محەمەد ڕەحمان ئەحمەد
سەرەڕای جیاوازی و نەبوونی کۆدەنگی لەسەر دەستنیشان کردنی سەردەمی سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوە و هزری نەتەوەخوازی، بەڵام بەشێوەیەکی باو زۆربەی لێکۆڵەرەوان و سەرچاوەکان، سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوە دەگەڕێننەوە بۆ ڕێککەوتننامەی ئاشتی وێستفالیا لە ١٦٤٨، بەتایبەتیش بۆ دوو سەدەی دواتر، واتە سەدەی هەژدە و نۆزدە، بەهۆی شۆڕشی فەڕەنسی و دواتر شۆڕشەکانی ئەوروپا لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە لە پێناو سەربەخۆیی نەتەوەیی. ئەوە لەبارەی ئەوروپاوە، هەرچی دەربارەی ڕۆژهەڵاتە دەیگەڕێننەوە بۆ کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتایی سەدەی بیست. بێگومان کایەی زانستی ڕۆژهەڵاتیش لەژێر هەژموونی ئەوروپا-سەنتەر و ئەوروپا پێوەرە، بۆ بڕیاردان لەسەر هەر شتێک.
بوون و سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوە وەک غەریزەیەکی کۆمەڵایەتی مرۆڤ جیایە لەگەڵ ساتی لە چەمکدان و لە یاسادانی یاخود ڕێزدانان بۆ سنوور و سەروەرییەکەی، بۆیە هەڵەیە گەر بڵێین بیرۆکە و هەوڵدان بۆ دروست کردنی دەوڵەت-نەتەوە دەگەڕێتەوە بۆ دوای ڕێککەوتننامەی ویستفاڵیا بەڵکوو لەو ڕێککەوتننامەیەدا سەروەریی بۆ دانراوە، وەک یاسایەکی نێودەوڵەتی بنچینەی بۆ دانراوە، تیایدا بڕیاری ڕێزگرتن لە سەروەریی خاکی وڵاتان داوە لەسەر بنەمای نەتەوەیی. ئەویش دوای ئەو شەڕە درێژ و بەردەوامانەی نێوان نەتەوەکانی ئەوروپا. ئەگەر لەدوای وێستفالیاـوە بیرۆکە و هزری دەوڵەت-نەتەوە سەری هەڵدابێ، ئەدی بۆچی نەتەوەکانی ئەوروپا پێش وێستفالیا لە جەنگدابوون، ئەگەر لەپێناو دەسەڵاتی نەتەوەکەیان نەبێت! مەگەر ڕێککەوتننامەی وێستفالیا خۆی بەرئەنجامی شەڕ و ململانێی نێوان نەتەوەکان نییە.
بیرمەندی سیاسی ئیتاڵی، نیکۆڵۆ ماکیاڤێلی (١٤٦٧-١٥٢٧) لە سەدەی شازدەمدا، یەک سەدە پێش ڕێککەوتننامەی وێستفالیا، لە پەڕتووکی “میر” باس لە دەوڵەت-نەتەوەیی ئیتاڵیا دەکات، هەموو بیرۆکەکانی لەو پەڕتووکەدا لەپێناو دەوڵەتێکی ئیتاڵی بەهێزدا داڕشتووە، تاوەکوو هاوشێوەی دەوڵەتانی فەڕەنسا و ئیسپانیا و ئەڵمانیا بەهێز و یەکگرتوو بێت. هاوکات، لە هەڕەشەی ئەم دەوڵەتانەی دراوسێی بپارێزرێت. ئەم هەستەش لە سەدەی شازدەم، واتە دوای لاوازبوونی دەوڵەتی ئایینی-کڵێسایی کاسۆلیک سەرهەڵنادات، بەڵکو دەژێتەوە، ژیانەوەیەک لەسەر ڕەگی شارستانییەتی یۆنان و ڕۆمای کۆن. ژیانەوە بەو مانایەی کە پێشتر بوونێکی ڕەسەنیان هەبووە وەک ئەوروپی و خودی خۆیان بوون، بەڵام دەسەڵاتی ئایینی ئەو بوونە ڕەسەنەیان دەکوژێت. هەر لەبەر ئەوەشە ئەوروپییەکان بەم سەردەمە دەڵێن ڕێنیسانس، واتە دووبارە ژیانەوە، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک لەژێر دەسەڵاتی ئایینی لە ڕەسەنایەتی خۆیان نامۆ ببوون.
لە سەردەمی یۆنانییە کۆنەکان، یۆنانییەکان هەستی نەتەوەخوازی یۆنانی بۆ شانازیکردن بە باڵادەستی دەوڵەتی یۆنان لە لوتکە دابووە، نەک هەر ئەوەندە بەڵکوو گەیاندبوویانە ئاستی ڕەگەزپەرستیش، خۆیانیان بە هێلینی و یۆنانی، ئەوانی دیکەش بە بەربەری و دواکەوتوو ناوزەد دەکرد. شەڕی یۆنانییەکان لەگەڵ نەتەوەکانی تر، وەکوو فارسەکان، شایەدی ڕیشەی قووڵی هەستی نەتەوایەتییە. لە یاسای ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانی بەهەمان شێوە هاوڵاتی ڕۆمی لە ڕووی ماف و ئیمتیازاتەوە جیکاریی پێ کرابوو لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە. بەهەمان شێوە، باڵادەستی دەوڵەتی ئایینیی کرستیانی قۆناغێکی دابڕانی هەستی نەتەوەییە بۆ ئەوروپا نەک قۆناغی پێش هەستی نەتەوەخوازی، چونکە پێش ئەو قۆناغە هەستی نەتەوایەتی لای نەتەوە پێگەیشتووەکانی وەک یۆنانییەکان و ڕۆمانەکان هەر هەبووە. ڕەنگە بۆ ئەو نەتەوانە ڕاست بێت کە لەوکات جگە لە خێڵێکی بەربەری هیچی تر نەبووبن وەک خێڵە جەرمەنییەکان و سلاڤییەکان.
لە سەدەی بیستەمیش ئەم دابڕانە لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا ڕوویدا، کاتێک دەوڵەتێکی بان-نەتەوەیی وەک یەکێتیی سۆڤیەت لەسەر بنەمای ئایدۆلۆجیایەکی بان-نەتەوەیی دروست بوو. دەی ناکرێ بڵێین هزری دەوڵەت-نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا لە دوای ١٩٩٠ دروست بووە. لە ئێستاشدا بیرۆکەی بان-نەتەوەییانە هەر هەن، بەتایبەتی لای ئیسلامی سیاسی. بۆیە کاتێک لە سەردەمێک لە سەردەمەکان هزر و ئایدۆلۆجیایەکی بان-نەتەوەیی زاڵ دەبێت، ئەمە مانایی نەبوونی هزری نەتەوەیی نییە بەڵکوو ئەمە دابڕانێکی کاتییە، بەڵام لە کۆتاییدا، نەتەوەکان هەر بۆ ڕەسەنایەتی خۆیان و بۆ نەتەوەخوازی دەگەڕێنەوە. ئەوروپییەکان ئەم گەڕانەوەیان ناونا ڕێنیسانس. هەرچەندە لە سەردەمی دەوڵەتی خەلافەتە ئیسلامییەکان ئەو دابڕانە بەو شێوە توندەی ئەوروپا نەبووە، بەڵکوو لە هەناوی دەوڵەتی خەلافەت نەتەوەکان بەردەوام لە ململانێدا بوونە بۆ دەسەڵات و دەوڵەتی خۆیان.
دەوڵەت-نەتەوە بریتییە لە دەسەڵاتێکی خۆبەڕێوەبەری نەتەوەیی بۆ پاراستنی شکۆ و ناسنامەی نەتەوە. ئەمەش ویستێکە هەموو نەتەوەکان هەیانە و هەیانبووە هەر لەدێر زەمانەوە، جا سەروەریی یاسایەکی نێودەوڵەتی بووبێت یان نا، ناکرێ ئێمە هەستی نەتەوەخوازی و دەوڵەت-نەتەوە پەیوەست بکەین بە بنەمای سەروەریی.
هەموو گرووپێک، جا خێزان بێت یان خێڵ و نەتەوە، بە سروشت حەزیان لە سەربەخۆییە، هیچ گرووپێک نییە حەزی بە داگیرکاریی ئەوانی تر بێت. مادام کوردان لەو ناوچەیەدا خۆیان وەک کورد ناسییە، هاوکات نەتەوەکانی تری دەوروبەریشیان ناسییە، کەواتە حەزی سەربەخۆیی و شکۆمەندی کوردییان هەبووە وەک گرووپێکی نەتەوەیی و هاوخوێن، بەتایبەتی کورد کە هەستی دەمارگیریی هاوخوێنی زۆر بەهێزە. حەزی شکۆ و شانازی و دەسەڵاتی نەتەوەیی هاوزای سەرهەڵدانی نەتەوەکانە، بۆیە، لەوەتەی نەتەوە هەیە شەڕی نەتەوەکانیش هەیە بۆ سەربەخۆیی.
بۆیە ئەوە هەڵەیە گەر بڵێین ئێمە نابێ مێژووی سیاسی و نەتەوەیی خۆمان بە پێوەری دەوڵەت-نەتەوە بپێوین، چونکە ئەو کات بیرۆکەی دەوڵەت-نەتەوە نەبووە، یاخود بۆمان نەبێت هیچ گلەییەک لە پێشینان و مێژووی سیاسی خۆمان بکەین بە بیانووی ئەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی نەبووە. دەوڵەت-نەتەوە بە سادەیی دوو وشەیە، یەکەم، دەوڵەت، کە بریتییە لە دەسەڵاتێکی سیاسی و بەڕێوەبردن. دووەم، نەتەوەیە، کە بریتییە لە هەستکردنی کۆمەڵێک خەڵکە بە هاوسۆزی و هاوناسنامەیی. بەکورتی دەوڵەت-نەتەوە واتە بوونی دەسەڵاتێک بۆ پارێزگاریی لە ناسنامەی نەتەوەیی. بەدرێژایی مێژووش کورد هۆشیاریی بەرانبەر ئەم دوو چەمکە هەبووە. هەمیشە بەرانبەر داگیرکاریی وڵاتان وەستاوەتەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لەم دوو چەمکە بکات، هەم ناسنامە نەتەوەییەکەی، هەم دەسەڵات و خۆبەڕێوەبەریەکەی، کە بوونی پەیوەستبووە پێوەی.
بە هەڵەی دەزانم گەر پێمان وابێ بیرۆکەی دەوڵەت-نەتەوە لە کۆتاییی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست هاتۆتە ئەم ناوچەیە و نەتەوەکانی ئەو ناوچەیە هۆشیاریان لەهەمبەر پەیداکردووە، گەر وابێت، ئەی هەم هەموو شەڕەی کوردان لەگەڵ نەتەوە و دەوڵەتەکانی دراوسێ بەدرێژایی مێژوو لەسەر چی بووە؟ ئەدی بۆچی شەرەفخان دێت شەرەفنامە دەنووسێ کە تایبەتە بە دەسەڵاتی میرە کوردەکان! بۆچی شەرەفخان لە سەدەی شازدە، گلەیی لە کوردان دەکات کە یەکگرتوو نابن بەرانبەر داگیرکاریی نەتەوەکانی تر؟ بۆچی مێژووی ئەو نەتەوەیە دەنووسێتەوە؟ بۆچی ئەحمەدی خانی لە “مەم و زین” بە ئاخەوە گلەیی لە یەکنەگرتنی کوردان دەکات بەرانبەر بە دوژمنانی کورد و نەتەوەکانی دراوسێ؟ یەکگرتن لەپێناو چی؟ مەگەر جگە لە پێکهێنانی دەسەڵاتی یەکگرتوو لە سەرانسەی خاکی کوردان کە کڕۆکی دەوڵەتێکی نەتەوەییە چی ترە؟
ئەحمەدی خانی لە سەدەی حەڤدە، لە داستانی “مەم و زین”دا، بەم شێوەیە گوزارشت لە هەست و هزری نەتەوەخوازی کوردی دەکات:
گەر دێ هەبوایە مە ئیتیحادەک
ڤێکرا بکرا مە ئینقیادەیەک
ڕۆم و عەرەب و عەجەم تەمامی
هەمییان ژ مەڕا دکر غوڵامی
تەکمیل دکر مە دین و دەولەت
تەحصیڵ دکر مە علم و حیکمەت
لەم کۆپڵە هۆنراوەیەدا خانی زۆر بە ڕوونی باس لە هزری نەتەوەخوازی کوردی دەکات و هیچ گومانێکی تێدا ناهێڵێتەوە. دەڵێ ئەگەر کوردان هەموویان یەکبگرن لەژێر سایەی یەک سەرکردە، ئەوا ئەوان نەک هەر لەژێردەستەیی تورک و عەرەب و عەجەم ڕزگاریان دەبێت بەڵکوو ئەوان دەبنە ژێردەستەی کوردان. لێرەدا خانی تەواو نەتەوەییانە دێتە گۆ و پەیڤین، باس لە ململانێێ نێوان نەتەوەکان دەکات، هیچ دەوڵەتێکی ئایینی پیرۆز و جەنگێکی پیرۆز لە ئارادا نییە کە بەربەستی سەرهەڵدانی بوون و هزری نەتەوەیی بێت. پاشان ئامانجەکەشی ڕوون کردۆتەوە، ئەویش دەوڵەتی کوردانە، دەوڵەتێک لەسەر بنەمای نەتەوەیی دامەزرا بێت . زیاتریش ڕۆیشتووە، هۆکاری دواکەوتوویی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری کۆمەڵگە و وڵاتی کوردان کە بەدەست سیستەمی دەرەبەگایەتییەوە دەیان ناڵاند بۆ نەبوونی دەوڵەت گەڕاندۆتەوە. دەڵێ گەر ئێمەی کوردیش دەوڵەتی خۆمان هەبووایە، ئەوا دەبووینە خاوەن زانست و پێش دەکەوتین.
ئەم کۆپڵە هۆنراوەیەی خانی بریتی نییە لە بیردۆز و تیۆرێکی پەتی سیاسی وەک تیۆری دەوڵەت و دادپەروەری ئەفڵاتۆن یاخود کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی ماڕکس… کە بڵێین ئەمە داهێنانێکی هزری و ئاوەزی خودی نووسەرە و لە خەیاڵدانی نووسەرەوە سەرچاوەی گرتووە و بابەتێکی کەسیە، بەڵکو گوزارشتێکی ڕوونی بارودۆخ و داکەوتی سیاسی کوردانە لەوکاتدا. ئەم دەربڕینەی خانی و لەپێش خانیش شەرەفخان، نوێنەرایەتی هزری نەتەوەخوازی لای کورد دەکات لەسەردەمانی کۆندا. نەک هەرئەوەندە، بەڵکو باس لە بوونی دەوڵەتی نەتەوەکانیتری دراوسێ دەکات وەک تورک و عەرەب و فارس، دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی وەک دەوڵەتی نەتەوە ناودەبات نەک ئایینی چونکە شتێکی تەواو زانراوبووە کە ئەو دەوڵەتانەی ئەوکات لە ناوەڕۆکدا دەوڵەتی نەتەوەیی بوونە هەرچەندە بەناوی ئایینیەوەش فەرمانداریان کردبێت و ڕەوایەتیان لێوەرگرتبێت. ئەمەش مانای ئەوە نییە کە بڵێین هەستی ئایینیان نەبووە یان ئایین کاریگەری لەسەریان نەبووە، لەسەردەمی دەوڵەت-نەتەوەیی ئێستاشدا ئایین و ڕۆڵ و کاریگەری خۆی هەر هەیە لە سیاسەتی دەوڵەتەکاندا.
دەبێت ئەو جیاکارییە بکەین لەنێوان بوونی شتێک لەنێو هەستدا لەگەڵ سات و کاتی لە چەمکدانی. سێ منداڵی تەمەن پێنج ساڵان بێنە، پرسیاریان لێ بکە لە بارەی چەمکی یەکسانیی و دادپەروەریی، ڕەنگە هەر لێشت تێنەگەن و هیچ زانیاری و وەڵامێکیان پێ نەبێ، بەڵام سێ کێکیان بۆ دابنێ، هەر یەکەیان کێکێک دەبات، کەسیان قبوڵ ناکات یەکێکیان هەرسێ کێکەکە ببات و بەشی ئەوانیش بۆ خۆی ببات، واتە ڕێگە نادەن نادادپەروەرییان بەرانبەر بکرێت، لەکاتێکدا هیچ لەبارەی دادپەروەرییەوە نازانن.
بوونی دەوڵەت-نەتەوە لەو کاتەوە سەرهەڵدەدات کە ئەندامانی ئەو گرووپە نەتەوەییە هەستیان بە هاوناسنامەیی خۆیان و هاوکات جیاوازبوونی خۆیان کردووە لەگەڵ گرووپە نەتەوەییە جیاوازەکانی تر. ئەمەش هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی گرووپەکان سەرهەڵدەدات، چ جای کاتی بوون بە نەتەوە. بۆیە ناکرێت ساتی لە چەمکدان و لە یاسادان و ڕێز و سەروەریی بۆدانان بکەینە ساتی سەرهەڵدانی بیرۆکەکان، چونکە بوون پێش زانین دەکەوێت، نەبوونی زانیاریمان دەربارەی شتێک مانای ئەوە نییە کە ئەو شتە بوونی نییە، کاتێک ئەو سێ منداڵە زانیارییان دەربارەی ئازادیی و یەکسانیی و دادپەروەریی نییە، مانای ئەوە نییە کە ئەوان گرنگی بە ئازادیی و یەکسانیی و دادپەروەریی نادەن، یان هیچ هەڵوێستێکیان بەرانبەری نابێت. نەتەوەکانیش لە کۆندا، کە زانیارییان نەبووە لەبارەی چەمکی دەوڵەت-نەتەوە بەو شێوەیەی کە ئێمە ئێستا دەیزانین، مانای ئەوە نییە کە ئەوان بۆ دەوڵەت-نەتەوە شەڕیان نەکردووە و تێنەکۆشاون و هەوڵی بەدیهێنانیان نەداوە.
کاتێک باس دێتە سەر خەلافەتە ئیسلامیەکان بەجۆرێک قسەی لەسەر دەکەن و هەڵسەنگاندن بۆ ئەو سەردەمە دەکەن وەک ئەوەی تەنها هەستیان بۆ خەلافەت و دەوڵەتی ئیسلامی هەبێت و هەموو نەتەوەکان تێکڕا تەنها لە خەمی خەلافەتدا بووبن و هیچ هەستیان بۆ دەسەڵات و شکۆی نەتەوەیی نەبووبێت. لەکاتێکدا کە ئەو مێژووە دەخوێنینەوە، دەبینین لە هەناوی ئەو خەلافەتەدا پڕە لە شەڕ و جەنگ و ململانێی نێوان نەتەوەکان لەسەر دەسەڵات و دەستگرتن بەسەر خەلافەت یان هیچ نەبێ دروستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی لەپاڵ خەلافەت. گەر خەلافەت ئەوەندە پیرۆزی هەبوایە و نەتەوەکان تەنها هەستیان بۆ ئایین هەبوایە، بۆچی لەدژی ڕادەپەڕین، بۆچی هێرشیان دەکردە سەر و داگیریان دەکرد، بۆچی لەپاڵ خەلافەت دەوڵەتی تر دروست دەکرا وەک دەوڵەتی بوەیهی و سەلجووقی و ئەیووبی.
لەڕاستیدا ئەوەی دەبینرێت لەبنەڕەتدا فەرمانڕەوایی بنەماڵەکانە، ئەو بنەماڵانەش نوێنەرایەتی شکۆی نەتەوەکەی خۆیان دەکرد لەبەرگی خەلافەت و دەوڵەتی ئیسلامی (بنەماڵەی ئەمەوی، بنەماڵەی عەباسی، بنەماڵەی بوەیهی، بنەماڵەی سەلجووقی، بنەماڵەی ئەیووبی، بنەماڵەی عوسمانی، بنەماڵەی سەفەوی، هتد.). لەنێو ئەمانەدا کورد، عەرەب، تورک، فارس هەیە. هەر یەکێک لەمانە کاتێک دەسەڵاتی گرتووە، نەتەوەکەی خۆی باڵادەست کردووە بەسەر خەلافەت و دەوڵەتەکەی، لەنێو نەتەوەکەی خۆشیدا هۆز و عەشیرەتەکەی، لەنێو هۆز و عەشیرەتەکەش بنەماڵە و خێزانەکەی خۆی لە پێش هەموو شتێک بووە. ئەمە بۆ ئێستاش ڕاستە، لەنێو دەوڵەتە فرەنەتەوە دیکتاتۆرەکاندا، دەبینین نەتەوەیەک باڵادەستە، لەنێو ئەو نەتەوەیەش پارتێکی سیاسی باڵادەستە، لەنێو ئەو پارتە سیاسیەش گرووپێکی بچووک باڵادەستە، کە زۆر جار خێزانێکە، وەک حیزبی بەعس، عەرەبی سوننە، تکریتییەکان، دواتر بنەماڵەی سەدام لە عێراق. جیاوازیەکە ئەوەیە پارتی سیاسی شوێنی هۆز و عەشیرەت و بنەماڵەکانی جارانی گرتیتەوە لە ململانێ بۆ گرتنی دەسەڵات.
لەناو دەوڵەتە تورکەکانی کۆندا وەک سەلجووقی و قەرەقۆینلۆ و ئاق قۆینلۆ و عوسمانی، دەبینین نەتەوەی تورک باڵادەست بووە، نەتەوەی کورد و ئەوانی تریش ژێر دەستە بووینە، بەڵام لەنێو ئەو دەوڵەتانە بەردەوام ململانێ لەنێوان بنەماڵە تورکەکان هەبووە لەپێناو گەیشتن بە دەسەڵات. کوردەکان و نەتەوەکانی تر بەدەر بووینە لەو ململانێیە، وەک بڵێی ئەو مافەیان نەبووبێ، تەنها تورکەکان بۆیان هەبووە ململانێ لەسەر دەسەڵات بکەن، وەک چۆن ئێستا لەنێو دەوڵەتی تورکیا، بەهەمان شێوە دەبینین نەتەوەی تورک باڵادەستە و نەتەوەی کوردیش ژێردەستە، ململانیش لەسەر دەسەڵات تەنها لەنێوان تورکەکانە (پارتە تورکییە باڵادەستەکان). پارتە کوردییەکان ململانێیەکەیان تەنها بۆ بەدەستهێنانی بڕێک مافی نەتەوەییە لەنێو ئەو دەوڵەتە، نەک بۆ ئەوەی دەوڵەت بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان بەجۆرێك ئەو دەوڵەتە نوێنەرانی کورد بکات، وەک چۆن تورکەکان دەیکەن. لەڕابردووشدا هەر وابووە، ڕاپەڕین و یاخیبوونی میرنشین و دەسەڵاتدارە کوردەکان بۆ خۆپارێزی بووە لە دەستدرێژی دەوڵەتەکە، نەک بۆ دەستگرتن بێت بەسەر دەوڵەتەکە.
ئەم بەراوردکارییە کڕۆکییە، بۆ دەوڵەتی عەباسی کۆن و عێراقی ئێستا، سەفەوی-ئێرانی کۆن و ئێرانی ئێستاش هەر ڕاستە. لە هەردوو سەردەمدا، نەتەوەی باڵادەست و نەتەوەی ژێردەست هەن، ململانێی و ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتیش هەر لەنێو نەتەوەی باڵادەست بووە، ژێردەستە مافی ئەوەی نەبووە بانگەشە بۆ گرتنی دەسەڵات بکات. تاکە ڕێگەیەک ئەوەبووە خۆی بەهێز کردبوایە و پاشان نەتەوەی دەسەڵاتداری ملکەچ بە دەسەڵاتەکەی خۆی کردبوایە. وەک ئەو دەوڵەتانەی کە دروست بوون لەپاڵ دەوڵەتی عەباسی. ئەمە بۆ دەوڵەتی کوردە ئەیوبییەکانـیش هەر ڕاستە. لەم دەوڵەتەدا کوردەکان باڵادەست بوون و تورک و عەرەبـیش ژێردەستە بوون. لە هەموو ناوچەکانیش یەکێک لە بنەماڵەی ئەیوبییەکان فەرمانداریەتی دەکرد، ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتیش لەنێو بنەماڵە کوردەکان بوو، تا ساتی ڕووخانی دەوڵەتەکە.
خەلافەت و دەوڵەتی ئیسلامی لەوکاتدا، تەنها ئامرازێکی ڕەوایەتیدان بە دەسەڵات بووە، بۆیە دەبینین هەموویان لە شەڕ و ململانێ دابوونە لە پێناو بە دەستهێنانی ئەو ئامرازە بۆ جێگیرکردنی دەسەڵات و قەڵەمڕەوی خۆیان. جیاوازییە بنەڕەتییەکە لە ناولێنانەکەیە، ئەو کات وا باو نەبووە دەوڵەت بەناوی نەتەوەکان بێت هەرچەندە لە کڕۆکیش نەتەوەیی بووبێت بەڵکوو دەوڵەت بەناوی کەسایەتییە دامەزرێنەرەکان دەکرا، بەڵام لە کڕۆکدا ڕووخساری نەتەوەی دەسەڵاتدار تیایدا ڕەنگی دەدایەوە، چونکە دوای دامەزرێنەر دەسەڵات بە بۆماوەیی بووە بۆ یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی. خێزانی فەرمانڕەواش لە چ نەتەوەیەک بوایە ئەو نەتەوە باڵادەست دەبوو. دەوڵەتی ئەمەوی و عەباسی زۆر بەباشی نوێنەرایەتی نەتەوەی عەرەبیان دەکرد، دەوڵەتی ئەیوبی دەوڵەتی کوردەکان بووە. کوردەکان لە هەموو شوێنێکی شام و میسر و سوودان و بەشێکی زۆری کوردستان دەسەڵاتداربوون. دەوڵەتی سەلجووقی و قەرەقۆینلۆ و ئاق قۆینلۆ و عوسمانی بە تەواوی نوێنەرایەتی تورکەکانیان کردووە، تورک تیایدا باڵادەست و هاووڵاتی پلەیەک بووە.
ئەوەی لەوکات ڕێگری کردووە کە وەکوو ئێستا کۆمەڵێک دەوڵەتی نەتەوەیی هەبێت لەپاڵ یەکتردا، نەبوونی هەستی نەتەوەخوازی و دەوڵەت-نەتەوە نەبووە، بەڵکوو جێگیرنەبوونی سنوورەکان و نەبوونی سەروەریی دەوڵەت بووە، کە لە دوای وێستفالیا سەری هەڵداو لە دوای یەکەم و دووەم جەنگی جیهانی بە شێوەیەکی کارا پەیڕەوی لێ کرا، تاوەکوو ئێستا. لەوکات بەهۆی جێگیرنەبوونی سنوورەکان و نەبوونی یاسای نێودەوڵەتی پەیڕەوکراو، هەر دەسەڵاتێک کە سەر بە هەر نەتەوەیەک بوایە، کە بەهێز دەبوو دەستی دەکرد بە فراوانخوازی و قەڵەمڕەوی دەسەڵات، دەسەڵاتی میری و فەرمانداری نەتەوەکانی تری لەناو دەبرد، بواری بۆ فرەیی دەوڵەت-نەتەوە نەدەهێشتەوە.
بەگشتی، نەتەوەکان لە دێر زەمانەوە هەستی دەسەڵات و سەربەخۆیی نەتەوەیان هەبووە، بەدرێژایی مێژووش خەباتیان بۆ کردووە و قوربانی زۆریان داوە. بۆ ئەمەش بەردەوام لە شەڕ و ململانێدا بوونە لەگەڵ نەتەوەکانی تر، بەڵام دەوڵەت و دەسەڵاتی نەتەوەکان هیچ سەروەرییەکی نەبووە، بۆیە، سەروەرییان تەواو پەیوەست بووە بە توانا و هێزیانەوە، هەر کاتێک لاواز بوونایە ئەوا داگیردەکران و دەسەڵات و دەوڵەتیان لەناو دەبرا. بۆیە، دەبینین کاتێک عەرەب بەهێز دەبێت دەوڵەت دادەمەزرێنێت و بەسەر هەموویاندا زاڵ دەبێت؛ کاتێک نەتەوەی دەیلەمی ئێرانی بەهێز دەبێت، دەست بەسەر خەلافەتی عەرەبیدا دەگرێت، کاتێک بوەیهییەکان لاواز دەبن و سەلجووقییەکان بەهێز دەبن، ئەوا سەلجووقییە تورکەکان دەست بەسەر خەلافەتدا دەگرن و هەژموونی بەسەردا دەکەن. کاتێکیش سەلجووقییەکان لاواز دەبن، کوردە ئەیوبییەکان دەوڵەت دادەمەزرێنن و دەسەڵاتیان بەسەر بەشێکی گرنگی ناوچەکەدا دەسەپێنن، کاتێک دەسەڵاتی ئەیوبییەکانیش کۆتایی دێت، مەغۆلەکان دێن و دەست بەسەر خەلافەتدا دەگرن و کۆتایی پێدەهێنن. دواتر کە مەغۆلەکان تەواو لاواز دەبن، قەرەقۆینلۆ تورکەکان دێن کۆتایی بە دەسەڵاتی دەوڵەتی جەلائیری مەغۆلەکان دەهێنن، پاشان ئاق قۆینلۆش کۆتاییی بە دەسەڵاتی قەرەقۆینلۆ دەهێنن. دوای ئەوانیش، سەفەوییەکانیش کۆتایی بە دەسەڵاتی ئاق قۆینلۆ تورکەکان دەهێنن، ئینجا دەوڵەتی عوسمانی تورکی دەردەکەوێت لە ناوچەکە و لەگەڵ سەفەوییە فارسەکان دەکەونە شەڕ و ململانییەکی دوورودرێژ.
ڕاستە زۆرێک لەو دەوڵەتانە خۆیان بە دەوڵەتی ئایینیی هەژمار کردووە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئایین وەکوو نەتەوە تەنها هەست کردن نییە بە هاوناسنامەیی، بەڵکوو یاسا و دەستوور و بەرنامەش بووە، لە نەبوونی یاسای مەدەنی و گەشەی ئاستی ڕووناکبیریی، هاوکات هەژموونی ئایینی ئیسلام وەک سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان، ناچاربوونە دەوڵەتەکەیان وەک دەوڵەتێکی ئایینیی بناسینن.
بەمانایەکی تر، نەتەوە تەنها هەستێکی هاوبەشە بە هاوناسنامەیی، بەڵام ئایین بیر و بەرنامەیە. لە هەموو سەردەمەکان بە ئێستاشەوە، نەتەوەکان لەپاڵ هەستی نەتەوەیی پێویستیان بە بیر و بەرنامەیەکیش هەبووە، بۆ ڕەوایەتیدان بە کردە و سیاسەتەکانیان، وەک چۆن لە سەردەمی نوێدا دەوڵەت-نەتەوەکانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی ئەمریکی و بەریتانی هەڵگری بیر و بەرنامەی لیبراڵین، تەنانەت کە جەنگ دەکەن دەڵێن ئێمە بەرەی چاکەین لە پێناو بەرجەستەکردنی بەهاکانی ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی جەنگ دەکەین. لە جەنگەکاندا دابەشکاری دەکەن لەنێوان بەرەی چاکە و بەرەی خراپە، لە کۆنیشدا بەرەی ئیمان و بەرەی کوفر. لە ئێستاشدا، زۆرێک لە دەوڵەتانی ئیسلامی بەناوی ئایین و ئیسلام هەوڵی فراوانخوازی و پتەوکردنی دەسەڵاتی نەتەوەییان دەدەن، لە کۆنیشدا هەر هەمان شت بووە.
کەواتە، ئایین ڕەوایەتی دەداتە جەنگەکان و دەمارگیریان توندتر دەکات، دەوڵەتی عەباسی بەناوی خەلافەتی ئیسلامی ڕەوایەتی بەخۆی دەدا، دەوڵەتی ئەیوبی بەناوی جەنگ دژی خاچهەڵگران و جیهاد و پەیڕەوکردنی شەریعەتی ئیسلامی؛ دەوڵەتی سەفەوی بەناوی ئایینزایی شیعە ڕەوایەتی بەخۆیی دەدا، دەوڵەتی عوسمانی بەناوی خەلافەتی ئیسلامی و جیهاد و فراوانخوازی دەوڵەتی ئیسلامی ڕەوایەتی بەخۆیی دەدا. لە ئێستاشدا هەمان شت هەر هەیە.
ئەمە قسەکردن بوو لەسەر ئەو ململانێی و جەنگانەی نێوان نەتەوەکان لە سەردەمی خەلافەتی عەباسی، بەتایبەتی باسکردن لە هەستی نەتەوەیی و سەربەخۆیخوازی نەتەوەی کورد لە چوارچێوەی میرنشینە کوردییەکان، کە سەرچاوەیەکی کەم لەبارەیانەوە هەیە، ئەوەی هەشە زۆر بەکورتی و کرچوکاڵی باسی لێوە کردوون. بەڵام ئەگەر بێینە سەر میرنشینە کوردییەکانی سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی بەتایبەتی میرنشینی بابان، ئەوا دەبینین کە بابانەکان هەستی کوردبوون و نەتەوایەتییان زۆر بەهێز بووە، هیچ گومانێک نییە لەهەمبەر هەستی نەتەوایەتیان، لە نێوان خۆیاندا زۆر بەکەم دەڵێن دەوڵەتی عوسمانی، وشەی خەلافەتی ئیسلامی و دەوڵەتی ئیسلامی هەر بەکارناهێنن، بەڵکوو هەر دەڵێن تورکەکان، فارسەکان. هیچ پیرۆزیەکیشیان بۆ دەوڵەتی عوسمانی تورکەکان و ئێرانییە شیعەکان نەبووە، بەڵکوو وەکوو دوژمنی نەتەوەیی لێیان دەڕوانن. بۆیە زۆر هەڵەیە گەر بڵێین هەستی نەتەوایەتی کورد دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتاکانی سەدەی بیست. زۆر نالۆجیکییە بڵێین لەسەرەتای سەدەی بیست کورد هەستی سەربەخۆیخوازی نەتەوەیی بۆ دروست بووە، ئەی ئەو سەدان ساڵە بە چی مابوویەوە، بۆ نەتوایەوە، ئەم هەموو جەنگ و ململانێیەی لە پێناو چیدا کردووە، ئەم هەموو میرنشینەی بۆچی دروست کردووە، مەگەر بۆ ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی نەتەوەکانی تر نەبووە.
سەردەمەکان فۆڕم و شێوازەکان دەگۆڕن نەک کڕۆکەکان. شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی بەدرخان پاشای بۆتان و شێخ عوبەیدوڵای نەهری و ئەوانی دواتریش، لەڕووی کڕۆکەوە هیچ جیاوازییەکی نییە لەگەڵ میرنشینەکانی پێش خۆی، بەڵکوو ئەوە فۆرم و شێوازەکەیە گۆڕاوە. کاتێک دەوڵەتی عوسمانی لاواز دەبێت و خەریکە دادەڕمێت، ئینگلیزەکان هاتوونەتە ناوچەکە بۆ پارچەپارچە کردنی دەوڵەتی عوسمانی و دروستکردنی دەوڵەتگەلێک بە فۆرمێکی نوێ. نەتەوەکانی ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی داوای دەوڵەتی خۆیان دەکەن، کوردیش ئەمە بە دەرفەت دەزانێ و خەبات بۆ سەربەخۆیی خۆی دەکات وەکوو ئەوان لەو فۆرم و شێوازە نوێیەی کە هاتۆتە کایەوە. ئەمەش مانای ئەوە نییە کە پێشتر خەباتی بۆ سەربەخۆیی نەکردبێ، پێشتریش لە فۆرمە کۆنەکە هەمیشە لە خەباتی سەربەخۆیی نەتەوەییدا بووە.
کاتێک کوردەکان لە بەرداشی دەوڵەتی عوسمانی (ڕۆم) و ئێرانی (عەجەم) دا بوونە، ئەو دوو دەوڵەتەش لەوپەڕی بەهێزیدا بوونە، کوردەکان ناچار بووینە خەبات بکەن بۆ سەربەخۆییەکی ڕێژەیی لە چوارچێوەی یەکێک لەم دوو دەوڵەتە، بەتایبەتی دەوڵەتی عوسمانی. بەڵام کاتێک ئەو دوو دەوڵەتە لاواز دەبن و بەرەو پووکانەوە و هەڵوەشانەوە دەچن، کوردەکانیش ئاستی خەباتیان بەرز دەبێتەوە بۆ سەربەخۆیی تەواوەتی لە چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوەی خۆیان. ئەمە بۆ سەردەمی ئێستاش هەر ڕاستە، کاتێک ئەو چوار دەوڵەتەی کورد تیایاندایە بەهێزن و هیچ گۆڕانکاری و بارودۆخیکی نوێی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی کوردان لە ئارادا نییە، کوردان ناچارن خەبات بۆ سەربەخۆییەکی ڕێژەیی دەکەن لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتانە، وەک کۆمەڵێک مافی نەتەوەیی، لامەرکەزی، ئۆتۆنۆمی، فیدڕاڵی، هتد. لێرەدا ناکرێ بڵێین کوردان هەستی سەربەخۆخوازی نەتەوەییان نییە چونکە هەم پارچە پارچە خەبات دەکەن بە نایەکگرتوویی، هەم داوای دەوڵەت-نەتەوەی سەربەخۆ ناکەن، بەڵکوو هەرکاتێک بارودۆخی ناوچەیی بگۆڕێت، دۆخێکی هاوشێوەی دوای یەکەم و دووەم جەنگی جیهانی دروست بێت ئەوا کوردەکانیش بە دڵنیاییەوە خەبات بۆ دەوڵەت-نەتەوەی سەربەخۆ دەکەن. کەوایە بارودۆخ و سەردەمە نوێیەکان فۆڕمەکان دەگۆڕن نەک کڕۆکەکان. هەستی سەربەخۆخوازی نەتەوەیی کورد وەک کڕۆک هەر هەبووە، بەڵام بە شێوازی سەردەمەکە خۆی.
جیاوازییە بنەڕەتییەکە بریتییە لە هێنانە کایەی سیستەم و ڕێکخستنی ململانێیکان، هەم لەسەر ئاستی نێوان نەتەوەکان، هەم لەسەر ئاستی ناوخۆ. لەسەر ئاستی نێوان نەتەوەکان، لەسەردەمانی کۆندا هیچ یاسا و سیستەمێکی جیهانی و نێودەوڵەتی نەبوو، سنووری دەوڵەتەکان هیچ سەروەرییەکی نەبوو. بۆیە، بوار بۆ فرەیی دەوڵەت-نەتەوە نەبوو، ئەگەرنا خواستی دەوڵەت-نەتەوە هەبووە، بەهێزەکە لاوازەکانی داگیر دەکرد و فرەیی لەنێو دەبرد، لەبەرئەوە لە جیاتی دەوڵەت-نەتەوە کۆمەڵێک دەوڵەتی ئیمڕاتۆر ئاسا هەبوون. ئێستاش گەر یاسا و سیستەمی نێودەوڵەتی نەبێت و پڕەنسیپی سەروەریی هەڵبگیرێت ئەوا چەند دەوڵەتێکی پاوانکاری ئیمپڕاتۆری دەمێننەوە، ئەوانی تر هەمووی ژێر دەکەوێ.
بەهەمان شێوە، لەسەر ئاستی ناوخۆش ململانێکان بە سیستەم بوونە و ڕێکخراون. جاران لەسەر ئاستی هەر نەتەوەیەک کام هۆز و بنەماڵە لە هەموویان بەهێزتر بوایە زاڵ دەبوو و هەمووانی دەخستە ژێر دەسەڵاتی خۆی، بەڵام لە ئێستادا ململانێی و کێبڕکێی نێوان پارتە سیاسییەکان لە ناوخۆی وڵاتدا بە سیستەم ڕێکخراوە، بەتایبەتی لە وڵاتە دیموکراسییەکان. بەهەمان شێوە، گەر سیستەم نەمێنێت فرەیی پارتە سیاسییەکانیش نامێنێت، تەنها پارتی زاڵ دەمێنێتەوە.
بەگشتی، مەبەست لێرەدا ئەوەیە بڵێین، کوردەکان وەک هەر نەتەوەیەکی تری دەوروبەریان لە ناوچەکە، هەر لە کۆندا خۆیان وەک کورد ناسیە، ناسنامەی کوردانەیان هەبووە، هەمیشەش لە هەموو قۆناغەکان بەرگریان لە کوردبوون و خاک و دەسەڵات کردووە و ڕووبەرووی دوژمن و داگیرکاریی نەتەوەکانی تر بوونەتەوە. جا داگیرکار لە ژێر هەر ناوێک و لەنێو هەر بەرگێکدا بووبێت. بەڵام کێشەکە لە ئەقڵیەتی خێڵەکیان و ئاستی کورتبینی سیاسییان بووە، کە نەیانتوانیوە وەکوو نەتەوەکانی تر یەکگرتوو ببن و بیر لە فراوانخوازی و زاڵبوونی نەتەوەکەیان بکەنەوە.