سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

پە+کە+کە و ئۆجالان و «برایەتی» تورک و کورد

مەریوان وریا قانع

کۆتابەشی ئەم نووسینە بە بۆچوونێکی فەیلەسوفی فەرەنسی، میشێل فوکۆ، دەست پێ دەکەم کە لەیەککاتدا دژ بە بێهیوایی و تەسلیمبوون و هیچنەکردنێکی نەهلیستییانە و دژ بە یۆتۆپیاگەرایی و دیدگای نامێژوویی و ناپراکتیکیشە. فوکۆ لەم ڕووەوە دەنووسێت: «لە کۆمەڵگەکەتدا بەدوای ئەوەدا بگەڕێ کە باش و بەهێز و جوانە، لەوێوە دەست پێ بکە و بیربکەرەوە. پاڵ بەو شتانەوە بنێ بەرە و دەرەوە و بەرەو پێشەوە، هەمیشە شتی تازە لەو شتانەوە دروست بکە کە پێشتر هەتە.” ئەوەی فوکۆ لێرەدا دەیڵێت داواکردنی پەیوەندییەکی ڕەخنەگرانەیە بە ئێستاوە، دەستپێکردنە لەو «ئێستا»یەوە کە هەیە و لەئارادایە، بە مەبەستی گۆڕانکاریی و ڕۆیشتن بەرەو پێشەوە، نەک ڕەتکردنەوەیەکی سەرتاسەریی و هەمەلایەنەی ئەو ئێستایە.
لای فوکۆ هەموو ئێستایەک شتی باش و بەهێز و جوانی تێدایە و ئەوەی پێویستە ئەنجام بدرێت بەهێزتر و باشتر و جوانترکردنی ئەو شتانەیە. لەباتی ئەوەی هەوڵی لەناوبردنی هەموو شتێک لەو ئێستایەدا بدرێت، پێویستە سەرەتا ڕەگەزە باش و بەهێز و جوانەکانی ناو کۆمەڵگەکە بدۆزرێنەوە، ئینجا گەشە بەو ڕەگەزانە بدرێن و بەرەوپێشەوە ببرێن، نەک تەسلیمبوون بە هیچنەکردنێکی نەهلیستیانە، یان پێشنیارکردنی کۆمەڵێک یۆتۆپیای ڕەها داوای ئەوە بکات لە خاڵی سفرەوە دەست پێ بکەین.

پاڵنان بەو شتانەوە کە لە ئێستاد باش و بەهێز و جوانن بەرەو پێشەوە، مانای هەوڵدان بۆ دروستکردنی شتێکی نوێ، یان قووڵکردنەوە و گەورەکاردنی ئەو ڕەهەندە باشانەی ناو ئێستای کۆمەڵگەکە و بەکارهێنانیان وەک کەرەستەی خاو بۆ گۆڕانکاریی و تازەکردنەوەی زیاتر و هەمەلایەنتر. ئەنجامدانی ئەم ئەرکانە ئەو ئاکارەیە کە کردەی داهێنەرانەی شۆڕشگێڕ و گۆڕانخوازیی مێژوویی لە مۆدێلی یۆتۆپی و ئەبستراکت و نامێژوویی جیا دەکاتەوە. ئەم جۆرە دیدگایە، جگە لەوەی دیدگایەکی مێژوویی کۆنکریتە، هاوکات ئەلتەرناتیڤی دوو جۆر دیدگای زیانبەخشیشە. یەکەمیان نیهلیزم کە ڕەتکردنەوە و باوەڕنەبوونە بە هیچ شتێک. دووهەمیان ئایدیالیزمێکی یۆتۆپیانەی بێبناغە و نامێژوویی.

ئێستا با بگەڕێینەوە سەر بڕیارەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ وازهێنان لە خەباتی چەکداریی و خۆهەڵوەشاندنەوەی خۆی وەک پارتێک کە زیاد لە چل ساڵە ئەرکی خەباتی چەکداریی جێبەجێ کردووە. بە بۆچوونی من ئەم بڕیارە بڕیارێکی مێژوویی عەقڵانیی و دروستکەرانەیە، دەکرێت هەنگاوی یەکەمی هێنانەکایەی «سەرەتایەکی تازە»ی خەباتکردن بێت بۆ دروستکردنی سەردەمێکی نوێی خاڵیی لە بەشێکی زۆری ئەو کێشانەی لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە پەیوەندییدا بە پرسی کورد‌ـەوە لە تورکیا دا، لەئارادا بووە. 

پە+کە+کە بزووتنەوەیەکی سیاسییە هەڵگری پڕۆژەی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیەک کە تا چەند ساڵێک لەمەوبەر نکوڵی لە بوون و ماف و خواستەکانی لە تورکیا دا دەکرا. پە+کە+کە هێزی بەدەستهێنانی ئیعتیراف و دانپیانانێکی سیاسیی و دیموکراسییانە بوو، بە مافی بوونی ئەو نەتەوە و بەو مافانەشدا کە پابەستن بە بوونی ئەو نەتەوەوە وەک نەتەوە لەناو تورکیا دا. لە ٢٠٠٠دا پە+کە+کە بە فەرمی لە بزووتنەوەیەکەوە کە «خەباتی ڕزگاریی نیشتیمانیی» دەکات گۆڕا بۆ بزووتنەوەیەک کە دەخوازێت «کۆماری دیموکراسی تورکیا» دروست بکات. 

لەناو تورکیا خۆیشیدا، بە تایبەتی لە ٢٠٠٥ ەوە، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لە پەیوەندیدا بە مەسەلەی کورد‌ـەوە لە دایک دەبێت، کە پێشتر لە تورکیا دا بوونی نەبووە و مەحاڵ بووە بیری لێ بکرێتەوە. لەم قۆناغە تازەیەدا بۆ یەکەمجار دان بە بوونی پرسی کورد لە تورکیا دا دەنرێت. دوو ساڵ دواتر،  لە ٢٠٠٧ دا، ئەو پرۆسەیە لە دایک دەبێت کە ناوی “کرانەوەی دیموکراسیی” (democratic opening) لێ دەنرێت. لەم کرانەوەیەدا پێ لەسەر سێ شت دادەگیرێت. یەکەم، گەشەدان بە دیموکراسیەت لە تورکیا. دووەم، گەشەدان بە مافەکانی مرۆڤ. سێیەم، گەشەدان بە مافە ئیتنی و کولتوورییە ناوچەییەکانی ناو تورکیا. دەرەنجامە سەرەتاییەکانی ئەم گۆڕانکارییانە لە پەیوەندیاندا بە پرسی کوردەوە بریتین لە:

پەخشکردنی بەرنامە بە زمانی کوردی لە تەلەفیزیۆندا. کردنەوەی دەرگا بە ڕووی  نووسین بە زمانی کوردی. ئەنجامدانی دانوسان لەگەڵ پە+کە+کە دا. لە ٢٠٠٩ ئەو شتە لە دایک دەبێت کە ناوی “دەستپێشخەری کوردیی” (Kurdish Initiative) لێ دەنرێت. ئەم دەستپێشخەریەش خۆی لە  دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتیانەدا بۆ پرسی کورد لە تورکیا دا دەبینێتەوە. هاوکات قسە لە داماڵینی چەک لە پە+کە+کە دەکرێت. لە ٢٠١٤ بەدواوە ڕێ بە بەکارهێنانی ناوە کوردییەکان لە تورکیا دا دەدرێت و ناوی ئەو گوند و شارۆچکە کوردییانەی کە کرابوون بە تورکی، سەرلەنوێ دەکرێنەوە بە کوردیی. هەروەها بە فەرمی قبووڵ دەکرێت کە زمانی کوردیی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن و پڕوپاگەندەی سیاسی و لە کۆڕ و کۆبوونە سیاسییەکاندا بەکار بهێنرێت. کردنەوەی قوتابخانەی تایبەتیش بە زمانی کوردیی ڕێگای پێدرا. ئەم گۆڕانکاریانە وا لە ئۆجالان دەکات لە ٢٠١٣دا بڵێت: “هیواکان بەرزن، قۆناغێکی نوێ لە خەباتی ئێمەدا دەست پێ دەکات. ئێستا دەرگا کراوەتەوە بۆ قۆناغێک تیایدا ئێمە لە خەبات و بەرگریی چەکدارییەوە دەگوازینەوە سەردەمی خەباتی سیاسیی دیموکراسیانە”.

هەموو ئەمانە دوو پاڵنەری سەرەکیی دەیبردن بەڕێوە. یەکەمیان هاندان و دەستخۆشی کردنی یەکێتیی ئەوروپا بوو، کە ئەو جۆرە چاکسازییانە بەشێکیش بوون لەو چاکسازییە ناوەکییانە کە تورکیا پێویست بوو بۆ ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا دا، ئەنجامیان بدات. دووەمیان سەرلەنوێ داڕشتنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی بوو لە تورکیا دا، لەلایەن ئاکەپە، پارتەکەی ئەردۆغان. ناسنامەیەک دەیخواست شوێنی کەمالیزم بگرێتەوە، بەمەش هەم ئیسلام گرنگییەکی تایبەت و هەم ڕابردووی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی پێگەیەکی تایبەت وەربگرن.

بەڵام تەریب بەو گۆڕانکارییە پۆزەتیڤ و خاڵە بەهێز و باشانە، هاوکات گۆڕان بەرەو دروستکردنی دەسەڵاتێکی دەسەڵاتگەریی تاکەکەسیی بەڕێوە دەچوو، کە تیایدا ئەردۆغان دەبوو بە تاکە حوکمڕانی وڵاتەکە و کەسایەتی ئەو دەچووە شوێنی بەشێکی زۆر لە دەزگا سەرەکییەکانی وڵاتەکە. ئەم دەسەڵاتگەرێتییە  شەخسییە، وەکچۆن بەشە عەلمانیی و نادینییەکەی تورکیای پەراوێز دەخست، هاوکات بەگژ ئەو بەشە دینییەی تورکیا‌ـشدا دەچووەوە کە لەژێر کۆنتڕۆلی ئەردۆغان دا نەبوو، بەگژاچوونەوەی گولەنییەکان بە نموونە. لە پەیوەندیشیدا بە کورد، دۆخەکە بەرەو درێژەدان دەچوو بە هەمان قۆناغی نیشتەجێکردنی پرسی کورد لەناو چوارچێوەی تێرۆر و بەگژاچوونەوەی تێرۆریزمدا. بەمەش بەشێکی زۆری ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەستهێنرابوون جارێکی دیکە پاشەکشیان لێ کرا.  

یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی پرسی کورد لە تورکیا دا لەوەدایە کە ئەم پرسە کێشەکانی تەنها لەگەڵ «دەوڵەتی  فەرمی» لە تورکیا دا نییە، بەڵکوو پرسێکە لەگەڵ «دەوڵەتی قووڵ» و لەگەڵ فۆرمێکی زۆر پەڕگیری ناسیۆنالیزمیشدا، دەرگیرە. ئەمەش وادەکات  چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا تەنھا بە خواست و ئیرادەی دەوڵەتەوە گرێ نەدرابێت، بەڵکوو خواست و ئیرادەی دەوڵەتی قووڵ و خواست و ئیرادەی بەشێکی گەورەی کۆمەڵگای تورکیی خۆیشی، کە ناسیۆنالیزم شوناسی ژمارە یەکیانە، پێویستبێت. 
هاوکات «دەوڵەتی قووڵ» لە تورکیا دا تەنها کۆمەڵێک گرووپی مافیایی و دەسەڵاتخوازیی ڕێکخراو نییە، تەنها تۆڕەکانی تاوانی ڕێکخراو نییە، تەنها گەندەڵیی و بوونی ئابوورییەکی قاچاغی نافەرمی نییە، تەنها شێوازی کوشتنی گۆترە و ونکردنی بێداوەریکردن نییە. دەوڵەتی قووڵ لە تورکیا دا جۆرێک لە زیهنییەت و عەقڵیەتی دیاریکراویشە، تێکەڵەیەکە لە «زیهنیەت»ێکی ناسیۆنالیستانەی پەڕگیر و «دیدگا»یەکی میلیتاریستیی پەلاماردەر و هێرشبەر. خودی ناسیۆنالیزم خۆیشی لە تورکیا دا زۆر زیاترە لەوەی تەنها هێما بۆ زیهنیەت و دیدگایەکی سیاسیی بکات، واتە زیاترە لەوەی تەنها ئایدیۆلۆجیایەک بێت لەپاڵ ئایدیۆلۆجیەکانی تردا، بەڵکوو «سیستەمێکی هێمایی» و «ئەخلاقیی» بەرفراوانە.  هێما بۆ دڵسۆزبوون و نیشتیمانپەروەربوونێکی پەڕگیر؛ بۆ ئینتیمایەکی بیمار و پاسۆلۆجی بۆ نەتەوەیەکی بەمەزن و فووتێکراو، دەکات.

لەڕاستیدا ناسیۆنالیزم لە تورکیا پێشمەرجی هاووڵاتییبوونە، بە مانایەک لە ماناکان پێشمەرجی مرۆڤبوونیشە. هەستێکی هێجگار بەهێز و بیماری ئینتیماکردنە. یەکێک لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی ئەم زیهنییەت و سایکۆلۆجیا ناسیۆنالیستییە ڕقبوونەوەیە لە کورد و کوردبوون و مامەڵەکردن و وێناکردنی کورد و کوردبوونە وەک دوژمن و هەڕەشەیەکی وجودی لەسەر دەوڵەت و کۆمەڵگای تورکیی. لە تورکیای ئەم چەند دەیەی دواییدا تەحەدای عەلمانیەت و کەمالیزم، کراوە، بەڵام تا ئەم ساتەش تەحەدای ناسیۆنالیزم نەکراوە.

لێرەوە خەباتی سیاسیی کورد لە تورکیا دا لەیەککاتدا خەباتە دژ بە مەیلە دەسەڵاتگەرەکانی دەوڵەتی فەرمی، خەباتە دژ بە جیهانە نهێنی و داخراوەکەی دەوڵەتی قووڵ و خەباتیشە دژ بەو زیهنییەت و مانایانەی ناسیۆنالیزم لە تورکیا دا لەخۆی گرتوە. ئەمەش ئەرکێکی هێجگار قورس و سەخت و هەمەلایەنە، ساڵانێکی درێژی خەباتی مەدەنیی و سیاسیی بێماندبوونی پێویستە. بەگژاچوونەوەی دەوڵەتی فەرمی و دەوڵەتی قووڵ و بونیادە زیهنی و سایکۆلۆجییەکەی ناسیۆنالیزمی تورکیی، شتێک نییە بە خەباتی  چەکداریی بکرێت. 

هیوادارم عەقڵانییەتی بڕیاردانی پە+کە+کە لەسەر کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی و گواستنەوە بۆ خەباتی مەدەنیی و سیاسیی، لە وێناکردنی ئەو دیمەنە سەختە و بوونی  ئەو خاڵ و ئەگەرە باش و بەهێزانەدا بێت کە هێمام پێ کردن. نەک لەناو ئەو دیدگا ئایدیۆلۆجییە یۆتۆپییەوە هاتبێت کە ئۆجالان لە ساڵانی زیندانیکردنەکەیدا بەرهەمی هێناوە. لەوانەش بۆ نموونە، دۆزینەوەی ئەلتەرناتیڤ بۆ «مۆدێرنەی کاپیتالیستیی»، یان «کۆتاییهێنان بە مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە»، یاخود «هێنانەکایەی شارستانیەتێکی تازە» و دروستکردنی سیستەمێکی «کۆنفیدرالی دیموکراسیی» لە تورکیا و ناوچەکەدا. بە بۆچوونی من ئەم دیدگا ئایدیۆلۆجییە یۆتۆپییە نامێژووییە، دوور و نزیک، پەیوەندیی بە پرسی کورد‌ـەوە نییە. ئەوە ئەرکی پرسی کورد لە تورکیا دا نییە، مۆدێرنەیەکی تر و شارستانیەتێکی تر دروست بکات، یان کۆتایی بە کاپیتالیزم بهێنێت و سیستمی دەوڵەت-نەتەوە لە جیهاندا بسڕێتەوە. 

لەڕاستیدا ئەو کەمە قسە و لێدوانانەی ئۆجالان کە گەیشتۆتە دەستی میدیاکان، لە پەیوەندیدا بە کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکدار و خۆهەڵوەشاندنەوەی پە+کە+کە، هیچ هێمایەکانی تێدا نییە بۆ ئەو پڕۆژە ئایدیۆلۆجییە یۆتۆپییە کە ئۆجالان ساڵانێکە بەرگری لێ دەکات. ئۆجەلان باس لە پرسی دروستبوونی «گرێبەستێکی تازە» لە تورکیا دا دەکات. بەڵام چۆنیەتی قسەکردن لەم گرێبەستە پێشنیارکراوە و زمانی ئەم قسکردنە هێما بۆ هۆشیارییەکی سیاسیی قەیراناوی و بەدحاڵیبوونێکی سیاسیی گەورە، دەکات. 
ئۆجالان دەڵێت: “پێویستمان بە گرێبەستێکی نوێیە بۆ یاسای برایەتی. ئەوەی ئەنجامی دەدەین نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی گەورەی پارادایم دەکەن. جەوهەری پەیوەندی تورکیا و کورد تەواو جیاوازە، ئەوەی دەشکێت پەیوەندی برایەتییە. براکان شەڕ دەکەن، بەڵام كەس بەبێ ئەوی تر ناژی. ئێمە خەریکی پاککردنەوەی تەڵە و مینەكانین، یەك لە دوای یەك، ڕێگاو پردە ڕووخاوەكان چاک دەكەینەوە كە ئەم پەیوەندییە تێک دەدەن.”

ئەوەی کورد بە تورک و بە دەوڵەتی تورکیا گرێ دەدات پرسی برایەتیی و پەیوەندیی براکان بەیەکەوە نییە، بەڵکوو پرسی بوونی ماف و بەرپرسیارێتی یەکسان و پرسی ڕێزگرتنی سیاسیی و کولتووریی و زەلیل و گرگن نەکردنی یەکدییە. پرسی دروست کردنی ژیانێکی هاوبەش و گشتییە هەمووان لەناویدا هاووڵاتی خاوەن ماف و بەرپرسیارێتی یەکسان بن. ئەوەی پەیوەندییەکانیان ڕێک دەخات برایەتی و لەوێشەوە ئەندامبوون لەیەک خێزاندا نییە، بەڵکوو مەسەلەی هاووڵاتییبوونی یەکسان و داننانی سیاسییە بە ماف و بەرپرسیارێتییە یەکسان و هاوبەشەکاندا. پەیوەندیی کورد و تورک لەگەڵ یەکدیدا، پەیوەندیی بەشە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی و کۆمەڵگای تورکیش لەناو خۆیاندا، پەیوەندیی نێوان بەشە جیاوازەکانی هەر کۆمەڵگەیەکیش لەگەڵ یەکتریدا.

دیسانەوە پەیوەندیی برایەتیی و خزمخواهیی نییە، بەڵکوو پەیوەندیی سیاسیی و یاسایی و دەستورییە. ئەوەی دەبێت ڕووبدات بوون بە برای یەکدی کورد و تورک نییە، بەڵکوو کۆتاییهێنانە بە یەک سەدە نکوڵیکردن لە کوردبوونی ملیۆنان مرۆڤ لە ناو سنوورەکانی دەوڵەتی تورکیا دا و داننانە بە مافە تایبەت و هاوبەشەکانی یەکدیدا. سڕینەوەی چوارچێوەی تێرۆر و هەڕەشەکردنە بۆ چۆنیەتی مامەڵەکردنی پرسی کورد، جێگرتنەوەشی بە چوارچێوەی ماف و داننان بەیەکتریدا وەک بەشی جیاواز و لەیەکنەچووی دانیشتوانی ناو وڵاتێکی هاوبەش. 

هیچ دەوڵەتێکی فرەئیتنیی و فرەکولتوور و فرەزمان پەیوەندییە ناوەکییەکانی لەسەر بنەمای برایەتی و پەیوەندیی خوێن و خزمخواهیی ڕێک ناخات، بەڵکوو لەسەر بنەمای بوونی مافی سیاسیی و یاسایی و دەزگایی و دەستووریی ڕێکیان دەخات. نەتەوە خۆیشی وەک یەکەی سەرەکیی ناو دنیای ئەمڕۆ کۆمەڵەیەکی خێزانیی یان کولتووریی نییە، بەڵکوو کۆمەڵەیەکی سیاسیی خەیاڵکردە کە ماف و بەرپرسیارێتی هاوبەش و یەکسان پەیوەندییەکانیان ڕێک دەخات. لەزۆر ڕووەوە ئەم زمانی بەخێزانیکردن و بەخزمخواهیکردنی پەیوەندییە سیاسییەکان، نەک گۆڕانی پارادیم نییە، بەڵکوو گەڕانەوەیە بۆ سەردەمی فیودالیزمی سیاسیی. 

بە کورتی، بڕیاری وازهێنان لە خەباتی چەکداریی بڕیارێکی عەقڵانیی و ستراتیجیی گرنگە، پێویستی بە بەرگریلێکردن و گەشەپێدان هەیە. ئەم بڕیارە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ ببینێت لە گۆڕینی ناوچە کوردنشینەکانی باکوور لە «سەربازگە»وە بۆ کۆمەڵگەیەکی ئاسایی، ئەمەش دەسکەوتی ژمارە یەکی ئەم وازهێنانەیە لە خەباتی چەکداریی. دوای ئەوە کارکردنی سیاسیی و مەدەنی بەردەوام و سەخت بۆ گۆڕینی ڕای گشتی لە تورکیا دا، کە ماوەی سەدەیەکە لەپاڵ نکوڵی کردن لە کورد و کوردبووندا دروست دەکرێت و دەپارێزرێت. سێیەم لەباتی دروستکردنی مۆدێرنەی ناکاپیتالیستی و نەهێشتنی مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوە، بەکارهێنانی ئەو پێگە باش و بەهێزانەیە کە لە پەیوەندیدا بە پرسی کوردەوە لە تورکیادا دروستبوون. هەموو ئەمانە بە مەبەستی گەورەترکردنی ڕووبەرەکانی ئازادیی، تەحەداکردنی ستەم و بێمافی، گەشەدانی زیاتر و زیاتر بە ڕێزگرتنی مرۆڤ، سڕینەوەی دەزگا و میکانیزمەکانی ئیهانە و زەلیلکردن، گەورەکردنی سنوور و ڕووبەرەکانی سەربەخۆبوون، بەرهەمهێنانی هەقیقەتی کۆمەڵایەتی باشتر و ئینسانیتر، هتد.
بە هیوای سەرکەوتنی ئەم پرۆسە مێژووییە ئالۆز و سەخت و فرەلایەنە.

تێبینی: ئەم وتارە لە فەیسبووکی مەریوان وریا قانیع وەرگیراوە، بەڕەزامەندی نووسەر.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO