سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سەڵاحەدینی ئەیوبی، ئەو سەرکردەی لە مێژووی کورد دووبارە نابێتەوە

بێوار ڕەسوول (سوداد ڕەسوول)

 

تۆ نەمردووی ئەی سەڵاحەدینی ئەیوبی لەقەب

ھەر بژی ئەی فەخری کورد و حاکمی مڵکی عەرەب

قانع

 

ڕێککەوتی ٤ی ئاداری هەموو ساڵێک، ساڵیادی وەفاتی قارەمانی نەتەوەی کورد سەڵاحەدینی ئەیوبیی‌ـە کە لە  ١١٩٣ کۆچی دوایی کردووە و تەرمەکەی لە دیمەشق لە نزیک مزگەوتی ئەمەوی بە خاک سپێردراوە.  ئەم کەسایەتییە کوردە لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا بە زۆر شێوە باسی کراوە، هەر کەس و لایەن و گرووپێکی سیاسی و ئایدیۆلۆجی و دینی بەپێی پێوەرە ئایدیۆلۆجییەکانی خۆیان هەڵی دەسەنگێنن. زۆربەی ئەوانەی دەرهەق بەم پیاوە گەورەیە قسە دەکەن ناتوانن بە ئینسافەوە باسی بکەن و بیخەنە چوارچێوەی مێژووی سەردەمی خۆی و ئەو ڕووداوانەی لەو سەردەمە لە ئارادا بوون، بۆیە زۆر جار بە ناهەق گلەیی لێ دەکەن و قسەی ناشیرین و هەتا ڕادەی جوێنیشی پێ دەدرێت. ناوی سەڵاحەدین ئەیوبی لای عەوامی کورد و کۆلکە خوێندەوار و نیمچە ڕووناکبیر و هەندێک جار ڕووناکبیری تەواویش، ناوێکە یەکسەر هێرشی دەکرێتە سەر، کۆمەڵێک تۆمەت و قسەی نابەجێی بۆ ڕیز دەکرێت، وەک ئەم قسانە: هیچی بۆ کورد نەکردووە و خزمەتی بە عەرەب و ئیسلام کردووە، دەوڵەتی کوردی دروست نەکردووە، ئاگای لە میللەتەکەی خۆی نەبووە خزمەتی بێگانەی کردووە، هتد.

ئەم جۆرە تێڕوانینە بۆ مێژوو و بۆ کەسێکی وەک سەڵاحەدین، جارێکی دی ئەوە دەردەخات کە کورد و چینە ڕووناکبیرەکەی هیچ هۆشیارییەکی بە مێژوو بە گشتی و مێژووی نەتەوەکەی و مێژووی بزاڤی نەتەوایەتیی کوردی نییە، بۆ هەموو شتێک و بۆ هەموو بابەتێک خوێندنەوەیەکی ناسیۆنالیستی کوێرانەی بۆ دەکات، یان خوێندنەوەیەکی ئایدیۆلۆجی بێ هۆشیاری و بێ پاشخانی مەعریفی، کە ئەم خوێندنەوەیە لە دەرەوەی خوێندنەوەیەکی ئەکادیمییە بۆ مێژوو و بۆ کەسایەتییەکان و ڕووداوەکان.

ئەوەی تۆزێک بە مێژوو ئاگایی هەبێت، لەوە ئاگادارە کە نەتەوایەتی و کێشەی نەتەوایەتی مەسەلەیەکی تازەیە لە مێژوودا، نەتەوایەتی و دەوڵەتی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌ دا بۆ سەد ساڵێک پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی، نەتەوایەتی بە جیهانی ئیسلام و ڕۆژهەڵاتدا بڵاو دەبێتەوە، پێش ئەم سەدەیە شتێک نەبووە پێی بگوترێ کێشەی نەتەوایەتی و دەوڵەتی نەتەوەیی. تەنانەت لە ئەوروپاش نەتەوایەتی بۆ دوو سەدە پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، بۆیە پێش ئەم سەردەمە سەرکردە و ڕابەر و زانا و دانا و شاعیر و نووسەر، کەسایەتیی سەردەمی خۆیان بوون و لە چوارچێوەی ئەو فەرهەنگ و ئەو کێشانەی لەو سەردەمە هەبووە بیریان کردووەتەوە و خەباتیان کردووە و نووسیویانە. ئەم دۆخە لە مێژوودا لای هەموو نەتەوەکان بە هەمان شێوە بووە، بە سەدان شاعیر و دانا و زانا هەبوون لە مێژوودا بە زمانی نەتەوەی خۆیان هیچیان نەنووسیوە و بە زمانێکی دی کە ئەوسا زمانی ئەدەب، یان زمانی هاوبەش و باڵادەست بووە نووسیویانە. بە سەدان سەرکردە و پیاوی مێژوو هەبوون لە ڕووی نەتەوەییەوە هیچیان بۆ نەتەوە و گەلەکەیان نەکردووە، هەڵکەوتی مێژوویی وابووە لە وڵاتێکی دی حوکمڕان بوون، بەڵام ئەمڕۆ ئەم کەسایەتییانە لە مێژووی گەلەکەیان بوون بە جێگەی شانازی و بە ڕێزەوە باسیان دەکەن،  شەقام و شار و مەڵبەندی ڕووناکبیرییان بە ناو دەکەن.

نیزامی گەنجەوی کە بە ئەسڵ تورکی ئازەرییە، هیچ دەقێکی شیعری بە تورکی نییە هەمووی بە فارسییە، بەڵام ئەمڕۆ گەلی ئازەری ئەوەندە شانازی پێوە دەکەن لە هەموو شارێکی ئازەربایجان شەقامێکیان بەناو کردووە و پەیکەرێکیان بۆ دروست کردووە، گەورەترین مۆزەخانەی ئەدەبیات لە باکۆ بەناوی نیزامی کراوە  بێرنادشۆ بە ئەسڵ ئێرلەندی‌ـیە و هەموو نووسینەکانی بە ئینگلیزی‌ـیە، بەڵام هەموو ئێرلەندییەکان شانازی پێوە دەکەن. ئادەم سمیت ئابووریناسی بەناوبانگ و خاوەن کتێبی “سامانی نەتەوەکان” بە ئەسڵ سکۆتلەندی‌ـیە و هەموو نووسینەکانی بە ئینگلیزی‌ـیە، سکۆتلەندییەکان بە هی خۆیانی دەزانن و شانازی پێوە دەکەن، کەس ناو ناتۆرەی بۆ ناکات کە بۆ هیچ خزمەتی بە سکۆت و سکۆتلەند نەکردووە، یان بۆ بە زمانی گێلەکی سکۆتی نەنووسیوە. ئەمانە چەند نموونەیەکن، دەکرێ بە هەزاران نموونەی دیکە لەم جۆرە لە ژیان و ئەزموونی گەلان باس بکرێ، کە ئەم دیاردەیە زۆر ئاساییە و هەموو چینی ڕووناکبیرانی ئەو گەلانەش تێگەیشتنیان بۆ ئەم جۆرە دیاردەیە هەیە و کەس گلەیی ناکات و ناویان نازڕێنێت. ئەمە تەنیا لە ناو کورد ئاسایی نییە، هەر شاعیرێک بە ئەسڵ کورد بوو بە کوردی نەنووسیوە، یان هەر ناودارێکی کورد لە هەر سەردەمێک لە مێژوودا بۆ کورد و کوردستان خەباتی نەکردووە، ناو و ناتۆرەی لێ دەنێن و ناسنامەکەی دەشێوێنن.

سەڵاحەدینی ئەیوبی‌ـیش وەک دەیان سەرکردەی دی لە مێژوودا زادەی سەردەمی خۆیەتی، کەسایەتییەکی کورد بووە لە سەدەی دوازدەم ژیاوە و تێکەڵ بە ڕووداوەکانی ئەو سەردەمەی جیهانی ئیسلام بووە. لە تکریت لە دایک بووە و لە بەعلەبەک لە لوبنان گەورە بووە، لە میسریش حوکمڕان بووە و دەسەڵاتی هەبووە، لەو سەردەمە هیچ کێشەیەکی نەتەوەیی لە ئارادا نەبووە، ئینتیمای گەلان و نەتەوەکان بۆ ناسنامەی دینی بووە. گەورەترین ڕووداوی ئەو سەردەمەی جیهانی ئیسلام‌، هێرشی سەڵیبیەکان بووە، کە هەموو جیهانی ئیسلام بە کورد‌‌‌‌ەوە دەیویست خۆی لەم هێرشانە بپارێزیت و بەرگری لە خۆی بکات. بۆیە ئاساییە سەڵاحەدین و هەر سەرکردەیەکی دیکەی موسڵمان لەو سەردەمە ئەو ڕۆڵە بگێڕێت، کە بەپێی سەردەمی خۆی ڕۆڵێکی گەورەی لە مێژوو گێڕاوە و سەڵیبییەکانی لە فەلەستین وەدەرناوە، کە بوو بە گەورەترین شانازی بۆ مێژووی کورد و ئیسلام و هەموو مرۆڤایەتی. ئەوەی پلەوپایەی سەڵاحەدینی گەورەتر کردووە، مامەڵەی جوامێرانە و مرۆڤدۆستانەی بوو لەگەڵ سەڵیبییەکان لە کاتی ڕزگارکردنی قودسدا، بە هەزاران مەسیحی و قەشە و پیاوانی دینی بەخشیوە و بە جوانترین شێوەش مامەڵەی لەگەڵ کردوون، هەرگیز پەنای بۆ تۆڵەکردنەوە نەبردووە. ئەم هەڵوێستە جوانەی سەڵاحەدین لەگەڵ سەڵیبییە داگیرکەرەکانی خاکی موسڵمانان لە هەموو ئەوروپا دەنگدانەوەی هەبوو، لەو ساوە سەڵاحەدین لە ئەدەبیاتی ئەوروپی بوو بە ڕەمزی ئازایەتی و جوامێری و شەهامەت، چووە نێو دەقی شانۆ و شیعر. لەوساوە هەتا ئێستا سەڵاحەدین لە ئەوروپا وەک کاریزمایەک سەیری دەکرێ نەک وەک دوژمن. بە سەدان کتێب بە زمانی جیاوازیی ئەوروپی لەسەر ژیان و ئازایەتی و سوارچاکی و حوکمڕانییەکەی نووسراون. هەر کاتێک ناوی سەڵاحەدین دێت لەگەڵی ناوی کورد دێت. بۆیە بوونی ئەو لە مێژووی کورد دا، ناسنامەیەکی ئەوەندە گەورە و پڕ شانازییە کە هەموو مێژووی کورد قەرزداریەتی، گەورەترین کەسایەتییە لە مێژووی کورددا، ئەگەر ئەو لە مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستی کورد لابەری، مێژووی کورد لەو سەردەمە زۆر هەژار دەبێت.

ئەگەر سەرنج بدرێ لە هەمووی مێژووی کورد، دەبینین دژایەتیی کورد بۆ کەسایەتیی سەڵاحەدین، دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی دووەمی سەدەی بیسەتم، لە پێش ئەو سەردەمە، سەڵاحەدین لای مێژوونووس و شاعیرانی کورد ڕێزلێگیراو بووە بە شانازییەوە باسیان کردووە. هەر بۆ نموونە شێخ ڕەزای تاڵەبانی لەبارەی سەڵاحەدین‌ـەوە دەڵێت:

عەرەب ئینکاری فەزڵی ئێوە ناکەم ئەفزەلن ئەمما

سەڵاحەدین کە دنیای گرت لە زومرەی کوردی بابان بوو

لای شەرەفخانی بدلیسی لە کتێبەکەی شەرەفنامە کە لە سەدەی شازدەم نووسراوە فەسڵێکی کتێبەکەی بۆ مێژووی بنەماڵەی ئەیوبییەکان تەرخان کردووە. لە سەدەی بیستەمیش لە کتێبەکەی ئەمین زەکی بەگ، “خوڵاسەیەکی تەئریخی کوردو کوردستان” باسی بنەماڵەی ئەیوبییەکان دەکات، بە جێگەی شانازی کوردیان دادەنێت.

لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، وەک گۆڤاری “ڕۆژی کورد” کە گۆڤاری کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد بوو لە ئەستەنبوڵ لە ١٩١٣ دەردەچوو؛ “دیاریی کوردستان” کە گۆڤارێكی هەفتانە بوو لە ١٩٢٥ لە بەغدا دەردەچوو؛ گۆڤاری “نیشتمان” کە زمانحاڵی کۆمەڵەی ژێ کاف بوو لە ١٩٤٣ لە تەورێز چاپ دەکرا، هەر سێ گۆڤار بەرگی پێشەوەیان بە وێنەی سەڵاحەدینی ئەیوبی نەخشاندووە، بە قارەمانی نەتەوەی کورد ناویان هێناوە.

وەک دیارە لە دوای نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم، دژایەتیی کورد بۆ سەڵاحەدین دەست پێ دەکات، کە ئەمەش زیاتر بۆ هۆکاری ئایدیۆلۆجی دەگەڕێتەوە، چونکە لەم سەروبەندە چەند ڕەوتێکی ئایدیۆلۆجی دێنە نێو کۆمەڵگەی کوردی، ئیدی تاکی ڕووناکبیری کورد لە ڕوانگەیەکی ئایدیۆلۆجییەوە ڕووداوە مێژووییەکان دەخوێنێتەوە و هەر لەم ڕوانگەیەش هەڵسەنگاندن بۆ کەسایەتییەکان دەکات.

سەرهەڵدانی بیری نەتەوایەتیی کورد و بڵاوبوونەوەی لە سەرەتای سەدەی بیستەم بە نێو چینی ڕووناکبیرانی کورد دا، تێڕوانینێکی نوێی هێنایە دنیای هزری کوردی‌ـیەوە، کە لە ڕوانگەی ئەم بیرە نەتەوەییە: کورد بە نەتەوە سەر بە نەژادی ئاریاییە و لە نەژادی سامی باشتر و ڕەسەنترە، ئیسلام دینێکی عەرەبی سامییە، ئەم دینە بە فەرهەنگ و زمان هیچ پەیوەندیی بە کورد‌ـەوە نییە، سەردەمی هاتنی ئیسلامیش بۆ ناو کورد سەردەمی مەینەتی و ژێردەستەییی کوردە. بۆیە هەوادارانی ئەم بیرە حەز دەکەن بە مێژوو و فەرهەنگ بگەڕێنەوە بۆ پێش ئیسلام و هەموو شتێکی پێش ئیسلامیش لایان بەرز و خۆشەویستە، هەر بەشدارییەکی کورد‌ـیش لە شارستانیەتی ئیسلام بە خزمەت بە بێگانە وەسف دەکەن و بایەخی پێ نادەن. بەپێی ئەم ڕوانگە نەتەوەییە، سەڵاحەدین خزمەتکاری عەرەب بووە و هیچ سوودێکی بۆ کورد و مەسەلە نەتەوەییەکەی نەبووە، لەبەرئەوە پێویست ناکات کورد بایەخی پێ بدات. هەندێک جاریش زۆر بە توندی ڕەخنەی لێ دەگرن و بە خیانەتکار و خۆفرۆش تۆمەتباری دەکەن.

هاوکات لەگەڵ ئەم ڕەوتە ناسیونالیستییە، ڕەوتێکی دیکەی هزری بۆ ناو کۆمەڵگەی کوردی هات و بوو بە ئایدیۆلۆجیای زۆرینەی ڕووناکبیری کورد کە ڕەوتی هزری چەپ و مارکسی بوو. ئەم بیرە لە ڕوانگەی ململانێی چینایەتییەوە مێژوو دەخوێنێتەوە و پێی وایە لەم ململانێیە، دین ئامرازێکە بە دەستی چینی بۆرجوازی و چەوسێنەران بۆ هێشتنەوەی چینی کرێکار بە چەوساوەیی. بۆیە دین هیوایەکی درۆیینەیە خزمەت بە چینی کرێکار و چەوساوە ناکات، دین وەک ئەفیون وایە بۆ گەلان. ئەم ڕەوتە هزرییە باوەڕی بە یەکسانی مرۆڤەکانە، جیاکاریی نەژادی و ڕەگەزی لە نێوان ئاریایی و سامی ناکات، بەڵام دژایەتیی هزری دینی دەکات. لەبەرئەوە لە مێژووی کورد هەر کەسایەتییەک پاشخانێکی دینی هەبووبێت، شایەنی ئەوە نییە بایەخی پێ بدرێت. سەڵاحەدین لای ئەوان کەسایەتییەکی گرنگ نییە لە مێژووی کورد، چونکە خزمەتی بە دینی ئیسلام کردووە. ئەم تەرزە خوێندنەوە چینایەتی و نەتەوەییە بۆ مێژوو و کەسایەتییە کوردەکان، پێش ئەوەی زوڵم لە سەڵاحەدین بکات، زوڵمێکی گەورە لە مێژوو و خوێندنەوەی مێژوو دەکات، خوێندنەوەیەکە پڕە لە ئیشکالیەت و لە هەمان کاتدا ناهۆشیاریی چینی ڕووناکبیری کورد دەردەخات، کە لە ڕووی ڕووناکبیرییەوە هێشتا کامڵ نەبووە. بەوردی کۆمەڵگە و کولتوورەکەی نەخوێندووەتەوە بەنائاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ مێژوو و ڕووداوەکان و کەسایەتییەکان دەکەن وەک دیارە سەڵاحەدین کەسێکی سەردەمی خۆی بووە، بۆیە پێویستە ئەو کەسە لە چوارچێوەی ئەو پاشخانە کولتووری و ئەو ڕووداوانەی لەو سەردەمە هەبوون خوێندنەوەی بۆ بکرێت.

 لە بەرانبەر ئەم دوو ڕەوتە، ڕەوتێکی ئایدیۆلۆجیای دینی هاتە نێو کۆمەڵگەی کورد کە ڕەوتی ئیسلامیی سیاسییە و لە ڕوانگەی هزری دینی بەرگری لە سەڵاحەدین دەکات و بایەخی پێ دەدات و ستایشی دەکات. هەرچەندە ئەم ڕەوتە دینییە، کێشەی نەتەوایەتیی کوردی پێ گرنگ نییە و زیاتر بایەخ بە پرسە ئیسلامییەکان دەدات، سەڵاحەدین بۆ ئەوان زیاتر کەسایەتییەکی ئیسلامییە و کەمتر جەخت لەسەر ناسنامە کوردییەکەی دەکەنەوە.

کاتی ئەوە هاتووە کە ئەم مێژووە گرانبەهایەی سەڵاحەدین، خوێندنەوەیەکی ئەکادیمی دوور لە ڕوانگە ئایدیۆلۆجییەکانی بۆ بکرێت و لە مێژووی کورد پێگەی شیاوی خۆی پێ بدرێتەوە، وەک بەهایەکی مێژوویی گرنگ بۆ ئەمڕۆی نەتەوەسازیی کورد سوودی لێ وەرگرین؛ دەبێ بزانین کورد یەک سەڵاحەدینی هەیە و ئەستەمە کەسایەتییەکی دیکەی وەک ئەو لە مێژووی کورد دووبارە بێتەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO