سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

زانست و نیشتیمانسازی، شێخ حەسەنی گڵەزەردە ئەستێرەناسی کورد

ڕەوا هەژار

شێخ حەسەنی گڵەزەردە (١٦٦٥-١٧٦٤)، داهێنەر و بلیمەت و ئەستێرەناس، یەکێکە لە گەورەترین زاناکانی کورد لە سەدەی حەڤدەم و هەژدەمی زایینی. ئەم زانا بلیمەتە لە بوارەکانی ئایین، ئەدەب، فەلسەفە و زانست، بەتایبەت ئەستێرەناسیدا، شارەزاییەکی قووڵی هەبووە. ئەوەی لە کارەکانی شێخ حەسەن‌دا جێگەی سەرنجە، توانای بێوێنەی ئەو زانایەیە کە نزیکەی ٣٥٠ ساڵ لەمەوبەر، لە ناوچەیەکی وەک سلێمانی و گڵەزەردە، بە سەرچاوەیەکی زۆر سنوورداری زانستییەوە، توانیویەتی کاری زانستی بەرچاو ئەنجام بدات.

شێخ حەسەنی گڵەزەردە لە ١٦٦٥ لە نۆدێ لە دایک بووە و لە ناوچەی گڵەزەردە لە دەوروبەری سلێمانی تا ساڵی ١٧٦٤ ژیاوە. ئەم ماوە درێژەی ژیان دەرفەتێکی باشی بۆ ڕەخساندووە تا بە وردی کار لەسەر بوارە جیاوازەکانی زانست بکات.

تایبەتمەندی سەرەکی شێخ حەسەن ئەوە بووە کە نەک تەنها بە باشی ئاگای لە زانستی سەردەمەکەی خۆی بووە، بەڵکوو بە وردی لێی تێی گەیشتووە. بە تایبەت لە بواری ئەستێرەناسیدا، ئاگاداری هەموو پێشکەوتنە زانستییەکانی سەردەمی خۆی بووە. ئەمە لە کاتێکدا کە لە ئەوروپا دا شۆڕشی زانستی ڕوویدا بوو و زانایانی وەک نیوتن، گالیلۆ و کێپلەر تێڕوانینی مرۆڤایەتییان بۆ گەردوون گۆڕی بوو. جێگەی سەرنجە کە شێخ حەسەن لەو گۆشەیەی جیهان، توانیویەتی ئاگاداری ئەم پێشکەوتنانە بێت و سوودیان لێ وەربگرێت.

کارە هەرە گرنگەکانی شێخ حەسەن لە بواری ئەستێرەناسیدا دروستکردنی چەند ڕوانگەیەکی تایبەت بووە بۆ دیاریکردنی وەرزە جیاوازەکانی ساڵ، بینینی مانگ و بەتایبەت دیاری کردنی چلەی زستان. ئەم ڕوانگەیە بە شێوەیەکی هونەری و زانستی دیزاین کراوە بۆ ئەوەی خەڵکی ئاسایی بتوانن کەڵکی لێ وەربگرن.

هەروەها شێخ حەسەن توانیویەتی چەندین ئامێری ئەندازەیی بۆ پێوانی کات، دووری و دیاریکردنی ئاراستەکان دروست بکات. ئەم ئامێرانە نیشانەی تێگەیشتنی قووڵی ئەون لە بنەما ئەندازەییەکان. جگە لەمانە، شێخ حەسەن کۆمەڵێک نووسینی زانستی بەجێهێشتووە کە تێگەیشتنی بۆ دیاردە سروشتییەکان و بنەما ئەستێرەناسییەکان ڕوون دەکاتەوە.

خوێندنەوە سەرەتاییەکانی من لەسەر شێخ حەسەن پێم دەڵێن کە کارەکانی ئەو زیاتر کارپێکردنی ئەو زانستە بووە کە لە سەردەمی خۆیدا لە لایەن کەمینەیەکەوە زانراوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لەبەر ئەوەی هێشتا لە سەرەتای کەشفکردنی دنیای زانستیی شێخ حەسەن‌دام، ناتوانم دەرگا لەسەر ئەو گریمانەیە دابخەم کە داهێنانی خۆکردی زانستی نوێی نەبووە.

لە هەموو لایەنەکانی شێخ حەسەن گرنگتر، توانای ئەو بیرکەرەوەیە بووە لە هێنانی زانست بۆ ناو کۆمەڵگە. ئەو توانیویەتی زانستی ئەستێرەناسی و دیاردە سروشتییەکان لە قاڵبێکی ئاڵۆزەوە دەربهێنێت و بیهێنێتە ناو کۆمەڵانی خەڵک، بەشێوەیەک کە خەڵکی ئاسایی بە تایبەت جووتیارەکان بتوانن لێی تێبگەن و سوودی لێ وەربگرن.

گەورەیی ئەم کارە کاتێک باشتر دەردەکەوێت کە بەراوردی شێخ حەسەنێکی ٣٥٠ ساڵ لەمەوبەر بکەین بە هەندێک لەو مەلا نەخوێندەوارنەی کە ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەی کوردی‌دا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زەوی تەختە و خەڵکێکی زۆریش گوییان لێ دەگرن!

ئەو سیمیولەیشنەی کە من دروستم کردووە و دەتوانیت لە خوارەوە کرتە لەسەر گەیەنەرەکەی بکەیت، هەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ تێگەیشتن لەو مۆدێلە ڕوانگەییەی کە شێخ حەسەن بۆ دیاریکردنی چلەی زستان بەکاری هێناوە. ئەم سیمیولەیشنە لەسەر بنەمای نووسینەکانی مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف و چەند سەرچاوەیەکی دیکە دروست کراوە، چونکە من تا ئێستا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ بینینی ڕوانگەکە نەچوومەتە ناو مزگەوتەکە.

هەڵبەت دەبێت بڵێم کە هەموو ئەو زانیارییانەی تا ئێستا دەربارەی ڕوانگەکانی شێخ حەسەن نووسراون، پێویستیان بە پێداچوونەوەیەکی زانستی ورد هەیە. زۆر لەو نووسینانە لە ڕووی زانستییەوە تەواو شیکار نەکراون یان بە هەڵە لەسەریان نووسراوە. هەوڵی ئێمە لە ئاستە فراوان و نیشتمانییەکەدا ئەوەیە کە لەو پرۆژە گەورەیەی بەدەستمانەوەیە بتوانین هەموو ئەو کارانەی شێخ حەسەن و زانایانی خۆماڵی بە شێوەیەکی ورد تۆمار بکەین و تێگەیشتنە زانستییە ڕاستەقینەکەی پشتی ڕوون بکەینەوە.

بەپێی ئەو پێوانکارییانەی کە کردوومن، دەتوانین لە هەر ناوچەیەکی کوردستان بمانەوێت، ڕوانگەی هاوشێوەی ڕوانگەی شێخ حەسەن دروست بکەینەوە. ئەم ڕوانگانە ئەگەرچی لە ڕووی زانستی ئەمڕۆوە هیچ داهێنانێکی نوێ پێشکەش ناکەن بەڵام لە ڕووی نیشتیمانسازیی و کولتووری و پەروەردەییەوە گرنگییەکی بێوێنەیان دەبێت بۆ درێژەدان بە نەریتی شێخ حەسەن لە هێنانی زانست بۆ ناو کۆمەڵگە.
لە هەموو لایەنەکانی شێخ حەسەن گرنگتر، ئەوەیە کە لە خوێندنەوە و کاری زانستی دەربارەی زانا خۆماڵییەکان وەکوو ئەو، ئێمە ڕووبەڕووی نموونەیەکی دەگمەن لە کەسایەتی خۆماڵی دەبینەوە – کەسانێک کە نەک تەنها لە خاکی نیشتیمانەکەی خۆیاندا ڕەگیان داکوتاوە، بەڵکوو بە هۆشیارییەکی قووڵەوە پەیوەندییان لەگەڵ گەردوون و سروشتدا دروست کردووە. ئەم زانایانە مرۆڤی بیرکەرەوە، ئازاد و خاوەن متمانە بەخۆبوونێکی بەهێز بوون کە توانیویانە سنوورەکانی زانست لە سەردەمی خۆیاندا بە باشی بناسن و نەزانییەکانی سەردەمەکەی خۆیان تێپەڕێنن.

ئەم وێنە ڕەسەنەی مرۆڤی کورد، وەک بیرمەند و داهێنەر، یەکێکە لەو دیمەنە ڕووناکبیرییانەی کە لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا بەهۆی ئەو زەبرە مێژووییە قووڵانەی بەر گەلی کورد کەوتوون، لە بیر و هەستی کۆمەڵگادا کاڵبووەتەوە و شێوێنراوە. هەر بۆیە گرنگە بیرهێنانەوەی ئەم میراتە مەعریفییە، وەک بەشێک لە پرۆسەی چاکبوونەوە لەو برینە قووڵانەی کە کاریگەرییان لەسەر ناسنامەی کۆمەڵگای کوردی هەبووە.

شێخ حەسەنی گڵەزەردە تەنها نموونەیەکە لەو کەسایەتییە مەعریفییە خۆماڵییانەی کە دەتوانین وەک دراوێکی نیشتیمانی و فیکری سەیریان بکەین، دراوێک کە توانای بەخشینەوەی هەموو ئەو بەها تاڵانکراوانەی هەیە کە لە ڕەوتی مێژوودا لە دەست چوون. ئەم کەسایەتییانە، کە لە ناخی کۆمەڵگەی خۆیاندا و لە وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی خەڵکی ئاسایی گەشەیان کردووە، بەڵگەی زیندووی توانای داهێنان و بەرهەمهێنانی مەعریفەی خۆماڵین.

بۆیە من هانی هەموو لێکۆڵەرێکی گەنجی بوارە زانستییەکان دەدەم کە بە چاوێکی ڕەخنەگرانە و مەنهەجی، لە قووڵایی مێژووی فکریی کوردستان‌دا بە دوای ئەم جۆرە کەسایەتی و زانایانەدا بگەڕێن. ئەرکێکی فکری و نیشتیمانییە کە لەسەر ئاستی زانکۆکانمان توێژینەوەی زانستی، تێزی ماستەر و دکتۆرا لەسەر ژیان، بەرهەم و کاریگەریی ئەم زانایانە ئەنجام بدرێت.

چونکە تەنها لە ڕێگەی ئەم گەڕانەوە بۆ ڕەگە مەعریفییەکانمانە کە دەتوانین زمانی بیرکردنەوەی خۆماڵی بدۆزینەوە – زمانێک کە هەموو نەتەوەیەکی خاوەن شارستانییەت هەیەتی. ئەم زمانە مەعریفییە ڕاستەقینە دەتوانێت وەک پردێک ڕابردوو و ئایندە بەیەکەوە ببەستێتەوە و ببێتە بنەمایەکی پتەو بۆ دروستکردنی گوتارێکی نوێی نیشتتمانسازی کە لە ناخی ئەزموونی مێژوویی خۆمانەوە سەرچاوە بگرێت، نەک تەنها لاسایی کردنەوەی ئەزموونی نەتەوەکانی تر.

ئەم گەڕانەوەیە بۆ سەرچاوە ڕەسەنەکانی زانست و مەعریفەی خۆماڵی، بە تایبەتی لە بواری زانستە سروشتییەکاندا، لە کۆتاییدا نەک تەنها ناسنامەی زانستی، بەڵکوو ناسنامەی فەرهەنگیی و نەتەوەییشمان دەوڵەمەند دەکات و دەمانگەیەنێتە ئەو باوەڕە قووڵەی کە ئێمەش وەک هەموو نەتەوەکانی دیکە، خاوەنی میراتێکی مەعریفی و زانستی بەنرخین کە دەکرێت لە بنیاتنانی ئایندەیەکی گەشتردا بەکاری بهێنین.

تێبینی ١: هەندێک لە لایەنەکانی ئەو سیمیولەیشنەی کە من دروستم کردووە، بە تەواوی لە ڕوانگە ڕاستەقینەکەی شێخ حەسەن ناچن و بۆ باشتر تێگەیاندنی خوێنەر سادەکردنەوەم تێدا کردووە. لە داهاتوودا و بە فراوانتر و وردتر، مۆدێلی پێشکەوتووتر و سەرچاوەی زیاتر دەخەمە بەردەست. سوپاسی تایبەتم بۆ هاوڕیان و مامۆستایان، مامۆستا جەعفەر کە لە ڕووی سەرچاوە و بەدواداچوونەوە بەدەممەوە هات، هەروەها بۆ نووسینەکانی مامۆستا عەبدولڕەقیب یوسف و میوانداریی مامۆستا کەمال فاتیحی هێژا.

تێبینی ٢: بۆ ئەوانەی کە لە مۆبایلەوە لینکەکە دەکەنەوە دەبێت سووڕانی شاشەی مۆبایلەکەیان چالاک بکەن دەنا سیمیولەیشنەکە بەباشی نابینن. هەڵبەت باشترە کە لە لاپتۆپ یان کۆمپیوتەری دێسکتۆپەوە لینکەکە بکەنەوە.

لینکی ئینتەرئاکتیڤەکە:

https://codepen.io/Rawa-/full/raNgbdy

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO