ئیبراهیم شێخ وەسانی
بەشی یەکەم
هەوڵێک بۆ سادەکردنەوە و تێگەیشتن لە چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پە#کە#کە لەژێر کاریگەریی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان. جارێ هەر لەسەرەتاوە بۆ ئەوەی لە چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پە#کە#کە لەژێر کاریگەریی عەبدوڵا ئۆجەلان و پەیامەکەی تێبگەین، دەبێت ئەوە بزانیین تاوەکوو ئەوڕۆکە پارادۆکسێک لە فیکری ئۆجەلان و ڕەوتی پە#کە#کە هەبوو، ڕوونتر بڵێیین دوو جۆر ئۆجەلان هەیە:ئۆجەلانی تیوری (فیکری) وئۆجەلانی پراکتیکی، کەجەکە (KCK).
ئۆجەلانی فیکری کە خۆی لە کتێبەکانی ئۆجەلان دەبینێتەوە، ناسنامەیەکی نێونەتەوەیی/ئینتەرناسیونالی هەیە، کەچی ئۆجەلانی پراکتیکی (کەجەکە) ناسنامەیەکی کوردستانیی هەیە.
ئەوڕۆکە دەوڵەتی تورکیا بە جەبری گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانی، کێشەیان لەگەڵ تێز و فیکری ئۆجەلان نییە بەڵام کێشەیان لەگەڵ ئۆجەلانی پراکتیکی هەیە. بۆیە بابەتەکە تەنها پەیوەندی بە چەکداربوون و چەکدانانی پە#کە#کە نییە. ڕوونتر بڵێم ئەوەی کە دەبووایە لەسەر خواست و داواکاری تورکەکان ڕووبدات، تەنها چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پە#کە#کە نییە، بەڵکو هەڵوەشانەوەی سیستەمی کەجەکەیە چونکە کێشەیان لەگەڵ ناسنامەی کەجەکە دا هەیە. پرسیارەکە ئەوەیە، کەجەکە چییە؟ بۆچی تورکەکان کێشەیان لەگەڵ ئەو سیستەمە هەیە کە دروستکراوی ئۆجەلانـە؟
کەجەکە کورتکراوەی “کۆما چڤاکێن کوردستانێ”یە، لە ناسنامەی کەجەکە دا کوردستان وەک جوگرافیا بوونی هەیە، ئەمەش گرفتەکەیە، تورکیای ئێستا کێشەی لەگەڵ کورد نییە بەڵکوو کێشەی لەگەڵ کوردستان وەک جوگرافیا هەیە.
ڕەنگە هەر کوردێک، کە دەیەوێت پرسی کورد لە ڕێگەی دروستکردنی دەوڵەتەوە چارەسەر بێت، بپرسێت ئەدی ئۆجەلان چۆن ئەمەی قەبوڵکرد؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە ئەوە ئەوڕۆ نییە کە ئۆجەلان لەگەڵ چارەسەری پرسی کورد لە ڕێگای ناسیۆنالیزم، دەوڵەتی کوردی، فیدرالی یان خودموختاری نییە، کە لە دواین نامەکەی دا بەزەقی ئاماژەی پێکراوە. لەڕاستیدا زیاتر لە بیست ساڵ دەبێت، ئەو کەسە لە ڕێگای کتێبەکانی گوتوویەتی کە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ چارەسەری جوگرافی بۆ پرسی کورد نییە.
ئەوە خەتای ئۆجەلان نییە، خەتای خۆتە کە ئەرکت نەکێشاوە لە تێڕوانینی ئەو تێبگەی کە نیو سەدەیە زۆرینەی کوردی بەخۆی و بزووتنەوەکەی سەرقاڵ کردووە.
ئەوەی پێشتر بەچاوێکی بێلایەنانە ئەو کتێبانەی ئۆجەلانی خوێندبێتەوە کە لە زیندان نووسراون، دەزانێت ئەوەی لە نامەکەی ئۆجەلان گرنگە بۆ خودی خۆی و هاوفیکرەکانی دوو شتە:
یەکەم، ناسنامەی کوردبوون.
دووەم، کۆمەڵگەی دیموکراتیک.
چەمکی “کورد” سێ جار، چەمکی “کۆمەڵگەی دیموکراتیک”یش دووجار لە پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پە#کە#کە هاتبوون. بەڵام وەک زۆرێک دەپرسن، حەقی خۆشیانە، کاتێک لە نامەکەی ئۆجەلان دا هیچ مەرجێکی تێدا نییە بەرانبەر بە چەکدانان، داخۆ پرۆسەکە چۆن دەتوانێت بەردەوام بێت، چ شتێک تورکیا ناچار دەکات هەنگاوی کردەیی باوێت وپەشیمان نەبێتەوە؟
بە بڕوای من داواکاری ئۆجەلان بەلانی کەمەوە لە ئێستادا هیچ زیانێک لە بەرژەوەندییەکانی تورکیا نادات، بۆیە تورکیا هاوڕای ئۆجەلانـە بە چارەسەری ئەو پرسە بەو پڕۆسەیە.
لەلایەکی دیکەوە ڕاستە هیچ مەرجێک لە مەتنی نامەکەدا نییە، بەڵام من پێم وایە لە مەرج قورستری تێدایە، ئەویش هەڕەشەیە. ئەی هەڕەشەکە چییە؟
ئۆجەلان لە مەتنی پەیامەکەی دا بەنەرمی و بەئەدەبانە دەڵێت “تورکیا لە سەدەی دووەمی خۆیدا دەتوانێت تەنیا بە تاج لەسەرنانی دیموكراتییەكی بەردەوام و درێژەدان بە برایەتی بمێنێتەوە”، کاڵفامێکی سیاسیش دەزانی ئەوە مانای ئەوەیە ئۆجەلان بە دەوڵەتی تورکیا دەڵێت “ئەگەر ئێوە ئەوە نەکەن تورکیا هەڵدەوەشێتەوە”. ئەوەش وەک ئۆجەلان تورکەکانی لێ ئاگادار دەکاتەوە ئەگەر تورکیا پابەند نەبێت بەو پڕۆسەیە، هەڵوەشانەوەی تۆرکیا زۆر ئاسانە، ئەوکات ئەوە تەنها کاری کورد نییە خەباتی مەدەنی بۆ بکات، بەڵکوو بەیارمەتی دەرەکی دەکرێت.
لە مەتنی نامەکەدا، ئۆجەلان دەڵێت “مۆدێرنەتەی كاپیتاڵیست لە كۆتایی دوو سەد ساڵدا، پارچەكردنی ئەو هاوپەیمانییەی کە مەبەستی هاوپەیمانی کورد و تورکە كردووەتە كاری سەرەكی خۆی. کەواتە مادام ئۆجەلان و تورکیا هاوڕان لەسەر چارەسەرکردنی ئەو پرسە، بابزانیین پرۆسەکە چۆن بەڕێوە دەچێت.
لە قۆناغی یەکەمدا دوای هەڵوەشانەوەی پە#کە#کە ئۆجەلان لە دانوستانی (دان+ستاند) نێوان خۆی و دەوڵەت، کەجەکە کە شوناسی خاک و جوگرافیایی هەیە، هەڵدەوەشێنێتەوە، لە بەرانبەردا دەوڵەتی تورکیا کورد وەک ناسنامەیەک لە دەستوور قەبوڵ دەکات. لە پەرلەمان هەمواری ماددەی ٦٦ی دەستوور دەکرێت، بەجۆرێک لە جۆرەکان ئیدی کوردبوون بە یاسا تاوان نابێت. ڕوونتر بڵێم مادەکە بەجۆرێکی لێ دەکرێت کە هەموو خاوەن ڕەگەزنامەیەکی تورکیا بە ماددەی دەستووری نەبێتە تورک.
قوناغی دووەم کە لەلای ئۆجەلان ئۆبژەیە، کارکردنە بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک، کە خەباتێکی مەدەنی درێژمەودایە بۆ هەموو نەتەوەکانی تورکیا.کە لەوێوە هەناردەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بگرە هەموو جیهان، دەکرێت.
قۆناغی دووەم چۆن لە مەتنی پەیامەکە جێی کرایتەوە و دەست پێدەکات. بە باوەڕی ئۆجەلان یەکەم هەنگاو بریتییە لە دژایەتی کردنی نەتەوەپەرستییەكی توند، دەوڵەتێكی جودای نەتەوەیی، فیدڕاڵی، ئیدارەی خۆسەر و چارەسەری كولتوورییە، لەجیاتی ئەوە دەبێت هەوڵ بۆ دروستکردنی کۆمەڵگای دیموکراتیک بدرێت. ئەوەش بەشێکە لە تێز و باوەڕی ئۆجەلان، کە نە لە مەتنی پەیامەکە، نە کتێبەکانی، هیچ ئاماژەیەکی تێدا نییە کە دژی یەکپارچەیی خاکی تورکیا بێت.
بەکورتی و کرمانجی ئۆجەلان باوەڕی وایە تەنها لە ڕێگەی کوردەوە گرێی کێشەکانی ئەو ناوچەیە دەکرێنەوە، ئەوەش لەرێگەی نەتەوەسازی کۆمەڵگەی دیموکراتیک( نەتەوەی دیموکراتیک)، دەتوانیین بڵێن ئۆجەلان کورد وەک کەرەستەیەک بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بەکاردێنی.
لە فیکری ئۆجەلان دا کورد سۆژەیە، ئۆبژە نییە، وەک پێشتر گوتم کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک لای ئەو ئۆبژەیە.
بەباوەڕی من کێشەی سەرەکی لەبەردەم تێگەیشتن لە ئۆجەلان، یان ڕوونتر بڵێم ئەوانەی لێناگەڕێن لە باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەس لە فیکری ئۆجەلان تێبگات سۆرانییە پە#کە#کەیەکان و دژە پە#کە#کەیەکانن. یەکێکیان بەبێ تێگەیشتن ئۆجەلانـیان لێبووە بە دارعەساکەی پێغەمبەر مووسا، ئەوانی دیکەش تا ئەو شوێنە دەڕۆن بێژن ئۆجەلان پڕۆژەی دەوڵەتی قووڵی تورکیایە. هەردووکیشیان هەڵەن، نە ئۆجەلان و تێزەکەی وەک مووسا و دار عەساکەی پیرۆزن کە گومان لە جێبەجێکردنی نەکرێ، ڕەخنەی لێ نەگیرێ، نە پیاوی دەوڵەتی قووڵی تورکیاشە.
کەواتە بۆچی هاوفیکر و دژە سۆرانییەکان لە ئۆجەلان تێناگەن؟ هۆکاری پیرۆزکردنی ئۆجەلان لەلایەن هاوفیکرەکانی و ڕەشکردنی لەلایەن دژەکانی چییە؟ دەشێت ئەمن و هەرکەسێک هاوفیکری ئۆجەلان نەبین و پێمان وابیت ئەوەی ئەو دەیکات زیان بە دۆزی کورد دەگەینی، بەڵام ئۆجەلان خۆیەتی، تەنها لە خۆی دەچێ، کاڵفامییە پێت وابێت ئۆجەلان پڕۆژەی دەوڵەتی تورکیایە. پێموایە تێگەیشتن لە ئۆجەلان ئەوەندەش زەحمەت نییە، دەتوانم بڵێم ئەگەر دژبەران و دەروێشەکانی لێگەڕێن ئاسانە.



