سلێمان مستەفا حەسەن
لە ٢٦/٦/٢٠٢٤ سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەڕسوومی دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی دەرکرد، بەپێی ئەو مەڕسوومە ڕۆژی ٢٠/١٠/٢٠٢٤ وەک ڕۆژی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیار کرد. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی فیدراڵی لە ڕۆژی دیاریکراودا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ئەنجام دا. دوای یەکلایی کردنەوەی تانەکان لە لایەن دەستەی دادوەری هەڵبژاردن، لە ڕۆژی ٢٤/١١/٢٠٢٤ بەپێی کۆنووسی ژمارە (٤٤) بڕیاری ژمارە (٤) ئەنجوومەنی کۆمسیاران ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد. بەپێی ڕێکارە یاساییە بەرکارەکان وەک لە ماددەی (٤٧ و ٤٨)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دا هاتووە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەڕسوومی هەرێمی بۆ دانیشتنی یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمان دەرکرد. لەبەر ڕووناکیی ئەو مەڕسوومە هەرێمییە ڕۆژی ٢/١٢/٢٠٢٤ بەربژێرە دەرچووەکان سوێندی یاساییان خوارد. هاوکات، پاڵپشت بە ماددەی (٤٧، ٤٨، ٥١) لە یاسای پەرلەمانی کوردستان و یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها، ماددەی (١٣) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان خولی شەشەم، واتە خولی نوێی پەرلەمان، بەفەرمی دەستی پێ کرد. وەک لە دەقی ماددەی (٥١)دا هاتووە، ماوەی پەرلەمان چوار ساڵە، لە یەکەم دانیشتنییەوە دەست پێ دەکات، لە دوا دانیشتنی ساڵی چوارەمدا کۆتایی دێت. پرسیارێکی بەجێ، ئایا ئەنجامەکان پەسەند کران؟ وەڵام بەڵێ. ئایا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد؟ وەڵام بەڵێ، ئایا خولی شەشەم دەستی پێ کرد؟ وەڵام بەڵێ.
هەر وەک ماددەی (١٣)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دان بەوەدا دەنێت کە لە ڕۆژی سوێندخواردنەوە بەربژێران دەبن بە ئەندامی پەرلەمان، بە وردبوونەوە لەم دەقە یاساییانە هەڵنەبژاردنی سەرۆکایەتی پەرلەمان کارێکە پێچەوانەی یاسا بەرکارەکانە، چونکە خولی یاسادانان دەستی پێ کردووە، پەرلەمانتاران سوێندیان خواردووە و بوونەتە پەرلەمانتار و مافەکانیان دەستەبەر بووە، نزیکە ٦ مانگ لە تەمەنی خولی شەشەم دا تێپەڕیوە، ئەگەر بیانووەکە ئەوە بێت کە ئاسایی و یاساییە سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵنەبژێردرێت و چونکە بڕگەیەکی یاسایی و دەستووری نییە ڕێگر ببێت لەم بەناو حیلە یاساییە بە گەڕانەوە بۆ یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دەستووری کۆماری عێراق ساڵی ٢٠٠٥ دەتوانیین بڵێن ئەوەی لە پەرلەمانی کوردستان ڕوو دەدات کارێکە پێچەوانەی ماددەی (٥١) یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و یاسای سەرۆکایەتی هەرێمە. هەروەها ئەم پەکخستنەی کاری پەرلەمان پێچەوانە و ناکۆکە لەگەڵ حوکمەکانی ماددەی (٥، ٦، ١٣، ٢٠، ٥٦، ١١٧ و ١٤١) لە دەستووری هەمیشەیی عێراق.
سەرەڕای ئەوەی کاری پەرلەمان پەکی کەوتەوە، بەپێی یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١٩، ماوەی یاسایی و کاربەڕێکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش تەواو بووە. لە بڕگەی یەکەمی ماددەی (٥)ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ماوەی تەمەنی سەرۆکایەتی هەرێم بەندە بە خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە ئێستاشدا هەڵبژاردن کراوە و ئەنجامەکان پەسەند کراون، پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خواردووە. کەواتە ئەگەر بپرسین ئایا کاری سەرۆکی هەرێم تەواو بووە، تەنیا پرسیارێکە؟ ئایا دەکرێت بە بڕگەی دووەمی هەمان ماددە خۆمان لەو بەرپرسیاریتیە بشارینەوە. بەپێی کات بەندی کارنامەی هەر خولێکی پەرلەمان، دوای سوێند خواردنی پەرلەمانتاران و دەستپێکی خولی نوێی یاسادانان، دەبێت لە ماوەی (٣٠) ڕۆژ لە دەست بەکار بوونی پەرلەمان و یەکەم کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی دوای هەڵبژاردنی هەستیت بە ڕاسپاردنی کوتلەی پەرلەمانی بە پێکهێنانی کابینەی نوێ. لە ئەگەری سەرنەکەوتنی لە پێکهێنانی کابینە بۆی هەیە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە.
بۆیە ئەو سکاڵایانەی لە لایەن چەند پەرلەمانتارێک تۆمار کراوەن بە ژمارە (٨٨، ٩١) لە ٢٠٢٥ لە دادگای فیدراڵی لەسەر سەرۆکی هەرێم، کارێکی یاسایی دروستە کە لەبەرامبەر سەرپێچی بنەماکانی یاسا و دەستوور پەنا بۆ دادگا ببرێت، لە لایەکی تر کارەساتە بۆ ئەم ئەزموونە چ ڕەواییەکە دەستوورمان نەبێت و هەر بەڕێگای بەغداوە بین سکاڵا لەسەر خۆمان تۆمار بکەین و پەند لە ڕابردوو وەرنەگرین. ئەگەر هەرێم بۆ پاساوەکانی بگەڕێتەوە بۆ هەر دوو بڕیاری دادگای فیدراڵی بە ژمارە (٢٤) لە ٢٠٢٢ و بڕیاری دادگای فیدراڵی بە ژمارە (٣٢٢) لە ٢٠٢٣ خۆدزینەوەیە لە پەڕ پرسیاریەتی یاسایی و ئەو سوێندەی پەرلەمانتارانی کوردستان خواردویانە وەک لە ماددەی (٤٧) یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا هاتوە، هەروەها ماددەی (١٢)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانتاران سوێند دەخۆن و بەپێی ماددەی (١٣) پەیڕەی ناوخۆ بە پەرلەمانتاری دەست بەکار بوو هەژمار دەکرێن. لە ماددەی (١١) پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن لە یەکەم کۆبوونەوە پەرلەمان هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و سوێند خواردنی تێدا دەکرێت. دەکرێت لێرەدا پشت بە بنەمایەکی یاسایی ببەستین کە جەخت دەکاتەوە لە “لا مساغ للاجتهاد في مورد النص”، بۆیە ئەم دۆخە هیچ پاساوێک و ڕاڤەیەک و ئیجتهادێک قبوڵ ناکات.
لەهەمان کاتدا نەبوونی ماددەیەکی یاسایی کە ئاماژە بەو دۆخە بکات کە پەرلەمانی تێکەوتووە بە مانای پێدانی ڕەوایەتی و شەرعیەت نییە بەم پێشێلکارییە یاسایی و دەستوورییە. ناکرێت پەرلەمان دەست بەکار بێت و خولی یاسادانان دەستی پێ کردبێت، ڕێگا لە ئەرکی پەرلەمان بگیرێت بۆ تەواوکردنی کارنامەی کارە لە پێشینەکانی، لە ڕەوایەتی دان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و متمانەدان بە سەرۆک وەزیران و کابینە و کارنامەکەی. باشتر وایە پێش وادەی دابینی لەلایەن دادگای فیدراڵی، پەرلەمان بە ئەرک و بەرپرسیاریەتی خۆی هەستیت. لە کۆتاییدا، دوای ٦ مانگ، کە دەکاتە ١٨٠ ڕۆژ پەرلەمانێکی سوێند خواردوو، بەڵام بێ سەرۆکمان هەیە.
لە ڕووی سیاسیشەوە کارەکە پێچەوانەی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان و ئەزموونی هەرێمی کوردستانە. داواکاری دۆستانی گەلەکەمان لەم بارودۆخە تەبایی و یەکگوتاری ناو ماڵی کوردە، موچەخۆرانی هەرێم نان بڕاو کراون، ماددەی ١٤٠ جێبەجێ نەکراوە، یاسای نەوت و گاز، یاسای دادگای فیدڕالی، یاسای ئەنجوومەنی فیدرالی، یاسای پاراستنی مافی هەرێمەکان و پەسەند کردنی دەستووری هەرێم، هەموو ئەو ئەرکانە بە یەکڕیزی و هەماهەنگی و پەرلەمانێکی بەهێز و حکومەتێکی تۆکمە دەکرێن. بۆیە ئەرکی حیزبە براوەکانە ئەو زەمینەیە بڕەخسێنن، نەدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە پێش جەژنی قوربان پەیامێکی ڕوونی برا چاو ڕەشەکانە بۆ گەلی کوردستان، پەیام لەوە ڕوونترو ڕاشکاوتر؟