سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کاریگەریی ڕووبەڕووبوونەوە ئایینییە-سیاسییەکانی ئیمپراتۆریەتە ئیسلامییەکان لە کوردستان دا، لە سەرەتاوە تا کۆتایی خەلافەتی ئیسلامی(١)

سەباح موفیدی

 

پوختە

 

هاوکات لەگەڵ کۆڵینەوە لە ڕووبەڕووبوونەوە ئایینییە-سیاسییەکانی نێوان ئیمپراتۆریەتە ئیسلامییەکان و دواهاتە کۆمەڵایەتییە-سیاسییە گرنگەکانیان لە کوردستان لە ڕێگای خوێندنەوەیەکی مێژووییەوە. ئەم توێژینەوەیە هەوڵ دەدات کێشەی مێژوونووسی و ڕوانگە لە توێژینەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا لە پێوەندی لەگەڵ نەتەوە بندەستەکان، بەتایبەت کورد، بخاتەڕوو. بە زاڵبوونی خەلافەتی ئیسلامی سەرەتایی لە سەدەی حەوتەمی زایینییەوە، دەسەڵاتە سیاسییەکانی باوباپیرانی کوردان لەنێوبران و ژمارەی جەماوەری ناموسڵمان بە توندی دابەزی. لە ناوەڕاستی سەردەمی خەلافەتی عەباسی‌ـیەوە (٧٥٠-١٢٥٨) میرنشینە کوردییەکان دیسانەوە گەشەیان کرد. پاش عەباسییەکان، فیرقە ئیسلامییە جیاوازەکان گەیشتن بە دەسەڵات و کوردستان وردەوردە بوو بە شەڕگەی دەسەڵاتە سیاسییە جیاوازەکان. بە سەرهەڵدانی دوو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی سوننە و سەفەوی شیعە (جێگرەکانیشی) لە سەدەی شازدە دا، ململانێی ناوخۆیی لە جیهانی ئیسلامی دا گەیشت بە لووتکەی خۆی و تاکوو سەرەتای سەدەی بیستەم درێژەی خایاند. لە نێوان سەدەی حەوتەم و سەرەتای سەدەی بیستەمدا ڕووبەڕووبوونەوە ئایینییە-سیاسییەکانی ئیمپراتۆریەتە جۆراوجۆرەکان لە کوردستان دا بە توندی دۆخی کۆمەڵایەتی-سیاسیی خاکەکەی خستە ژێر کاریگەریی. ئەم توێژینەوەیە تاوتوێی ئەوە دەکات کە چۆن ئیمپراتۆریەتە ئیسلامییەکان لە ڕووی سیاسییەوە لە ئایین وەکوو ئامرازێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی یەکتر و هەروەها لە دژی ڕاپەڕینەکانی کورد کەڵکیان وەردەگرت.

 

پێشەکی

 

لە توێژینەوەکان لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مێژووی وڵاتانێکی فرەنەتەوە وەک ئێران، تورکیا، عێراق و سووریا بە شێوەی ئاسایی لە ڕێگەی چاویلکەکانی نەتەوە باندەستەکان و دەوڵەتەکانیانەوە سەیر کراوە. مێژووی بنەماڵە و هۆزە جیاوازەکانی خاوەن دەسەڵاتێکی بانتر کە بە شێوەی پرژوبڵاو و پچڕ پچڕ لە خاکێکی نادیار و گۆڕاودا زاڵ بوون، وەک بەشێک لە مێژووی بەردەوامی دەوڵەتە باسکراوەکان دێتە ئەژمێر و پێوەند دەدرێت بە نەتەوە زاڵەکانەوە. بۆ وێنە، تا سەدەی بیستەم، هۆزە نافارسە جیاوازەکان وەک سەفەوییەکان، ئەفشارییەکان، زەندەکان و قاجارەکان، لەگەڵ زۆر بنەماڵە و هۆزی بچووکی تر، خاکە پێوەندیدارەکانیان بەڕێوە دەبرد. لە سەرەتای سەدەی بیستدا، ئەم تێکەڵە نادیارە مێژووییە وەکوو مێژووی فارسی/ئێرانی پێشکەش کرا بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی نوێی تاقە نەتەوەیی لەسەر بنەمای نەتەوەی فارس. بە واتایەکی تر، لە وێژمانی فەرمیدا مێژووی نەتەوەکانی تر سڕدرایەوە یان کەم کرایەوە. “مێژووی ئێرانی کەمبریج” چاپکراو لە چەندین بەرگدا لە ساڵەکانی ١٩٦٨-١٩٩١، نموونەیەک لەم توێژینەوانەیە کە لەڕاستیدا هەوڵێک بوو بۆ نووسینەوەی مێژوو لە بەرژەوەندی ناسیۆنالیزمی دەوڵەتی فارس. بەپێچەوانەی ڕەوتی سەرەکی توێژینەوە عەرەبی و تورکی و ئێرانییەکان کە کاریگەریی سیاسەتی دەوڵەتە ناکوردەکانی ناوچەکەیان لەسەرە، ئەم لێکۆڵینەوەیە تیشکی خستووەتە سەر کوردستان وەک خاڵی ناوەندی شیکاریی بۆ پێشکەشکردنی ڕوانگەیەکی مێژوویی-شیکارانە کە دەکرێ بەکاربهێنرێت بۆ شیکردنەوەی پرسە سیاسییەکان و سیاسەتی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

ململانێ و ڕووبەڕووبوونەوە ئایینییە-سیاسییەکانی هاوچەرخ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان ئایین، نەتەوە، ناسیۆنالیست و دەوڵەتە جیاوازەکان، بەتایبەت لە نێوان کورد و نەتەوەکانی تردا، دەکرێ ڕەگ و ڕیشەی مێژووییان هەبێت و بگەڕێنرێنەوە بۆ کێشەکان لە ئیمپراتۆریەتە دێرین و ئیسلامییەکاندا. لەڕاستیدا، دەسەڵاتە ئیسلامییەکان، بەتایبەت ئیمپراتۆریەتەکانی عوسمانی سوننە و سەفەوی شیعە، ئایینیان وەک ئامرازێکی سیاسی بەکارهێنا بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان. ئەمەش کاریگەر بوو لەسەر کوردستان وەک ناوچەی بەیەکگەیشتنی ئەو دەسەڵاتانە. ناسیۆنالیست و دەوڵەتە مۆدێرنەکان، چ ئایینیی چ سێکولار، یەک شێوازیان درێژە پێ داوە و لە کردەی ئایین بەپێی کۆمەڵگەکانیان کەڵکیان وەرگرتووە. ئەم توێژینەوەیە کاریگەرییەکانی ڕووبەڕووبوونەوە ئایینییە-سیاسییەکان لەسەر کوردستان –وەکوو شوێنی مێژوویی وەها ململانێگەلێک– لە سەردەمی ئیسلامی دا لێکدەداتەوە، بەمەش دواهاتەکانی ئەو جۆرە کردەوانە لەسەر بارودۆخی هاوچەرخ لە ناوچەکەدا دەخاتە ڕوو. ئەو پرسیارانەی کە لێرەدا هەوڵ دەدرێت وەڵام بدرێنەوە، ئەمانەن: کاریگەریی ڕووبەڕووبوونەوە ئایینییە-سیاسییەکانی ئیمپراتۆریەتە ئیسلامییەکان لەسەر کوردستان چۆن بوو؟ چۆن ئەوانە لە ئایینەکەیان بۆ پەرەپێدانی تەشەنەیان لە کوردستان دا کەڵکیان وەرگرت؟ بە ڕوونکردنەوەی پێوەندی نێوان ئایین و سیاسەت لە سەردەمی ئیسلام دا و ئەو ڕێگایانەی کە دەسەڵاتە سیاسییەکان ئایینیان بەکارهێنا لە ململانێیە ئایینییە-سیاسییەکانیاندا، ئەم توێژینەوەیە مێژوومەندیی بەکارهێنانی کردە سیاسییەکانی ئایین لە کوردستان دا پیشان دەدات. هەروەها سەرنجی کاریگەریی کۆمەڵایەتی-سیاسیی ململانێیەکان لەسەر کوردستان لە بەستێنی بارودۆخی سیاسی ئەو کاتەدا دەدات.

 

لە پێوەندی لەگەڵ کوردستان دا، پێویستە بە کورتی بگوترێت کە کورد بە ناوی ئێستاکەیەوە لە سەرچاوە عەرەبییە-ئیسلامییە سەرەتاییەکاندا لەوانە لە بەرهەمەکانی دینەوەری (سەدەی نۆیەم)، تەبەری، ئیبن وەحشییە، بەیهەقی، هتد، ناسراو بووە. ئەوان زۆرتر لە ناوچەیەکی بەرینی شاخاوی و دەوروبەریدا دەژیان بریتی لە بەشگەلێک لە مێزۆپۆتامیا و زنجیرە کێوەکانی زاگرۆس، کە لە سەدەکانی ناوەڕاستەوە، بەتایبەت لە سەدەی یازدەهەمەوە لە سەردەمی سەلجۆقییەکانەوە (١٠٣٧-١١٩٤)، وەکوو کوردستان/کوردەواری، واتە خاک و وڵاتی کورد، ناسراوە و بەڵگێندراوە (بڕوانە: Cheriff Vanly, 1992, 143; Nebez, 2004, 56; Zaki, 1931, 9-11; White, 2000, 15). دەقە ئەرمەنییەکانی سەدەی دوازدە لە گێڕانەوەی هەندێ ڕووداوی سەدەی یازدە دا بە ڕوونی ئاماژە بە ناوی کوردستان دەکەن (Asatrian, 2009, 19-20). بە وتەی شەرەفەدین بدلیسی (١٥٩٧)، کوردستان خاکی نێوان زەریای هۆرموز، کێوەکانی ئارارات (قەوقاز) و زەریای مەدیتەرانەی لەبەر دەگرت. بە هۆی هێرشی خەڵکانی تر لە هەر چوارلاوە، تواندنەوە و گۆڕانی دیمۆگرافیک، سنوورەکانی خاکی کورد بە درێژایی مێژوو گۆڕاوە. بەوەشەوە، کوردستانی گەورە ئێستا ناوچەیەکی ستراتیجک هەڵکەوتووە لە نێوان ئێران و تورکیا و عێراق و سووریا. هەروەها، بەشی پێنجەمی خاکی کوردستان هەبوو کە لە سەردەمی یەکێتیی سۆڤییەت دا بە “کوردستانی سوور” ناسرابوو، کە لەلایەن ستالین‌ـەوە هەڵوەشایەوە و ڕەوەندێکی کوردی لە وڵاتانی تری ناوچەکەی لێکەوتەوە (Nebez, 2004, 53).

 

کوردستان بە شێوەی مێژوویی لە سەردەمی دێرینەوە ناوەند و شوێنی بەیەکگەیشتنی ئایینە جیاوازەکان و گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوە سیاسییەکانی دەسەڵاتە جۆراوجۆرەکان بووە، کە لە باری سیاسییەوە ئایینیان بەکارهێناوە. لە سەردەمی خەلافەتدا، دەسەڵاتدارانی موسڵمان لە کردەی سیاسی ئیسلام بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەکانی کوردستان کەڵکیان وەرگرت هەروەها کە لە وڵاتە ئیسلامییەکانی تریشدا ئەو کارەیان کردبوو. وردەوردە، لە ناو سنووری خەلافەتدا هەندێ میرنشینی کوردی سەریان هەڵدا. دواتر کوردستان کەوتە ژێر کاریگەریی سەرهەڵدانی ئیمپراتۆریەتە ئیسلامییە جیاوازەکان، بەتایبەت ئەوانەی عوسمانییەکان و سەفەوییەکان، بە ئایینزای جیاوازەوە. ئیمپراتۆریەتەکان هەوڵیاندا کە بەشگەلێک لە کوردستان پاشکۆی خاکی خۆیان بکەن. حکوومەت و میرنشینە کوردییە نێوەندگیرەکان لە نێوان ئەوانەدا لە جۆلانەدا بوون. هەرچۆنێک بێت، ئایین ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا و کاریگەریی لەسەر سیاسەتی ئیمپراتۆریەتەکان بەتایبەت لە کوردستان دا هەبوو.

 

بۆ لێکدانەوەی ڕووبەڕووبوونەوە ئایینییە-سیاسییەکان لە نێوان ئیمپراتۆریەتەکان و ئەو دواهاتە کۆمەڵایەتی-سیاسییانەی کە ئەوانە لە کوردستان دا هەیانبوو، مێتۆدی شیکاریی-مێژوویی بۆ ڕاپۆرت لەسەر ڕووداوە مێژوویی-سیاسییەکان و شرۆڤەی دۆخی سیاسی بەکارهێنراوە. بەم جۆرە، پێداچوونەوە بە دۆخەکەدا دەکرێت و خوێندنەوەیەک لەسەر دیاردەی بەکارهێنانی کردەوەیی ئایین لەلایەن دەسەڵاتدارە جیاوازەکان و دەسەڵاتە سیاسییەکان لە مێژووی سیاسی کوردستان دا لە کاتی گەیشتنی ئیسلامەوە بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم پێشکەش دەکرێت. بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان و دەرخستنی کردەی سیاسی ئایین و ئەوەی کە چۆن ئیمپراتۆریەتەکان ئایینیان لە دژی یەکتر بەکارهێنا بۆ پەرەپێدانی تەشەنەیان، زۆرتر لە بەرهەمەکانی مێژووزانە مۆدێرنەکان لەسەر ئەم سەردەمە مێژووییە کەڵک وەرگیراوە. ئەو زانیاریی و سەرچاوانە بەکاردەهێنرێن بۆ لێکدانەوەی کاریگەریی ڕووبەڕووبوونەوە ئایینی-سیاسییەکان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی توێژینەوەکە. لەبەرئەوەی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرتر لە ژێر کاریگەریی سیاسەتی ناسیۆنالیستە زاڵەکان و ڕوانگەی دەوڵەتانی ئێستاکەدا بووە، دەرکەوتەی سەرچاوە جیاوازەکان ڕەچاو دەکرێن بۆ ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان. لەڕاستیدا، بەهۆی نەبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و دۆخی سیاسی جیاوازی کوردستان، یەکێک لە ڕێگاکانی جێبەجێکردنی وەها توێژینەوەیەک، بەتایبەتی لە بواری زانستی سیاسیدا، خوێندنەوەی ئەو سەرچاوە مێژووییانەیە کە ڕوانگە جیاوازەکان سەبارەت بە ئایین پیشان دەدەن. لێرە بەدوا، ئەم توێژینەوەیە ڕووبەڕووبوونەوە ئایینیی و سیاسییەکان لە سەردەمی ئیسلام دا لە کاتی گەیشتنی ئیسلام تاکوو کۆتایی سەردەمی خەلافەت لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا لێکدەداتەوە. لە دواییدا کاریگەریی ئەو ململانێیانە لەسەر کوردستان و سیاسەتی مۆدێرن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخدا باس دەکات.

 

لە گەیشتنی ئیسلامەوە بۆ کۆتایی سەردەمی عەباسییەکان

 

لە سەردەمە دێرینەکاندا، شەڕی نێوان دوو ئیمپراتۆریەت بە دوو ئایینی جیاوازەوە بە توندی لەسەر کوردستان، وەک شەڕگەیان و شانشینە نێوەندگیرەکانی کاریگەر بوو. لەگەڵ هێرشی عەرەبەکان بۆ سەر کوردستان، تەشەنەی دوایین ئیمپراتۆریەتەکان و ئایینەکانیان بەرەبەرە کۆتایی پێهات. بە زەبری هێز بێت (بڕوانە: al-Tabari, 1970, V. 4, p. 186-7) یان بە ئاشتی، کوردستان دەستی بەسەردا گیرا. عەرەبەکان سەرەتا لە ٦٣٦ی زایینی لە قادسیە دا و لە کۆتاییدا لە ڕێگای کرماشان، پێتەختی هەرێمی ماد، لە ٦٤٢دا لە نەهاوەند لە نێو هەرێمی ماد، ساسانییە زەردەشتییەکانیان بەزاند (بڕوانە: al-Khalil, 2011, 120; Frye, 1975, 16-19). بەوەشەوە، هەندێ بەشی کوردستان وەک شەڕگە مایەوە لە نێوان ئیمپراتۆریەتەکانی ئیسلامی و بێزەنتی تا سەدەی یازدەم کاتێ کە بەرەکانی خەلافەتی ئیسلامی لە کوردستان دوورکەوتەوە، بەتایبەت پاش بەزاندنی ئیمپراتۆریەتی بێزەنتی لەلایەن سوپای سەلجووقییەکانەوە –زۆرتر بریتی لە تورک و کورد– لە مەلەزگر لە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ/ئاناتۆلیا لە ١٠٧١. لەو کاتەدا، حکوومەت و میرنشینە کوردییەکان ملکەچی دەسەڵاتی سەلجووقییەکان بوون (Imber, 2019, 3; Boyle, 1968, 44-5; Zaki, 1931, 137).

 

بەم شێوەیە، کوردستان کەوتە بندەستی خەلافەتی ئیسلامی. لەگەڵ ئەوەشدا، کورد بۆ چەندین سەدە بەرەنگاری دەسەڵاتی عەرەب و بەئیسلامیکردن بووەوە. لە ٦٤٢دا شەڕێکی وێرانکەر لە نێوان کورد و عەرەب لە شارەزووردا ڕوویدا. دواتر، هەر لە سەدەکانی سەرەتایی ئیسلام دا کورد هەندێ جار لە دژی دەسەڵاتدارە عەرەبە موسڵمانەکان ڕاپەڕی. ڕاپەڕینەکانی میر جەعفەر کوڕی حەسە (جعفر بن فهرجس) لە زنجیرە دەسەڵاتدارانێکی کوردی ئێزدی/داسنی لە موسڵ لە نزیکەی ٨٤٠  و ڕاپەڕینی محەمەد کوڕی بیلال لە هۆزی هەزەبان لە ٩٠٦ دا (Zaki, 1931, 125-129, 238 & 278) لە گەورەترین ڕاپەڕینەکان بوون.(٢) لە سەدەی دوازدەم دا هێشتا پێڕەوانی ئایینە کۆنترەکان لە ناوچەکەدا هەبوون لەوانە “فیرقەی فریشتەپەرستەکان”، جوو، مەسیحی و زەردەشتی (Nebez, 2004, 26; Barkey & Fuller, 1998, 67)؛ هەندێکیان هێشتاش لەوێ هەن.

 

تاکوو کۆتایی خەلافەتی عەباسیی هەموو حکوومەت و میرنشینە ئیسلامییەکان لە سەرزەوییە ئیسلامییەکاندا، بریتی لە ئێرانی ئەوڕۆکە، یان لە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆی خەلافەتدا بوون یان ملکەچی بوون و لەلایەن ئەوەوە دانیان پێدا نرابوو، بریتی لە دەسەڵاتە عەرەب، تورک و کوردەکان – سەلجووقییە تورکەکان و ئەییوبییە کوردەکان، هتد.(٣) دەسەڵاتدارانی سەر بە دەزگای خەلافەت بوون. بەشە جیاوازەکانی کوردستان، بۆ نزیکەی سێ سەدە، لە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی والییە عەرەب و ناعەرەبەکانی خەلیفەکاندا بوون. بۆ نموونە، لە ٧٩٢ دا ڕەشید خەلیفەی عەباسی بۆ ماوەی سێ ساڵ فەزڵ بن یەحیای بەرمەکی کرد بە والی جیبال (کوردستان)، تەبەرستان، دەماوەند و ئەرمەنستان. دواتر، بەرەبەرە ژمارەی ئەمیرە/والییە کوردەکان زیاتر بوو و لەلایەن خەلافەتەوە دانیان پێدا نرا. لەم سەردەمەدا کوردەکان هێشتا بە گشتی لە خاکی ماد دا، بریتی لە مادی بچووک واتە ئازەربایجان، دەژیان. لەو پێوەندییەدا، هەندێک سەرچاوەی مێژوویی ئاماژە بە زنجیرە دەسەڵاتدارە کوردەکان، سەرۆکە کوردەکان و شەڕکەرە کوردەکان لە ناوچەکە تا قەراخاوەکانی زەریای کاسپیەن/مازندەران دەکەن (بڕوانە: Frye, 1975, 70-83, 163, 226 236; Zaki, 1931, v. 2).

 

خەلیفە و والییەکانی ڕاستەوخۆ کۆمەڵگەیان هەڵنەدەسووڕاند، بۆیە کوردستان لەگەڵ میرنشینەکانی زیاتر لە ژێر دەسەڵاتی جێبەجێکارە خۆجێییەکاندا مایەوە. لەڕاستیدا، خەلیفەکان لە بەغدا وردەوردە دەسەڵاتی جێبەجێکردنی سیاسەتەکانیان لە دەست دەدا. بۆیە خەلافەت بوو بە هێما/ڕەمز و خەلیفەش ڕێبەرێکی واتاویی/ڕۆحی. حوکمڕان و سەرکردەکان دەسەڵاتی ڕاستەقینەیان لە ناو دەوڵەتەکان/سەڵەتەنەتەکان بریتی لە زۆرێک زنجیرە دەسەڵاتدار و میرنشین و هۆزە سەربەخۆوەکان، جێبەجێ دەکرد. لەگەڵ گۆڕانکارییە سیاسییەکان، هەندێک لە زنجیرە دەسەڵاتدارە کوردەکان گەشەیان کرد و سەڵتەنەتی خۆیان پێک هێنا. هەندێکی تر مانەوە و ملکەچی سوڵتانە ناکوردەکان بوون. هەندێک لەنێوچوون و هەندێکی تر سەریان هەڵدا. زۆربەی کات سەرکردە کوردەکان لەگەڵ خەلیفەکان هاوپەیمانییان پێک دەهێنا و بە هێزەکانیان وەک شەڕڤانانی ئایینیی گرنگ پاڵپشتییان لە سوڵتانەکان دەکرد. هەندێ جار هاوسەرگیری سیاسی هەبوو لە نێوان والی و سوڵتانە ناکوردەکان و کوردەکان دا. والییەکانی خەلیفە لە پێوەندی هاوسەرگیری بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ زنجیرە دەسەڵاتدارەکان، بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی پێشتر و سەرۆک هۆزە کوردەکان لە سەدەکانی نۆ و دەیەم دا کەڵکیان وەرگرت. بۆ وێنە، خەلیفە مەروان لە دایکێکی کورد بوو. ئەو و باوکی والی هەندێک بەشی کوردستان بوون و پاشان کوردەکان یارمەتییان دا وەک خەلیفە بگات بە دەسەڵات (بڕوانە: Boyle, 1968, 44-62, 121-132, 168-200 & 245; Frye, 1975, 233 236; Zaki, 1931, 127).

 

گەرچی خەلافەتی ئیسلامی یەک ئایین و لە ڕێگای ئەوەوە زمانی عەرەبی دەسەپاند، وردەوردە لە ڕووی سیاسییەوە کرایەوە بۆ بەشداریی و تەشەنەی خەڵکە جیاوازەکان. پێش گەشەسەندنی میرنشینە کوردییەکان، بەهۆی پشتگیرییان لە بەغدا، هەندێ کورد وەک هەزەبانەکان (Frye, 1975, 234) و زنجیرە دەسەڵاتدارانی بووەیهی وردەوردە تەشەنەیان کرد و ڕۆڵیان لە سیستەمی خەلافەتدا گێڕا بە جۆرێ کە تەنانەت لە نێوان کوردەکاندا ڕکابەریی ئایینیی-سیاسیی هەبوو.(٤) لە دژی تەشەنەی بووەیهییەکان، کە لە ژێر کاریگەریی ئایینە کۆنەکانی گرێدراو بە ئایینە ڕەسەنەکانی دواتر وەک یارسان یان عەلەوی لە کوردستان دا بوون، باز کوڕی دۆستەک (شاباز)، دامەزرێنەری میرنشینی دۆستەک (یان مەروانیی) لە دواییەکانی سەدەی دەیەم دا، هەوڵی دا کە دەسەڵاتی خەلیفە بەهێز بکاتەوە (Zaki, 1931, 238). پاشان کوردەکان لە باری سیاسییەوە گەشەیان کرد و لە سەدەی دەیەمەوە بۆ سەدەی سێزدەیەم شانشین و میرنشینەکانی خۆیان پێکهێنایەوە.(٥) هەندێ حکوومەتی کوردی لە سەردەمی خەلافەتی عەباسییەکان و دوای ئەوە هەوڵیاندا کە سەربەخۆیانە بجووڵنەوە. ئەوان دراویان لێدەدا و لە نوێژی هەینی هەندێ شوێندا لەگەڵ ناوی خەلیفە ناوی سوڵتان و دەسەڵاتدارە کوردەکان، وەک هەندێ لە ئەمیرە مەروانییەکان، ئاماژەیان پێ دەکرا (بڕوانە: Boyle, 1968, 23; Zaki, 1931, V. 2; Bitlisi, 1597/2005; Bruinessen, 1992, 161-75; Jackson and Lockhart, 1986, 4).

 

لە هێرشی مەغۆلەکانەوە بۆ سەرهەڵدانی سەفەوی و عوسمانییەکان

 

بە لاوازبوونی عەباسییەکان، کوردستان دیسانەوە ڕووبەڕووی هێرشی ئیمپراتۆریەتێکی تر بووەوە. هێرشی مەغۆلەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە و لە ڕێگای کوردستان‌ـەوە بۆ سەر بەغدا لە ١٢٥٨ دا بە سەرکردەیی فەرمانڕەوای مەغۆل هۆلاکو، بووە هۆی ڕووخانی خەلافەتی عەباسی و هەروەها سەڵتەنەتی کوردی ئەییوبییەکان. هەڵمەت و هێرشەکانی مەغۆلەکان نزیکەی هەموو کوردستانی لەبەر گرت و دیسانەوە پێکهاتەی سیاسی کوردستان تێک چووەوە. وەکوو حکوومەتەکانی تری موسڵمانان، میرنشینە کوردییە خودموختارەکانیش، وەک کوردانی شوانکارە، پاش زیاتر لە ١٠٠ ساڵ هەڵسوکەوتی کەم و زۆر سەربەخۆیانە، بە ناچاری ملکەچی مەغۆلەکان و دواتر تەیموور لەنگ بوون. لە سیستەمی ئیلخانی هۆلاکو دا، مەغۆلەکان حوکمڕانی کوردستانیان دەکرد. سەرەڕای ئەوەش، هەندێ بەشی بچووکی زنجیرە دەسەڵاتدارە کوردە گەورەکان، وەک پاشماوەی دەسەڵاتدارانی ئەییووبی و هەندێ زنجیرە دەسەڵاتداری بچووکتر و سەرۆک هۆز کە بەیعەتیان دا بە مەغۆلەکان، مانەوە. بۆ نموونە، مەغۆلەکان حکوومەتی ئەردەڵانیان هێشتەوە کە بە ئەگەرەوە لە کۆتایی خەلافەتی عەباسیدا دامەزرابوو.(٦) میرنشینی جزیر/بۆتان کە لە سەردەمی بووەیهییەکان دا (سەدەکانی دەیەم بۆ یازدەم) دامەزرابوو، پاش هێرشی مەغۆلەکان و پاشان تەیموور لەنگ لە سەرەتای دەیەی ١٤٠٠ دا بووژایەوە و تا ڕاپەڕینی بەدرخان بەگ لە ١٨٤٧ دا کاتێ کە لەلایەن عوسمانییەکان‌ـەوە لەنێوچوو، مایەوە. لە سەردەمی سەلجووقییەکانەوە بۆ سەردەمی عوسمانییەکان میرنشینی خیزان هەبوو. میرنشینی حەسەنکێف وەکوو پاشماوەی دەوڵەتی ئەییووبییەکان مایەوە. میرنشینی چەمشگەزک لە سەردەمی مەغۆلەکان، تەیموورییەکان و قەرەقۆیونلوکان دا خۆی ڕاگرت. ئەم نموونانەی سەرەوە پیشان دەدەن کە هەندێ حکوومەتی کوردی لە سەردەمی هێرشی مەغۆلەکان دا، لە ڕێگەی بەیعەتدان بەوان، مانەوە. هەروەها، وەک هۆزە کۆچەرییەکانی مەغۆلەکان، تورکەکان، هتد، هۆزە کوردەکانیش بەشێک لە هێزی سەربازی ئیلخانەکانییەکانیان پێک دەهێنا (بڕوانە: Boyle, 1968, 78, 347-392 and 514; Zaki, 1931, 153 and V.2). لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیلخانییەکان، تەیموورییەکان، قەرەقۆیونلوکان و ئاق قۆیونلوکان کە هێرشیان کرد و ناوچەگەلێک لە کوردستانیان داگیرکرد، یان دەسەڵاتیان ئەوێی لەبەر دەگرت، تا سەرهەڵدانی سەفەوییەکان و عوسمانییەکان، میرنشینە کوردییەکان دیسانەوە وردەوردە گەشەیان سەند.

 

بەم شێوەیە، لەکاتێکدا کە گۆڕانکارییە سیاسییە گرنگەکان لە ئاستی هێزە زاڵەکاندا لە ئارادا بوو، زۆر میرنشینی کورد لە قەبارەی بچووکتردا بە بەڕێوەبەرایەتیی و هەڵسووڕانی خۆیانەوە لە کوردستان دا هەبوون. ئەوان بەشدارییان لە سیاسەتدا کرد و هەندێکیان هەوڵیاندا کە بازنەی حکوومەتەکانیان پەرە پێ بدەن و سەربەخۆیی بەدەست بهێنن. ئیمپراتۆریەت و دەوڵەتە ئاماژەپێکراوەکان لە سەرەوە، چ بە هێرش و لەشکەرکێشی، چ لە ڕێگەی پێوەندیی دوولایەنە، ئەمەگداری میرنشینە کوردەکانیان بەدەست هێنا و بە ڕواڵەت کردیانیان بە پاشکۆی دەسەڵاتی خۆیان. بۆ نموونە، ئەمیر شەرەفەدین بدلیسی لەگەڵ تەیموور لەنگ ڕێکەوت بۆ ئەوەی میرنشینەکەی بپارێزێت. پاش تەیموور لەنگ، ئەمیر شەمسەدین بدلیسی یارمەتی قەرەقۆیونولوکانی دا بۆ دامەزراندنەوەی حکوومەتەکەیان کە دانپێدانانی میرنشینی بدلیسی لێکەوتەوە، گەرچی دواتر ململانێی نێوان کورد و قەرەقۆیونولوکان بە هۆی بیروباوەڕی ئایینیی پەرەی سەند (Zaki, 1931, 1579). لەڕاستیدا، هەبوونی هەندێ باوەڕی نیمچە-شیعەیی لە نێو قەرەقۆیونولوکاندا بووە هۆی پێوەندی نزیکیان لەگەڵ سەفەوییەکان، لەکاتێکدا کە زۆربەی کوردەکان پاڵپشتییان لە ئاق-قۆیونلوکان و پاشان عوسمانییەکان دەکرد. بەم جۆرە، بە سەرهەڵدانی عوسمانییەکان لە باکوور و سەفەوییەکان لە ڕۆژهەڵاتەوە و شەڕی ئایینیی نێوانیان، کوردستان دیسانەوە کەوتە نێوان دوو هێزی گەورەوە.

 

کوردستان لە نێوان سەفەوییەکان و عوسمانییەکان دا

 

بەپێچەوانەی عوسمانییەکان وەکوو تورکی سوننەی خاوەن مێژوویەکی حوکمڕانی لە سەرەتای سەدەی چواردەیەمەوە، هەندێ ئەفسانە جیاواز سەبارەت بە ڕەگ و ڕیشەی سەفەوییەکان هەیە. (٧) هەرچۆنێک بێت، لە سەردەمی باپیرەیانەوە، شێخ سەفی، تاکوو شا ئیسماعیلی یەکەم (١٤٨٧-١٥٢٣) وردەوردە هێڵی سەفەوی لە ڕووی ئایینییەوە بوو بە شیعە و لە ڕووی ئێتنیکییەوە تورکمان. بەوەشەوە، ئەوە لە سەردەمی ئیسماعیلی یەکەم، وەک یەکەم سەرکردەی سەفەوی بوو کە شا بە ڕاشکاوی باوەڕی ئایینیی خۆی وەک شیعە ڕاگەیاند. چ شێخ سەفی کورد بووبێت چ عەرەب، شا ئیسماعیل لە نێو تورکمانەکان و ئەریستۆکراسی سەربازی و بەڕێوەبەرایەتیی ئەواندا گەورە بوو. سەفەوییەکان لەگەڵ قەرە و ئاق قویونلوکان پێوەندییان هەبوو بە جۆرێ کە ڕێبەرەکانیان جونەید و حەیدەر لەگەڵ بنەماڵەی ئوزون حەسەن – حوکمڕانی زنجیرە دەسەڵاتداری ئاق قویونلوکان لە سەدەی پازدە دا هاوسەرگیرییان کرد. لە نێو ژمارەیەکی کەم لە قەرەقۆینلوکان و کوردەکان هەندێ هاوشێوەیی ئایینیی لەگەڵ شیعەکان لە ئەنادۆڵ/ئاناتۆلیا، ئازەربایجان و کوردستان هەبوو، ئەمەش ڕێگای خۆش کرد بۆ گۆڕانکارییەک لە هێڵی ئایینیی سەفەوییەکان دا. هەروەها، پاڵپشتی کەمینەی شیعە لە باکوور و پاشان بەشەکانی تری ئێرانی ئەوڕۆکە بۆ شا ئیسماعیل لەو گۆڕانەدا کاریگەر بوو. بەم جۆرە، ڕێبازی عیرفانیی سەفەوییەکان بە تێپەڕبوونی کات بیروباوەڕی شیعەی دوانزە ئیمامەی لەخۆگرت تاکوو سەرنجی جەماوەرە پێوەندیدارەکان بۆ لای خۆیان ڕاکێشن (Jackson and Lockhart, 1986, 135-200, 306-345, 620 & 631). لەڕاستیدا، بە وتەی زەکی “شا ئیسماعیل پێگەی شێخیەتی/مەعنەوی گۆڕی بە تاجی سەڵتەنەت” (1931، 257).

 

هەرچۆنێک بێت، بۆ گەیشتن بە دەسەڵات سەفەوییەکان وردەوردە ئایینەکەیان گۆڕا و شیعەیان کرد بە ئایینی دەوڵەت (Kedouri, 1992, 338). ئەم گۆڕانکارییە هێزی سیاسی-سەربازی قزڵباشی بۆخۆی ڕاکێشا کە پێویستی بە ڕەواییەکی ئایینیی جیاواز بوو لە بەرانبەر خەلافەتی سوننەی نوێ کە لە گەشەسەندندا بوو.(٨) ئەوان پێویستیان هەر بەو جۆرە هێما و ڕەمزانەی ڕەوایی پێدان هەبوو کە عوسمانییەکان بەکاریان دەهێنان. بەڵام نە باوەڕی قزلباشەکان و نە ڕاهێنان بە شێوازی سوننە بۆ کەسایەتییە دیارەکانی ناوچەکە توانستی دابینکردنی پاساوێکی ئایینییان نەبوو بۆ بەهێزکردنی بناغەکانی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی. بۆیە، سەفەوییەکان هەوڵیاندا نە تەنیا ئایینی باوەڕمەندانی سوننە بگۆڕن، زۆرتر بە مەبەستی سیاسی، بەڵکوو فیرقەیەکی تایبەتی شیعە ڕاهاتوو لەگەڵ سیاسەت پێشکەش بکەن. لە سەردەمی شا ئیسماعیل دا، زۆرینەی خەڵکانی بندەستی دەسەڵاتی سەفەوی  سوننە بوون؛ ئەو زۆر و هێزی بەکارهێنا بۆ گۆڕینی ئایینی خەڵک و خۆی وەک کەسێ لە نەوە ڕاستەوخۆکانی ئیمامانی شیعە و بەرگریکاری ئایینی شیعە ناساند. لە بەرانبەر ئایینی سوننەی عوسمانی دا، ئەو شیعەی دوانزە ئیمامەی کرد بە ئایینی فەرمی خاکی بندەستی خۆی و کردی بە زۆرەملێ. بۆ برەودانی ئایینی شیعە لە خاکی بندەستیاندا، سەفەوییەکان زانایانی ئایینیی شیعەیان بەهێز کرد لە ڕێگەی هێنانی مەلا دوازدە-ئیمامییەکان، بەتایبەت لە کەمینەی شیعەی عەرەب لە عێراق و بەحرەین و سووریاوە. بۆ پێکهێنانی ئایینێکی تایبەت بە یارمەتی مەلا دوازدە-ئیمامییەکان، شا ئیسماعیل تیشکی خستە سەر زانایانێکی تایبەت لە جەبەل عاملی سووریا (باشووری لوبنانی ئەوڕۆکە)، کە ناسراوبوون بە عاملییەکان. ئەمانە بیردۆزیی سیاسی شیعەیان دەسکاریی و چاکسازی کرد بۆ ئەوەی کە شیعەی نەریتیی و ناسیاسیی باو پێوەند بدەن بە دەسەڵاتەوە و بیکەن بە ئایینێک کە لەلایەن دەوڵەتەوە بەڕێوە ببردرێت. عاملییەکان کە خۆیان نە تەنیا لە ڕووی ئایینییەوە بەڵکوو لە ڕووی سیاسیشەوە کەمینە بوون لە ناو شیعەکاندا،(٩) بە توندی لە دژی عوسمانییەکان بوون و داکۆکییان لە ئیمپراتۆریەتی شیعە دەکرد (بڕوانە: Farrokh, 2011, 10-22; Newman, 2006, 2-24, 65 & 107; Abisaab, 2004, 139).

 

لەم نێوانەدا، عوسمانییەکان وەک سەرکەوتووان بەسەر قوستەنتەنییەدا خۆیان بە شیاوی دانیشتن لەسەر کورسی خەلافەتی ئیسلامی دەزانی و حوکمڕانی خۆیان ڕاگەیاند. بە گوتەی ڕۆدز مورفی (1999، 146)، جیاوازیی نێوان ئایین و دەمارگرژیی ئایینیی لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دا گرنگتر بوو لە خەلافەتەکانی پێشتر. لەڕاستیدا، بەکارهێنانی ئایین لە ئایدۆلۆجیای دەوڵەتیدا و کەڵکوەرگرتن لە هەستی ئایینیی بۆ پاساوی پەرەپێدانی سنوورەکانی خاکی بندەستی، پاڵنەری ناوخۆیی خەلافەتەکە بوو. بە کەڵکوەرگرتن لە ناسێنەی ئایینیی، ئیمپراتۆریەتەکە پێداویستییە سیاسییەکانی دابین کرد کە جیاواز بوون لە باوەڕی ئایینیی تاکێک. گەشەسەندنی دەوڵەتی شیعە مەترسی بوو بۆ خەلافەتەکە، لەبەر ئەوەی کە سەفەوییەکان وەها دەوڵەتێکیان بۆ پووچەڵ کردنەوەی هێز و دەسەڵاتی عوسمانییە-سوننەکان دامەزراندبوو. کەواتە، لە جیهانی ئیسلامیدا، بەکارهێنانی بانگەشەی ئایینیی لەلایەن خەلیفەی عوسمانییەوە سەرەتا سەفەوییەکانی کردە ئامانج. بەم جۆرە، بێجگە مەیل بەرەو پەرەپێدانی سنووری خاکی بندەستیان، ئایین هۆکارێکی سەرەکی بوو کە بووە هۆی گرژی لە نێوان عوسمانییەکان و سەفەوییەکان دا. عوسمانییەکان وەک بەرگریکارانی ئایینی سوننە، سەفەوییەکان بە بانگەشەی شیعەبوون و میراتگرانی عەلی و پێغەمبەر، خۆیان بەو کەسانە دەزانی کە دەبێ حوکمڕانی موسڵمانەکان بکەن. ڕکەبەرییەک لە نێوان خەلیفە/سوڵتان وەک جێگری خوا و شا وەک سێبەری خوا هەبوو. بۆ عوسمانییەکان، ئایینی شیعە فیرقەیەکی لادەر و داهێنراو بوو کە وای لێ کردن شەڕی پیرۆز (جیهاد) لە دژی سەفەوییەکان ڕابگەیەنن. ئایینی شیعەش بووە هۆکارێکی سەرەکی بۆ هاندانی هێزەکانی سەفەوی لە دژی عوسمانییەکان. لە کۆتاییدا هەردوو لایەنەکە لە کوردستان دا شاخ بە شاخ بوون (Howard, 2017, 86; Jackson and Lockhart, 1986, 135-200, 306-345 & 620 631).

 

کاتێک شا ئیسماعیل دەستی کرد بە گۆڕینی زۆرەملێی ئایینی خەڵک و مەلا سوننەکانی کوشت یان دووری خستنەوە (Ward, 2009, 43)، سوڵتانی عوسمانی، بایەزیدی دووەم، ئامۆژگاری کرد کە واز لە تێکدانی پەرستگەکانی موسڵمانە سوننەکان بهێنێت. بەوەشەوە، شا ئیسماعیل وەک دژە سوننەیەک درێژەیدا بە بڵاوکردنەوەی شیعە بە زەبری هێز. ڕاپەڕینی قزڵباشەکانی ئەنادۆڵ/ئاناتۆلیا و هاتوچۆی لایەنگرانی سەفەوی لە سنووری نێوان دوو دەسەڵاتەکەدا، ناڕەزایەتی عوسمانییەکانی بەدواوە بوو. پاش بایەزیدی دووەم، سوڵتان سەلیم کە زۆرتر دژە شیعە بوو، هەڵسوکەوتی لەگەڵ تورکمانە شیعەکان توندوتیژتر بووەوە (Ward, 2009, 44; Jackson and Lockhart, 1986, 219 & 223). لە ئاکامدا گرژی نێوان دوو هێزەکە شەڕێکی درێژخایەنی لێکەوتەوە. بەپێی فەتوای موفتییە سوننەکان لە دژی بێباوەڕان و لادەرەکان، سوڵتان سەلیم هێرشی کردە سەر سەفەوییەکان و لە شەڕی چاڵدێران لە کوردستان شا ئیسماعیلی بەزاند (Howard, 2017, 89). لە ناو ئیمپراتۆریەتەکەشدا، دەسەڵاتدارانی عوسمانی، بەپێی فەتوای فەقیهە سوننەکان، عەلەوییەکانیان وەک لادەر و بێباوەڕ دەناساند (Vorhoff, 2003, 94). لە ١٥٤٨ دا شێخولئیسلام ئەبو سعوود ئەفەندی ئەوانی وەک لادەر ڕاگەیاند، بەم جۆرە کوشتنیان بەپێی یاسای ئیسلام ڕێگەپێدراو بوو. کوردان و تورکانی عەلەوی/قزڵباش کەوتنە بەر ئازاردان. بەپێچەوانەی کەمینە ناموسڵمانەکان، هیچ ڕێسایەکی یاسایی تایبەت بە عەلەوییەکان نەبوو، بۆیە وەک سوننەکان مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا (Kehl-Bodrogi, 2003, 55).

 

ئەم گۆڕانکاریانە بە توندی لەسەر کوردستان کاریگەر بوون، کە دیسانەوە وەک سەردەمی ئیمپراتۆریەتە دێرینەکان بوو بە ناوچەیەک لە ژێر هێرشی دوو ئیمپراتۆریەت و دوو ئاییندا. لە سەردەمی سەرهەڵدانی سەفەوییەکانەوە، بەشگەلێک لە کوردستان بوو بە شوێنی ڕکەبەریی لە نێوان عوسمانی و سەفەوییەکان دا. بە لەنێوچوونی ئاق-قویونلووە سوننەکان، زۆربەی کوردستان سەرەتا کەوتە بندەستی سەفەوییەکان. کاتێک سەفەوییەکان دوای خەلافەتی عوسمانی نەکەوتن، کەوتنە بەر هێرشی عوسمانییەکان. وەک ئاکامی شەڕی نێوان ئیمپراتۆریەتەکانی عوسمانی و سەفەوی لە ١٥١٤دا، کوردستان لە نێوانیاندا دابەش کرا. ئەم دابەشکردنە بە پەیماننامەی زەهاو/قەسرشیرین لە ١٦٣٩ دا بوو بە فەرمی و بەشی گەورەتری کوردستان کرا بە پاشکۆی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. بەم شێوەیە، هەر بەشێکی کوردستان کەوتە بەر کاریگەری سیاسەتی ئایینیی ئیمپراتۆریەتی پێوەندیدار (بڕوانە: Ghassemlou, 1993, 104; Hassanpour, 2003, 118; Newman, 2006, 76; al-Khalil, 2011, 235). ئەم شەڕە ئایینیی-سیاسییە کاریگەریی زۆر نەرێنی لەسەر داهاتووی کوردستان و یەکێتیی کورد هەبوو. دوای دابەشکردنەکە، هەرکام لەو ئیمپراتۆریەتانە ئایینزای ئیسلامیی پێوەندیداری بەکارهێنا بۆ پێکهێنانی یەکێتییەکی ناوخۆیی لە نێوان خاک و نەتەوە جیاوازەکاندا. لەلایەکەوە، سەرکردە کوردەکان بە هۆی ئایینەکەیانەوە سەر بە خەلافەتی سوننە بوون؛ لەلایەکی ترەوە، ئەوان هەندێک جار بەرژەوەندی سیاسییان لەگەڵ سەفەوییەکان هەبوو، گەرچی لە ژێر گوشاردا بوون کە ببنە شیعە.

 

پاش شەڕی چاڵدێران، عوسمانییەکان بە هاوکاری سەرۆک هۆزە کوردەکان کۆنتڕۆڵی زۆربەی ناوچەکانی کوردستانیان بەدەست هێنا؛ دیاربەکر، ماردین، موسڵ، هتد (Howard, 2017, 90). ئەوان بۆ ڕازیکردنی کوردەکان دوو فێڵیان کرد: یەکەمیان ئایینیی بوو بە بەکارهێنانی هەستی ئایینیی هاوبەش، و دووەمی سیاسیی بوو لە ڕێگەی بە فەرمی ناسینی خودموختاری حکوومەتە کوردییەکان. بوونی زۆرینەیەکی کوردی سوننە لەم پاشکۆکردنەدا یارمەتیدەریان بوو. بۆ نموونە، بە یارمەتی ڕێبەرێکی ئایینیی کورد، مەلا ئیدریس بدلیسی (١٤٥٥-١٥٢٠)، ئەوان لە هەست و هەڵوێستی ئایینی کوردەکان کەڵکیان وەرگرت بۆ بەرفراوان کردنی دەسەڵات/سەروەریی بە سەر بەشگەلێک لە کوردستان دا (al-Khalil, 2011, 247). دوابەدوای ڕووخانی حکوومەتی ئاق-قۆیونلو، بدلیسی پێوەندیی بە عوسمانییەکانەوە کرد لەبەر ئەوەی کە لە ڕووی ئایینییەوە لە دژی شا ئیسماعیل بوو. ئەو بە هۆی خزمەتەکانیی لە شەڕی دژ بە سەفەوییەکان، ڕێزێکی زۆری لێ گیرا و گەیشتە بەرزترین پلەوپێگەی ئایینیی لە دەوڵەتی عوسمانی دا. لە ڕێگەی وێژمانی ئایینییەوە، ئەو هانی خەڵکی ئازەربایجان و کوردستانی دا کە پشتیوانی عوسمانییەکان بکەن.(١٠) لە ١٥١٥ دا سوڵتان سەلیمی یەکەم بڕیاریدا کە ئەو دەبێ بنێردرێت بۆ کوردستان کە سەرکردە کوردەکان، سەرۆک هۆزەکان و حوکمڕانە خۆجێیەکان لە دژی شا ئیسماعیل و خەڵکی شیعە هان بدات. بدلیسی بەڕاستی کاریگەر و قایلکەر بوو و زۆر سەرکردەی کورد و میرنشینەکان پاڵپشتییان لە سوڵتانی عوسمانی کرد و دەسەڵاتی خەلافەتی عوسمانییان قبووڵ کرد. وەک خاوەن تەشەنە و کاریگەرێکی کورد و سوننە، ئەو زۆرترین سەرکەوتنی لە کوردستان دا هەبوو، بە ڕاکێشانی ٢٣ سەرکردەی کورد لە دیاربەکر، ماردین، موسڵ، شنگال، حەسەنکێف، ئامێدی، جزیرە، کەرکووک و هەولێر، هتد. بۆ نموونە، دوای دیاربەکر، کاتێک عوسمانییەکان دەیانویست کە ماردین بگرن، بدلیسی بڵاڤۆکێکی بانگەشەی بۆ هاووڵاتییانی ئەوێ نارد و ئایەتێکی قورئانی بەکارهێنا بۆ کاریگەریدانان لەسەریان. خەڵک کەوتنە بەر کاریگەریی و شارەکە بە ئاشتییانە گیرا. وەک یەکگرتووییەک لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێک لە ١٥١٤ لە نێوان عوسمانییەکان و کوردەکان دا، دەسەڵاتی ڕواڵەتیی دەوڵەتی عوسمانی قبووڵ کرا بە مەرجێ کە خودموختاری کوردەکان لە ژێر حوکمڕانی میراتیدا بپارێزرێت، باجی ساڵانە بدەن و لە شەڕەکاندا پاڵپشتی لە یەکتر بکەن. بەم شێوەیە، بدلیسی یارمەتی عوسمانییەکانی دا کە بە ئاسانی زاڵ ببن بە سەر زۆربەی بەشەکانی کوردستان دا (al-Khalil, 2011, 232; Zaki, 1931, 161-167).

 

لە بەرانبەردا، سەفەوییەکان گرووپێکی کوردی شیعە یان نیمچە-شیعەیان بەکارهێنا کە بەشێک لە قزڵباشەکانیان، لایەنگرانی سەفەوییەکان، پێک دەهێنا. هەندێ هۆزی کورد لە ناوچەی دێرسیم/تونجەلی پێڕەوانی ڕێبازی سەفەوی بوون کە دواتریش بە قزڵباش ناسران (White, 2000, 45). ئەمەش ئەوانی خستە دۆخی جۆلانە لە نێوان دوو هێزەکەدا. سەفەوییەکان لە پێوەندیی هاوسەرگیریش کەڵکیان وەرگرت تاکوو دانیان پێدا بنرێت لەلایەن میرنشینە کوردەکانەوە، وەک هاوسەرگیری خۆشکی شا ئیسماعیل لەگەڵ میرێکی کورد لە کوردستان. سیاسەتی کردەوەیی لە ڕێگای هاوسەرگیرییەوە بەردەوام بوو، بۆ وێنە کاتێ کە هاوسەرگیریی نێوان بنەماڵەکانی سەفەوی و ئەردەڵان ڕاگەیندرا. هەروەها، ئەوان حوکمڕانی هەندێ پارێزگایان بە سەرکردە کوردەکان سپارد تاکوو لە کوردستان دووریان بخەنەوە، وەک گەنج عەلی خان فەرماندەری سەربازی و حوکمڕانی کرمان لە ١٥٩٦ بۆ ١٦٢١ و قەندەهار لە ١٦٢٢ بۆ ١٦٢٤. بۆ تواندنەوە لە ناو خۆیانیشدا، هەندێ جار پۆستە فەرمییە بەرزەکانیش بە سەرکردە کوردەکان دەدرا وەک وەزیر، بۆ وێنە شێخ عەلی خان زەنگەنە (١٦١١-١٦٩١) کە وەزیری گەورە بوو لە ١٦٧٣ بۆ ١٦٩٠، و کوڕەکەی شاقولی خان زەنگەنە (م. ١٧١٥) لە سەردەمی دەسەڵاتی شا حوسێن دا (١٦٩٤-١٧٢٢). بە ئەگەرەوە سەفەوییەکان لە وەها پێوەندیگەلێکی تاکەکەسیی لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و هاوپەیمانی بە هاوسەرگیری کەڵکیان وەرگرتبێت بۆ پێوەندیی لەگەڵ کوردەکان و بۆ پووچەڵکردنەوەی کاریگەریی ئایینی هاوبەشیان لەگەڵ عوسمانییەکان (بڕوانە: Farrokh, 2011, 10-22; Ward, 2009, 3 & 42; Newman, 2006, 2-24 & 65 & 107; Jackson and Lockhart, 1986, 135-200, 306, 342-345, 620 & 631).

 

وێڕای هەبوونی دوو ئیمپراتۆریەت، بۆ ماوەیەکی درێژخایەن هیچ کامیان حوکمڕانی ڕاستەوخۆیان لە دوو بەشەکەی کوردستان دا نەبوو. دەسەڵات لە ڕێگای سەرۆکە کوردەکانەوە جێبەجێ دەکرا. لە ناوەڕاستی سەدەی شازدە دا، وەک ئاماژە کرا، کوردەکان زۆربەی خاکی خۆیان بەڕێوە دەبرد. دەوڵەتانی عوسمانی و سەفەوی هەبوونی میرنشینە کوردەکانیان وەک دەوڵەتانێکی بچووک یان ویلایەتە خودموختارەکان قبووڵ کردبوو (Hassanpour, 2003, 111). بنەمای دەسەڵاتی سەرۆکە کوردەکان لە هاوپەیمانییان لەگەڵ یەکێک لە ئیمپراتۆریەتەکان سەرچاوەی دەگرت. زۆربەیان لایەنگری عوسمانی و هەندێکیش لایەنگری سەفەوی بوون (Farrokh, 2011, 25). لە نێو خاکی سەر بە عوسمانی دا، زۆر ویلایەت هەبوون (بڕوانە: Inalcik, 2000, 105-107) بریتی لەوانەی کوردستان وەک دیاربەکر، وان، شارەزوور، هتد. وەک سەردەمی سەلجووقییەکان، لە ١٥٢٧ دا تەنانەت ویلایەتێک هەبوو بە ناوی “کوردستان” خۆیەوە، کە لە ئەنجامی دانوستانەکان بەدی هات. هەروەها زۆر ناوچەی خودموختار و نیمچە-خودموختار هەبوون. بۆ نموونە، میرنشینی وان کە لە ١٥٤٨ دا دامەزرا ژمارەیەک سەنجەقی لەبەر دەگرت (Imber, 2019, 147, 156, 165 & 192). لە نێوان دەوڵەت و میرنشینە کوردییەکان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دا، ڕێککەوتن و ڕێکخستنی فەرمی هەبوو. دوای پاشکۆکردنی کوردستان، حکوومەتی عوسمانی دانی نا بە دەسەڵاتی میر و سەرۆکە کوردەکان بە سەر خاکەکەیاندا وەک موڵکی میراتیی. “پەیمانی کورد-عوسمانی” بە فەرمی دانی نابوو بە شانزە میرنشینی خودموختار بە قەبارەی جۆراوجۆر، نزیکەی پەنجا سەنجەقی کورد و ژمارەیەک سەنجەقی عوسمانی. لە بەرانبەر خودموختاریدا، میرنشینەکان دەبوا یاسای عوسمانی بپارێزن، باج بدەن، هێزی چەکدار بۆ خەلافەتی عوسمانی دابین بکەن، لە دژی خەلافەت ڕانەپەڕن و لەگەڵ سەفەوییەکان پیلان نەگێڕن و سنووری ویلایەتەکان نەگۆڕن یان دەسدرێژیی نەکەنە سەر هەرێمە خودموختارەکانی تر (Nezan, 1993, p 14; Bruinessen, 1992, 42; Barkey & Fuller, 1998, 7).

 

گەرچی بە شێوەی ئاسایی هەردوولایەنەکە –کورد-دیتران– ڕێزیان لەو دۆخ و ڕەوشەی سەرەوە دەگرت، تا دەیە سەرەتاییەکانی سەدەی نۆزدەم،(١١) هەندێ گرژی و هەوڵی سەربەخۆیی هاتەئاراوە، لەوانە لە دوو میرنشینی گرنگدا بە سەرکردایەتی کوڕی جانپۆڵا،(١٢) هەروەها ئەمیرخان لەپ زێڕین.(١٣) لە قەڵای “دمدم”دا لە ١٦٠٨، ئەمیرخان لە دژی شا عەباس ڕاپەڕی. پێش ئەوە، کاتێک عوسمانییەکان لە خاکی سەفەوی دا تەشەنەیان کرد، هۆز و خێڵە کوردەکانی ناوچەکە بەیعەتیان بە عوسمانییەکان دا و ملکەچ و گوێڕایەڵی سەفەوییەکان نەبوون. شا محەمەد، بەگێکی برادۆست، بوو بە میری برادۆست. سەرەڕای ئەوەش، ئەمیرخان گوێڕایەڵی نەبوو و لەگەڵ میرە گەورەکانی تری کورد وەک عومەر بەگ، حوکـمڕانی سۆران، پێوەندیی هەبوو. لە بەرانبەر عوسمانییەکان دا، سەفەوییەکان بە فەرمی دانیان نا بە ئەمیر خان دا وەک میری برادۆست و سەنجەقی مێرگەوڕ و تەڕگەوڕ و ورمێ و شنۆ. پاشان ئەمیر خان لە بەشەکانی تری کوردستان‌ـیشدا لە نێو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دا تەشەنەی کرد. بەمەش لە نێو حوکمڕانە کوردەکاندا ناوبانگی دەرکرد. زۆرێک لە میر، سەرۆک هۆز و هۆزە کوردەکان لە ناوچەکەدا، لەوانە عەبداڵ خان موکری، خزمەت و پشتیوانییان لێ دەکرد، ئەمەش بووە هۆی تێکۆشانی بۆ سەربەخۆیی لە سەفەوییەکانیش. ئەوان هەروەها دژایەتییەکی ئایینییان لەگەڵ ئەمیرە شیعە/قزلباشەکان هەبوو، بەجۆرێ کە یەکێک لە هۆیەکانی عەبداڵ خان بۆ پەیوەندیکردن بە ئەمیر خان، دژایەتی ئایینیی ئەو لەگەڵ سەفەوییەکان بوو. سەفەوییەکانیش ئەم خانانەیان بە دەست و پێوەندی ڕۆم/عوسمانییەکان دەزانی و بە ناوی ئایینەوە و بە یارمەتی ئەو گرووپانەی کە لە دژی عوسمانییەکان بوون، لە ١٦٠٨ دا هێرشیان کردە سەریان، گەمارۆیانیان دا و کوشتنیان. لەڕاستیدا، سەفەوییەکان پاڵپشتییان لە گرووپە ڕاپەڕیوەکان لە دژی عوسمانییەکان دەکرد. ئەم گرووپانە بە جەلالی ناسرا بوون، وەک عەلەوییەکان لە ئاناتۆلیا کە لە شەڕدا بوون لەگەڵ عوسمانییەکان لە سەدەکانی شازدە و حەڤدە دا. پاش ئەوەی کە  عوسمانییەکان بە سەرکردایەتی محەمەد پاشا جەلالییەکانیان بەزاند، ئەوان هێنرانە نێو خاکی سەر بە سەفەوی بە جۆرێ کە سەفەوییەکان لەگەڵ هێزەکانی قزڵباش لە دژی کورد لە قەڵای “دمدم”دا بەکاریان هێنان. بەوەشەوە، قوباد خان موکری، برازای عەبداڵ خان، بەپێچەوانەی باوکی واتە شێخ حەیدەر موکری، لە ململانێیەکی سیاسی لەگەڵ سەفەوییەکان تێوەگلا. بەهۆی دژایەتی ئێتنۆ-ئایینیی، ئەو لە سەفەوییەکان لە دژ قەڵای دمدم پشتگیریی نەکرد. دوای ڕاپەڕینی دمدم سەفەوییەکان هێرشیان کردە سەر هۆزە کوردە-سوننەکانی موکریش (Monshi, 2003, V. 2, 792-811; Zaki, 1931, v. 1, 180-5 and V.2). هەندێ نووسەر وەک ئەمین زەکی (1931, 186)، وەک تۆڵەی شیعە لە سوننەکان باسی ئەم ڕووداوانە دەکەن. لە شەڕی دژ بە کوردە سەربەخۆییخوازەکان، هەردووک، عوسمانییەکان و سەفەوییەکان، کوردیان بە دوژمن دەزانی. ئەوان متمانەیان بە کوردەکان نەبوو و لە زاراوە ئیسلامییەکان لە دژیان کەڵکیان وەردەگرت، لەوانە “غازی/شەڕکەرە پیرۆزەکان” و “فەتح” کە لە بنەڕەتدا لە دژی ناموسڵمانەکان بەکار دەبران.

 

بە کورتی، بە هۆی سەرهەڵدانی ئایینی شیعە لە دەسەڵاتی سیاسیدا، سەردەمی عوسمانی-سەفەوی لووتکەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئایینیی-سیاسیی بوو لە ناو جیهانی ئیسلامدا، بە بەراورد لەگەڵ سەردەمەکانی پێشوو و دواتر، کە بە توندی کاریگەریی لەسەر کوردستان هەبوو. هەردوو ئیمپراتۆریەتەکە بە ناوی ئایینەوە ئامانجە سیاسییەکانیان بەدواداچوون دەکرد و بازنەی تەشەنەی خۆیان پەرە پێ دەدا. عوسمانییەکان هەوڵیاندا کە ئاییینزای سوننە بپارێزن و سەفەوییەکان هەوڵیاندا کە ئایینی خەڵک بگۆڕن. ناکۆکی و ململانێیەکان لە کوردستان دا کێشەی زۆری لێکەوتەوە.

 

کاریگەریی ناکۆکییەکان لەسەر کوردستان

 

لە هەڵمەت و لەشکەرکێشییەکان لە دژی سەفەوییەکان، عوسمانییەکان هەر جارەو بەشێک لە کوردستانیان دەخستە سەر خاکی بندەستی خۆیان. پاش شەڕی چاڵدێران، لە ١٥١٦ دا میرنشینگەلێک وەک دیاربەکر و بدلیس خرانە سەر ئیمپراتۆریەتی عوسمانی. کاتێک حوکمڕانی سەفەوی لە دیاربەکر پاشەکشەی کرد سیاسەتی زەوی سووتاوی جێبەجێ کرد. پاش گرتنی تەورێز/تەبریز لە ١٥٣٤ دا، عوسمانییەکان دەستیان بە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێستادا گرت و لە ڕێگەی هەمەدان‌ـەوە بەرەو بەغدا چوون. کاتێکیش سەفەوییەکان لە ١٥٥٣ دا هێرشیان کردە سەر کوردستان، عوسمانییەکان لە ١٥٥٥ دا وەڵامیان دایەوە و دیسانەوە هەندێ ناوچەیان گرتەوە. لە ماوەی هێرشی عوسمانییەکان دا بۆ سەر سەفەوییەکان لە نێوان ١٥٧٨ بۆ ١٥٩٠ دا ناوچەکانی تری کوردستان کەوتنە دەستیان. لەو کاتەدا، زنجیرە ڕاپەڕینەکانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی لە بەرژەوەندی عوسمانییەکاندا بوو. بەڵام دیسانەوە لە 1623-4 دا لە ماوەی هەڵمەتی سەفەوییەکان بەرەو شوێنە پیرۆزەکانی شیعە، کەربەلا و نەجەف، کە بووە هۆی گرتنی بەغداش، ئەوان ناوچە کوردییەکانی داقوق، کەرکووک، شارەزوور و دیاربەکریان خستەوە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان. لە 1629-30 دا، عوسمانییەکان بۆ گرتنەوەی بەغدا لە ڕێگەی کوردستان‌ـەوە هێرشیان کردە سەر سەفەوییەکان و بە سەرکەوتنیان لە ماهیدەشتی کرماشان دا، بەرەو هەمەدان پێشڕەوییان کرد. گرژی و ئاڵۆزییەکان بەردەوام بوون تاکوو پەیمانی ئاشتی زەهاو لە ١٦٣٩ دا، کاتێ کە عوسمانییەکان بەغدا و تەواوی مێزۆپۆتامیایان کۆنتڕۆڵ کردەوە (بڕوانە: Jackson and Lockhart, 1986, 224-285; Newman, 2006, 28-43).

 

بەم شێوەیە، زۆربەی میرنشینە کوردەکان پاشکۆی عوسمانی کران و هەندێکیش کەوتنە بندەستی سەفەوییەکان، لەکاتێکدا کە هەندێکی تر وەک ئەردەڵان دابەش کران یان وەک هەکاری لە نێوان هەردوو ئیمپراتۆریەتەکەدا مایەوە. لە ململانێی نێوان سەفەوییەکان (جێگرەکانیشیان) و عوسمانییەکان دا، میرنشینە کوردییە سوننەکان بە هۆی ترس لە زاڵبوونی شیعەی سەفەوی بە دوای وەرگرتنی یارمەتی لە عوسمانییەکان بوون، هەر لەو کاتەدا هەندێکیان کاتێ کە دەکەوتنە ململانێی سیاسی لەگەڵ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بە دوای وەرگرتنی یارمەتی لە سەفەوییەکان بوون، تەنانەت هەشیان بوو کە بە ڕواڵەت ئایینی خۆی گۆڕی. میرنشینگەلێک وەک بدلیس و هەکاری لە ئەمەگداری و بەیعەتیان لەگەڵ عوسمانییەکان و ململانێی هەردوو ئیمپراتۆریەتەکە کەڵکیان وەرگرت بۆ بەرفراوانکردنی هەرێمەکەی خۆیان. سەرەڕای ئەوەش، ئەمەگداری سەرکردە کوردەکان بۆ هەرکام لە ئیمپراتۆریەتەکان دەبووە هۆی سەرکەوتنی ئەو یەکەیان، بە جۆرێ کە پێڕەوی هەندێ لە سەرکردە کوردەکان لە سەفەوییەکان بوو کە بووە هۆی سەرکەوتنی شا عەباس لە شەڕی ساڵی ١٦٠٥ لە نزیک گۆلی ورمێ دا (Bruinessen, 1992, 142; Imber, 2019, 156; Howard, 2017, 140). بەوەشەوە، کاتێک بە هۆی پرسە سیاسیی-ئایینییەکانەوە هەندێ میرنشینی سنوورەکان وەک حکوومەتەکانی ئەردەڵان، موکری، لوڕی بچووک، بابان، هتد، زیاتر بایان دەدایەوە بەرەو یەکێک لە ئیمپراتۆریەتەکان، لەلایەن ئەوی تریانەوە هێرش دەکرایە سەریان. بۆ هەندێ ماوەی درێژخایەن ناوچەگەلێکی کوردستان وەک موکریان، ناوچەکانی نێوان ورمێ و گۆلی وان، کەرکووک، شارەزوور بۆ موسڵ، کرماشان، هەمەدان و ئەردەڵان تاو نە تاو لەلایەن یەکێک لەو دەسەڵاتانەوە داگیر دەکرا (Farrokh, 2011, 6, 66-82).

 

سەبارەت بە گۆڕانی گوێڕایەڵی بۆ سەفەوییەکان یان عوسمانییەکان، دەکرێ ئاماژە بەو نموونانەی خوارەوە بکرێت. یەکەم، ئەردەڵانەکان دوای ماوەیەک سەربەخۆیی،(١٤) ئەمەگداریی سیاسییان گۆڕی،(١٥) گەرچی سەربەخۆیی ناوخۆییان تا کۆتایی دەسەڵاتی خان ئەحمەد خان پاراست. پاشان وردەوردە تەشەنەی سیاسی سەفەوییەکان زیاتر بوو. بۆ وێنە، لە میرنشینی ئەردەڵان لە دەیەی ١٥٥٠ دا کێشە و گرژی هەبوو: “لە ١٥٥١ دا، خانی ئەردەڵان بەیعەتی خۆی لە عوسمانییەکانەوە گۆڕی بۆ سەفەوییەکان” (Imber, 2019, 192). بەڵام لە کۆتاییدا میرنشینەکە دابەش کرا و لە ١٥٦١ دا شارەزوور لە ئەردەڵان دابڕا (al-Khalil, 2011, 233). دووەم، حکوومەتی موکری لە ژێر دەسەڵاتی سارم خان دا بەیعەتی دا بە عوسمانییەکان. بەڵام دوای ئەو، شێخ حەیدەری ئامۆزای، بەیعەتی دا بە سەفەوییەکان. بۆیە، سوڵتان سولەیمان عوسمانی ئەمیرە کوردەکانی ئامێدی، هەکاری و، برادۆستی نارد بۆ شەڕ لە دژی حکوومەتی موکری. حوکمڕانی دواتر، ئەمیر بەگی حاجی عومەری سارم، بەیعەتی دا بە عوسمانییەکان. کەواتە، لە ماوەی ڕاپەڕینی ئەمیر خانی برادۆست دا، وەک پێشتر ئاماژە کرا، عەبداڵ خان پاڵپشتی لە ئەمیر خان کردبوو لە بەرانبەر شێخ حەیدەر دا. دوای شێخ حەیدەر، ئەمیر بەگی موکری شەڕی نەکرد لە دژی ڕاپەڕینەکە. سێیەم، شاوێردی، سەرکردەی لوڕی بچووک، نموونەیەک لەو حوکمڕانە کوردانە بوو کە زۆر جار بەیعەتی خۆی لە عوسمانییەکان بۆ سەفەوییەکان دەگۆڕی، بەپێچەوانەوەش (بڕوانە: Zaki, 1931, V.2). چوارەم، لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتی سەفەوییەکاندا، لە ناوچە سوننەکاندا لە ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوای ئیمپراتۆریەتی سەفەوی دا، چەندین ڕاپەڕین ڕوویدا. کوردەکان چیتر پاڵپشتییان لە سەفەوییەکان نەدەکرد و بە دوای دەستێوەردانی عوسمانی‌ـیەوە بوون (بڕوانە: Farrokh, 2011, 72-5). لە دەیەی ١٧١٠ دا هەندێک ڕاپەڕینی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوو، لەوانە لە ١٧١٧ دا لە هەمەدان، کە زۆرینەی دانیشتووانی هێشتا کورد بوون، ئەوان بەشی ناوەندی خاکی بن دەسەڵاتی سەفەوییان تا دەوروبەری ئەسفەهان گرت (Newman, 2006, 107 & 116; Jackson and Lockhart, 1986, 318).

 

کەواتە، سەرۆکە کوردەکان لە سەدەی شازدەم بۆ حەڤدەم بە شێوەی خودموختار حوکمڕانیان دەکرد، بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئیمپراتۆریەتەکانی عوسمانی و سەفەوی کە ناوبەناو بەیعەت و ئەمەگدارییان بۆ ئەو دووانە بە ئارەزووی خۆیان دەگۆڕی (Imber, 2019, 149). میرنشینە کوردەکان کە پلەیەکی جیاواز لە گرێدراوێتی بە عوسمانییەکان یان سەفەوییەکانیان هەبوو، وەک شەڕگە و ناوچەی پارێزەر و نێوەندگیر بەکاردەهێنران (Romano, 2006, 3). بەوەشەوە، ئەوە ئایین بوو کە بە توندی لەسەر ئەمەگداری و بەیعەتیان کاریگەر بوو. لەڕاستیدا، دوو ئیمپراتۆریەتەکە ئایینیان بەکارهێنا لە بەرژەوەندی سیاسەتەکانی خۆیان و بۆ پەرەپێدانی سنوور و بازنەی دەسەڵاتیان. بە هۆی سیاسەتی ئایینیی عوسمانییەکان، هەندێ کوردی عەلەوی/قزڵباش لە نێو خاکی سەفەوی دا پەنای سیاسییان گرت. دەوڵەتی عوسمانی ئەوانەی بە بەشێک لە دژبەران/ئۆپۆزیسیۆن، ناسراو بە جەلالییەکان، دەزانی کە پێشتر ئاماژەیان پێ کرا. لە نێو خاکی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی‌ـشدا، زۆر کورد ڕاگوێزرانەوە لە نێو کوردستان دا و لە کوردستان‌ـەوە بۆ شوێنەکانی تر، لەبەر ئەوەی کە گوێڕایەڵی دەسەڵاتی سەفەوی نەبوون. ئەوان لەبەر سوننەبوون زۆربەیان مەیلیان بەرەو عوسمانییەکان یان بەدەستهێنانی سەربەخۆیی تەواو هەبوو. شا تەهماسب و پاشان شا عەباس (١٥٧١-١٦٢٩)، دوای سەرکەوتنی لە دەوروبەری ئەرزڕۆم دا، ژمارەیەکی زۆر لە هۆزە کوردییەکانیان لە کوردستان‌ـەوە گواستەوە بۆ خۆراسان، بەتایبەت بۆ دەوروبەری خابوشان (قووچان). ئەم سیاسەتە لەلایەن ئەفشارییەکان و پاشان قاجارەکان‌ـەوە درێژەی پێ درا. نادر شا هەندێ هۆزی لە کوردستان‌ـەوە گواستەوە بۆ بەشەکانی تری خاکی بن دەسەڵاتی –وەک هەندێ لە شکاکەکان، عەمارلوو، زەند، خواجەوەند (لە گەڕووسەوە)، لوڕ، هتد، بۆ خۆراسان، مازەندەران و گیلان (بڕوانە: Farrokh, 2011, 55-89; Zaki, 1931, 190; Avery et al, 1991, 4 and 514-5). سەفەوییەکان و جێگرە ناکوردەکانیان، ئەفشارییەکان و قاجارەکان، دوو مەبەستیان هەبوو: یەکەم، ڕەنگە گۆڕینی دیمۆگرافی و کەمکردنەوەی جەماوەری کورد کە بە هۆی ئایینەکەیان و/یان بەرژەوەندی سیاسییانەوە توانستی ئەوەیان هەبوو ئەمەگداری و بەیعەتیان بگۆڕن بەرەو لای خەلافەتی عوسمانی. دووەم، بۆ بەکارهێنانیان لەبۆ بەرگیری لەو هێرش و لەشکەرکێشیانەی کە لە لایەنەکانی ترەوە هەڕەشەیان لە دەسەڵاتیان دەکرد. بەم شێوەیە، هەندێ کۆمەڵی کورد لە خاکی سەرەکی خۆیان دابڕێندران و لە شوێنەکانی تردا بڵاوەیان پێ کرا، وەک دانیشتووانی پارێزگای خۆراسانی باکووری ئێستا لە ئێران.

 

عوسمانییەکان و جێگرەکانی سەفەوییەکان (ئەفشارەکان-زەندەکان)

 

سەفەوییەکان لەلایەن غەلزاییە سوننەکانی ئەفغانەوە لەنێو بران کە بە سەرکردایەتی شا مەحموود ئەسفەهانیان گرت. سەرەتا، هەندێک لە کوردەکانی خۆراسان‌ـیش ملکەچی ئەفغانەکان بوون (Avery et al, 1991, 19-23). لە ئاکامدا، عوسمانییەکان قووڵتر و زیاتر لە ڕابردوو لە خاکی پێشتر بندەستی سەفەوییەکان دا، تەشەنەیان کرد (Howard, 2017, 188-9). لەو کاتەدا، کوردستان زۆرتر لە ژێر کۆنتڕۆڵی کورد دا بوو، لەکاتێکدا کە عوسمانییەکان بە ڕواڵەت بۆ پشتیوانی لە تەهماسبی دووەم هاتبوونە ناو ڕۆژهەڵاتی کوردستان. کوردەکان بەرگرییان لە سوپای عوسمانی کرد، گەرچی هەندێک دژایەتی هەبوو بەتایبەت لەلایەن ئەوانەوە کە پێشتر لە خاکی بندەستی عوسمانی‌ـیەوە هاتبوون. بە هۆی یارمەتی لوڕەکان و گرووپە کوردەکانی تر کە ئەو کات دانیشتووانی سوننەی خۆجێیی بوون، لوڕستان، کرماشان و هەمەدان، ئەردەڵان و ورمێ لە کوردستان و بەشگەلێک لە ئازەربایجانی ئێستا تا ئەردەبیل لە 1723-4 دا کەوتە دەست عوسمانییەکان (Farrokh, 2011, 83; Newman, 2006, 125; Jackson and Lockhart, 1986, 327; Avery et al, 1991, 20 and 298-9). وەک لایەنگرانی ئیسلامی سوننە، ئەفغانەکان لەلایەن عوسمانییەکان‌ـەوە دانیان پێدا نرا و لە ١٧٢٧ دا لە هەمەدان پەیمانی ئاشتییان واژۆ کرد (Farrokh, 2011, 84; Avery et al, 1991, 300). بەپێی پەیمانەکە، ئەشرەف خان وەک حوکمڕان ڕاگەیندرا. لەڕاستیدا، هەندێ لە کوردەکانیش پشتیوانییان لە ئەفغانەکان کرد، لەبەر ئەوەی کە ئەوان لەلایەکەوە دژایەتی سیاسییان لەگەڵ عوسمانییەکان هەبوو، لەلایەکی ترەوە ئەفغانەکان بەپێچەوانەی سەفەوییەکان سوننە بوون. تەنانەت سەرۆکە لوڕەکان شازادەی سەفەوی، سەفی میرزایان، لە ١٧٢٧ دا کوشت، دوای ئەوەی کە لە ئەسفەهان‌ـەوە هەڵاتبوو بۆ هەمەدان و کرماشان (Avery et al, 1991, 47). بەوەشەوە، پاش پەیمانی ئاشتیی، ئەفغانەکان، ئەمیرە کوردە دژبەرەکانی عوسمانییان ڕادەستی عوسمانییەکان کردەوە (Zaki, 1931, 201). ئایینی هاوبەشی ئەفغانەکان و عوسمانییەکان لە بەرژەوەندی عوسمانییەکان بوو لە بەرانبەر دژبەرە کوردەکانیاندا. سەرەڕای ئەوەش، دەسەڵاتی ئەفغانەکان کورت بوو.

 

نادر خانی ئەفشار کە وەک فەرماندەری پاشماوەی سوپای سەفەوی بە سەرکردایەتی شا تەهماسبی دووەم ئەفغانەکانی لە دەسەڵات وەلا نا، هەوڵیدا بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ کوردەکانی خۆراسان بەتایبەت لە ڕێگەی پێوەندی هاوسەرگیریی لەگەڵ سەرۆک هۆزە کوردەکان. ئەوان بەرەنجام پەیوەندییان پێوە کرد و دەسەڵاتەکەیان بەهێزتر کرد. لە شەڕی نادر خان لە دژی عوسمانییەکان لە ١٧٣٠ دا، ڕۆژهەڵاتی کوردستان بریتی لە لوڕستان، کرماشان، هەمەدان، سنە/ئەردەڵان و ورمێ کەوتنە ژێر دەسەڵاتی نادر خان. بەڵام زۆر زوو دوای ئەوە هێزەکانی عوسمانی لە ١٧٣١ دا دیسان ئەو ناوچانەی کوردستانیان گرتەوە. بە وەلانانی شا تەهماسبی دووەم، نادر خان هێرشی کردە سەر عوسمانییەکان و ئەو ناوچانەی گرتەوە و  بەشێک لە خاکی بندەستی عوسمانی (لە باشووری کوردستانی ئێستاکە)، بریتی لە کەرکووک، دێرنێ/دێرنە، شارەزوور، هتد، گرت. لە ١٧٣٣ دا، نادر خان لە ڕێگەی کەرکووک‌ـەوە هێرشی کردە سەر بەغدا. هەر لەو ساڵەدا، عوسمانییەکان ئەو خاکەیان گرتەوە. لە ماوەی ململانێیەکەدا هەندێ ناوچەی کوردستان، لە هەمەدان بۆ کەرکووک بوون بە شەڕگەی نێوان دوو ئیمپراتۆریەتەکە (Avery et al, 1991, 19 32 and 302-4; Zaki, 1931, 201; Farrokh, 2011, 107-112).

 

هەرچۆنێک بێت، لە ١٧٣٥ دا پەیمانێکی ئاشتیی لە نێوان عوسمانییەکان و نادر خان دا پەسەند کرا. پاشان نادر خان لە ١٧٣٦ دا لە جێی عەباسی سێیەمی سەفەوی، خۆی بە شا ڕاگەیاند. بەم شێوەیە، دەسەڵاتی زنجیرە دەسەڵاتدارانی سەفەوی بە تەواوی کۆتایی هات. نادر خان ئایینی بەکارهێنا بۆ گەیشتن بە دەسەڵات. ئەو سوننە بوو بەڵام سیاسەتێکی ئایینیی جیاوازی هەبوو و وەک یەکێک لە مەرجەکانی پۆپە/تاج لەسەرنانی خۆی، لە کۆبوونەوەکە داوای کرد کە ڕێز لە بیروباوەڕی سوننە بگرن و ئازار و بەدواداچوونی سوننەکان ڕاگرن. گەرچی ئەو ویستی ئایینزای سوننە جێی شیعە بگرێتەوە، بەڵام بەهۆی دەسەڵاتی درێژخایەنی سەفەوی ئەو داواکارییەی هەرگیز جێبەجێ نەکرا (بڕوانە: Farrokh, 2011, 115). بەو بۆنەوە کە عوسمانییەکان لە لادەری و بیدعەی سەفەوییەکان بۆ پاشکۆکردن و دەستێوەردان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەڵکیان وەرگرتبوو، نادر ویستی کە ئەو بیانووە ئایینییە چارەسەر بکات. بەهۆی ناڕەزایەتی مەلا شیعەکان، ئەو نەیدەویست ڕاشکاوانە سوننە وەک ئایینی دەوڵەت ڕابگەیەنێت. سەرەڕای ئەوەش، بۆ بە ئاسانی دانپێدانانی لەلایەن عوسمانییەکان‌ـەوە، بەتایبەت لە سەرەتاوە و بە جێی ئەفغانە سوننەکان، ئەو هەوڵیدا پیشان بدات کە ئیسلامی ئۆرتۆدۆکس گەڕاوەتەوە بۆ ئەو خاکە. ئەمە واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتیی ئاسانتر کردەوە. جگە لەوەش، ئەو ویستی پشتیوانی هۆزە کورد، تورکمان و ئەفغانە سوننەکان لە سوپاکەیدا و ئەمەگداری موسڵمانە سوننەکان لەو وڵاتانەی تردا کە دەیویست هێرش بکاتە سەریان بەدەست بهێنێت، هەروەها ڕێگایەک بکاتەوە کە پاوانخوازی سوڵتانی عوسمانی لە جیهانی ئیسلامدا تووشی ئاڵنگاری بکات. هاوکات، هەوڵیشیدا باوەڕمەندانی شیعە لەگەڵ ئایینی سوننە ئاشت بکاتەوە بۆ ئەوەی وەک لایەنگرانی ئەو بمێننەوە (Ward, 2009, 51; Jackson and Lockhart, 1986, 328 and 648-654; Avery et al, 1991, 45, 306-8 and 706-9).

 

هەرچۆنێک بێت، شیعە وەک ئایینێکی کاریگەر لە سیاسەتدا مایەوە. تەنانەت دواتر لە ١٧٤١ ـەوە نادر شا وەک بیانوویەک بەکاری هێنا بۆ هێرشکردنە سەر عوسمانییەکان. کاتێک نادر بوو بە شا، خەڵکی شیعە لە خاکی بندەستیدا داوایان لێ کرد کە داوا لە سوڵتانی عوسمانی بکات کە دان بە ڕەوایی شیعەی جەعفەری/دوانزە ئیمامی وەک پێنجەمین قوتابخانەی ئۆرتۆدۆکسی ئیسلام بنێت و لە دەوروبەری کەعبەی پیرۆز لە مەککە دا شوێنێکی تایبەتیش بۆ ئەوە ڕەچاو بکرێت. لە دانوستانەکانی لەگەڵ عوسمانییەکان دا لە دەیەی ١٧٣٠ دا، نادر شا پێشنیارەکەی هێنایە ئاراوە (Howard, 2017, 192; Avery et al, 1991, 307). خەلیفە لەسەر ویستی زانایانی ئایینیی سوننە پێشنیارەکەی نادری ڕەت کردەوە. پاشان، دوای هەوڵی سەرنەکەوتووانەی نادر لە ١٧٤١ دا بۆ بەکارهێنانی سیاسەتە ئایینییەکەی لە دژی سوڵتان بۆ بەدەستهێنانی بەیعەت و ئەمەگداری موسڵمانەکانی تر، هەڕەشەی لە عوسمانی کرد و لە ١٧٤٢ دا شەڕ دەستی پێ کردەوە. گەرچی لە باری بەڕێوەبەرایەتیی و ڕێکخراوەییەوە نادر شا دامودەزگای سەفەوی درێژە پێ دا، ئایدۆلۆجیا و پێکهاتەی سوپای جیاواز بریتی لە ئەفغانەکان، تورکمانەکان، کوردەکان کە هاوئایینی نادر شا بوون (Avery et al, 1991, 46 & 308-9; Ward, 2009, 52)، لەسەر کوردەکانی کوردستان‌ـیش کاریگەر بوو. هەروەها، کوردستان لەسەر ڕێگای زیارەتکەرانی شیعە لە هەندێ ناوچەی ئێرانی ئێستا و ئاسیای ناوەندی بوو. ئەمە بیانووی دا بە دەست نادر‌ـەوە. ئەو بە ئاسانی لە ڕێگای کوردستان‌ـەوە هێرشی کردە سەر عوسمانییەکان. لە ١٧٤٣ دا، لە ڕێگای کەرکووک‌ـەوە هێرشی کردە سەر بەغدا و پاشان موسڵ. سوپای نادر شا هەندێ ناوچەی لە باشووری کوردستانی ئێستاکەدا بریتی لە کەرکووک، هەولێر و شنگال گرت (Ward, 2009, 55-59, Avery et al, 1991, 46-49, 303 & 309). لە شەڕ لەگەڵ کوردانی ئێزدی دا، هێزەکانی نادر شا چەند هەزار ئێزدی و ڕێبەرەکەیان، یەزید، لە شنگال لە ١٧٤٣ دا کوشت. شەڕ لە نێوان ئەفشارەکان و عوسمانییەکان تا دانوستانەکان و ڕێککەوتنێک لە ١٧٤٦ دا بەردەوام بوو کە لە کۆتاییدا بووە هۆی وازهێنانی نادر شا لە هەموو داواکارییەکانی. گەرچی کوردەکان یارمەتییاندا کە بگاتە دەسەڵات، بەڵام بەهۆی کردەوەکانی هەندێ جار دژایەتییان دەکرد. دواجار لە ١٧٤٧، لە ڕێگای چوون بۆ سەرکوتی کوردەکانی خۆراسان لە خابوشان نادر شا لەلایەن هێزەکانی خۆیەوە کوژرا (Avery et al, 1991, 5 & 51-59, 309 and 709; Zaki, 1931, 207; Farrokh, 2011, 124-125).

 

پاش تیاچوونی نادر شا، ململانێی هۆزەکان شەڕی ناوخۆیی لێکەوتەوە. دەسەڵاتێکی سەرەوەتر بوونی نەبوو و زۆر دەسەڵاتی ناوچەیی و میرنشینەکان بە شێوەی خودموختار ناوچەکانی خۆیان بەڕێوە دەبرد. ئەمە هەلێکی بۆ گرووپێک لە کوردەکان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات ڕەخساند؛ واتە زەندەکان کە هۆزێکی لەک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون و لە سەردەمی سەفەوییەکاندا ببوون بە شیعە. لە سەرەتادا کە دەیانەویست دەسەڵاتەکەیان پتەو بکەنەوە، شەڕێکی ناوخۆییش لە نێوان کوردەکان خۆیان لە ئەردەڵان، هەمەدان، کرماشان و لوڕستان (زەند، وەند، فەیلی، بەختیاری، زەنگەنە، کەلهوڕ، هتد) هەڵگیرسا. لەم پێوەندییەدا، ململانێی سوننە و شیعە بە ئەگەرەوە کاریگەر بوو. لە کۆتاییدا، زەندەکان بە سەرۆکایەتی کەریم خان، “وەکیل ڕەعایا”، سەرکەوت. کوردەکان یارمەتییاندا بۆ زاڵ بوون بە سەر هۆزە ناکوردەکان دا بە جۆرێ کە لە شەڕی نێوان زەندەکان و قاجارەکان دا، محەمەد حەسەن خان قاجار لەلایەن کورد‌ێکەوە لە سوپاکەیدا لێی درا.

 

پێگەی کۆمەڵایەتی سەرەکی ئیمپراتۆریەتی زەند (1747-94) ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، واتە بەشی سەرەکی خاکی مادی باوباپیرانیان بریتی لە مادەکان، ساسانییەکان، کاکوییەکان، هەزار ئەسپان،(١٦) هتد. هەروەها، ئەوان بە سەر زۆرێک لەو خاکەی پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی ئەفشارییەکان دا بوو حوکمیان کرد. بەپێچەوانەی ناکۆکییە سەرەتاییەکان، زۆربەی کوردەکان پەیوەندییەکی نزیکیان لەگەڵ کەریم خان هەبوو. هێزە سەرەکییەکانی ئەوان زۆرتر لە کۆمەڵێکی تێکەڵ لە کوردەکان بریتی لە لوڕ، لەک، هتد، پێکهاتبوون کە گرنگترینیان لەکەکان بوون. کەریم خان بۆ بەهێزترکردنی دەسەڵاتەکەی هەندێ هۆزی کوردی وەک هۆزی ئەحمەدوەند گواستەوە بۆ شیراز، پێتەختەکەی. کوردەکان هاوکات کە وەک پارێزەر بەرگرییان لە خاکی خۆیان دەکرد، لە سوپای زەندەکان‌ـیشدا خزمەتیان دەکرد. کۆنتڕۆڵ بە سەر هۆز و میرنشینە کوردەکان دا ڕواڵەتی بوو و وەکیل دانی نابوو بە هەندێ سەرۆکی دیفاکتۆ وەک والی ئەردەڵان و سەرۆکی هۆزی زنگەنە لە کرماشان (بڕوانە: Avery et al, 1991, 64-81, 515-6; Zaki, 1931, V. 1, 208 & V. 2).

 

زەندەکان بۆ دابینکردنی هێمنایەتی ناوخۆیی و پەرەپێدانی خاکی بندەستیان هێرشیان کردە سەر عوسمانییەکان. ئەوان دوو بیانوویان بۆ دەستێوەردان و بەدواداچوونی سیاسەتێکی هێرشبەرانە لە دژی عوسمانییەکان هەبوو. یەکەم، بوونی کورد و بەشێکی گەورەی خاکی کوردستان لە بن دەستی عوسمانییەکان، کە لەوێدا میرە کوردەکانیش خەباتیان دەکرد. بۆ وێنە، پاش دەرکردنی محەمەد پاشای بابان (١٧٦٥-١٧٧٨) حوکمڕانی لایەنگری زەندەکان لەلایەن والی بەغدا، زەندەکان دەستێوەردانیان کرد بۆ پاڵپشتی لەو. بۆیە، پێوەندیی زەندەکان لەگەڵ عوسمانییەکان تێکچوو. لەڕاستیدا، دەوڵەتە جیاوازەکان لە سەردەمی سەفەوی‌ـیەوە لە ڕێگەی کوردستان‌ـەوە هێرشیان دەکردە سەر بەغدا، بەتایبەت لە ڕێگەی میرنشینە کوردییەکانی عوسمانی بابان و زەهاوەوە کە لە ڕووی ستراتیجییەوە بۆ گەیشتن بە بەغدا گرنگ بوون. کەریم خان تەشەنەی خۆی لەم ناوچانەدا لە ڕێگەی میرنشینی ئەردەڵان‌ـەوەش پەرە پێ دا. هەروەها، ڕێگای زیارەتکەرانی شیعە بۆ مەزارگە و شوێنە پیرۆزەکانی نەجەف و کەربەلا لە کوردستان‌ـەوە تێدەپەڕی. دووەم، بە کەڵکوەرگرتن لەو هەڵسوکەوتە خراپەی کە گوایە لەگەڵ زیارەتکەرانی شیعە لە ڕێگای کەربەلا دا کراوە، کەریم خان هەوڵی کۆنتڕۆڵی بەغدای دەدا. باج گرتن لە زیارەتکەران لەلایەن والی بەغداوە بوو بە بیانکێک درا بە دەست کەریم خان. بۆ ڕاکێشانی هێزی پێویست، دەوڵەتی زەند هەوڵی دا بۆ ڕازیکردن، هاندان و هەڵخڕاندنی خەڵکی شیعە لە ڕێگەی هێنانە ئارا و پاساودانی شەڕی پیرۆزی (جیهادی) شیعە بۆ گرتنی شوێنە پیرۆزەکانیان و ڕێگە خۆشکردن بۆ زیارەتکەرانی شیعە. ئەمە بووە هۆی دەرچوونی فەتوایەک لەلایەن زانا ئایینییە سوننەکانی عوسمانی‌ـیەوە لە دژی کەریم خان، هەروەها توند و سەخت گرتن لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی‌ـیەوە. عوسمانییەکان لە قورسایی ئایینی سوننە بۆ بەهێزترکردنەوەی تەشەنەیان لە ناوچەکەدا کەڵکیان وەرگرت. بەمجۆرە، بە هۆی ململانێی ئایینیی، تەشەنەی زەندەکان لە نێو بابانەکان دا بەردەوام نەبوو. لە بەرژەوەندی عوسمانییەکان دا، ڕووبەڕووبوونەوەی ئایینیی بە سەر پێوەندیی و نزیکایەتی ئێتنیکیدا زاڵ بوو (بڕوانە: Avery et al, 1991, 311, 710; Zaki, 1931, 208; Farrokh, 2011, 155).

 

شەڕێکی جێگرەوانە لەلایەن میرنشینە کوردەکان‌ـەوە لە دژی یەکتر هەڵگیرسا بوو، بەجێی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەردوو ئیمپراتۆریەتەکە. بۆ نموونە، دەکرێ بگوترێت کە ململانێی نێوان بابانەکان و ئەردەڵانەکان لە سەدەی هەژدە دا بە ئەگەرەوە لە ژێر کاریگەریی جیاوازیی ئایینیی حوکمڕانەکاندا بووە.(١٧) ئەم دوژمنایەتییە لە ڕۆژئاواوە، دوژمنەکانی تریش لە ڕۆژهەڵاتی هەرێمی دەسەڵاتەکەیانەوە لەوانە ئازاد خانی ئەفغان، بووە هۆی ئەوەی کە ئەردەڵانەکان ببنە هاوپەیمانی سیاسی لەگەڵ هۆزی قاجاری تورکمان، ڕکابەری کەریم خانی زەند، لە شەڕە ناوخۆییەکانی سەرەتادا. بۆیە، کەریم خان لە سەرەتادا پاڵپشتی لە ئەردەڵانەکان نەدەکرد. کاتێک کەریم خان قاجارەکانی بەزاند و محەمەد حەسەن خانی قاجار کوژرا، والی ئەردەڵان خەسرەو خانی دووەم (١٧٥٥-١٧٩٣) ناچار بوو ملکەچی کەریم خان بێت کە وەک والی ئەردەڵان دانی پێدا نرا. بەپێچەوانەی سەردەمی ناکۆکییەکەی پێشووتر، لەم کاتەدا زەندەکان پشتگیریی ئەردەڵانەکانیان دەکرد لە دژی بابانەکان.

 

بە هەر حاڵ، دیسانەوە کوردستان بوو بە شەڕگەی دوو دەسەڵاتە گەورەکە. وێڕای ئەوەی کە وەک ئاماژە کرا، زەندەکان پشتگیرییان لە محەمەد/حەمە پاشای بابان کرد لە ١٧٧٤-١٧٧٥ دا، ئەو دیسانەوە لەگەڵ والی نوێی بەغدا هاوکاری کرد. لە ١٧٧٦ دا عوسمانییەکان هێزەکانیان جووڵاند بەرەو زەندەکان. محەمەد پاشا هێرشی کرد و ئەردەڵانەکانی لە ١٧٧٧ دا لە مەریوان تێک شکاند. لە دژکردەوەدا، زەندەکان لە ڕێگەی شارەزوورەوە هێرشیان کرد و عوسمانییەکان و هاوپەیمانە کوردەکانیان، بابانەکان، تێک شکاند (بڕوانە: Kurdistani, 1946 114-117; Farrokh, 2011, 158; Jackson and Lockhart, 1986, 329; Avery et al, 1991, 91 138; Zaki, 1931, V.2). بەم شێوەیە، میرنشینە کوردەکان بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکانیان، بە یارمەتی یەکێک لە دوو دەسەڵاتە گەورەکە کەوتنە گیانی یەکتر یان بوون بە هاوپەیمانی هۆزە ناکوردەکانی وەک قاجارەکان.

 

عوسمانییەکان و قاجارەکان

 

دوای کەریم خان، لەگەڵ دابەزینی دەسەڵاتی زەند بەهۆی شەڕی ناوخۆیی لە نێوان جێنشینەکانی کەریم خان  و پێشڕەویی قاجارەکان، دەوڵەتی زەند لە سەدەی هەژدەم دا ڕووخا. دوژمنەکەیان، هۆزی تورکمانی قاجار، لە دۆخەکە کەڵکی وەرگرت بۆ گەیشتن بە دەسەڵات. ئەوان وەک دوایین قزڵباشەکان خۆیان بە میراتداری سەفەوی دەزانی. هەندێ هۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی ئێستاکەوە بە زۆر سەرکوت کران و دوور خرانەوە بۆ مازەندەران و خۆراسان؛ ئەوانی تر، بۆ پاراستنی پێگەی سیاسی خۆیان، بە ئاشتییانە ملکەچیان بوون و مانەوە.(١٨) ململانێی هۆزە کوردییەکان لەگەڵ قاجارەکان بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ بەردەوام بوو. بۆ نموونە، سەرۆک هۆزی شکاک، سادق خان، لە کوشتنی ئاغا محەمەد خان دامەزرێنەری دەسەڵاتی قاجار دەستی هەبوو. دوژمنایەتییان درێژەی هەبوو و شکاکەکان خودموختاری خۆیان بە جۆلانەکردن لە نێوان عوسمانییەکان و قاجارەکان دا پاراست، بە جۆرێ کە عوسمانییەکان ئەوانیان بە سوننە و هاوپەیمانێک لە دژی قاجارەکان دەزانی. لە بەرانبەردا، قاجارەکان هەوڵیاندا کە هەندێ لە کوردەکان، وەک کوردانی موکری، لە کوردستان دوور بخەنەوە (Ward, 2009, 60; Avery et al, 1991, 106 and 132-137).

 

لە سەردەمی قاجارەکان، سەرنجی سەرەکی لەسەر شەڕ لەگەڵ ڕووسیا بوو، وەک گرنگترین هەڕەشە. هەردووک، عوسمانییەکان و قاجارەکان، ئایینیان بەکارهێنا بۆ ڕاکێشانی کورد بۆ شەڕ لەگەڵ دوژمنێکی ناموسڵمان. سوپای نوێی قاجار پێک هاتبوو لە هێزەکانی هۆزە جیاوازەکان بریتی لە کوردەکان لەوانە شکاکەکان، دونبەلییەکان، هتد، لە دژی ڕووسەکان. مەلاکانی لایەنگری دەسەڵاتی قاجار شەڕی پیرۆز یان جیهادیان، بۆ وێنە لە ١٨١٠ دا، ڕاگەیاند. بەوەشەوە، هەندێ گرژی بریتی لە ململانێی ئایینیی هەبوو و لە سەدەی نۆزدەم دا هەندێ شەڕ لە نێوان دوو دەسەڵاتەکەدا هەڵگیرسا کە هەردووکیان خاکی کوردستان و کوردیان لە دژی یەکتر بەکارهێنا. بە هۆی زیارەتی شوێنە پیرۆزەکانی شیعە، لەم سەردەمەشدا هەندێ ناوچەی کوردستان، بەتایبەت کرماشان، کەوتنە بەر هێرش و داگیرکاریی هەردوو دەسەڵاتەکە (Ward, 2009, 64-75; Avery et al, 1991, 151-169).

 

هەر کام لە عوسمانییەکان و قاجارەکان لە ڕاپەڕینی کورد لە دژ ئەوی تر کەڵکی وەردەگرت. کوردە سوننە و دژبەرەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر چاویان لە دەست میرنشینە کوردەکان و خەلافەتی عوسمانی هەبوو، لەکاتێکدا کە کوردە دژبەرەکان لە نێو سنووری عوسمانی دا چاویان لە دەست میرنشین و حوکمڕانە کوردەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بندەستی دەسەڵاتی قاجار بوو. لە ١٨٠٤ دا، قاجارەکان پێشڕەوییەکی سەرنەکەوتووانەیان بەرەو بەغدا لە ڕێگەی کرماشان‌ـەوە هەبوو، لە ١٨٠٦ دا، حاکمی بابان، میر عەبدولڕەحمان، کە دەیویست سەربەخۆ بێت لە عوسمانییەکان، لەلایەن والی بەغداوە دەرکرا و لەگەڵ لایەنگران و خزمانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێ بوون. لە 1812-13 دا، لە شەڕی نێوان بابان و بەغدا، بابانەکان داوای یارمەتییان لە قاجارەکان کرد و ئەوانیش دەستێوەردانیان کرد. لەو سەردەمەدا، ئەفسەرە بیانییەکان یارمەتی هەردوو ئیمپراتۆریەتەکەیان دەدا لە هێرشەکانیان بۆ سەر کوردستان. بۆ نموونە، لە لەشکەرکێشی بۆ کوردستان لە ١٨١٤ دا، ئەفسەرە بەریتانییەکان فەرماندەری سوپای قاجار بوون. لە 1817-8 دا، قاجارەکان بە یارمەتی هۆزە کوردەکان لە ڕێگەی وان و کرماشان‌ـەوە هێرشیان کردە سەر کوردستانی بندەستی عوسمانی. پێشڕەوییان بووە هۆی ڕاگەیاندنی شەڕ لەلایەن عوسمانییەکانەوە کە لە ساڵانی 1820-22 دا بەردەوام بوو و زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی لە کرماشان و خۆی بۆ بدلیس و دیاربەکر و بەرەو ئەرزڕۆم گرتەوە. هێزەکانی قاجار بە یارمەتی کوردە فەیلی و لوڕەکان، وەک کوردی شیعە، لە ١٨٢١ دا، سلێمانی‌یان داگیر کرد، کەڵکیان لە ململانێی نێوان کورد و عوسمانییەکان لە ناوچەکەدا وەرگرت. لەم شەڕانەدا، قاجارەکان ئامانجە ئایینییەکانیشیان بەدواداچوون دەکرد، بە جۆرێ کە لە ١٨٢٣ دا کاتێ کە پەیمانی ئاشتی ئەرزڕۆم واژۆ کرا، داوایان لە بەرپرسانی عوسمانی کرد کە زیارەتکەرانی شیعە لە کاتی ڕۆیشتن بۆ مەزارگەکانی خۆیان یان مەککە ئازار نەدەن. لە شەڕەکانی دەیەی ١٨٣٠ و سەرەتای دەیەی ١٨٤٠ دا، سوپای قاجار دیسان سلێمانی گرتەوە. بەوەشەوە، پاش دانوستانەکان لە ١٨٤٥ دا، قاجارەکان سلێمانی‌یان دا بە دەستەوە و ناوچەی زەهاو لە نێوان دوو دەوڵەتەکەدا دابەش بوو (بڕوانە: Farrokh, 2011, 202-205; Avery et al, 1991, 163, 312-3, 388, 465; Zaki, 1931, 209).

 

دوایین جار کە عوسمانییەکان هێرشیان کردە سەر خاکی بندەستی قاجارەکان لە ١٩٠٧ دا بوو کە ناوچە کورد و سوننەنشینەکانی دەوروبەری ورمێ‌یان داگیر کرد. لە لەشکەرکێشییەکەیاندا، عوسمانییەکان هەستی ئیسلامییان لە دژی ڕووسیا و قاجارەکان بەکارهێنا، گەرچی لە کۆتاییدا ڕووسیا لە ١٩١١ دا ئەوانی دەرکرد (Farrokh, 2011, 224). پاشان لە ماوەی شەڕی یەکەمی جیهانی دا، کوردستان بوو بە شەڕگەی نێوان عوسمانییەکان و هاوپەیمانەکان (هێزەکانی ڕووسیا، بەریتانیا و فەڕەنسا). سەرەتا عوسمانییەکان بە فەرمی “جیهاد”یان ڕاگەیاند (Howard, 2017, 303). تورکەکان دیسانەوە هەستی موسڵمانانی کوردیان بەکارهێنا بۆ بەرەپێشبردنی سیاسەتی خۆیان لە دژی سوپای ڕووسیا، بۆ کز و لاوازکردنی هەستی نەتەوەیی کورد (Ghassemlou, 1993, 105). کورد “زۆربەیان وەڵامی پاساودانە ئایینییەکەی خەلیفە و بانگەوازی بۆ چەک هەڵگرتنیان دایەوە” (Nezan, 1993, 29)، بەتایبەت کاتێک دەنگۆی ئەوەیان بیست کە شەش ویلایەت -ئەرزڕۆم، قارس، بدلیس، ئەرزەنجان، مووش و وان- پاشکۆی ئەرمەنستان دەکرێن (Ibid., 45-6) کە دەوڵەتێکی مەسیحییە. بە یارمەتی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، عوسمانییەکان لە ڕێگەی خۆی و ورمێ‌وە لە ١٩١٥ دا تەورێزیان گرت. بەڵام ئەوان هەر زوو لەلایەن ڕووسەکانەوە دەرکران.

 

بەپێچەوانەی کوردە سوننەکان لە سنوورەکانی سەرەوەدا، کوردە شیعەکان لەسەر سنوورەکانی خوارەوە لە کرماشان سەرەتا یارمەتی فارسەکانیان (“ملیون”) دا بۆ پاشەکشێ پێ کردنی سوپای عوسمانی لە ١٩١٥ دا. بەوەشەوە، هێزەکانی عوسمانی پشتیوانییان لە کۆمیتەی بەرگری کرد و حکوومەتێکی جێگرەوە لەلایەن نوێنەرانی لایەنگری ئەڵمانیا و سەرکردەکانی حیزبی دیمۆکرات کە هەڵاتبوون بۆ کرماشان پێک هات. سوپای “ملیون” کوردیان وەک “موجاهیدین”ی چەکدار بەکارهێنا، بەتایبەت هۆزە کوردە جیاوازەکان لە ناوچەی نێوان کرماشان و قەسرشیرین لە نزیک سنووری دەسەڵاتی عوسمانی. عوسمانییەکانیش بە هێزەکانیان کە زۆرێکیان کورد بوون یارمەتی ئەوانیان دا. لە ساڵی ١٩١٦ دا هێزەکانی عوسمانی بە پاڵپشتی ئاڵمانیا، بۆ یارمەتیدانی سوپای “ملیون” کرماشانیان گرت. هێزەکانی عوسمانی-ملیون، وەک هاوپەیمانییەکی کورتی عوسمانییەکان لەگەڵ هێزێکی شیعە، ناوچەکەیان تا هەمەدان گرت. بەڵام هەر لەو ساڵەدا عوسمانییەکان بە ناچاری گەڕانەوە و پاشەکشێیان کرد و کرماشان دیسان کەوتەوە دەست هاوپەیمانەکان. جارێکی تر لە ١٩١٨ دا سوپای عوسمانی لە ژێر دروشمی ‘سوپای ئیسلام’دا لە ڕێگەی کوردستان‌ـەوە چووە ناو تەورێز/تەبریز. کورد و تورکە ئازەرییەکان پشتیوانییان لێیان کرد. عوسمانییەکان ئیسلامیان بەکارهێنا بۆ ڕاکێشانی کورد، ئیسلام و پان-تورکیزمیش بۆ ڕاکێشانی تورکە شیعەکان. لە کۆتاییدا، دوای ئاگربڕ هەر لەو ساڵەدا ناوچەکەیان بەجیهێشت (Farrokh, 2011, 233-240; Ward, 2009, 113 & 120; Avery et al, 1991, 208).

 

کەواتە، لە سەرتانسەری سەدەی نۆزدەم دا عوسمانییەکان هەستی ئایینیی پان-سوننەیان بەکارهێنا بۆ وەجووڵەخستنی موسڵمانەکان لە دژی دوژمنەکانیان. موجاهیدە کوردەکان (شەڕکەرانی ئیسلامی) و خاکی کوردستان لە شەڕەکانی ڕووسیا-عوسمانی (1828-30, 1877-78)، ڕووسیا-قاجار و عوسمانی-قاجار دا بەکارهێنران. قاجارەکانیش بۆ ئامانجە سیاسی-ئایینییەکانیان هەوڵیاندا لە ڕاپەڕینەکانی دژە-عوسمانی لە نێو کورد دا پشتگیریی بکەن. ئەمە بووە هۆی ئاستێکی بەرز لە وێرانکردن و تاڵانکردن لە کوردستان دا (Nezan, 1993, 15 & 17; Zaki, 1931, 228). کورد و کوردستان بوونە قوربانی لە شەڕە ئایینییە-سیاسییەکانی نێوان قاجارەکان و عوسمانییەکان دا. تەنانەت لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا، کوردستان بوو بە شەڕگەیەک لە دژی هاوپەیمانەکان (بەریتانیا و ڕووسیا) و هەستی ئیسلامی خەڵکی کورد بەکارهێنرا. ئەمە شەڕی نێوان زلهێزەکان بوو، بەڵام زۆرێک خۆبەخش و شەڕکەر لە سەرتانسەری کوردستان لە ژێر ناوی ئیسلام و تۆقاندن لە زاڵیەتی نا-موسڵمانەکان بوون بە قوربانی. بەرەنجام، بەشی گەورەی کوردستان و خەڵکی کورد لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دا دیسانەوە لە نێوان سێ دەوڵەتی دەسکردی نوێدا، واتە تورکیا، عێراق و سووریا دابەش کرا.

 

ناوەندخوازیی عوسمانی-قاجار؛ بەکارهێنانی ئایین لە دژی ڕاپەڕینەکانی کورد

 

لە سەدەی نۆزدەم دا، عوسمانییەکان و قاجارەکان هاوکات کە ئایینیان لە دژی یەکتر بەکاردەهێنا، لە کردەی سیاسی ئایینیش لە دژی کورد وەک دوژمنی هاوبەشیان کەڵکیان وەردەگرت. بێجگە لە دەسەڵاتدارانی پێشووی کورد لەوانە ئەییوبییەکان و زەندەکان، زۆر میرنشین و ویلایەتی کوردی هەبوون کە وەک ئاماژە کرا هەندێکیان ڕادەپەڕین و هەوڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆییان دەدا. لووتکەی ڕاپەڕینەکان  لە سەدەی نۆزدەم دا بوو (Vali, 2003, 82). دەسەڵاتدارانی عوسمانی و سەفەوی-بۆ-قاجارەکان بەتەنیا دەسەڵاتێکی ناڕاستەوخۆیان لە ژێر ناوی خەلیفەکان یان سێبەرەکانی خوا دا هەبوو. بەڵام پاش هەڵمەتی پتەوکردنی دەسەڵاتەکانیان لە سەدەی نۆزدە دا هەردوو ئیمپراتۆریەتەکە وردەوردە هەوڵیان دا بۆ بەناوەندی کردن و پەرەپێدانی کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی خۆیان بە سەر میرنشینەکاندا، واتە “لێرە بەدواوە بەڕێوەبردن، نەک حوکم کردن” (Yavuz, 2007). هەندێک چاکسازیی لەلایەن هەردوو ئیمپراتۆریەتەکەوە جێبەجێ کرا کە پێگەی قبووڵکراوی خودموختار و نیمچە-خودموختاری میرنشینە کوردەکانی لاواز کرد (McDowall, 1992, 14). گەرچی ئایینی هاوبەش لە ناو هەر کام لەم ئیمپراتۆریەتانەدا یارمەتیدەری ئەم ڕەوتە بوو، بەجۆرێ کە هەندێک میرنشین لەوانە میرنشینی ئەردەڵان وردەوردە و بە ئاسانی لە ژێر کاریگەریی پێوەندییە ئایینییە-سیاسیی و هاوسەرگیرییەکانی دەسەڵاتدار و حوکمڕانەکانیاندا کە ڕاکێشرابوون بۆ ناو حکوومەتە ناوەندییەکان هەڵوەشانەوە، مەیلی ناوەندخوازیی حکوومەتی ناوەندیی و نەتەوەی باندەست دژایەتی زۆرێک لە میرنشینەکانی لێکەوتەوە و کوردیش کەوتە جووڵە و هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی تەواو.

 

لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی‌ دا، بەتایبەت تا سەدەی نۆزدەم، هێشتا خەیاڵی پەرەپێدانی خاکی ئیسلام (دار الاسلام) هەبوو. لەڕاستیدا، ئەمە ئەرک و کردەیەکی ناوخۆیی هەبوو و عوسمانییەکان کەڵکیان لە تەشەنەی ئایینیی لە نێوان زۆرینەی موسڵمانەکان دا وەرگرت بۆ لاوازکردنی قەڵشت و دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکان و سڕینەوەی سەرچاوەکانی ناکۆکی سیاسی (Murphey, 1999, 30; Inalcik, 2000). گرێدراوێتی ئایینیی پێگەی یاسایی و سیاسی و کۆمەڵایەتی نەتەوە و کەمینە ئێتنیکییە جۆراوجۆرەکانی لە خەلافەتی عوسمانی دا دیاریی دەکرد. هەموو کۆمەڵگە موسڵمانە سوننەکان بە ئەندامەتی تەواوی ئوممەتی ئیسلامی هەژمار دەکران (Moaz, 1999, 5). خەلیفەکان ئیسلامیان بەکارهێنا بۆ پاراستنی بارودۆخی هەبوو. بۆ نموونە، نووسەرەکانی سەدەی حەڤدەمی عوسمانی زۆرتر بەپەرۆش بوون لەسەر دوژمنە ناوخۆییە شاراوەکانی ئیسلام، ئەو موسڵمانانەی کە بە نهێنی بیروباوەڕی وەرگەڕاو و جیاوازیان هەبوو. ئەوان لە ژێر ناوی ملکەچی و گوێڕایەڵی بۆ خوا و پێغەمبەر و سوڵتان، چ بە شێوەی ناڕاستەوخۆ و چ بە ڕوونی بانگەشەی وێنەیەک لە حوکمڕانی ئیمپریاڵیان دەکرد (Shafir, 2019).

 

ئایینی هاوبەش، وەک گرنگترین فاکتەری یەکگرتوویی، یارمەتی عوسمانییەکانی دا لە دژی دوژمنان و دژبەرانیاندا. هەرچەندە بەجێهێنانی شەڕی پیرۆز (جیهاد) وەک ئەرکێکی ئایینیی هەموو موسڵمانەکان ئەرکێکی بەردەوامی بێ سنووردارێتی نەبوو، بەڵام خەلیفەکان لەبەر ئەوەی کە فەرمانی جیهاد، بەتایبەتی لە دەستی ئەواندا بوو، بە ئارەزووی خۆیان کەڵکی نالەباریان لێ وەردەگرت. جگە لەوەش، ئیمان و پابەندبوونی ئایینیی هێزە چەکدار و شەڕکەرەکانی عوسمانی سەرچاوەی گیانبەختکردنی ئەوان بوو. عوسمانییەکان ئەوەیان بەکارهێنا بۆ هاندان و بەهێزترکردنی ورەی هێزەکانیان لە بەرانبەر دوژمنەکانیاندا بریتی لە دژبەرانی ناوخۆیی لەوانە کورد. ئایین و ڕەمزی خەلافەت ئەو بیانووانەی بوون کە زۆرینەی کوردیان گرێ دابوو بە عوسمانییەکان‌ـەوە، بە جۆرێ کە وەک هاوپەیمانەکان و دەوڵەتە باجدەرەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بەگە کوردەکان و میرنشینە نیمچە-سەربەخۆکان بە شێوەی دوولایەنە ڕێککەوتبوون لەسەر مەرجگەلێک بۆ هاوکاری (بڕوانە: Murphey, 1999, 32 and 141).

 

بەوەشەوە، هەوڵەکانی سوڵتان مەحموودی دووەم (1808-1839) بۆ بەناوەندیکردن، بارودۆخەکەی گۆڕی و گوشاری زیاتری خستە سەر میرە کوردەکان. ئەمە بووە هۆی ئەوەی کە بۆ ماوەیەک دەسەڵاتی عوسمانی کۆنتڕۆڵی کەمتری بە سەر میرنشینەکاندا هەبێت (Aubrey, 1937, 176). بە دەسپێکردنی “تەنزیمات” (کۆمەڵێک ڕێکخستن و چاکسازی) بە فەرمانی سوڵتان لە ١٨٣٩ دا کێشەکە خراپتر بوو. لە سەردەمی تەنزیمات‌دا، ساڵانی 1839-71، عوسمانییەکان ئامانجیان پێکهێنانی دەوڵەتێکی یەکپارچەی ملهوڕی خاوەن بەڕێوەبەرایەتی بەناوەندیکراو بوو. بۆیە، لە نێوان ١٨٣٧ و ناوەڕاستی دەیەی ١٨٥٠ دا دەوڵەتی عوسمانی خودموختاری میرنشینە کوردەکانی هەڵوەشاندەوە و دەسەڵاتی خۆی بە سەریاندا سەپاند. وەک دژکردەوە ڕاپەڕین و شۆڕش لە کوردستان دا زیادی کرد. بۆ نموونە، ڕاپەڕینەکانی ساڵانی 1826، 1834، 1853-١٨٥٥، 1880. ڕاپەڕینی زۆر هەبوو لە دژی دەوڵەتی عوسمانی کە بەناوبانگترینیان ڕاپەڕینەکانی محەمەد پاشای ڕواندز و بەدرخان بەگی جزیرە بوون (Olson, 1989, 4; Barkey & Fuller, 1998, 7 and 101; Howard, 2017, 247; al-Khalil, 2011, 236; White, 2000, 55-63).

 

تاکوو ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەم، بەشێکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌یش لە نێوان میرنشینە خودموختارەکاندا دابەش کرابوو.(١٩) وەک ڕابردوو، لە سەرەتای دەسەڵاتی قاجارەکان دا شا زۆرتر فەرمانڕەوایەکی ڕواڵەتیی بوو کە ئەمە بەڕێوەبەرایەتییەکی ناناوەندیکراو و شانشینێکی نایەکدەستی لێکەوتبووە و لە زۆربەی شوێنەکاندا دەسەڵاتی شا ناڕاستەوخۆ لە ڕێگای سەرکردەکانی گرووپ و هۆزە خودموختارەکانەوە جێبەجێ دەبوو. بەوەشەوە، لە سەدەی نۆزدەم دا وردەوردە قاجارەکان، وەک عوسمانییەکان، سیاسەتێکی بەناوەندیکردنیان دەست پێ کرد کە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی میرنشینە کوردەکان (Koohi-Kamali, 1992, 171-2). لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەم دا، بەناوەندیکردن زیادی کرد کە بووە هۆی دژەکردەوە لەلایەن کورد‌ـەوە. بەم شێوەیە، ئیمپراتۆریەتی قاجاریش کۆنتڕۆڵێکی کەمی بە سەر سەرۆک هۆزەکاندا هەبوو. گەرچی هەندێ هۆزی کورد گرێدراوێتی ئایینیی-سیاسییان لەگەڵ دەسەڵاتی هۆزی قاجار هەبوو، ئەوانی تر لەوانە شکاک و جاف تەنانەت تا سەرەتای سەدەی بیستەم ملکەچی دەسەڵاتی قاجار نەبوون.(٢٠) بەوەشەوە، لەگەڵ پەرەسەندنی بزووتنەوەی کورد لە دژی هەردوو ئیمپراتۆریەتەکە، عوسمانییەکان هەوڵیان دا کە بە بەکارهێنانی مەیلی پان-ئیسلامی و دژە-شیعە، ویست و داخوازییەکانی بزووتنەوەی کورد بەرەو قاجارەکان ئاڕاستە بکەن، قاجارەکانیش هەوڵیان دا بۆ بەکارهێنانی دژبەرە کوردەکان لە بەرانبەر عوسمانییەکان دا.

 

وەک ئاماژە کرا، زۆر میرنشینی کورد هەبوون. هەندێکیان، لە دەوروبەری سنووری نێوان دوو ئیمپراتۆریەتەکە، هاوپەیمانی خۆیان لەمیانەوە بۆ ئەویان دەگۆڕی، بەپێی گرێدراوێتی سیاسییان، بەبێ ڕەچاوکردنی ئایین (Bruinessen, 1992, 50). بەوەشەوە، ئایین بەکارهێنرا لە دژی هەموو میرنشینەکان، بەتایبەتی لە سەردەمی ڕاپەڕینی چەندین ئەمارەتدا کە لە سەدەکانی ١٧ بۆ ١٩ بە هیوای سەربەخۆیی بوون.(٢١) وێڕای ڕاپەڕینی میرنشینەکان، دوڵەت-نەتەوەیەکی کورد پێک نەهات. پاساودانی ئایینیی بۆ سەرکوتی ئەوانە فاکتەرێکی گرنگ بوو. بۆ وێنە، پاشای کۆرە (میر محەمەد)، حاکمی میرنشینی سۆران، پاش کۆکردنەوە و تەیارکردنی هێزەکانی، سەربەخۆیی حکوومەتی ڕواندزی لە دەیەی ١٨٣٠ دا ڕاگەیاند. ئەو زۆر ناوچەی دەوروبەری بریتی لە برادۆست، حەسەنکێف، شنگال، کۆیە و ڕانیەی خستە سەر حکوومەتەکەی. پاشای کۆرە ئایینیی بوو و هیچ کارێکی بێ فەتوا و حوکمی زانا ئایینییەکان نەدەکرد. یاسای قورئان و شەریعەی بەڕێوە دەبرد. لە بەرانبەر میر محەمەد دا، عوسمانییەکان پەنایان بردە بەر ئایین و داوایان لە میر کرد کە شەڕ ڕاگرێت و ئاشتی لە نێوان موسڵمانەکان دا بپارێزێت. ئەم داواکارییە کاریگەر بوو لە سەر مەلاکان کە تەشەنەی مەعنەوی بەرچاویان لە ناو جەماوەری خەڵکدا هەبوو. مەلایەکی بەناوبانگ، مەلای خەتێ، کە زۆر لەلایەن میر محەمەد‌ـەوە ڕێزی لێ دەگیرا، لە وتاری هەینی دا لەسەر ناڕەوابوونی شەڕ لە دژی خەلیفە قسەی کرد و هێزەکانی میری دڵسارد کردەوە. مەلاکە فەتوایەکی دەرکرد کە دەبوا هەموو ئیمانداران جێبەجێ بکەن: “ئەو کەسەی کە لە دژی هێزەکانی خەلیفە شەڕ دەکات کافرە” (Nezan, 1993, 20; Zaki, 1931, V. 1 218-222 and V.2). بەم جۆرە، کاتێک عوسمانییەکان هێرشیان کردە سەر دەسەڵاتەکەی، بڕوای ئایینیی بووە هۆی ئەوەی کە لە دژی خەلیفە شەڕ نەکات. لەسەر گەڕەنتی مەلاکە و بۆ بەرگیری لە خوێنڕشتن لە نێوان موسڵمانان دا، ئەو خۆی دابەدەستەوە. بەوەشەوە، ئەو لە سێدارە درا.(٢٢) بە وتەی زەکی، ئەگەر ئەو بە ڕادەی شەریعەت، سیاسەتیشی ڕەچاو بکردایە، دەیتوانی سەرکەوێت (Zaki, 1931, 220-3).

 

عوسمانییەکان تەنانەت ئایینەکانی تریشیان بەکارهێنا. بۆ نموونە، کاتێک هەندێک میر، وەک بەدرخان بەگ، دەستیان کرد بە پتەوکردنی دەسەڵاتەکەیان، عوسمانییەکان بە دوای بیانوویەکدا بوون بۆ دەستێوەردان. بە گوتەی موری ڤان بێرگ (٢٠١٠)، دەقە سیریاکەکان (١٥٠٠-١٨٥٠) هەبوونی هەندێ کەمینەی ئایینیی لە نێو کورد دا لەوانە مەسیحییەکان، ئێزدیەکان و عەلەوییەکان پیشان دەدات. بۆیە ناکۆکی و ململانێ لە نێوانیاندا بە قازانجی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو. ململانێیەکە لە سەدەی نۆزدە دا بەوپەڕی گەیشت کاتێک مەسیحییەکان لە بزووتنەوەی فیودالیستی کورد لە دژی “بابی عالی” بەشدارییان نەکرد و ڕەتیشیان کردەوە کە لە جێی بابی عالی باج بەوان بدەن (بڕوانە: Murre-van den Berg, 2010, p 35-36; Nezan, 1993, 21). شەڕی بەدرخان لە دژی مەسیحییە نەستۆرییەکان لە ١٨٤٣ و ١٨٤٦ دا ڕێگەی خۆش کرد بۆ دەستێوەردانی عوسمانی (Olson, 1989, 2). لەکاتێکدا عوسمانییەکان پێشتر میر بەدرخان‌یان هاندابوو بۆ هێرش کردنە سەر نەستۆرییەکان ئەگەر ڕەتی بکەنەوە کە باجەکەیان بدەن، لە کاتی ڕاپەڕینەکەیدا کاردانەوەی بۆ ڕەتکردنەوەکەیان بووە هۆی دەستێوەردانی سیاسی ئەوروپا. پاشان بابی عالی لەوە لە دژی میر کەڵکی وەرگرت (Zaki, 1931, 226).(٢٣) لەڕاستیدا، بانگخوازە بیانییەکان نەتەنیا لەبەر ئامانجی ئایینیی بەڵکوو لەبەر ئامانجە سیاسییەکانیان پشتگیرییان لە مەسیحییەکان لە کوردستان دا دەکرد تاکوو ڕێگایەک بۆ تەشەنەکردنی دەسەڵاتە ئەوروپاییەکان لە ناوچەکەدا بکەنەوە (بڕوانە: Aubery, 1937, 178; Bruinessen, 1999).

 

سەرکوتی ڕاپەڕینی میرەکان بووە هۆی بەهێزبوونی ڕێبەرە ئایینییەکان و سەرهەڵدانی بزووتنەوە کوردییەکان بە سەرکردایەتی ئەوان (Olson, 1989, 4). دوا بە دوای لەنێوچوونی میرنشینە کوردەکان، بۆشاییەکە لەلایەن شێخە ئایینییەکانەوە، ڕێبەرانی تەریقەتە عیرفانییەکان، پڕ کرایەوە کە لە سەرتانسەری کوردستان دا بڵاوەیان کردبوو و لە ڕێگەی کاریزمای ئایینیی خۆیانەوە سنوورەکانی هۆزایەتییان تێپەڕاند بوو و ئەمەگداریی گشتییان بۆ کردەوەی سیاسی دەستەبەر کردبوو. بەم جۆرە، زۆربەی ڕاپەڕینەکانی کورد لە نێوان ١٨٨٠ بۆ دەیەی ١٩٧٠ لەلایەن ڕێبەرە ئایینییەکانەوە سەرکردایەتی کرا (Bruinessen, 1992, 51; McDowall, 1992, 15). ئیدی نۆرەی کورد بوو کە بە بەکارهێنانی ئایین دەوڵەتێک پێک بهێنێت. ئەوان لەڕاستیدا سیاسەتی ئایین لە بەرانبەر ئایینیان بەدواداچوون کرد. بەم شێوەیە، قۆناغی ئایینیی بزووتنەوەی کورد دەستی پێ کرد. شێخەکان لە ڕایەڵەی ڕێبازە عیرفانییەکان لەوانە نەقشبەندی و قادری لە سەرتانسەری کوردستانی گەورەدا بۆ تەشەنەکردن و وەجووڵەخستنی خەڵک لە دژی دەسەڵاتە ناوەندییەکان کەڵکیان وەرگرت (Bruinessen, 1992, 210-211). دوایین ڕاپەڕینی کورد لە سەدەی نۆزدە دا، بەڵام یەکەم بزووتنەوەی نوێی گرنگ بریتی لە کورد لە هەردوو دەوڵەتەکەدا، لە سەرەتای دەیەی ١٨٨٠ بە ڕێبەرایەتی ڕێبەری ئایینیی مەزن شێخ عوبەیدوڵای نەهری سەری هەڵدا کە هەردووکی عوسمانییە سوننەکان و قاجارە شیعەکانی کردە ئامانج.

 

شێخ عوبەیدوڵا بە ڕاشکاوی ئامانجی خۆی بۆ دامەزراندنی کوردستانی سەربەخۆ ڕاگەیاند. ئەو وتی: “نەتەوەی کورد، خەڵکێکی جیاوازن. ئایینیان جیاوازە، یاسا و دابونەریتیان جیاوازە…” (Olson, 1989, 2). کەواتە، بێجگە لایەنی ئێتنیسیتی، یەکێک لە توخمەکانی نەتەوەی کورد بۆ ئەو ئایینی جیاواز بوو؛ زۆرینەی سوننەی شافعی لەسەر ڕێبازی عیرفانیی. ململانێی ئایینیی یەکێک لە سەرچاوەکانی ڕاپەڕینی شێخ بوو. وەکوو کوردێک، ئایینی خۆی لە دژی هەردووکی سوننەی تورک-تەوەری عوسمانییەکان و شیعەی قاجارەکان، هەروەها پلانە سیاسییەکانیان، پێناسە دەکرد. بۆ پاڵپشتی لەو لە موکریان دا شەڕی پیرۆزی (غەزای) لە دژی دەسەڵاتی شیعە ڕاگەیاند. هاوکات ئەم هەڵوێستە ئایینییەی ئەو لە دژی ڕووسیا بوو (Vali, 2003, 95; Hassanpour, 2003, 147; Zaki, 1931, 231-3; Avery et al, 1991, 730; Soleimani, 2018). بۆیە، گەرچی ئەو پەیوەندی کرد بە حوکمڕانە موسڵمانەکانی ترەوە لەوانە شەریفی مەککە و خەدیوی میسر بۆ بەدەستهێنانی پشتگیرییان (Nezan, 1993, 23)، دەوڵەتانی عوسمانی، قاجار و ڕووسیا لە سێ قۆڵەوە هێرشیان کردە سەری و لە کۆتاییدا ئەو گەمارۆ درا و شکست بە ڕاپەڕینەکەی هێنرا.

 

پاش سەرکوتکردنی بزووتنەوەکەی شێخ عوبەیدوڵا، دەسەڵاتی عوسمانی لە بەرانبەر قەیرانە نوێیەکانی لە سەدەی نۆزدەم دا، سیاسەتێکی پان-ئیسلامی بۆ یەکخستنی هەموو موسڵمانان بۆ پاراستنی ئیمپراتۆریەتی ئیسلامی دەست پێ کرد. سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم (1876-1909) سەرنجی تایبەتی بە ناوچە عەرەبزمانەکان دا کە لەوێنانەدا بووژانەوەخوازە عەرەبەکان چەمکە ئیسلامییەکانیان بە قازانجی ناسیۆنالیزمی عەرەبی ڕاڤە دەکردەوە. ئەو جەختی خستە سەر تایبەتمەندییە ئیسلامییەکانی نووسینگەکەی وەکوو خەلیفەی موسڵمانان و گرنگایەتی شوێنە پیرۆزەکانی موسڵمانان (Kedourie, 1992, 292; Soleimani, 2016).

 

سیستەمی عوسمانی “هەڕەشەی مەسیحی” لە ژێر ناوی شەڕ لەگەڵ ئەرمەنستان و ڕووسیا بەکار دەهێنا. لە ١٨٩١ دا عەبدولحەمید هێزێکی سوارچاکی تایبەتی کوردی لە نێو هۆزەکاندا به ناوی سوپای سوارەی حەمیدییە پێکهێنا کە نزیکەی هەموویان کورد بوون، بەڵام هەموو پلەدارەکانی سەرەوەی کۆلۆنێل (سەرهەنگ-عەقید) بۆ تورکەکان تەرخان کرابوو (White, 2000, 60). لە درێژەی سیاسەتی بەناوەندیکردن و تێکەڵکردندا و بۆ جێخستنیان لە سیاسەتی پان-ئیسلامیی عەبدولحەمید دا، حکوومەتی عوسمانی کەڵکی زۆری لە بانگەوازی پان-ئیسلامیستی وەرگرت بۆ ڕاکێشانی هۆزە کوردە سوننەکان، سەرۆکەکانیان و سەرکردە نەریتییەکان بۆ ناو سوپای حەمیدییە. سوپاکە سەرەتا لە ناوچەکانی هاوسنووری قەفقازی ڕووسیا دا جێگیر کرا کە کۆمەڵێکی بەرچاو لە خەڵکی مەسیحی-ئەرمەنیش تێیدا نیشتەجێ بوون (Nezan, 1993, 25). بێجگە ئەرکەکەی بۆ ئەمەگدارکردنی کورد بۆ خەلیفە، ئامانج لەوە کۆنتڕۆڵی ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵیش بوو (Bruinessen, 1992, 185-186). گەرچی پێکهێنانی ئەو سوپایە کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر قۆناغەکانی تری ناسیۆنالیزمی کورد هەبوو (Gunter, 2011, 4; Barkey & Fuller, 1998, 8)، بە پێکهێنانی ئەوە حکوومەت نەک هەر ویستی هاوسەنگی ناوخۆیی هێز لە کوردستان دا بگۆڕێت و تەشەنەی سەرکردە ئایینییەکان کەم بکاتەوە (Olson, 1989, 14)، بەڵکوو کوردیش تێوەگلێنێت لە کۆمەڵکوژیی ئەرمەنییەکان لە ١٨٩٤ دا (Bruinessen, 1992, 42; Nezan, 1993, 13; Vali, 2003, 95). سیاسەتوانەکانی عوسمانی بە ئەنقەست کوردی سوننەیان لە دژی ئەرمەنییەکان بەکارهێنا (Olson, 1989, 9) بۆ هەڵخڕاندنی ململانێی نێوان هەردوولا، هەروەها بۆ پێکهێنانی قەڵشتێک لە نێوان کورد خۆیدا.

 

جگە لە ئەرمەنییەکان، کوردە عەلەوی و سوننە نا-حەمیدییەکانیش هەر بەو شێوەیە کرانە ئامانج (White, 2000, 61). لە سەدەی حەڤدەم تا نۆزدەم دۆخی عەلەوییەکان باشتر بوو، بەڵام بە هۆی سیاسەتی ئیسلامیستی نوێی عەبدولحەمیدی دووەم بارودۆخیان خراپ بوو و هەندێک بە زۆرەملێ توانەوە و گۆڕدران. پێکهێنانی سوپای حەمیدییە دوژمنایەتی نێوان کوردە سوننە و عەلەوییەکانی زیاتر کرد. سوپاکە هێرشی کردە سەر هۆزە عەلەوییەکان و دەستیان بەسەر زەوییەکانیاندا گرت. ئەم سیاسەتە ئیسلامیستییە دژایەتی عەلەوییەکان لەگەڵ خەلافەتی لێکەوتەوە. بۆیە، عەلەوییەکان هاوسۆزییان لەگەڵ کۆمیتەی یەکێتیی و پێشکەوتن (CUP)، حیزبی تورکانی لاو و کەمالیستەکان، هەبوو بۆ پشتگیری سێکولاریزم لە دژی خەلافەت (Kehl-Bodrogi, 2003, 56; Olson, 1989, 11). ئەمە فیرقەخوازی یان سێکتاریانیزمی لە نێو کورد دا زیاتر کرد و بووە هۆی زۆر کێشە لە داهاتووی بزووتنەوەکان و سیاسەتی کورد دا بە قازانجی تورک و حکوومەت. دوژمنایەتییەکە بۆ چەندین دەیە درێژەی کێشا؛ کاتێ کوردە سوننەکان لە بەرەی حکوومەتدا بوون، عەلەوییەکان دژبەر بوون، بەپێچەوانەوەش.

 

لە دوو دەیەی دوایی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا، لەگەڵ لاوازبوونی “بابی عالی” و خەلافەت، دەسەڵات بە کردەوە لە دەست لاوانی ناسیۆنالیستی تورک دابوو و کاتێک یەکێتییتیخوازەکان لە ١٩٠٨ دا گەیشتن بە دەسەڵات ئەنجوومەن، بڵاوکراوە و خوێندنگە ناتورکەکانیان داخست (Nezan, 1993, 13). بەرەنجام، شێخە کوردەکان لەوانە عەبدولسەلام بارزانی و نور محەمەدی دهۆک داوای بەڕێوەبەرایەتییەکی جیایان کرد کە بەرپرسانی کورد بن، زمانە فەرمییەکەی کوردی بێت، باج بۆ مەبەستە خۆجێییەکان خەرج کرێت و یاسا کارگێڕییەکەی بەپێی شەریعەت بێت. کاتێک داخوازییەکانیان پشتگوێ خرا، لە ١٩١٤ دا شێخ عەبدولسەلام، شێخ تەها نەهری، مەلا سەلیم و عەبدولڕەزاق بەدرخان لە دژی “بەرپرسانی مولحید” ڕاپەڕین و داوای گەڕاندنەوەی شەریعەتیان کرد (بڕوانە: Macfie, 1998, 212). بەوەشەوە، شەڕی یەکەمی جیهانی دەرفەتێکی بۆ تورکەکان ڕەخساند کە لە ژێر ناوی بەرگری لە ئیسلام پلانی کوردەکان پووچەڵ بکەنەوە. ئەوان لە ماوەی شەڕی سەربەخۆیی تورکیا‌ـشدا لە هەستی پان-ئیسلامیستی کەڵکیان وەرگرت. زۆربەی کورد، وەک موسڵمان، بە ڕاگەیاندنی جیهادی خەلیفە و پاشان بانگەوازی ئەتاتورک بۆ پاراستنی موسڵمانەکان جووڵێنران (Bruinessen, 1992, 47).

 

لەو دوو شەڕەی سەرەوەدا، بە هۆی بانگەشەی پان-ئیسلامیستیی، ناوچەی کوردە عەلەوییەکان پڕ بوو لە ئاژاوە و بێ ئوقرەیی. بە هۆی بەڵێنییەکانی حکوومەت و ئەتاتورک لە ژێر ناوی برایەتی هەردوو گەلەکەدا و ڕەچاوکردنی خودموختاری بۆیان، کوردە سوننەکان لە شەڕەکاندا لەگەڵیان هاوکارییان کرد. لە یەکەم وتەبێژی خۆیدا لە پەرلەمانی نوێ لە ١٩٢٠ دا، ئەتاتورک باسی لەوە دەکرد کە پەرلەمان نوێنەری کۆمەڵگەی ئیسلامی یەکگرتوویە، نەک تەنیا تورک، یان تەنیا کورد، هتد. ئەو تەنانەت ئاماژەی بە حکوومەتی خودموختار بۆ کورد دەکرد لە هەر کوێ کە زۆرینە کورد بن (Barkey & Fuller, 1998, 9). سەرەڕای ئەوەش، داواکارییەکانی کورد لەسەر بنەمای پەیمانی سیڤەر لە ١٩٢٠ دا، قبووڵکراو لەلایەن کەمپی سوڵتانەوە لە ژێر گوشاری هاوپەیماناندا، لەلایەن حکوومەتی نوێی تورکیا بە ڕێبەرایەتی ئەتاتورک پشتیوانی لێ نەکرا، هەرچەندە پێشتر بەڵێنی جێبەجێ کردنی دابوو (Romano, 2006, 27). بۆیە، ڕاپەڕینی کۆچگیری کوردە عەلەوییەکان، بە سەرکردایەتی سەرۆک هۆزەکان، لە ١٩٢١ دا ڕوویدا، کە لەلایەن ڕێبەرانی ئایینییانەوە لەوانە سەید ڕەزا (سەرکردەی ڕاپەڕینەکەی تری دێرسیم لە ١٩٣٧ دا) پشتگیری لێ کرا. لەکاتێکدا هەندێ کوردی سوننە لەم ڕاپەڕینەدا بەشدار بوون، زۆربەیان بە هۆی کاریگەری سیاسەتی پان-ئیسلامیستیی حکوومەت، بەڵێنەکانی سەرکردە تورکەکان و ململانێی سوننە-عەلەوی، ئاماژەپێکراو لە سەرەوە، لەو ڕاپەڕینە پشتگیرییان نەکرد. بۆیە، ڕاپەڕینەکە سەرکوت کرا. کاتێک لە ژێر گوشاری ئەتاتورک دا مافی کورد لە پەیمانی لۆزان (١٩٢٣) ڕەچاو نەکرا، خەلافەتیش هەڵوەشایەوە، ڕاپەڕینی نوێی کوردی سوننە بە ڕێبەرایەتی شێخ سەعید لە ١٩٢٥ دا سەری هەڵدا. بە هۆی هەبوونی فەرماندەرە پێشووەکانی سوپای حەمیدییە لە ڕاپەڕینەکەدا، نەتەنیا زۆرینەی عەلەوییەکان پشتگیرییان لێ نەکرد بەڵکوو هەندێ هۆزی عەلەوی لەڕاستیدا لە بەرانبەر ئەو ڕاپەڕینەدا ڕاوەستان (بڕوانە: Olson, 1989, 12 & 31-35). وێڕای سەرکوتی ڕاپەڕینی کۆچگیری، ئەتاتورک دیسانەوە لە ژێر ناوی سێکولاریزمدا کە تێیدا عەلەوییەکان پارێزراو بوون، ئەوانی بەرەو خۆی ڕاکێشا. بەرەنجام، لە بەرانبەردا، کوردە سوننەکانیش پشتیوانیان نەکرد لە ڕاپەڕینی کوردە عەلەوییەکانی دێرسیم لە ١٩٣٧ دا.

 

کاریگەریی ڕووبەڕووبوونەوە ئایینییە-سیاسییە مێژووییەکان لەسەر کوردستان

 

بە درێژایی سەردەمی ئیسلام، ڕووبەڕووبوونەوە ئایینییە-سیاسییەکانی دەسەڵاتە سیاسییە جیاوازەکان بە شێوەی جۆراوجۆر لەسەر کوردستان کاریگەر بوون، بەتایبەتی لە ڕێگای بەکارهێنانی سیاسی ئایین وەکوو ئامرازێک بۆ بەدەستهێنان و پاراستنی دەسەڵات. بە پێکهێنانی خەلافەتی ئیسلامی، سەرەتا عەرەبە موسڵمانەکان لە ڕێگەی شەڕی پیرۆز (جیهاد) لە دژی ساسانییە زەردەشتییەکان و ڕۆمییە مەسیحییەکان زۆر وڵاتیان، بە کوردستان‌ـیشەوە داگیر کرد. دوای گۆڕینی ئایینی گەلە جیاوازەکان، بێجگە لە سەردەمی مەغۆلەکان، کردەی شاراوەی ئیسلام یارمەتی خەلیفەکان و دەسەڵاتدارانی موسڵمانی دا بۆ یەکخستن و گرێدانی گەلە جۆراوجۆرەکان بە یەکترەوە لە ژێر ناوی ئیمپراتۆریەتی ئیسلامی لە بەستێنی ئوممەی موسڵمان وەک یەک کۆمەڵگەی خاوەن باوەڕی هاوشێوە. ئەوان چەترێکیان پێک هێنا کە لە ژێریا هێما و ڕەمزە ئیسلامییەکان لەوانە ئوممە و خەلافەت دەیتوانی هەموو وڵاتان لەبەرگرێت. ئەمە بە توندی لەسەر بارودۆخی چاندیی و کۆمەڵایەتی-سیاسیی هەموو نەتەوەکان کاریگەر بوو. لەڕاستیدا، مۆدێلی سیاسی ئیسلام لەسەر بنەمای “هەبوونی تاقە زمانێکی لەڕاستیدا پیرۆز” (Hastings, 1999, 200) بوو کە لە ڕێگەی قورئانەوە بەشداری لە گشتگیرکردنی زمانی عەرەبی دا دەکرد. گەرچی جەخت لەسەر بێ لایەنی لە قورئان دا دەکرا، ئیسلام بە شێوەی نەخوازراوانە ئامرازی تواندنەوە و تێکەڵکردن لە قازانجی عەرەب بوو. ئەمە بە کردەوە خزمەتی عەرەبەکانی کرد و لە کۆتاییدا بوو بە بەشێک لە ناسیۆنالیزمی عەرەبی لە سەدەی بیستەم دا.

 

پاش سەردەمی دێرین، زۆربەی کوردستان کەوتە ژێر دەسەڵاتی خەلافەت. بەوەشەوە، سەرەڕای کاریگەریی کۆمەڵایەتیی-سیاسیی، زۆربەی کورد زمان و چاند/کەلەپووری خۆیان پاراست. هەر لە قۆناغی یەکەمی خەلافەتی میراتییەوە، کورد وردەوردە بووژایەوە. حوکمڕانە کوردەکان و پاشان چەندین میرنشین و حکوومەتی کوردی لە کوردستان سەریان هەڵدا و پەرەیان سەند، بەتایبەت لە سەدەی دەیەمەوە کە دەسەڵاتی خەلیفەکان دابەزی. تەنانەت لە سەردەمی داگیرکاری مەغۆل دا هەندێ حکوومەتی کوردی مانەوە، بەتایبەت لە ڕێگەی بەیعەتدان بە داگیرکەرانەوە، هەندێ حکوومەتی نوێ پێکهاتن کە تا سەدەی نۆزدەم مانەوە. زۆربەی میرنشینەکان لە ژێر ناوی ئیسلام دا سەر بە خەلافەت بوون. بەوەشەوە، هەندێ حکوومەتی بەهێز ملکەچی هیچ سوڵتان و شایەک نەبوون. ئەوان دراوی خۆیان لێدا و وتاری نوێژی هەینی بە ناوی حوکمڕانەکانیانەوە دەدرا. هەروەها، هەندێ جار کورد بەشدار بوون لە دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی ئیسلامی دا بۆ هەڵسووڕانی وڵاتانی تر بۆ نموونە دەوڵەتی سەربەخۆی ئەییوبییەکان. کورد هەبوونی سیستەمی پاشایەتی ئەزموون کرد، بۆ وێنە دەوڵەتی زەند (Bitlisi, 1597/2005; Nezan, 1993, 14; Bruinessen, 1992, 161-75; Jackson and Lockhart, 1986, 4).

 

لەگەڵ گەیشتنی ئیسلام تا سەردەمی عوسمانییەکان و سەفەوییەکان، جیهانی ئیسلام و کوردستان گەرچی لە ژێر چەتری دەسەڵاتە سیاسییە جیاوازەکانی وەک خەلافەت و دواتر ئیلخانییەکان بوون، بەڵام دابەش نەکرابوون لە نێوان زلهێزەکانی خاوەن ئایینی جیاواز. پاش قۆناغێکی درێژخایەن، بە سەرهەڵدانی عوسمانییە سوننەکان و سەفەوییە شیعەکان، دۆخێکی هاوشێوەی سەردەمی دێرین و شەڕی نێوان ئیمپراتۆریەتەکانی ساسانی و ڕۆم دووپات بووەوە. ناکۆکییە ئایینییە-سیاسییەکان بە توندی کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی ناوچەکە و بارودۆخی کۆمەڵایەتیی-سیاسیی کوردستان دانا. ئایین بەکارهێنرا بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات و پاشان بە یارمەتی هەستی ئایینیی، ڕێبەرانی ئایینیی و گۆڕینی ئایینی خەڵک، ئەوانە لە کوردستان دا تەشەنەیان کرد. حکوومەتە کوردییەکان بە ناچاری بەیعەتیان دەکرد لەگەڵ یەکێک لەو ئیمپراتۆریەتانە. زۆربەیان لە ڕێگەی ئایینەوە گرێدرابوون بە ئیمپراتۆریەتەکانەوە. عوسمانییەکان لە ئایینی هاوبەش واتە ئیسلامی سوننە کەڵکیان وەرگرت بۆ ڕاکێشانی زۆربەی خەڵکی کورد، کوردە سوننەکان و حکوومەتەکانیان. سەفەوییەکان و جێگرەکانیان لە ململانێی سیاسی نێوان کوردەکان و “بابی عالی” و ململانێی ئایینیی نێوان کەمینەی عەلەوی و عوسمانییەکان کەڵکیان وەرگرت. ئەوان هەوڵیاندا کە ئایینی سوننەی خەڵکەکە لە نێو سنووری دەسەڵاتی خۆیاندا بگۆڕن تاکوو ئەمەگدارییان بۆ خۆیان بەهێزتر بکەن و دیمۆگرافی کوردستان بگۆڕن. هەندێ جار، هەوڵیان دەدا کە لە ڕێگەی هاوسەرگیرییەوە ئایینی والی میرنشینەکان بگۆڕن، وەک لە نموونە میرنشینی ئەردەڵان دا ڕوویدا. هەندێ حوکمڕان دۆخەکەیان قبووڵ کرد بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەیان، تەنانەت ئەگەر بە ڕواڵەتیش بێت. ناکۆکی، لەشکەرکێشی و شەڕی نێوان هەر دوو ئیمپراتۆریەتەکە کە کوردستانیان وەک شەڕگە بەکاردەهێنا، زیانی زۆری گەیاند بە خاکەکە و خەڵکەکەی. لە کۆتاییدا، سیاسەتی بەناوەندیکردنی هەردوولا بە توندی پێکهاتەی سیاسی کوردستانی تێکدا.

 

دابەشکردنی کوردستان دواهاتی گرنگی شەڕەکان بوو. بەشی گەورەی کوردستان خرایە بندەستی عوسمانییەکان و هەندێ بەشیش بندەستی سەفەوییەکان، لەکاتێکدا کە هەندێکی تر لە نێوانیاندا دەستاودەستی دەکرد. ململانێیەکانی ئەو دوو دەسەڵاتە تەنانەت کاریگەری لەسەر پێوەندییەکانی نێوان میرنشینە کوردەکان هەبوو. ئەوانە لە دژی یەکتر شەڕیان دەکرد، یان لە یەکتر لە دژی ئەوانی تر پشتیوانییان دەکرد، یان پشتگیری یەکێک لەو دوو دەسەڵاتە گەورەیان هەبوو. بەوەشەوە، ئەم قۆناغەی میرنشینە کوردەکان، ناسراو بە سەردەمی زێڕین، ڕێگەی خۆش کرد بۆ بووژاندنەوەی چاند، زمان و نووسراوەی کوردی لەلایەن زانایانی ئایینییەوە. بەپێی بیردۆزیی هەیستینگز لەسەر نەتەوایەتی (١٩٩٩)، ناسیۆنالیزمی کوردی سەرچاوەی لەو سەردەمەدایە. هاوکات، حکوومەتە کوردییەکان گەشەیەکی بەرچاویان هەبوو. بەڵام لەگەڵ دامرکاندنی گرژییەکانی نێوان عوسمانییەکان و جێگرەکانی سەفەوییەکان، سیاسەتی بەناوەندیکردنیان دەست پێ کرد. لەگەڵ زۆربوونی بەناوەندیکردنەکە، ئەوان درێژەیان دا بە بەهێزترکردنی ئایینەکانیان بۆ داپۆشینی قەڵشتە کۆمەڵایەتییەکان، بەتایبەت قەڵشتە ئێتنۆنەتەوەییەکان. ئەمە زۆربوونی ڕاپەڕینی میرە کوردەکان بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لێکەوتەوە. هەردوو دەوڵەتەکە ڕاپەڕینەکانیان سەرکوت کرد. ئەوان مەلاکان و هەستی ئایینیی خەڵکیان لە دژی ڕاپەڕینەکان بەکارهێنا. لە بەرانبەردا، ڕاپەڕینی کورد بە ڕێبەرایەتی سەرکردە ئایینییەکان درێژەیان پێ درا.

 

لە کۆتایی سەدەی نۆزدەم و سەرەتای سەدەی بیست دا، بە سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی جۆراوجۆر، دوژمنایەتی ئیمپراتۆریەتەکان جێی خۆی دا بە ڕووبەڕووبوونەوە ناسیۆنالیستییەکان کە بە شێوازێکی جیاواز ئایینیان بەکار دەهێنا. نووسەر لە نامیلکەیەکدا ئاورێکی داوەتەوە سەر ئەم ڕووبەڕووبوونەوانە. بەپێچەوانەی قۆناغەکانی پێشتر کاتێ کە سەرکردە کوردەکان بۆ پتەوکردنی دەسەڵاتی خۆیان زۆرتر هاوپەیمانییەتی چەکداری و ئایینیی-سیاسییان لەگەڵ یەکێک لە ئیمپراتۆریەتەکان پێک دەهێنا و هەندێ جار هاوپەیمانییەکەیان دەگۆڕا، لە سەدەی نۆزدە بەتایبەت لە دوایین دەیەکانیدا، ناسیۆنالیستە کوردەکان بە دوای دەوڵەتێکی سەربەخۆوە بوون. لەڕاستیدا، لە سەرەتای سەردەمی ئیسلام دا تاکوو سەرهەڵدانی پان-ئیسلامیزمی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم و پاشان پان-تورکیزم و سیاسەتەکانی دژە کوردی تورکە لاوەکان (١٩٠٨-١٩١٤)، گەرچی هەلی پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ زۆر نەتەوە، لەوانە کورد، نەڕەخسا، بەوەشەوە هەندێ مافی بەرابەری هاووڵاتێتی هەبوو (Bruinessen, 1992, 269). لە بەرانبەر گۆڕانکارییەکاندا، ئاگایی ناسیۆنالیستیی کورد زیاتر پەرەی سەند. هەروەها، سیاسەتەکانی پان-فارسیستی ڕەزا شا لە ئێران بووە هۆی زیاتر گەشەسەندنی ناسیۆنالیزمی کوردی. بۆیە، پاش لاوازبوون و ڕووخانی خەلافەت و سیستەمی پاشایەتی نەریتیی، دواتر سەرهەڵدانی دەوڵەتە نیمچە-مۆدێرنە بەناوەندیکراوەکان، ململانێیەکان بە شێوەی ڕووبەڕووبوونەوە ناسیۆنالیستییەکانی نێوان میراتگرانی ئیمپراتۆریەتەکانی عوسمانی و قاجار لە کوردستان دا درێژەی پێ درا. ئایینیش لە ڕووبەڕووبوونەوە نوێیەکاندا هەتاکوو ئێستاکە ڕۆڵێکی گرنگی گیڕاوە. سەرنەکەوتن لە پێکهێنانی دەوڵەتێکی کوردی دا بووە هۆی درێژپێدانی بزووتنەوەی کورد بەتایبەت بە شێوەی نوێ، سەرەتا بە ڕێبەرایەتی سەرکردە ئایینییەکان و دواتر حیزبە سیاسییەکان.

 

هەرچۆنێک بێت، ئەم توێژینەوەیە پیشان دەدا کە لە مێژووی ئیسلام دا هەتاکوو کۆتایی سەدەی نۆزدەم، سێ ئێتنۆنەتەوە -عەرەب، کورد و تورک- گرنگترین ڕۆڵیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گێڕاوە. ناکۆکییەکان و ڕکابەرایەتی سیاسی سەخت لە نێوانیاندا سیاسەتی ناوچەکەی بیچم دەدا. بەڵام لە کۆتاییدا لەکاتێکدا کە لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دا عەرەبەکان و تورکەکان لە کردەی سیاسی ئایین زیاتر و سەرکەوتووانە کەڵکیان وەرگرت، لە نێو دەسەڵاتی قاجار دا بە هۆی شیعەگەرییەوە میراتی سیاسی قاجارە تورکمانەکان بۆ ناسیۆنالیستە فارسەکان بەجێما. پاش زاڵیەتی ناسیۆنالیستەکانی عەرەب، تورک و فارس (وەک یاریزانێکی سیاسی نوێ لە ناوچەکەدا)، لە گێڕانەوەی مێژووی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا کە زیاتر لە ژێر کاریگەریی ئەواندا بووە، ڕۆڵی کورد، سەرەڕای گرنگایەتی مێژوویی-سیاسیی، ئەوەندە بە ئەرێنی ڕەچاو نەکراوە -واتە وەک گەلێ کە شیاوی مافی سیاسی بێت. بەوەشەوە، ناکۆکییە مێژووییەکان لە پێکدادانەکانی نێوان ناسیۆنالیستە کوردەکان و ئەوانی تردا ڕەنگدانەوەی هەبووە و لەسەر سیاسەتی هاوچەرخی ناوچەکە کاریگەر بووە.

 

پەراوێزەکان

 

(١) ئەم وتارە وەرگێڕدراوی وتارێکە کە توێژینەوەکەی بە یارمەتی دامەزراوەی هۆڵەندی بۆ توێژینەوەی پێشکەوتوو لە زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکاندا (NIAS) لە ساڵانی ٢٠١٩-٢٠٢٠دا جێبەجێ کراوە و پێشتر لە گۆڤاری ئیندۆنیزیایی بۆ مێژوو و چاندی ئیسلامی بەو ناونیشانەی خوارەوە بڵاو بووەتەوە، کە لێرەدا وێرای پێداچوونەوە و دەسکاری کوردییەکەشی بڵاو دەبێتەوە:

 

Mofidi, S. (2021), “Studying the Impact of Religio-Political Confrontations of Islamic Empires in Kurdistan (From the Beginning until the End of the Islamic Caliphate),” Indonesian Journal of Islamic History and Culture, Vol. 2 No. 1, pp. 1-49, https://doi.org/10.22373/ijihc.v2i1.830

 

(٢) پێڕەوانی ئایینی ئێزدی، ئایینێکی ڕەسەنی کوردی، بە ‘داسنی’ش ناسراون لەبەر ئەوەی کە لە دەوروبەری چیای داسنی ژیاون، هۆز و میرنشینێکیش بەوناوەوە هەبووە.

 

(٣) دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەییوبییەکان، سوڵتان سەلاحەدین ئەییوبی بوو. ئەوان دەسەڵاتداری ناوچەیەکی بەرین بریتی لە سووریا و میسر بوون لە سەدەکانی ١٢ و ١٣ ز. دا. دواتر، نەوەکانیان دەسەڵاتداری میرنشینی حەسەنکێف بوون (بڕوانە: Bitlisi, 1597/2005; Bruinessen, 1992, 135; Zaki, 1931, 143).

 

(٤) زنجیرەدەسەڵاتدارانی بووەیهی و دەیلەمییەکان نەوەکانی خەڵکانێکی کۆنی کوردستان وەک کاردۆخییەکان بوون (White, 2000, 44). لەڕاستیدا، هەرێمی دەیلەمی (نێوان زاگرۆس، تەبەرستان و گیلان) بەشێکی گرنگی کوردستانی کۆن بوو بەجۆرێ کە بە وتەی مینۆرسکی (1972, 21 وەرگیراو لە White, 2000, 45) ئەوێ بریتی لە ئامەد/دیاربەکر، لەلایەن عەزود ئەلدەولەی دەیلەمی لە زنجیرە دەسەڵاتدارانی بووەیهی لە ٩٧٧ دا هێور کرایەوە. بە وتەی هەندێ توێژەر وەک مێهرداد ئیزەدی، هەندێک لە دەیلەمییەکان گەیشتن بە باکووری ئێرانی ئێستاکە. بۆیە ئەو ناوچەیە بە “دەیلەم”یش بانگ دەکرا (Izady, 1992, 91). هەرێمی دەیلەم ناوچەیەک لە خاکی ماد بوو کە دواتر بە هۆی نیشتەجێبوونی تورکەکان لە ئازەربایجان، لە کوردستان دابڕا. تەنانەت زمانەکانی ئێستا لەوێ، گیلەکی و تاڵشی، بە کوردییەوە نزیکن. دەیلەمییەکانی کوردستانی کۆن بە ئەگەرەوە باوباپیرانی کوردانی زازا بوون (Gunes, 2012, 13). ئێستاکە زازاکان لە باکووری کوردستان بە زاراوەی خۆیان دەڵێن دملی کە ئەگەری پێوەندییەک لەگەڵ دەیلەم پیشان دەدات (Olson, 1989, 95; White, 2000, 44-5). هەروەها، بووەیهییەکان خۆیان پێوەند دەدایەوە بە ساسانییەکان، کە لە باوباپیرانی کوردان بوون، پێوەندییەک لە نێوان بووەیهییەکان و کاکوییەکان هەبوو (بڕوانە پەڕاوێزی ژ. ٦) و هاوشێوەتی ئایینیی لە نێوان ئەوان و کوردە کاکەییەکانی ئێستادا هەیە.

 

(٥) بۆ نموونە، میرنشینییەکانی: شەددادییەکان (٩٥١-١١٧٥) لە ئاران و دڤین لە مادی سەرەوە، حەسنەوەی/بەرزەکانییەکان (٩٥٠-١٠١٥) لە هەمەدان و کرماشان، ئانازییەکان (٩٩١-١١١٧)، نەوەکانی حەسنەوییەکان لە کرماشان، ئیلام، دینەوەر و حەڵوان، ڕەوادییەکان (٩٥٥-١٠٧١ ز.) بنەماڵەیەکی بەکوردبوو (لە ڕێگەی تێکەڵبوون و هاوسەرگیری لەگەڵ زنجیرەدەسەڵاتدارانی هەزەبان) لە بەشێکی مادی سەرەوە، واتە ئازەربایجانی ئەوڕۆکە، کوردانی هەزەبان لە نیوەی یەکەمی سەدەی یازدە دا لە ئادیابین/هەزەبانی دێریندا بریتی لە گۆلی وان و ورمێ، مەروانییەکان (٩٨٣-١٠٩٦) لە ئامەد، ئەخڵات و مەلەزگر، عەیارییەکان/شازانجانییەکان (١٠٤٠)، ئەییووبییەکان (بڕوانە: پەڕاوێزی ژ. ٣)، کاکوییەکان (١٠٠٧-١٠٥١) لە بەشەکەی تری خاکی ماد لە هەمەدان و دینەوەرەوە بۆ ئەسپەهان/ئیسفەهان (بەپێی پێوەندییان لەگەڵ بووەیهییەکان و دەیلەمییەکان، هاوشێوەتی ئایینیی و ناو لەگەڵ کوردە یارسان/کاکەییەکان و شوێنی نیشتەجێبوونیان، ئەوان ڕەنگە پێوەندییان لەگەڵ کاکەییەکان هەبێت کە هێشتا وەکوو کۆمەڵێکی ئایینیی لە کوردستاندا دەژین)، ئەتابەگەکانی کاکویی (١٠٥١ بۆ ١١٤١) لە ئەسفەهان و یەزد، فەزلەوییەکان/کوردانی شوانکارە (١٠٣٠-١٣٥٥) لە شوانکارانی لوڕستان بە سەرکردایەتی ئەمیر فەزلویە کە لە بنەڕەتدا لە شام‌ـەوە هاتبوو، ئەتابەگەکانی لوڕی گەورە/هەزار ئەسپان (١٠٩٥-١٤٢٤)، زەنگنەکان/ئەتابەگەکانی لوڕی بچووک (ناسراو بە خورشیدی بەهۆی دامەزرێنەرەکەیەوە شوجاعەدین خورشیدی) (١١٧٤-١٥٩٨) لە خوڕماوا، لوڕستان (کە زۆر جار بەیعەتی خۆیان لە نێوان سەفەوی و عوسمانییەکاندا دەگۆڕا بەجۆرێ کە لە کۆتاییدا شا عەباس سەفەوی شاوێردی خانی سەرکردەیانی کوشت. دواتر نەوەکانی شاوێردی حکوومەتێکی بچووکتریان لە پشتکوی پاراست کە تا سەردەمی ڕەزا شای پەهلەوی مایەوە) (بڕوانە: Frye, 1975, 238-304; Boyle, 1968, 24-117 & 261; Zaki, 1931, v. 1, 131 140 and V. 2; Bitlisi, 1597/2005; Bruinessen, 1992, 161-75; Jackson and Lockhart, 1986, 4).

 

(٦) ڕێخەی زنجیرەدەسەڵاتدارانی ئەردەڵان دەکرێ بگەڕێندرێتەوە بۆ سەردەمی پێش ئیسلام و هەروەها مەروانییەکان. ئەوان بۆ ماوەی شەش سەدە و نیو تاکوو دەیەی ١٨٦٠ وڵاتی خۆیان بەڕێوەبرد. بۆ ماوەیەک تەنانەت سەربەخۆ بوون (لە دەوروبەری سەرەتای سەدەی چواردە لە کۆتاییەکانی سەردەمی ئیلخانییەکانەوە تا سەرەتای سەردەمی سەفەوییەکان نزیکەی سەرەتای سەدەی شازدە) و دراویان لێدا و وتاری هەینییان بە ناوی دەسەڵاتدارانی خۆیانەوە خوێند (بڕوانە: Kurdistani, 1946, 5-6; Bitlisi, 1597/2005; Zaki, 1931, V.2). حکوومەتی درێژخایەن و بەردەوامی ئەردەڵان پێگەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهێزتر کرد، بەتایبەت لە سەردەمی خەسرەو خان و پاشان ئەمانوڵڵا خان ئەردەڵان، سەرکردەی بەهێزی کورد (١٨٠٠-١٨٢٤)، حکوومەتی قاجارەکان حەساوی بۆ دەکرد و بە گرنگییەوە ڕەچاوی دەکرد. ئەمانوڵڵا خان وەک کەسایەتییەکی دیار هەوڵی دا شێوازە ئەوروپییەکان بۆ ڕاهێنانی هێزەکانی بەکاربهێنێت (Avery et al, 1991, 151 & 172). هەرچەندە خەڵکی خاکی ئەردەڵان بە زۆرینە سوننە یان سەر بە ئایینە ڕەسەنە کوردییەکان بوون، لە سەردەمی سەفەوییەکانەوە، بنەماڵەی دەسەڵاتدارانی ئەردەڵان وردە وردە، و لە سەرەتاوە بە ڕواڵەت، لەبەر پێوەندی و هاوسەرگیری سیاسییان لەگەڵ حکوومەتە ناوەندییەکاندا بوون بە شیعە. ئەمە وردە وردە کاریگەریی خستە سەر خودموختارییان.

 

(٧) بەپێی هەندێ گێڕانەوە، باپیرە گەورەی سەفەوییەکان، شێخ سەفیەدین ئەردەبێلی (١٢٥٢-١٣٣٤) کورد بوو و ئایینەکەی وەک زۆرێک لە کوردی ئەو سەردەمە سوننەی شافیعی بوو (Bruinessen, 1992, 138). لەڕاستیدا، تا کاتی هاتنی تورکە سەلجووقییەکان لە سەدەی یازدە دا، خەڵکی “مادی ئاترۆپاتێن” (ئازەربایجانی ئەوڕۆکە) کورد بوون (Farrokh, 2011, 10). دواتر، ئەوان وردەوردە لەوێ سڕدرانەوە. شێخ سەفی پێوەندیی لەگەڵ کەسایەتییە کورد و سوننە-سۆفیییەکان لەوانە شێخ سەعدی هەبوو (بڕوانە پەڕاوێزی ژ. ١٦). ئەگەری ئەوەش هەیە کە ئەو و ڕۆڵەکانی پێوەندییان لەگەڵ کوردە یارسان/ئەهلی حەق/عەلیوڵڵاهی و عەلەوییەکان (هەروەها ناسراو بە قزلباش) هەبووبێت کە لەو کاتەدا کۆمەڵێکی گرنگی خاوەن ڕێبازی عیرفانی بوون. عەلی بن ئەبی تالیب، چوارەم خەلیفە لای سوننەکان و یەکەم ئیمامی شیعەکان، گرنگترین کەسایەتیی بووە بۆیان (ئایینی عەلەویی ئێستا لە باکووری کوردستان وێکچوونی لەگەڵ یارسان هەیە کە ئایینێکی ڕەسەنی کوردییە لە ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان. هەردووکی ئەمانە ئایینگەلێکی تێکەڵ و نیمچە-ئیسلامن. گەرچی هەندێ لایەنی ئیسلامی شیعەیان هەیە، ئەوانە فیرقەیەکی شیعە نین وەک شیعەی عەلەوی لە سووریا، کە نزیکترە لە سوننە تاکوو شیعەی دوانزە ئیمامی. ئەوان لەلایەن هەردووکی سوننە و شیعەوە قبووڵ نەکراون. تەنانەت لە ئێران دا ئەوان پێوەندی باشتریان لەگەڵ سوننەکان هەیە تاکوو شیعەکان). کوردانی بوویە، یارسان و عەلەوی بیروباوەڕ و زاراوەی کوردی – گۆران و زازا – تاڕادەیەک هاوشێوەیان هەیە. ئەوان پێوەندییان بە دەیلەمییەوە هەیە (بڕوانە پەڕاوێزی ژ. ٤). هەروەها بەپێی هەندێ گێڕانەوەی تر سەبارەت بە سەفەوییەکان، بەتایبەت لە سەردەمی شا ئیسماعیل دا، لەلایەکەوە، وەک ‘سەیید’ ڕەچەڵەکی شێخ سەفی دەگەڕێتەوە بۆ عەلی و ئەو ڕەچەڵەکی عەرەبی هەبووە. لەلایەکی ترەوە، ئەو وەک تورکێک ناسێنراوە (بڕوانە: Jackson and Lockhart, 1986, 39, 195, 214, 620 & 630-3). ئەم جۆرە گێڕانەوانەی دوایی بە ئەگەرەوە زیاتر چیرۆکی سیاسین. بۆ نموونە، ئێسکەندەر بەگی مونشی لە پەرتووکەکەیدا سەبارەت بە مێژووی سەفەوییەکان، سەرەتا شێخ سەفی دەباتەوە سەر عەلی و پاشان وەک “تورکێکی گەنج/لاو” ئاماژەی پێ دەکات (Monshi, 2003, 9-12). دیارە مونشی وەک تورکمەنێک لە دیوەخانی سەفەویدا ڕوانگەیەکی سیاسی هەبوو.

 

(٨) قزڵباش باوەڕیان بە ئیمامەت و پاشایەتی ڕۆحی چوارەمین خەلیفە، عەلی و ڕۆڵە و نەوەکانی هەبوو. لەبەر ئەوەی کە سۆفییە سەفەوییەکان “پۆپە/تاجی حەیدەری”یان – تەقلەیەکی قووچەکی سووری جیاواز کە دوانزە چینی بە نیشانەی دوانزە ئیمامی شیعە هەبوو- دەکردە سەریان، بە “قزڵباش” ناسران. حەیدەر نازناوی عەلی و هەروەها ناوی باوکی شا ئیسماعیل بوو (بڕوانە: Howard, 2017, 78-9; Newman, 2006, 2; Jackson and Lockhart, 1986, 195 & 207; Abisaab, 2004, 8).

 

(٩) لەو کاتەدا، زۆرینەی شیعە لە سیاسەتدا بەشدارییان نەدەکرد و حوکمڕانی دەسەڵاتدارێکی شیعە لە سەردەمی نەبوونی ئیمامەکەیان ڕەت دەکردەوە. ئەوان هێما سیاسییە ئیسلامییەکانیان نەبوو، لەوانە وتاری هەینی کە لە سەرەتای ئیسلامەوە نیشانەی دەسەڵات و ڕەوایی/شەرعییەت بووە. سەفەوییەکان پێویستیان بە هێماکانی ڕەوایی پێدان هەبوو، لە چەشنی ئەوانەی کە دەسەڵاتدارە سوننەکان بەکاریان دەهێنان. بۆیە لە عاملییەکان کەڵکیان وەرگرت کە بەپێچەوانەی زانا شیعەکانی قەتیفی، بەحرەینی و عێراقی، هاوڕا بوون لەگەڵ شیعە وەک ئایینێکی دەوڵەتیی. سەفەوییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی عوسمانییەکان پێویستیان بە وەها شێوەیەک لە ئایینی شیعە هەبوو. بۆ سەلماندنی پێکهێنانی دەوڵەت و سەروەریی ئیمپراتۆریەتی خۆیان، ئەوان داکۆکییان لە ڕۆڵی کۆمەڵایەتی-سیاسیی توێژی مەلایان کرد و ڕێبازی عاملییەکانیان بەکارهێنا بۆ ڕاڤەی نوێ لە نەریت/سوننەت و دەرهێنانی ئاوەزمەندانەی فەرمانە یاساییەکان (ئیجتیهاد). ئیجتیهادی عاملییەکان لەسەر بەڕێوەبردنی وتاری نوێژی هەینی بووە هۆی بڕواداریی شیعە و سەروەریی و ڕەوایی دەسەڵاتدارانی شیعە. بەم شێوەیە ئایینی شیعە بۆ یەکەم جار کرا بە دامەزراوەیی و لەلایەن شاکانی سەفەوی سەرەتاییەوە گونجێندرا لەگەڵ دەوڵەتداریی (Abisaab, 2004, 4-21, 51, 139).

 

(١٠) بڕوانە:

 

“İdrisi Bitlisi kimdir?” Islamic Encyclopedia, retrieved 3/17/2020, at: https://sorularlaislamiyet.com/idrisi-bitlisi kimdir (2007/2016).

 

(١١) “دیتران/ئەوانی دی” بۆ کورد هەردووکی عوسمانییەکان و سەفەوییەکان (جێگرەکانیان بێجگە زەندەکان) بوون.

 

(١٢) کوڕی جانپۆڵا (میر عەلی) کە کوڕی قاسم کوردی لە کوردانی ئەییوبی بوو، حکوومەتی سەربەخۆی خۆی لە حەلەب دامەزراند. ئەو هێز و چەکداری جێی سەرنجی هەبوو و بە ناویەوە وتاری هەینی دەخوێنرا و دراو لێ دەدرا. ئەو هەوڵیدا کە پەیماننامە و پێوەندییەکانی دەرەوەی هەبێت. بەڵام لە شەڕی عوسمانییەکان لەگەڵیدا، لە کۆتاییدا بەزی و لە ١٦٠٧ دا حکوومەتەکەی ڕووخا (Zaki, 1931, 178-180). بەپێی گێڕانەوەی باو، گرنگترین زنجیرە بنەماڵە دەسەڵاتدارە درووزییەکانی ئێستا لە لوبنان و سووریا لەوانە خێڵی ”جونبەلات”، لە پاشماوەکانی ئەو کوردانەی ئەو کات بوون کە دواتر زمانیان گۆڕدرا بە عەرەبی. بە پێی هەندێ گێڕانەوەش کە وشەی ‘درووز’ دەبەنەوە سەر وشەی ‘دەرزی’ لە کوردی (درز و هەروەها دەرزی بەرگدووری) و فارسی (“درز” و هەروەها بەرگدوور) لە پاشناوی دامەزرێنەری ئایینی درووزی واتە محەمەد بن ئیسماعیل دەرزی، ئەگەری پێوەندی دامەزرێنەری ئەم ئایینە بە کوردەوە هەیە. هەروەها، دیارە هەندێ هاوشێوەتیش لە نێوان ئایینەکەیان، ئایینی درووزی، وەک ئایینێکی تێکەڵ، لەگەڵ هەندێ ئایین لە کوردەواری لەوانە عەلەوی و یارسانەکان هەیە.

 

(١٣) ئەمیر خانی یەکدەست یەکێک لە میرە بەناوبانگەکانی زنجیرە دەسەڵاتدارانی/خانەدانی برادۆست، لە نەوەکانی حەسنەوییەکان، لە دەوروبەری ورمێ لە سەردەمی شا عەباس یەکەم دا (١٥٨٨-١٦٢٩)، بوو. ئەو لە شەڕێکدا کە بۆ یارمەتیدانی عومەر خانی سۆران چووبوو، دەستێکی پەڕی. پێش ڕاپەڕینەکەی، شا عەباس دەستێکی زێڕینی (لەپ زێڕین) پێدا، بۆیە بەوە ناوبانگی دەرکرد. چیرۆکی خۆڕاگری لە قەڵای ‘دمدم’، ناوەندی دەسەڵاتەکەی، لە نێو کورداندا بەناوبانگە (Monshi, 2003, V. 2, 792; Zaki, 1931, 180).

 

(١٤) بڕوانە: پەڕاوێزی ژ. ٥.

 

(١٥) سووراو/سورخاب بەگی ئەردەڵان سەربەخۆیانە حکوومەتی کرد و هەندێکی تریان وەک تەیموور خان و هەڵۆ خان لەلایەن عوسمانییەوە پاڵپشتییان لێ کرا، لەکاتێکدا خان ئەحەمد خان لەلایەن سەفەوییەکانەوە پاڵپشتی لێ کرا.

 

(١٦) “هەزار ئەسپ” ناوی کوردی کوڕی دامەزرێنەرەکەیان بوو. وەک حوکمڕان، ئەوان ناوی حکومی “ئەتابەگ”یان هەبوو کە پێکهاتبوو لە وشەی کوردی “بەگ” واتە خوا/خاوەن، بە گوتەی نەبەز (2004, 24)، لەگەڵ “ئەتا” وشەیەکی تورکی یان عەرەبی کە لە سەردەمی سەلجووقییەکان‌ـەوە سەری هەڵداوە. لە پێوەندی لەگەڵ ئەتابەگانی بچووک (بڕوانە پەڕاوێزی ژ. ٥)، هۆزی زەنگەنە هێشتا لە کرماشان دا دەژین. لەبەر ئەوەی کە هەندێ کورد لە نێوان پارس و ئەهواز دا ژیاون، پێش ئەتابەگەکان و پاش ئەوانیش کوردەکان هەندێ جار حکوومەتی شیراز‌ـیان بە دەستەوە بووە. هەروەها، هەندێ چیرۆک پێوەندیی کوردەکان لە ناوچەکەدا پیشان دەدات، بۆ نموونە چیرۆکی شێخ سەعدی هەڵبەستوانی ناسراو کە لە سەردەمی ئەتابەگەکان لە سەدەی سێزدەم دا دەژیا (بڕوانە: Boyle, 1968, 594). گوتراوە کە باوکی سەعدی خەڵکی گوندی دەگاشێخان لە نزیک مەریوان بووە کە لە جوانڕۆ مەلا بووە. یەکێک لە ئەتابەگەکان بردوویە بۆ شیراز کە لەوێدا سەعدی لەدایک بووە. لە هەڵبەستێکدا بە پیتی ئەبجەد، ئەو ئاماژە بە ڕەچەڵەک و کوردبوونی خۆی دەکات. پەرتووکەکانی “گولستان” و “بووستان” پیشان دەدەن کە ئەو کوردی دەزانی. زۆرێک لە هەڵبەستە کوردییەکانی وردەوردە لەلایەن ئەوانەی پەرتووکەکانی ئەویان نووسیوەتەوە گۆڕدراون یان پەرتووکەکانی لەنێو چوون. هەروەها ئەو سوننەیەکی شافعی بوو کە نازناوی ‘شێخ’ بە ئەگەرەوە پێوەندی هەیە بە دانیشتووانی گوندە سەرەکییەکەیانەوە کە زۆربەیان شێخ بوون. پەرتووکەکانی هێشتاش لە حوجرەکانی کوردستان دا دەگوترێنەوە (نووسەر ئەم زانیاریانەی لە سەرچاوەی جۆراوجۆر بیستووە، بەتایبەت توێژەرانێک وەک مامۆستا محەمەد یوسف و ڕەئوف ڕەهنموون. مامۆستا محەمەد یوسف لە ڤیدیۆیەکیشدا ئەو باسە دەکات).

 

(١٧) ئەوان شەڕی یەکتریان دەکرد و خاکی بن دەسەڵاتی یەکتریان داگیر دەکرد. تەنانەت لە دەیەکانی ناوەڕاستی ئەم سەدەیەدا حەسەن عەلی خان والی ئەردەڵان لەلایەن سەلیم بەگ یەکێک لە سەرۆکە کوردەکانی بابانەوە کوژرا.

 

(١٨) میرنشینی ئەردەڵان، وەک ئاماژە کرا، گرنگترینی ئەمانە بوو کە وەک هاوپەیمانێک پێوەندییەکی کۆنی لەگەڵ هۆزی قاجار هەبوو. بە پیشاندانی هێزی خۆی، سەرەتا بە پەرەپێدانی خاکی بندەستی دەسەڵاتی خۆی بەرەو مەلایر و گوڵپایگان و پاشان ڕاگەیاندنی گوێڕایەڵی بۆ قاجارەکان، والی ئەردەڵان لەلایەن قاجارەکانەوە پشتگیری لێ کرا و بە سپاردنی هەرێمێکی دەسەڵاتی گەورەتر لە پێش بریتی لە ناوچەکانی سنوور/سونقوڕ و کولیایی دانی پێدا نرا. هاوپەیمانی قاجار-ئەردەڵان بەردەوام بوو و لە ڕێگەی پێوەندیی هاوسەرگیرییەوە بەهێزتر بوو. لەڕاستیدا، ئەوان سیاسەتی کۆنی هاوپەیمانییان بەدواداچوون کرد. هاوپەیمانی سیاسی حوکمڕانانی ئەردەڵان لەگەڵ سەفەوییەکان، ئەفشارییەکان، زەندەکان و قاجارەکان، هەروەها، ئایینی هاوبەشیان، بوو بە هۆی مانەوەی درێژخایەنیان. هاوکات، هۆزێکی بە ڕەچەڵەک کورد بە ناو شقاق (ئەگەری ئەوە هەیە کە بەشێکی دابڕاو و گۆڕاو لە هۆزی شکاک بووبێتن، ڕەنگە لەوانەی زووتر تێکەڵی قزڵباشەکان ببوون)، بە سەرکردایەتی سادق خان یارمەتی قاجارەکانی دا لە دامەزراندنی دەسەڵاتەکەیاندا. بەوەشەوە، دواتر سادق خان لە دژی قاجارەکان ڕاپەڕی، بەڵام لەلایەن فەتحعەلی شا‌ـوە سەرکوت کرا. جگە لەوەش، کوردەکان لە خۆراسان خاکی خۆیان کۆنتڕۆڵ دەکرد. ئەم ڕاگرتن و دەسەڵات پێ سپاردنانە لە ئاراستەی سیاسەتی قاجارەکاندا بوو بۆ دامەزراندنی تۆڕێک لە لایەنگر و هاوپەیمانەکانی لە نێو هۆزە ڕکابەرەکانیدا. لەکاتێکدا کە زەندەکان و ئەوانی تر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا و کوردانی شکاک لە باکووری ڕۆژهەڵاتدا سەرکوت کران، سەرۆک هۆزی دونبولی کورد وەک حوکمڕانی خۆی و تەورێز دیاریی کرا (بڕوانە: Avery et al, 1991, 119-138 & 517; Kurdistani, 1946, 167; Zaki, 1931, 209).

 

(١٩) لە پاڵ والییەکاندا لە خۆرماوا، پشتکۆ (ئەوڕۆکە بەشێک لە پارێزگای ئیلام)، کرماشان و ئەردەڵان و هتد، هەندێک سەرۆک هۆزی کورد پێگەیەکیان هەبوو تاڕادەیەک هاوتای والی و حوکمڕانەکان کە تا سەدەی بیستەم و پێکهاتنی دەوڵەتی نیمچە-مۆدێرنی ئێران، خودموختاری خۆیان پاراست. لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەم دا، بێجگە دوایین میرنشینی کورد، ئەردەڵان، کە تا ١٨٦٥ مایەوە (بڕوانە: پەراوێزی ژ. ٦)، لوڕستان لە سەردەمی سەفەوییەوە حکوومەتی نیمچە-سەربەخۆی خۆی پاراستبوو و لە ژێر دەسەڵاتی والی کرماشان دا بەردەوام بوو؛ والی پشتکۆ لە سەردەمی قاجار دا هەتاکوو ١٩٢٩ بە سەربەخۆ و نیمچە-سەربەخۆ مایەوە؛ بەشێک لە کرماشان تا ١٩٠٧ لەلایەن ئیلخانی کەلهوڕەوە بەڕێوە دەبرا. گرووپە کوردەکانی دەوروبەری ورمێ بە شێوەی خودموختار سنوورەکانی نێوان دوو دەسەڵاتی عوسمانی و قاجاریان دەبەزاند. لەڕاستیدا، لەو کاتەوە کە کوردستان لە نێوانیاندا دابەش کرابوو، هۆزە کوردەکان دانیان بە سنوورە دەسکردەکانی ئەو دەوڵەتانە لە کوردستان دا نەدەنا و تا سەرەتای دەیەی ١٩٢٠ بێ ڕەچاوکردنی سنوورەکان جموجووڵ و هاتوچۆی خۆیان درێژە پێ دا. هەروەها، تا ساڵەکانی ١٨٣١-١٨٣٢ گرووپە کوردەکانی خوراسان‌یش گوێڕایەڵی والی خوراسان نەبوون و ئەمارەتی قووچان خۆسەر/خودموختار بوو (بڕوانە: Avery et al, 1991, 144, 468, 512-4 and 520-1; Koohi Kamali, 1992, 172; Ghassemlou, 1993, 105; Zaki, V.2).

 

(٢٠) سەبارەت بە پێگەی خودموختاری هۆزی جاف، بڕوانە: Mousavi, 2013.

 

(٢١) لە ١٧١٦ دا، بەکر بەگ کوڕی سولەیمان لە دژی بەغدا ڕاپەڕی و بەزی. لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدە دا، سولەیمان پاشا کوڕی خالید پاشا لە دژی بەغدا ڕاپەڕی. عەبدولرەحمان پاشای بابان چەندین جار لە سەرەتای سەدەی نۆزدە دا ڕاپەڕی و هەوڵی دا کە حکوومەتێکی سەربەخۆی گەورە پێک بهێنێت. محەمەد دەروێش پاشا لە وان بە شێوەی سەربەخۆیانە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرا و لە دەوروبەری ١٨١٨ دا دراوی لێدا. سمایل پاشای بادینان لە نزیکەی ١٨٣٥ دا سەربەخۆیانە حکوومەتی کرد، بەڵام گیرا و خرایە بەندیخانە (Zaki, 1931, 213-224). ڕاپەڕینی عەلی خان و جافر خانی شکاک لە ناوەڕاستی سەدەی  نۆزدە دا نموونەگەلێک لە ڕاپەڕینی کورد لە دژی قاجارەکان بوون (بڕوانە: Farrokh, 2011, 220).

 

(٢٢) لە کاتی ڕاپەڕینەکاندا، هەندێ میری کورد پاڵپشتییان لە سەرکردە ڕاپەڕیوەکان نەدەکرد. بۆ نموونە، سمایل پاشای بادینان یارمەتی پاشای کۆرەی نەدا، لەکاتێکدا هێزەکانی عوسمانی دواتر ئەویشیان لە نێو برد (Zaki, 1931, 235).

 

(٢٣) بەدرخان کە بوو بە میری جزیرە و بۆتان لە ١٨١٢ دا هەوڵی دا کە کوردەکان یەک بخات و سەربەخۆیان بکات. سەرەتا، ئەو عوسمانییەکانی بەزاند و سەربەخۆیی ڕاگەیاند. لە ١٨٤٢ دا بە ناوی خۆیەوە دراوی لێدا و بە سەر زۆر ناوچەی کوردستان دا لەوانە وان، سابڵاغ، ڕواندز، موسڵ، شنگال، شنۆ، ورمێ و دیاربەکر حوکمی کرد. بەرەنجام، بە هۆی خەیانەتی یەکێک لە خزمەکانی، ئەمیر عیزەدین، ئەو دۆڕا و گیرا. دواتر، لە سەردەمی شەڕی نێوان عوسمانییەکان و ڕووسیا دا، عوسمانییەکان زۆر موجاهیدیان لە کوردستان‌ـەوە کۆکردەوە و دوو لە کوڕەکانی بەدرخانیان، عوسمان و حوسێن کەنعان پاشا، وەکوو فەرماندەری ئەوانە دیاریی کرد. بە کەڵکوەرگرتن لەم دۆخە، کاتێک لە ١٨٧٩ دا گەڕانەوە کوردستان، ئەوان سەربەخۆیی خۆیان لە جزیرە ڕاگەیاند و لە شوێنەکانی تریش لەوانە جوولەمێرگ، ئامێدی، ماردین، نوسیبین تەشەنەیان کرد. عوسمان بوو بە ئەمیر و وتاری هەینی بە ناویەوە خوێنرایەوە، بەڵام لە کۆتاییدا، بە فێڵ و پیلان لە دانوستانەکاندا ئەوانیش گیران (Zaki, 1931, 226-228).

 

سەرچاوەکان

 

Abisaab, Rula Jurdi (2004), Converting Persia; Religion and Power in the Safavid Empire, London: I.B.Tauris & Co Ltd.

 

Al- Tabari, Abu Ja’far Muhammad ibn Jarir (1970), History of the Prophets and Kings (Tarikh al-Rusul wa al-Muluk), reviewed by: Muhammad Abul Fadil Ibrahim, V. 4, Cairo; Dar al-Maarif.  

 

Al-Dinawari, Abu Hanifa Ahmad ibn Dawud (1960), al-Akhbar al-Tiwal, investigation: Abdel-Moneim Amer, reviewed by: Jamal Al-Din Al-Shayal, Cairo: Arab Books Revival House, First Edition.

 

Al-Khalil, Ahmad Mahmoud (2011), The history of Kurd in Islamic Civilization, translated into Kurdish by Zirar Ali, Sulaimaniyeh; Paywand.

 

Andrew J. Newman (2006), Safavid Iran; Rebirth of a Persian Empire, New York; I.B.Tauris.

 

Asatrian, G. (2009). Prolegomena to the Study of the Kurds, Iran & the Caucasus, Vol. 13, No. 1, pp. 1-57.

 

Aubrey R. Vine (1937), The Nestorian Churches, London: Independent Press.

 

Avery, Peter, Gavin Hambly and Charles Melville (ed.) (1991), From Nadir Shah to the Islamic Republic, The Cambridge History of Iran, in seven volume, volume 7, UK; Cambridge University Press.

 

Barkey, Henri J. and Graham E. Fuller (1998), Turkey’s Kurdish Question, USA: Rowman & Littlefield.

 

Bitlisi, Prince Sharaf al-Din (2005), The Sharafnama or the History of Kurdish Nation, 1597, English Translation and commentaries by M. R. Izady, California; Mazda Publisher.

 

Boyle, J. A. (ed.) (1968), The Saljuq and Mongol Period,The Cambridge History Of Iran, in seven volume, volume 5, UK; Cambridge University Press.

 

Bruinessen, Martin Van (1992), Agha, Shaikh and State, The Social and Political structures of Kurdistan, London and New Jersey: Zed Books.

 

Bruinessen, Martin Van (1999), “The Kurds and Islam,” Islamic Area Studies project, no. 13, Tokyo.

 

Cheriff Vanly, Ismet (1992), “The Kurds in Syria and Lebanon”. In The Kurds; A Contemporary Overview, Philip G. Kreyenbroek and Stefan Sperl (eds.), London; Routledge, pp. 143-170.

 

Colin Imber, The Ottoman Empire 1300-1650; the structure of power, third edition, RED Globe press, 2019.

 

Douglas A. Howard (2017), A History of the Ottoman Empire, UK; Cambridge University Press.

 

Farrokh, Kaveh (2011), Iran at War 1500-1988, UK; Osprey publishing.

 

Frye, R. N. (ed.) (1975), The Period from the Arab Invasion to the Saljuqs, The Cambridge History Of Iran, in seven volumes, volume 4, UK; Cambridge University Press.

 

Ghassemlou, A. R. (1993), “Kurdistan in Iran.” In Gerard Chaliand (ed.), A People without a country, The Kurds and Kurdistan, Olive Branch Press, 1993, pp. 95-121.

 

Gunes, Cengiz (2012), The Kurdish National Movement in Turkey; From Protest to Resistance, New York; Routledge. 

 

Gunter, Michael M. (2011), The Kurds Ascending; the Evolving Solution to the Kurdish Problem in Iraq and Turkey, second edition, New York; Palgrave Macmilan.

 

Hassanpour, Amir (2003), “The Making of Kurdish Identity: Pre-20th Century Historical and Literary Discourses.” In Abbas Vali (Ed.), Essays on the Origins of Kurdish nationalism, Mazda Publisher, pp. 106-162.

 

Hastings, Adrian (1999), The Construction of Nationhood; Ethnicity, Religion and Nationalism, Cambridge University Press.

 

Inalcik, Halil (2000), The Ottoman Empire; the classical age 1300-1600, London; Phoenix.

 

Izady, Mehrdad (1992), The Kurds: A Concise Handbook, Russak, Washington.

 

Jackson, Peter and Laurence Lockhart (eds.) (1986), The Timurid and Safavid Periods,The Cambridge History of Iran, in seven volume, volume 6, Cambridge University Press.

 

Kedourie, Elie (1992), Politics in the Middle East, New York; Oxford University Press.

 

Kehl-Bodrogi, Krisztina (2003), “Ataturk and the Alevis: A Holy Alliance?” in Paul J. White and Joost Jongerden (eds.), Turkey’s Alevi Enigma; A Comprehensive Overview, Leiden; Brill, pp. 53-69.

 

Koohi-Kamali, Fereshteh (1992), “The development of nationalism in Iranian Kurdistan”. In Philip G. Kreyenbroek and Stefan Sperl (eds.), The Kurds; A Contemporary Overview, London; Routledge, pp. 171-192.

 

Kurdistani, Mah Sharaf Mastoura, 1946, The History of Ardalan, reviewed by: Nasir Azadpour, Sine: Bahrami Publication. 

 

Macfie, A.L. (1998), The End of the Ottoman Empire 1908-1923, London; Longman.

 

Maóz, Moshe (1999), Middle eastern Minorities between integration and conflict, The Washington Institute for Near East Policy.

 

McDowall, David (1992), “The Kurdish Question: A Historical Review”. In The Kurds; A Contemporary Overview, Philip G. Kreyenbroek and Stefan Sperl (eds.), London; Routledge, pp. 10-32.

 

Mousavi, Mohammad Mehdi, The Memory of Ihtsham al-Saltaneh, Tehran: Zavar, 2013.

 

Munshi/Turkman, Iskandar Beyg (2003). The History of Shah ‘Abbas the Great: Tarikh-e Alamara-ye Abbasi. Edited byIrajAfshar, Tehran; Amir Kabir Publication.

 

Murphey, Rhoads (1999), Ottoman Warfare 1500-1700, UK; UCL Press.

 

Murre-van den Berg, Heleen (2010), “Apostasy or a House Build on Sand; Jews, Muslims and Christians in East-Syriac Texts (1500-1850).” In Camilla Adang and Sabine Schmidtke (eds.), Contacts and Controversies between Muslim, Jews and Christians in the Ottoman Empire and Pre-Modern Iran, Wurzburg, 2010, pp. 223-244.

 

Nebez, Jemal (2004), The Kurds; History and Culture, Translated into English by: Hanne Kuchler, London: WKA Publications.

 

Nezan, Kendal (1993), “The Kurds under the Ottoman Empire.” In Gerard Chaliand (ed.), A People without a country, The Kurds and Kurdistan, Olive Branch Press, 1993, pp. 11-37.

 

Olson, Robert (1989), The Emergence of Kurdish Nationalism and the Sheikh Said Rebellion, 1880-1925, Austin; University of Texas Press.

 

Romano, David (2006), The Kurdish Nationalist Movement; Opportunity, Mobilization and Identity, Cambridge University Press. 

 

Shafir, Nir (2019), “Moral Revolutions: The Politics of Piety in the Ottoman Empire Reimagined”, Comparative Studies in Society and History, 61(3), pp. 595–623. doi:10.1017/S0010417519000185

 

Soleimani, Kamal (2016), Islam and Competing Nationalism in the Middle East, 1876-1926. New York: Palgrave.

 

Soleimani, Kamal (2018), “A Kurdish Sufi Master and His Christian Neighbors.” Zanj: The Journal of Critical Global South Studies, vol. 2, no. 1, pp. 6–21.

 

Vali, Abbas (2003), “Genealogies of the Kurds: Constructions of Nation and National Identity in Kurdish Historical Writing.” In Abbas Vali (Ed.), Essays on the Origins of Kurdish nationalism, Mazda Publisher, pp. 58-105.

 

Vorhoff, Karin (2003), “The Past in the Future: Discourses on the Alevis in Contemporary Turkey,” in Paul J. White and Joost Jongerden (eds.), Turkey’s Alevi Enigma; A Comprehensive Overview, Leiden; Brill, pp. 93-109.

 

Ward, Steven R. (2009), Immortal; A Military History of Iran and Its Armed Forces, Washington D.C; Georgetown University Press.

 

White, Paul J. (2000), Primitive Rebels or Revolutionary Modernizers? The Kurdish National Movement in Turkey, Zed Books.

 

Yavuz, M. Hakan(2007), “Five Stages of the Construction of Kurdish Nationalism in Turkey”, in Charles G. MacDonald and Carole A. O’Leary, Kurdish Identity; Human Rights and Political Status, University Press of Florida, pp. 56-76.

 

Zaki, Muhammad Amin (1931), Kurd and Kurdistan, 3 volumes, Baghdad; Dar al-Salam publication.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO