لە ٢٠٠٣ بەدواوە و دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق لەسەر دەستی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا و دامەزاندنی ئەنجوومەنی حوکم، بڕیار وابوو عێراق عێراقی هەمووان بێت و زۆرینە و کەمینە نەبێتە بەربەست لە سەرکەوتنی پرۆسەی دووبارە بنیاتنانەوەی عێراق و هەموو ئاستەنگەکان بۆ یەکخستنەوەی وڵات و ڕێكخستنەوەی ژێرخان و سەرخانی عێراق بن بە سازان، زۆرینە لەپێناو یەکخستنەوەی عێراق وەلا بنرێت. بۆ ئەم ئامانجە دەستوورێكی رێكوپێك داڕێژرا و زۆرینەی عێراقییەكانیش لە ڕاپرسییەکدا پەسەندیان كرد.
بەڵام بەداخەوە ئەمە درێژەی نەکێشا، هەر لەگەڵ ئەوەی هێز و سەرکردە عەرەبە-شیعەکان خۆیان ڕێک خستەوە (ئەو سەرکردە و هێزانەی ساڵانێکی زۆر کوردستان ببووە پەناگە و لانکەی تێکۆشانیان بە هاوکاریی هێزە کوردییەکان لە دژ بە ڕژێمی بەعس)، هەر زوو سەرەڕای ناکۆکیی نێوانیان و ئاڵۆزیی نێوماڵی خۆیان، هەموو ئەو بەڵێنانەی بە کوردیان دابوو لێی پاشگەز بوونەوە و لەجیاتی ئەوەی پەند لە ڕژێمی سەرکوتکەری بەعس وەربگرن، هەمان سیاسەتیان پەیڕەو كردەوە. سیاسەتی زۆرینەی خۆیان و دەسەڵاتیان و هەوڵی پەراوێزخستنی كورد و پێكهاتەكانی دیكە، بە عەرەبی سوننەشەوە، دراو و دەدرێت.
بۆیە دەبینین میلیشیا و گرووپ و سیاسییە عەرەبە-شیعەکانی دەسەڵات، ڕۆژ بە ڕۆژ عێراق لە فیدڕاڵی و دیموکراتییەوە بەرەو دیکتاتۆرییەتی زۆرینە دەبەن، ئەو بنەما و پرنسیپانە پێشێل دەكەن كە عێراقی نوێ و عێراقی دوای بەعس و سەدامـی لەسەر بنیات نرایەوە، كە سازان و هاوبەشی و هاوسەنگی بوون.
زۆرینەی لایەن و گرووپەكانی عەرەبی شیعە ڕێچكەی دیكتاتۆرییەتیان گرتووە و سیاسەتی پاکتاوکردنیان گرتووەتە بەر و بە خراپترین شێوە لە هەوڵی دەرپەڕاندنی هەرێمی کوردستان دان. بۆیە لەسەر تێكڕای چین و توێژەكانی گەل و حیزبە کوردستانییەکان پێویستە قووڵ لەم بابەتە بڕوانن و لەوە زیاتر ئەم مەترسییە پشتگوێ نەخەن و جمووجۆڵ و لێدوانە ژەهراوییەکانی سەرکردە و فراکسیۆنەكانی عەرەبی شیعە بەهەند وەربگرن، كە بە هەموو شێوەیەك دژایەتیی هەرێمی كوردستان دەكەن. ئەمە لەکاتێکدایە کە خۆیان وڵاتەكەیان لەناو گەندەڵی و بێدادیدا وێران كردووە، تەنانەت حیساب بۆ یاساكانی دادگا و حكومەت و پەرلەمانەكەشیان ناكەن، بەتایبەت ئەو گرووپ و میلیشیا لەیاسادەرچووانەی بە بودجە و سامان و چەك و تفاقی دەوڵەت، لە خزمەت ئەجێندای دەرەكی دان و لە شەڕفرۆشتنیش بە هەرێمی كوردستان درێغی ناكەن. بۆیە پێویستە کورد بە یەک تیم، یەك دەنگ و یەك هەڵوێست، له هەر ئەگەر و پێشهاتێك، کوردانە ڕووبەڕوویان ببنەوە و دەسكەوتەكانی كوردستان بپارێزن و زیاتر گەشەیان پێ بدەن.