عوسمان ساوجی
پڕۆسەی داگیرکاریی لەسەر خاک و خەڵکی کوردستان لە ئەنفال دا گەیشتە ترۆپکی، شۆڤینیزمی عەرەبی چیتر بەرگەی شاردنەوەی داخ و ڕقی خۆی بەرانبەر بە هاووڵاتییانی کوردستان نەگرت و بۆ ڕەوایەتییدانیش بەو کارە دژە مرۆیی و نا ئەخلاقییەی تاوانەکەی بە بەرگی ئایینی داپۆشی، کە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیان و لاوازی کورد لەو قۆناغەدا بەسەر دوو گرووپدا دابەش بوون. هەندێکیان بەفەرمی پاڵپشتی ئەو تاوانە گەورەیان کرد و وەک هەوڵێک بۆ ڕێگرییکردن لە دامەزراندنی ئیسرائیلی دووەم ستایشیان کرد، ئەوانی تریش بێدەنگ بوون لێی. لە هەردوو بارەکەشدا هەڵوێستی ئەوان لەبەرژەوەندی دەسەڵات و دژی کورد بوو.
لە دوای ١٩٩١ و ئازادبوونی بەشێک لە خاکی باشووری کوردستان، ئەنفال وەک پڕۆسەی جینۆساید وردەوردە گەیشت بە ناوەندە جیهانی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە زۆربەیان بەمەیدانی هاتنە ناوچەکانی گەرمیان و بەچاوی خۆیان لێکەوتەکانی ئەو کارەساتە گەورەیان بینی، کە شۆڤێنیزمی عەرەبی بەرانبەر خەڵکی سیڤیلی کورد ئەنجامی دابوو.
ئەنفال کارەساتێک نەبووە کە بە بڕیارێکی هەرەمەکی و بێ پێشینە ئەنجام درابێت بەڵکوو ڕژێمی بەعس کە گەیشتبووە دوا قۆناغی ڕەگەزپەرستی عەرەبی لەڕووی ئایدۆلۆجییەوە، بەعس هەوڵی دەدا هەموو سەرمایەی مەعنەوی عەرەبی-ئیسلامی بخاتە خزمەتی پڕۆژە چەپەڵەکەی و لە ڕووی کرداریشەوە، بەعس هەوڵیدا ئەوەی بەدرێژایی مێژووی داگیرکاریی عەرەبی بەگشتی و ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق بەتایبەتی، کە بەرانبەر کورد بۆیان نەکرابوو، تەواوی بکات.
ئەنفال وەک پرۆسەیەکی سەربازی بۆ قڕکردنی مرۆڤی کورد و سڕینەوەی شوێنەوار و ڕەز و باخ و ئاوەدانییەکانی، بەرئەنجامی نائومێدی شۆڤێنیزمی عەرەبی بوو لەوەی کە بتوانێت بەو ڕێگە و شێوازە کلاسیکییەی کە سەدان ساڵ بوو پەیڕەویان لێ دەکرد، کورد لەناوبەرن. ئەوان هەر لەسەرەتای هاتنیانەوە کاریان بۆ ئەوە کرد کە فەرهەنگ و نەریت و کولتووری کورد وەک حەرام و کوفر و پێچەوانەی بنەماکانی ئیسلام بناسێنن. هەروەها بەدەیان شێوە هەوڵی چەواشەکردنی ڕەچەڵەکی کوردیان دا و چەندین چیرۆک و ئەفسانە و درۆودەلەسەی بێبنەمایان بۆ هۆنیەوە و بەرگی ئایینییان بەبەردا کرد.
شۆڤێنیزمی عەرەبی لەیەکێکی تر لە قۆناغەکاندا دەستی بە پڕۆسەی تەعریب کرد، ئەوەش بە واتای ئەوەی فشار بخەنە سەر هاووڵاتییانی کورد بۆ ئەوەی لەسەر خاکی خۆیان هەڵیان بکەن و لەجێی ئەوان خەڵکی عەرب نیشتەجێ بکەن، بەتایبەت لە ناوچە دەوڵەمەندەکان. ئەوەش سەرەتا بەهاتنیان وەک میوان و بەناوی ئاژەڵداری و هەڵاتن لەدەستی خێڵە زۆردارە هاوزمانەکانینان. دواتریش ئەم پڕۆسەیە بە پاڵپشتی هێز و ناچارکردن درێژەی پێدرا، تا ئەوکاتەی ڕژێمەکانی عێراق چوارچێوەیەکی قانونییان پێدا و بە یاسا دەستیان بەسەر موڵک و ماڵی کورد دا گرت و دایان بە عەرەب وەک ئەوەی بەرانبەر کوردە-فەیلییەکان و دانیشتوانی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانی بەناو (١٤٠) ئەنجام درا.
لە کۆتاییدا دەمانەوێت ئەوە بڵێین کە ئەنفال وەک کردارێک بۆ لەناوبردنی فیزیکی تاکی کورد و سڕینەوەی شوێنەواری ژیان و ژیاری لەسەر خاکی کوردستان درێژەی ئەو پرۆسە مێژووییە بوو کە لەهەر قۆناغێکدا بەفۆرمێک پەیڕەوی لێکراوە و هیچ لایەنێکی ژیانی کورد نییە نەکەوتبێتە بەر هێرش و پەلاماری لەناوبردن. بۆ نموونە ئەگەر سەیری زمانی کوردی بکەین سەرباری شێواندن و پارچەپارچەکردن هەوڵدراوە بە یاسا خوێندن و نووسین و چالاکی وێژەیی بە زمانی کوردی قەدەغە بکرێت. ئەوەشی کراوە وەک بابەتێکی پووچ و ئاست نزم پێشان بدرێت، کە دکتۆر هێرش قادری ناوی ناوە “جینۆسایدی زمانی کوردی”، کە تا ئەمڕۆش وەک نەریتێک لە کۆمەڵگەی کوردی باشووردا ماوە و هاووڵاتییان خوویان گرتوە بە ناردنی منداڵەکانیان بۆ خوێندن بە زمانەکانی ئینگلیزی و تورکی و عەرەبی پێش ئەوەی فێری زمانی کوردی ببن. بەواتایەکی تر ئەنفالی جەستەیی تەواوکەری ئەنفالی مێژوو و فەرهەنگ و زمان و ناسنامەی کورد بووە لەسەر دەستی ڕەوتی نەتەوەپەرستی عەرەبی نەک تەنها دارودەستەی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو.