیاندا بە گەلەکۆمەکێ لەناوی ببەن، بەبەڵگەی ئەوەی کپکردنەوەی هەموو شۆڕش و جوولانەوەیەکی کورد لەم سەد ساڵەی دواییدا، ئەگەر لەهەرپارچەو کاتەکدا سەری هەڵدابێت، داگیرکەران بەشێوەیەک لەشێوەکان، بۆ لاوازکردن و هەرەس پێهێنانی یارمەتی یەکتریان داوە.
بەتێپەڕینی کات و سەردەمەکان، وڵاتە داگیرکەرەکان دەسەڵاتی تاکڕەویان بنیات دەنا، دامەزراوەو کۆڵەگەکانی بەدەوڵەتبوونی خۆیان بەهێزدەکردو دادەمەزراند، بۆ ڕەواییدانیش بە ڕەفتارە نامرۆڤایەتییەکانیان بەرامبەر بەکورد، دەسەلاتدارە شۆڤینێەکانیان، ڕووداوو مێژووە ڕاستەقینەکانیان دەشاردەوەو ڕاستییەکانیان لەبیر خەلک و خۆیان دەبردەوە، کە چۆن وڵاتەکانیان دروستکران؟ بۆ ئەم مەبەستەش بەمێژووی شێواو، کۆمەڵگەکانیان پەروەردە دەکردوو بەخواستی خۆیان مێژووی ناوچەکەیان دەنووسیەوە. تا وای لێهات هەر وڵاتەک ئەو ڕووبەرە بەبچووک بزانێت، کە حوکمی تێدا دەگێڕا، هەوڵی دەدا، بەپێی مەبەست و بەرژەوەندی خۆی پەل بهاوێت، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی سەرنج و بیرکردنەوەیان بۆ هەبوونی کورد لەوڵاتەکانیان بگۆڕێت، کۆمەڵگەنیان ئامادەی ئەو هەموو زولم و نادادیە بکەن، کە بەرامبەر بە نەتەوەی کورد دەیانکرد و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە .
وڵاتە داگیرکەرەکان لەئێستادا، لەدروستکردنی وڵاتدا، کاریان بەزلهێزەکان نەماوە، چونکە ئەو سنوورو چوارچێوانەی کە بۆ وڵاتەکانیان دانراوە بە نەگۆڕی دەزانن، ئەمەش وایکردووە لەزۆر بۆنەدا وا دەربکەون، کە دژە زلهێزەکانن و بەبڕیارەکانیان ناڕازین، بۆ نموونە عیراق و سوریای بەعس خۆیان وا دەردەخست، ئێرانی فارس و هەموو ئەو وڵاتانە بەپاوان و بەباخچەی پشت ماڵی خۆی دەزانێت کە شیعەی تێدابێت تا لەدژیان بەکاریان بهێنێت، تورکیاش خۆی زۆر لەوە بەشایستەتر دەزانێ کە بۆی دیاریکراوە، بۆیە چەندی پێ بکرێت خۆی زاڵ دەکات، بەرژەوەندی خۆی بەدەست دەهێنێت، بە خواستەکانی خۆی لە مێژووی ناوچەکە دەڕوانێت، ئەمەش وایکرد هەموو خاکەکە بە مولکی خۆیان بزانن و بەمێوانێکی نەخوازراو لەکورد بڕوانن، لەئەنجامی ئەم جۆرە بیرکردنەوە و لەباریی ئەو هەلومەرجانەشدا، کۆمەڵگەکانی خۆیان ئامادەکرد، تا بتوانن لەدژی کورد بەکاریان بهێنن، چونکە داگیرکەران کوردیان لەنێو وڵاتەکانی خۆیان بە هاوبەش و پشکدار نەزانی، بەڵکوو بوونی کوردیان لە وڵاتە دروستکراوەکانیان بە کێشەیەکی دروستکراو دەزانی، تا گەیشتنە ئەو قۆناغەی، کە نەتەوەی کورد بە کۆمەڵە و پێکهاتە، یان گروپێکی بێ ماف پەراوێزخراو بزانن ،کە تەنیا مەگەر لە ڕاهی خودادا لەنێو وڵاتەکانیاندا، مافی ژیانیان پێ بدەن، نەک وەک نەتەوەیەک کە خاکیان زەفتکردبێت و ئەو مافەی هەبێت کە بەئازادی بژیێت، وایان پیشان دەدا، کە کورد لەهەسارەیەکی تر هاتبێت و لەوڵاتەکەیاندا نیشتەجێ بووبێت، ئینجا بەناهەق بیەوێت خاکیان داگیر بکات و وڵاتەکانیان لێ تێک بدات، نەک وەک ئەوەی کوردیش میللەتەکی ڕەسەنی ئەم ناوچەو سەر ئەو خاکە بێت، کە ئەوان داگیریان کردبێت. ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەش لەهەموو قۆناغەکاندا، ڕەنگدانەوەی لەسەر هەڵسوکەوتی داگیرکەران بەرامبەر بە داواکارییەکانی کورد هەبوو، بۆیە کە کورد بەئاشتی داوای مافی خۆی دەکرد گوێی لێ نە دەگیرا، کە بەناچاری چەکی هەڵدەگرت و شەڕی دەکرد، شکستی پێ دەهێنرا، چونکە هەردەم شەڕ لەنێوان دوو هێزی نا بەرامبەر دەکرا یان بە گەلەکۆمەکێ ڕێگا لەسەرکەوتنی دەگیرا. لەهەمان کاتدا ئەوان خاوەن پەیوەندی و بەرژەوەندی هاوبەش بوون، چونکە یاساو ڕێسا نێو دەوڵەتییەکان لەبەرژەوەندی ئەوان کاری پێ دەکرا، ئەمەش وای دەکرد هەردەم تەرازووی شەڕو ئاشتی بەقازانجی داگیرکەران بێت و دەرئەنجامی هەموو هەوڵ و تەقەللایەکی کورد بە نائومێدی کۆتایی پێ بهێنرێت .