دەڤەر سەلام
لە ڕۆژی ١٢ی ٥ی ٢٠٢٥ دا پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایگەیاند کە لە ڕۆژانی ٥-٧ی مانگی پێنجدا کۆنگرەی خۆیان لە دوو شوێنی جیاواز بەستووە و بڕیاری کۆنگرەکە بریتیە لە چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پارتەکە، هەڵسەنگاندنی کۆنگرەی پەکەکە بۆ دەقگرتنی پڕۆسەی ئاشتی (پڕۆسەی ئاشتی لە دیدی پەکەکە و پڕۆسەی کۆتاییهێنان بە تیرۆر لە دیدی ئەردۆغان و باخچەلی) پێویستە لە ڕوانگەی جیاوازەوە بخوێنرێتەوە و هەڵوێستەی لەسەر بکرێت، تاوەکو خوێندنەوەیەکی بابەتی بۆ بکەین، خوێندنەوەی دروست و هەڵسەنگاندنی گونجاویش خۆی دەبینێتەوە لە چەند پرسیارێک کە ئەمانەن:
ئایا سروشتی کێشەی بنەڕەتیی کورد چییە لەناو تورکیادا؟ لە چ بارودۆخێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا پەکەکە باس لە چەکدانان دەکات؟ دەستپێکی ئەم پڕۆسەیە چۆن بوو و ئێستا لە کوێدایە؟
پاشان لە ئەنجامگیری هەموو ئەم پرسیارانەوە، بگەینە وەڵامێک کە ئایا چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی، ئاشبەتاڵە یان خۆنوێکردنەوە؟
١. سروشتی کێشەی کورد چییە لەناو تورکیادا؟
سروشتی کێشەی کورد لەناو تورکیادا، هاوتای کێشەکەی لە چوارچێوەی عێراق، ئێران و سوریادا خۆی دەبینێتەوە لە نەبوونی دەوڵەت، پاش سایکس-پیکۆ کورد لە ناوچەکەدا وەکو نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت و وەکو تاکە ئەزموونی دابەشکردنی نەتەوەیەک بەسەر چوار دەوڵەتدا، لە جیهاندا کێشەکەی چوارچێوەی گرت، بە درێژایی مێژووی دوای سایکس-پیکۆ سەرجەم شۆڕشەکانی کورد لە باکوور و پارچەکانی دیکە خۆی بینیوەتەوە لە داواکردنی دەوڵەت یان جۆرێک لە خۆبەڕێوبەری، کە جیاکاری بە ناوچەکانی بدات لە چاو دەوڵەتە ناوەندییەکانی کە کوردیان بەسەردا دابەشکراوە، هیچ کام لە ئەزموونی شۆڕشەکانی ڕابردووی کورد داواکاری نەبووە بۆ بە دیموکراتیکردنی دەوڵەتی ناوەندی، بەبێ داواکردنی پێدانی خۆبەڕێوەبەرییەک بە کورد، لە قۆناغێکدا کورد داواکەی بریتی بوو لە سەربەخۆیی و گەیاندیشیە کۆمار بەڵام دواتر بە گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی شکستی پێهێنرا وەکو کۆماری کوردستان لە ئارارات، دەوڵەتی شانشینی کوردستان لە سلێمانی بە سەرکردایەتی شێخ مەحموود و کۆماری کوردستان لە مهاباد بە سەرکردایەتی قازی محەمەد، لە قۆناغێکی دیکەدا داواکاری کورد بریتی بووە لە ئۆتۆنۆمی وەکو سەردەمی مەلا مستەفا بارزانی، هەروەها مافی چارەی خۆنوسین و فیدڕاڵی لە سەردەمی شۆرشی نوێ و بەرەی کوردستانی، بەڵام لە ئێستادا ئەوەی کە ئێمە لە باکوور بە سەرکردایەتی پەکەکە و ئۆجەلان دەیبینین جگە لە تێکەڵکردن و تواندنەوەی کورد لەناو سیستەمی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بە هەندێ دەستکاری سادەی ناو دەستووری تورکیا کە هێشتا دەستکاریش نەکراوە، هیچی دیکە نییە.
لە بنەڕەتدا خستنە ژێر پرسیاری داواکاری شۆڕشەکانی پێشووی کورد لە چوارپارچە لەلایەن نەتەوەی دیموکراتیکی پەکەکە شیاوی ڕەخنە و دادگاییکردنێکی مێژووییە، بە تایبەت کە ئەم ڕێکخراوە دوای شەهیدبوونی هەزاران کچ و کوڕی کورد کە بۆ ئامانجی دەوڵەتێکی نەتەوەیی کوردی لە چوارپارچە خوێنیان فیدای کوردستان کرد، هاتووە لەژێر ناوی پڕۆسەیەکدا کە تورکیا پێی دەڵێت کۆتاییهێنان بە تیرۆر، ئامادەیی و دەستپێشخەری تەواوی خۆی پیشانداوە بۆ چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە. جێی خۆیەتی لێرەدا بپرسین کە ئایا ئەگەر هەرکام لە شۆڕشەکانی پێشووی کورد داواکاری بووایە بۆ قبوڵکردن و توانەوەی نەتەوەکەمان لەگەڵ عەرەب لە سوریا و عێراق، لەگەڵ فارس لە ئێران و لەگەڵ تورک لە تورکیادا، ئایا ئەو ڕێژەیەی لە نەتەوەکەمان شەهیدبووە خوێنیان بەخشیوە بە ئازادی خاکی کوردستان، شەهید دەبوون؟ ئایا کە پەکەکە لە بەیاننامەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانیدا دەڵێت ئێمە بۆ ڕەتکردنەوەی دەستووری تورکیا و سنوری تورکیا دوای پەیماننامەی لۆزان دروست بووین، لە ئێستادا سنوری تورکیا یان دەستوور چ گۆڕانکارییەکی بەسەردا هاتووە تاوەکو پەکەکە چەک دابنێت؟
٢. لە چ بارودۆخێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا پەکەکە باس لە چەکدانان دەکات؟
هەموو کەسێکی ئاگادار لە بارودۆخی سیاسی ناوخۆیی، ناوچەیی و نێودەوڵەتی، ئەو ڕاستییە باش دەزانێت کە بە چەند ڕۆژێک لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، پەکەکە لەناو جەرگەی خاکی تورکیادا چالاکییەکی کرد و وەکو موراد قەرەیڵان و سەرکردایەتی پەکەکە لەوکاتەدا ئاماژەیان پێدا بەبیر دەوڵەتی هێنایەوە کە دەتوانن دەستیان بگات بە هەموو شوێنێک لە تورکیادا، دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ و هێرشی حەماس بۆسەر ئیسڕائیل و دواتریش هێرشی پێچەوانەی ئیسڕائیل بۆسەر ئەو بزوتنەوەیە لە کەرتی غەززە کە هەتاوەکو ئێستا بەردەوامە، قۆناغێکی نوێ لە ململانێ و دابەشبوونی هێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتە ئاراوە کە دوو زیانمەندترین دەوڵەت لە ناوچەکەدا بریتی بوون لە ئێران و تورکیا، ئێران جیا لەوەی کە ڕووبەڕووی گەورەترین فشاری ئیسڕائیل و ئەمریکا بۆوە، هەموو ئەو میلیشیایانەشی کە لە ناوچەکەدا وەکو ئامڕازێک بە دەستییەوە پایتەختەکانی ناوچەکەی پێ بەڕێوەدەبردن ڕووبەڕووی هەمان فشار و توندتریش بوونەوە، جیا لە لاوازبوونی حەماس لە غەززە، ٧ی ئۆکتۆبەر لاوازبوون تا ئاستی مەرگی حیزبوڵای لوبنانی بەدیهێنا، کەوتنی ڕژێمی بەشار ئەسەد کە دەیەیەک بوو ئێران ڕێگری لە کەوتنی ڕژێمەکەی کردبوو و وەکو ئامڕازێکی کاریگەر بۆ گەیاندنی چەک بە حیزبوڵای لوبنان بەکاری دەهێنا بەدیهێنا، لاوازبوونی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق و بێدەنگ کردنیانی بەدیهێنا بەرامبەر بە ئەمریکا و ئیسڕائیل، هەروەها لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو بە ئەمڕۆ دەگات حوسییەکانی یەمەن لەژێر گەورەترین فشاری سەربازی و سیاسیدان ئەگەرچی لەچاو ئامڕازەکانی دیکەی ئێران لە هەمووان باشتر توانیویانە دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن. تا ئێرە و لەم ئاڵوگۆڕەدا ئەوەی باسکرا زیانەکانی ئێران و میلیشیاکانی بوو کە دوای ٧ی ئۆکتۆبەر گەمە سیاسییەکە بەدیهێناوە.
سەبارەت بە تورکیا، تورکیا لە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣، بە سەیرکردنی هاوکێشەکانی ناوچەکە لەوە تێگەیشتبوو کە مەیلی فراوانخوازی و هەڕەشەی دەستکاریکردنی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئیسڕائیلەوە دەرفەتی گەورە دەدات بە کورد کە لەم ئاڵوگۆڕانەدا هەلەکان بقۆزێتەوە و هەنگاوی گەورە بهاوێت لە چوارچێوەی کێشە بنەڕەتییەکەی کە نەبوونی دەوڵەت یان هەر خۆبەڕێوبەرییەکە لە سێ پارچەی ڕۆژهەڵات، باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە تورکیا ئەوسا و ئێستاش باش لەوە تێدەگات کە هاتنە ناوەوەی ئیسڕائیل بۆ سوریا و باسکردنی ناو بە ناوی کێشەی کورد لە سوریا و پاراستنی کورد تیایدا ئەگەر تاکتیک بێ، دروستکردنی ڕێڕەوی داود و گەیشتنی بە ڕووباری فورات ستراتیژی لەمێژینەی ئیسڕائیلە لە ناوچەکەدا، کە بە درێژایی مێژووی دەوڵەتی ئیسڕائیل دەرفەتی لەمە گونجاوتری بۆ هەڵنەکەوتووە تا هەنگاوبنێت بە ئاڕاستەی بەدیهێنانی ستراتیژەکەی، بە تایبەت کە ئیسڕائیل چەندین جار بە ڕوونی ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێگە نادات دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە سوریا دوای ئێران، بە تورکیا پڕ بکرێتەوە.
٣. دەستپێکی ئەم پڕۆسەیە چۆن بوو؟ ئێستا لەکوێدایە و گومانەکان چین؟
ڕەنگە بۆ هەمووان سەیر بێت بەڵام دەستپێکی ئەم پڕۆسەیە لە تەوقەیەکی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپەوە دەستی پێکرد لە ١ی ١٠ی ٢٠٢٤ لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کە داوای هاتنی ئۆجەلانی بۆناو پەرلەمان کرد و داوایکرد مافی ئومێد بیگرێتەوە بۆ ئازادییەکی سنوردار، پاشان سێ جار و لە سێ کاتی جیاوازدا شاندی ئیمڕاڵی چوونە لای ئۆجەلان، ئۆجەلان پەیامی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی بڵاوکردەوە و پەکەکەش کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی بەست لەدوای ٧٠ ڕۆژ لە پەیامەکەی ئۆجەلان، ڕەنگە تاکە نزیکبوونەوەیەک کە لە تورک بینرابێت جگە لەو تەوقەیەی باخچەلی، وتنەوەی کۆمەڵێک قسەی سواوی برایەتی کورد و تورک بووبێت، لەگەڵ ڕێگەپێدانی دەمیرتاش بە چوونی بۆ نەخۆشخانە بۆلای هاوسەرەکەی، ئەگەرنا بە ئێستاشەوە تورک و تورکیا یەک هەنگاوی فەرمی و ڕاستەقینەیان بە ئاڕاستەی بەرەوپێشچوونی پڕۆسەکە نەناوە، دووبارەی دەکەمەوە ئەو پڕۆسەیەی پەکەکە بە ئاشتی و تورک بە کۆتاییهێنان بە تیرۆر ناوی دێنێت!
ڕەنگە لە مێژوودا ئەمە یەکەمجار بێت کە بزووتنەوەیەکی چەکداری لە ماوەی ٧ مانگدا، سەرەڕای بانگەشەیەکی زۆری فەلسەفی و فکری لە دژی ئەو دەوڵەتەی بەرامبەری چەکی هەڵگرتووە کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان بکات، مێژووی بزووتنەوە چەکدارییەکانی دنیا خاڵیە لەم خێراییە لە چەکدانان بە نمونە بزوتنەوەی فارک ٩ ساڵی پێچوو تاوەکو لەگەڵ کۆڵۆمبیادا گەیشتنە ئامادەکاری بۆ زەمینەسازی چەکدانان، هەروەها ئێرلەندای باکووور لەگەڵ بەریتانیا نزیکەی ١٣ ساڵ دانوستانیان کرد، بەڵام پەکەکە بە ٧ مانگ و بە بوونی ئەدەبیاتێکی درێژی پەنجا ساڵە دەیەوێت بگات بە چارەسەر و تەنها و تەنها خۆشی هەنگاوی ناوە بۆ ئەم پڕۆسەیە، چونکە ئەردۆغان و باخچەلی چەندین جار ئەوەیان دووپاتکردۆتەوە کە دەبێت بەبێ مەرج چەک دابنێت، پەکەکەش دوای کۆنگرە تاکە داوایەک کە هەیەتی بریتیە لەوەی پەرلەمانی تورکیا یاسا دەربکات بۆ ئازادی زیندانییەکان و هەڵگرتنی گۆشەگیری ئۆجەلان.
ئەم دۆخەی هاتۆتە ئاراوە خاڵی نییە لە گومانی گەورە، ئەگەرچی دژایەتی دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ کورد، دەمێکە لەسەر زاری پەکەکە و ئۆجەلانەوە دەبیسترێت بەڵام سەرەتای ئەم باسکردنەش جێگەی گومانە بە تایبەت کە ئیسماعیل بێشکچی لە وتارێکیدا دەڵێ ئۆجەلان لە مانگی ١٢ی ساڵی ١٩٩٨ گوتویەتی: (لە تورکیا هاتینە دەرەوە و بووین بە پارت، کوردستانمان بەڕووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە و ئێستاش بەڕووی جیهاندا دەیکەینەوە و دەبین بە دەوڵەت)، کەچی لە ١٥ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ لە ئیفادەکەیدا گوتویەتی (دەوڵەتمان ناوێت، دەوڵەت شتێکی خراپە)، ئایا ئەمە سروشێکی خوداییە دوای سێ مانگ بە ئۆجەلان گەیشتووە و بۆی دەردەکەوێت دەوڵەت خراپە؟ گومانێکی دیکە ئەوەیە بۆچی ئەندامانی شاندی ئیمڕاڵی (ئەحمەد تورک و سری سورەیا ئۆندەر) لەدوای سەردانەکانیان نەخۆش دەکەون و سری سورەیا گیان لەدەست دەدات؟ ئایا بۆچی لەدوای ئەوەی ئیسڕائیل باسی گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد باخچەلی کە نمایندەی دەوڵەتی قوڵە لە تورکیا دێت و باس لە برایەتی کورد و تورک دەکات؟ ئایا بۆچی دوای گرتنی ئیمام ئۆغڵوی جەهەپە کە تاکە ڕکابەری ئەردۆغانە بۆ خەونی بوونەوە بە سەرۆک لە داهاتوودا، لێدوانەکانی ئەردۆغان بە ئاڕاستەی ئەم پڕۆسەیە چڕ دەبێتەوە؟ ئایا جێی خۆی نییە بپرسین کە دەوڵەتێک لە کاتی کۆنگرەی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەدا لە بۆردومان بەردەوام بێت و ئامادە نەبێت بۆ چەند کاتژمێرێک ئاگربەست بکات، ئەو متمانەیەتان لە کوێوە هێناوە کە لەگەڵیدا دەچنە پڕۆسەی ئاشتییەوە و پێتان وایە پابەند دەبێت؟
ئەنجامگیری:
وەڵامی ئەم پرسیارانە لە ئەستۆی ئەو کەسانەدایە کە لە بازنەیەکی نەتەوەییدا بیر دەکەنەوە و خەبات دەکەن، بەڕای من بۆ هەر کەسێکی نەتەوەیی، ئەوە ڕوونە کە ئەم گوتارەی ئێستا پەکەکە و ئۆجەلان پیادەی دەکەن کە بریتیە لە کورتکردنەوەی چارەسەری کێشەی کورد بەشێوەیەکی دیموکراسی لە چوارچێوەی دەوڵەتی تورکیا و بەڕاشکاوی دژایەتیکردنی مافی نەتەوەیی کورد کە بریتیە لە دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆخۆی، نەک هەر بەهیچ شێوەیەک ناچێتە چوارچێوەی خەباتێکی نەتەوەیی بۆ کورد، بەڵکو هەڵگەڕانەوەیە لە تەواوی ئەو ئەزموونانەی کە کورد لە شۆڕشەکانیدا هەیبووە بەرامبەر بە دەوڵەتانی داگیرکەر کە داواکردنی سەربەخۆیی و خۆبەڕێوبەری بووە، هەروەها لێدانە لە ڕۆحی بەرەنگاری کوردی کە بە درێژایی مێژوو بە نەتەوەیەک ناسراوە چەکدانان و چەککردنی بەلاوە شەرم و پەشم بووە و بە نەمانی کەرامەتی نەتەوەیی زانیووە، ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە، گرنگ نییە پەکەکە چەک دادەنێت یان نا، چەکدانان بەلایەوە تاکتیکە یان ستراتیژ، بەڵکو خەمە گەورەکە ئەوەیە، بەو نەرمی نواندنەی بۆ چەکدانان و ئەو گوتارە دژە نەتەوەییەی کە زاڵە بەسەر ڕێبەر و پارتەکەدا گەورەترین زیانی لە ڕۆحی بەرەنگاری کوردیدا، چونکە بە درێژایی مێژوو کورد لە ڕۆشنبیرەوە تا خەڵکە سادەکەی باوەڕی بە سەربەخۆیی هەبووە و دژی ژێردەستەیی بووە، بەڵام لە سایەی پەکەکەوە لە ئێستادا بە فەلسەفە و فکر ژێردەستەیی و توانەوەی لەناو دەوڵەتی داگیرکەردا قبوڵە و پێشی وایە خەبات بۆ نەتەوەکەی دەکات، ئەگەر لە وێنەیەکی گەورەتردا سەیری ئەم کردارانەی ئێستای پەکەکە و ئۆجەلان بکەین کە ئەم کردارانە تەنانەت نامۆیە بە تەواوی ئەو بزووتنەوە چەکدارییانەی کە لە مێژوودا خەباتیان کردووە بۆ ڕزگاری نەتەوەکانیان یان هەر دۆزێک کە چەکیان لە پێناودا هەڵگرتووە چونکە، بەبێ هیچ هەنگاونانێکی دەوڵەتی تورکیا، پەکەکە لە ٧ مانگدا ئاگربەست و چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی بە یەک گوژمە دەرخواردی نەتەوەکەیدا.
هەروەها بە سەیرکردنی دۆخی سیاسی دوای ٧ی ئۆکتۆبەر ئەوە بۆ هەموومان ڕوون دەبێتەوە کە لە ئێستادا باسکردن لە ئاشتی لەلایەن تورکیاوە و سەپاندنی مەرجی (بێ مەرجی) بەسەر پەکەکەدا، جیا لەوەی کە خۆکوژی سیاسییە، کوشتنی سەرجەم دەرفەتەکانی ئایندەیە، کە دەکرا بەهۆی ئاڵوگۆڕەکانی ناوچەکەو لاوازبوونی تورکیا بۆ کورد بێتە ئاراوە، هەروەها بە ناڕاستەوخۆ سەلمێنەری قسەی دژەکانی پەکەکەیە کە پەکەکەیان بە دژی ئامانجە باڵاکانی کورد لە باکوور و چوارپارچە دەزانی و پێیان وابوو ئەو بزووتنەوەیە هیچ نییە جگە لە ئەندامێکی بەرەی مقاوەمە کە ئێرانی! چونکە دوای لاوازبوونی بەرەی مقاوەمەی ئێرانی و لە زێڕینترین دەرفەتدا لە بری ئەوەی پەکەکە دەست بکات بە چڕکردنەوەی چالاکییەکانی بۆ بەچۆکداهێنانی تورکیا و سەپاندنی مەرجەکانی بەسەریدا، ئامادەیی بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان دەربڕی لە پڕۆسەیەکدا کە دەوڵەت بە کۆتاییهێنان بە تیرۆر ناوی دەهێنێت!
بۆیە لە وەڵامی هەر پرسیار و گومانێکدا کە ئاماژەم پێداوە، لە سۆنگەیەکی پوختی نەتەوەیی و قوڵبوونەوە لە ئامانجی بنەڕەتی کوردایەتی کە دامەزراندنی دەوڵەتێکی نەتەوەییە بۆ کورد دەڵێم، بەداخەوە ئاشبەتاڵە!



