سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سەردەمی سەدام حوسێن و هەڵاتن لە ئێستا

مەریوان وریا قانع

“هەڵاتن لە ئێستا” و گەڕانەوە بۆ “سەردەمێکی تر” بەشێکە لە ئاکاری کەسانێک لە کۆمەڵگای ئێمە و هەندێک لە کۆمەڵگەکانی دراوسێماندا. بە حوکمی ئەوەیش هەڵاتن بەرەو ئایندە کارێکی مەحاڵە، چونکە ئایندە لێرە نییە و ئاکارەکانیشی دیارنییە، بۆیە گەڕانەوە بۆ “رابردوو”، بۆ دواوە، بۆ شوێن و ڕۆژگارێک کە سەردەمانێک هەبووە و “لێرە” بووە، دەبێتە ئەو شوێنەی کەسانێک دەخوازن بۆی بگەڕێنەوە.

لە میسر یان لە عێراق، بە هەرێمی کوردستان‌ـیشەوە، کەسانێک هەن لە “ئێستا”ی ناشیرینی وڵاتەکەیان هەڵدێن. لە میسر بۆ سەردەمی پاشایەتی بەر لە هاتنی جەمال عەبدولناسر و بەر لە دروستبوونی ناسریزم دەگەڕێنەوە، لە عێراق‌ـیش بۆ سەردەمی سەدام حوسێن و ڕۆژگاری دەوڵەت و حوکمڕانییەکەی بەعس. بۆ ئەو کەسانە هەردوو سەردەمەکە وەک ڕۆژگارێک وێنا دەکرێن کە پێیان وایە دەتوانن شتێک لە ئاسودەیی و بەختەوەریی تیادا بدۆزنەوە. بێگومان ئەم جۆرە وێناکردنە، وێناکردنێکی دەروونیی و نۆستالجییانەیە و ئەوەی دروستی کردوون ناشیرینییەکانی ئێستایە، نەک جوانیی و باشی ئەو سەردەمانە خۆیان.

بەبێ بوونی نۆستالجیا و ئارەزووی گەڕانەوە بۆ سەردەمێکی باشتر، بە تایبەتی لە کاتێکدا ئومێد بە گۆڕانکاریی و دروستکردنی جیهانێکی باشتر لە ئارادا نەمابێت، ئەوەی بۆ خەڵکانێکی زۆر دەمێنێتەوە گیرخواردنێکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و سایکۆلۆژیی سەختە بەدەست ناشیرینیی و تاریکاییەکانی، ئێستاوە.

سەرەڕای ئەو ڕاستییە سیاسیی و دەروونییە تاڵەی سەرەوە، لە پەیوەندیدا بە ڕژێمەکەی سەدام حوسێن‌ـەوە، هەموو حەز و خواستێک بۆ گەڕانەوە بۆ ئەو دنیایەی بەعس و سەدام حوسێن لە عێراق‌ دا دروستیان کردبوو، جگە لەوەی هەڵەیەکی سیاسیی و ئەخلاقیی گەورەیە، هاوکات هێمایەکی گەورەیشە بۆ هۆشیارییەکی تەواو شێواو و بیمار، کە نازانێت ڕژێمی بەعس و حوکمڕانییەکەی سەدام حوسێن لە عێراق دا چ جەهەنەمێکیان دروست کردبوو. ئەم نەناسینەش تەنها پەیوەندیی بە کەمی زانیارییەوە نییە، بەڵکوو تاوانێکی سیاسیی و ئەخلاقییە. بە زۆر مانا نەناسینی سەدام حوسێن و ڕژێمە جینۆسایدیەکەی، بۆ هەر عێراقییەک بە گشتیی و بۆ خەڵکی کوردستان بە تایبەتی، دەچێتە قاڵبی تاوانکردنەوە بەرانبەر بە کۆی ئەو قوربانیە زۆرانەی ئەم ڕژێمە دروستی کردن.

وێناکردنی سەدام حوسێن وەک سەرۆکی وڵاتێک بە هەندێک “خراپەکاریی” و “موکەسەرات”ی تایبەتەوە، یان وێناکردنی وەک سیاسییەک بە هەندێک “نووقسانی”یەوە، دەلالەت لە بێئاگاییەکی نابەرپرسیار و ترسناک لە ئەزموونی حومکڕانیى ڕژێمەکەی سەدام حوسێن و کەسایەتییە ترسناکەکەی ئەو، دەکات.

سەدام حوسێن  یەکێکە لە خوێناویترن و توندوتیژترین و فاشیلترین حوکمڕانەکانی سەدەی بیستەمی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم پیاوە بەرپرسە لە ھەڵگیرسانی دوو جەنگی گەورە. جەنگی یەکەمیان، جەنگی عێراق-ئێران، کە هەشت ساڵ دەخایەنێت و نزیکەی یەک ملیۆن قوربانی لێ دەکەوێتەوە. جەنگی دووەمیان، جەنگی داگیرکردنی کوێت‌ـە، کە دیسانەوە ھەزاران هەزار مرۆڤی بێتاوانی تێدا دەکوژرێت.

هەنگاوی دواتری سەرکوتکردنی ڕاپەرینەکانی عێراق و کوردستان بوو لە ١٩٩١دا و کوشتنی زیاد لە دوو سەد ھەزار مرۆڤ. ڕاونانی چەندان ملیۆن کورد و عێراقی و ناچارکردنیانە بە بەجێهێشتنی ماڵ و حاڵیان و بوون بە ئاوارە لە وڵاتانی دراوسێدا.

مێژووی سیاسیی سەدام حوسێن خۆیشی مێژووی لەناوبردنی یار و نەیارە بە شێوەیەکی سیستەماتیکیی و پلان بۆ دانراو. ئەم مێژووە بە پاکسازیی و تەسفیاتی ناوەکیی ناو حیزبی بەعس خۆی دەست پێ دەکات. کوشتن و گرتن و ڕاوانانی ژمارەیەکی گەورە لە هاوڕێ و هاوکارە بەعسییەکانی خۆی لە ڕووداوە سەرەکییەکانی ناو مێژووی حیزبی بەعس خۆیەتی لە سەردەمی سەدام دا. ئینجا لێدان لە هاوپەیمانە شیوعییەکان و  گرتن و کوشتن و ڕاونانی دەیان ھەزار ئەندامی حیزبی شیوعی عێراق. ئەمە جگە لە بەبەعسیکردنێکی تەواوی دەزگاکانی حوکمڕانیی و دەوڵەت و جیهازی بیرۆکراسیی لە وڵاتەکەدا. لە کۆتاییشدا بەخێزانیی و  بنەماڵەیکردنی دەسەڵاتی سیاسیی لە وڵاتەکەدا. لە هەموو ئەمانەشدا فۆبیا و گرێ دەرونییەکانی  سەدام حوسێن خۆی دەبوون بە یاسا و بە پاڵنەری سەرەکیی ڕووداوەکانی ناو وڵاتەکە، بەبێ بوونی هەرە هەرە کەمی توانای لێپرسینەوە و سنووردانان بۆ ئەو سایکۆلۆجیا شێواوە.

لە پەیوەندیدا بە کوردەوە سەدام حوسێن تاوانبارترین دەسەڵاتداری ناو مێژووی کوردە لە عێراق دا. کوشتن و گرتن و ڕاوانانی دەیان هەزار کورد، لە سێدارەدان و گواستنەوە و دەرکردنیان، پەلاماردانی دەیان ناوچەی کوردستان بە چەکی کیمیاوی و چەکی کۆمەڵکوژ ڕووکارە هەرە سەرەکییەکانی مێژووی ئەم ستمەگەرەیە بە کوردەوە. گەیشتنی تاوانەکانیشی لە پەلامارەکانی ئەنفال دا بە جینۆساید ڕاستییە هەرە تاڵەکەی پەیوەندی نێوان ئەم دیکتاتۆرەیە بە خەڵکی کوردستان‌ـەوە. ئەنفال وەک تاوانی وێرانکردنی زۆرینەی هەرە زۆری گوندەکانی کوردستان و ڕاگواستنی زیاد لە ملیۆنێک مرۆڤ و کۆکردنەوەیان لە چەند ئۆردوگایەکی زۆرەملێیدا. ئینجا کوشتنی دەیان هەزار کەس و ناشتنی بەشێکی زۆریان لە گۆڕی بە کۆمەڵدا لە بیابانەکانی عێراق دا.

تاوانەکانی سەدام حوسێن تەنها تاوانی سیاسیی و دروستکردنی جەنگ و بەکارهێنانی توندوتیژیی و کۆکوژیی نییە. تەنها ڕاگواستنی خەڵک و وێرانکردنی شوێنی نیشتەجێبوونیان نییە.  یەکێک لە تاوانە هەرە گەورەکانی سەدام حوسێن بریتییە لە تاوانی وێرانکردنێکی تەواوەتی ئابووریی عێراق. کاتێک سەدام حوسێن  لە ١٩٧٩دا بوو بە سەرۆکی عێراق، دینارێکی عێراقی بەرانبەر بە سێ دۆلاری ئەمریکی بوو. کەچی کاتێک ڕژێمەکەی ڕوخێنرا و دەسەڵاتی بەجێهێشت یەک دۆلاری ئەمریکیی بەرانبەر بە زیاد لە دوو ھەزار دیناری عێراقی بوو. ئابووریی عێراق لەژێر دەستی ڕژێمەکەی سەدام حوسێن و لەناو جەنگە یەک بەدوای یەکەکانیدا، گۆڕا بوو بۆ “ئابووریەکی سەربازیی” و خودی جەنگەکانی سەدامیش خۆیشیان هەموو ئەو چەک و جبەخانانەی وێران کرد کە ئەم ئابوورییە سەربازییە دروستی کردبوو. ئەمە جگە لەوەی عێراقی خستنە ژێر باری قەرزێکی هێجگار گەورەوە کە ساڵانێکی درێژی دواتر دەوڵەتی عێراقی خەریکی دانەوەیان بوو. چەندان ئابووریناس باوەڕیان وابوو عێراق دەیتوانی ببێت بە “ئەڵمانیای خۆرهەڵاتی ناوەراست”، کەچی حوکمڕانییەکەی سەدام حوسێن ئەم وڵاتەیان بۆ یەکێک لە هەژارترین و دواکەوتوترین وڵاتەکانی جیهان، گۆڕی.

لە ئاستی ژیانی خێزانیی و کۆمەڵایەتیدا ڕژێمەکەی سەدام حوسێن جۆرێک لە بێمتمانەیی و گومانکردنی گەورەی دروست کردبوو. باوک و دایک نەیان دەوێرا لەبەردەمی منداڵەکانیاندا باس لەم یان لەو خراپییەکانی ڕژێمەکەی سەدام حوسێن بکەن. چونکە ترسی ئەوەیان هەبوو منداڵەکانیان قسەکانیان بۆ ڕێکخراوەکانی منداڵانی حیزبی بەعس بگێڕنەوە. لەناو ژیانی گشتیدا دراوسێ لە دراوسێ دەترسا و هاوڕێ ترسی لە هاوڕێ هەبوو، چونکە دەکرا ڕاپۆرت لەسەر یەکتری بنووسن و لەگەڵ بەعس دا تووشی کێشەی گەورە ببن.

لە ئاستێکی دیکەدا کاتێک سەدام حوسێن بوو بە سەرۆک کۆماری عێراق وڵاتێکی عەلمانی، یان نیمچە عەلمانی و خاوەن کۆمەڵگایەکی کراوە بوو. لە سەردەمی کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسێن دا و لەسەر دەستی حیزبی بەعس و سەدام خۆیدا، وڵاتەکە کرابووە هێلانەی دەیان ھێزی سەلەفیی وەھابیی جیهادیی و ناجیهادیی و خودی بەعس خۆیشی بەرەو ئەوە دەچوو ببێت بە حیزبێکی دینیی یان نیمچە دینیی. بەم کارەشیان ناشیرینییەکانی بەعس و ناشیرینییەکانی ئیسلامی سیاسیان بەیەکتری تێکەڵ دەکرد. سەدام حوسێن خۆیشی لە کەسێکەوە کە گوایە باوەڕی بە سۆسیالیزم و پێشکەوتنی کۆمەڵگەی عێراق هەبوو، بوو بە “موجاهید”ێک گوایە بەرگری لە ئیسلام و خوا دەکات.

ئەمە با واز لە تاوانی وشککردنەوە و بنکۆڵکردنی ئەھوارەکانی عێراق و گواستنەوەی بەزۆری دانیشتوانەکانیان و ناچارکردنیان بە کۆچکردن بۆ شارەکانی تری عێراق، بهێنین. کە وێرانکردنی یەکێک لە ژینگە هەرە تایبەت و هەرە دەگمەنەکانی جیهان بوو.

هەر لە سەردەمی سەدام حوسێن‌ دا بوو بازنەی حوکمڕانیکردن لە وڵاتەکەدا کورتبووەوە بۆ سەدام حوسێن خۆی و منداڵ و برا و خزم و کەسە ھەرە نزیکەکانی. دەسەڵاتی بەعس ببوو بە دەسەڵاتی تکریتییەکان. لەسەر دەستی سەدام حوسێن دا مۆدێلی دەسەڵات لە عێراق دا گۆڕا بۆ مۆدێلێکی خێزانیی بچووک و داخراودا.

یەکێک لە کارەساتە سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئەخلاقییەکانی ئەم ساتەی ئێستامان لەوەدایە، کەسانێک دروست بوون سۆز و خواست و نۆستالجیایان بۆ سەردەمی سەدام حوسێن و حوکمرانییەکەی لا دروست بووە. ئەمەش پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەو کۆمەڵگایەوە هەیە لەدوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدام حوسێن‌ـەوە دروست کرا. دروستکەرانی ئەم دۆخە تازەیە بە ڕادەیەک  گەندەڵ و دز و ناشیرین و نابەرپرسیارن، کەسانێکیان وا لێ کردووە سەردەمی سەدام و حومکڕانییەکەی ئەویان پێ باشتربێت.

تێبینی: ئەم وتارە لە فەیسبووکی مەریوان وریا قانیع وەرگیراوە، بەڕەزامەندی نووسەر.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO