سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئەوانیش لێرەبوون

ئەمڕۆ بەیانی لە خوێندنەوەی “نیشتمانی سارا” بوومەوە. ڕۆمانێکە لە نووسینی میران ئەبراهام و لەلایەن ناوەندی ڕووناکبیری ڕەهەند چاپ کراوە، چاپی چوارەمی.

لەو ڕۆمانەدا، میران ئەبراهام هەوڵی داوە مێژووی یەک سەدەی تەواوی جووەکانی کوردستان، بەتایبەتیش جووەکانی سلێمانی بگێڕێتەوە، لەگەڵیشیدا مێژووی ئەوسەردەمانەی سلێمانی و کوردستان، مێژوویەکی پڕلە هەوراز و نشێو، پڕلە دابڕان و ئاوارەبوون و ئازار و ئەشکەنجە، مێژوویەک لێوانلێو لە خۆزگە و کووردبوون و کێشە ئایینییە ناپێویستەکان، کە ڕەهەندەکانی تا ئەمڕۆش شەپۆڵ دەدەن، بێ ئەوەی بەهیچ کوێیەکمان بگەیەنن. نەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو بۆتە هۆی ئەوەی خەڵکی کوردستان باجێکی گەورەی بۆ بدەن، باجێک کە لەوانەیە چەندین دەیەی دیکەش بخایەنێت و ڕەهەند و دەرهاوێشتەکانی کۆتاییان نزیک نەبێت.

کە “نیشتمانی سارا”م خوێندەوە، چاوەڕوانی گێڕانەوەیەکی ئاسایی و پەیوەندییەکی خۆشەویستی نێوان کوڕ و کچێک و هەندێک سروت (تقوس) و ڕێوڕەسمی ژیانی جووەکان بووم لە کوردستان. چاوەڕوانی جموجۆڵی ڕۆژانەی جووەکان بووم لەڕێی پیشەکانیانەوە کەلوپەلەکانییان بە گران و دڵڕەقییەوە بفرۆشنە خەڵک و لموزیان لەبەردەم هەژاری و نەداری و نەزانیی خەڵکی سلێمانی هەڵبماڵن و بێمنەتانە و لە گەڕەکە داخراوەکەیان، گەڕەکی جووەکان، یان وەک ئەوەی میران ئەبراهام ناوی دەبات “گەرەکی جوولەکان”، ئاگایان لە ئێش و ئازاری خەڵك نەبێت و بۆ خۆیان خەریکی ژیانی شاهانەی خۆیان بن. بەڵام لە “نیشتمانی سارا”دا، ڕێک پێچەوانە بوو.

نەمدەزانی کوردبوون لەژیانی زۆرێک لەو جووانە ڕیشەدار و ئیشقە. هەروام دەزانی کووردبوون و نیشتیمانێک بەناوی کوردستان بۆ جووەکان گرنگ نییە. نەمدەزانی، ئەوان سلێمانی وەکوو دایک دەبینن و بە خوێن و گۆشت تێکەڵ بەو خاکە بوون. نەمدەزانی ڕۆژانە دادەبەزنە ناو خەڵک و تێکەڵ بە بازاڕی سلێمانی و ژیانی ڕۆژانەی خەڵك دەبن. نەشمدەزانی کە کورد بەهۆی هاوئایینیی و سەردەستەیی تورکە عوسمانییەکان هێندە وابەستەی تورکەکانن و هێندەش دڵڕەق و زبرن لەگەڵ هاونیشتیمانیی و هاوشارییە جووەکانیان. هەر ئەوەش بوو جووەکان بە کوردە موسوڵمانەکانییان دەگوت “کوردە موالییەکان”، چونکە وابەستەی تورکەکان بوون، چونکە خۆشیان بەلاوە کورد بووە و ناسنامەی کوردبوون بۆیان گرنگ بووە.

دەکرا “نیشتمانی سارا” بکرێت بە چوار تا پێنج ڕۆمان زیاتر، هێندە ئاڵۆز و پازدانی مێژوویی تێدان، هەندێک جار لەناو ڕووداوەکاندا ون دەبین، لەوانەیە جارێک بەس نەبێت بۆ خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانە، بۆ ئەوەی بەوردی و تا کۆتایی هەموو سەرەداوەکان بەدەستەوە بگریت و لەناویاندا سەرت لێ نەشێوێت. بەڵام هەر لەگەڵ دەسپێکی جەنگی یەکەمی جیهانی و دواتریش سەرهەڵدانی نازیزم، پڕوشک و شەپۆڵەکانی دەگەنە کوردستانیش و دژەجووبوون دەبێتە دیاردەیەک کە تائەوڕۆش جینگل دەدات، تائەوڕۆش بەهۆی جەنگی نێوان ئیسڕائیل و حەماس، جارێکی دیکە بەرەوهەڵکشان دەچێت و شەپۆڵەکانی ئەوروپا و ئەمریکا و زۆر سەرزەوی دیکەش دەگرێتەوە.

ئایین، دەبێت سەرچاوەی سۆز و بەزەیی بێت لەنێوان مرۆڤەکان، بەچاوپۆشین لە جیاوازییە ئایینییەکان، بەڵام زۆرجار غروری زۆرینەبوون و خۆ بە “ئوممەتی ڕزگاربوو” زانین و هەموو ئەوانی دیکەش بە گومڕا و گاور و پیس و ئاوەگر زانین، پەیوەندییەکان دەخەنە سەر لەپی عیفریت. نەک هەر ئەوە، وەکوو لە لاپەرە 53 دا دەڵێت “مەلاکان چاوساغ و داردەستی سەربازە تورکەکان بوون و ماڵ بە ماڵ لەگەڵیاندا دەگەڕان”، تادەگاتە “بێجگە لەوەیش ئەو ماڵەی لە دوو ژەم زیاتر خواردنی تێدا بوایە لێیان دەسەندن و بۆ بەرەکانی جەنگیان دەنارد. لەو چوار ساڵەی سەردەمی گرانی و جەنگدا، گەلێک لە شێخ و مەلاکانی شاری سلێمانی لەلایەن “سوڵتان”ـەوە خەڵات کران، هەندێکیان بەمەدالیای زێڕ و ئەوانی تر دوای جەنگ خەرجیی چوونی حەجیان بۆ کرا”. لەسەر ئەو بنەمایەش جووەکان هەمیشە ترس و لەرزیان لەو مەلایانە بووە کە بۆ ئافەرینێک و خۆنزیککردن لە دەستەڵاتی ئەوکاتەی تورکەکان بۆیان ئاسایی بووە جووەکان بەگرتن بدەن.

ڕاستی کە ئەو بڕەگەیەم خوێندەوە، ڕێک گێڕانەوەیەکی باپیرەی خۆم “مەلا سادقی گرتکم” بیر هاتەوە. کە ڕووسەکان دەگەنە کوردستان، شەڕێکی خوێناوی ڕوویداوە لەنێوان ڕووس و تورکەکان، بەڵام ئاشی ئەو جەنگە تەنها لاوە کوردەکان و جەنگاوەرانی کورد بوون. باپیرەم دەبێتە یەکێک لە خۆبەخشەکانی ئەو جەنگەی دژ بە ڕووسەکان. ئەو دەیگوت تا نەبوومە خۆبەخش و چەکم لەشان نەکرد، تورکەکانم نەدەناسین. هەروام دەزانی موسوڵمانن و جیاکاری لەنێوان خۆیان و کورد دا ناکەن. بەڵام هەر لەوکاتەوە تێگەیشتم کە ئەوانە هەرچی ئیمان و ئیسلامە بستێک لە پەنجەی پێکانیانەوە بەسەرنەکەوتووە. ئەوانەش کە فریوی برایەتی ئیسلامەتیی تورکەکانییان دەخوارد، گەمژە و نەفام بوون، نەیاندەزانی ئەوەی تورکەکان لە کوردستان دەیکەن نە ئیسلامە و نە برایەتی و نە دۆستایەتی، بەڵکوو ئەوان لە ڕووسەکان غەددارتر و بێباوەڕتر و دوژمنترن بۆ خەڵکی کوردستان.

ئەو هەمیشە یەک ڕووداوی دەگێڕایەوە بۆ ڕاستی قسەکانی خۆی، ئەویش سووتاندنی قشڵەی گەورەی حاجی ئۆمەران بوو. دەیگوت کە ڕووسەکان کشانەوە و ئێمەی خۆبەخش گەیشتینە حاجی ئۆمەران، لەو شەڕەدا هەرچی ناوی تورک بوو نەماندیتن. شەڕەکە تەنها ئێمەی کورد کردمان. لە قشڵەی حاجی ئۆمەران ئەرزاقێکی زۆر زۆر هەبوو، لەکاتێکدا کە خەڵك لە برسان دەمردن. تورکەکان دوور و نزیک هەستیان بکردبایە لە ماڵێک گەنم یان هەر جۆرە خۆراکێک هەیە، دەستیان بەسەردا دەگرت. ئا لەوکاتەدا بینیمان ئەو قشڵەیە لێوانلێوە لە خۆراک، لە گەنم و برنج و نیسک و نۆک و گەنمەشامی و زۆر جۆری دانەوێڵە. دەیگوت ڕاستەوخۆ لیژنەیەکمان پێک هێنا بۆ ئەوەی خەڵک ناونووس بکرێت و بەسەریاندا دابەش بکەین. بەڵام بەداخەوە لەو کاتەدا مەفرەزەیەکی سەربازە تورکەکان گەیتشنە ئەوێ و هەر کە ئێمەیان دیت، خەریکی دابەشکردنی دانەوێڵەین بەسەر خەڵکدا، یەکسەر هەموومانیان دوورخستنەوە و لەبەرچاوی ئێمە قشڵەکەیان ئاگردا. مەلا سادق هەر لەو ڕۆژەوە چەکەکەی فڕێ دەدات و دەگەڕێتەوە گوندەکەی خۆی و شایەتمان بەوە دێنێت کە تورک هیچ پەیوەندییان بە ئیسلام و بە کورد‌ـەوە نییە.

لەو بیرەوەرییەم دا دەگەڕامەوە ناو ڕووداوەکانی نیشتیمانی سارا و تێبینی ژیانی جووەکانم دەکرد. لە ماوەی یەک سەدەی تەواو لەناو جیاکارییەکی بێزراودا بوون. هەر لەبەر جیاوازیی ئایینییانەوە لە ژیانێکی کولەمەرگیدا بوون. هەمیشە حیزی و سەلامەتییان قبوڵ بووە، قبوڵیان بووە جوێنیان پێ بدرێت و سووکایەتییان پێ بکرێت بەڵام لێیان بگەڕێن بژین. لەهەمان کاتیشدا شانازیان بە کوردبوون و زمانی کوردییەوە کردووە. ئەم شانازییەش لەو جموجۆڵانەیاندا دەردەکەوێت کە پەیوەندییەکی نزیکییان بە شاعیر و ڕووناکبیرەکانی ئەو سەردەمەوە هەبووە. لەوانەش کە لە ڕۆمانەکەدا ناویان دێت، عەبدوڵا زێوەر، جەمال عیرفان، حەمەدەمین زەکی ئەفەندی و تێکەڵبوونیان لەگەڵ بزاڤی ڕووناکبیری کورد و گۆڤاری ڕۆژی کورد لە سلێمانی و جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی “درەنگ بێت یان زوو ڕۆژی کورد هەر دێت” (ل. 82).

چیڕۆکی جزیەدان لە ڕۆمانەکەدا چیڕۆکێکی پڕ لە ئازاری دیکەیە، کاتێک بە ئەمری تورکەکان دەستەڵاتی سلێمانی بەسەر هەموو جووەکانیدا دەسەپێنێت جزیە بدەن. گێڕانەوەکە درێژە، “حاجی سەید حەسەن” ناوێک دەبێتە حاکمی شار. شێخ قادری حەفید دەچێتە دوکانی خاییم و بە خاییم دەڵێت “لەمە بەدواوە ئێوە لە زیممەی ئەو دان” (ل.114). لەمەودوا جەنابی شێخ حاجی سەید حەسەن داوا دەکات دەبێت “جزیە بدەین”. یان دەبێت شەکر و چای دیوەخانەکەی جەنابییان دابین بکەین. لەبەرامبەریشدا سەروماڵی ئێمەیش لەئەستۆی جەنابی شێخ حاجی سەید حەسەنە. بەڵام کاتێک کە ژمارەیەک پیاوماقڵی جووەکان دەیانەوێت سەردانی شێخ مەحمودی حەفید بکەن لەکاتی گەڕانەوەیدا بۆ سلێمانی، پاسەوانەکان تفەنگیان لێ ڕادەگرن و پێیان دەڵێن “بە ئەمری جەنابی شێخ حەسەن ئێوەی جوو ڕووی ئەو مەجلیسەتان نییە” (ل.119).

تێبینییەکی دیکە، کە زۆر گرنگە و لە “نیشتمانی سارا”دا ڕەنگی داوەتەوە، دەنگوباسی بزووتنەوەی زایۆنیزمە، کە هەر لە سەرەتای سەدەی بیستەم و لە سەرووبەندی جەنگی یەکەمەوە، هەوڵەکانی خۆی چڕکردنەوە بۆ بیناکردنی دەوڵەتێکی تایبەت بە جووەکانی دنیا، زۆرینەی جووەکانی کوردستان ئەو هەوڵ و دەنگوباسانەیان پێخۆش نەبووە. نەیانویستووە لە نیشتیمانی خۆیان هەڵبقەنێن و کۆچ بکەن. هەر بۆیەشە، چالاکوانە جووەکان کۆدەبنەوە و پارتێک دروست دەکەن بەناوی پارتی خەڵتووز بۆ دوو مەبەست. یەکەمیان، وەک ئەوەی حەسۆ میکائیل دەڵێت “ئێمە ئەوەیش دەزانین، کە هاوڕەگەزە زایۆنیستەکان دژمان دەوەستنەوە، چونکە ئێمە دەمانەوێت لەسەر زێدی باو و باپیرانمان وەک جوو بمێنینەوە و بەرگری لەخۆمان بکەین” (ل.190). هەر بەهەمان ئاڕاستە، چالاکوانە جووەکان ئەو پارتەیان دروست کردووە “تاکو ڕێگا بە کوردە مەسیحی و موسوڵمانەکان بدرێت لە خەڵتووز دا ببنە ئەندام، لەو ڕێیەوە بتوانین پێکەوە خۆمان لە پلانی عەرەبە شۆڤینیستەکان بپارێزین” (ل.191). کە ئەوکاتە عەرەبەکان لە بەغدا فشاری زۆریان لەسەر جووەکان دروست دەکرد و هەر لەو سەین و بەینەشدا پەلاماری فەرهوود لە 1941 ئەنجام درا، کە لە خودی خۆیدا هۆلۆکۆستێکی بچووکراوەی جووەکانە لە بەغدا.

وێستگەی سەرنجڕاکێش لە ڕۆمانەکەدا زۆرن. بۆ دواجار جووەکانی کوردستان‌ـیش بە پلانێکی عەرەبە شۆڤینیستەکانی بەغدا، حاکمەکانی شارەکانی کوردستان ناچار دەکەن جووەکان دەرپەڕێنن و کۆچیان پێ بکەن. ئێش و ئازارێکی زۆر و زیانێکی زۆریش بەو جووانە بگەیەنەنن کە ڕەگوڕیشەیان لە قوڵایی مێژووەوە لە کوردستان دا هەبووە و ژیاون. بە کۆڵێک ئازارەوە کۆچیان پێ دەکرێت. بەڵام سارا لەگەڵ سالاری هاوسەری کۆچ ناکەن و سالار تێکەڵ بە کۆمەڵەی ڕەنجدەران دەبێت و دواییش دەبێتە پێشمەرگە. سارای خێزانیشی بۆ دواجار لەگەڵ خۆی دەبات، بەڵام سارا خان لەناو شاخەکانی کوردستان گیان بەخت دەکات و هەرلەوێش جەستەی تێکەڵ بەخاک و خۆڵی کورداستان دەبێت و بۆهەتا هەتایە کوردستان وەکوو نیشتمانی سارا دەمێنێتەوە.

میران ئەبراهام لەڕۆمانەکەیدا دەیەوێت بە هەمووان بڵێت “ئێمەش لێرە بووین”، ئێمەش دڵمان خۆش بوو بەو کوردستان‌ـە، بەڵام بۆ دواجار ڕق و جیاکاری ئایینیی، جووەکانی ڕەتاند و لە ماڵ و موڵک و نیشتیمانەکەی خۆیان دابڕێندران.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO