حیسامەدین (هیوا) خاکپوور
توورەج محەمەدی
پوختە
ئەم بابەتە دەیەوێت بە ئاوڕدانەوەیەکی کورت لە چرکەساتی سەرهەڵدانی زەینی دیموکراسیخوازی لای مرۆڤی کورد لە نێو دەوڵەتە سەردەستەکاندا، هەندێک خاڵی لاوازی و بیر لێ نەکراوەی ئایدیای دیموکراسیخوازی لەو شێوە، وەبەر تیشکی لێکۆڵینەوە بدات. بە واتایەکی دیکە بابەتی بەردەست دەیەوێت ئەوە ڕوون بکاتەوە کە پاژنەی ئاشیلی ئەم ئایدیایە لە چیدایە و مژاری دیموکراسی و دیموکراتیزەکردنی دەوڵەت-نەتەوە سەردەستەکان لە کوێوە دەشەلێت و لە چییەوەیە کە بەکردەییبوونەکەی نامومکین دەنوێنێت؟ لە کۆتاییدا بەو ئەنجامە دەگات کە ئایدیای دیموکراسیخوازی، لێکەوتەی ململانێ و موناسەباتی هێز و گۆڕانی جیۆپۆلەتیکی ناوچە و ژێردەستەکەوتنی نەتەوەی کوردە و ناچارییەکی سیاسییە، نەک بژاردەیەکی خوازراو. هەروەها باس لەوە دەکرێت کە ئایدیای دیموکراسیخوازی، چ لە ڕووی تیۆرییەوە چ لە ڕووی کردەییەوە ڕەخنەی زۆری لەسەرە، بە جۆرێک کە زیاتر وەک بابەتێکی میتافیزیکی دەردەکەوێت و لانیکەم لە نموونەی مەسەلەی کورد دا لەسەر زەوی واقیع ناسووڕێتەوە و بەرهەمێکی ئەوتۆی بۆ ئەندێشەی ڕزگاری کورد تێدا نییە.
دەروازەی باس
مرۆڤی کورد لە پاش تێپەڕاندنی سەردەمی پێش لە مۆدێرن کە بە گشتی لە دۆخی بێدەسەڵاتی و ژێردەستی و پەڕاوێزکەوتوویدا دەژیا، هاتنەناوەی بۆ سەردەمی مۆدێرن و ئەزموونی مۆدێرنیتە، لە بۆشایی بێدەوڵەتیدا،(1) هەوراز و نشێوی زۆری بەخۆیەوە بینیوە. لەم نێوەندەدا، چرکەساتی هاتنە ناوەوەی مرۆڤی کورد بۆ سەردەمی مۆدێرن و ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کۆلتوورییانەی کە لە ژینگە-جیهانی کوردیدا پەرەیان سەندووە، بە تایبەت ڕەوتی پەرەسەندنی ئەندێشە،(2) کەمتر لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە. بەکورتی و بە ئیستقرایەکی گشتی دەتوانین دوو چرکەساتی ئەندێشەیی لە سەردەمی مۆدێرندا وێنا بکەین: “چرکەساتی یەکەم” چرکەساتی پێش دەسەڵاتی تەواوکۆ و تۆتالیتەر و سەرتاپاگیری دەوڵەتە باڵادەستەکانە بەسەر کوردستان دا، کە زۆرینەی مۆدێرنیست و ڕووناکبیری کورد، لەڕووی هزری سیاسییەوە، مەیلیان بەرەو سەروەری سیاسی (political sovereignty) مرۆڤی کورد و دیمۆسی کوردە (بخوێنەوە: نەتەوەی کورد) بەسەر خاکی کوردستانە. بەرهەمی ڕووناکبیری بەرایی کورد، بەتایبەتی نوێنەرانی “قوتابخانەی ڕۆشەنگەریی: تەنویر” وەک حاجی قادر کۆیی، قانع، پیرەمێرد، فایەق بێکەس، مەلای گەورە، ئەحمەد موختار جاف، هتد، شایەتحاڵی ئەم بانگەشەیەن (خاکپوور، 2024). بۆ نموونە، تێگەیشتنی ئەم ڕووناکبیرە لە میللەت و دەوڵەت، تێگەیشتنێکی مۆدێرنە، هاوکات لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە خەریکی ئەزموونی مۆدێرنیتە و چێکردنی ئەندێشەی نەتەوەسازین. بۆ نموونە، بۆ ڕوونکردنەوەی باسەکە، لە ئەندێشەی مۆدێرنی کوردی دا، ڕووناکبیری وەک حاجی قادر کۆیی (١٨١٦-١٨٩٧) دوو وشەی “میللەت” و “دەوڵەت”ی لە مانای پێش مۆدێرنەکەیەوە، شیفت پارادایم کردووە بۆ مانا مۆدێرنەکەیان (مەحمودی، ٢٠٢٠: ٦٣-٦٩). بۆ میناک، تێگەیشتنی حاجی قادر وەک ئایدیۆلۆجیستی جووڵانەوەی نەتەوەیی (جەعفەر، 2009: 449) لە وشەی میللەت لەم شیعرەدا چەند ڕاستییەک ئاشکرا دەکات:
میللەتە باقی مابەقی فانی
هەر لە جافی هەتا گۆرانی
حاجی وشەی میللەتی بە مانا مۆدێرنەکەی بەکارهێناوە و تێگەیشتنێکی هەمەلایەنەی لە نەتەوەی کورد نواندۆتەوە کە هەموو ئەتنیکە کوردەکان لە جافیەوە تا گۆران، لەخۆدەگرێت.(3)
ئەم خاڵە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە گوتاری مۆدێرنی کوردی، ئەگەر نەڵێین پێشتر لە ئەزموونی نەتەوە سەردەستەکان، لەوانە گوتاری مۆدێرنی ئێرانی، فۆرماسیۆنی گرتووە لانیکەم دەتوانین بڵێین هاوکات لەگەڵ ئەوان، ئەزموونی مۆدێرنیتە و ئەندێشەی سیاسی-ناسیۆلیستی، فەرهەنگی و دادپەروەرانەی هەبووە. ئەمە پێمان دەڵێت ناتوانرێت بە تەنیا کاردانەوەیەک بێت بۆ ئەزموونی مۆدێرنیتە و مۆدێرنیزاسیۆنی ئەوانی دیکە. بەڵام لە درێژەدا تووشی قەڵیشت و خەسارێکی گەورە دەبێت و ئەوەش بریتییە لە نەبوونی “فۆڕمی دەوڵەت”. ئەزموونی مۆدێرنیتە و جڤاکی مێژوویی نەتەوەی کورد لە غیابی فۆرمی دەوڵەتدا نەگەیشتووەتە ئامانجی ڕێکخستنی خۆی و تەنانەت مانەوەی کەوتووەتە بەر تەوژمی ناسیۆنالیزمی تۆندئاژۆی باندەستەوە. لە ئەنجامی ئەم پڕۆسەیەدا گوتاری بەرخۆدانی کورد لە دژی هەژموونی و نکۆڵی لێکردنی نەتەوە سەردەستەکاندا پەرەی سەندووە (Vali, 1998: 85-86). لە تێگەیشتنی ڕووناکبیری کورد وەک حاجی قادر کۆیی یان قانع، هتد، بە پێچەوانەی ڕووناکبیری نەوەکانی دواتری کوردستان، دیمۆسی کورد نەتەوەی کوردە، نەک ئەوەی کە بە هەر هۆکارێک بووبێت، دیمۆسی کورد لە دیموکراسیدا بە پەیوەست بە نەتەوەی ئێرانی، عەرەبی، یان تورکی حسێب بکرێت و زاڵیەتی و داگیرکاریی ئەوان لەسەر کوردستان دەروونی بکرێتەوە. ئەم جیاوازییە زۆر جیدی و جێگەی سەرنجە، لێرەدایە کە ئێمە پێی دەڵێین “گواستنەوە لە سەروەریخوازی بۆ دیموکراسخوازی”. لە درێژەدا ئەم باسە زیاتر ڕوون دەکەینەوە.
بەڵام “چرکەساتی دووهەم”ی ئەندێشەی سیاسی، هاوکاتە لەگەڵ دەسەڵاتگەڕی و زاڵبوونی دەوڵەت-نەتەوە سەردەستەکان بەسەر کوردستان دا و بەپەڕاوێزخستنی ئەندێشەی سەروەریخوازی. چڕبوونەوەی کۆنترۆڵ و سەرکوتکردن، دەستنیشان کردنی سنوورەکان، دەستڕاگەیشتنیان بە کەرەستەی مۆدێرن و تەکنەلۆجیای نوێ، گۆڕانی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە، بەرفراوان کردنی پەروەردەی گشتی و میدیای گشتی و داگیرکردنی خاک و زەینی تاکی کورد گەیشتە لووتکە و لقەپۆپەی خۆی. بەم شێوەیە، جیا لە دەسەڵاتی خۆسەپێن بەسەر سەرزەمینی کوردستان دا، جڵەوی ئەندێشەی ڕۆشنبیری کوردیشی بەرەو ئاراستەیەکی دیکە ڕاکێش کرد. ئەزموونی مۆدێرنیتەی تاکڕەو و زاڵمانەی باڵادەستەکان بووە هۆی ئینکار و بەپەراوێزخستنی نەتەوە ژێردەستەکان بەتایبەتی کورد. چرکەساتی دووەم کە بەرهەمی ململانێی نێوان هێزە جیاوازەکانە، ساتی دەرکەوتن و بەرجەستەبوونەوەی گواستنەوەیە لە “سەروەریخوازی بۆ دیموکراسیخوازی”. ئەم چرکەساتە کە زیاتر لە ناچارییەکی سیاسیی ژێردەستەبوونەوە هەڵدەقوڵێت، نەک بژاردەیەکی دڵخوازی سیاسی، باندۆری زۆری لەسەر سیستەمی ئایدیۆلۆجیی و ئەندێشەی سیاسیی نەتەوەی کوردی هەبووە و وردە وردە کورد خۆیان بە دیمۆسی بەشێک لە خەڵکی دەوڵەتە سەردەستەکانیان پێناسە دەکرد.(4) دەستەواژەگەلی وەک کوردی ئێران و کوردی عێراق و کوردی تورکیا و برایەتی گەلان و پێکەوەژیان، بە تایبەت ڕێگەچارەی دیموکراتیزەکردنی دەوڵەتە سەردەستەکان بۆ گەیشتن بە وردە مافی مرۆڤی کورد، لە دیاردە و لێکەوتەکانی ئەو پارادایم شیفتە بوو کە لە ئەندێشەی کوردی دا ڕوویدا. هاوردەکردن یان هاتنەناوەی بیرۆکەی مارکسیزم بۆ ناو کوردستان، ئەم گۆڕانە پارادایمیەی لە خواستی سەروەری و یەکێتیی نەتەوەییەوە بۆ گوتاری دیموکراسی و برایەتی گەلان چڕتر کردەوە (قەرەداخی، 2007: بەرگی یەکەم، 7-8). “جا لەبەر ئەوەی هوردەبوربۆرژوای کوردی مارکسیست بە کارتێکردنی مارکسیزمی ستالینیزم و نزیکبوونەی لە هوردەبۆرژوای تورک و عەرەب و فارس ناهۆمێد ببوو لە سەربەخۆیی کوردستان پاش جەنگی دووهەمی جیهانی، وای لێهاتبوو مەسەلەی کوردی لە هەر وڵاتێکدا بە مەسەلەی نیشتمانی تێکڕای ئەو وڵاتە دەدایە قەڵەم (بۆ نموونە، مەسەلەی کورد لە عێراق وەک بەشێک لە مەسەلەی نیشتمانیی عێراق) و داخوازیییە کڕۆکییەکەی واتە، ستراتیجییەکەی ببوو بە ‘ئۆتۆنۆمی’ بۆ کوردستان و دیموکراتی بۆ ئەو دەوڵەتەی کە ئەو پارچەی کوردستان نووسێنراوە پێوەی” (نەبەز، 2010: 72). گواستنەوە لە پارادایمی سەروەریخوازی بەرەوە دیمۆکراسیخوازی، هۆکارناسی تێروتەسەلی خۆی دەوێت کە بتوانێت فۆرماسیۆن و ئارایشتی ململانێی هێزەکان لە جیهانی دەرەوە و لە زەینی مرۆڤەکاندا وێنا بکات و کڕۆکییەکی تێروتەسەل لە باسە ئاراستە بکات. بەڵام وەک ئاماژەی زیاتر دەتوانین بە شکستی کۆماری کوردستان لە ناوەڕاستی چلەکان بخەینە ڕوو و چڕبوونەوەی ڕۆحی بێهیوایی و سەرنەکەوتن، خەونی ڕزگاری و سەربەخۆیی کە لە ئاسۆدا سڕیەوە و چوارچێوەی زاڵی دەوڵەتە سەردەستەکانیان پەسەند کردن و ئاراستەی ئۆتۆنۆمی و دیموکراسی هێناوە ناو چەقی باسەکە (بڕوانە: Kirmanj, 2013: 83).
بۆیە گوتاری دیموکراسی و دیموکراتیزەکردنی دەوڵەت-نەتەوە دەسەڵاتدارەکان زیاتر لە حەفتا ساڵە لە مێژووی هاوچەرخی کوردستان دا لە گەشەونەشەدایە و ئەندێشە و گوتاری کوردی لە داوی ڕیالیزمدا بووتە غایبی گەورەی مەیدانی ئەندێشەی سیاسی کوردی (حاجیزادە،2020: 46). لەم ئاقارەدایە کە بە پێچەوانەی بزووتنەوەی سیاسی ڕێبەرانی کلاسیکی کوردی کە زێدەتر سەربەخۆییخواز بوون،(٥) بزووتنەوە کوردییە سیاسییە مۆدێرنەکان، هەر لە پارتی دیموکراتی کوردستان لە عێراق تا ئایدیای کۆنفێدرالیزمی دیموکراتی پا*رتی* کر*ێکار٪انی کورد^ستان هەتا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، دەبنە دیموکراسیخواز و خوازیاری ڕیفۆرمن لە سیاسەت و دەستووری دەوڵەتە سەردەستەکانیان بۆ ئەوەی هەندێک مافی کورد بەدەس بێنن (ڕێناس،2020: 124-136).
لە چرکەساتی دووەمدا ئەپیستیمەی زاڵ وا چێ بووە تا ئەو ڕادەیە پەلی کێشاوە کە ئایدیای دیموکراسی وەک “بوتێکی زەینی” سەقامگیر و پیرۆز کراوە (خاکپوور، 2024: 1). بوتی دیموکراسی کەمتر شیکاری لەسەر کراوە و زۆر بە کەمی ڕەخنەی لێ گیراوە. هەروەها مەرجەکانی ئیمکانی بەرهەمهێنانی ئەم نەزمە مەعریفییە کە زاڵە بەسەر جەستەی مرۆڤی کورد دا و پرسی نائیمکانی و ئیمکانی دیموکراسی و دیموکراتیزەکردنی دەوڵەت-نەتەوە باڵادەستەکان، بە شێوەیەکی زانستی و ڕەخنەگرانە کەمتر هەڵسەنگێندراون. هەر بۆیە لە درێژەدا چەند تیشکێکی ڕەخنەیی دەهاوێژینە سەر ئەم مژارە.
ئایدیای دیموکراسیخوازی لە ئاوێنەی ڕەخنە و بۆچووندا
هەر وەک ئاماژەی پێکرا، تێگەی دیموکراسیخوازی لە مێژووی ئەندێشەی سیاسیی کوردی دا کەمتر شەنوکەوی ڕەخنەیی لەسەر کراوە و زۆربەی جار وەک تەنیا دەرەتانێ ناسێندراوە کە هیچ ئیمکانێ جگە لە دیموکراتیزەکردنی سەردەستەکان لە ئەگەری نزیک و دووردا بوونی نییە. ئەمەش بەبێ هیچ چاویلکەیەکی ڕەخنەیی پەسەند کراوە. لە درێژەدا ئەو ئایدیایە هەندێک بە ڕوانگەی ڕەخنەیی کوردستانییـەوە وەردوشەن دەدەین.
یەکێک لەو ڕەخنە جیدیانەی دەتوانرێت لەسەر ئەو ئەندێشانە بگیردرێت کە چارەسەری مەسەلەی کورد بە “دیموکراسی و دیموکراتیزەکردنی دەوڵەت-نەتەوەکانی سەردەست دادەنێن”، ئەوەیە کە ئەوان تەنیا لایەنی پێکهاتەیی و حقووقی مەسەلەکە دەبینن، واتە دەڵێن بۆ نموونە گەر یاسای دەوڵەتە سەردەستەکان بگۆڕدرێت و مافی بەرابەر بە شارۆمەندان بدرێت و دابەشکاری دەسەڵات بە ئەنجام بگات، ئەوە کوردیش دەتوانێت بە مافەکانی خۆی بگات.(6) لێرەدا باس لەوە ناکەین کە ئەم ئایدیایە خۆی لە خۆیدا ڕووبەڕووی چەندین کێشە و گرفتی تیۆریک و فیکرییە. بۆ نموونە، مەسەلەی دیکتاتۆری زۆرینە و کەمینە نەتەوەییەکان، مەسەلەی خاک ((territory و خاوەندارێتی لە سەرزەوین نەبینراو دەکات (ڕێناس، 2018: 21-22). ئەو کێشە و گرفتە تیۆرییانە مەسەلەیەکی زۆر جیددیی بواری ئەندێشەی دیموکراسین. لە ڕوویەکی دیکەیشەوە و ئەگەر باسەکە هەندێک نۆرماتیڤ بورووژێنین دەتوانین بڵێین: ئایا ئەگەر سەردەستەکان نەیانەوێت دیموکراسی چێ بکرێت، ئینجا دەبێت چی بکرێت؟ زەمانەت و دەرئەنجامی ئەو هەمووە هەوڵ و خەباتە بە کوێ دەگات و چارەنووسی ژێردەستان چی بەسەر دێت؟! با نموونەیەک بێنینەنە لەوەی کە دیموکراسیخوازانی نەتەوەی سەردەست چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆزی کورد دەکەن. دیموکراسیخوازانی عەرەب، نەک تەنیا قایل نین بە بوونی وڵاتێک بە ناوی کوردستان، ئەوپەڕی ئەو شتەی بۆ کورد پەسەندی دەکەن، دەسەڵاتی ناناوەندییە لە نێو یەکپارچەیی دەوڵەتی عێراق دا. لەم بارەوە هیچ گەرەنتییەک بۆ مانەوەی بەڕێوەبەری خۆسەری کورد ناخەنەڕوو. کاتێک کە هیچ گەرەنتییەک لە ئارادا نییە، واتە مەسەلەکە مایەپووچ دەکرێت و مێژووی زەینی فاشیستی و تەماح و دەستدرێژی ئەوان پیشانی داوە کە دیموکراتیکترین ماف واتە مافی چارەی خۆنووسین لای ئەوان پێناسە نەکراوە ( نەبەز، 2023: 60-61). مەبەست لەم نموونە ئەوەیە کە مەسەلەی دیموکراسی تەنیا بە خواستی نەتەوەی کورد نییە و دەبێب لایەنی بەرامبەریش لەم گۆڕەپانەدا بە شێوەی بەرابەر و هاوتا و هاوشان هەنگاو هەڵبگرێت. ئەزموونە مێژووییەکان ئەوە پیشان دەدەن کە نەتەوە سەردەستەکان دیموکراسی بۆ لەخۆگرتنی تارێنەرانە دەکار دەکەن نەک ئەوەی مافێ بۆ مرۆڤی کورد قایل بن.
سەرەڕای هەموو ئەوانە، پێویستە ئاماژە بکرێت کە بە گوێرەی هەندێک لە توێژەران دیموکراسی و ناسیۆنالیزم پەیوەندێکی لێکنەپچڕاو و تێکچڕژاویان هەیە، بەم جۆرە کە دیموکراسی لەسەر یەکانگیریی نەتەوەیی (national solidarity) و هەست بە وەفاداری (loyalty) بە یەک نەتەوە و بە یەک سەرزەمین دێتە ئەنجام ( کاڵهۆن و ئەلیاسی، 2023: ٤). لێرەوەیە دەتوانین بڵێین کە دیموکراسیخوازان ئەو خاڵە گرینگە لە بیر دەکەن کە مرۆڤی کورد بە هۆی ئەوەی هەستی وەفاداری بە دەوڵەت-نەتەوە سەردەستەکان نییە ناتوانێت خۆی لە پەیمانی دیموکراسییەتی ئەوان گرێ بداتەوە و زۆر جار بگرە دەبێتە بەربەست بۆ یەکانگیری خۆسەپێنی نەتەوەیی ناو دەوڵەتە سەردەستەکان. لێرەوەیە کە مەسەلەی دیموکراسی و پێوەندارێتی بە نەتەوەیەکی جیاواز، خاڵێکی یەکجار گرینگە کە ڕامانی زیاتری پێویستە.
ئەمانە بەلایەک، بەڵام ئەم بابەتە دەیەوێت لە ڕوویەکی دیکەوە شۆڕ بێتەوە بە ناو باسەکەدا و هەندێک وەردوشەنی ڕەخنەیی لایەنگەلێکی دیکەی ئەو باسە بدات. واتە دەیەوێت هەندێک زیاتر لەسەر دیمۆس لە دیموکراسیدا (دیمۆس+کراتوس) ڕاوەستە بکات و پێچووپەناکانی دیمۆس لە پەیوەند بە مەسەلەی کورد لێک بداتەوە.
دیموکراسیخوازان مەسەلەی “دیمۆس” لە دیموکراسیدا بە هەڵە دەخوێننەوە و لە نێو سنووری ناسیۆنالیستی دەوڵەتانی سەردەستدا پێناسە و قەتیسی دەکەن. واتە لە خەیاڵی ئەواندا دیمۆس بەرابەر دەکرێتەوە لەگەڵ نەتەوە ساختەییەکەی ناو ئەو سنوورە سەپێندراوانەدا کە کوردی دابەش کردووە. ئینجا لێکەوتەی ئەوە دەبێتە شتێک کە ڕێک دژی نەتەوە و نەتەوەسازی و نیشتیمانسازی و کۆمەڵگەی وێناکراوی (Imagined Community) کوردییە/کوردستانییە چونک دیمۆسی کوردی/کوردستانی دەبەستێتەوە بە خەڵکانی ناو دەوڵەت-نەتەوە سەردەستەکانەوە. ئەم کارەش بە ناو و پاساوی جۆراوجۆرەوە دەنەخشێنن، وەک ڕیالپۆلەتیک، بایۆپۆلەتیک یان بە ڕاوێژی ئانتۆنیۆ نیگری “مۆڵتیتیۆد”، هتد. بە زمانێکی سادەتر لە باسی دیموکراسیخوازاندا، کوردێکی ڕۆژهەڵاتی لەگەڵ تورکێکی زەنجانی و فارسێکی تارانی، بە تەواوی ئەو جیهان-ژینە جیاوازەیانەوە، دەبنە یەک دیمۆس بەڵام کوردێکی ڕۆژهەڵاتی و کوردێکی باشووری یەک دیمۆس نین! چونکە لە سوێنگەنیگای ئەوانەوە کە زۆر جار بارگاوییە بە ئایدیۆلۆجیای جۆراوجۆری کۆن و نوێی مارکسیستییەوە، دیمۆس سنووردار دەکرێت بە سنووری دەوڵەتە سەردەستەکانەوە. ئەمە لە کاتێکدایە بەرەی یەکەمی ڕووناکبیری کورد لە قوتابخانەی تەنویردا و هەروەها بەرەی ئاکادیمیسیەنی پاش ئەوان، وەک مەسعوود محەمەد و جەمال نەبەز، هیچ کات دیمۆس واتە خەڵکیان بەو شێوە نەدەدی کە ئەمڕۆکە ئاکادیمیسیەن و ڕووناکبیری کورد لە نێو سنووری دەوڵەتە سەردەستەکاندا پێناسەی دەکەن. واتە لای بەرەی یەکەم کە سەروەریخواز بوون، کورد لە هەر چوار پارچەدا دیمۆسێکە کە لەتلەت کراوە و ژین-جیهانی لەبەر هرووژمی کڵاوسوور و کڵاوڕەش لێکترازاوە.(7) بۆیە، بۆ نموونە، قانع ڕەخنەی ئەوە لە بارزانی دەگرێت کە درووشمی برایەتی کورد و عەرەب وەلا نێن. واتە لە دیدی ئەوەوە کورد وعەرەب یەک دیمۆس نین هەتا بتوانن لە گەشبینییەکی ناپوختەدا ببنە برا و لە چاونوقانێکدا دیموکراتیزە بکرێن و ببنە دیمۆسی وەتەنی عەرەبی! لە ڕوانگەی قانعی زەین کوردستانیی بەرابەریخوازەوە، کورد مرۆڤێکی لەتلەتکراوی بێدەوڵەتی بێخانومانە، “ئەوەی بێدەوڵەتە سووکتر لە کایە” کە بە هەموو شێوازێک تەفروتوونا کراوە. بەڵام لە پاش بەرەی یەکەمی ڕووناکبیری کورد، هەروەک ئاماژەی پێدرا، تا ئاستێک هاوکات لەگەڵ هاتنی بیری مارکسیزم بۆ کوردستان، مەسەلەی کورد لە سەروەریخوازییە پارادایم شیفت دەکات بۆلای دیموکراسیخوازی. جا زەینییەتی قانع بەراوەرد بکەن لەگەڵ زەینییەتی شاعیری نوێخوازی کورد، گۆران، کە دەڵێت:
من گەلم گەلی عێراقم
عەرەب ئەم لاق، کورد ئەو لاقم
ئینجا بە ڕوونی ئەو شیفت پارادایمە کە باسی دەکەین بە زەقی دەردەکەوێت. بەجۆرێک کاتی خۆی گۆران ( ١٩٠٤-١٩٦٢) و ڕەفیق چالاک ( ١٩٢٣-١٩٧٣) دوو ئەدیبی بەناوبانگ کە بوونە ئەندامی ناسیاوی “حیزبی شیوعی عێراق” لە “وێستگەی ڕادیۆ کوردستان” لە فەلەستین، ئاشکرا بڵاویان دەکردەوە: “ئێمەی کورد هێندە باوەڕمان بە دیموکراتیەت هەیە کە مریشکەکانیشمان دەگاڕێنن، دەبێژن: دیموکرات، دیموکرات” (نەبەز، 2010: 102). جا بۆ ڕووناکردەنەوەی زیاتری باسەکە ئاماژە بەوەش بکەین کە ئەم دیموکراسیخوازییەی مرۆڤی کورد جاری وابوو پەلی دەکێشا بۆ خۆبەدەستەوەدانی کوشەندە بە نەتەوە سەردەستەکان و تەنانەت بۆ نموونە شیوعییەکان چەواشەکاریی بابەتەکانی ناوخۆی کوردستانیان دەکرد بۆ سڕینەوەی ناسنامەخوازی کوردی. ساڵح حەیدەری، کە ئەندامێکی کوردی کارای حیزبی شیوعی بوو لە چلەکان و پەنجاکاندا، ڕووداوێک دەگێڕێتەوە ئەم ڕاستیانەی لێ دەردەکەوێت. حەیدەری دەڵێت هەندێک لە شیوعییەکان دەستکاری کۆپلە شیعرێکی کوردیان کردبوو بەشێوەیەک کە لە کوردبوونی پەیام و ماناکانی شیعرەکە کەم بکاتەوە و بەرگی عێراقیبوونی لەبەر بکەن. ئەو دێڕەی شیعرەی ئەحمەد هەردی کە دەڵێت “ئێمە ئازادیخوازانی کوردین” کرابووە “ئێمە ئازادیخوازانی گەلین” ئەم کارانە بە مەبەستی سەقامگیرکردنیی ناسنامەیەکی گشتگیری عێراقی و سڕینەوەی ناسنامەی کوردی دەکرا (Kirmanj, 2013: 82).
لە بزووتنەوەی سیاسی ڕۆژهەڵاتیشدا بۆ نموونە لەم وتانەی شێخ عێزەدین حوسەینی ڕێبەری حیزبی کۆمەڵە دا ڕەنگدانەوە ئەو گۆڕان و گواستنەوە بە ڕوونی دەبیندرێت: “ئێمە جوداییخواز نین، بۆیە لە وڵاتانی دیکەدا ئەو مافە بە خۆمان نادەین کە هانی جیابوونەوە بدەین. ئێمە ئۆتۆنۆمیمان دەوێت لەناو ئێران دا” (کوردستان و شێخ عزەدین، 1400: 50). “دروشمی ئێمە دیموکراسی بۆ ئێران و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانە. ئەم دوو جۆرە لەیەکتر جیا ناکرێنەوە. ئێمە پێمان وایە هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە دیموکراسی لە ئێران دا هەیە، پێویستە پشتیوانی لە دروشمی ئۆتۆنۆمی کوردستان بکەن” (کوردستان و شێخ عیزەدین، ١٤٠٠: ٢٠). لە ئایایدیای سیاسی ئەم بزووتنەوانەدا ئەوندەی بیر لە کراتووس و شێوەی حکومەت و دابەشکاری دەسەڵات کراوە، بیر لە دیمۆس کە ناوەندی باسەکەیە نەکراوەتەوە.
بەڵام بەبێ ئەوەی ڕامانێکی قووڵی فیکری فەلسەفی لەسەر دیمۆس+ کراتوس لە ئارادا هەبێت. ئەگەریش بووبێت زێدەترین جەخت لەسەر کراتوس کراوە و جۆر و شێوازی حکومەت کراوە و کەمتر پەرژاونەتە سەر ئەوەی کە دیمۆس کێیە؟ دیمۆس چییە؟ کێ پێناسەی دەکات دیمۆس کێ بێت و سنوورەکانی کامە بێت؟ ئەو دیمۆسە چی دەوێت؟ بە کورتی و بە کوردی لای دیموکراسیخوازن دیمۆس وەک کوردی ئێرانی یان عێراقی، یان…، دەروونی دەکرێتەوە و تەنانەت کەمترین ئاماژە بە دیموکراتیکترین مافەکان واتە مافی دیاری کردنی چارەنووس ناکرێت و سەروەری مرۆڤی کورد هەڵدەپەسێردرێت.
لە لایەکی دیکەوە، جێگەی ئاماژەیە لە ساڵەکانی 2010 بەملاوە لە ئاستی جیهانیدا و لە کارە ئاکادیمییەکاندا، پرسی دیمۆس هێدی هێدی وەک کێشەیەک لە تیۆری سیاسیدا چاوی لێ کراوە و وەبەر تیشکی لێکۆڵینەوە دراوە و ئاڵەنگاری زۆری لەسەر کراوە و یەکێک لە پێوەرە گرینگەکانی دیمۆس لەسەر بنەمای نەتەوایەتی لێکۆلینەوەی بۆ کراوە (Koeing, 2022: 405)، هەر بۆیە لە کەشوهەوای کوردیـشدا پێویستە پێداچوونەوە و ڕامانێکی جیدی ڕەخنەیی لەسەر ئەو تەوەرە بکرێت تا کورد وەک ئەکتەری ناسەروەریی-نادەوڵەتی هەروەک نەتەوەی ئەمازیغی بە ڕاحەتی و بە بیانووی دیموکراسی،(8) سەروەریی خۆی ڕادەست نەکات و نەبێتە قۆچی قوربانی دیموکراتیزەکردنی نەتەوە سەردەستەکانی.
دیموکراسیخوازان، چ دیموکراسی باوی نوێنەرایەتی چ دیموکراسی ڕادیکاڵ، بە گەشبینیی و خۆشخەیاڵییەکی لە ڕادەبەر خاوەوە کە ڕیشەی لە واقیعدا نییە، خەڵک لە دەوڵەت و لە پێشینەی فەرهەنگی، مێژوویی و کۆمەڵایەتیان مونتەزەع دەکەن. گوایە ئایدیۆلۆجیای شۆڤینیستی دەوڵەت کاریگەری لەسەر خەڵکەکەی نەبووە! بۆ نموونە، خەڵکی تورک لە دەوڵەتی تورکی جیا دەکرێنەوە و دەرهەست و بەرزەجێیان دەکەنەوە لە دەوڵەت! یان ئەوەیکە لە باسی دیموکراسیخوازاندا ئەو پرسە گرینگە نابیندرێت کە زۆرینەی جار خەڵکی ئاسایی و ئەکتەری نادەوڵەتی بە فەرهەنگ و عەقڵییەت و خووخدەی (habitus) رەگەزپەرەستی کوێرانەوە لە ڕوودانی کارەسات و تراجیدییەکاندا هاودەست و هاوشانی ئەکتەرە دەوڵەتییەکان دەردەکەون. خەڵکی ئاسایی ئەڵمانیا و ئایدیۆلۆجیای “ڕەگەزی سەرتری” (Supreme Race)ی ئەڵمان، هاودەست و هاوپیاڵەی هیتلەر بوون لە خولقاندنی تراجیدیای جووەکاندا. هەر بەو شێوە ئەوە تەنیا دەوڵەتی بەعس نەبوو کە تراجیدیای ئەنفال و هەڵەبجەی خۆلقاند، ئەوە زەین و فەرهەنگ و عادەت و ئەندێشەی عەرەبیزمیش بوو کە بە ئامرازی دەوڵەتی سەدام، بە فەرهەنگی جینۆسایدەوە تەقێندراوە بەسەر کورد دا(Kaziwe, 2024: 40 ).
هەر ئەو خەڵکەی کە دیموکراسیخوازانی کورد دەیانەوێت لەگەڵیان ببنە هاوبەش و هاوپەیمان “لە کاتی جینۆساید و کۆمەڵکوژی ئەنفال و هەڵەبجە، جەماوەری خەڵکی عەرەب و فارس و تورک، کەڕ و کوێر و ڵاڵ بوون و لەمەڕ ئەو کارەساتە مێشێکیش میوانیان نەبوو ( نەبەز، 1997: 20). هەر بۆیە دیمۆسی عەرەبی و تورکی و کوردی، لانیکەمی بە بێدەنگی خۆیان ڕەزایەتیان لەسەر جینۆساید و لینگۆساید و ئیکۆسایدی کورد نواندووە.
دیموکراسیخوازانی کورد لە ئیران دا بیر لەوە ناکەنەوە کە ئەندێشەی ئێرانشاری تۆتالیتەری دەسەڵاتگەر، بە سازاندنی گێڕانەوە و دیرۆک و ئەفسانە، درێژەیەکی مێژووییی هەیە و ئێران و عەقڵی ئێرانی وەها میتافیزیکێکی ساز کردووە کە دزەی کردۆتە چەپ و ڕاست و خوێندەوار و نەخوێندەواری ئێرانییـەوە و بە ئامرازە مۆدێرنەکانی دەستەمۆکردن، کورد دەتارێنن و پەراوێزی دەخەن ( محمدی، 2025: 3). محەمەدپوور بە دروستی دەست دەخاتە سەر ئەوەیکە داهێنانی ئێرانییەت و هاوتەریب و هاوتاکردنی لەگەڵ فارسییەت، لەسەر دەستی ئیلتی فارسی، وەها حاڵەتێکی ڕەگەزی-زمانی لە بوون لە جیهاندا بە خۆیەوە بینیوە، کە لە هەڵسوکەوت و کاروفەرانی ڕۆژانەوە بیگرە هەتا کارکەردی پێکهاتەکان و دامودەزگە ناسنامەییەکانی تەنیوەتەوە، بەشێوەیەک کە بووەتە “هەبیتووس”ێک بە مانا بۆردیۆییەکەی واتە مۆدێل و پێکهاتەیی شناختی تێگەیشتن و ڕاڤە و کردە (Mahammadpur, 2024: 3). هەر بۆیە لە زەینی ئێرانییدا دیمۆس واتە فارسی- نێری-شیعە و بەم شێوەیە نەتەوە ژێردەستە ناسەروەرەکان، بە تایبەت کورد، لە پرۆسەی کۆڵۆنیالیزمی ناوخۆییدا، توانای خۆدەربڕین و قسەکردنی نامێنێت (Soleimani, Mohammadpur, 2019: 941-942). بۆیە زۆر گەشبینانە و ئارەزووئەندێشانە دەنوێنێت کە ئەو خەڵکە سەروەرانە بە مێژوویەکی کەڵەکەکراو لە ناسنامە و مێژوو و هەبیتووس و تەنانەت ڕەگەزپەرەستی کوێرانەوە، بێنە ناو گرێبەستی خەیاڵی دروشمی بیرلێنەکراوەی برایەتی گەلان و مرۆڤی کوردیش هاوتا و هاوشانی خۆیان ببینن.
لە ڕوویەکی دیکەوە لای دیموکراسیخوازان، ئەوە نەبینراو کراوە، کە تەنانەت ئەو خەڵکە ئاسایییە نادەوڵەتییە بە ڕواڵەت بەستەزمانە و مەئموور و مەعزوورە، ناسیۆنالیزم و شۆڤینیزمی سەردەست لە پرۆسەی ناسیۆنالیزمی هەرڕۆژەییدا (Banal Nationalism ) دەروونی دەکەنەوە و بەرهەمی دێننەوە. بە شێوازێک کە خوار تا سەری ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و فەرهەنگی لە نێو پارادایمی ناسیۆنالیزمدا دەجووڵێتەوە (ئیچیجۆ، 2022) . کەوایە مەسەلەی شۆڤینیزم تەنیا لە پێکهاتەی دەوڵەتدا نییە و خەڵکی ناو ئەو سنوورانەش ئەو شۆڤینیزمە بەرهەم دێننەوە. جا ئەگەر لە پێگەی دیمۆسی سەرەوەریشدا بن، ئەوا خاوەن ئیمتیازی سەروەری (Sovereignty Privilege) دەبن و لە ڕوانگەی سەرترییەوە لەگەڵ نەتەوە ژێردەستەکان توندوتیژییەکی هێمایین و یان ڕاستەوخۆی شۆڤینیستانە دەکار دەکەن. بۆ نموونە ئەم ئامارانەی خوارەوە پێمان دەڵێن:
“دەبێت ئەوە لە بیر نەکرێت کە ئەو شۆڤینیزمە کۆمەڵایەتییەی کە کورد ڕووبەڕووی دەبێتەوە، تەنیا لەلایەن دەوڵەتەوە نییە بەڵکوو لە دەرەوەی دەوڵەتیش درێژدەبێتەوە. بۆ نموونە لە سەدا ٦٢.٢ی تورکەکان نایانەوێت پارتنێر و هاوکاری کوردیان هەبێت، لە سەدا ٤٧.٤ی تورکەکان نایانەوێت دراوسێی کوردیان هەبێت، لەسەدا ٥٧.٦ی تورکەکان نایانەوێت بووکێکی کوردیان هەبێت (Anand & Kaul, 2025: 43). کەواتە وێدەچێت دیمۆس کە شەقڵی بەرباسی ئایدیای دیموکراسیخوانە، بیرلێنەکراوە و ڕەخنەلێنەگیراو پەسەند کراوە و چالاکانە بەرنامەی بۆ داڕێژراوە، بۆیە پێویستە ڕامانێکی ڕەخنەیی و ڕۆشنکارانەی زیاتری لەسەر بکرێت.
ئەنجام
ئەم بابەتە دوای باسکردن لەو گواستنەوە پارادایمییە کە لە “سەروەریخوازی” بۆ “دیموکراسیخوازی” لە ئەندێشەی سیاسی کوردیدا ڕووی داوە، بە گردوکۆ و گەشتێکی ڕەخنەیی لەسەر چەمکی دیموکراسی و ئایدیای دیموکراسیخوازی بە تایبەت بە داکۆکی لەسەر تێگەی “دیمۆس” هەوڵیدا بە هێنانە ئارای ڕەخنەگەلێک لەسەر ئەو ئایدیایە ڕوونی بکاتەوە کە گوتاری دیموکراسیخوازی پاژنەی ئاشیلەکەی لە کوێدایە؟ بۆیە وادەزانین لانیکەم دۆخ و هەلومەرجی ئێستاکەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەرەو ئەو ئاراستە دەڕوات کە مرۆڤی کورد دەسەڵاتێکی هەبێت، واتە گەڕانەوە بۆ سەروەریی و گەڕانەوەی سەروەریی ئاسۆیەکی دوورەدەست نانوێنێت و پێویستە ئایدیای “کوردستانی دیموکراتیک بۆ کورد و گەلێکی یەکسان” زیاتر لە جاران لە ڕووی فیکرییەوە و لە پێگەی “کوردستان-ئەندێشەییەوە” بخەمڵێندرێت. بەڵام مرۆڤی کورد زۆربەی جار لە پێگەی بێدەسەڵاتی خۆیەوە و هەندێک جار لە ڕووی ئەخلاقی ژێردەستییەوە، مەسەلەی دیموکراسی و/یان برایەتی بیرلێنەکراوە پەسەند دەکات و وا خەیاڵ دەکات کە نەتەوە سەردەستەکانیش بەڕاحەتی دێنە پێگەی دیمۆسی هاوسان و هاوشان لەگەڵ کورد و لە شەووڕۆژێکدا بەهەشتی بەڵێنپێدراوی دیموکراسی دەخولقێت. هەر ئەم سادەئەندێشییە و ئەم ئەندێشەنەکردنە لەمەڕ دیموکراسی، بووەتە هەوێنی خۆفریوی و لە ڕابردوو و لە ئێستەشدا بە ڕاحەتی بە پیلانی برایەتی و دیموکراسی و وردەماف، کورد بووەتە قۆچی قوربانی و لە ئاکامدا خەباتە ڕزگاریخوازییەکەی بەلاڕێدا براوە و یان خامۆش کراوە. هەر بۆیە پێویستە مرۆڤی کورد بە هەستیارییەکی زیاترەوە لەسەر ئەو دەستەواژانە و لێکەوتە سیاسییەکانی بوەستێت و بەردەوام لەم سوێنگەنیگاوە بڕوانێتە بابەتەکان کە چ ئایدیایەک دەتوانێت بەختەوەری بە کۆمەڵی مرۆڤی کورد باشتر دەستەبەر بکات یان لانیکەم ڕەنجی کەمتری بۆ دروست بکات.
پەڕاوێزەکان
(١) هەندێک لە نووسەران ئەزموونی کورد لە مۆدێرنیتە و دۆخی بێدەوڵەتی وەک “نامۆیی” ناوزەد کردووە. خوێنەر دەتوانێت بڕوانێتە وتاری “مۆدێرنیتی ونامۆیی مرۆڤی کورد لە دۆخی بێدەوڵەتیدا” محمەد حەقمورادی، گۆڤاری ڕامان، ژمارەی 319، 2024.
(٢) ڕەوتی بزووتنەوە سیاسییەکان تا ئاستێک کاری لەسەر کراوە بۆ نموونە وتاری “قەیرانی ناسنامەی نەتەوەیی “سیروان ڕێناس، گۆڤاری پۆلیتیا، ساڵی دووهەم، ژمارەی4”. بەڵام پەرەسەندی ئەندێشە کەمتر وەبەر تیشکی لێکۆڵینەوە دراوە. ئەمە یەکێک لە زەروورەتەکانی ئەم بابەتە دەنوێنێت.
(٣) جێگەی ئاماژەیە کە هەر لەو سەروبەندەدا کە حاجی پڕۆژەی میللەتسازی باس دەکات، لە بزووتنەوەی مەشرووتەی ئێرانی دا و سەبارەت بەو گواستنەوە ماناییەی کە لە وشەی میللەت لە سەردەمی مۆدێرن ڕوودەدات، ئیلیتی ئێرانی (فارسی-تورکی) وشەی میللەت لە مانایەکی ئەرباب-ڕەعیەتی دەخەمڵێنێت (آجودانی، 1386: 189).
(٤) هەڵبەت بە گوێرەی هەندێک لە توێژەران بەژێردەستەکردن و بەکۆڵۆنیگرتنی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ پێش لە بیچمگرتنی دەوڵەتە سەردەستەکان. “بێگومان ئەو جۆرە کۆڵۆنیالیزەکردنی زەینییە، بەر لە دابەشبوونی کوردستان، دەرئەنجامی پڕۆژە مێژووییەکان بوو کە بەم ئاراستەیەدا پێکهاتن؛ بۆ نموونە، سایکس پیکۆی زانستی دەیان ساڵ پێش سایکس پیکۆی سیاسی وەدیهاتبوو، کاتێک ڕۆژهەڵاتناسەکان بە بنیاتنانی مەزنەگێڕانەوەی ئێرانیزم و ئیسلامیزم و تورانیزم، کوردایەتییان لە بوونە سەربەخۆکەی بێبەش کرد و لە نێوان ئەم سێ مەزنەگێڕانەوەدا دابەشیان کرد. لە تۆماس هاید و گۆبینۆ تا هەنری کۆربەن و کرینبروک، زانستی ڕۆژهەڵاتناسی خزمەت بە نەزمی سیاسی سایکس پیکۆ دەکات لە دابەشکردنی کولتووری کوردی لە نێوان کولتوورەکانی ئێرانی، تورکی و عەرەبی دا خزمەت بە نەزمی سیاسی سایکس پیکۆ دەکات (قادری، ١٤٠١: ٢١٥).
(٥) کەمالی سولەیمانی لە کتێبی Islam and competing nationalisms بە وردی دەپەڕژێتە سەر ئایدیا سیاسییەکانی ڕێبەڕانی کلاسیکی کوردی بە جەخت لەسەر شێخ عوبەیدوڵڵا، شێخ سەعیدی پیران و شێخ سەعەیدی نوورسی.
(٦) بڕوانە کامرانی مەتین لێرە: https://www.youtube.com/watch?v=DWMul7zeJ4U
(٧) ئەم ڕستەیە لەم شیعرەی حاجی قادر وەرگیراوە: “لە مابەینی کڵاوسوور و کڵاوڕەش/ پەرێشان و بڵاون میسلی گای بەش.
(٨) بۆ ئاشنایی زیاتر لەسەر بێدەوڵەتی ئەمازیغییەکان، بڕوانە وتاری “بێدەوڵەتی ئەمازیغییەکان و کاریگەری لەسەر ناسنامەیان” بە وەرگێرانی حیسامەدین خاکپوور، لەم ناونیشانەدا:
https://govarikomar.org/ ساڵی 2024.
(٩) ئەم دەستەواژەمان، وەک چەترێکی چەمکی، لە کارەکانی دیکەدا بە ئاماژە باس کردووە و لە داهاتوودا زیاتر لەسەری دەخوێنینەوە و شەنوکەوی دەکەین. بڕوانە (خاکپور و محمدی، 2025: 64-67)
سەرچاوەکان
آجودانی، ماشالله (1386)، مشروطۀ ایرانی. تهران، نشر اختران.
بوودەهان، محەمەد، ( 2024)، وەرگێڕانی حیسامەدین (هیوا) خاکپوور، بێدەوڵەتی ئەمازیغەکان و کاریگەری لەسەر ناسنامەیان، ماڵپەری کۆمار.
حاجیزادە، جلال، (2020) نگاهی شالودەشکنانە بە برون رفت از یک کلان روایت تاریخی، لە دۆسیەی پۆلیتیا بۆ “ڕامان و زەینی کوردی”.
خاکپوور، حیسامەدین ( هیوا) خاکپوور، 2024، بوتی دیموکراسی و زەینی کوردی، ماڵپەری سەکۆ بەم ناونیشانە: https://sekokurd.org/?p=6263
خاکپوور، حیسامەدین ( هیوا)، خاکپوور، 2024، مژاری ” وەسیەتنامەکەی پیرەمێرد و سێکوچکەی ئەخلاق و زانست وکوردییەت”، لەم ناونیشە: https://diasporawf.org/commentary-ckb-ku/1537/
ڕێناس، سیروان، (2018)، دیموکراتیزەکردنی دیموکراسی، فصلنامه پولیتیا، سال 1 ش1.
ڕێناس، سیروان، ( 2020)، قەیرانی ناسنامەی نەتەوەیی، گۆڤاری پۆلیتیا، ساڵی دووهەم، ژمارەی4.
فازیل، کەریم، ئەحمەد ( مامۆستا جەعفەر)، ( 2009)، مێژووی ئەدەبی کوردی.
قادری، هێرش، (1401)، صورت معقول و شورشیان نامعقول (ازهبوط خوددا به پردیس و صعود بشر به فردوس تا مرگ خدا و بازگشت خوددا) نشر الکترونیک، کُرد پیدیا.
قەرەداخی، عهتا، (2007) گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی، بەرگی یەکەم، چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی.
کاڵهۆن، ئەلیاسی ( 2023)، ناسیۆنالیزم، جیهانوەتەنخوازی و بێدەوڵەتی، وەرگێرانی حیسامەدین( هیوا) خاکپوور، ماڵپەڕی ژنەفتن.
مەحموودی، ئیسماعیل، ( 2020) ڕۆشنبیری کورد، مەکتەنی ئیستەنبووڵ، گوتاری تازەگەری کوردی: حاجی قادری کۆیی، چاپی یەکەم، دەزگای جەمال عیرفان، سلێمانی.
محمدی، تورج، (2025)، دیرپایی ایرانشهرگرایی، ماڵپەڕ و گۆڤاری کۆمار.
نەبەز، جەمال، ( 1997)، المستضعفون الکورد و اخوانهم المسلمون، منشورات کوردنامە، لندن.
————- ( 2023)، سەبارەت بە کێشەی کورد، وەرگێڕانی حیسامەدین (هیوا) خاکپوور، چاپی دووهەم، دەزگای جەمال نەبەز، بەرلین.
————- (2010)، گۆڤاری نیشتمان، چاپی دووهەم، هەولێر.
ئیچیجۆ، ئاتسۆکۆ، (2022)، ناسیۆنالیزمی هەرڕۆژەیی، وەرگێرانی حیسامەدین (هیوا) خاکپوور، بەم ناونیشانە لە ماڵپەڕی ژنەڤتن.
کوردستان و شێخ عێزەدین، دیجیتال کنندە نینا پویان، سازمان انتشاراتی مردم.
Anand, Dibyesh. Nitasha Kaul. ( 2025). Contemporary Colonialities: Kurds and Kashmiris. University of Westminster Press.
Kirmanj, Sherko. (2013). Identity and Nation in Iraq, Boulder, USA: Lynne Rienner.
Koeing, Mathias. (2022). Who are the people? Defining the domos, Political Studies, (70)2, 402-424.
Mohammadpur, Ahmad. (2024). The Invention of Iran: From ‘Iranianness’ to ‘Persianness’. Asian Studies Review.
Salih, Kaziweh. (2024). Genocide Culture, Cultural Habitus, Ethnic Engineering. London: Routledge.
Soleimani, Kamal. & Ahmad Mohammadpur. (2019). Can non-Persians speak? The sovereign’s narration of “Iranian identity”, Ethnicities.19(5) 925–947.
Vali, Abbas. (1998). The Kurds and Their “Others”: Fragmented Identity and Fragmented Politics. Comparative Studies of South Asia, Africa and the Middle East, (XVIII)2, 83-94.