سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

شۆرباکەی ئۆجەلان، سوێرە یان بێ خوێ؟

ئیبراهیم شێخ وەسانی

بەشی سێیەم

عەبدوڵا ئۆجەلان و هەڤاڵەکانی ٤٦ ساڵ پێش ئێستا لە یەکەم کۆنگرەی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان، گوتیان «کوردستان چوار پارچە نییە، یەک پارچەیە و دەبێت ئازاد بکرێت». بەمەش ئۆجەلان و پەکەکە بوونە یەکەم سەرکردە و پارتی سیاسی کوردی کە بەشێوەیەکی تیۆری و پراکتیکی دژایەتی خۆیان بۆ سنووری دەستکردی سایکس-پیکۆ ڕابگەینن. دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان ڕووداوێکی گرنگ و نوێ بوو لە مێژووی کورد، چونکە بە پێچەوانەی شێخ مەحموودی حەفید، مەلا مستەفای بارزانی، پێشەوا قازی و هەموو ئەو حیزبە کوردییانەی لە دوای کۆماری مەهاباد دروست بوون لە دژی سنووری سایکس-پیکۆی وەستایەوە. دوای هەوڵە سەرنەکەوتووەکانی شۆڕشەکانی شێخ سەعیدی پیران، شێخ عوبەیدوڵای نەهری، تا دەگات بزووتنەوەی خۆییبوون لە کۆماری ئارارات بۆ ئازادکردنی کوردستان و دروست کردنی دەوڵەتی کوردستانی، یەکەمجار بوو پارتێکی سیاسی کوردی دروست بێت کە بە ئاشکرا و بە پەیڕە و پڕۆگرام بڵێت «ئیعتراف بە سنووری سایکس- پیکۆ ناکەم».

بەڵام ئۆجەلان لە ٢٠٠٥، لە زینداندا بە دروست کردنی “کەجەکە” ئیعترافی بە سنووری سایکس-پیکۆ بۆ کوردستان کرد، بۆ هەر پارچەیەکی کوردستان پارتێکی سیاسی دروست کرد. ئەو لە زیندان زیاتر لە تەلبەندی سایکس- پیکۆ قووڵ بووەوە و تێگەیشت کە دەستکارییکردنی ئەو سنوورانە ئەوەندە ئاسان نییە، بەڵام ئەوکات هیچ کەس لەو گۆڕانکارییە گەورەیەی دیکە لە فیکری ئۆجەلان تێنەدەگەیشت، لە شرۆڤە سیاسییەکانەوە دەگوترا ئەوە جەبری سایکس- پیکۆ‌ـیە ئۆجەلانی ناچارکردووە ئەو هەنگاوە باوێت.

 کاتێک ئۆجەلان لە سەرەتای دوو هەزارەکان لە زیندان دەینووسی «ئەگەر بمانەوێت مێژوویەکی مانادار و بە شکۆ  بۆ کورد بنووسرێت، تەنیا لە چوارچێوەی مۆدێرنەتەی دیموکراتییە»، زۆرینەی کورد بە هەوادارەکانی ئەویشەوە لەوە نەدەگەیشتن ئەو بەو باوەڕە گەیشتووە کە دەوڵەتی نەتەوەیی کوردیی و “مافی چارەی خۆنووسینی گەلان”، کە دەوڵەتێکە بۆ هەر نەتەوەیەک، ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە قورسکردنی چارەسەری کێشەکەدا دەبینی، ئەوکات کەس لەو باوەڕە نەبوو ئۆجەلان دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ هەموو نەتەوەیەک بە “کورد”یشەوە بە کێشە بزانێت.

بەڵام ئۆجەلان بەبێ سڵەمینەوە لە ٢٠٠٥ لە زیندانەوە گۆڕانکارییەکی جەوهەری لە پە*کە*کە کرد، سیستەمێکی نوێی بەناوی کەجەکە دروست کرد، پەکەکەشی کردە لقێکی ناو ئەو سیستەمە. گۆڕانکاری جەوهەریشی لە تەواوی بونیادی ئەو ڕێکخستنە کرد، ئەنجوومەنێکی باڵای سەرکرایەتی بەناوی «کۆنسەی سەرۆکایەتی کەجەکە» دروست کرد کە خۆی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەکەی دەکرد و سێ ژن و سێ پیاوی سەرکردەی ئەو بزووتنەوەیەش تێیدا ئەندام بوون.

ئۆجەلان دەڵێت «هەوڵێکی زۆرم دا ئەو دەرەنجامە بنچینەییەی کە بەدەستم هێنا، ئەوەبوو کە سۆسیالیستەکان ناتوانن خاوەنی پرەنسیپی دەوڵەتی نەتەوەیی بن، چارەسەری بنەڕەتی کێشەی نەتەوەیی دەبێت نەتەوەی دیموکرات بێت. هەوڵ دەدەم لە ڕێگەی ئەزموونی کەجەکە بەکۆنکرێتیکردنی ئەمە نیشان بدەم». لە دیدی ئۆجەلان کوردستان لە سەدەی بیست و یەکەم دا بە جۆرێک بووەتە جێگای سەرنجی شۆڕش و دژەشۆڕش، لاوازترین ئەڵقەی مۆدێرنەتە سەرمایەدارییە، کێشە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی کوردستان هێندە سەخت بووە کە ناکرێت بەرەچەتەی لیبراڵ و دیماگۆجی مافە تاک و کولتوورییەکان پەردەپۆش بکرێن.

بەڵێ ئۆجەلان لە جیاتی چارەسەری پرسی نەتەوە لەڕێگەی دەوڵەتەوە، چارەسەری دیموکراتی پێشکەش کرد. لەڕێگەی کتێبەکانیشیەوە جیاوازی نێوان فۆرمی چارەسەری دەوڵەتیی و دیموکراسی ئاشکرا کرد. جیاوازی جەوهەریی چارەسەریەکەی لەم خاڵەدا لەگەڵ سۆسیالیزمی واقیعی و عەقیدەی مارکسی-لینینی کلاسیکی ڕوون کردەوە. ئۆجەلان پێی وایە بەم هەنگاوەی مافی چارەی خۆنووسینی گەلانی لە بازنەی مافە بۆرجوازییەکان دوورخستەوە و خستیە نێو بازنەی سۆسیالیزمی دیموکراسی.

ئۆجەڵان دەڵێت «کاتێک باس لە مەسەلەی کورد دەکرێت، باسیش لە دەوڵەت نەتەوە (ستاتیزم) دەکرێت، بەڵام هەوڵە پراکتیکییەکان بۆ بەدەستهێنانی ستاتیزم بۆتە سەرچاوەی جینۆسایدی کولتووری. لەمێژە ئەو هەوڵە بۆ ستەمکار و گەلانی ستەملێکراو بووەتە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی کێشە نەک چارەسەرکردن». لە فیکری ئۆجەلان دەوڵەت-نەتەوە تەنانەت بۆ مۆدێرنەتەی سەرمایەداریش بووەتە کێشە، وردە وردە خەریکە هەڵدەوەشێتەوە.

ئۆجەلان پێی وایە نابێت مۆدێلی چارەسەری دیموکراسی بە گۆڕینی دەوڵەتی نەتەوەیی مەرکەزی بۆ فۆرمێکی فیدراڵی یان کۆنفیدڕاڵی لێک بدرێتەوە و ئەمانە چارەسەری دیموکراسی نین. ئەو دەڵێت «گۆڕینی دەوڵەتی نەتەوەیی مەرکەزی بۆ فۆرمی فیدراڵی و کۆنفیدراڵی ڕەنگە کێشەکان کەم بکەنەوە، ببنە چارەسەرییەکی مامناوەندی، بەڵام هەرگیز ناتوانن ببنە چارەسەری ڕیشەیی». لەبەرئەوە ئۆجەلان ئاماژە بەوە دەکات «کە میتۆدی چارەسەری دیموکراسی بەتەواوی سەربەخۆ نییە لە دەوڵەتی نەتەوەیی، دیموکراسی و دەوڵەتی نەتەوەیی دەتوانن وەک دوو دەسەڵات لە ژێر یەک سەقفی سیاسیدا ڕۆڵیان هەبێت، دەستووری دیموکراسی مەودای چالاکیی ئەو دووانە دیاری دەکات.

بۆیە چارەسەری دیموکراسی ئۆجەلان وەرگرتنی پشک لە دەوڵەت نییە. ئەو ئامانجی دەوڵەتێکی فیدراڵی یان کۆنفیدڕاڵی نییە، بەلای ئەوەوە ئەمانە چارەسەر نیین، تەنانەت بۆ کورد ئۆتۆنۆمیشی لە دەوڵەت ناوێت. داواکاری بنچینەیی ئەو لە دەوڵەت داننانە بە مافی کورد بۆ بەڕێوەبردنی بە ئیرادەی ئازادی خۆی و ڕێگری نەکردن لە بوون بە کۆمەڵگایەکی نەتەوەیی دیموکراسی، شێوازەکەی چارەسەری دیموکراسیش بریتییە لە دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە لە ژێرەوە بەرەو سەرەوە لەناو هەناوی دەوڵەتی نەتەوەیی. چارەسەری دیموکراتیکی ئۆجەلان لەلایەن دەوڵەت و حکومەتەکانەوە پەرەی پێنادرێت، هێزە کۆمەڵایەتییەکان خۆیان بەرپرسیارن لە بنیاتنانی و لە چوارچێوەی دەستوورێکی دیموکراسیدا لەگەڵ دەوڵەت و حکومەتەکان بەدوای سازاندا دەگەڕێن. دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان هێزە کۆمەڵایەتییە دیموکراتیکەکان و هێزەکانی دەوڵەت و حکومەت بە دەستوور دیاری دەکرێت.

ئەو گۆڕانکارییە جەوهەریانەی ئۆجەلان لە بزووتنەوەکەی کردی، نەبوونە هۆی پارچەبوونی ئەو  ڕێکخستنە. بزووتنەوەکە بە یەکگرتوویی لەسەر پێی خۆی مایەوە، ئەگەرچی ئەوە لە موعجیزە دەچێت، بەڵام ئەو هەموو گۆڕانکاریەش لە پارادایم ڕەخنەی جەوهەری لەسەر ئۆجەلان دروست کردووە. لە “دراوسێتی گەلان” و “دەوڵی کوردی”ـەوە بۆ “برایەتی گەلان” و “کۆمەڵگەی دیموکراتیک”؛ لە سۆسیالیزمی واقیعی و دۆکتراینی مارکسیی-لینینیی کلاسیکی بەرەو لێواری سۆسیالیزمێکی ئەنارشیستی.

لە وەڵامی ئەو ڕەخنە جەوهەریانەش ئۆجەلان بەشێوەی «کۆ» وشەی «بەرگری» بەکاردێنێت و دەڵێت «بەرگریەکانم لە بنەڕەتدا بەدواداچوون بۆ واقیعی کورد و بوونی کورد لە بەرامبەر شارستانیەت و مۆدێرنەتەدا دەکەن». ئۆجەلان وای دەبینێ هەموو ئەو هەوڵانەی ئەو دەی دات مەبەست لێی شیکارکردنی ئەو پرسە ئاڵۆزەی کوردە کە بە باوەڕی ئەو لە سەرمایەدارییەوە سەرچاوەی گرتووە.

ماویەتی………

تێبینی:

پرۆسەی ئاشتی نێوان ئۆجەڵان و دەوڵەتی تورک، ئەگەر سەرکەوتوو بێت کاریگەریی گەورە (بە چاک و خراپ) لەسەر پرسی کورد دروست دەکات. تێناگەم بۆچی کاردانەوەی زۆرینەی نوخبەی کوردی بۆ ئەو ڕووداوە گەورەیە وەک کاردانەوەی سیاسییەکانە، وەک ئەوان تەنها هیوای سەرکەوتن بۆ پرۆسەکە دەخوازێت، تەنها باسی ئاشتی و چەکدانان دەکرێت، باسی جەوهەری ئەو چارەسەرییە ناکرێت کە ئۆجەلان داوای دەکات. کەس جەسارەت ناکات بە شەفافی قسەی لەسەر بکات، لەکاتێکدا ئەوە ئەرکی دەستەبژێرە کە بچێتە ناو وردەکاریی پرۆسەکە. دەبوایە دەستەبژێری کوردی زۆرترین قسە، پرسیار و شرۆڤە لەسەر ئەو چەکدانانە بکات. کاک سەردار عەزیز لە وتارێکیدا ئاماژە بە چەمکی مێتافۆر دەکات و دەڵێت « برایەتی گەلان مێتافۆرە…»، پێم وایە ئەو وتارەی ئەو سەرەتا و هەوڵێکی باشە بۆ چوونە ناو وردەکارییەکان. مێتافۆر وشەیەکی یۆنانییە، ڕەنگە لە کوردی باشترین هاوواتای مێتافۆر “خوازە” بێت. بۆ نموونە، کە بە کەسێک دەڵێی «تۆ لە ڕێوی دەچیت»، لێرەدا مەبەستت شێوەی ئاژەڵەکە نییە، بەڵکوو ناوی ڕێوی خوازراوە بۆ وەسف کردنی فێڵبازیی.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO