ماوەیەکە خەڵکی کوردستان لە پەیوەند بە پرسی مووچەوە بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون. یەکێکیان دەڵێت نان لە ئازادی گرنگترە. بەرەی دووەم پێیان وایە ئازادی لە نان گرنگترە و مرۆڤ بە لەتە نانێكی نێو ماڵی خۆی قەناعەت بكات زۆر باشترە لە خوانە چەورەكەی ماڵی نەیار.
لە ڕاستیدا نان و ئازادی دووانەی پێکەوە گرێدراون، هەر یەک لەو دووانە نەبێت، لێرەوار دروست دەبێت. بەڵام ئەگەر بپرسین چارەسەر لەم نێوانەدا چییە؟ وەڵام ئەمەیە: بە ڕای من دەستەبەرکردنی ئازادی زۆر گرنگترە لە دەستەبەرکردنی نان، چونکە ئەو نانەی لەسەر خوانی نەیار و داگیرکەرە، ملكەچی و سەرشۆڕیی لەگەڵدایە، ماوەیەك هەناوت دەحەسێنێتەوە و ڕەنگە ڕۆژێك و دە ڕۆژ تێرت بكات، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانیت كە ڕۆژێ دێت، هەمان ئەو دوژمنە سەرچاوەی نانەكەت لێ وشك دەكات، وەك چۆن ئازادی و سەرفرازیی لێ زەوت كردیت، ئاوهاش نانەكەت لێ دەبڕێت، كورد لەمێژە گوتویەتی: گۆشتی لاڕانی خۆم بخۆم، لە منەتی قەساب باشترە.
دەبێ ئەوە بزاندرێ كە دوژمن و داگیرکەر لە عێراق، تەنیا ناسنامە و فۆرمەکەی دەگۆڕێت، دەنا ڕەفتارەكان هەر وەك یەكن، لە شاوە دەبێتە سەركۆمار و لە عەرەبی سوننەوە دەبێتە عەرەبی شیعە، ئەویان كیمیابارانت دەكات و ئەمیان مووشەكباران، ئەویان گەمارۆت دەخاتە سەر و ئەویان مووچە و بودجەت دەبڕێت.
بیرتان نەچێ، سەرجەم دەسەڵاتدارانی ئێستای عێراق، کاتێ لە دەسەڵاتدا نەبوون و ئۆپۆزسیۆن بوون، دۆست و هاوسەنگەری ئێوە بوون، کەچی ئێستا كە لە دەسەڵاتدان بە چاوی دوژمن سەیرتان دەکەن. کەواتە عەقڵی داگیركاریی برا چاوڕەشەکانمان! هەمان عەقڵییەتی دەیان سەدەی داگیرکارییە و هەرگیز بیری پێشکەوتن و دەستهەڵگرتن لە داگیركردن و زەوتكردنی مافی گەلانی ژێردەستە لە فەرهەنگیاندا نییە.
بۆیە باشترین بژارە لەبەردەمماندا، سەرەتا پاراستنی ئەم ئازادییەیە، ئەویش لەڕێی ئاشتبوونەوەی نیشتیمانی، دەبێ هەمووان بگەڕێنەوە سەر ڕێچكەی نیشتیمانپەروەریی-کوردستانیی ڕاستەقینە و دەستبەرداری بەرژەوەندیی تەسكی حیزبی بن و بۆ وەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان كە یەكێكیان گوزەرانی باشە بۆ هاووڵاتییان. چونکە ملکەچ کردن بۆعێراق لەپێناو نان و مووچە، ڕێك وەك ئەو باڵندەیە وایە كە لەبن تەپكەیەكدا گەنمی بۆ ڕۆ كراوە و هێدی هێدی دەچێتە بن تەپكەكە و ئیدی ڕاوچیەكە پەتەكە ڕادەكێشیت و دەكەوێت بەسەر باڵندەكەدا و باڵندەكەش بۆ هەتا هەتایە، نەك ئازادی، ژیانیش لەدەست دەدات.