سەباح موفیدی
پوختە
لە ساڵانی سەرەتایی پاش شۆڕشی ١٩٧٩ (١٩٧٩-١٩٨٢)، بە هۆی زۆرتر نەریتیی بوونی کۆمەڵگا، کردەی سیاسیی ئایین زیاتر بوو. وێژمانی ئایینیی زاڵ بوو و زۆربەی گرووپەکان، بریتی لە سێکیولاریستەکان، بە ناچاری لە وەها وێژمانێک بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتی خۆیان کەڵکیان وەردەگرت. ڕامیارانی فارس ئیسلامیان بەکارهێنا بۆ زاڵکردنی ناسیۆنالیزمی فارسی-ئێرانی بە سەر ئەوانی تردا، لەکاتێکدا کە ڕامیارانی نافارسیش دەست بە داوێنی بوون بۆ بەدەستهێنانی مافە ئێتنۆ-نەتەوەییەکانیان. بە کەڵکوەرگرتن لە شیکاری ناوەڕۆک بە شێوازی چۆنایەتیی(٢) بۆ شیکردنەوەی دەقە جۆراوجۆرەکانی وتار، دیمانە و پەیامەکانی سەرکردە فارس و کوردەکان بڵاوەبوو لە بڵاوکراوە جیاوازەکان لەو کاتەدا (کە لە هەندێ ئارشیڤ و بنکەی زانیاریدا لەبەردەستن)، ئەم وتارە ڕوونی دەکاتەوە کە چۆن لە ئایین لە ڕووبەڕووبوونەوەکانیاندا کەڵکیان وەردەگرت. دەسکەوتەکان هەم پەڕاوێزخستن و هەمیش خۆڕاگریی لە دژی ئەوە، هەردوو بە یارمەتی وێژمانی ئیسلامی، پیشان دەدەن. ناسیۆنالیستە فارسەکان بە پشتگوێ خستنی ئەو بەشانەی ئیسلام کە لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە، لە برایەتی و یەکگرتوویی ئیسلامی بۆ بەهێزترکردنی ناسێنەی ئیسلامی لە بەرانبەر ناسێنەی کوردیدا بۆ پەڕاوێزخستنی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستیی کورد، هەروەها بۆ وەجووڵەخستنی خەڵکی ئاسایی لە دژی هێزە کوردەکان، کەڵکیان وەرگرت. لە بەرانبەردا، ناسیۆنالیستە کوردەکان خۆڕاگرییان کرد، وەک برایانی مسوڵمان داوای بەرابەرییان کرد. لەم پێوەندییەدا، لەکاتێکدا کە ئایین کردەی یەکخستن، وەجووڵەخستن و ڕەواییپێدانی بۆ حکوومەتی فارس هەبوو و ئەو تواناییەی پێ بەخشی کە بەدواداچوونی ئامانجە نەتەوەییخوازانەکانیان بکەن و کردەوە پێوەندیدارەکان پاساو بکەن، تاڕادەیەکیش کردەی ڕەواییپێدانی بۆ دژبەرە کوردەکان هەبوو.
پێشەکی
ئایین، چ لە ڕووی پێکهاتەییەوە چ لە ڕووی چاندییەوە، فاکتەرێکی کۆمەڵایەتی گرنگە. لێک ئاڵانی ئایین و سیاسەت هەمیشە مژارێکی گرنگ و یەکێک لە پرسە کۆمەڵایەتییە مشتومڕاوییەکان بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ بووە. وێڕای گەشەسەندنی سێکیولاریزم و هەبوونی دامەزراوە دەوڵەتیی و ئایینییەکانی خۆسەر لە زۆر وڵاتدا، جیاکردنەوەی ئایین و سیاسەت لەڕاستیدا بۆی نەبووە. هەردووکیان لە هەموو شوێنێکدا هەن. فریدلەند دەڵێت، “کۆمەڵگا مۆدێڕنەکان لە دامەزراوەگەلێکی جیاواز، بەڵام هێشتا پێبەستەی یەکتر، پێکهاتوون” (Friedland 2012). لەڕاستیدا، سیاسەت پانتاییەکی گشتیی و بەربڵاوە کە دامەزراوە دەوڵەتیی و نادەوڵەتییەکان لەبەر دەگرێت. تەنانەت دامەزراوەی دەوڵەتێکی دێمۆکراتیکی سێکیولار جیا، سەربەخۆ و بێ لایەنە بۆ ئەوەی کە بەرگری بکات لە هەموو مافە تاکەکەسیی و بەکۆمەڵەکان. بەم شێوەیە، لە وەها کۆمەڵگایەکدا ئایین ناتوانێت هەمیشە لە دەرەتانی تایبەتیی و تاکەکەسیدا بێت، بەڵکوو هەندێ جار پێویستە بەشداری سیاسەت بێت لەکاتێکدا دەوڵەتەکە هەر سێکیولارە. سیاسەت پێوەندیی بە دەرەتانی گشتییەوە هەیە کە هەموو تاکەکان و گرووپە بەکۆمەڵەکان، بریتی لە کەسانی ئایینیی، دەتوانن بەشداری بن بۆ ئەوەی کە پارێزگاریی لە مافەکانیان بکەن. ئەگەر دێمۆکراسی هەبێت، هیچ کەس قەدەغە ناکرێت لە بەشداریکردن بە مەرجێ کە ڕێسا دێمۆکراتیکەکان قبووڵ بکرێت. بەمجۆرە، ئایین لە سیاسەتی هەردووکی کۆمەڵگا ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵاتییەکاندا کردەی هەیە، تەنانەت لە لیبڕاڵ دێمۆکراسییە سێکیولارەکانیشدا. لەم پێوەندییەدا، کردەی سیاسیی ئایین لە ڕووبەڕووبوونەوە نەتەوەییخوازانەکاندا، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گرنگە.
بەپێی سێ مۆدێلی کۆمەڵگا کە ناتینگهام باسیان دەکات، بریتی لە کۆمەڵگایەک کە بەها ئایینییەکان تێیدا زاڵن، کۆمەڵگایەک کە تێکەڵێک لە بەها ئایینیی و سێکیولارەکان تێیدا هەن، و کۆمەڵگایەک کە بەها سێکیولارەکان تێیدا زاڵن (Nottingham 1971, 32–34)، کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بریتی لە ئێران و کوردستان دەکەونە چوارچێوەی مۆدێلی دووەمەوە. بە هۆی تەشەنەی ئایین لە نێو جەماوەردا، هەردووکی سیاسەتوانە سێکیولار و ئایینییەکان، بەتایبەت ناسیۆنالیستەکان، لە پێناو ئامانجەکانیان سەرنجی کردەکانی دەدەن. پرسی ئاڵۆز لێرەدا ئەوەیە کە چۆن و بۆچی سیاسەتوانان، بریتی لە سێکیولارەکان، ئایین بەکار دەهێنن لەکاتێکدا کە پرسە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکانی پێوەندیدار لە بنەڕەتدا ئایینیی نین. بۆ وێنە، ڕووبەڕووبوونەوە ئێتنیکی و نەتەوەییخوازانەکان کە پێوەندییان بە مافە کۆمەڵایەتی-سیاسییەکانەوە هەیە. لەم پێوەندییەدا، تاوتوێکردنی پێوەندیی نێوان ئایین و سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ڕۆژهەڵات) دەتوانێت یارمەتی ڕوونکردنەوەی پرسەکە بدات.
دەوڵەتی نیمچە-مۆدێڕنی(٣) ئێران لە سەردەمی ڕژێمی پەهلەوەدا لە کاتی سەرهەڵدانییەوە لە دەیەی ١٩٢٠ دا لە باری سیاسییەوە سێکیولار بوو؛ گەرچی بەپێی یاسای بنەڕەتی مەشرووتەی ١٩٠٦ دەوڵەتێکی شیعە بوو. بێجگە سیاسەتە ئایینییە گشتییەکان، بەکارهێنانی ئایین لە دژی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەت ئێتنۆ-نەتەوە نافارسەکان، چەندان گرنگ نەبوو. سیاسەتی لە نیشتیمانی ئێتنۆ-نەتەوەکاندا زیاتر لەسەر بنەمای زۆر و هێزی چەکداریی بوو. دیکتاتۆریەتی شاکانی پەهلەوە و سیاسەتی لیبڕالیستییان ڕێگای خۆش کرد بۆ مەلاکان، وەک توێژی خاوەن تەشەنەی زۆر لە کۆمەڵگا، بۆ بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکان لە دژی ڕژێمەکە. لە کۆتاییدا، ناڕەزایەتییەکان شۆڕشی ١٩٧٩ی لێکەوتەوە. بەپێچەوانەی ڕژێمی پەهلەوە، ڕژێمی نوێ سیاسەتە نەتەوەییخوازانە فارسییەکەی لە ژێر ناوی ئایدۆلۆجیای ئیسلامیدا جێبەجێ دەکرد.
لە ماوەی شۆڕشی ١٩٧٩ دا، شۆڕشگێڕە جیاوازەکان بریتی بوون لە هێزە ئایینیی، سێکیولار، چەپ، ئایینیی-نەتەوەیی و ئێتنۆ-نەتەوەییەکان. وێڕای گرنگایەتی هێزە سێکیولار و نائایینییەکان، بوونی سەرکردە ئاینییەکان و کۆمەڵگایەکی نەریتی بواری خۆش کرد بۆ هێزە ئایینییەکان کە خێرا سوار شەپۆلی شۆڕشەکە ببن. وێژمانێکی ئایینیی زاڵ بوو بە سەر کەشی سیاسیدا بەجۆرێ کە زۆربەی هێزە سێکیولارەکان، و تەنانەت حیزبە دژەئایینەکان لەوانە حیزبی کۆمۆنیستی توودە، کەوتنە شوێن حیزب و سەرکردە ئایینییەکان و لەگەڵ ئەوان خۆیان لە یەک بەرەی بە ناو دژە ئیمپریالیستیدا دیتەوە. لەوەها کەشێکدا هێزە نافارسەکانیش ناچار بوون داواکارییەکانیان بەپێی وێژمانی ئایینیی زاڵ پاساو بکەن.
وەک وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، ئێران دەکرێ وەک دەوڵەتێکی فرەنەتەوە یان نا-نەتەوە ڕەچاو بکرێت.(٤) گەرچی هەوڵی زۆر دراوە بۆ بە زۆر پێکهێنانی دەوڵەت-نەتەوەیەکی فارس، هێشتا ئێتنۆ-نەتەوە بێ دەوڵەتەکانی جیاواز لەوێدا بوونیان هەیە کە بە دوای مافە سیاسییەکانی خۆیانەوەن. لە ماوەی شۆڕشی ١٩٧٩ دا، تورک، تورکمەن، کورد، بەلووچ و عەرەب وەک پێنج ئێتنۆ-نەتەوەی نافارسی گەورە هەوڵیاندا کە مافەکانیان بەدەست بهێنن. لە بەرانبەردا، حکوومەت هەموو ڕێگایەکی بەکارهێنا بۆ سەرکوتی داواکارییە ئێتنۆ-نەتەوەییەکانیان. دژایەتییەکی توند لە نێوان نەتەوەی باندەست و نەتەوە بندەستەکاندا هەبوو. هێزە سێکیولار و ئایینییەکانی هەردوولا پەنایان بردە بەر ئایین و وێژمانی ئایینیی بۆ چارەسەریی پرسە ئێتنۆ-نەتەوەییەکان. ئەم وتارە تیشکی خستووەتە سەر ناسیۆنالیستە کورد و فارسەکان بۆ ئەوەی پیشان بدرێت کە چۆن لە ڕووبەڕووبوونەوەکانیاندا هەردووکیان ئایینیان بەکارهێنا. لەو پێوەندییەدا، هەوڵ دەدات وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە: کردەی ئایین لە ڕووبەڕووبوونەوە ناسیۆنالیستییەکانی کورد و فارس لە ساڵانی سەرەتایی پاش شۆڕشی ١٩٧٩ واتە ساڵەکانی ١٩٧٩ بۆ ١٩٨٢، کاتێ کە بەشگەلێک لە ڕۆژهەڵات لە ژێر کۆنتڕۆلی هێزە کوردەکاندا بوو، چۆن بوو؟ لەو کاتەدا ڕووبەڕووبوونەوە و پێکدادان لە نێوان حکوومەتی ئێران و هێزە کوردەکان بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان (حدکا) و کۆمەڵە(٥) هەبوو.
لە درێژەدا، ئەم بابەتە سەرەتا کورتە تێڕوانینێکی گشتیی بیردۆزانە و پێوەندیدار بە چەمک لەسەر کردەی سیاسی ئایین و جیاوازییەکەی لەگەڵ چەمکە هاوشێوەکان لەوانە ئایینی سیاسیی، پێشکەش دەکات. پاشان، گۆڕانکاریی ئایدۆلۆجیایی و سیاسیی لە کاتی شۆڕشی ١٩٧٩ دا شرۆڤە دەکات بۆ ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە سەرکردە و بیرۆکەداڕێژەرانی فارسی-ئێرانی چۆن ئیسلام و ئایینیی شیعەیان بەکارهێنا بۆ مەبەستە نەتەوەییخوازانەکانیان. پاش ڕوونکردنەوەی شێوازناسیی (مێتۆدۆلۆژی)، دەسکەوتەکانی توێژینەوەکە لە ژێر دوو پۆلێنبەندیی سەرەکیدا پێشکەش دەکات؛ پەڕاوێزخستن و بەرخۆدان بە پەنابردن بۆ وێژمانی ئیسلامی کە پیشان دەدات چۆن وێژمانی ئیسلامی لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە بۆ پەڕاوێزخستن و سەرکوتی هێزە کوردەکان بەکارهێنرا، و هەروەها چۆن ئەوە لەلایەن هێزە کوردەکانەوە بەکارهێنرا بۆ خۆڕاگریی لە بەرانبەر ڕژێمدا. دواتر، باس لە کردە سیاسییەکانی ئایین لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا بۆ وەجووڵەخستنی خەڵک و هێزەکانیان لە دژی یەکتر دەکات. و، لە کۆتاییدا دەرەنجامێک لەسەر کاریگەرییەکانی کردەکان لەسەر هەردوولا پێشکەش دەکات.
کردەی سیاسیی ئایین
گەرچی ئایینی گشتیی (لە ناو کۆمەڵگا و لە پێوەندی لەگەڵ کەلیسا/مزگەوت) لەڕاستیدا پێوەندی بە جیهانی واتاویی (مەعنەوی/ڕۆحی) هەیە نەک سیاسەت، سیاسەتوانان بە پێ و لە پێناو بەرژەوەندییەکانیاندا بەکاری دەهێنن، لەکاتێکدا کە دەکرێ بە هۆی بیروباوەڕە ئایینییەکانیانەوەش ببزوێن. بەم شێوەیە، لەسەر چاندی سیاسیی کاریگەر دەبێت. لە پێوەندیی دوولایەنە و دانوستانی نێوان ڕامیاران و کۆمەڵگا، یان خەڵکی ئایینیی و سیاسەت، پێوەندیی نێوان ئایین و سیاسەت بیچم دەگرێت. ئاگاداربوونی ڕامیاران، بەتایبەت ڕێئالیست و پراگماتیستەکانیان، لەسەر تەشەنەی ئایین لە کۆمەڵگاکەیاندا دەیانبات بەرەو بەکارهێنانی لە ڕامیاریدا. لە دەرەوەی واتای ئایینیی، ئەوان ڕوانگەیەکی کردەیی و ئامرازییانەیان هەیە. بەمجۆرە، ئایین ئەرک یان کردەی سیاسیی لە ئەستۆ دەگرێت.
هەرچۆنێک بێت، ئایین هەم پێناسەی ماکیی هەیە و هەم کردەیی: لەم بابەتەدا، سەرنجی لایەنی دووەم دەدرێت. لەو پێوەندییەدا، چ وەک یەکێک لە دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان چ وەک بەشێک لە چاند، ئەمە هەندێ پێویستیی کۆمەڵایەتیی، بریتی لە سیاسیی، دابین دەکات. کەواتە، کردەی ئایین بەو واتایە کە ئایین وەک دیاردە یان توخمێکی کۆمەڵایەتی چ دەکات و چ بەشدارییەکی لە مانەوە و پاراستن یان تێکچوونی کۆمەڵگا و گرووپە مرۆییەکاندا هەیە. بە واتایەکی تر، ئایین “ڕەنگە نەتەنیا پێکهاتە بەڵکوو دژبەرەکەشی پەسەند بکات”(Schoffeleers and Meijers 1978, 48). بەمجۆرە، بە وتەی هەندێ کردەخوازی نوێ وەک مێرتۆن (Merton)، ئەلێکساندەر (Alexander)، کۆلۆمی (Colomy)، لێڤی (Levy) و کەسانی تر، ئایین کردەی ئەرێنی، نەرێنی یان ڕەنگە بێ کردەیی هەبێت. هەروەها، وەک باوەڕ، ئەوە کردەی شاراوە و وەک دامەزراوە، کردەی ڕاشکاوی هەیە (Mofidi 2015, 23–24). لەو پێوەندییەدا، ‘کردەی سیاسیی’ وەک “کردەوە پێویستەکان کە پێویستییە سیاسییەکانی دامەزراوە سیاسییەکان بریتی لە حیزبەکان، حکوومەت، هتد دابین دەکەن” ڕەچاو دەکرێت (هەر ئەوە، ١٠). بەم پێیە، ‘کردەی سیاسیی ئایین’ ئەو کارەیە ئایین لە سیاسەتدا دەیکات.
وەک لایەنە نەرێنییەکانی کردەی سیاسیی ئایین ئاماژە بە دابەشکردن و هەڵوەشاندنەوە، بەربەست بوون بۆ گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و هۆی شەڕ و توندوتیژیی بوون کراوە. هەروەها، ئایین کردەی سیاسیی ئەرێنی هەیە لە بەشداریی سیاسیی (بەسیاسیکردن و وەجووڵەخستنی ئاپۆرەی خەڵک، حیزبە سیاسییەکان، گرووپەکانی گوشار، هەڵبژاردنەکان و ئاکاری دەنگدان)، بەڕەمزکردن و بە ئایدۆلۆجیاکردن، تێکەڵکردن، تۆکمەیی و بەندوباوی سیاسیی، بەناوەندیکردنی دەسەڵات، ڕەواییپێدان، شۆڕش، پاراستنی دەسەڵات و حکوومەت، پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان و هتد (هەر ئەوە، ٢٩-٣٦). هەرچۆنێک بێت، بەپێی کۆمەڵگاکان و بارودۆخی سیاسیی، کردەی سیاسیی ئایین بە درێژایی مێژوو لە گۆڕاندا بووە بە جۆرێ کە کردەی نەرێنی ئەوە لە کۆمەڵگایەکدا یان بۆ گرووپێک ڕەنگە ئەرێنی بێت بۆ ئەوانی تر، بەتایبەت لە ململانێی نێوان گرووپە جیاوازەکاندا.
پێویستە ئاماژە بکرێت کە کردەی سیاسیی ئایین جیاوازە لەگەڵ ئایینی سیاسیی، چ لە واتای ‘ئەپتەر’یدا لە پێوەندی لەگەڵ ئایدۆلۆجیا مۆدێڕنەکان (Apter 1963) چ لە پێوەندی لەگەڵ ئایینی گشتیی، گەرچی ئەوانە پێوەندییان پێکەوە هەیە. لەکاتێکدا کە ئایینی سیاسیی لە سەردەمی مۆدێڕندا سەریهەڵدا، پێوەندیی نێوان ئایین و سیاسەت، هەروەها کردەی سیاسیی ئایین، هەر لە سەردەمی دێرینەوە هەبووە (بڕوانە: Weber 1965). بۆیە، لە پێوەندیی لەگەڵ کردەکەدا، واتای دووەم لە ئایینی سیاسیی، بەتایبەت ئیسلامی سیاسیی بە هۆی تێوەگلانی ئیسلام لەگەڵ سیاسەت هەر لە سەرەتاوە، لە کۆمەڵگا نەریتییەکاندا گرنگترە. لەڕاستیدا، ئایینی سیاسیی ڕاستەقینە لە پاش شۆڕشی ١٩٧٩ لە ئێران سەریهەڵدا. ئەمە بوو بە هۆی بەرزبوونەوەی کردەی سیاسیی ئایین لەم وڵاتەدا.
شۆڕشی ١٩٧٩؛ گۆڕانکارییە ئایدۆلۆجیایی-سیاسییەکان
- تێکەڵکردنی ئایدۆلۆجیاکان
هەروەها کە ئیسلام، لەگەڵ عەرەبیزم، وەک یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکانی ناسیۆنالیزمی عەرەبی ڕەچاو کراوە (Kedourie 1992, 298; Mofidi 2015, 48)، ئیسلامی شیعە، لەگەڵ فارسیزم، بەشێکی گرنگی ناسیۆنالیزمی فارسی-ئێرانی پێش و بەتایبەت پاش شۆڕشی ١٩٧٩ بووە. ئەمە کردەی هەبووە بۆ سیستەمە سیاسییە پێوەندیدارەکان. لەڕاستیدا، ناسیۆنالیزمی فارسی-ئێرانی، ناسیۆنالیزمێکی ئایینیش بووە لەسەر بنەمای ئایینی شیعە. بەپێچەوانەی ناسیۆنالیزمی فارسی-ئێرانی، ئایین کۆڵەکەی ناسیۆنالیزمی کوردی نەبووە، و وێژمانەکەی زیاتر سێکیولار بووە، گەرچی ئایینیش ڕۆڵی هەبووە لە بزووتنەوە کوردییەکاندا. هەرچۆنێک بێت، سەرکردە فارسەکان لە ماوەی شۆڕشەکەدا و پاشان لە حکوومەتە فارس-شیعەکەیاندا لە وێژمانی زاڵی ئیسلامی، ئایدۆلۆجیای ئایینیی، گرووپە ئیسلامییەکان و کەلێنە ئایدۆلۆجیاییەکان، بەتایبەت لە نێوان سێکیولارخواز و ئیسلامخوازەکاندا، لە دژی بزووتنەوە ئێتنۆ-نەتەوەییە نافارسەکان بریتی لە بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کەڵکیان وەرگرت (Mofidi 2015b).
بە وتەی مێهدی بازرگان (١٩٠٧-١٩٩٥)، لە سەرکردەکانی ‘نێهزەتی ئازادی ئێران’(٦) و سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی کاتیی پاش شۆڕشی ١٩٧٩، شۆڕشی ئیسلامی دوو سەرکردەی هەبوو: ڕێبەری ڕۆحی واتە ڕۆحوڵڵا خومەینی و ڕێبەری ئایدۆلۆجیایی واتە عەلی شەریعەتی (Dehzani 2008, 268). شەریعەتی (١٩٣٣-١٩٧٧) و مورتەزا موتەهەری (١٩١٩-١٩٧٩) دوو بیرۆکەداڕێژەر یان ئیدئۆلۆگی گرنگ بوون. لەڕاستیدا، پێش شۆڕشەکە بۆ چارەسەرکردنی ‘کێشەی ناسێنەی شیعە’ کە لەلایەن جەلال ئال ئەحمەدەوە (١٩٢٣-١٩٦٩) دیاریی کرابوو، شەریعەتی باسی ‘خۆئاگایی شۆڕشگێڕانەی شیعە’ و ئایدۆلۆجیایەکی هێنایە ئارایەوە کە دواتر پەرەی سەند و بوو بە بناژۆخوازیی شیعەی ئێرانی (هەر ئەوە، ٢٦٧). شەریعەتی وەک کۆمەڵناسێک دەیزانی کە کۆمەڵگاکانی ئێران نەریتیی بوون و ئایین تیایاندا زۆر تەشەنەی هەبوو. بە تێکەڵکردنی ئایینی شیعە، وەک بەشێک لە ناسیۆنالیزمی فارسی-ئێرانی، لەگەڵ سۆسیالیزم، ئەوەی کرد بە ئایدۆلۆجیایەکی سیاسیی و شۆڕشگێڕانە کە وەکوو ئایدۆلۆجیایەکی شیعی-ئیسلامی جێگرەوە بەکارهێنرا.(٧) گەرچی وەها بیرۆکەیەک بوو بە هۆی زاڵبوونی سەرکردە ئایینییەکان بە سەر شەپۆلی شۆڕشەکەدا و پاشان پەڕاوێزخستنی سەرکردە سێکیولارەکان، بەڵام لەلایەن زۆربەی سەرکردە فارسەکانەوە بۆ پاراستنی سیستەمی یەکتیکەی بەناوەندیکراوی دەوڵەتی ئێران لە ژێر دەسەڵاتی ئێتنۆ-نەتەوەی فارسدا ڕەچاو کرا. ئەم بەکارهێنانە ئامرازییانەی ئایین خزمەتی دەوڵەت-نەتەوەی ئایدیالی فارسی کرد و وێنا نەتەوەییخوازانەکەیان پارێزرا (Mohammadpour and Soleimani 2021).
- شەڕ لەگەڵ شەیتانەکان
لە ماوەی ئەو ناڕەزایەتییانەیدا کە شۆڕشی ١٩٧٩ی لێکەوتەوە، ڕژێمی پەهلەوە بانگەشەی ترس لە دابەشبوونی ئێران و جیابوونەوەی ناوچە نافارسەکان بەتایبەت کوردستانی دەکرد. پاش لەنێوبردنی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٩٤٦ دا، بزووتنەوەی کورد بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بووژابووەوە و ئەو حیزبە چالاکییەکانی لە دژی ڕژێمەکە درێژە پێ دابوو. بۆیە، بۆ پاراستنی زاڵیەتی ئێتنۆ-نەتەوەی فارس و بۆ درێژەپێدانی سیاسەتی ڕژێمی پەهلەوە لە دژی ئێتنۆ-نەتەوە جیاوازەکان، سەرکردە ئۆپۆزیسیۆنەکانی فارس، بەتایبەت ئایینییەکانیان، لە ئیسلام و ڕێبەرایەتی ئایینیی خومەینی کەڵکیان وەرگرت بۆ ڕاکێشانی بزووتنەوە ئێتنۆ-نەتەوەییەکان لەوانە کورد بەرەو بزووتنەوەی گشتیی ئێران. ئەوان هەوڵیاندا کە خەڵکە جیاوازەکان لە ڕێگەی وێژمانی ئیسلامییەوە لە دژی ڕژێمی شا یەکبخەن و لە ماوەی شۆڕشەکەدا تاکوو ڕژێمی نوێ جێگیر دەبێت دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن. وەک ڕاوێژکارانی خومەینی، سەرکردە شۆڕشگێڕە فارس و بەفارسکراوەکان لەوانە بازرگان، یەزدی، سەحابی، بەنی سەدر، قوتبزادە هتد خۆیان لە پشت ڕێبەرایەتییەکەی ئەودا حەشار دا. قسەکانی خومەینی هەڵوێست و مەبەستی زۆربەی ئەوانەی پیشان دەدا. بۆ وێنە، لە پەیامێکدا لە نۆڤەمبەری ١٩٧٨ لە نۆفڵ لوشاتۆی پاریسەوە خومەینی ڕوو بە ‘خەڵکی موسڵمانی کوردستان’، وتی: “سڵاو بۆ برایانی موسڵمان لە کوردستان کە بە ڕاپەڕینی دلێرانە هاتوونەتە ڕیزی بزووتنەوەی ئیسلامی براکانی تریان و بوێرانە و ئازایانە ڕووبەڕووی شەیتان/تاغووت بوونەتەوە؛ و دەرفەتیان بۆ دژمنی ئیسلام و وڵاتەکە کەم کردووەتەوە” (Al-Khomeini 2014, V. 4, 301). بەم شێوەیە، وێژمانی ئیسلامی لە ئێراندا زاڵ بوو و ڕەمزە ئیسلامییەکانی وەک ‘برایەتی ئیسلامی’ و ‘شەیتان’ بۆ گرێدانی بزووتنەوە ئێتنۆ-نەتەوەییە نافارسەکان بە بزووتنەوەی گشتییەوە و پەڕاوێزخستنی داواکارییەکانیان بەکارهێنران.
هەرچۆنێک بێت، لە وەها کەشێکی سیاسیدا هەردووکی هێزە ناسیۆنالیستە فارس و نافارسەکان، چ ئایینیی و چ نائایینیی، هەوڵیاندا لە وێژمانی ئیسلامی لە بەرژەوەندی سیاسەتی خۆیاندا کەڵک وەرگرن. لە ژێر ناوی بەرگری لە ئیسلام و بەرەنگاربوونەوەی دژمنانی ئیسلام، سەرکردە شۆڕشگێڕەکانی فارس ئامانجە ناسیۆنالیستییەکانی خۆیان لە دژی جۆراوجۆریی ئێتنۆ-نەتەوەیی بەدواداچوون کرد. گەرچی ئەوان پێشتر پشتگیریی دەرەکییان لە دژی شا وەک شەیتانی ناوخۆیی بەدەستهێنابوو، بەڵام پاش شۆڕش دژمنانی ئیسلامیان لە ڕژێمی شا و پاڵپشتە بیانییەکانی، بە قسەی خۆیان، گۆڕی بۆ دژمنانی دەرەکی و گرێدراوە ناوخۆییەکانیان. بە گۆڕینی سیاسەتەکەیان لە یەکگرتوویی موسڵمانان لە دژی شەیتانی ناوخۆیی بۆ یەکگرتوویی لە دژی شەیتانە دەرەکییەکان، بەتایبەتی ئەمریکا و ئیسرائیل، ڕامیارە فارسە زاڵەکان لە وێژمانەکە کەڵکیان وەرگرت بۆ ورووژاندنی خەڵک لە دژی ئۆپۆزیسیۆن وەکوو گرێدراوان بە شەیتانە دەرەکییەکانەوە لەکاتێکدا کە بە وتەی بەنی سەدر، “کۆمەڵگا خۆی بڕیاری نەدەدا و چاوی لە دەم ئاغەی خومەینی بوو” (Faridi 2021). گرووپی دەسەڵاتدار و حوکمڕانانی نوێ زۆر هێزی دەرەکی تری گرێدراو بە خۆیانیان پێکهێنا و بەرەو خۆ ڕایانکێشان، لەکاتێکدا کە ئۆپۆزیسیۆنی خۆیان بریتی لە بزووتنەوە ئێتنۆ-نەتەوەییەکان لە ناو ئێران لە بازنەی خۆیی خستە دەرەوە و دووریان خستنەوە. لە بەرانبەردا، بزووتنەوە ئێتنۆ-نەتەوەییە جیاوازەکان، بەتایبەت هێزە ناسیۆنالیستەکانی کورد، هەوڵی زۆریان دا کە بەرگری لە جۆراوجۆریی و مافەکانیان لەو وڵاتەدا بکەن.
- ڕووبەڕووبوونەوەکان و سەرکوتکارییەکان
چەند مانگ پاش شۆڕش، دوابەدوای هەڵبژاردنێک لە ٣ی ئاگوستی ١٩٧٩ دا، ‘مەجلیسی شارەزایانی یاسای بنەڕەتی (دەستوور)’ (مەجلیسی خێبرگان) دامەزرا. لەڕاستیدا ئەوە بوو بە کۆبوونەوەی شارەزایانی ئایینیی کە یاسای بنەڕەتی نوێیان پەسەند کرد بە بێ ڕەچاوکردنی پێشنیارەکانی ماف و یاسازانەکان بۆ چاکسازیی ڕەشنووسەکە بۆ ڕەچاوکردنی مافەکانی گرووپە ئێتنۆ-نەتەوەیی و ئایینییە جیاوازەکان، بریتی لە چارەی خۆ نووسینی نەتەوەیی.(٨) ئەوە وەک پارلەمانی دامەزرێنەران کاری دەکرد، بە بێ نوێنەرانی گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بەتایبەت گرووپە سێکیولاریستەکان، ئێتنۆ-نەتەوەکان و خەڵکی سوننە. بۆ نموونە، یەکێک لە نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵکی کورد، عەبدوڕڕەحمان قاسملوو، ڕێبەری پێشووی حدکا، بەپێی فەتوای خومەینی لە دژی ڕێگەی پێ نەدرا کە بەشداری ‘مەجلیسە’کە ببێت. و هەندێ سەرکردەی سوننە لەوانە ئەحمەد موفتیزادە (١٩٣٣-١٩٩٣) ‘مەجلیسە’کەیان بەجێهێشت لەبەر ئەوەی کە بیروڕایان لەسەر ئیسلام، نەک ئایینزای شیعە، وەک ئایینیی فەرمی ڕەچاو نەکرا. بەم شێوەیە، مافی هیچ گرووپێکی تر بێجگە ‘فارسی شیعە’ ڕەچاو نەکرا. ئەمە بوو بە هۆی ناکۆکی و ململانێی درێژخایەن لە هەندێ بەشی ئێران، بەتایبەت لە کوردستان.
ئەو بیرداخراوێتیانەی ئاماژەپێکراو لە سەرەوە بوو بە هۆی چڕبوونەوەی ڕووبەڕووبوونەوە ناسیۆنالیستییەکان کە تێیدا هێزە فارسی-ئێرانییەکانی ئایینیی و سێکیولار بە ڕێبەرایەتی خومەینی بریتی لە ‘نێهزەتی ئازادی’، ‘حیزبی میللەتی ئێران’ و ‘حیزبی کۆماری ئیسلامی’ لە وێژمانی ئایینیی لە دژی هێزە کوردەکان لەوانە حدکا، کۆمەڵە و هتد کەڵکیان وەرگرت کە لە بەشەکانی دواتردا شرۆڤە دەکرێت. سەرەڕای ئەوە، ئەوان هەوڵیاندا کە لە هەستی ئیسلامی خەڵک و ناکۆکیی نێوان گرووپە ئایینیی و سێکیولارەکان لە کوردستاندا، بەتایبەت ئیسلامخواز و چەپە ڕادیکاڵەکان، کەڵک وەرگرن.(٩) بەپێچەوانەوە، هێزە کوردەکان هەوڵیاندا بزووتنەوەکەیان، داواکارییەکانیان و خۆڕاگرییان بە ئایین پاساو بکەن. لە دژی خومەینی و مەلا شیعەکان، مەلا کوردە سوننەکان، لەوانە عێزەدین حوسێنی، لە مافی کورد بەرگرییان کرد. زۆربەی گرووپە سیاسییە کوردەکان پشتگیرییان لە حوسێنی کرد. هەروەها، حدکا یەکیەتی زانایانی ئایینی دامەزراند و وەک حیزبێکی ناسیۆنالیست هەوڵیدا پێوەندیی خۆی لەگەڵ توێژی مەلایانی ناسیۆنالیستی کورد بپارێزێت.
هەرچۆنێک بێت، بە بەکارهێنانی هێزی چەکدار، هەستی ئایینیی خەڵکی شیعه و قەڵشتە ئایینیی و کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستاندا، ڕژێمی ئیسلامی هێزە کوردەکانی سەرکوت کرد. لە ١٨-١٩ی ئاگوستی ١٩٧٩ دا، خومەینی دوو فەتوای دەرکرد و فەرمانی دا بۆ سەرکوتی تەواوی هێزە کوردەکان (Al-Khomeini 2014, v. 9, 261 & 278). دوای ڕاگەیاندنی ئەم شەڕە پیرۆزە (جیهاد)، ناوبراو ‘حدکا’ی بە ‘حیزبی شەیتان’ ناوبرد (Koohi-Kamali 1992, 184). بە دووپاتکردنەوەی دروشمی ‘حیزب تەنیا حیزبوڵڵا’، سەرکردە کوردەکانی، بەتایبەت قاسملوو و حوسێنی، بە دژمنانی کۆماری ئیسلامی ناساند و وەک سەرکردەکانی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تر هەڕەشەی توندترین سزادانەکانی لێکردن (Mohammadpour and Soleimani 2021). خومەینی و سەرکردە و سیاسەتوانە ئێرانییەکانی تر، هێزە کوردەکانیان بە جیاییخواز و خەیانەتکار دەناساند (MacDonald 2007). لە ٢٠ی ئاگوستدا، سادق خەڵخاڵی، نوێنەری خومەینی، نێردرا بۆ کوردستان بۆ جێبەجێکردنی حوکم و فەرمانەکان. ئەو زۆرێک لە کوردە گیراو و گومانلێکراوەکانی لە ژێر ناوی “مفسد فی الارض” و دژمنی (محارب) خوا و پێغەمبەر لە سێدارە دا.(١٠) بەم شێوەیە، حیزبە کوردەکان لە یەکەم گرووپەکان بوون کە سەرکوت کران. بەوەشەوە، بۆ چەندین ساڵ شەڕ لە نێوان حکوومەتی ئێران و هێزە کوردەکاندا درێژەی خایاند و ململانێیەکە هێشتا بەردەوامە. وەک نیشانەیەک، لە ٢٠١٨ دا کورد ٤٥ لە سەدی بەندکراوە سیاسییەکانی ئێرانی پێکدەهێنا (Akbarzadeh, Ahmed, Laoutides & Gourlay 2019). هەر لەو پێوەندییەدا، لە ئێراندا “ژمارەیەکی زۆر لەسێدارەدانی بەندکراوە سیاسییەکانی سەر بە کەمینە ئێتنیکییەکان پاش دادگاییکردنێکی نادادپەروەرانە” هەیە.(١١) لە درێژەدا، کردەی سیاسی ئایین لە ڕووبەڕووبوونەوە ناسیۆنالیستییەکانی فارسی-ئێرانی و کورد لە ساڵانی سەرەتایی دوای شۆڕشی ١٩٧٩ تاوتوێ دەکرێت.
شێوازناسی/مێتۆدۆلۆژی
لەم توێژینەوەیەدا، شیکاری ناوەڕۆک بە شێوازی چۆنایەتی (QCA)(١٢) بەکارهێنرا بۆ گەڕان بە دوای ئاماژەکان بە کردەی سیاسیی ئایین لە دەقەکانی وتارە نووسراوەکان، وتاردانە گشتییەکان، و دیمانە پێشکەشکراوەکان لەلایەن سەرکردە و ڕامیارانی فارس و کورد لە ڕووبەڕووبوونەوە ناسیۆنالیستییەکانیان لە ماوەی چوار ساڵی پاش شۆرشی ١٩٧٩. لەم پێوەندییەدا، وەک نموونەی نوێنەری هەڵوێستی ناسیۆنالیستیی کورد، وتەکان و بیروڕاکانی کەسانێک وەک عێزەدین حوسێنی، سەرۆکی دەستەی نوێنەرایەتی گەلی کورد، هەروەها ڕێبەرانی سەرەکی حدکا وەک ڕێکخراوی سەرەکی کورد کە بە وتەی قاسملوو “حیزبێکی نەتەوەیی-دێمۆکراتیکە” (٢٠٠٤، ١٨) و بەوجۆرە لە کوردستاندا ناسراوە، شی دەکرێنەوە.(١٣) ئەوان زیاتر لە کەسانی تر نوێنەرایەتی ناسیۆنالیزمی کوردی دەکەن. و، وەک نموونەی نوێنەری هەڵوێستی ناسیۆنالیستیی فارسی-ئێرانی، وتە و هەڵوێستەکانی ‘ڕێبەری باڵا’، هەروەها سیاسەتوانە حکومییە سەرەکییەکانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران لەوانە سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیران و وەزیرەکانی سەر بە حیزبە ئایینیی و سێکیولارە فارسەکان، شی دەکرێنەوە.(١٤)
بابەتە کۆکراوەکان، بریتی لە دەقە پێوەندیدارەکانی بڵاوەبوو لە ڕۆژنامە جیاوازەکان، گۆڤارەکان و لەسەر رادیۆ و تەلەڤیزیۆن، لە سەرچاوە و بنکەکانی داتا و زانیاریی خوارەوە دەرهێنراون: وەرگێڕدراوی پەرتووکی ‘صحیفه امام’ لە ٢٢ بەرگدا بۆ سەر ئینگلیزی کە بریتییە لە کۆی وتە، پەیام، دیمانە، فەرمان، فەتوا و نامەکانی خومەینی(١٥)؛ ‘ئارشیڤی پەرتووکخانەی زانکۆی مەنچێستەر’(١٦) بریتی لە هەندێ ڕۆژنامە و گۆڤاری فارسی لەوانە ‘آیندگان’، ‘کیهان’، ‘انقلاب اسلامی’، جمهوری اسلامی’، ‘اطلاعات’، ‘تهران مصور’ هتد.؛ ‘ئارشیڤی بەڵگەنامەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی’(١٧) بریتی لە هەندێ لە بڵاوکراوەکانیان؛ پەرتووکی کوردی ‘تاڤگەی هەقیقەت’ بریتی لە نووسراوە، پەیام و وتەکانی قاسملوو؛ و ئارشیڤەکانی ڕۆژنامەی کوردستان.
هەرچەندە تێکەڵێک لە ڕێبازەکانی داتا-تەوەر (ئینداکتیڤ/ئیستقرایی) و چەمک-تەوەر (دیداکتیڤ/قیاسی) لە پێش گیرا، بەڵام سیستەمی کۆددانانی داتا-تەوەر (لە خوارەوە بۆ سەرەوە) ڕێبازی سەرەکی بوو. لە پێوەندی لەگەڵ ڕێبازی چەمک-تەوەردا، بێجگە بیرۆکەکانی پێشتری توێژەر و بەکارهێنانی ئەو چەمکانەی پێشتر هەبوون لەوانە ڕەواییپێدان، تێکەڵکردنی کۆمەڵایەتی و وەجووڵەخستن و هتد. کە پێوەندییان بە بیردۆزیی کردەی ئایین و توێژینەوەکانی پێشتر بۆ باسکردن لەسەر دەسکەوتەکان هەیە، سەرەتا بەپێی مژار یان لایەنە تایبەتەکانی پێوەندیدار بە پرسیاری توێژینەوەکە لەسەر پێوەندیی نێوان ئایین و ناسیۆنالیزم و کاریگەریی لەسەر بزووتنەوە و پرسی کورد لە ئێراندا، دەقەکان هەڵبژێردران و جیا کرانەوە. بەم شێوەیە، بە هۆی ئەوەی کە زۆر بەڵگەنامەی پرژوبڵاو هەبوو، بە بەکارهێنانی ستراتیژی داشکاندنی داتاکان بەپێی مژار، بەجێی سەرچاوە، بابەتەکان کەم کرانەوە. ئەمە یەکەم قۆناخی چوارچێوەی کۆددانان بوو کە بە ستراتیژییەکی داتا-تەوەر بۆ کورتکردنەوەی بابەتەکان درێژەی پێ درا.(١٨)
لەکاتێکدا کە یەکەکانی شیکاریی ئەو دەقانە بوون کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کرا، یەکەکانی کۆددانان بەشێکیان هەر ئەو یەکانە بوون و بەشێکیشیان ئەو بڕگانە لە دەقە درێژەکانی پێوەندیدار بە پرسی کوردستان بوون. بۆ دابەشکردنی بابەتەکان (یەکەکانی شیکاریی) بۆ یەکەکانی کۆددانان، پێوەرێکی بابەتیانە (تێماتیک) بەکارهێنرا. پاراگراف و ڕستەکانی پێوەندیدار بە ئایین بریتی لە ئیسلام، موسڵمانانی کورد، ئیمان و برایەتی ئیسلامی، قورئان هتد. لەسەر بنەمای ئاماژەکردن و پیشاندانی بەکارهێنانی سیاسی ئایین دەرهێنرانەوە. لێرەدا، لەکاتێکدا کە پرسەکە ئایینیی نەبوو، دەست بە داوێنی وێژمان و زمانی ئایینییی بوون بە ڕوونی دەبینرا. پاشان، داتاکان شیکرانەوە و کۆددانان پەرەی پێدرا بۆ دۆزینەوە و بەچەمککردنی ‘بابەت/تێم’ەکان. بابەتە وەکیەک و هاوشێوەکان، بن-پۆلێنەکان و پۆلێنەکان پۆلێبەندی کران. بە پێی ڕاڤە و واتاکانیان، ئەوانە لێکتر پێوەند دران و پۆلێنبەندی کرانەوە. بە شیکردنەوەی واتا و پێوەندیی واتایی چەمکەکان و ڕستەکان، دەرهێنان و لێتێگەیشتنی چۆنایەتیانە بۆ تێگەیشتن لە مەبەستی هەردوو لایەن و بۆ تێگەیشتن لە کردەی سیاسیی ئایین بۆ ئەوان لە کردەوەدا، جێبەجێ کرا. پاش هەڵسەنگاندنی دەقەکان، دوو پۆلێنی سەرەکی لە پڕبوونەوەی بیردۆزیی بەدەستهاتوو دیاریی کران؛ پەڕاوێزخستن بە وێژمانی ئیسلامی و بەرخۆدان بە دەستەوداوێن بوونی ئەو وێژمانە (بڕوانە: خشتەی ١). ئەمە بەو واتایە کە ئایینی هاوبەش، واتە ئیسلام، بواری خۆش کردبوو بۆ ناسیۆنالیستە فارسە دەوڵەتییەکان کە داواکارییە ئێتنۆ-نەتەوەییەکانی کورد ڕەت بکەنەوە و بیخەنە پەڕاوێزەوە، هەروەها بنەمایەکی دابین کردبوو بۆ ناسیۆنالیستە کوردەکان بۆ پێداگری لەسەر مافە ئێتنۆ-نەتەوەییەکان و خۆڕاگری لە بەرانبەر ڕژێمی ئیسلامیدا.
متمانەپێکراوبوونی چوارچێوەی کۆددانانەکە بە تێپەڕینی کات بە هەڵسەنگاندنی بەردەوامیی ئەوە پاش مانگێک دیاریی کرا. بڕواداریی ڕواڵەتیی، بە بەراوردکردنی چوارچێوەی کۆددانان لەگەڵ کۆددانانی تاقیکردنەوە، هەڵسەنگاندنی بڵاوەی بەشەکان لە ناو بن-پۆلێنەکاندا لە هەر پۆلێنێکی سەرەکیدا و ئاستی دەرهەستبوونی پۆلێنەکان(١٩)، بەکارهێنرا بۆ دیاریکردنی ئەوەی کە پۆلێنەکان بە ڕادەیەکی تەواو چەمکەکان لە پرسیاری توێژینەوەکەدا نوێنەرایەتی دەکەن و هەروەها ئەوەی کە بڕیار وابوو هەڵسەنگێندرێت، بەڕاستی هەڵسەنگێندراوە. جگە لەوەش، پۆلێنەکان لەلایەن شارەزایانی ترەوە هەڵسەنگێندران. لە کۆتاییدا، ئەوانە شرۆڤە کران.
خشتەی ١ نیشاندەرەکانی بەرخۆدان لە بەرانبەر پەڕاوێزخستن بە وێژمانی ئیسلامی
ئا. پەڕاوێزخستن بە وێژمانی ئیسلامی | ب. بەرخۆدان بە دەستەوداوێن بوونی وێژمانی ئیسلامی |
ئا. بەهێزکردنەوەی ناسێنەی ئیسلامی جەخت لەسەر برایەتی ئیسلامی، یەک نەتەوەی موسڵمان، کۆمەڵگای ئیسلامی، بزووتنەوە و ئایدۆلۆجیای ئیسلامی، پێڕەوی لە یاسا ئیسلامییەکان، پابەندبوون بە قورئان و ئیسلام | ئا. داواکاریی بۆ بەرابەریی موسڵمانان جەخت لەسەر دانپێدانان، مافی بەرابەری هەموو گرووپە موسڵمانەکان لە حوکمڕانیدا، مافی خەڵکانی جۆراوجۆر لە قورئان و ئیسلامدا، دێمۆکراسی ئیسلامی، خودموختاری ئیسلامی |
ب. یەکخستنی ئیسلامخوازیی و ئێرانخوازیی جەخت لەسەر سوپای ئیسلام و ئێران، جیهاد بۆ ئێران و ئیسلام، شەهیدبوون بۆ ئیسلام و ئێران، دژمنایەتی لەگەڵ ئێران و ئیسلام، خەیانەت بە ئێران و ئیسلام، دژە ئیسلام و دژە شۆڕش | ب. ڕەتکردنەوەی دژایەتی لەگەڵ ئیسلام جەخت لەسەر موسڵمانبوون، نەتەوەیەکی موسڵمان، ڕاپەڕین بۆ بەرگری لە مافەکانیان نەک لە دژی ئیسلام، نەبوونی بیروباوەڕی دژە ئیسلام |
ج. پێوەنددان بە دژمنانی دەرەکی دژە ئیسلام جەخت لەسەر هێزە کوردەکان وەک شەیتان، بریکارەکانی ئامریکا و زایۆنیزمی ناموسڵمان، برەودەرانی لادان و کۆمۆنیزم، بنیاتنەرانی ئیسرائیلی دووەم | ج. ڕاگەیاندنی ڕژێمی شیعە وەک دژە ئیسلام جەخت لەسەر شیعەبوونی ڕژێم، دژە سوننە، ویلایەتی فەقیه وەک دژە ئیسلام، ڕقی ڕژێم لە کوردی سوننە، بەرگری وەک ئەرکی ئیسلامی |
پەڕاوێزخستن و بەرخۆدان بە وێژمانی ئیسلامی
دەسکەوتەکانی توێژینەوەکە، هەروەها کە ئاماژە کرا، پەڕاوێزخستن بە وێژمانی ئیسلامی و بەرخۆدان لە بەرانبەر ئەوەدا هەر بەو وێژمانەوە پیشان دەدەن. ڕەوتی خستنە پەڕاوێزی ئێتنۆ-نەتەوە نافارسەکان لەلایەن ڕژێمەوە بریتی بوون لە بەهێزکردنەوەی ناسێنەی ئیسلامی، یەکخستنی ئێرانچییەتی فارس لەگەڵ ئیسلامچییەتی، و بەدناوکردنی دژبەرانیان وەک دووڕوو (‘منافق’)، دژە ئیسلام و ناموسڵمان. ئەمە ڕێگای خۆش کرد بۆ هێرش کردنە سەر هێزە کوردەکان وەک دژمنانی ئیسلام. بەپێچەوانەوە، هێزە کوردەکانیش وەک برایانی موسڵمان داوای بەرابەرییان کرد و هەر جۆرە دژایەتییەک لەگەڵ ئیسلامیان ڕەت کردەوە. ئەوان لە بەرانبەر هێرشی ڕژێمیشدا، کە ئیتر وەک ڕژێمێکی دژە ئیسلام کە ئیدیعای ئیسلامەتی هەیە دەیانناسی، هەوڵیاندا خۆڕاگری بکەن. لەسەر بنەمای دوو پۆلێنی سەرەکی توێژینەوەکە، لە درێژەدا دۆخی ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوەی ڕامیارانی فارس و کورد زیاتر شرۆڤە دەکرێت.
- پەڕاوێزخستن بە وێژمانی ئیسلامی
پاس شۆڕشی ١٩٧٩، لەگەڵ ڕووخانی دیکتاتۆریەتی شا، دەسەڵاتی ناوەندیی بۆ ماوەیەکی کورت لاواز بوو و کەشێکی تاڕادەیەک دێمۆکراتیک سەریهەڵدا. لەم کاتەدا، کورد، تورک، تورکمەن، بەلووچ و عەرەب داوای مافە ئێتنۆ-نەتەوەییەکانی خۆیان کرد. ئایدۆلۆجیای ئیسلامی و بەتایبەت ئیسلامی سیاسیی هێشتا زاڵ نەبوو. بەوەشەوە، سەرکردە فارسە سێکیولار و ئایینییەکان بە ڕێبەرایەتی خومەینی وێژمانی ئیسلامییان بەکارهێنا بۆ پشتگیریی لە حکوومەتی ناوەندیی و ناسیۆنالیزمی فارس لە دژی داواکارییە دێمۆکراتیکەکانی بزووتنەوە ئێتنۆ-نەتەوەییە جیاوازەکان بە بەدناوکردنیان وەک ‘جیاییخوازانی دژە-ئیسلام’. سەرکردە فارسەکان ئامانجەکانیان گرێ دا بە توخمە سەرەکییەکانی وێژمانی ئیسلامییەوە، واتە برایەتی موسڵمانان و یەکیەتی ئیسلامی. لە ژێر ئەم دروشمانەدا، ئەوان ناسێنەی ئیسلامییان بەهێزکردەوە و پاشان ئیسلامیزم و فارسی-ئێرانیزمیان یەکخست و ‘ئەوی تر’ی ناسیۆنالیزمی فارسی-ئێرانییان بە ‘ئەوی تر’ی ئیسلام ناساند کە ڕژێمی ئیسلامی ئیدیعای نوێنەرایەتی ئەوەی دەکرد. بەم شێوەیە، خەڵکانی موسڵمانیان ورووژاند و وەجووڵەیان خستن بۆ شەڕ لە دژی دژمنانی ئیسلام بریتی لە هێزە ئێتنۆ-نەتەوەییە نافارسەکان بەتایبەت هێزە کوردەکان.
١-١ بەهێزکردنەوەی ناسێنەی ئیسلامی
لە ئیسلام و ئومەتی ئیسلامیدا، بەپێی ئایەتی قورئان، ‘ئیمانداران برای یەکترن’ (الحجرات، ١٠)، هەموو موسڵمانان وەک برای یەکتر سەیر دەکرێن و ئەو برایەتییە جەختی لەسەر دەکرێت. بەپێی ئەم برایەتییە، قورئان فەرمان دەدات بە موسڵمانان کە یەکیەتی خۆیان بپارێزن و پرژوبڵاو نەبنەوە (آل عمران، ١٠٣). لەکاتێکدا کە قورئان جۆراوجۆریی کۆمەڵایەتیش ڕەچاو دەکات (الحجرات، ١٣). پاش شۆڕشی ١٩٧٩، بە بێ ڕەچاوکردنی جۆراوجۆریی، سەرکردە فارسەکان دەستەوداوێنی ناسێنەی ئیسلامی بوون بۆ پشتگوێخستنی فرەچەشنی ئێتنۆ-نەتەوەیی لە بەرژەوەندی ناسیۆنالیزمی فارسدا. لەکاتێکدا کە فارسەکان وەک ئێتنۆ-نەتەوەی باندەست هەموو مافەکانی خۆیان هەبوو، سەرکردەکانیان برایەتی و یەکیەتی ئیسلامییان هاندا بۆ بەهێزکردنەوەی ناسێنەی ئیسلامی وەک ئامرازێک بۆ پووچەڵکردنەوەی داواکارییە ئیتنۆ-نەتەوەییەکانی ئەوانی تر. ئەوان ئیدیعایان دەکرد کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان برایانی موسڵماندا نییە و هەموو گرووپەکان مافی خۆیان لە حکوومەتێکی ئیسلامیدا دەبێت، بۆیە بە پێویستیان نەدەزانی کە وەها داواکاریگەلێک لەو کاتە هەستیارەدا کە دژمنانی ئیسلام سەرکەوتنی ئیسلام و حکوومەتێکی ئیسلامییان ناوێت، بهێنرێنە ئاراوە. لەڕاستیدا، بەرزکردنەوەی دروشمی یەکیەتی و برایەتی ئیسلامی، تواندنەوەی هەموو گرووپە ئێتنۆ-نەتەوەییەکانی تری بۆ ئەوان هاسانتر دەکردەوە.
سەرکردە فارس-شیعەکانی شۆڕشەکە بۆ مەبەستی خۆیان بۆ ڕاکێشان، تۆکمەکردن و وەجووڵەخستنی ئاپۆڕەی خەڵک ناسێنەی ئیسلامییان وەک بەرینترین ناسێنە لە ئێراندا برەوپێدا. لەم پێوەندییەدا، ئەوان زۆرتر دەستەوداوێنی زانا و دامەزراوە ئایینییەکان بوون. خومەینی لە قسە و پەیامەکانیدا زیاتر زانا ئایینییەکانی کوردستانی دەکردە بەردەنگ. پێش گەڕانەوە بۆ ئێران، لە ١٤ی جانیوەری ١٩٧٩ دا پەیامێکی تایبەتی بۆ زانایان، بانگخوازان و خەڵکی کوردستان نارد بۆ بەرگری لە ئێران و ئیسلام لە دژی شا (Al-Khomeini 2014, V. 5, 432). پاش شۆرش، لە پەیامێکدا لە ١٨ی فێبریوەری ١٩٧٩ خومەینی باسی لە بزووتنەوەی ئیسلامی ئێران وەک “ڕەمزی برایەتی شیعە-سوننە و یەکڕیزیی نێوان هەموو گرووپە ئێتنیکییەکان” کرد (هەر ئەوە، ب. ٦، ١٦٥). لە وتارێکی تردا لە ٢٦ی فێبریوەری ١٩٧٩ دا، ئەو مەلا و زانایانی “لە دژی ئاوازی بیانییەکان لە کوردستاندا” ئاگادار کردەوە و داوای لێکردن کە “ڕەچاوی ئیسلام و قورئان بکەن. هەموو دەبێ پێکەوە و بە یەکگرتوویی ڕاپەڕن و ئیسلام بەهێزتر بکەن” (هەر ئەوە، ٢١٧).
لە دیمانەیەکدا، بە ئاماژەکردن بە چالاکییەکانیان بۆ پەیوەندیکردن بە جەماوەری کوردی سوننەوە لە ساڵی ١٩٧٩ دا، ئیبراهیم یەزدی (١٩٣١-٢٠١٧)، وەزیری دەرەوەی حکوومەتی کاتیی، دەڵێت: “هەندێ پەرتووکی ئیسلامی وەک کارەکانی مەولانا ئەبوو عەلا مەودوودی وەرگێڕدرانەوە سەر کوردی، لە کوەیتدا چاپ کران و لە کوردستاندا بڵاو کرانەوە” (Mofidi 2015b). هەروەها، سیاسەتوانە فارسەکان هەندێ کوردیان فێر کردبوو کە بە باشی لەسەر موسڵمانبوون و ئێرانیبوون بە فارسی قسە بکەن، تەنانەت ئایینیی هەندێکیان گۆڕیبوو بۆ شیعە و پاشان وەک نوێنەرانی کورد لە کۆبوونەوە گشتییە جیاوازەکاندا زەقیان دەکردنەوە. بۆ نموونە، لە کۆبوونەوەیەکدا لە ٣٠ی مەی ١٩٧٩ بۆ یادی کوژراوانی شەڕێ نێوان تورک و کورد لە نەغەدە، یەکێک لەو گۆڕدراوانە بە فارسی خۆی وەک نوێنەری کوردی نەغەدە دەناسێنێت لەکاتێکدا کە خەڵکی شارێکی تر واتە سەردەشت بووە. دواتر، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڕەببانی شیرازی، نوێنەری خومەینی لە کوردستان(٢٠)، لە ماڵی ‘شێخ سەید تەها’ لە پیرانشار لە ٣١ی مەی ١٩٧٩ دا کەریم حیسامی (١٩٢٦-٢٠٠١) یەکێک لە سەرکردەکانی حدکا لێی دەپرسێت “تۆ خەڵکی کوێی؟ […] تۆ کەی نوێنەری کوردەکانی نەغەدەی کە دەچی لەسەر قەبران بە ناوی ئەو لێقەوماوانە وتار دەدەی؟” بەپێی ئەوەی فێرکراوە، وەڵام دەداتەوە کە “من موسڵمانم و خەڵکی ئێرانم” (Hussami 1992, v. 6, 113–114).
بە دابەشکردنی خەڵک بەسەر موسڵمان و ناموسڵماندا، سەرکردە فارسەکان لە موسڵمانەکان لە دژی دژبەرەکانیان، بەتایبەت هێزە ئێتنۆ-ناسیۆنالیستەکان، کەڵکیان وەرگرت. لە چاپەمەنییەکانیاندا، ئەوان تەنانەت هەندێ سەرکردەی ئیسلامخوازیان وەک سەرکردە قبووڵکراوەکانی موسڵمانان لە ناوچە نافارسەکانی ئێراندا زەق کردەوە. بۆ نموونە، ئەوان قەڵشتێکی موسڵمان و ناموسڵمانیان لە کوردستاندا پێکهێنا و وەک ڕێبەری موسڵمانانی کوردستان سەرنجی ئەحمەد موفتیزادەیان دا، لەکاتێکدا هێزە کوردەکانی تریان وەک ناموسڵمان ناودەهێنا.(٢١) لە وتارێکدا، کە دەقەکەی لە ڕۆژنامەی ‘جمهوری اسلامی’ لە ٢٢ی ئۆکتۆبەری ١٩٧٩ دا بڵاو بووەتەوە، ئەبولحەسەن بەنی سەدر (١٩٣٣-٢٠٢١)، لە سەردەمێکدا کە وەزیر بوو لە حکوومەتی کاتیی ١٩٧٩ دا، کاتی قسەکردن لەسەر هەڵبژاردنەکانی شۆرای شاری سنە دەڵێت: “… لە ١١ ئەندامی هەڵبژێردراو، هەشت کەس موسڵمان بوون و سێ کەس لەوانی تر [ناموسڵمان]، کەواتە موسڵمانان بردیانەوە و کێشەکە کۆتایی پێهات….” ئەوە لەکاتێکدایە کە هەرکام لە چەپەکان و ئیسلامییەکان سێ ئەندامی هەڵبژێردراویان هەبوو و پێنج ئەندامەکەی تر موسڵمانانی ئاسایی بوون کە پێوەندیی باشیان لەگەڵ هەردوو لایەنەکە هەبوو، بەجۆرێ کە پشتگیرییان لە بەربژێرەکانی هەردوولا دەکرد لە هەڵبژاردنی دوو دەمڕاستی شۆراکەدا.(٢٢) هاشم سەباغیان (١٩٣٧-) سەر بە ‘نێهزەتی ئازادی ئێران’ و وەزیری ناوخۆ لە سەردەمی حکوومەتی کاتیدا، لە دیمانەیەکی بڵاوەبوو لە ڕۆژنامەی ‘اطلاعات’ لە ٧ی جانیوەری ١٩٨٠ دا، بە جەختکردن لەسەر ناسێنەی ئایینیی کورد دەڵێت: “خەڵک پشتیان بەوان [حدکا] نەبەستووە…. خەڵکی کورد موسڵمانن و ئێمەش بۆیان ڕوون دەکەینەوە، ئەوان هم موسڵمان و هەم ئۆگری خاکی ئێرانن.”
لە کۆتاییدا، خومەینی دوای هەندێ پەیامی تر لەسەر بەرابەری و برایەتی لە نێوان ئێتنۆ-نەتەوەکاندا، بە بێ ئاماژە بەوەی کە مەبەستی لە بەرابەری چییە، لەکاتێکدا کە پێشتر فەرمانگەلێکی لە دژی هێزە کوردەکان دەرکردبوو، لە وتارێکدا لە ٢٩ی ئاگوستی ١٩٧٩، بە بێ ڕەچاوکردنی ماف و داواکارییە تایبەتەکانی کورد و دیکەی نەتەوەکان، ڕایگەیاند کە هیچ بژاردەیەک نییە بۆ برایانی موسڵمان بێجگە ‘پێکەوەژیان’، کە لەڕاستیدا بە واتای ژیان لە ژێر دەسەڵاتی فارسدا بوو:
لە ئیسلامدا ڕەگەز، گرووپ، دەستە، زمان، شتگەلێکی وەها لە ئارادا نییە. ئیسلام بۆ هەمووانە و لە بەرژەوەندی هەمووان. و ئێمە براتانین بە حوکمی قورئان، بە حوکمی ئیسلام؛ و لە یەکتر جیا نین. لەگەڵ کوردەکان، لەگەڵ تورکەکان، لەگەڵ بەلووچەکان، هەموو براین و دەبێ پێکەوە بژین. […] ئێمە لەگەڵتان براین، شەڕێکمان لەگەڵتان نییە. ئێوە و ئێمە لە بەرانبەر ئیسلام و یاسای ئیسلامدا بەرابەرین. بۆیە، هیچ ترسێک نییە و ئێمە دواتر ئەمەش بە ڕای گشتیی دەگەینین (Al-Khomeini 2014, V. 9, 329).
گەرچی دەسەڵاتدارانی ڕژێم دەیانزانی کە کوردەکان موسڵمانن و هێزە کوردەکان خودموختاری ئیسلامییان قەبووڵ کردبوو، بە بەردەوامی ڕایاندەگەیاند کە هێزە کوردەکان دەبێ موسڵمان بن و حکوومەتی ئیسلامییان هەبێت. بەم شێوەیە، ئەوان بە هاسانی ئەوانیان دەخستە دەرەوە و مافەکانیان ڕەچاو نەدەکرد. بۆ نموونە، بەنی سەدر رایگەیاند کە هێزە کوردەکان دەبێ ئایدۆلۆجیای رەژیم قبووڵ بکەن، موسڵمان بن و یاساکانی ئیسلام پێڕەو بکەن، پاشان بەرپرسەکان دەتوانن خودموختارییان پێ بدەن.(٢٣) بە ڕاگەیاندنی هێزە کوردەکان وەک ناموسڵمان، ئەو لەڕاستیدا ڕەتکردنەوەی مافی کوردی پاساو کرد. لەکاتێکدا کورد کە داوای خودموختاری دەکرد نەتەنیا زۆرینەی موسڵمان بوون و پێڕەوی یاسای ئیسلامی بوون بەڵکوو وەک کورد مافی مرۆییان هەبوو بۆ چارەی خۆ نووسین. بۆ ئەوان، ئەوە مافێکی مەرجدار نەبوو کە بەرپرسە بێگانەکان بیبەخشن.
بەرپرسەکان خەڵکی گرێدراو بە ڕژێم و ‘ڕێکخراوی پێشمەرگە موسڵمانەکان’ی، دامەزراو لەلایەن ‘سوپاسی پاسدارانی شۆرشی ئیسلامی’، وەک نوێنەرانی خەڵکی کورد پیشان دەدا، لەکاتێکدا نوێنەرە ڕاستەقینەکانیان قبووڵ نەدەکرد کە وەک پێشتر ئاماژە کرا هەندێکیان تەنانەت لەلایەن خەڵکەوە بە هەڵبژاردن هەڵبژێردرابوون، لەوانە قسملوو، نوێنەری هەڵبژێردراو بۆ ‘مەجلیسی خێبرگان’، و نوێنەرە کوردە هەڵبژێردراوەکان بۆ پەڕلەمانی یەکەمی پاش شۆڕش. بەنی سەدر، پاش ئەوەی کە بوو بە یەکەم سەرۆک کۆماری ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ گرووپێک لە کوردانی کۆکراو لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی و ‘سوپاسی پاسداران’ەوە، وتی: “ئێمە بە بیریشماندا نەهاتووە کە خۆ بە دەستی جیاییخوازییەوە بدەین و دەوڵەت ئامادەیە کە وەڵامێکی ئەرێنی بۆ داخوازی خەڵکی موسڵمان بداتەوە.”(٢٤) لەڕاستیدا، وەها ئیدیعاگەلێک بۆ خۆدزینەوە لە داخوازییەکانی خەڵک دەکرا. لە وتارێکی دیکەدا بە ئاماژە بەوەی کە خەڵکی موسڵمان و حکوومەتی ئیسلامی بەرگەی نامۆبوونی ئیسلام و موسڵمانان لە کوردستاندا ناگرن، وتی: “ئێمە دەمانەوێت نەتەوەی ئیسلام یەکبخەین […] کۆمەڵگایەکی ئیسلامیمان دەوێت کە تێیدا کورد، عەرەب و فارس، چینی، ڕووسی، ئەوروپایی و ئەمریکایی بتوانن وەک برا و خۆشک بژین.”(٢٥) بەوەشەوە، بە دابەشکردنی کۆمەڵگای کورد بە موسڵمان و ناموسڵمان، سەرکردە فارسەکان گوێیان بە نوێنەرانی زۆرینەی کورد نەدا، لەکاتێکدا کە ئاپۆڕەی موسڵمانیان لە دژی ئەوان وروژاند. بۆ وێنە، لە وتارێکدا کە دەقەکەی لە ڕۆژنامەکانی ‘اطلاعات’ و ‘کیهان’ لە ١٧ی مەی ١٩٨٠ دا بڵاو بووەوە، بەنی سەدر وتی: “برایانی موسڵمانی کوردی ئێمە لەوێدا پارێزگای خۆیان لە دەست ملهوڕەکان دەردەهێنن.”
هەموو ئەو نموونانەی سەرەوە هەوڵی سەرکردە فارسەکان بۆ بەهێزکردنەوەی ناسێنەی ئیسلامی لە بەرانبەر ناسێنەی کوردیدا پیشان دەدەن بۆ ئەوەی کە ئاپۆرەی خەڵک لە هێزە ناسیۆنالیستە کوردەکان جیا بکەنەوە و لاوازیان بکەن.
١-٢ یەکخستنی ئیسلامخوازیی و ئێرانخوازیی؛ پێکهێنانی دژمنێکی هاوبەش
یەکگرتوویی لەسەر بنەمای ناسێنەی ئیسلامی لەلایەن سەرکردە فارسەکانەوە بەکارهێنرا بۆ هاوتاکردنی ئێرانیزمی فارس-شیعە لەگەڵ ئیسلامیزمدا. لەڕاستیدا، بۆ پاراستنی زاڵێتی ئەم ئێرانیزمە، کردیان بە توخمی ناوەندی ئیسلامیزمەکەیان. بەو شێوەیە، هەموو داواکارییەکانی ئێتنۆ-نەتەوەکان بە دژی یەکیەتی موسڵمانان ڕاڤە کران. سەرکردە فارسەکان بە ناونانی هێزە کوردەکان وەک دژە-موسڵمان و دژە-ئیسلام، داوایان لێیان کرد کە بگەڕێنەوە سەر ئیسلام، ئەگەرنا لەلایەن ئیسلامەوە بە توندوتیژی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. ئەوان نەیاندەگوت کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، بەڵکوو لەلایەن ئیسلامەوە، ڕاوەدوودەنرێن، بۆ ئەوەی کە توندوتیژییەکانی خۆیان پاساو و ڕەوایی پێ بدەن. ئەوان تەنانەت سەربەخۆیی کوردستانیان لە ئێران وەک جیایی کورد لە ئیسلام سەیر دەکرد. لە وتارێکدا لە ٢٤ی ئاگوستی ١٩٧٩، خومەینی وتی:
برایانی کوردستانیم! خۆشەویستانم! کەسانێ کە فریوی ئەم سەرکردە خۆفرۆشانەتان خواردووە. بگەڕێنەوە بۆ ئیسلام. ئیسلام لێبوردنی هەیە؛ ئیسلام بۆ هەمووانە؛ ئیسلام دەروازەی ڕەحمەتە؛ بگەڕێنەوە داوێنی ئیسلام. دەست هەڵگرن لەم حیزبانە؛ لەم گرووپە گەندەڵانە. ئیسلام بە سۆزەوە لەگەڵتان هەڵسوکەوت دەکات؛ و لەگەڵ خەیانەتکاران بە توندوتیژی مامەڵە دەکات. خەیانەتکاران بە شمشێر و چەک سەرکوت دەکات […]. (Al-Khomeini 2014, V. 9, 310)
لەم کەش و بوارەدا، لە وتارێکی نوێژی هەینی لە ١٩٧٩ دا، حوسێنعەلی مونتەزری (١٩٢٢-٢٠٠٩)، سەرۆکی ‘مەجلیسی خێبرگان’ و پاشان جێگری ڕێبەری باڵای ئێران (١٩٨٥-١٩٨٩)، وتی: “برایانی کورد […] حیزبی دێمۆکرات بە ناوی ئازادی کوردستانەوە، بە کوشتتان دەدات. لە ئیسلام جیا مەبنەوە.”(٢٦) هەروەها، داریووش فرووهەر (١٩٢٨-١٩٩٨)، سەرکردەی حیزبی پان-ئێرانیست و سێکیولاری ‘حیزبی میللەتی ئێران’، لە وتارێکدا کاتێک بەرگری لە شیعەی دوانزە ئیمامە وەک ئایینی فەرمی لە یاسای بنەڕەتیدا دەکات، کورد وەک ‘ئێرانی و موسڵمان’ زەق دەکاتەوە.(٢٧) بەمجۆرە، هەوڵیدا مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد بخاتە پەڕاوێزەوە. هەروەها، لە دیمانەیەکی بڵاوەبوو لە ڕۆژنامەی ‘جمهوری اسلامی’ لە ٢٦ی دیسامبەری ١٩٧٩ دا، لە زمانی گەلی کوردەوە و لە جێی ئەوان قسە دەکات و بە ئاماژە بە کورد وەک “ئێرانیانی پەتی و پێڕەوانی ڕاستەقینەی ئیسلام،” ئێرانیبوونی لەگەڵ موسڵمانبوون کرد بە یەکێک، و ئیسلامی بەکارهێنا لە دژی داواکارییەکانی کورد، لەکاتێکدا کە ڕێکخراوە کوردەکانی تۆمەتبار کرد بە کەڵکی نالەبار وەرگرتن لە “ویستی خەڵکی کوردستان.”
بە یەکخستنی ئێرانیزمی فارس-شیعه و ئیسلامیزم، سەرکردە فارسەکان ناسیۆنالیزمی فارسیان هێندە پیرۆز کرد کە هیچ کەس نەتوانێت بەرەنگاری ببێتەوە. هەر مەترسییەک لەسەر ئێران و فارسی-ئێرانیزم وەک مەترسی لەسەر ئیسلام ڕاڤە دەکرا. بەم پێیە، بۆ ئەوان هەر دژمنییەک لەگەڵ ئێرانیزمەکەیان دژمنی بوو لەگەڵ ئیسلام کە دەبێ بە شەڕی پیرۆز (جیهاد) سەرکوت بکرێت. بۆیە، لە نێو برایانی موسڵمانیاندا بانگەوازی یەکیەتی ئیسلامییان کرد بۆ شەڕ لەگەڵ دژمنانی ئیسلامدا، واتە دژمنانی فارسی-ئێرانیزم، کە لە پیش هەموواندا ئەو کەسانەی دەگرتەوە کە زاڵیەتی ئێتنیسیتی فارسیان قبووڵ نەدەکرد. پاساودانی ئایینیی سەرکوتکردنەکە ڕێگای خۆش کرد بۆ ئەم سەرکردانە، بە وتەی سەباغییان، “بۆ بە توندوتیژیی مامەڵەکردن لەگەڵ هێزە کوردەکان و سەرکوتکردنیان بە حوکمی خوا.”(٢٨)
لە کاتی شەڕی پێنج ڕۆژە لە سنە (١٨-٢٢ی مارسی ١٩٧٩)، لە ١٩ی مارسدا خومەینی لە پەیامێکدا بۆ “خەڵکی موسڵمانی کورد”، وتی کە هەر جۆرە کردەوەیەک لە دژی هێزەکانی حکوومەت، کردەوەیە لە دژی ئیسلام و هێمنایەتی موسڵمانان (Al-Khomeini 2014, V. 6, 339). دواتر، بەپێی ئایەتی قورئان، سوورەی ‘الفتح’ (٤٨:٢٩)، لە وتارێکدا لە ١٧ی ئاگوستی ١٩٧٩ دا، ڕایگەیاند کە: “ئەم پیلانگێڕانە لە کوردستان و شوێنەکانی تر لە ڕیزی کافراندان؛ دەبێ بە توندی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت” (هەر ئەوە، ب. ٩، ٢٥٧). دوابە دوای ئەوە، لە فەرمانەکانی لە ١٨-١٩ی ئاگوستدا کە پێشتر باسیان کرا، فەرمانی بە هێزە چەکدارەکان کرد کە هێرش بکەنە سەر کوردستان. ئەو فەرمانانە ڕاگەیاندنی ‘جیهاد’ لە دژی هێزە کوردەکان بوو کە شەڕی سێ مانگەی (١٨ی ئاگوست – ١٧ی نۆڤەمبەری ١٩٧٩) لێکەوتەوە. لە پەیامێکدا لە ٢٠ی ئاگوست، ناوبراو هێزە کوردەکانی بە “گرووپگەلێکی دژمنی ئیسلام” ناوبرد و ناڕەوایی و نایاسایی بوونی ‘حدکا’ی وەک “حیزبی شەیتان” و سەرکردەکانی وەک “دژبەرانی ئیسلام” ڕاگەیاند و وتی کە برایانی موسڵمان نابێت گوێ بۆ بانگەشەکانیان بگرن و دەبێ یارمەتی هێزە ئیسلامییەکان بدەن بۆ گرتنیان (هەر ئەوە، ٢٨٣). لە پەیامێکی تردا لە ٢٢ی ئاگوستدا، سەرکردەی حیزبە کوردییەکانی وەک “خەیانەتکاران بە ئیسلام و بە میللەت” ڕاگەیاند (هەر ئەوە، ٢٨٨). و، لە پەیامێکی ڕادیۆیی لە ٢٤ی ئاگوستی ١٩٧٩ دا، ڕایگەیاند کە “ئەوانە موسڵمان نین” (هەر ئەوە، ٣٠٤). هەر بەو شێوەیە، مەهدی بازرگان کە ئیدیعای دەکرد باوەڕی بە دێمۆکراسی هەیە، لە هەندێ لێدواندا هیزە کوردەکانی بە “دژمنی شۆڕش و خەڵکی موسڵمانی کورد”(٢٩) و “دژە ئیسلام و دژە شۆڕش” ناوبرد و شەڕی سوپای ئێرانی لە ژێر ناوی “جیهاد بۆ ئێران و ئیسلام” پاساو دەکرد.(٣٠)
لە ماوەی شەڕ لە کوردستاندا، ڕژێم هەوڵیدا کە زانا ئایینییەکانی کورد جیا بکاتەوە و بە ناوی ئیسلامەوە لە دژی هێزە کوردەکان هانیان بدات. لە ٢٤ی ئاگوستی ١٩٧٩ دا، خومەینی داوای لە ‘عولەما’ کرد کە یارمەتی ئیسلام بدەن: “ئەی عولەمای کوردستان! گەنجەکانتان لە خەو هەستێنن. ئەی عولەمای کوردستان! پشتیوانی لە ئیسلام بکەن. ئەی عولەمای کوردستان! ئەم خەیانەتکارانە دەربکەن و فەرمان بدەن بیانگرن و بیاندەنە دەست دادگای ئیسلامی. مەهێڵن لە سنوورەکانەوە هەڵێن.” (Al-Khomeini 2014, V. 9, 310). لە ٣٠ی ئاگوستی ١٩٧٩ دا، وتی: “ئەی عولەمای پایەبەرزی کوردستان! لە [دۆخی] خەڵکی کوردستان تێبگەن!” (هەر ئەوە، ٣٣٩). لە نامەیەکیشدا لە ٣ی سێپتەمبەری ١٩٧٩ دا، وتی: “ئێمە ئەگەر جووڵەی گشتیی بکەین، ئەوە بۆ پشتیوانی لە برایانی کوردستانی و بۆ ڕزگارکردنیان لە دەست خراپکارانە؛ و بە ویستی خوای گەورە، بەو زووانە ئەو خراپکارانە دەسڕینەوە، و بە توندی سەرکردە خەیانەتکارەکانیان بە هۆی کارەکانیانەوە سزا دەدەین” (هەر ئەوە، ٣٥٦).
هەروەها کە وارد ئاماژە دەکات، بیروباوەڕی ئایینیی یەکێک لەو فاکتەرانە بووە کە لە بیچمدان و تۆکمەیی هێزە چەکدارەکان هەر لە سەردەمی ئەخەمەنەکانەوە تاکوو ئێستا کاریگەر بووە (Ward 2009, 312). ناسیۆنالیستە فارسی-ئێرانییەکانیش ئەو بیروباوەڕەیان بەتایبەت لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩ بەکارهێنا. چەند مانگێک پاش ئاگربڕ، کاتێک ململانێیەکە لە مارس-ئاپریلی ١٩٨٠ دا دەستی پێ کردەوە، بەنی سەدر بۆ ورووژاندنی ئاپۆرەی خەڵک و پاساودانی فەرمانەکەی بە هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ هێرش کردنە سەر کوردستان، کوژراوەکانی ڕژێمی گرێ دا بە ڕەمز و هێما ئیسلامییەکانەوە. لە وتارێکدا لە ١ی ئاپریلی ١٩٨٠ دا، وتی: “ئەوان [هێزە کوردەکان] سێ مەلایان، کوڕانی پێغەمبەر، کوشتووە. […] لەم ساتەوە هێزی چەکدار بۆی نییە پێڵاوەکانیان داکەنن، مەگەر ئەوەی کە ئەو خاکە [کوردستان] لە یاخیبووان بسڕنەوە.”(٣١) بەنی سەدر بە داواکردن لە پێشنوێژان و وتاربێژانی هەینی لە هەموو شارەکاندا بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ڕژێم، چەکدارە کوژراوەکانی ڕژێمی کرد بە “شەهیدانی ئیسلام و ئێران.”(٣٢) بە لێکچواندنی هێزە ئێرانییەکان بە هێزەکانی ئیسلام، هێزە کوردەکانی بە هێزەکانی ‘کوفر’، هەروەها ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هێزە ئێرانی و کوردەکانی بە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ئیسلام و ‘کوفر’ چواند: “لە کوردستاندا ئیسلام لەگەڵ ‘کوفر’ ڕووبەڕوو بوو و ڕووبەڕوویە.”(٣٣) لە وتارێکدا، بڵاوەبوو لە ڕۆژنامەی ‘کیهان’ لە ١٢ی جوونی ١٩٨٠ دا، بەنی سەدر هیوای خواست کە جیهادی چەکدارەکانی ڕژێم وەک ‘سوپای مەعنەوی پێغەمبەر محەمەد’ بێت.
هەروەها، ڕژێم بە بەکارهێنانی ئایین هەوڵیدا هێزە کوردەکان، بەتایبەت ‘حدکا’ لە گۆڕەپانی گشتیدا بەدناو و ناشیرین بکات. بۆ نموونە، خاڵی نۆیەم لە پلانێکی نهێنی ١١ خاڵیی ناوەندی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵی ١٩٨١ دا فەرمانی بە هێزەکانیان کردبوو بۆ: “ناوزڕاندنی حدکا لە بیروڕای گشتیدا و لاوازکردنی سەرکردایەتی ئەو حیزبە” (Hussami 1993, 193). بە شێوەی ئاسایی ناشیرینکردن و ناوزڕاندنەکە کە زۆرتر بە شێوەی پیشاندانی ‘حدکا’ بە دژە-ئیسلام بوو، لە شوێنە ئایینییەکان و لە ڕێگەی مەلاکانەوە جێبەجێ دەکرا. بەم شێوەیە، لەوێوە کە ئێرانچییەتی فارس-شیعە دڵی ئیسلامخوازییەکەیان بوو، سەرکردە فارسەکان هێزە کوردەکانیان کرد بە ‘ئەوی تر’ی ئیسلام، و ئەوانیان بە دژمنانی ئیسلام ڕاگەیاند تاکوو هاسانتر سەرکوتیان بکەن.
١-٣ پێوەنددانی هێزە کوردەکان بە دژمنانی دەرەکی دژە ئیسلام
پاش شۆڕشی ١٩٧٩، لەکاتێکدا کە ڕژێمی ئیسلامی دروشمی “نە ڕۆژهەڵات نە ڕۆژئاوا”ی دەدا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەلایەن خومەینییەوە بە شەیتانی گەورە ناودەبرا، بە کردەوە پێبەستەی زلهێزە ڕۆژهەڵاتییەکان بوو. بەوەشەوە، گرووپە دژبەرەکانی بە دەستی دژمنە دەرەکییە دژە-ئیسلامەکان لە ناوخۆی وڵاتەکە ناودەبرد بۆ ئەوەی کە سەرکوتیان بکات. ئەو ڕژێمە بەتایبەتی لە ململانێی نێوان موسڵمانان و زایۆنییەکان کەڵکی وەرگرت بۆ هاندانی خەڵک لە دژی ئۆپۆزیسیۆنەکەی وەک لایەنگرانی زایۆنیزم. لەم پێوەندییەدا، بە پێوەنددانی هیزە کوردەکان بە شەیتانی گەورە، زایۆنیزم و کۆمۆنیزمەوە، ئیسلامخوازە کوردەکانی لە ڕەوتی سەرەکی بزووتنەوەی کوردی جیا کردەوە و ڕێگای خۆش کرد بۆ هێرش کردنە سەر کوردستان. لەکاتێکدا کە وێرای جەختکردن لەسەر ئەوەی کە زۆرینەی کورد موسڵمانن، کوردەکان ڕایانگەیاند کە ئەوان تەنیا وەک کورد داوای مافی مرۆیی خۆیان دەکەن.
لە ماوەی شەڕی پێنج ڕۆژەی سنە، لە وتارێکدا لە ١٩ی مارسی ١٩٧٩ دا، خومەینی هەر هێرشێک لە دژی هێزە چەکدارەکانی ڕژێمی بە کردەوەی ناموسڵمانان و بیانییەکان ناوبرد کە دەبێ بە زەبری هێز لە نێو ببردرێن (Al-Khomeini 2014, V. 6, 339). بەم پێیە، هێزە کوردەکان وردەوردە پێوەند دران بە هێزە دژە ئیسلامەکانەوە. لە ١٣ی جوونی ١٩٧٩ دا خومەینی ئاماژە دەکات کە: “لە کوردستاندا بە دەستی بیانییەکان، بە دەستی حیزبەکانی سەر بە بیانییەکان، ئاژاوەیەکی گەورە پێکهات” (هەر ئەوە، ب. ٨، ١٣١). لە پەیامەکەیدا لە ٢٠ی ئاگوستی ١٩٧٩ دا، هێزە کوردەکانی بە “بریکارانی بیانییەکان” ڕاگەیاند کە چالاکییەکانیان “لە دژی بزووتنەوەی ئیسلامییە.” بە وتەی ئەو ‘حدکا’ “ڕاستەوخۆ گرێدراوی ئەمریکا و زایۆنیزم بوو” (هەر ئەوە، ب. ٩، ٢٨٣). دواتر، سادق تەباتەبایی (١٩٤٣-٢٠١٥) جێگری سیاسی سەرۆک وەزیران و دەمڕاستی حکوومەت لە حکوومەتی کاتیدا کە سەر بە نێهزەتی ئازادی ئێران بوو، هێزە کوردەکانی پێوەنددا بە ئیسرائیلەوە و لە دیمانەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا وتی: “ئیسرائیل و زایۆنیزمی نێودەوڵەتی دەیانەوێت ئیسرائیلی دووەم لە ناوچەکەدا، لە ناوچەی هاوبەشی کوردەکان لە کوردستانی ئێران، عێراق و تورکیا، پێکبهێنن.”(٣٤) هەروەها، داریووش فرووهەر لە دیمانەیەکدا ئەوانی بە “بێگانە و زایۆنیست” ناوبرد کە دەزگای ‘مووساد’ چەکۆچۆڵیان بۆ دەنێرێت.(٣٥) بەم شێوەیە، سەرکردە فارسەکان بۆ سەرکوتکردنی هێزە کوردەکان پێوەندیاندان بە دژمنانی بیانی دژە ئیسلامەوە. هەروەها کە فرووهەر لە دیمانەیەکی تردا بە شێوەی ڕەخنە لەخۆیان ئەیدرکێنێت، ڕژێم لەڕاستیدا وەک ڕۆیشتن بۆ “شەڕی خاچپەرستیی”، بە مەبەستی جیهاد هێرشی دەکردە سەر کوردستان.(٣٦) تەنانەت لە چەمکی فەتحی کوردستان کەڵکی وەردەگرت کە واتایەکی ئایینیی بەهێزی هەیە بۆ شەڕی پیرۆز لە دژی ناموسڵمانان (بڕوانە: Soleimani and Mohammadpour 2020)، لەکاتێکدا کوردەکان موسڵمان بوون.
- بەرخۆدان بە دەستەوداوێن بوونی وێژمانی ئیسلامی
لە ماوەی شۆڕشی ١٩٧٩ دا، کورد و ئێتنۆ-نەتەوەکانی تر لە دژی ڕژێمی شا لە ئێران ڕاپەڕین. پاش شۆڕشەکە، بۆ ماوەی ٥-٦ مانگ لە سەردەمی حکوومەتی کاتیدا هەندێ ئازادی هەبوو. سەرکردە و ڕێکخراوە نافارسەکان داوای کۆبوونەوەی دامەزرێنەران (‘مەجلیسی دامەزرێنەران’) پێکهاتوو لە نوێنەرانی خەڵکیان کرد کە لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا هەڵبژێردرابێتن تاکوو یاسایەکی بنەڕەتی دێمۆکراتیک پەسەند بکەن کە دان بە مافەکانیاندا بنێت بەتایبەت لە ڕێگای هەرێمە خودموختارەکانەوە. کوردستان لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە کوردەکاندا بوو. ئەوان، بەتایبەت حدکا، دروشمی ‘دێمۆکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان’یان برەودا. لە ڕێگای پەیوەندیکردن بە حکوومەتی ناوەندییەوە لە سەرەتادا، ئەوان ئامادەبوونی خۆیان بۆ هاوکاری لەگەڵیدا ڕاگەیاند بۆ پێکهێنانی ئێرانێکی دێمۆکراتیک کە تێیدا مافی هەموو خەڵک ڕەچاو بکرێت. لە بەرانبەردا، سەرکردە فارسەکان کە خۆیان هیچ کێشەیەکی نەتەوەییان نەبوو، لە ژێر سەرپۆشی ناسێنەی ئایینیدا شێوازێکی نادێمۆکراتیکیان لە دژی نافارسەکان گرتەبەر. سەرەتا، لە کەشی شۆڕشگێڕانەدا و بە وێژمانی ئیسلامی، پێش پێکهێنانی ‘مەجلیسی دامەزرێنەران’ و پەسەندکردنی یاسای بنەڕەتی، و بە بێ پێشکەشکردنی زانیاریی پێویست لەسەر ناوەڕۆکی ڕژێمی نوێ، ئەوان زۆر خێرا ڕێفراندومێکیان لە ٣٠-٣١ی مارسی ١٩٧٩ دا بەڕێوەبرد بۆ دەنگدان تەنیا بە یەک بژاردە، و ناوی ڕژێمەکەیان نا ‘کۆماری ئیسلامی ئێران’. پاشان، هەڵبژاردنێک بەڕێوەچوو بۆ پێکهێنانی ‘مەجلیسی خێبرگان’ بە جێی ‘مەجلیسی دامەزرێنەران’. هەروەها کە پێشتر ئاماژە کرا، بە بیانووی ئایینیی هەندێ لە نوێنەرە نافارسەکان کە لە ناوچەکانی خۆیاندا لەلایەن خەڵکەوە هەڵبژێردرابوون، ڕێگەیان پێ نەدرا کە لە ‘مەجلیسەکەدا’ بەشداری بکەن؛ هەروەها هەندێکی تریان لە ماوەی دانیشتنەکاندا پاشەکشێیان کرد و مەجلیسەکەیان بەجێهێشت لەبەر ئەوەی کە بیروڕایان لەلایەن نوێنەرە فارسەکان و سەرکردەکانی ڕژێمەوە ڕەچاو نەدەکرا. بەم شێوەیە، بە بێ ڕێککەوتن و گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە، یاسای بنەڕەتی پەسەند کرا، لەکاتێکدا کە مافی خەڵکانی نافارس، ناشیعە و کەمینەکانی تر ڕەچاو نەکرا (بڕوانە: Mofidi 2019). هەروەها، ئەوان لە چالاکی یاسایی حیزبە کوردییەکان وەک حیزبگەلێکی دژە-ئیسلام و دژە-شۆڕش بەرگیرییان کرد و ڕێگەیان بە نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانیان نەدا کە لە یەکەم پەڕلەماندا ئامادە ببن. وەک پێشتریش ئاماژە کرا، سەرکردە فارسەکان وێژمانی ئیسلامییان بەکارهێنا بۆ پەڕاوێزخستنی ئەوانی تر و زاڵبوون بە سەر کەش و دەرەتانی سیاسیدا. لە وەها هەلومەرجێکدا بوو کە هێزە کوردەکان بە ناچاری دەستەوداوێنی هەر ئەو وێژمانە بوون بۆ خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەی ڕژێم بۆ بەدەستهێنانی مافە ئێتنۆ-نەتەوەییەکانیان و پووچەڵکردنەوەی پلانەکانی سەرکردە فارسەکان. ئەوان جەختیان لەسەر ئەوەی کرد کە زۆرینەی کورد موسڵمانن و بەپێی وانە ئیسلامییەکان دەبێت بەرابەری نێوان خەڵکی فارس و نافارس ڕەچاو بکریت.
٢-١ داواکاریی بۆ بەرابەریی موسڵمانان
بەپێچەوانەی ڕامیارانی فارسی-ئێرانی کە جەختیان لەسەر ئیسلام و برایەتی موسڵمانان دەکرد بۆ داپۆشینی قەڵشتە ئێتنۆ-نەتەوەییەکان، بۆ تواندنەوەی ئێتنۆ-نەتەوەکان و بۆ پاساودانی کردەوەکانیان لە دژی کورد، سەرکردە کوردەکان لەسەر بنەمای بەرابەری برایانی موسڵمان داوای مافە ئێتنۆ-نەتەوەییەکانی خۆیان دەکرد.
سەرەتا، لە ژێر کاریگەریی زاڵیەتی وێژمانی ئیسلامی لە ئێران، زۆربەی سەرکردە کوردەکان لە دژی ‘کۆماری ئیسلامی’ نەبوون بە مەرجێ کە دێمۆکراتیک بێت و تێیدا کورد مافی خۆی هەبێت. لەڕاستیدا، سەرکردە کوردەکان خوێندنەوە و پێناسەیەکی سێکیولار و دێمۆکراتیکیان لە ڕژێمی ئیسلامی هەبوو. بە ڕای عێزەدین حوسێنی، کورد دەیتوانی داواکارییەکانی لە دەوڵەتی ئیسلامی ڕاستەقینەدا لە ئێران بەدەستبهێنێت: “هەلی یەکگرتوویی هەموو نەتەوەکانی ئێران و ئازادی تەواو و ڕاستەقینە لە دێمۆکراسییەکی سەدا سەد ئیسلامیدا، تەنیا کاتێک دەڕەخسێت کە هەموو نەتەوەکانی ئێران بریتی لە کورد مافی چارەی خۆنووسینیان هەبێت […]. لەم حکوومەتەدا [حکوومەتی خودموختاری کوردستان] دەوڵەت لە ئایین جیا دەبێتەوە … .”(٣٧) ئەو وەها دەوڵەتێکی ناونا ‘حکوومەتی ئیسلامی ڕاستەقینە’ کە تێیدا بەپێی قورئان خەڵک ئازادی ڕادەربڕینیان هەیە و هەموو ئێتنۆ-نەتەوەکان و کەمینە ئایینییەکانی وەک زەردەشتیی و بەهائیەکان و تەنانەت خەڵکی نائایینیی مافی خۆیان هەیە.(٣٨) لە پەیامێکدا بۆ خومەینی، حوسێنی ئاماژەی کرد کە “نەتەوەی کورد چاوەڕوانی ئەوەی هەیە کە شۆڕشی ئیسلامی وەڵامێکی ئەرێنی بۆ هەموو ئامانج و ئاواتە مێژووییەکانی بداتەوە و هەموو ستەم و هەڵاواردنە ئایینیی و نەتەوەییەکان بۆ هەمیشە بسڕێتەوە.”(٣٩) لە پەیامێکی تردا بۆ خەڵکی مەریوان و کامیاران، داوای بەدێهاتنی مافی هەموو نەتەوە بندەستەکانی ئێرانی کرد وەک دەسکەوتی شۆڕشی ئیسلامی.(٤٠) ناوبراو لە دیمانەیەکدا جەختی لەسەر ئەوەی کردەوە کە داواکردنی “خودموختاری لە ئێرانێکی ئازادکراودا” بۆ گەلی کورد بەپێی قورئانە.(٤١)
تەنانەت کاتێک ئایدۆلۆجیای ئیسلامی زاڵ بوو، سەرکردە سێکیولارەکان بە ناچاری هەوڵیاندا کە لەگەڵ وێژمانی ئیسلامی ڕاهاتوو بن بۆ بەدەستهێنانی مافی کورد. قاسملوو کە لە باری تاکەکەسییەوە سێکیولار و مارکسیست بوو، بە دیتنی زاڵبوونی ئیسلامخوازەکان لە کەشی پاش شۆڕشدا، هەوڵیدا کە سیاسەتەکەی لەگەڵ بارودۆخەکەدا بگونجێنێت. لە دیمانەیەکدا، وتی: “لە کۆمارێکی ئیسلامیدا، داواکارییەکانی خەڵکی کورد دەکرێ بە هاسانی چارەسەر بکرێت.”(٤٢) بە ڕای ئەو، “هیچ دژایەتییەک لە نێوان پرسی خودموختاری و ڕژێمی کۆماری ئیسلامیدا نییە.” هەروەها، کەریم حیسامی یەکێکی تر لە سەرکردە سێکیولار و مارکسیستەکانی حدکا، لە وتارێکدا لە ٦ی جوونی ١٩٨٠ دا وتی: “ئێمە لامان وایە لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا ئیمکانی ئەوە هەیە گەلی کورد بە مافی خودموختاری بگا” (Hussami 1993, 58).
بەوەشەوە، سەرکردە کوردەکان زۆر زوو لە مەبەستی سەرکردە فارسەکان لە دژی ئێتنۆ-نەتەوەکان بە ناوی ئیسلامەوە تێگەیشتن. ئەوان ڕێفراندوم بۆ کۆماری ئیسلامییان بایکۆت کرد لەبەر ئەوەی کە ناوەڕۆکی وەها کۆمارێک دیار نەبوو. بە ڕای عێزەدین حوسێنی ڕاستییەکەی ئەوە بوو کە ڕژێمی نوێ “دیکتاتۆریەتێک بە ناوی ئیسلامەوە” بوو و “ڕژێمێکی ئیسلامی نەبوو” (Romano 2006, 235). هەروەها کە ناوبراو وتبووی، بە ڕای ئەو ئایینێ کە “ببێتە هۆی ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵک لەگەڵ یەکتر، ئایینێکی ئیلاهی نییە.”(٤٣) لە دژکردەوە بۆ بەکارهێنانی ئیسلام و یەکیەتی موسڵمانان لەلایەن ڕژێمەوە لە دژی کورد، ناوبراو جەختی کردەوە کە: “ئیسلام بە پێویستی نازانێت کە هەموو موسڵمانان لەلایەن تاقە گرووپێک لە خەڵک حوکمڕانی بکرێن. دان بەوەدا دەنێت کە خەڵک دابەش کراون بە سەر گرووپ، نەتەوە و هۆزە جیاوازەکاندا. هیچ هۆیەک لە ئیسلامدا نییە کە ئەم گرووپانە نابێت کاروباری خۆیان هەڵسووڕێنن” (هەر ئەوە).
هەروەها، لە دیمانەیەکدا حوسێن خەلیقی، کەسایەتییەکی سەربەخۆ و پاشان ئەندامی حدکا و یەکێک لە سەرکردەکانی لە ١٩٨٠ بەملاوە، بە ئاماژە بە ئایەتەکانی قورئان و دژایەتی لەگەڵ دامەزراندنەوەی حکوومەتێکی تری شیعە-سەفەوی، دەیگوت مافی ئێتنۆ-نەتەوەکان لەلایەن قورئانەوە دیاریی کراوە و لە سەرتانسەری مێژووی ئیسلامدا هەبووە و ئەگەر سەرکردەکانی ڕژێم هەندێ لە حوکمەکانی قورئان لە پێوەندی لەگەڵ مافی ئێتنۆ-نەتەوەکان ڕەچاو نەکەن، ئیمانیان ناتوانێ “ئیمانێکی ئیسلامی و بنەمای حکوومەتێکی کۆماری ئیسلامی” بێت.(٤٤) بەم شێوەیە، سەرکردە کوردەکان دەستەوداوێنی وێژمانی ئیسلامی بوون بۆ پاراستنی جۆراوجۆریی ئێتنۆنەتەوەیی، هەروەها بۆ بەدەستهێنانی مافی کورد. سەرەڕای ئەوە، سیاسەتوانانی فارس بەردەوام بوون لەسەر ڕاپەڕاندنی سیاسەتی پەڕاوێزخستن، لەکاتێکدا کە پلانەکەیشیان بۆ جیاکردنەوەی گرووپە ئیسلامخوازەکان وەک موسڵمان لە هێزە کوردەکان وەک ناموسڵمان و دژە-ئیسلام، بۆ پاساودانی هێرش کردنە سەریان، سەرکەوتووانە بوو.
٢-٢ ڕەتکردنەوەی ‘دژایەتی لەگەڵ ئیسلام’
کاتێک سەرکردە فارسەکان لە وێژمانی ئیسلامی لە دژی هێزە کوردەکان و داواکارییەکانیان کەڵکیان وەرگرت و ئەوانیان بە دژە ئیسلام و ناموسڵمان ڕاگەیاند، سەرکردە کوردەکان بە جەختکردن لەسەر موسڵمانبوونی زۆرینەی کورد، ڕایانگەیاند کە هێزەکانیان لە نێو کۆمەڵگای کوردییەوە سەریان هەڵداوە و کێشەیەکیان لەگەڵ ئیسلام نییە. بێجگە هەندێ گرووپی ئایینیی کە پێشتر ئاماژەیان پێ کرا و داواکاریی نەتەوەییشیان هەبوو، هەندێ سەرکردەی ناسیۆنالیستیش کەسانێکی ئایینیی بوون و زۆرینەی ئەندامانی حیزبە کوردییە سێکیولارەکان موسڵمان بوون. ئەوان پێیان وابوو کە کێشەکە سیاسییە و پێوەندیی بە مافی مرۆڤەوە هەیە. بەم شێوەیە، ئەوان دژکردەوەیان هەبوو لە بەرانبەر مانۆڕی سیاسیی سیاسەتوانە فارسەکان بۆ پەڕاوێزخستنی داواکارییەکانی کورد بە دابەشکردنیان بەسەر موسڵمان و ناموسڵماندا. بۆ نموونە، قاسملوو جەختی لەسەر کورد وەک نەتەوەیەکی موسڵمان کرد کە دەیەوێت لە کۆماری ئیسلامیدا وەک برا پێکەوە لەگەڵ نەتەوەکانی تر بژین.(٤٥) بە وتەی ئەو، زۆرینەی ئەندامانی حدکا موسڵمان بوون، گەرچی ئەو حیزبە حیزبێکی سێکیولار بوو (Qasimlou 2006, 30). ناوبراو لە دیمانەیەکیشدا وتی:
نەتەوەی کورد نە لە دژی ئیسلام و نە لە دژی کۆماری ئیسلامی ڕاپەڕیوە، بەڵکوو لە مافی ڕەوای خۆی بەرگری دەکات، و ئەوانیش [سەرکردەکانی ڕژێم] بەپێی ئەرکی ئیسلامی، مرۆیی و نیشتیمانی خۆیان دەبێ لەم مافە ڕەوایە بۆ خەڵکی کوردستان داکۆکی بکەن. […] ئێمە نەتەنیا باوەڕی دژە ئیسلامیمان نییە بەڵکوو وەک دەبینن زۆربەی خەڵکی کوردستان موسڵمانن، حیزبی ئێمە لە قووڵایی کۆمەڵگای کوردستانەوە سەریهەڵداوە، زۆربەی ئەندامانی حیزبەکەمان موسڵمانن، باوەڕی قووڵیشیان بە بنەماکانی ئیسلام هەیە. ئێمەش وەکوو حیزبێکی سیاسی باوەڕمان بەم ئیمانە قووڵەی خەڵکی کوردستان هەیە. بە گشتیی، ئێمە موسڵمانین.(٤٦)
ڕێبەرانی کورد بە قسەی لەو شێوەیە بە سەرکردە فارسەکانیان ڕاگەیاند کە ئەگەر ئەوان برای یەکتر بن دەبێ هەردوولا مافی بەرابەریان هەبێت. بەپێچەوانەوە، برایەتی واتایەکی نییە. پاش هەندێ دانوستان لەسەر خودموختاری لە نێوان بەرپرسە حکومییەکان و سەرکردە کوردەکان، لە کۆتاییدا نووری، نوێنەری ڕەهای بەنی سەدر سەرۆک کۆماری ئێران بۆ وتووێژ لە کوردستاندا، پێشنیاری کرد کە وشەی ‘ئیسلامی’ بخرێتە سەر وشەی ‘خودموختاری’ کە ببێت بە ‘خودموختاری ئیسلامی’. بە ئاگایی لەسەر ئەوەی کە بە ناوی پاراستنی یەکیەتی موسڵمانانەوە ڕژێمی شیعە چەمکی نەتەوایەتی بۆ ئێتنۆ-نەتەوە نافارسەکان قبووڵ ناکات، قاسملوو ئەو پێشنیارەی بە وتەی خۆی “بە خۆشییەوە قبووڵی کرد.”(٤٧) لە وتارێکدا لە ١٩٧٩ دا، ناوبراو ڕایگەیاند کە “میللەتی کورد زۆربەی زۆری موسڵمانە و ئەگەر خودموختاری ئیسلامی بدرێ بە میللەتی کورد، قەبووڵی دەکا و پێشی خۆشە” (Qasimlou 2004, 359). هەرچۆنێک بێت، سەرکردە کوردەکان بە خۆشییەوە حکوومەتێکی ناوچەیی ئیسلامییان لە ناو ڕژێمی ئیسلامیدا قبووڵ کرد. بەوەشەوە، ڕژێم خودموختاری ئیسلامیشی ڕەت کردەوە، گەرچی دەیتوانی نموونەیەک بێت لە بەرابەری موسڵمانان. لەڕاستیدا، ئەوە هەموو یاری و گەمەی ڕژێم بوو بۆ بەهێزکردنەوەی خۆی. پاش شەڕی سێ مانگە لە نێوان هەردوولادا، ئەو پێشنیارەی بۆ کڕینی کات بوو بۆ بەڕێوەبردنی ڕێفراندومی یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامی و پاشان بەڕێوەبردنی یەکەم هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی و پەڕلەمان، هەروەها بە وتەی قاسملوو “بۆ پتەوکردنی دەسەڵاتەکەی و بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی” (Qasimlou 1981, 16).
کەواتە، بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان لە ناو ڕژێمی ئایینیدا، سەرکردە کوردەکان هەوڵیاندا ڕاهاتوو بن لەگەڵ وێژمانی زاڵ. بەوەشەوە، ڕژێمەکە هیچ جۆرە خودموختارییەکی بۆ کورد بە فەرمی و بە یاسایی قبووڵ نەکرد. ئەمە بووە هۆی دەسپێکردنەوەی شەڕ و درێژەی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.
٢-٣ ڕاگەیاندنی ڕژێمی شیعە وەک دژە-ئیسلام
بە درێژایی مێژوو، پێڕەوانی ئایینزاکانی سوننە و شیعە (وەک کەمینەیەک لە جیهانی ئیسلامدا بەڵام وەک زۆرینە لە ئێرانی سەردەمدا) یەکتریان تۆمەتبار کردووە بە هەبوونی هەندێ بیروباوەڕی نائیسلامی. پاش شۆڕش، لەکاتێکدا کە ڕژێم بە ڕواڵەت ناسێنەی ئیسلامی گشتیی لە دژی ناسێنە نافارسەکان زەق دەکردەوە، لەڕاستیدا و بە کردەوە ئایینی شیعەی وەک باوەڕی ڕاستەقینە بەهێز دەکردەوە. سەرکردە فارس-شیعەکان نەتەنیا ئایینی شیعەیان وەک ئایینی دەوڵەت لە یاسای بنەڕەتیدا (بنەمای ژ. ١٢) پاراست، بەڵکوو بنەمایەکی تریشیان (ژ. ٥) لەسەر ‘ویلایەتی فەقیه’ زێدە کرد. ئەمە ناکۆکییەکی گرنگی لە نێوان پیڕەوانی دوو ئایینزاکەدا لێکەوتەوە. سەرکردە سوننەکان، بریتی لە سەرکردە و نوێنەرانی کوردی سوننە، بە توندی لە دژی ئەوە وەستان و وەک کردەوەیەک لە دژی ئیسلام و یەکیەتی ئیسلامی ڕایانگەیاند. ئەم بابەتە بەتایبەتی کاریگەر بوو لەسەر هەڵوێستی ئیسلامخوازە کوردەکان لەوانە موفتیزادە، کە وەک پێشتر ئاماژە کرا لە سەرەتادا هاوکاری ڕژێمی ئیسلامییان دەکرد. موفتیزادە ناڕەزایەتی دەربڕی لەسەر ئەو بنەمایانە لە یاسای بنەڕەتیدا.(٤٨) لەگەڵ هەستی ئیسلامخوازیدا، ڕژێم هەستی خەڵکی شیعەی بەکارهێنا بەتایبەت لە ناو کوردە شیعەکاندا لە دژی هێزە کوردەکان کە زۆرتر سوننە بوون. بەپێچەوانەوە، خەڵکی سوننە کە بە شێوەی ئاسایی شیعەیان وەک موسڵمان قبووڵ نەبوو، هاوسۆزییان لەگەڵ ڕێکخراوە کوردەکان هەبوو.
کاتێک ڕژێم بە ناوی ئیسلامەوە هێرشی کردە سەر کوردستان، لە بەرانبەردا سەرکردە کوردەکان لەگەڵ هەستی ناسیۆنالیستی کوردیدا دەستەوداوێنی ئەو ناکۆکییە ئایینییەی سەرەوەش بوون، بۆ هاندانی خەڵک بۆ بەرگری و شەڕ لە دژی ڕژێمی شیعە. لەو پێوەندییەدا، قاسملوو سەپاندنی بنەمای ‘ویلایەتی فەقیهی’ وەک هۆیەک بینی بۆ ناکۆکی لە نێوان باوەڕدارانی ئیسلامی لەبەر ئەوەی کە خەڵکی سوننە دەکات بە هاووڵاتییانی پلە دوو (Qasimlou 1981, 15). لە وتەیەکدا لە سێپتەمبەری ١٩٨٢ دا، بڵاوەبوو لە ڕۆژنامەی کوردستان ژ. ٨٦، ناوبراو ڕایگەیاند کە: “ڕژێمی خومەینی درۆ دەکا ئەگەر وەها دەنوێنێ کە گۆیا لەگەڵ حیزبی دێمۆکراتی کوردستان شەڕ دەکا، شەڕی خومەینی لەگەڵ هەموو خەڵکی کوردستانە. خومەینی ڕقی لە کوردستانە. چونکە موسڵمانن و ‘ویلایەتی فەقیهی’ خومەینی-یان کە ئیستبداد و سەرەڕۆیی سەدەکانی نێوەنجی زیندوو دەکاتەوە، قبووڵ نییە ” (Qasimlou 2006, 176). لە دژی ڕژێم، حدکا پەنای برد بۆ مەلا سوننەکان و تەشەنەیان لە ناو خەڵکیدا بۆ ئاگادارکردنەوەی خەڵک لە دژی ڕژێمی شیعە وەک رەژێمێکی ناموسڵمان. قاسملوو وتی:
مامۆستایانی ئایینیی دەبێ خەڵک تێبگەیەنن کە خومەینی بە ناوی ئیسلام کارێک دەکا کە هیچ کافرێک نەیکردووە، پێویستە جینایەتەکانی ڕژێمی خومەینی بۆ هەموو خەڵک ڕوون بکرێنەوە. مامۆستایانی ئایینی دەبێ ئەسڵی ‘ویلایەتی فەقیه’ وەک نەزەرێکی کۆنەپەرستانە و دژی ئیسلام ڕەت بکەنەوە و کۆمەڵانی خەڵک بۆ دیفاع لە ئازادیی نیشتیمانی خۆیان هان بدەن (Qasimlou 2006, 178).
بەم شێوەیە، بەهێزکردنەوەی ئایینی شیعە لەلایەن ڕژێمەوە و دوابەدوای ئەوە گەشەی ناکۆکی فیرقەیی، گرنگایەتی وێژمانی ئیسلامی لە چارەسەریی کێشە ئێتنۆ-نەتەوەییەکاندا کەم کردەوە. ناکۆکییەکە لەسەر بەرخۆدانی هێزە کوردەکان کاریگەر بوو. ئەوان پەنایان بۆ ئەوە برد لە دژی خراپ بەکارهێنانی وێژمانی ئیسلامی لەلایەن ڕامیارانی فارسەوە کە بێمتمانەیی بە ڕژێمی ئیسلامیشی زیاتر کرد. بۆ نموونە، چەند ساڵ دواتر (لە ١٩٨٤) لە ماوەی شەڕی نێوان حدکا و ڕژێمدا، ڕژێم بە نهێنی پێشنیاری وتووێژی کرد، لەسەر بنەمای قورئان وەک دادوەر. بەڵام حدکا ئەوەی بە فریو و بەکارهێنانی قورئانی وەک ئامرازێک سەیر کرد، هەروەها کە ڕژێم پێشتر ئەو کارەی کردبوو. لە بەرانبەردا، حدکا پێشنیاری وتووێژی فەرمی و کراوەی کرد لەبەر ئەوەی کە کێشەکە نەک ئایینیی بەڵکوو سیاسیی بوو. حدکا وێرای ئاماژە بە ڕێزگرتن لە ئیسلام، ڕایگەیاند کە کێشەکە لەوەدایە کە ڕژێم ماف و داواکارییەکانی کورد قبووڵ ناکات (هەر ئەوە، ٣١ و ٤١). لە کۆتاییدا، ڕژێم بە بەکارهێنانی هێزی چەکداری توندوتیژ درێژەیدا بە سەرکوتی هێزە کوردەکان و ئەوانیش لە بەرانبەریدا تا بۆیان کرا خۆڕاگرییان گرت.
باسکردن: کردەکانی یەکخستن، وەجووڵەخستن و ڕەوایی پێدان
بەپێی ڕادەی تەشەنەی ئایین لە کۆمەڵگاکاندا و بارودۆخی کۆمەڵایەتی-سیاسیی، کردەی سیاسیی ئایین لایەنی جیاوازی لە ئاستە جیاوازەکاندا هەیە. بە وتەی ئاندێرسۆن، کۆمەڵی ئایینیی گەورەترین ‘کۆمەڵی خەیاڵی/وێناکراو’ە (Anderson 2006, 12). بەم پێیە، دەرمارگرژیی ئایینیی لەسەر بنەمای ئایینی گشتیی نەک هەر کردەی خۆجێیی-ناوچەیی هەیە بەڵکوو لە ئاستی نیشتیمانیی و نێودەوڵەتیشدا کردەی هەیە؛ بەتایبەت، کردەی ئایدۆلۆجیایی ئەوە لە کەشی سیاسیدا “بۆ پێکهێنانی سیستەمێک لە شێوازە ئامرازییەکان و ئامانجە سێکیولارەکان” (Apter 1963, 89). هەروەها کە فریدلەند ئاماژە دەکات، دەستەبژێرە سیاسییەکان ناکۆکییە ئایینییەکان دەکەنە سیاسیی و توندوتیژیی بەکۆمەڵ دەکەن بە ئامرازێک لە خەباتی سیاسییاندا (Friedland 2012). ئایین توانستی ڕەوایی پێدان یان لە ڕەوایی خستنی پێوەندییەکانی دەسەڵاتی هەیە؛ هەروەها کە لە ئیلاهییاتی سیاسیدا، بە ناوی خواوە ئەو کارە دەکرێت. ئەوە بەکاردەهێنرێت بۆ هەم پاراستنی پێوەندییەکانی دەسەڵات و هەمیش گۆڕانی ئەوانە، بەتایبەت بە کردنی خەباتەکان بە خەباتی ئیلاهی (لە ڕێگای خوا) و بەڕێخستنی شەڕە پیرۆزەکان (بڕوانە: Borg and Henten 2010, 7-12). لەم پێوەندییەدا، بە بێ کەڵکوەرگرتن لە کردەی ئایین، بۆ سەرکردە فارسەکان ئاستەم بوو کە زاڵ ببن بە سەر هەموو ئێتنۆ-نەتەوەکاندا، بەتایبەت بۆ سەرکوتکردنی بزووتنەوەی کورد لە دوای شۆڕشی ١٩٧٩.
هەبوونی ئایینی هاوبەش (ئیسلام) لە نێوە زۆرینەی خەڵکدا، وێژمانێکی ئایینیی زاڵ، ڕێبەری باڵای ئایینیی شۆڕش، و دەسەڵاتەکەی بۆ دەرکردنی فەتوا ڕێگایان خۆش کرد بۆ بەکارهێنانی ئایین لەلایەن سەرکردە فارس و بەفارسکراوەکانەوە. ئەوان بە بەکارهێنانی وێژمان و ئایدۆلۆجیای ئیسلامی لە ئێرانی فرەنەتەوەدا، نەتەنیا ‘ئێتنۆ-نەتەوەکانیان لێکتر گرێ دا’ (Akbarzadeh 2019)، بەڵکوو ناسیۆنالیزمی فارسی-ئێرانییان کردە پیرۆز بە جۆرێ کە دژمنیی لەگەڵ ئەوە دژمنیی لەگەڵ ئیسلام بوو. ئەوان سیاسەتی ڕژێمی پەهلەوەیان درێژە پێ دا و ئامانجە ئێتنۆ-نەتەوەییەکانی خۆیان لە ژێر دروشمی ‘یەکیەتی ئیسلامی’دا شاردەوە، کە لەڕاستیدا مەبەستیان لەوە یەکیەتییەکی نەتەوەیی بۆ پێکهێنانی وڵاتێکی یەک-نەتەوە لەسەر بنەمای ئێتنیسیتی فارس بوو، بە جێی وڵاتێکی فرەنەتەوە. ڕژێم بە بانگەشە بۆ برایەتی و یەکیەتی موسڵمانان، ناسێنەی ئیسلامی وەک چەترێک بەکارهێنا و وەک بەرینترین ناسێنە بەهێزتری کرد بۆ داپۆشین، یەکخستن و وەجووڵەخستنی خەڵکی زیاتر لە ئێتنۆ-نەتەوە بندەستەکانی جیاواز، هەروەها بۆ پەڕاوێزخستنی ناسێنە ئێتنۆنەتەوەییە نافارسەکان و کەمکردنەوەی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان، تێکەڵکردن و تواندنەوەیان، لەکاتێکدا بەرژەوەندییەکانی شیعە-فارسی بەدواداچوون دەکرد. هاوکات، سیاسەتوانە فارسەکان ئیسلامیان بەکارهێنا بۆ پاساوکردن و ڕەواییدان بە تواندنەوە، دەسدرێژیی و توندوتیژیی. ئەوان ململانێی ئێتنۆ-نەتەوەییان کرد بە ململانێی ئایینیی لە ئاستێکی بەرزتردا، واتە نێوان موسڵمان و ناموسڵمان، نەک شیعە و سوننە.
بەم شێوەیە، سەرکردە فارسەکانی شۆڕشی ١٩٧٩ لە ڕاکێشان و وەجووڵەخستنی نەتەنیا کوردی شیعە بەڵکوو هەندێ لە کوردی سوننەش، سەرکەوتن. ئەوان بە هاسانی بە هێنانە ئارای بیرۆکەی یەکیەتی و برایەتی ئیسلامی هەندێ گرووپی ئایینیی کوردیان وەک مەکتەب قورئان و ئیخوان موسلمین بەرەو خۆ ڕاکێشا. گەرچی ئەم گرووپانە زوو تێگەیشتن کە ڕژێم ڕژێمێکی شیعەی توندئاژۆیە کە پێوەندی ئایینیی هاوبەشی تێکداوە و متمانەی بە سوننەکان نییە، بەڵام ستراتیژی سەرکردە فارسەکان کەلێنێکی گرنگی خستبووە نێو هێزە کوردەکانەوە. ئەوە ئیسلامخوازەکانی لە نەتەوەخوازەکان جیاکردەوە و تاڕادەیەکی زۆر لە چالاکییانی خست. بەهێزکردنەوەی کەشی ئیسلامخوازیی و ناسێنەی ئیسلامی لە دژی ناسێنەی کوردی لە کوردستاندا لە بەرژەوەندی ئێتنۆ-نەتەوەی باندەست لە ئێراندا بوو.
گەرچی ناسیۆنالیستە کوردەکان باسی ئەوەیان دەکرد کە داواکارییەکانیان پێوەندیی بە مافی مرۆڤ و چارەی خۆ نووسین هەیە، نەک باوەڕی ئایینییان، لە ژێر کاریگەریی زاڵیەتی وێژمانی ئیسلامی لە پاش شۆڕشی ١٩٧٩ و لە دژی سیاسەتی شۆڤێنیستە فارسەکان، ئەوانیش بە ناچاری پەنایان برد بۆ ئایین و وێژمانی ئیسلامی بۆ بەرگری لە جۆراوجۆریی ئێتنۆ-نەتەوەیی و مافەکانیان. لەکاتێکدا کە ئیسلام بەشێکی گرنگ لە چاندی نەریتی کۆمەڵگای کوردی بوو، هێزە کوردەکان کە تۆمەتبارکرابوون بە ‘دژە ئیسلام’ لەلایەن سەرکردە فارسەکانەوە، هەوڵیشیاندا داواکارییەکانیان لە ڕێگەی بەڵگەهێنانەوەی ئایینییەوە لەسەر بنەمای موسڵمانبوون و وانەکانی ئیسلام بهێننە ئاراوە. ئەوان باسیان دەکرد کە ئیسلام وێرای ئامۆژگاری بۆ برایەتی و یەکیەتی موسڵمانان، ڕەچاوی جیاوازییەکان دەکات و ڕێگە بە تواندنەوە نادات. بە ڕای ئەوان، ‘یەکیەتی’ بە واتای زاڵیەتی گرووپێک نەبوو، و ‘برایەتی’ هاوتا بوو لەگەڵ هەبوونی مافی تاک و بەکۆمەڵی بەرابەر. ئەوان چاوەڕوانیان دەکرد کە سەرکردە فارسەکان بەپێی ئەرکی ئیسلامی خۆیان مافی کۆمەڵایەتی-سیاسیی بەرابەری برایانی موسڵمانیان بۆ هەبوونی مافەکانیان وەک خەڵکی فارس ڕەچاو بکەن. بەوەشەوە، ئەو بەرابەرییە ڕووی نەدا. کاتێک ڕژێم پەلاماری کوردستانی دا، هێزە کوردەکان بە توندی خۆڕاگرییان کرد و هانی خەڵکیان دا بۆ بەرگری لە نیشتیمانەکەیان لە سەر بنەمای ئەرکی نەتەنیا نیشتیمانیی بەڵکوو ئایینیشیان. بەم شێوەیە، هەوڵیاندا لە ئایین بۆ ڕەواییدان بە مافەکانیان، بەرگرییەکەیان و شەڕیان لە دژی ئەو ڕژێمە کەڵک وەرگرن.
لەڕاستیدا، هەر لە سەرەتاوە سیاسەتی سەرکردە فارسەکان، تەنانەت سەرکردە ئایینییەکانیشیان کە چاوەڕوانیان لێ دەکرا بەڕاستی باوەڕیان بەوەی بێت کە دەیڵێن، وردە وردە ئەو گومانەی بەهێزتر کرد کە ئەوان لە ئایینیی هاوبەش لە دژی سوننەکان و نافارسەکان کەڵکی نالەبار وەردەگرن. ئەوان لەکاتێکدا کە ئاگادار بوون لەسەر وانە ئیسلامییەکان سەبارەت بە بەرابەریی نێوان گرووپەکان و ڕەچاوکردنی مافی ئێتنۆ-نەتەوە جیاوازەکان، بە ئاشکرا ئەو بەشانەی ئایین کە لە بەرژەوەندی باندەستبوونی خۆیان نەبوو، پشتگوێ خست. بە گریمانەی ئەوەی کە ڕەنگە ئاگادار نەبووبێتن، سەرکردە ئیسلامخواز و ناسیۆنالیستەکانی کورد ئاگاداریان کردنەوە لەسەر ئەو بابەتە. لە نێو ئیسلامخوازەکاندا، ئەحمەد موفتیزادە بە بەڵگەهێنانەوەی ئایینیی زۆر بە ڕوونی ئامۆژگاری سەرکردە فارس-شیعەکانی کرد کە مافی سوننە و کورد ڕەچاو بکەن. لە نێو کەسایەتییە ئایینیی-نەتەوەییەکاندا، خەلیقی لە دیمانەیەکدا لەو کاتەدا زۆر بە ڕاشکاوی جەختی لەسەر ئەو بابەتە کرد و وتی: “پێم سەیرە بۆچی ئەوان لە قبووڵکردنی ئەم مافە دەترسن. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئاخۆ ئەوان ئاگاداری قورئان نین – کە من لەو باوەڕەدام کە ئاگادارن- یان نایانەوێت هەندێک لە حوکمەکانی قورئان لەبەرچاو بگرن کە لە بەرژەوەندی حکوومەت و دەسەڵاتەکەیاندا نییە.”(٤٩) بەم پێیە، هەروەها کە حیسامی لە ١٦ی ئاگوستی ١٩٨٠ دا وتی، سەرکردە کوردەکان پێیان وابوو کە “گشت ئەو جەنایەتانە دژی گەلی کورد بە ناوی ئیسلام و لە ژێر پەردەی ئیسلامدا بەڕێوە دەبرێ” (Hussami 1993, v. 7, 91).
کەواتە، نە هێزە کوردەکان فریوی وێژمانی ئیسلامییان خوارد کە بە هۆی موسڵمانبوونیان وازبهێنن لە مافە ئێتنۆ-نەتەوەییەکانیان، نە سیاسەتی ڕژێم کەوتە ژێر کاریگەریی دژکردەوە و بەڵگەهێنانەوەی ئایینیی ئەوان. لە ئاکامدا، سەرکردە فارسەکان بە ناوی بەرەنگاربوونەوەی هێزەکانی دژە ئیسلام، شەڕیان بە سەر کوردستاندا سەپاند. پاش بەناوەندیکردن و پتەوکردنی دەسەڵاتەکەیان، پەنایان برد بۆ حوکمی ئایینیی بۆ بەکارهێنانی هێزی چەکدار لەبۆ هێرش کردنە سەر کوردستان و لەو ئاڕاستەشدا وەجووڵەخستنی خەڵک لە سەرتانسەری ئێران لە دژی هێزە کوردەکان بۆ بە زۆر سەرکوتکردنیان. سیاسەتی بەکارهێنانی ئایین لەلایەن ئەوانەوە بۆ ناکۆکی نانەوە لە ناو کورددا پێشتر کاریگەری دانابوو لەسەر هێزە ناسیۆنالیستە کوردەکان. ئەوە بەرەی کوردی لاواز و سەرکوتکردنیانی هاسانتر کردبووەوە، لەکاتێکدا کە ڕژێم بێجگە دەسبەسەرداگرتنی ئیمکاناتی گشتیی و پێکهێنانی گوشاریی ئابووریی، سیستەمەکانی چاپەمەنیی و پێوەندیی گشتیی بۆ بانگەشە لە دژی هێزە کوردەکان وەک دژە-ئیسلام، شەیاتین، زایۆنیست و کۆمونیستەکان بەکاردەهێنا. هەرچەندە پاش شەڕێکی درێژخایەن، دواجار ڕێکخراوە کوردەکان ناچار کران بچنە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، و ڕۆژهەڵات بە تەواوی لەلایەن هێزی چەکداری ڕژێمەوە داگیر کرا، بەڵام ململانێ و دژایەتییەکە بەردەوام بوو.
دەرەنجام
وەک کۆمەڵگاکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشێکی بەرچاوی کۆمەڵگاکانی ئێرانیش نەریتین و ئایین بەشێکی گرنگ لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی-چاندییان پێکدەهێنێت. بۆیە، کردەی سیاسیی ئایینیش لەم کۆمەڵگایانەدا گرنگە. لە ڕووبەڕووبوونەوە ناسیۆنالیستییەکانی فارسی-ئێرانی و کوردیدا لە ماوەی ساڵانی سەرەتایی پاش شۆڕشی ١٩٧٩، ئایین بە شێوەیەکی بەرچاو کردەی یەکخستن، وەجووڵەخستن و ڕەواییپێدانی بۆ دەوڵەتی فارس هەبوو، لەکاتێکدا کە بۆ ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کورد تەنیا تاڕادەیەک کردەی ڕەواییپێدانی هەبوو، ئەویش تەنیا لە نێو بەشێک لە خەڵکی کورددا. ڕامیارانی فارسی سێکیولار و ئایینیی لە تەشەنەی کۆمەڵایەتی ئایین و وێژمانی ئیسلامی بریتی لە برایەتی و یەکیەتی موسڵمانان بۆ بەهێزکردنەوەی ناسێنەی ئیسلامی و پەڕاویزخستنی ناسێنە ئێتنۆ-نەتەوەییە نافارسەکان لە ئێراندا کەڵکیان وەرگرت. ئەوان هەموو ململانێ و ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکانیان بە ململانێی موسڵمان و ناموسڵمان داپۆشی و ئاپۆرەی جەماوەریان بۆ بەرەنگاربوونەوەی دژمنانی ئیسلام بریتی لە دژمنانی بیانی و گرێدراوە ناوخۆییەکانیان، بەتایبەت ناسیۆنالیستە کوردەکان وەجووڵەخست. هەروەها، ئیسلامیان بەکارهێنا بۆ ڕەواییپێدان و پاساودانی کردەوەکانیان. بە یەکخستنی فارسی-ئێرانیزم و ئیسلامیزم، هەر جۆرە دژایەتییەک لەگەڵ ناسیۆنالیزمی فارسی-ئێرانی بوو بە دژایەتی لەگەڵ ئیسلام کە دەبوا بە توندی سەرکوت بکرێت. دەرەنجام بە دەرکردنی حوکمی ئایینیی و ورووژاندنی هەستی ئایینیی ئاپۆرەی خەڵک، سوپا و ڕێکخراوە چەکدارەکانی تر هێرشیان کردە سەر کوردستان بۆ سەرکوتی هێزە کوردەکان. لە دژکردەوەدا، بە پەنا بردن بۆ هەر ئەو وێژمانە و جەختکردن لەسەر موسڵمانبوونیان و مافی بەرابەری کۆمەڵگا موسڵمانەکان، هێزە ناسیۆنالیستەکانی کورد داوای مافە ئێتنۆنەتەوەییەکانی خۆیان کرد. بێ کەڵک بوونی وتووێژ و دانوستانەکان لەگەڵ حکوومەت بۆ بەدەستهێنانی خودموختاری بووە هۆی ئەوەی کە بەپێی وانە ئیسلامییەکان لە بەرانبەر پەلامار و هێرشی ڕژێمدا خۆڕاگری و لە نیشتیمانی خۆیان بەرگری بکەن. بێجگە ململانێی موسڵمان و ناموسڵمان، ناکۆکی سوننە و شیعەش لەسەر ململانێیە ناسیۆنالیستییەکە کاریگەر بوو. لە بەرانبەر بەکارهێنانی هەستی خەڵکی شیعە لەلایەن سەرکردە فارسەکانەوە، سەرکردە کوردەکان لە بەرگریکردنەکەیاندا پەنایان برد بۆ هەستی خەڵکی سوننە. بەوەشەوە، بە هۆی زاڵیەتی سەرکردە فارسەکان بەسەر سیستەمی حکوومەتی و کۆنتڕۆڵی ئیمکاناتی گشتیی، دەنگی گرووپە کوردەکان نەبیسرا و بە ناوی ئیسلامەوە بە توندی سەرکوت کران. سەرەڕای ئەوەش، ململانێی نەتەوەییخوازانەی نێوان دەوڵەتی فارس و ڕێکخراوە کوردەکان تاکوو ئێستا بەردەوام بووە.
ڕێز و پێزانین
سوپاسی پەیمانگای هۆڵەندا بۆ توێژینەوەی پێشکەوتوو لە زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان (NIAS) دەکەم کە کەشێکی بێ وێنەی لە هێوریی و پشتیوانی دابین کرد کە تێیدا توێژینەوەکەم جێبەجێ بکەم و ئەم بابەتە بنووسم. هەروەها بەتایبەتی سوپاسی بەڕێزان پڕۆفیسۆر مارتین ڤان بروینسێن، دکتۆر ئێلین بیارنێگارد و هەڵسەنگێنەرانی نادیار دەکەم بۆ خوێندنەوەی ڕەشنووسەکە و سەرنج و تێبینییە وردەکانیان.
پەراوێزەکان
(١) وەشانی ئینگلیزی ئەم بابەتە پێشتر لە گۆڤاری نێونەتەوەیی لەسەرمافی کەمینە و گرووپەکان بەو ناونیشانەی خوارەوە بڵاو بووەتەوە:
Mofidi, S. (2022), “The Political Function of Religion in Kurdish and Perso-Iranian Nationalist Confrontations after the 1979 revolution,” International Journal on Minority and Group Rights, 29(5). DOI: 10.1163/15718115-bja10080
(٢) هاوتایە بۆ: Qualitative Content Analysis
(٣) دەوڵەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەندێ لە پێوەرەکانی دەوڵەتە مۆدیڕنەکانیان نییە. کەواتە، نووسەر ئەوانە بە ‘دەوڵەتە نیمچە-مۆدێڕنەکان’ دەزانێت. لەم پێوەندییەدا، بڕوانە: Mofidi and Rahmani 2018
(٤) سەبارەت بە دەوڵەتی نا-نەتەوە، بڕوانە: Rafaat 2018
(٥) کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ناسراو بە کۆمەڵە، لە ١٩٧٨ دا دامەزرا. بۆ زانیاریی زیاتر، بڕوانە: Mofidi 2016
(٦) ڕێکخراوێکی سیاسیی ئێرانی بە ناو لایەنگری دێمۆکراسی، دامەزراو لە ١٩٦١ دا.
(٧) بە بڕوای ئەو، ئەبووزەر غەفاری، لە یارانی پێغەمبەر محەمەد، ڕەمزی خەباتی سۆسیالیستیی بوو لە سەدەی سێزدەهەمدا پێش شۆڕشە مۆدێڕنەکانی ڕۆژئاوا بریتی لە شۆڕشە سۆسیالیستییەکان. بەڕای ئەو، ئەبووزەر ڕوخساری دیار و بەرچاوی ڕێگا و ئیسلامی عەلی بوو. ئەو ئەبووزەری بە ڕوخساری پێویست بۆ سەردەمی هاوچەرخ دەزانی بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی و بەرابەریی هەمووان لە سەرتانسەری جیهاندا. لەم پێوەندییەدا، بڕوانە: Shariati 2013
(٨) لە زنجیرە سمینارگەلێکدا لە ژێر ناوی “داواکارییەکانی خەڵک لە یاسای بنەڕەتی” ڕێکخراو لەلایەن سەندیکای پارێزەرانی ئێرانەوە، پێشنیارەکان هێنرانە ئاراوە. بڕوانە: ڕۆژنامەی ‘آیندنگان’، ٢٨ جوونی ١٩٧٩.
(٩) بۆ نموونە، لە سەرەتادا ئەوان لە ‘مەکتەبی قورئان’، بە ڕێبەرایەتی موفتیزادە، و ڕەوتی ئیخوان موسلمین پشتگیرییان کرد بۆ ئەوەی قەڵشت بخەنە نێو هێزە کوردەکان. هەروەها، بە پێوەنددانی ‘سپای ڕزگاری’ (حیزبێکی سەر بە ڕێبازی تەریقەت و سۆفییەت بە سەرکردایەتی شێخ مادێح نەقشبەندی) بە ڕژێمی شا و ڕژێمی بەعسی عێراقەوە، ئەوان هەروەها ململانێی ئایدۆلۆجیاییان لە نێوان ئەو حیزبە و هێزە چەپەکاندا بەهێزتر کرد بە جۆرێ کە دواتر ئەو حیزبە لەلایەن کۆمەڵە و ‘حدکا’وە لە ١٩٨٠ دا چەک کرا. بڕوانە: Mofidi 2015b; Mofidi 2022, 76
(١٠) بۆ نموونە، لە کرماشان و پاوە ئەو دەسبەجێ ١٨ دژە-شۆڕشی (بە قسەی خۆی) لە ٢٤ کاتژمێردا دادگایی کرد و لەسێدارەی دان کە نۆیان پیشەی پێوەندیدار بە پزیشکییان هەبوو و تۆمەتبار بوون بە ئەندامەتی لە حدکا. بڕوانە: ڕۆژنامەی ‘اطلاعات’، ٢١ ئاگوستی ١٩٧٩؛ ڕۆژنامەی ‘جمهوری اسلامی’ ٢٢ ئاگوستی ١٩٧٩؛ Cabi 2020
(١١) بەیاننامەی جاوید رەحمان، ڕاپۆرتنێری تایبەت لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لە کۆماری ئیسلامی ئێران، لە ٧٥-ەمین دانیشتنی کۆبوونەوەی گشتیی – برگەی 72c، ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٠. بڕوانە: https://www.ohchr.org
(١٢) لەبەر هەبوونی بابەتی زۆر لە سەرچاوە جیاواز و پرژ و بڵاوەکان (نەک سەرچاوە جێگیرەکان) کە دەبوا کەم بکرێنەوە، تیشک خستنە سەر رەوشەکان نەک ڕەوتەکان، و شیکردنەوەی ئەوەی کە ئەو کەرستانە لەڕاستیدا چی بوون (هەروەها بێ ڕەچاوکردنی ئەوەی کە چی نەبوون)، شیکاری ناوەڕۆک بە شێوازی چۆنایەتی (Qualitative Content Analysis) لە جێی شیکاریی وێژمان (Discourse Analysis) بەکارهێنرا. لە QCA دا، داتا و زانیاریی لە کۆمەڵێک دەقی دەرهێنراو لە بابەتە نووسراوەیی، زارەکیی یان وێنەییەکان بریتی لە پەرتووک، ڕۆژنامە، گۆڤار، وتار، ڕاپۆرت و دیمانە، ڕاگەیەنە کۆمەڵایەتییەکان و هتد کۆدەکرێنەوە. لەم پێوەندییەدا بڕوانە: Mayring 2014; Schreier 2012
(١٣) لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە هەوڵی زۆر دراوە بۆ پیشاندانی ئەوەی کە ڕێکخراوە سیاسییە کوردەکان جیاواز و جیان لە خەڵکی کورد، لەکاتێکدا ڕێکخراوە فارسەکانی وەک نوێنەرانی هەمووان پیشان داوە. بەپێچەوانەوە، داواکارییەکانی ئێتنۆ-نەتەوە جیاوازەکان دەبێ لەلایەن ڕێکخراوەکانیانەوە کەنالیزە بکرێن، نەک ڕێکخراوە بێگانەکان. لەڕاستیدا، ڕووبەڕووبوونەوەی نەتەوەییخوازانە لە نێوان ڕێکخراوەکانی ئێتنۆ-نەتەوە باندەست و بندەستەکاندا هەیە. تەنانەت بە هەڵبژاردنیش، لە کەشێکی دێمۆکراتیکدا، ڕێکخراوە کوردەکان هەمووکات نوێنەرایەتی خەڵکیان کردووە. بۆ نموونە، بێجگە عێزەدین حوسێنی کە ڕەوایی و شەرعییەتی نەریتیی هەبوو، نوێنەرانی حیزبی دێمۆکرات لە هەڵبژاردنەکانی ‘مەجلیسی خێبرگانی یاسای بنەڕەتیدا’ و لە یەکەم هەڵبژاردنی گشتیی پەڕلەمان (مەجلیسی شۆرای میللی لەو کاتەدا) لە ناوچە پێوەندیدارەکاندا سەرکەوتن.
(١٤) مەبەست ڕێبەرانی هەردووکی گرووپە سێکیولار و ئایینییەکانە. سێکیولاریزم لێرەدا وەک جیایی دەوڵەت و ئایین، نەک سیاسەت و ئایین، هەروەها هەبوونی دەوڵەتێکی بێ لایەن، لێبوردەیی، دەرفەتی بەرابەر، ئازادی و پێکەوەژیان و ڕێزگرتن لەیەکتر، ڕەچاو کراوە. کەواتە، گرووپەکانی دژە-ئایین و دژە-نەتەوەییخوازیی ڕەچاو نەکراون، گەرچی لە ژێر گوشاری وێژمانی ئیسلامی زاڵدا، و وێژمانی دژە-ئیمپرالیزم، هەندێ گرووپی چەپی فارس و کورد لەگەڵ گرووپە ئیسلامی و ناسیۆنالیستەکاندا هاوکارییان کرد. بۆ وێنە، دەکرێ ئاماژە بە پێوەندیی نێوان حیزبی توودە و حیزبی کۆماری ئیسلامی لە نێوان ١٩٧٩ و ١٩٨٢ دا بکرێت.
(١٥) بڕوانە: en.imam-khomeini.ir/en/
(١٦) بڕوانە: https://www.escholar.manchester.ac.uk>.
(١٧) بڕوانە: https://www.iran-archive.com
(١٨) ستراتیژییەکانی تر بریتین لە جیاکردنەوە و گونجاندنی هەنگاوەکانی شیکاری داتا لە بیردۆزیی زەوینەییدا (گراندێد تیۆری). بڕوانە:
Schreier 2012, 88
(١٩) بڕوانە: Schreier 2012, 185-188
(٢٠) نوێنەری خومەینی بۆ کۆڵینەوە لە ڕووداوەکان لەسەر داوای حدکا. بڕوانە: ڕۆژنامەی ‘آیندگان’، ١٩ی جوونی ١٩٧٩.
(٢١) بۆ نموونە، بڕوانە: ڕۆژنامەی ‘انقلاب اسلامی’ بەنی سەدر، ژ. ٥، ٢٤ی جوونی ١٩٧٩.
(٢٢) دیمانەی نووسەر لەگەڵ یووسف ئەردەڵان، یەکێک لە ئەندامانی هەڵبژێردراوی چەپ و یەکێک لە دەمڕاستەکانی شۆراکە (ئەوی تریان فوئاد ڕۆحانی سەر بە مەکتەبی قورئان بوو)، ٨ی دیسامبەری ٢٠٢١.
(٢٣) ڕۆژنامەی ‘جمهوری اسلامی’، ١٦ی فێبریوەری ١٩٨٠.
(٢٤) بڕوانە: ڕۆژنامەی ‘انقلاب اسلامی’، ژ. ٢٠٩، ٨ی مارسی ١٩٨٠.
(٢٥) ڕۆژنامەی ‘کیهان’، ٣ی ئاپریلی ١٩٨٠.
(٢٦) ڕۆژنامەی ‘انقلاب اسلامی’، ژ. ٩٢، ١٣ی ئۆکتۆبەری ١٩٧٩.
(٢٧) ڕۆژنامەی ‘انقلاب اسلامی’، ژ. ٩٢، ١٣ی ئۆکتۆبەری ١٩٧٩؛ ڕۆژنامەی ‘کیهان’، ١٤ی ئۆکتۆبەری ١٩٧٩.
(٢٨) ڕۆژنامەی ‘کیهان’، ٣١ی ئاگوستی ١٩٧٩.
(٢٩) ڕۆژنامەی ‘جمهوری اسلامی’، ٢٨ی ئاگوستی ١٩٧٩.
(٣٠) ڕۆژنامەی ‘کیهان’، ٤ی نۆڤەمبەری ١٩٧٩.
(٣١) ڕۆژنامەکانی ‘انقلاب اسلامی’، ژ. ٢٢٢ و ‘کیهان’، ٣ی ئاپریلی ١٩٨٠. سەیری وتاردانەکە بکە، بڵاوە بوو لە ١٦ سێپتەمبەری ٢٠١٢، کە نووسەر لە ٢٩ی ئاپریلی ٢٠٢١دا بینیویە، لەسەر:
(٣٢) ڕۆژنامەی ‘اطلاعات’، ١٥ی مەی ١٩٨٠.
(٣٣) ڕۆژنامەکانی ‘اطلاعات’ و ‘کیهان’، ١٧ی مەی ١٩٨٠.
(٣٤) ڕۆژنامەکانی ‘انقلاب اسلامی’، ژ. ٦٢ و ‘کیهان’، ٣ی سێپتەمبەری ١٩٧٩.
(٣٥) ڕۆژنامەی ‘اطلاعات’، ٤ی سێپتەمبەری ١٩٧٩.
(٣٦) ڕۆژنامەی ‘اطلاعات’، ٥ی ئۆکتۆبەری ١٩٧٩.
(٣٧) ڕۆژنامەی ‘کیهان’، ٤ی مارسی ١٩٧٩.
(٣٨) حەوتەنامەی ‘تهران مصور’، ١٣ی ئاپریلی ١٩٧٩، ژ. ١٢، لل. ٣٠-٣١ و ٣٧.
(٣٩) ڕۆژنامەی ‘آیندگان’، ٢٦ی جوونی ١٩٧٩.
(٤٠) ڕۆژنامەی ‘آیندگان’، ٣٠ی جولای ١٩٧٩.
(٤١) ڕۆژنامەی ‘کیهان’، ٢٥ی نۆڤەمبەری ١٩٧٩.
(٤٢) ڕۆژنامەی ‘اطلاعات’، ٢١ی فێبریوەری ١٩٧٩.
(٤٣) ڕۆژنامەی ‘پیغام امروز’، ١٩ی مەی ١٩٧٩.
(٤٤) حەوتەنامەی ‘تهران مصور’، ژ. ١٦، ١١ی مەی ١٩٧٩، لل. ٣٢-٣٤.
(٤٥) ڕۆژنامەی ‘کیهان’، ٢١ی نۆڤەمبەری ١٩٧٩.
(٤٦) ڕۆژنامەی ‘کیهان’، ٢٧ی نۆڤەمبەری ١٩٧٩.
(٤٧) بڕوانە:
F. Halliday, ‘“The Clergy Have Confiscated the Revolution,” an interview with Abdulrahman Qassemlu’, Middle East Report, no. 98, July/August 1981, visited on 27 July 2021.
(٤٨) ڕۆژنامەی ‘آیندگان’، ٢٠ی جوونی ١٩٧٩.
(٤٩) حەوتەنامەی ‘تهران مصور’، ژ. ١٦، ١١ی مەی ١٩٧٩، لل. ٣٢-٣٤.
سەرچاوەکان
Akbarzadeh, S., Z. S. Ahmed, C. Laoutides & W. Gourlay (2019), ‘The Kurds in Iran: balancing national and ethnic identity in a securitized environment’, Third World Quarterly, 40:6, DOI: 10.1080/01436597.2019.1592671.
Al-Khomeini, R. A. (2014), Sahifeh-ye Imam (The Institute for Compilation and Publication of Imam Khomeini’s Works,), its English translation, 22 volumes.
Anderson, B. (2006), Imagined Communities: Reflections on the Origin and Spread of Nationalism, London: Verso.
Apter, D. E. (1963), ‘Political Religion in the New Nations’, in C. Geertz (ed.), Old Societies and New States; the quest for modernity in Asia and Africa, London: Macmillan, pp. 57–104.
Borg, M. B. T. and J. W. V. Henten (2010), Powers; Religion as a Social and Spiritual Force, New York: Fordham university press.
Cabi, M. (2020), ‘The Roots and the Consequences of the 1979 Iranian Revolution: A Kurdish Perspective’, Middle Eastern Studies, 56:3, pp. 339–358, DOI: https://doi.org/10.1080/00263206.2020.1722651.
Faridi, A. A. (2021), ‘Abolhassan Banisadr: “Ayatollah Montazeri included Velayat-e Faqih in the Constitution,”’ Our Rights, 141, pp. 12–14 (in Persian).
Friedland, R. (2012), ‘The constitution of Religious Political Violence: Institution, Culture, and Power’, in J. C. Alexander, R. N. Jacobs and P. Smith (eds.), The Oxford Handbook of Cultural Sociology, Oxford university press, pp. 429–470.
Hussami, K. (1992), Of My Memories 1979, Stockholm, v. 6, (in Kurdish).
Hussami, K. (1993), Of My Memories 1979–1983, Stockholm, v. 7 (in Kurdish).
Kedourie, E. (1992), Politics in the Middle East, New York: Oxford University Press.
MacDonald, C. G. (2007), ‘Kurdish Nationalism in Iran’, in C. G. MacDonald and C. A. O’Leary (eds.), Kurdish Identity; Human Rights and Political Status, University Press of Florida, pp. 181–187.
Mayring, P. (2014), Qualitative Content Analysis; Theoretical Foundation, Basic Procedures and Software Solution, Austria: Klagenfurt.
Mofidi, S. (2015a), The Political functions of religion in contemporary India (Hinduism and Islam), New Delhi: Swastik Publications.
Mofidi, S. (2015b), ‘Religion and Politics in Eastern Kurdistan (With a Focus on Maktab Qur’an During Iranian Revolution, 1979)’, Journal of Politics and Law, 8:3, pp. 36–50.
Mofidi, S. (2016), ‘The Left Movement and National Question; From Romanticism to Realism (With a Focus on Komala Organisation)’, Journal of Ethnic and Cultural Studies, 3:1, pp. 20–48.
Mofidi, S. (2019), ‘Social Contract and Democratic Validity of Constitution (With a Focus on Iran and Iraq)’, International Journal of Human Rights and Constitutional Studies, 6:3, pp. 239–248, DOI: 10.1504/IJHRCS.2019.097974.
Mofidi, S. (2022), Political Function of Religion in Nationalistic Confrontations in Greater Kurdistan, London: Transnational Press.
Mofidi, S., and S. Rahmani (2018), ‘ISIS and Modernity; Studying the Effect of Middle-eastern quasi-modern States’, Research Letter of Political Science, Journal of Iranian Political Sciences Association, 13:2, pp. 157–186.
Mohammadpour, A. and K. Soleimani (2021), ‘Minoritisation of the other: the Iranian theo ethnocratic state’s assimilatory strategies’, Postcolonial Studies, 24:1, pp. 40–62, DOI: https://doi.org/10.1080/13688790.2020.1746157.
Nottingham, E. K. (1971), Religion; A Sociological View, New York :Random House inc.
Qasimlou, A. R. (2004), Tavgey Heqîqet (part of the works of Dr. Qasimlou), compiled by Kawa Bahrami, KDPI’s publications, v. 1 (in Kurdish).
Qasimlou, R. (2006), Tavgey Heqîqet (part of the works of Dr. Qasimlou), compiled by Kawa Bahrami, Silêmanî: KDPI’ publications, v. 2, (in Kurdish).
Rafaat, A. (2018), Kurdistan in Iraq; The Evolution of a Quasi-state, Routledge, New York.
Romano, D. (2006), The Kurdish Nationalist Movement; Opportunity, Mobilization and Identity, Cambridge University Press.
Schoffeleers, M., and D. Meijers (1978), Religion, Nationalism and Economic Action; Critical Questions on Durkheim and Weber, van Gorcum.
Schreier, M. (2012), Qualitative Content Analysis in Practice, sage Publications.
Shariati, A. (2013), Abuzar, Elham Publication, 16th edition (in Persian).
Soleimani, K., and A. Mohammadpour (2020), ‘The securitization of life: Eastern Kurdistan under the rule of a Perso-Shi’i state’, Third World Quarterly, 41:4, pp.663–682, DOI: 10.1080/01436597.2019.1695199.
Ward, S. R. (2009), Immortal; A Military History of Iran and Its Armed Forces, Washington D.C.: Georgetown University Press.
Weber, M. (1965), The Sociology of Religion, London: Tr. E. fischoff, Methuen & Co Ltd.