تەمەنی مەسەلەی کورد لە ناو دەوڵەتی تورکیا لە باکوردا، بۆ ساڵانی دوای کەوتنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دروستبوونی دەوڵەت لە تورکیا دا دەگەڕێتەوە. بوون بە کەمینیەکی ئیتنی لەناو دەوڵەتێکی دەسەڵاتگەریی مۆدێرنی توندوتیژ و توێنەرەوەدا، ژێرخانی دروستبوونی ئەم مەسەلەیەیە لە باکوور دا.
شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران لە ١٩٢٥دا سەرەتای بەرگریکردنی کوردە لە کوردبوونی خۆی و لەو مافانەش کە بە پێداگرتن لەسەر ناسنامەی کوردبوونەوە، گرێدراون. بێگومان لەناو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دا، ئەرستۆکراتە کوردەکانی ناو ئیمارەتە کوردییەکان، سەرکردایەتی جۆرێک لە بەرگرییان کردووە کە سەر بە قۆناغی بەر لە دایکبوونی ناسیۆنالیزم و گرێدانی کوردبوونە بە خواست و مافی سیاسییەوە.
لە بەرگریی و یاخیبوونەکانی ساڵانی بیستی سەدەی بیستەم دا پیاوانی دین و شێخانی تەریقەت سەرکردایەتیی ئەو بەرگریکردنانە دەگرنەدەست. لە ساڵانی سی دا، تێکەڵبوونی هەوڵی ڕووناکبیرانی کورد، بەتایبەتی ئەوانەی لە ئەستەنبول دەژیان، بە هەوڵی نەوەکانی شێخ و ئەرستۆکراتەکان، ڕۆلی سەرکردایەتیکردن و ئاراستەکردنی یاخیبوونەکان دەبینن. هەموو ئەو هەوڵانەش بە ڕژانی خوێنێکی زۆر و بە کوشتاری گەورە لەلایەن دەوڵەتەوە وەڵام دەدرێنەوە، بە دەیان هەزار کەس دەکوژرێن و دەگیرێن و بە سەدان هەزاریش بە نیازی توندنەوەیان لە زەوی و ژینگەی خۆیان هەڵدەکندرێن و بەزۆر ڕاگوێزی شوێنانی تر دەکرێن. سیاسەتی و تواندنەوە و نکوڵیکردن لە بوونی کورد و گرتن و کوشتن و بێماڵکردنی ژمارەیەکی گەورەی دانیشتوانی کوردستان بەشێوەیەکی سیستماتیکی دەبێتە کاردانەوەی سەرەکیی دەوڵەتی تازە دروستبووی تورکیا بەرامبەر بە کورد. ئەم فشار و چەوساندنەوە هەمەلایەن و سەختە، لە کۆتایی سییەکانەوە تا سەرەتای ساڵانی شەست جۆرێک لە بێدەنگبوون و تەسلیمبوونی ڕێژەیی بە فشارەکانی دەوڵەت و بە سیاسەتی تواندنەوە و نکوڵیکردن لە بوونی کورد، دروست دەکات. لێرە و لەوێ ئەم یان ئەو نووسەر، شتێک لە بەرگریی شەخسیی نیشان دەدەن، لەناویاندا بۆ نموونە موسا عەنتەر، بەڵام شتێک بەناوی بەرگرییەکی ڕێکخراو و سیستەماتیکەوە بوونی نامێنێت.
لە ساڵانی شەستەوە، بە تایبەتی لەناو ڕیزەکانی چەپی تورکی دا، مەسەلەی کورد جارێکی دیکە زیندوو دەبێتەوە، بەڵام نەک وەک مەسەلەی بوونی نەتەوە و ئیتنییەکی جیاواز کە لەسەر ئەو بنەمایە خوازیاری مافی ئیتنیی و نەتەوەییە، بەڵکوو وەک مەسەلەی دواکەوتن و پشتگوێخستنی ئابووریی بەئەنقەستی ناوچە کوردییەکان، کە پێشخستنیان لە ڕووی ئابوورییەوە چارەسەری مەسەلەکەیان، دەکات. بە مانەیەکی دیکە چەپی تورکی مەسەلەی کورد مەسەلەی نەتەوەیەکی جیاواز نابینێت و مامەڵە ناکات، بەڵکوو وەکوو کێشەی پشتگوێخستن و دواکەوتنی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ناوچە کوردییەکان وێنا دەکات.
ئەوەی لەم قۆناغەدا دەگۆڕێت گۆڕانی بکەرە سیاسییە بەرگریکارەکانە. لە ساڵانی شەستەوە سەرکردایەتیکردنی بەرگریکردنی کورد بەرامبەر بە دەوڵەتی تورکی دەکەوێتە دەستی هێزە چەپە شارییەکان. لە ساڵانی هەفتادا خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی تورکیا دا هێدی هێدی دێنەپێشەوە و لە دوا دەرەنجامدا لە چەپە تورکەکان جیا دەبنەوە. ئەم خوێندکارانە زیاتر پێ لەسەر ناسنامەی ئیتنیی و نەتەوەیی سەربەخۆی خۆیان دادەگرن و کوردستان وەک خاکێکی داگیرکراو، نەک وەک بەشێک لە تورکیا، وێنا دەکەن. لەگەڵ لەدایکبوونی تێزی «داگیرکردنی کوردستان» و مامەڵەکردنی کوردستان دا وەک دۆخی کۆڵۆنیالکردنی خاکی نەتەوەیەکی جیاواز، خواستە سیاسییەکانی ئەم نەوە تازەیە، لە داواکردنی ھاووڵاتییبوونی یەکسانەوە لەناو تورکیا دا دەگوازرێتەوە بۆ مەسەلەی ”ڕزگاری نیشتیمانیی“ و دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ. ئەم خۆجیاکردنەوەیەی چەپە کوردەکان، لە چەپی تورکیی و خۆڕێکخستنیان لە ئۆرگانی سەربەخۆدا، ئەو کارەیە کە پە#کە#کە لە ١٩٧٨دا بە کردەوە ئەنجامی دەدات. لەگەڵ دروستبوونی پە&کە&کە دا سەرکردایەتی خەباتکردن بۆ مەسەلەی کورد دەگوازرێتەوە بۆ قوتابیان و دەرچووانی زانکۆ، کە زۆرینەیان لە خێزانە ھەژارەکانەوە هاتوون.
لە ١٩٨٤ ەوە پە@ک@ەکە بڕیاری خەباتی چەکداریی لە باکووردا دەدات و ئەم جۆرە خەباتە دەبێتە ئامرازی ژمارە یەک و ژمارە و دوو ژمارە سێی بەرگریکردن لە تێزی کوردستان وەک نیشتیمان و خاکێکی داگیرکراو. وێناکردنی کوردستان خۆیشی، بە هەر چوار پارچەکەیەوە وەک یەک نیشتیمانی کۆڵۆنیاڵکراو کە پێویستە لە دەوڵەتێکی دیموکرات و سۆسیالیستی یەکگرتوو و سەربەخۆدا یەک بگرێتەوە، دەبێتە وێناکردنی سەرەکیی. مانیفێستی پە*کە*کە کە عەبدوڵا ئۆجەلان لە ١٩٧٨ دەینووسێت باسی ڕزگارکردنی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکراتی سەربەخۆ لە کوردستان دا دەکات بە یەکگرتنەوەی ھەموو پارچەکانەوە لەگەڵ یەکدا. خەباتی چەکداریش ئامرازی سەرەکی ئەم پرۆژەیە.
ساڵانی نەوەدیش، ساڵانی دوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد و هاتنەکایەی نەزمێکی جیهانی جیاوازە، ساڵانی دروستبوونی چەند گۆڕانکارییەکی گرنگیشە لەناو ستراتیجیەتی کارکردنی پە&کە&کە دا. دەکرێت لەم ساڵانەدا قسە لە هاتنەکایەی چوار ستراتیجی نوێ بکەین:
یەکەم: دروستکردنی پارتی سیاسیی کوردیی فەرمی لەناو تورکیا خۆیدا و بەشداریکردنی ئەم پارتانە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی تورکیا دا. واتە کرانەوەیەکی ڕێژەیی کایەی سیاسیی لە تورکیا دا، تا ئەو شوێنەی بکرێت پارتی کوردیی یان زۆر نزیک لە کوردەوە دروست بکرێت.
دووەم: خۆڕێکخستن لەناو کوردانی ئەوروپا دا و کارکردنی بەردەوام بۆ چالاککردنی کۆچبەرانی کورد لە شارە گەورەکانی ئەوروپا دا.
سێیەم: پەنابردنی زیاتر و شێلگیرانەتر بۆ بەکارهێنانی میدیای جەماوەریی، ماس میدیا، کە لە دروستکردنی مێد تی ڤی لە ١٩٩٥دا یەکەمین دەرکەوتی جددیی دەردەکەوێت. دواتر ئەم دۆخە گەشەی زیاتر و زیاتر دەکات.
چوارەم: پەنابردن بۆ دانووسان لەگەڵ حکومەتی تورکیا دا.
ئەم دۆخە تازەیە و هاتنەکایەی ئەم ئەگەرە تازانەی خەباتکردن وا لە پەکەکە دەکەن لە ساڵانی نەوەدەوە چەندان جار یەک لایەنە بڕیاری ئاگربەست بدات. پە^کە^کە لەم ساڵانەدا بەشێوەیەکی یەکلایەنە شەڕ ڕادەگرێت: ١٩٩٣، ١٩٩٥، ١٩٩٨، ١٩٩٩، ٢٠٠٤، ٢٠٠٩.
گۆڕانێکی تری ساڵانی نەوەد لەوەدایە کە پەکەکە واز لە تێزی داگیرکردنی کوردستان و دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە هەر چوار پارچەکەدا دەهێنێت و لەباتی ئەوە داوای چارەسەرکردنی مەسەلەی کورد لەناو تورکیا خۆیدا دەکات.
ساڵانی نەوەد، هاوکات ساڵانی گۆڕانی گەورەیە لە شوێنی خەباتکردندا. لەپاڵ خەباتی چەکداریی لە شاخەکانی کوردستان دا، هاوکات گرنگیدان بە خەبات لەناو شارە کوردییەکان و شارە تورکییەکان دا دێتەکایەوە. بەھۆی ڕاگواستنەوەی ژمارەیەکی گەورە لە خەڵکی کوردستانـەوە بۆ شارە تورکییەکان، لەوانەش بۆ نموونە بۆ ئەستەنبوڵ، ئەم ئەگەرە بەهێز و گوڕێکی گەورەوە، دێتەکایەوە. ئەمە جگە لە شارەکانی ئەوروپاـش، بە ھۆی ئامادەگیی ژمارەیەکی گەورەی کۆچبەرانی کورد لە ئەوروپا دا.
هەموو ئەمانە وادەکەن «مەسەلەی کورد» لە هەموو ئاستەکانیدا لە هەرکاتێک زیندووتر و ئامادەتر بێت، بەڵام سەرجەمی ئەو کێشانەش هەر ئامادەبن کە ژێرخانی دروستبوونی «مەسەلەی کوردن» لە سەدەی بیستەمدا. بۆ نموونە، تا ئەم ساتەش ناوچە جیاوازەکانی باکوور لەڕووی ئابوورییەوە دواکەوتوو و پشتگوێخراون. ناوچە کوردییەکان زۆنێکی گەورەی شەڕ و پێکدادانی خوێناوین و ڕووبەرێکی گەورەی ئەو ناوچانە تەواو میلیتاریزە کراون و لە هەندێک ڕووەوە سەربازگەیەکی گەورەن. ئەوەی لە ئێستادا هەیە و ڕوودەدات درێژکراوەی هەمان ئەو ستراتیجییە سەربازییانەی مامەڵەکردنی مەسەلەی کوردە کە لە ناوەڕاستی ساڵانی ھەشتاوە لەئارادایە، بەڵام بە توانایەکی گەورەتری تەکنۆلۆجیای کوشتن و وێرانکردنەوە.
هاوکات لە ساڵانی نەوەدەوە تا ئەمڕۆ ھەزاران گوندی ناوچە کوردییەکان ڕووخێنراون و زیاد لە دوو ملیۆن کەسیش ناچار بە ڕاگواستنی بەزۆر، کراون. لە دوای ٢٠١١ـەشەوە ژمارەیەکی زۆری پەناھەندەی سووریا، کە زۆربەی هەرە زۆریان عەرەبی سوننەن، براونەتە ناوچە کوردییەکانەوە و لەوێدا نیشتەجێ کراون.
دواهەمین ڕووداوێکی گرنگ لە ساڵانی نەوەدا ڕووبدات فڕاندن و گرتنی “ئۆجەلان”ـە لە ١٩٩٩دا. سەرەتا بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەر دەکرێت بەڵام لەژێر فشاری ئەوروپا دا ئەو سزایە بۆ سزای زیندانی هەتاهەتایی، دەگۆڕێت. گیرانی ئۆجەلان سەرەتای دروستبوونی قۆناغێکی تازەیە کە بە گۆاڕنی ئایدیۆلۆجی ئۆجەلان خۆی دەست پێ دەکات و لە ٢٠٢٥دا بە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداریی و خۆهەڵوەشاندنەوەی پە(کە)کە، دەگات.
لەدوای دەستگیرکردنییەوە لە ١٩٩٩دا ئۆجەلان لە زینداندا دیدگایەکی دژە-دەوڵەت و دژە-مۆدێرنەتەی کاپیتالیستی و دژە-دیموکراسیەتی نوێنەرایەتیی گەشە پێ دەدات و لە شوێنی ئەوانەدا داوای ڕزگارکردنی جیهان لە کاپیتالیزم و لە سیستەمی دەوڵەت-نەتەوە و لە لیبرالیزمی سیاسیی دەکات. دروستکردنی شارستانیەتێکی تەواو تازەو جۆرێکی تەواو جیاواز لە مۆدێرنبوون، وەک چارەسەر نمایش دەکات. لەمەشدا ئەو تەنها بە دروستکردنی کۆمارێکی دیموکراتیی ڕازی نابێت، بەڵکوو داوای کۆنفیدرالیەتی دیموکراسیی دەکات.
سادەترین ڕەخنەیەک بکرێت لەم دیدگا تازانەی ئۆجەلان بگیرێت ئەوەیە کە پەیوەندییان بە «مەسەلەی کورد» و «توانا ناوەکیی و دەرەکییەکانی» کۆمەڵگە و خەڵکی کوردستانـەوە نییە. دامەزراندنی «مۆدێرنەیەکی تازەی بێ کاپیتالیزم»، ئەرکێک نییە نەتەوەیەکی بچووک و لاواز ئەنجامی بدات یەک سەدەیە نکوڵی لە بوونی دەکرێت. شەڕی کاپیتالیزم نە بە کورد دەکرێت و نە لە گوند و شارە تەریک و دواکەوتوەکانی کوردستانـەوە ئەنجام دەدرێت. «مۆدێرنەی ناکاپیتالیسیتی» پرۆژەیەک نییە لە توانای میللەتی ئێمەدا بێت و ئەرکێکیش نییە بە خەڵکی کوردستان بسپێردرێت. کۆتاییهێنانیش بە «دەوڵەت-نەتەوە» و دۆزینەی ئەلتەرناتیڤ بۆ دەوڵەت-نەتەوە، دیسانەوە کاری نەتەوەیەک نییە سادەترن مافی نەتەوەیی و نیشتیمانی لێ زەوتکراوە، لەناویاندا بۆ نموونە تەنانەت مافی ناوانانی منداڵەکەت بەو ناوەی کە خۆت دەتەوێت، هتد.
لەسەردەمی هاتنەسەرحوکمی ئەردۆغان و ئاکاپەوە، بە تایبەتی لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٥دا، کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لە پەیوەند بە مەسەلەی کورد هاتوونەتە ئاراوە، کە قابیلی لەسەر ڕاوەستاندن و باسکردنن. لە بەشی داهاتووی ئەم باسەدا لەسەر ئەم بابەتە دەوەستم.
بۆ ئێستا دەکرێت جارێکی دیکە ئەو خاڵە وەبیربهێنینەوە کە مەسەلەی کورد لە تورکیا دا لە ساڵانی نەوەدەوە لەناو دوو کەلەپووردا کار دەکات. یەکەمیان، کەلەپووری خەباتی چەکدارییە. دووەمیان، کەلەپووری خەباتی پەرلەمانی و مەدەنییە. پە*کە*کە لەچەند هەفتەی ڕابردوودا یەکەمیانی وەستاندوە و بەتەواوەتی ڕووی لە دووەمیانە. ئەمەش ئەگەری گۆڕینی باکووری لە زۆنی شەڕەوە بۆ زۆنی ئاشتی تێدایە.
لەبەشی داهاتوو و کۆتاییدا، لەسەر ئەم مەسەلەیەش دەوەستم.
تێبینی: ئەم وتارە لە فەیسبووکی مەریوان وریا قانیع وەرگیراوە، بەڕەزامەندی نووسەر.