دەڤەر سەلام
لە ڕۆژانی ١٣-١٦ی ئایاری ٢٠٢٥، دۆناڵد ترەمپ لە سەردانێک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرکردەکانی سعودیە، قەتەر و ئیماراتی دیت. دەستکەوتی ئەم سەردانە بۆ ئەمریکا بریتی بوو لە گرێبەستی گەورە لە کۆمەڵێک بواری جیاواز بە بەهای ٤ تریلیۆن دۆلار کە لە مێژووی ئەمریکادا هیچ سەرۆکێک نەیتوانیوە ڕێککەوتن بەو بەهایە لە یەک سەردان بەدەست بهێنێت، تەنانەت خودی ترەمپ لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا نەیتوانی شتێکی لەم شێوەیە ئەنجام بدات. قۆناغی بەر لە سەردانەکەی ترەمپ چەند دۆخێک هەبوو کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا جێگەی بایەخبوون و وای کردبوو کە سەردانەکە کاریگەریی گەورەیان لەسەر بەجێ بهێڵێت.
دۆخی ناوخۆیی ئابووریی ئەمریکا
پێش سەردانەکەی ترەمپ، ئەمریکا دۆخێکی ئابووری گرژی هەبوو، بە تایبەت کە سیاسەتی باجەکانی ترەمپ بەرامبەر بە جیهان دۆخێکی ئابووری ناجێگیری بە بازاڕی ئەمریکا و جیهان بەخشی بوو، بۆیە بۆ ترەمپ گرنگ بوو کە پاش سەپاندنی کۆمەڵێک باج و ڕاگرتنی بەرامبەر بە وڵاتانی جیهان دەستکەوتێکی ئابووری گەورە بەدەست بهێنێت کە سەقامگیرییەک بداتەوە بە بازاڕەکان و کەرەستەیەکی میدیایی گەورەی پێ ببەخشێت بەرامبەر بە دەنگدەرانی ئەمریکی. لە ناواخنیشدا ئەگەر سەرنجی شێوەی ڕێککەوتنەکان و بوارەکانی گرێبەستەکە بدەین دەبینین کە بۆ وڵاتانی کەنداو وەبەرهێنان لە بواری ژیریی دەستکرد و کردنی کەنداو بە سەنتەرێکی گەورەی ئەو بوارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوان چەندە گرنگ بێت، بۆ ئەمریکاش وەبەرهێنان لە بواری شیتەڵکردن و بەکارهێنانی کانزاکان هێندە گرنگە، بەتایبەتی کە ئەمریکا لە پاش ڕێککەوتنی کانزاکان لەگەڵ ئۆکرانیا دەیەوێت ئەو کەرتە لە قۆرغکاریی چین بهێنێتە دەرەوە، چونکە چین لە ئێستادا ٩٨٪ پڕۆسەکانی پەیوەست بە کانزاکان لە جیهاندا ئەنجام دەدات.
پەیوەندییەکانی ترەمپ و ناتانیاهۆ
پاش سەردانی دووەمی ناتانیاهۆ بۆ ئەمریکا و دیداری لەگەڵ ترەمپ، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە ئێستادا زانراون، ئەوا ناتانیاهۆ لە سەردانەکەدا هەوڵی داوە ترەمپ ڕازی بکات کە پشتگیری لە پلانێکی هاوبەشی ئەمریکی-ئیسرائیلی بکات بۆ لێدان لە وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەڵام ترەمپ جگە لەوەی کە داواکارییەکەی ڕەتکردەوە گوتی لەگەڵ ئێران دانوستان دەکەین. لەدوای سەردانەکەوە هەنگاوە یەک لەدوای یەکەکانی ترەمپ هەموویان چوونە چوارچێوەی پەراوێزخستنی ناتانیاهۆ. لە سەرەتادا و بەبێ ئاگاداری ئیسرائیل ئەمریکا ئاگربەستی لەگەڵ حوسییەکان ئەنجامدا، کە خۆی دەبینیەوە لەوەی حوسییەکان کەشتییەکانی ئەمریکا نەکەنە ئامانج و ئەمریکاش بۆردومانەکانی ڕابگرێت. پاشان ئەمریکا دانوستانی ڕاستەوخۆی لەگەڵ حەماس ئەنجامدا کە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی ئەمریکادا ئەوکارە ئەنجام بدرێت، بەرەنجامەکەشی بریتی بوو لەوەی کە حەماس تاکە بارمتەی زیندووی ئەمریکی کە وەکوو دیل لەبەردەست دا مابۆوە، ئازادی کرد. لەناو سەردانەکەشدا ترەمپ دوو زەبری دیکەی لە ناتانیاهۆ دا بەوەی کە هەم لەگەڵ جۆلانی، سەرۆکی سووریا کۆبۆوە و بەڵێنی هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی ئەمریکای دا، هەم لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ سعودیە دا گوتی چیتر وەبەرهێنانە گەورەکان لەگەڵ کەنداو پەیوەست نین بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتانە لەگەڵ ئیسرائیل.
ئەمانەی باسکران کۆمەڵێک هەنگاوی ئەمریکا بوون پێش گەشتەکە و لەکاتی گەشتەکەدا. بەگوێرەی گوتەی ئیدارەی ترەمپ، ئەم هەنگاوانە بۆ ئەوەن کە ناتانیاهۆ بگەڕێنرێتەوە بۆ ئاست و پێگەی دیاریکراوی خۆی، چونکە ناتانیاهۆ لەکاتی سەردانەکەیدا فشارێکی گەورەی کردووە کە بەبێ گفتوگۆ، ڕاستەوخۆ ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بدەن، بەڵام ستراتیجییەتی ترەمپ بەجۆرێکە کە سەرەتا دانوستان بکرێت و ئێران خۆی بەبێ لێدان بە مەرجەکان ڕازی بێت، نەک ئەمریکا لە جەنگێکی گەورە بگلێت لەگەڵ ئێران دا. بەڵام گەر هیچ دەرەتانێکی دیکە نەمایەوە ئەوکات دوای کۆمەڵێک فشاری خنکێنەر بژاردەی سەربازیی وەک کۆتا بژاردە بەکار بهێنرێت.
جەنگی غەززە
ستراتیجییەتی ترەمپ بەرانبەر بە غەززە تەواو جیاوازە لەوەی کە ئیسرائیل و ناتانیاهۆ خوازیارین. ترەمپ دەیەوێت کەرتەکە بکات بە ناوچەیەکی گەورەی وەبەرهێنان کە ببێتە نموونەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە کۆتا سەردانیشیدا لە قەتەر هەر ئەوەی دووبارە کردەوە کە دانیشتوانی غەززە دەگوازێتەوە بۆ شوێنێکی تر بەشێوەیەکی هەمیشەیی تاوەکوو کۆمەڵێک پڕۆژەی ئابووری گەورەی تێدا ئەنجام بدات.
بەڵام ستراتیجی ئیسرائیل و ناتانیاهۆ بۆ غەززە جیاوازە، ناتانیاهۆ خوازیاری لەناوبردنی حەماس و داگیرکردنی ئەو کەرتەیە، بۆیە بە هەمان مکوڕی ترەمپ دەیەوێت دانیشتوانی غەززە لەو کەرتە بباتە دەرەوە، بەڵام ئامانجەکە داگیرکردنی کەرتەکەیە، نەک ئەوەی کە ترەمپ دەیەوێت. بە کورتی ترەمپ و ناتانیاهۆ لەوەدا هاوبەشن کە پێویستە غەززە لە حەماس و خەڵکەکەی پاک بکرێنەوە، بەڵام جیاوازییەکەیان لەسەر ئایندەی غەززەـیە. ڕەنگە ترەمپ چۆن بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو پارەیەی لە ئۆکرانیا خەرجی کردووە، ڕێککەوتنی کانزاکانی لەگەڵ ئۆکرانیا واژۆکرد، ئاواش بۆ قەرەبووی ئەو هەموو هاوکارییەی ئیسرائیل کە ساڵانە خۆی لە ٤ ملیار دۆلار دەدات، کە لەدوای جەنگەکەشەوە زیاتر بووە، بە هەمان شێوە کەرتی غەززە بکاتە ناوچەیەکی سەربەخۆ کە وەبەرهێنانی گەورەی تێدا ئەنجام بدات بەدەر لە دەستوەردانی ئیسرائیل.
دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا
بەر لە سەردانەکەی ترەمپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران و ئەمریکا پێنج گەڕی دانوستانی یەک بەدوای یەکی هەفتانەیان ئەنجام دابوو. لەو دانوستانانەدا ئەمریکا و ئێران کەمترین بەرەوپێشچوونیان بەخۆوە بینی، بەڵام هەردوولا پێویستیان بە کات کوشتن هەبوو، ئێرانییەکان بۆ خاوکردنەوەی دۆخەکە و لە سەروبەندی مەترسی گەورەی لێدان لە ئەتۆمییەکەیان، گەیشتنە سەر دەرفەتێکی دوو مانگە لە دانوستان. ئەمە بۆ ئێران زۆر باش بوو بە تایبەت کە خواستی ترەمپـیان بۆ دەرکەوتبوو کە خوازیاری جەنگ نییە لەگەڵیاندا. سەبارەت بە ئەمریکا، کە لە ئێستادا چەند بابەتێکی دیکە هەیە ئیدارەکەی پێوە سەرقاڵە، لەوانە پرسی ئابووری و باجەکان لەگەڵ وڵاتانی جیهان، جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، جەنگی ئیسرائیل و حەماس، ڕێگرتن لە هەژموونی چین، کارێکی نەکردەیە بەو ئابوورییەی ترەمپ بە وێرانە باسی دەکات، بیر لە جەنگێک بکاتەوە لەگەڵ ئێران. بۆیە بژاردەی دانوستان بە تەکتیکی داروگێزەر باشترین بوو بۆ پێش سەردانەکەی ترەمپ. دار، لێدوانەکانی ترەمپ بوو سەبارەت بەو شتە خراپانەی بە سەر ئێران دێت ئەگەر نەگاتە ڕێککەوتن؛ گێزەر، ئەو گەشانەوە و بەهێزبوونەوەی ئێران بوو کە زووزوو بە گوێیدا دەدان ئەگەر بێتو لە پرسی ئەتۆمیدا بگاتە ڕێککەوتن.
دوو هەفتە بەر لە سەردانەکە، ئەمریکا نەرمییەکی زۆری لە دانوستانەکاندا نواند، تەنانەت گفتوگۆکان بە ئاستێک گەیشتن کە خەریکبوو ئێران و ئەمریکا لەسەر ڕێژەی ٣.٦٧٪، کە ڕێژەیەکی گونجاوە بۆ بەرنامەیەکی ئەتۆمی ئاشتییانە، ڕێک بکەون. بەڵام لەدوای سەردانەکە هەموو شتێک ئاوەژوو بۆوە، بە تایبەتی کە سویت ویتکۆف لە ١٨ی ئایار ٢٠٢٥ گوتی کە ڕێگە بە پیتاندنی ١٪یش نادەین. ئەمەش واتا خودی دەست شلکردنی ئەمریکا لە دانوستانەکانی بەرانبەر ئێران بە تایبەتی لە گەڕەکانی چوارەم و پێنجەم، بریتی بووە لە تاکتیکێک بۆ سەرکەوتنی سەردانەکە و ئەنجامدانی بە شێوەیەکی ئارام، چونکە ترەمپ بە تەواوی خەڵکی ناوچەکەی لەسەر ئەوە ڕاهێنا کە لەبری لێدان، ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران دا دەکات. ئەوەش بەوەی کە دوورییەکی لەگەڵ ناتانیاهۆ دا پاراست و چەند هەنگاوێکی نا کە دژی خواستەکانی ئەو بوو. هەروەها بەو دانوستانانەی لەگەڵ ئێران دا پەیامێکی دا بە کەنداو و ئێران دا کە ناوچەکە بەرەو ئارامی دەڕوات بۆیە زەمینەیەکی لەبار هەیە بۆ ئەنجامدانی گرێبەستی گەورە و ستراتیجی. بەم تاکتیکانەش چوار تریلیۆن دۆلاری دەستەبەر کرد کە بە پوختی دەتوانین بڵێین لە ئەگەری گرژی پسوولەی ئەنجامدانی هەر کردەیەکی سەربازییە لە داهاتوودا.
قۆناغی دوای سەردانەکە
لە ئێستادا و پاش ئەوەی سەردانەکەی، سەبارەت بە هەریەکێک لەو جەنگ و ململانێیانەی کە لە جیهاندا لە ئارادان و ئیدارەکەی پێوەیان سەرقاڵە، ترەمپ پێویستە هەنگاو بنێت تاوەکوو زەمینەی بێ-کێشە لە جیهاندا ئامادە بکات و بەر لە کۆتاییهاتنی چوار ساڵەکەی، کۆتایی بە خەونی چەکی ئەتۆمی ئێران بهێنێت. لەم ڕووەوە سەبارەت بە باجەکان لەگەڵ سەرجەم وڵاتان قۆناغ بە قۆناغ دەگاتە ڕێککەوتنێک کە ئەو ناهاوسەنگییەی لە هاوردە و هەناردەی ئەمریکا هەیە بەرامبەر بە وڵاتان کەم بکاتەوە یاخود نەیانهێڵێت. دوای سەردانەکەی لە ڕۆژی ١٩ی ئایار پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادمێر پۆتین ئەنجامدا، سەبارەت بە وەستاندنی جەنگەکە. ترەمپ دوای شکستهێنانی دانوستانەکانی ئەستەمبول بە ڕاشکاوی گوتی هیچ بەرەوپێشچوونێک بەدی نایەت تاوەکوو خۆی لەگەڵ پۆتین دانەنیشێت، ئەو تەلەفۆنەی ئەنجامی دا ئامادەکارییە بۆ دانیشتنی نێوان ئەو دوو سەرۆکە و یەکلاییکردنەوەی پرسی کۆتاییهێنان بە جەنگەکە. ڕووسیاـش دەزانێت کە ترەمپ خواستی وەستاندنی جەنگەکانی بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی ئەتۆمی ئێرانـە. بۆیە مەرجە قورسەکانی خۆی پاراستووە و دەپارێزێت، کە بریتین لە دانپێدانانی ئۆکرانییەکان و ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکانە بەو پێنج هەرێمەی ئۆکرانیا کە ڕووسیا داگیری کردوون، بە “کرایمیە”وە. هەروەها بەڵێندانی ئۆکرانیا بەوەی کە نە سەربازانی ناتۆ لە وڵاتەکەی جێگیر دەبن و نە هەرگیز دەچێتە ناو ناتۆ. بۆیە دانوستانەکان لەگەڵ ڕووسیادا بۆ ترەمپ سەخت دەبن بەڵام مەحاڵ نین، بە تایبەت کە ڕەنگە ئەمریکا، ئۆکرانیا ناچار بکات بەوەی کە بە بەشێک لە مەرجەکانی ڕووسیا ڕازی بێت. ئەمەش لە بەرانبەر بێلایەنی ڕووسیا لە هەر کردەیەکی داهاتوو بەرامبەر ئێران.
کۆتا شت بریتییە لە جەنگی غەززە کە وابەستەیە بە پرسی لێدان لە ئێران، بۆ ئەمریکا گرنگە کە هەنگاو بە هەنگاو دیلە زیندووەکان لە دەست حەماس دەربهێنرێت بە ئاگربەستێکی قۆناغ بە قۆناغ، تا دەگات بە شوێنێک کە ئیتر گواستنەوەی دانیشتوانی غەززە بۆ وڵاتانی تر دەست پێ بکەن. هەروەها ناتانیاهۆ ناچار بکرێت بەوەی کە پێ بە پێ بەرەو دانوستان هەنگاو بنێت، ئەمەش واتە هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی، چونکە لە ئێستادا ترەمپ، ناتانیاهۆ بە بەربەستێک دەزانێت لەپێش ستراتیجی سڕینەوەی ئێران، کە ستراتیجێکە بریتییە لە سفرکردنەوەی کێشەکان بۆ ئامادەکاری و لێدان لە ئەتۆمییەکەی ئێران کە ناتانیاهۆ یان هەر سەرۆکێکی ئیسرائیل خوازیارییەتی بۆیە مانەوەی بۆ ئەنجامدانی ئەو هەنگاوە پێویست نییە.
لە کۆتاییدا، ئەوەی ڕوونە ستراتیجی نەهێشتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران شتێکە یەکلایی بۆتەوە، بەڵام کات و دەرفەتی گونجاو پەیوەستن بە سفرکردنەوەی کێشەکانی جیهان یاخود کەمکردنەوەیان بەراورد بەم دۆخەی ئێستا، بۆیە ڕەنگە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆتاییهاتنی دانوستەکان و شکستەکەی ڕابگەیەنرێت، بەڵام تاوەکوو سفرکردنەوەی کێشەکان قۆناغی دوای دانوستان بریتی دەبێت لە ڕێگرییکردن لە هەناردەی نەوتی ئێران بە ئامانجی خنکاندنی ئابووریەکەی و ملدانی بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی. لەم چوارچێوەیەشدا ڕەنگە وڵاتانی کەنداو و نیو ملیۆن بەرمیلەکەی هەرێمی کوردستان ئامرازی سەقامگیر هێشتنەوەی نرخی نەوت بن، سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتیش بۆ پرسی وزە و دەست پێ کردنەوەی هەناردەی نەوت لەم چوارچێوەیەدایە. لە ئەگەری ملنەدانی ئێران سەرەڕای ڕێگری لە هەناردەی نەوتەکەی، لێدان لە ئێران دەبێت بە کۆتا بژاردە.



