سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئاشتی تورک

جەلیل ئازادیخواز

ماوەیەکی گەلێک زۆر نییە پرسی پە&كە&كە و توركیا و ڕووداوێك بە ناو “پڕۆسەی ئاشتی” باكووری كوردستان دیسان بووەتە ڕۆژەڤی كوردستان و ناوچەکە و جیهان.ئەم جۆرە باس و خواستانە نوێ نییە. توركیا چەند جاری دیكەش هەوڵی داوە بە واتەی خۆیان پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ پە&كە&كە سازكەن.ئەوەی گرنگە ئەمجارە لەبری ئەوەی پە&كە&كە وەك ساڵانی پێش یەك لایەنە بڕیاری ئاگربڕبدات، یان وەك پڕۆسەكانێ پیشتر لە جۆرە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ تورك باس و خواستی چەكدانانی پە&كە&كە بكەوێتە ڕۆژەڤەوە ئەوە توركیایە کە پێویستی بە ئەم ڕەوەندە هەیە. ئەم بابەتانەی كردۆتە باسی گرنگی ڕۆژ، لەلایەكی ترەوە پێش هەر باس و بابەتێ ئەوە “ئۆجەلان”ـە كە پێشاوپێش بڕیاری هەڵوەشانەوەی پە&كە&كەی داوە و لە پەیامێكا داوا لە قەندیل دەكات چەك دانێت و پە&كە&كە و هەموو چڵ و بەریان و ڕێكخراوەكانی خۆی هەڵوەشێنێتەوە. بۆ هەر جۆرە خوێندنەوە و شرۆڤەیەكی ئەم پەیامە و ئەم دۆخە، سەرەتا دەبێ دوو بابەتمان لا ڕوونبێت. یەكەم، ئەم ڕەوتە كردەیەكی سیاسییە و هیچ خوێندنەوەیەكی ئایدلۆجی و گۆڕانێكی پارادایمی لە پشت نییە، چ لەلایەن  ئۆجەلان، چ لەلایەن تورکەوە. دووەم، دەبێ بزانین ئەم ڕەوت و دۆخە پێشت دەستی و پێشنیاز و ویستی توركە نەك پە&كە&كە و كوردستانیان. ئەم بابەتە بڕیارێكی كوتوپڕ نییە و زەمەن و بیركردنەوەی تاكتیكی توركی لەپشتە و كۆ هۆكارێكێ هەرێمی و جیهانیی لەپشت ئەم بڕیارەی تورکەوە هەیە.

هۆكارەكانی ئاشتی و ویستی تورکیا

پێش هەڵگرسانی شەڕی ٧ی ئۆكتۆبەری ٢٠٢٣، ئیسرائیل و ئەمریكا سەرقاڵی داڕشتنی پڕۆسەیەكی بەرفراوانی گرنگبوون كە گۆڕانی هەراوی سیاسی و جیۆپۆلۆتیكی لێدەكەوتەوە و دەكەوێتەوە، ئەگەر بەئەنجام بگات. توركەكان بەپێی نزیكیان لە ئەوروپا و ئەمریكا ڕەنگە زووتر لە دیتران بەم پڕۆژەیان زانیبێت. شەڕی ٧ ئۆکتۆبەر لەڕاستیدا هۆکارێکی بەهێزبوو بۆ هاتنەپێشەوەی ئەم پڕۆژە و دەستبەکاربوونی. کاتێ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕازی پڕۆژەکەی درکاندوو نەخشەی ڕۆژهەڵاتی نوێی نمایش کرد، ئیتر گومان نەما کە ئیسرائیل نیازی ئەنجامدانی هەیە و زۆر ڕژدە لەسەری. لەڕاستیدا ئەم پڕۆژە هێندەی پڕۆژەی ئیسرائیل‌ـە هێندە پڕۆژەی ئەمریکا نییە و نەبووە هەر لەسەرەتاوە. گومانی تێدا نییە ئیسرائیل بێ ئەمریکا ئەم پڕۆژەیەی بۆ ئەنجام نادرێت و یان ئێجگار ئەستەم بۆی جێبەجێ دەکرێت.

دەبێ وەبیر خۆمانی بێنینەوە، کە پاش هاتنی دۆناڵد ترامپ ئەم پڕۆژە بەشێوەیەکی  جددی کەوتە بەر چاو و دەست کرا بە ئەنجام دانی. لەڕاستیدا ئیسرائیل بە قۆزتنەوەی شەڕی حەماس بۆ خۆی دەرفەتە زێڕینەکەی بەدەستهانی بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسیە ئەمنییەکانی سەرخۆیی و ئەنجامی پڕۆژەکە بەخێرای دەرکەوت.

هەموو لێکدانەوەکان وابوو کە ئیسرائیل بە لەبەریکهەڵوەشانەوەی سەربازیی حەماس ڕازی دەبێت و دەست بۆ بازنەکانی تری ئەم هەڕەشە ئەمنییانەی تری سەرخۆی نابات. لەڕاستیدا ئیسرائیل لەسەر سێ ئاست هەستی بە هەڕەشەی ترسناک لە سەر بوون و مانەوەی خۆیی دەکرد. ئاستی نزیک و یەکەم حەماس بوو، کە چارەنووسی دەزانین و ئیسرائیل نەک توانی ئەم هەڕەشە لەسەر ئاستی سەربازی لێکهەڵوەشێنێ بەڵکوو توانی لەسەر ئاستی سیاسیش ئەم مەترسییە هەڵوەشێنێتەوە. بازنەی دووەمی ئەم مەترسییە، کە گەورەتر و ترسناکتر بوو بۆ ئیسرائیل بریتی بوو لە حیزبوڵای لوبنان. زۆر بوون ئەوانەی وایان بیردەکردەوە کە هەرکات حیزبوڵا بەشێوەیەکی جددی بکەوێتە بەر هێرشی لێکهەڵوەشانەوەی ئیسرائیل ئێران بێدەنگ نابێت و ڕاستەوخۆ دێتە ناو شەڕەکەوە. دەرئەنجام دەری خست کە وانییە. هۆکاریشی زۆرن وەک ئامادەیی فراوانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ترس لە هاتنەناوەوەی بۆ ئەم شەڕە. دۆخی ئابووریی و ناوخۆی ئێران خۆی، توانایی سەربازیی و تەکنیکی و هێرشبەری ئیسرائیل خۆیی.

زۆربوون کە  دەیان گوت ئیسرائیل دەست بۆ سەرانی حیزبوڵا نابات و خۆی لە شەڕێکی گشتگیر لەگەڵ ئەم حیزبە دەپارێزێ، بەڵام کۆی ئەو خوێندنەوانە هەڵە بوون. ئیسرائیل نەک تەنیا سەری ئەم حیزبەی کوشت، بەڵکوو جێگر و جێگرەوەی جێگریشی کوشت. هێندە بە وردی دزەی کردبووە ناو تۆڕی هەواڵگری و ئاسایشی ئەم هێزە، توانی لە ماوەیەکی یەکجار کەم دا بیخاتە سەر چۆک، لە کۆی ڕەهەندەکاندا. بازنەی سێیەمی ئەم مەترسیی و هەڕەشە بنەمایانە کە بوونی وڵاتی ئیسرائیل دەخەنە دۆخی نەمانەوە و سەرچاوەی دوو بازنەی پێشترە واتە ئێران. ئێران لە هەرێم و جیهاندا وەک هێزێکی گرنگی ناوچەیی خاوەن هێزو توانای شیاوی ڕامانی سەربازی و چەک وێنا کرابوو، کە ئەگەر ڕاشکاوبم دەتوانم بڵێم؛ ئەمریکاش خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی دوور دەگرت. ئیسرائیل بە هۆشیاری و هێز و پڕۆژە، بەڕاستی ساتمە و سەرسمێکی گەورەی بە ئێران و هەموو هاوپەیمان و نوێنەرەکانی دا لە کۆی جیهان و ناوچەکەدا و سەلماندی وانییە و بەشێوەکی بنەمایی و بەرچاو هاوکێشە و کۆی بیردۆزەکانی ئەم بابەتەی گۆڕی. ئیسرائیل هەنووکەش لەم مەترسییە ڕزگاریی نەبووە. ڕوونە ئێران بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم شکانە هەوڵەدا هەرچی زووتر دەستی بگاتە چەکی ناوکی و ئەم ڕاستییەش هەموو جیهان و ئیسرائیل‌ـیش دەیزانێ. لێرەوە دەتوانین بڵێن؛ فازێکی تری ئەم پڕۆژەیە هەڵوەشانەوەی یان لاوازکردنی ئێرانە تا ئاستی دەستەمۆکردنیەتی.

ئیسرائیل بۆ گەشتن بەم ئەنجامە و زامنکردنی ئاسایشی نیشتمانی خۆیی بۆ هەمیشە و بە شێوەکی شیاوی ئەرخایەن دەبوو وە دەبێ سوریا بگۆرێت و خۆی بگەیەنەتە سنوری باکووری کوردستان.

ئەم هەنگاوە هەنووکە لە دۆخی ئەنجامداندایە

تورکەکان بۆ سڕکردنی ئەم هەنگاوە و پڕۆژەی ئیسرائیل بە چاودێریکردنی وردی سووریا و وێرانی سوپای ئەو وڵاتە و کشانەوەی هێزەکانی حیزبوڵا و ئێران و هەندێ بدەوبسێنەی تر پێشدەستیان کردو “جۆلانی”ان کردە فەرماندەی سووریا. ئەم هەوڵەی تورک لە کۆتا وەختا بۆ زەمەنێکی نێوەند مەودا دەتوانێ زەبر بێت لە ئیسرائیل و پڕۆژەکەی، بەڵام درێژخایەن ئەمەی بۆ ناچێتەسەر، بە کۆ هۆکارێ کە لێرە باس ناکرێن.

بەهەستکردن بەم گۆڕانە و ئەم هۆکارانەی خوارەوە تورکەکان داوای ئاشتی بێدەسکەوت دەکەن. هەتا پێش هاتنەوەی ترامپ بۆ ئەوانەی چاودێری ئەویان دەکرد و پڕۆژەی ٢٠٢٥ ئەویان خوێندبووەوە، دەزانرا نێوانی ئەوروپا و ئەمریکا دووریەک بەخۆییەوە دەبینێ و دەبێ چاوەڕوانی وەرزێکی نوێ بین لە پەیوەندی نێوان ئەم دووانە، کە کەمترین ئەنجامی هەڵوەشانەوەی ناتۆ یان لانیکەم لاواز بوون و کەم بەهابوونی ئەم هاوپەیمانییە، کە لە هەردوو دۆخەکەدا تورکەکان زۆرترین زیان دەکەن. تورکیا لە مێژوویی سیاسی خۆیدا زۆرترین سود و کەڵکی لەم خاڵە بردووە، هەروەها زۆر ملهوریی و باجگیر و یاغیگەریشی هەر بەم بابەتەوە کردووە. ئەم ئیمتیازە، ئەوروپیەکان بە تورکییەیان نەداوە، ئەمریکا داویەتی، ئەوروپا بەمێژوو وە بەکردەی تورک هیچکات مەیلیان لە تورکیا نەبووە بۆشیان جێگای متمانە نییە و نەبووە.

دانوسانی ئەمریکا و ڕووسیا یەکێکی تر لەو هۆکارانەیە کە لە بەرژەوەندی تورکەکان نییە. ئەمریکییەکان بەو دانووسانەی لەگەڵ ڕووس دەیکەن و بەو ئیمتیازانەی کە ڕەچاو دەکرێت بە ڕووسەکانی بدەن، چەند خاڵ دەخوازن بەدەست بێنن. دوورکردنەوەی ڕووس لە چین کە گەورەترین ویستی ترامپ‌ـە. تەریککردنەوەی ئێران و بێ پارێزبەندی مانەوەی. دەسکراوەیی ئیسرائیل و نەتانیاهۆ. لەم دۆخەدا هەتا ئەگەر ناتۆیەکی ئەوروپی پێک بێت، کە دوورنییە، ئەم ناتۆیە جێگەی بڕوا نییە کە تورکیای تیدابێت. باشترین دەرفەتی تورک ڕووسیایە. ڕووسەکان بە سروشت و بەرژەوەندی دژی ئیسرائیل ناوەسنەوە. تەنیا وڵاتێ کە نەچوو بە هانای ئۆکراینا، ئیسرائیل‌ـە، بیرمان نەچێت. ئەگەر تورکەکان سەربەخۆش بمێننەوە لە سووریا و جیهانی ئیسلام دا بەر وڵاتانی عەرەبی دەکەون لە جیهانی عەرەب و ئیسلام دا بەتایبەتی عەرەبستان. ترامپ عەرەبستانی لە هەر وڵاتێکی تری جیهانی ئیسلام و عەرەب لاگرنگترە. هەمووان وایان دەزانی یەکەم دانیشتنی ڕووسیا و ئەمریکا لە ئەنقەرە دەبێت، بەڵام دیمان ڕیاز بوو، کە ئەمە خۆیی هەڵگری زۆر ئاماژەیە. زۆرئاماژە هەن بۆ ئەم بۆچوونە، وەک ئەوەی محەمەد بن سەلمان یەکەم کەس بوو کە ترامپ پاش سوێند خواردن پەیوەندی پێوە کرد. وادیارە ڕۆڵی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئیسلامی و بەتایبەت عەرەبی سپێراوە بە عەرەبستان و ڕۆڵ سیاسی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بە ئیسرائیل.

فاکتەرێکی تازە هاتوەتە پرسی گەلانی ناوچەکە و کۆی پرسی سیاسی ناوچەکە، کە ئیسرائیل‌ـە، ئەمەش بۆ تورکەکان قبوڵکراو نییە و خۆیان دەزانن بەریەککەوتنی تووندیان دەبێت. ئیسرائیل دەزانی ئەگەر پشتێنەی ئاسایشی دەوێ دەبێ سەرەتا سووریا یان دابەش بکات یان بەناناوەندیی (decentralized) بکات، چوون ڕێگەی مەهارکردنی تورکەکان دابینکردنی ئاسایشی لوبنان و سووریایە و پاشان تورکەکان هەموو ئەمانە و هەندێ بابەتی دیکەش کە دەکرێ لە نووسینێکی دیکەدا بپەرژێمە سەریان.

چەند بابەتی گرنگی ناوخۆی تورکیاش هەن و ڕۆڵی گرنگیان هەیە لەم پەیوەندیەدا. گەشەی هۆشیاریی نەتەوەیی کە پە&کە&کە و کرانەوەی جیهانیی و گۆڕانکاریە هەرێمیەکان هەرکام بە نۆرەی خۆیان کاریگەریان لەسەری بووە و هەیە. فۆرمگرتنی جۆرێک لە بزووتنەوە و کۆمەڵگای سڤیلی کورد لەو وڵاتە کە بە جیا شیاوی باسکردنە. ڕۆڵی ئەو حیزبانەی کە لە باکوور بە ناوی کورد و بە هێز و ماتەوزەی کورد و بە سوودی تورکە بە ناو چەپەکان تەواو دەبێت. ئەمانە ئیتر واقعیەتێکی سیاسی گرنگ و بەرچاون. بەڕادەیەک هەر ئێستا ئەردۆغان بۆ بوونەوە بەسەرۆکی تورکیا و دەسکاری کردنی یاسای بنەڕەتی (دەستوور) یەکجار و زۆر و ستراتیجیک پێویستی بە دەنگی کوردانە. یەک لە خاڵەکانی ئەم ئاشتیخوازیە دەتوانێ ئەمە بێت.

لە ڕووبەرێکی دیکەدا ئەگەر سەرنجی دۆخی شەڕی تورک و پە*کە*کە بدەین بەڕوونی دەزانین نە تورک توانیویەتی پەکەکە  لەناوبەرێت و بێ کاریگەری بکات وەک خۆیان دەڵێن، نە پەکەکەش توانیویەتی تورک دووچاری شکان و پاشەکشە بکات. بە جۆرێ دەتوانین بڵێن؛ هەردوولا لە دۆخی بەرەنگاری دان بەتایبەتی پەکەکە. کەوابوو هەڵوەشانەوەی سەربازیی پە*کە*کە لە ئێستادا بۆ هێندە بۆ تورکیە گرنگە؟

من پێموایە و زۆر گوتوومە و ئێستاش دەیڵێمەوە، تورکیا ئەم نامەی “ئۆجەلان”ی هێندە بۆ ڕۆژئاوا دەوێت بۆ باکووری ناوێت و بەو ئاستەلای گرنگ نییە. ڕووداوەکانی داهاتوو ڕاستی و ناڕاستی ئەم بابەتە دەردەخەن. هەڵقەی پەیوەندی کورد و گۆڕانەکانی ناوچە و ئیسرائیل ڕۆژئاوایە، تورکیا دەیەوێ ئەم هەڵقە ببچڕێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO