سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئەو هزرە مەترسیدارەی خەریکە برەوی پێ دەدرێت

کەمال چۆمانی لە نووسینێکیدا لەبارەی ململانێی هەولێر و بەغدا دەڵێت: “ئیشی کورد هەر ئەوە نییە ببێتە دۆستی عێراق، بەڵکوو کورد دەبێ لە ‘بەسرا’ییەک زیاتر هەوڵ بدات لە پێناو دیموکراتیزەکردنی عێراق و پاراستنی سەروەری عێراق، چونکە عێراقێکی نادیموکرات دژی کوردە.”

واتە ئەوەندە بەس نییە کورد بچێتە بەرەی عێراق و ئێران و مقاوەمەتی وێرانکاری و شکستخواردوو، بچێتە بەرەی دژایەتی ئەمریکا و ئیسرائیل. هەر بەوەندە کورد بە مافەکانی ناگات، بەڵکوو کورد دەبێت تاک بە تاکی تورک و عەرەب و فارس بگۆڕێت و بیانكاتە دیموكراسیخواز تا بە مافەکانی بگات! ئەمە ئەو هزرە مەترسیدارەیە کە خەریکە برەوی پێ دەدرێت، کە هەڵقەوڵاوە لە تیۆری برایەتی گەلان و کۆمەڵگەی دیموکراتی عەبدوڵا ئۆجەلان.

تیۆرەکە بەم شێوەیەیە: بۆ ئەوەی کورد ستەمی لێ نەکرێت لەلایەن ئەو دەوڵەتانە، دەبێ کورد هەوڵ بدات ئەقڵیەت و جیهانبینی فاشیستی ڕەگداکوتاوی سەدان ساڵەی تورک و عەرەب و فارس بگۆڕێت. لە نەتەوەیەکی فاشیست و دواکەوتووەوە بیانگۆڕێت، بیانکاتە نەتەوەیەکی ئاشتیخواز و دیموکراتخواز و فرەییخواز!

ئەوە چ وەهم و خەیاڵێکە! کورد ئەو تاقەت و توانایەی لە کوێ بوو! ئەوە کەی ئیشی کوردە! باشە کورد خۆی ئەو شتانەی تێدایە تا بیبەخشێت! گریمان ئەم گیانە دیموکراتییە لەناو کورد دا بوونی هەیە! چۆن بیگوازێتەوە بۆ نەتەوە سەردەستەکان لە کاتێکدا هەرچی دەزگا و دامەزراوەی فێرکردن و کولتوور و پەروەردەیی و میدیایی ئەو وڵاتانە هەیە لەدەست خۆیاندایە!

بۆ ئەو وڵاتانە کە سەد ساڵە دەسەڵاتێکی ڕەهای فاشیستانەیان هەبووە و هەموو دەزگاکانی دەوڵەتیان لەژێر دەستدا بووە، توانیویانە کورد بەو شێوەیە بگۆڕن کە دەیانەویست، تاوەکو کورد بەژێردەستەیی و بەبێ دەسەڵاتی خۆیەوە بتوانێ ئەوان بگۆڕێت! خۆ پێکوتە نییە بیانگرین یەک و دوو جورعەیان تێ بکەین و بیان گۆڕین! ئەم کەسانە تەنها قسەی خەیاڵاوی فڕێدەدەن و بیر لە میکانیزمەکانی جێبەجێبوونی ناکەنەوە.

ئەم هزرە وەهماوییەی کە خوشک و برایانی پە&کە&کە بڵاوی دەکەنەوە، لەگەڵ هزری ئیسلامی سیاسی هیچ جیاوازییەکی کڕۆکی نییە لە ئاستی پرسی نەتەوەیی کورد. دوو ڕووی یەک دراون. ئەمیان بەناوی برایەتی گەلان و ئەویشیان بەناوی برایەتی مسوڵمانان دژی سەربەخۆییخوازی کوردن و ڕەوایەتی دەدەنە ژێردەستەیی کورد لەژێر بانگەشەی دژایەتی نەتەوەگەرایەتی و بە شەیتانکردنی دەوڵەت-نەتەوە. بۆیە سەیر نییە، کە دەبینین لەم ڕۆژانە یەکێک لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا زۆر بە ڕاشکاوی دەیگووت  ئێمەی کورد خۆشبەختین کە دەوڵەت نەتەوەمان بۆ دروست نەکراوە.

تەنانەت ئەو دوو تەوژمە لە پیرۆزکردنی کەسایەتی و ئایدۆلۆجیش یەکن. وەک چۆن کاتی خۆی بۆ هەر پرس و بابەتێک موسڵمانان چاوەڕێی وەحی پێغەمبەریان دەکرد، تا بەبێ پرسیار و بیرکردنەوە، بە پیرۆزییەوە جێبەجێی بکەن، ئێستاش برایانی پە&کە&کە بۆ هەموو شتێک چاوەڕێی ئۆجەلان دەکەن. ئۆجەلان بیرکردنەوەی بگۆڕێت هی ئەوانیش دەگۆڕێت. کاتێک ئۆجەلان دەیگوت سەربەخۆیی کوردستان، ئەوانیش دەیانگوت سەربەخۆیی. ئۆجەلان بڵێت کۆنفیدڕاڵیزم، ئەوانیش دەڵێن کۆنفیدڕاڵیزم. ئۆجەلان بڵێت نە دەوڵەت-نەتەوە، نە فیدڕاڵی، نە لامەرکەزی کولتووری، بەڵکوو برایەتی کورد و تورک، ئەوانیش هەموویان دەڵێن برایەتی کورد و تورک!

بەداخەوە ئەو حیزبە تووشی پەتای سەرکردە پەرستی بووە. لە کۆنگرەی ١٢ دا، سەبری ئۆک بە ئاشکرا گووتی: “ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە لە پێش هەموو شتێکەوەیە (بە کوردستانیشەوە). ئەو بۆ ئێمە ڕابەر و پێغەمبەرە.” ئامەد مەلازگر‌ـیش کە فەرماندەی نەپەگەیە گوتی: “کوردستانێک ڕێبەر ئاپۆی تێدا نەبێت، بوونی پێویست نییە.”

لە هەمووی سەیرتر قسەکانی “بەسێ هۆزات” بوو. لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: “ئەمریکا و ئیسرائیل پڕۆژەیەکیان پێیە بۆ گۆڕانکاری لە ناوچەکەدا، کوردیش لەناو چەقی پڕۆژەکەدا هەیە. بەڕێز ئۆجەلان و تورکیاش ئەو پڕۆژەیەیان دیت، بۆیە بڕیاریاندا پەکەکە هەڵبوەشێتەوە.” ئینجا دەڵێت: “ئۆجەلان تەنها نیشتیمانپەروەرێکی کورد نییە، بەڵکو هی تورکیشە”. واتە ئەو تەنها خەبات بۆ نەتەوەی کورد ناکات، بەڵکوو بۆ تورکیش دەکات، بۆ ڕزگاری و برایەتی کورد و تورک هاتووە.

دواتر دەبینین گۆڕینەوەی پشتیوانی ئەمریکا بە برایەتی کورد و تورک چ ئەنجامێکی دەبێت. کورد لە هەڵبژاردنی پشتیوانی ئەمریکا هیچ بژاردەیەکی نییە، چونکە لە هەڵبژاردنی داگیرکارەکان هیچی دەست ناکەوێت. هیوادارم کورد لە ڕۆژئاوا نەچێتە ژێر باری ئەو هزرە بێ ئاکامە.

ئێستا پرسی پە*کە*کە، لە کورد و کوردستان‌ـەوە بووەتە پرسی ئۆجەلان. ئەوەی گرنگە جێبەجێکردنی قسە و هزرەکانی ئەوە، نەک ئەو دەرئەنجامەی کە لە هزرەکانی دەکەوێتەوە، کە داخۆ لە بەرژەوەندی کوردە یان نا؟ وەک چۆن بۆ ئاییندارێک گرنگ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی خوا و پێغەمبەرەکەیەتی، نەک ڕاستی و دروستی فەرمانەکە، چونکە هەردوو لا پێیان وایە ڕابەرەکانیان هەرگیز هەڵە ناکەن و خراپ ناپێکن، قەت فەرمان بە خراپە ناکەن، هەمیشە لەسەر ڕێگای ڕاستن.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO