سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نەورۆزی کوردستان و فاشیزمی ئێرانی

فەریبا محەمەدی

دوای دابەشكرانی كوردستان بە سەر چوار وڵاتدا، هەوڵ بۆ بەرتەسك كردنەوەی سنوورەكانی كوردستان و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی كورد لەو شار و ناوچانەی كە جگە لە كورد نەتەوەكانی دیكەی وەك تورك و عەرەبی لێیە، پیلانێكی داڕێژراو و پڕۆژەی درێژخایەنی داگیركەران بووە، هەنووكەش ناوەبەناوە بەشێوەی كاربۆكراو لێكەوتە و ئەنجامەكانی ئەو سیاسەتە بەشێوەی كردەیی دەبینرێت.

ئەو ڕووداوەی ماوەیەك لەوە پێش لە ورمێ ڕوویدا و كۆمەڵێك پان-توركی گۆپاڵ بەدەست بە فیتی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی دژی نەورۆزی كورد ڕژانە سەر شەقامەكان، زەنگێكی مەترسیدارە بۆ داهاتوو، هاوكاتیش، پێویستی بە چاوەدێری و خوێندنەوەیەكی تازە هەیە بۆ ئەم كێشەیە كە درەنگ یان زوو بەرۆكمان دەگرێ و پێویستە وەكوو كورد لە ئێستاكەوە بزانین چ پڕۆژە و پلان و میكانیزمێك دەبێت ڕەچاو بكەین بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئەم كێشەیە.

ئێمە لەگەڵ داگیركەرانێك بەرەوڕووین كە خاوەن دەوڵەت و سیستەمی بەهێزی ماددی و مەعنەوین و بۆ وەدی هێنان‌ و جێبەجێكردنی پڕۆژەكانیان ئیمكان و كەرەسەی پێویستیان هەیە. بەم بۆنەوە ئەركە خەڵكی كوردستان، بەتایبەتی لایەن و ڕێكخراوە سیاسیەكان، گرنگی زیاتر بەم كێشەیە بدەن. لە ئێستاكەوە دەبێت ڕێكار و چارەسەرییەكان بۆ بەرچاوڕوونیمان بەردەست بن و لە ئەگەری هەر چەشنە ئاڵوگۆڕێكی سیاسی لە داهاتوودا بە ئامادەیی و زانیاری و پلانی گونجاو بەرەو چارەسەری كێشەكە هەنگاو بنێین.

بە ئەرخەیانییەوە دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین كە داگیركەرانی كوردستان ئەوەی بۆیان بكرێت بۆ توندتر  كردنەوەی تەنگژەكان، هەروەها نانەوەی ئاژاوە و داڕشتنی پیلان بەمەبەستی دەستبەسەرداگرتنی تەواوی ئەو ناوچانە تا ئێستاكە كەمتەرخەمییان نەكردووە و بەردەوام لە هەوڵدا بوون تاكوو شوێن پێی خۆیان لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە قایم بكەن.

جەنگیز چاندار لە كتێبی شەمەندەفەری میزۆپۆتامیا بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگر بۆ سەلماندنی ئەو چەند دێڕەی سەرەوە دەخاتە ڕوو. ئەو دەڵێت، هەوڵی دەوڵەتی توركیا هەر لە كۆنەوە بەتایبەت لە سەردەمی سەرۆك كۆمار، تورگوت ئۆزال، لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بەچڕیی ئەوە بووە  كار لە سەر كەركووك بكەن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیا و بە هێز كردنی توركمانەكان بەمەبەستی بە تورككردن و سڕینەوە و كاڵكردنەوەی بیری نەتەوەیی كوردی لەم شارە لەمێژینەی كوردستان. ئەم هەوڵە شۆڤێنیەی دەوڵەتی تورك لە كاتێكدا بووە كە چ لە سەردەمی حكوومەتی بەعسی سەدام و چ ئێستا عەرەبەكانیش بەشێوازێكی نوێ بەردەوامن لەم هەوڵە داگیركەرانەیان. كەوابێ توركیا پاڵپشتێكی بەهێزە بۆ پەرەدان بە ناسیۆنالیزمی توندئاژۆی توركی لە ورمێ و ئەو ناوچانەی كە كورد و تورك پێكەوە دەژین و ئێمە بە كوردستانی دەزانین و ئەوانیش بانگەشەی خاوەنداریەتیی دەكەن.

بابەتێكی دیكەی جێگەی تێڕامان ڕێوڕەسمەكانی نەورۆزی نیشتیمان بوو. كەرناڤاڵی نەورۆزی ئەمساڵ لە ڕۆژهەڵات جگە لەوەی جوانی و نواندنێك لە ئاستی بەرزی كولتووری نەتەوەیی بوو، هاوكاتیش دەرخەری گەشەی هۆشیاریی نەتەوەیی و تێگەیشتنێكی هاوبەشی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بوو لەم بۆنە نەتەوەییە، بەم بۆنەوە ئەركە لە گۆشەنیگای جۆراوجۆرەوە شرۆڤە و لێكدانەوەمان بۆی هەبێ. نەورۆزی ئەمساڵ بەهێزوتر بوو، بەكردەوەش جارێكیتر جوگرافیا و پانتایی كوردستانی نیشان دا و هێز و وزەیەكی گەورەی جەماوەریی بێوێنەی وەگەڕ خست  و بوونی بەرچاوی ژنان و لاوان و سەما و هەڵپەركێ لەناو ئاپۆڕای جەماوەر، سیما و كولتووری ڕاستەقینەی كوردستانی نیشاندا.

ئەم هاوپشتی و یەكگرتووییە بۆ ئەوەی بتوانێ لە پێناسە و نواندنێكی كولتووری دەرچێ و وەكوو بنەمایەكی بەهێز بۆ بنیاتنانی گوتارێكی ئەمڕۆیی خۆی دەرخا، پێویستی بە گەڵاڵە و پڕۆژەیەكی هاوبەش بە ئامانجی ڕوونی نەتەوەیی هەیە كە بتوانێ لە ناو ململانێكانی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خاوەن گوتاری خۆی بێت. ئەمەش پێویستی بە پڕۆژەیەكی هزریی و مەعریفیی هەیە كە بە دەرس وەرگرتن لە مێژوو لەباتی خۆبەستنەوەی هەستەكی بەو مێژووە، پلان بۆ داهاتوو دانێ.

ئەم هاوپشتی و یەكگرتووییە، ئەگەر پڕۆژەیەكی ڕوون و ئامانجدار بۆ بونیادنانی گوتارێكی هاوبەشی نەبێ، دەكرێ وەك پێناسەكردنێكی كولتووری بێ، بەڵام خاوەن گوتارێك نییە یان ڕەنگە نەتوانێ دروستی بكات یان باشترە بڵێین ئەركی ئەو بۆنەیە نییە، كەواتە پێویستە كەڵكی شیا و و گونجا و لەم هاوپشتی و یەكڕیزی و جووڵە نەتەوەیی و كولتوورییە بەهێزەی ناوخۆ وەرگرین و بیكەینە هەوێنێك بۆ بەخۆداچوونەوە و یەكڕیزی و هاوپشتی هێز و لایەنە سیاسییەكانی كورد.

هەر حیزب و لایەنێك ئازادن و مافی خۆیانە بانگەشە بۆ سیاسەتی خۆیان بكەن و هەوڵی نواندنی هێز و قورسایی خۆیان بدەن، بەڵام بۆنەیەكی گەورە و گرنگ وەك نەورۆز كە لە كۆنەوە تا ئێستا بووە بە ڕەمزی بەرەنگاریی دژی داگیركەران، پێویستە وەك بۆنەیەكی تایبەت و نەتەوەیی جیا لە ڕەنگ و ئاڵا حیزبییەكان بەهێز بكرێت و تێكەڵ بە ململانێ سیاسی و ڕێكخراوەییەكانی نەكەین.

پرسێكی دیكە كە لەم نەورۆزدا بەرچاو بوو، بەشداری بەرینی خەڵكی باشووری ڕۆژهەڵاتی كوردستان، واتە ناوچەكانی ئیلام و گەیلان و لۆرستان، بوو. هێز و وزەی ئەم ناوچانە و بەشداری بەرفراوانیان لە بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان، ئاستی بزاڤەكە چ لە باری ناوەڕۆك و داخوازی و چ وەك پانتایی، قورساییەكی زیاتر دەبەخشێتە كوردستان و خەباتەكەی.  خودی ئەم بەریناییە دەخوازێ كە ئاڵوگۆڕی جیددی لە ڕێبەری بزووتنەوەكە بێتە ئاراوە. گەر وەك نموونە بڵێین یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی كوردستانی كۆن بوونی  ئیمارەتە كوردییەكان لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستان بووە و هەر  ناوچەیەك بەشێوەی نیوە سەربەخۆ، بەڕێوەبەری تایبەت بەخۆی بووە و ململانێ و شەڕ و ناكۆكیش لە ناو ئەم ناوچە و دەسەڵاتدارییە بچووكانەدا ڕوویداوە، بەڵام لە سەدەی بیست و دوای پەرەسەندنی چەمكی ناسیۆنالیزم و دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوە، كوردیش تا هاتووە زیاتر هەنگاوی بۆ هۆشیاریی نەتەوەیی و خۆڕێكخستن وەك نەتەوە  و نیشتیمان داوە.

بەم بۆنەوە دەكرێ ئەو پرسیارە گەڵاڵە بكرێت، بەلەبەرچاو گرتنی بەرینبوونەوەی پانتایی هۆشیاریی نەتەوەیی لە ئاستێكیتر و بەرفراوانتر، دیسان هەر دەكرێ بەو ڕوانین و ڕێبەریەی كۆن كە زیاتر سەر بە توێژ و ناوچەیەكی دیاریكراون، ڕێبەرایەتی و بەڕێوەبەرایەتی ئەم كوردستانە پانوبەرینە بكرێت؟ ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە خۆمان  لەو چوارچێوە قەتیسكراوانە ڕزگار بكەین؟

خاڵێكی دیكەی جێگەی ڕاوەستان كە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە كاریگەریی ڕێوڕەسمە بەشكۆ و بەرینەكانی نەورۆزی ئەمساڵی ڕۆژهەڵات و كاردانەوە و شڵەژاویی ئەویتری كوردەوە هەیە. وەك ئاگادارن لە چەند ڕۆژی ڕابردووش بەیاننامەی ٨٠٠ كەسی بە ناو هونەرمەند و نووسەر و ڕووناکبیری ئێرانی دژی نەورۆزی كوردستان، مێژووی دووپات  كردەوە. لە سەردەمی ستالین‌ـیشدا كۆمەڵێك نووسەر ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ  چوونە پاڵ دەسەڵاتەوە و سەدان نووسەر و بیرجیاواز لە سێدارە دران یان ڕەوانەی ئۆردوگاكانی كاری زۆەملێی كران. ئەوانیش ئەوكات لە ژێر ناوی پاراستنی یەكێتیی سۆڤیەت و پێشگرتن لە دەست تێوەردانی ئیمپریالیزم و ڕۆژئاوا بوون بە شەریكی جینایەتەكانی ستالین.

ئەگەر ئەمانە ڕووناکبیر و ئەهلی هونەر و نووسینن، تۆ بڵێی مێژووی وڵاتانی دیكتاتۆری دەوروبەریان نەخوێندبێتەوە؟ نا پێم وانییە ئەم «ئەهلی قەڵەمە» قەڵەمی دیکەیان خوێندبێتەوە. ئەگینا چۆن دەكرێ لە تاریكستانی كۆماری ئیسلامی و دوای شۆڕشی مەزنی ژینا هێشتا ئەمانە لە سەردەمی تاریكدا فریز بوون و دژی خۆشی و شایی  خەڵكی كوردستانن و ئاستی كەرناڤاڵی نەورۆزی خەڵكی كورد بە قەبیلەگەرایی ناوزەد دەكەن و دیسان وەهمی پیلانی دوژمن تووشی هەڵەی گەورەیان دەكات و تا ئاستی گەمژەیی دەیان بات.

ئەم بەناو ڕووناكبیرانە دەرگای عەقڵ و بیركردنەوەیان داخستووە و ئاستی ڕوانینیان بۆ نەتەوەكانی دیكەی ناوخۆی ئێران لە خوێندنەوەی مێژوویەكی داتاشراوی فارس تێپەڕی نەكردووە، ناوەڕۆكی نووسراوەكەیان بەرهەمی شڵەژان و ترسێكی بێسنوورە لە شكۆ و كەرامەتی تاكی كورد و گەشەی هۆشیاریی نەتەوەیی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان. بڵاوكردنەوەی ئەم نووسراوە دەكرێت وەك خۆكوژییەكی بەكۆمەڵی ئەم تاقمە و لاوازبوون و كزبوونی گوتاری باتێكراوی فارسیزم و ئێرانییبوون خوێندنەوەی بۆ بكرێت. هاوكاتیش بیرخەرەوەیەكی گرنگە بۆمان كە وەهمی ئێرانی یەكپارچە و هەڵسووڕان لەناو چوارچێوەیەكی فرەچەشنی ئەم جۆرە كەسایەتیانە بۆ كورد دەبێت كۆتایی بێت.

تێبینی: ئەم بابەتە پێشووتر لە ماڵپەڕی “چار” بڵاوکراوەتەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO