سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئێوەش هەر بڵێن سەڵاحەدین سوڵتان بوو!

لەسەروبەندی نووسینی بابەتێک بە هاوبەشی لەگەڵ هاوڕێم شێرکۆ کرمانج، لەژێر سەردێڕی “یوسف زێدان، بەخێربێیت بۆ کوردستان”، مشتومڕێکی زۆر لەسەر هاتن و نەهاتنی، لەگەڵ بوون و دژبوونی دروست بوو. لێرەدا دەمەوێت چەند خاڵێک ڕوون بکەمەوە، بەتایبەتی بۆ ئەو هاوڕێ و دۆستانەی کە بەکۆمێنت وەکوو ڕەخنە، وەڵامی نووسینەکەی ئێمەیان دابووەو.:

یەکەم، بۆ ئەوانەی بە هەڵە لە هەڵوێستەکەی ئێمە حاڵی ببوون، ئامانج هەرگیز پشتیوانی نییە لە هەڵچوونێکی ناشیرینی “یوسف زێدان” دژ بە سوڵتان سەڵاحەدین. سوڵتان زۆر لەوە گەورەتر و ناودارترە، بەهەڵچوونێکی “یوسف زێدان” یان غەیری ئەویش لەکەدار ببێت. تازە ئەو جێگای خۆی گرتووە، ناوی لەناو مێژوودا لە فراوانترین پانتاییدا ڕەنگڕێژ کراوە. هەموومان لەوە بووینەتەوە.

دووەم، وەها پیشاندراوە، کە تەنها ئیسلامییەکان خاوەندارێتی لە سوڵتان سەڵاحەدین دەکەن. بەڵام ئەو پیاوە موڵکی هەموو کوردە، بەوانەشەوە کە دژی دەوەستنەوە و سووکایەتی پێ دەکەن. سوڵتان سەڵاحەدین بەشێکی دانەبڕاوە لە مێژووی کورد، باش بووبێت یان خراپ. هەموو دیوەکانی ژیانی ئەو ڕووناک بن یان دیوی تاریکیشی هەبن، وەکوو باوکێکی باش یان خراپ کە کوڕەکانی لەڕووی بایۆلۆجییەوە هەرگیز نەتوانن نکوڵی لە باوکایەتیی باوکیان بکەن، با زۆریش خراپ بووبێت. بۆیە، پێشتریش جەختم لەوە کردۆتەوە کە سوڵتان سەڵاحەدین سیمبۆڵێکی دیاری کوردە، بە هەموو تێبینییەکانیشەوە.

سێیەم، سوڵتان سەڵاحەدین لە مێژوو و هەوڵەکانی خۆیدا موڵکی موسڵمانانیشە، موڵکی هەموو ئەو خەڵکانەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا ژیاون. بۆیە، موسوڵمانەکانیش بە هەموو ئاڕاستەکانییانەوە دەتوانن شانازی پێوە بکەن و ڕەخنەشی لێ بگرن. مادام سوڵتان سەڵاحەدین حوکمی هەموو ئەو وڵاتانەی کردووە، دەکرێت وەکوو دەستەڵاتدارێکی وڵاتی خۆیان ڕەخنەی لێ بگرن و لێشی توڕە بن و قسەشی پێ بڵێن. یوسف زێدان‌ـیش ڕێک وای کردووە. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش سوکایەتی کردووە، چونکە لەچاوی ئەو سوڵتان ئەوەیە کە هەیە، نەک شتێکی دیکە. لەچاوی ئەو سەڵاحەدین حاکمی میسر بووە، حاکمێکی خراپ بووە، لەسەر ئەو بنەمایەش قسەی کردوون. واتە قسەی بە حاکمێکی وڵاتی خۆی گوتوون، نەک بە سیمبوڵێکی ئێمەی کورد.

چوارەم، پەیوەندی نێوان سوڵتان و جووەکان، جێگای لەسەر وەستانە. ئەو بەر لە هەمووان دەرگاکانی ئۆرشەلیمی بۆ جووەکان خستنە سەر پشت، دوای ئەوەی خاچهەڵگرەکان وەدەریان نابوون. سوڵتان بۆ یەکەمجار جووەکانی گەڕاندەوە بۆ قودس، کە ئەمڕۆ کوردبوون و جووبوون لەلایەن عەرەب و تورک و بەشێک لە ئێرانییەکان خراوەتە یەک تای تەرازوو. ئەوەش مانای وایە، ئەوەی دژە-جوو بێت دەبێت دژە سەڵاحەدین‌ـیش بێت، وەک ئەوانەی کە دژەجوون، دژە کوردـیشن.

پێنجەم: ئیسلامییەکان بە هۆکاری ئایدیۆلۆجیای عروبە، کە خۆی خزاندۆتە ناو ئایدیۆلۆجیای ئیسلامیزم، چاویان بەرژەوەندی کورد نابینێت، دژە-جووبوون بووە بە بەشێک لە عەقیدەیان، دەی ئەوە ڕێک پێچەوانەی سیاسەتی سوڵتان سەڵاحەدین‌ـە، جا پێیان خۆش بێت یان ناخۆش.

لەو بارەیەوە محەمەد شەعبان ئەیوب، لە نوسینێکیدا لە ئەلجەزیرە دەڵێت: “کە سوڵتان سەلاحەددین هات شاری قودسی داگیرکرد لە 1187، قەدەغەکردنی نیشتەجێبوونی جووەکانی لە قودس و هەموو فەلەستین هەڵوەشاندەوە. جووەکان لە فەڕەنسا و ئەڵمانیا و باشووری ئینگلتەرا و مەغریب گەڕانەوە قودس و جارێکی دیکە لەوێ نیشتەجێ بوونەوە. ئەوە چش لەوەی کە گەورە ڕاوێژکاری سوڵتان سەڵاحەدین، حاخامی جوو، “موسا بن مەیمون” بوو، کە جووەکان دەربارەی ئەو موسا‌ـیە دەڵێن: دوای موسا (پێغەمبەر)، هیچ موسایەکی دیکە نییە بێجگە لە موسا بن مەیمون. تەنانەت لەبەرامبەر خاچهەڵگرەکانیش؛ بەپێی پەیماننامەی ڕەملە (الرملة)، کە لە حوزەیرانی 1192 لەنێوان سوڵتان سەڵاحەدین و خاچهەڵگرەکان واژۆکرا، لێوارەکانی یافا تا دەگاتە سور (صور) بە قەیسەرییە وحەیفا و ئەرسۆف، لە سور تا باکووری سووریا و تا سنووری ئێستای تورکیا، بەدەستی خاچهەڵگرەکان مایەوە. شاری ڕەملە‌ش نیوە بە نیوە لەنێوان دەسەڵاتی سەڵاحەدین و خاچهەڵگرەکان بەڕێوە دەبرا. لەسەر داوای سوڵتان سەڵاحەدین‌ـیش دەنگوباسی ئەو ڕێککەوتننامەیە لە سەربازگەکان و لە بازاڕەکاندا بڵاوکرایەوە. هەروەها خاچهەڵگرەکان بە ئازادی لەهەموو ناوچەکە دەسوڕانەوە. مێژوو، بەو قالبە دەقخواردووەی ناو زیهنییەتی زۆربەی ئایدیۆلۆجیستەکانی ئەمڕۆ نەبووە و سوڵتانیش بەو بیرتەسکی و ئایدیۆلۆجییە یەک ڕەهەندە تەماشای دنیا و خەڵکی نەکردووە. بەڵکوو هەمیشە بەرژەوەندی خۆی لەپێش هەموو بەرژەوەندییەکان دیوە، هەموو کردە سیاسییەکانی سوڵتان ئەوە دەسەلمێنن.

پێنجەم، من خۆم بە مێژووناس نازانم، بەڵام مانای وانییە هیچی لێ تێ نەگەین. پرسیاری گرنگ لە مێژووی کەسایەتییەکاندا ئەوەیە داخۆ کەسایەتییەکان دەبێت وەکوو خۆیان تەماشایان بکەین یان بکرێن بە بڤە و تا سەر ئێسقان پیرۆزیان بکەین؟ ئەوانەی ئەوڕۆ بەپیرۆزکراو تەماشای سەرکردە هاوچەرخەکان دەکەن، دەیان ڕەخنەیان لەلایەن خودی ئەوانە لێ دەگیرێت کە بەهەمان چاوی پیرۆزگەرا تەماشای سەڵاحەدین دەکەن. لەو لایەنەوە نابێت بەدوو پێوەر شتەکانمان بپێوین. بەش بە حاڵی خۆم هیچ مرۆڤێک لەدەرەوەی ڕەخنە نابینم بە سەڵاحەدین‌ـیشەوە.

شەشەم، بەرژەوەندی باڵای کوردستان، ئێمەی هاندا ئەو بەخێرهاتنەی یوسف زێدان بنووسین، ئەگینا بەتەواوی لەوە بەئاگاین کە ڕێژەیەکی زۆری میسری بە ئیسلامی و عەلمانییەوە، تەنانەت لەوانەش کە بە شانوباڵی سوڵتان سەڵاحەدین دا هەڵدەدەن، کورد بە جوداخواز و نەوەی جنۆکە دەزانن. کورد بە هاوپەیمانی ئیسڕائیل دەزانن. بۆیە ئەوەی ئێمەی هاندا بەخێرهاتنی یوسف زێدان بکەین، هەڵوێستەکانی بوو بۆ پاڵپشتی کورد و دۆزەکەی نەک بۆ چاوی ڕەشی یوسف زێدان یان پێگە و پایەی ئەو. ئەمەش جیاوازی زۆرە لەگەڵ ئەوەی دژ بە ڕەوتێک بچینە جەمسەرگیری، کە هەرگیز بەپەسەندی نازانم. کوردستانیش هی هەمووانە، بێ هەڵاواردنی هیچ گرووپ و ئایدیۆلۆجیا و ئایینێک.

حەوتەم، ئەوانەی هەڵمەتی دژ بە یوسف زێدان‌یان ئەنجامدا، دەبوایە جاری یەکەم نەهێڵن بێتە کوردستان. هەڵوێستەکەی یوسف زێدان لە 2017 بوو نەک دوێنێ. ئەم بەخۆهاتنەوەیە زۆر درەنگ بوو. کەسمان نازانین دوای نزیکەی 8 ساڵ هەڵوێستی یوسف زێدان لەسەر ئەو قسەیە چی بەسەرهاتووە. بۆیە دەبوایە بێڵن بێتە کوردستان و ڕووبەڕوو، داوای ڕوونکردنەوەی لێ کرابا، بۆ ئەوەی داوای بووردن بکات. لەوە حاڵیی بکەن کە ئەگەر ڕاست دەکات پشتیوانی لە کورد دەکات دەبێت ڕێزیش لە سەڵاحەدین بگرێت. بەڵام هەڵوێستەکانی یوسف زێدان لە پەیوەندی بە قودس و هەندێک ڕاوبۆچوونی دیکەی ئەو پیاوە، وای لێکردن قسەکەی بەرامبەر سەڵاحەدین بکەن بە پاساو بۆ ڕێگری کردن لە هاتنی، لەپاڵ تێکەڵ کردنی کێشەکە بە دژە-شیعەبوون و تائیفەگەری.

هەشتەم: لە هەموو ئەو ململانێیەدا، پێویستە ئێمە تەماشای داهاتوو بکەین، نەک لەناو مێژوودا قنیات بدەین و گاڵە بدرێین. دەبوایە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نیشتیمانیی کوردستان هەڵوێستەکانمان توندوتۆڵ بکەین. بەراوردی قازانج و زیانەکانمان بکەین. یوسف زێدان بۆ کورد دەتوانین وەکوو مریشک تەماشای بکەین، ئەگەر جیقنەشی کردبێت بەردەوام هێلکەشی کردوون. هەڵوێستێکی ناشیرینی بووە، بەڵام دەیان هەڵوێستی جوانی هەبوون لەبەرژەوەندی کورد دا. لەناو سەدان و هەزاران میسری دژە-کورد، چەندن ئەوانەی وەکوو ئەو پشتیوانی لە کورد دەکەن، بەتایبەتیش ئیسلامییە میسرییەکان؟

نۆیەم، هەندێک لە ئیسلامییە عەرەبەکان دان بەوەدا دەنێن کە سوڵتان سەڵاحەدین کورد بووە، بەڵام کە باس دێتە سەر کورد و سەربەخۆیی کوردستان، هەڵوێستییان سەد و هەشتا پلە دەگۆڕێت. بۆیە، پێویستە هەڵوێست لەوانەش وەربگیرێت کە کوردییان وەکو برایەکی بێ ماف و کەڕامەت دەوێت، یان هەر هیچ نەبێت وەکوو برایەکی وابەستە و شوێنکەوتەی خۆیان. وەک چۆن میشێل عەفلەق دەڵێت “سەدان ساڵە کورد خزمەت بە قەزایای عەرەبی دەکات، ئێستا ئەوە ئیمپریالیزمە دەیەوێت کورد لە عەرەب داببڕێت”. وابزانم هەمووان لەوە تێدەگەن کە مەبەستی میشێل عەفلەق خزمەتکردنی ئیسلامە، کە بە قەزایای عەرەبی وەسفی دەکات.

دەیەم، دواخاڵ کە تا ئەوڕۆ پشتی کورد و نەتەوەکانی ناوچەکەی شکاندووە، دیلبوون و گیربوونە لەناو قوڕ و لمی مێژوودا. سەیرە، هەموو پەنجەرەکانی فیکر و بیرکردنەوەیان داخستوون، وەک ئەوەی هیچییان نەبێت بێجگە لە مێژوو. عەرەب قسەیەکیان هەیە دەڵێت “لاو نییە ئەوەی دەڵێت باوکم وەها و وەها بوو، لاو ئەوەیە بڵێت من هام لێرە و بۆخۆم هەم”. ئێمەش، با لەجیاتی سەڵاحەدین‌ـێک دوو هەزار سەڵاحەدین‌ـمان هەبن، مادام چارەنووسمان بەدەستی بێگانە و داگیرکەرەوەیە، بە من چی سەڵاحەدین سوڵتان بوو و حاکمی میسر و شام و لوبنان بوو. بە من چی، کە چوار بڕیاری جینۆساید لە بەغدای پێتەخت دەرچوون. بۆ کەسێک لە دنیای عەرەبی تا ئەوڕۆ ناڵێت ئەرێ بۆ نەوەکانی سەڵاحەدین بەو جۆرە دەکوژن و پەرپوتییان دەکەن؟. بە من چی سەڵاحەدین سوڵتان بوو بەڵام سوڵتانەکەی ئەنقەرە ڕۆژانە چیا و دۆڵ و دەشتەکانمان دەکوتێ و لاوانی کورد بەرەو مەرگ پەلکێش دەکات؟ ئەمڕۆ و تا سەد ساڵی دیکەش و تا بۆیان بچێتە سەر ناهێڵن کوردێک ببێتە خاوەن شکۆ و کوردستانێکی سەربەخۆ. ئێوەش هەر بڵێن سەڵاحەدین سوڵتان بوو.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO