سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و کاریگەرییان لەسەر ناتۆ و ڕووسیا و شەڕی ئۆکرانیا

ڕێبوار محەمەد ساڵح

لەپاش کۆتایی هاتنی جەنگی دووەمی جیهانی، لە ئابی ١٩٤٩، ئەمریکا میوانداری کەنەدا و وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوای کرد کە بریتی بوون لە بەلجیکا، دانیمارک، فەڕەنسا، ئایسلاند، ئیتالیا، لۆکسمبۆرگ، نەرویج و هۆڵەندا، بە مەبەستی پێکهێنانی هاوپەیمانییەک تابتوانن بەر لە بەهێزبوونی یەکێتیی سۆڤیەت‌ـی جاران بگرن، چاکتر بڵێین لە قاڵبی بدەن. ئەم هاوپەیمانییە ناونرا North Atlantic Treaty Organization   (NATO)، واتە هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی. ئامانج لەم بابەتە ئەوەیە کە بەرچاوڕوونییەک بە خوێنەر بدەم کە چۆن ناتۆ لە پاش جەنگی سارد تەنگی بە ڕووسیا هەڵچنیوە تا ئاکامەکەی شەڕی ئۆکرانیای لێ کەوتەوە. بەڵام پێش ئەوە پاشخانێکی مێژووی گەوەرەبوونی ناتۆ دەخەمە ڕوو.

لەم بابەتەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم کە ئەمریکا سیاسەتی خۆی بەسەر وڵاتانی  “ناتۆ”دا سەپاند تا بتوانێت بەر لە بەهێزبوونی یەکێتیی سۆڤیەت بگرێت کە ساڵێک پێشتر، واتە لە ١٩٤٧ دا جەنگی سارد  لە نێوانیاندا دەستی پێ کردبوو. قۆناغ بە قۆناغ  ناتۆ فراوان بوو تا هاوپەیمانێتییەکە بەرەو ڕۆژهەڵات کشاو دەوڵەتە تازە سەربەخۆکانی پاشماوەی یەکێتیی سۆڤیەت بوون بە ئەندام لە ناتۆ بە تایبەتی دوای ١٩٨٩ کە یەکێتیی سۆڤیەت بەرەو هەڵوەشان دەچوو (تەماشای نەخشەی هاوپێچ بکە).

لێرەدا، ڕوونی دەکەمەوە چۆن ئەمریکا سیاسەتی دەرەوەی و ئاسایشی خۆی سەپاند بەسەر وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا، کە ئەندامی ناتۆ بوون، تا پێکەوە بتوانن ناتۆ زیاتر بەرەو ڕۆژهەڵات ببەنوو و وڵاتانی پەیمانی وارشۆ بهێننە ناو هاوپەیمانیی ناتۆ بە تایبەتی پاش ڕووخانی دیواری بەرلین و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە ١٩٨٩-١٩٩٠. بەمەش لە دوای جەنگی سارد یەکەم شەپۆڵی فراوانبوونی ناتۆ دەستی پێ کرد. ئەوە بوو لە ١٩٩٩ دا، هەریەک لە کۆماری چیک و هەنگاریا و پۆڵەندا بوون بە ئەندامی هاوپەیمانێتییەکە. پاشان لە ٢٠٠٤ هەریەک لە بولگاریا، سلۆڤینیا، سلۆڤاکیا، ڕۆمانیا، ئیستۆنیا، لاتڤیا و لیتوانیا بوون بە ئەندام. ئیستۆنیا و لاتڤیا ڕاستەوخۆ هاوسنوورن لەگەڵ ڕووسیا. لیتوانیاـش هاوسنوورە لەگەڵ کالینینگراد کە زیاتر لە ٦٠٠ کیلۆمەتر لە سەرزەمینی گەورەی ڕووسیاوە دوورە و دەکەوێتە سەر دەریای بەڵتیق و لە باشوریشەوە هاوسنووری پۆڵۆنیاـیە.

پەلهاویشتنی ناتۆ بۆ ئەم وڵاتانە بەلای ڕووسیاـوە بەزاندنی هێڵی سوور بوون، بەڵام ڕووسیا هەر لە شۆکی شکستهێنانی یەکێتیی سۆڤیەت دا بوو و هیچی پێ نەدەکرا بۆ ڕێگرتن لە فراوانخوازی ناتۆ بۆ سنوورەکانی. لە ٣١ ی کانوونی دووەمی ١٩٩٩، بۆریس یێڵتسن دەستی لە کار کێشایەوە و دەسەڵاتی سەرۆکایەتی بە ڤلادیمێر پوتین سپارد. پاشان پوتین سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکاندا بە ڕێژەی ٥٣٪ هێناو توانی لە ٧ ی ئایاری  ٢٠٠٠ بە فەرمی وەک سەرۆک دەستبەکار بێت. پوتین ساڵانی ٢٠٠٠-٢٠٠٤ سەرقاڵ بوو بە بنیادنانەوەی ئابووری و گەڕاندنەوەی ڕووسیا بۆ سەر شانۆی سیاسی نێودەوڵەتی لەپاش ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت و گێژاوی ساڵانی نەوەدەکان  کە ڕووسیا پێیەوە گیرۆدە بوو.

وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ هەر بەوەوە نەوەستان، ئیدی لە کۆبوونەوەی بوخارست لە مانگی ٤ ی ٢٠٠٨، هێنانە ناوەوەی ئۆکرانیا و جۆرجیا بۆ ناتۆ خستە بەر باس و لێکۆڵینەوە. ئەوەبوو لە هاوینی  هەمان ساڵدا ڕووسیا بە بیانوی پاراستنی جۆرجیی‌ـە بەڕەچەڵەک ڕووسەکان هێرشی زەمینی بۆ سەر جۆرجیا دەست پێ کردوو و  تاکلایەنانە دانی نا بە سەربەخۆیی کۆمارەکانی ئەبخازیا و ئۆسیشیای باشوور. ئەمە دەکرێت وەکوو سەرەتایەک بێت کە ڕووسیا بە ئاشکرا بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بڵێت ئیتر بەسە و ناتوانن زیاتر بەرە و سنوورەکانمان بێن بە تایبەت لە ناوچەی قەوقاز کە ڕووسیا بە ناوچەی قەڵەمڕەوی خۆی دەزانێت و گرنگی ستراتیجی پەیوەست بە وزەی بۆ ڕووسیا هەیە کە دەکرێت لە داهاتوودا باسی بکەم.

ئەوەشی کە پەیوەندی بەسەرەتای تێکچوونی پەیوەندی ڕووسیا و ئۆکرانیاـوە هەیە ئەوەیە کە لە تشرینی دووەمی ٢٠١٣ لە ژێر فشاری ئابووری ڕووسیا،  سەرۆکی ئەوکاتی ئۆکرانیا “ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچ” لەناکاو لە ڕێککەوتنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا کشایەوە و ڕێککەوتنێکی بازرگانی و ڕزگارکردنی قەرزی ڕووسیای قبوڵ کرد. ئەمەش بووە هۆی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوانی خەڵک لە ئیورۆمەیدانی کیێڤی پایتەخت کە ئەنجامەکەی ئەوەبوو سەرۆک کۆمارلە پۆستەکەی دوورخرایەوە و پەنای برد بۆ مۆسکۆ.

نەخشەکەی خوارەوە ساڵەکانی بوون بە ئەندام لە ناتۆ زیاتر ڕوون دەکاتەوە.

سەرچاوە: https://www.statista.com/chart/26674/european-countries-by-year-of-joining-nato/

تێبینی: نەخشەکە ئەمریکا و کەنەدای تێدا نییە چونکە ڕووبەرێکی گەورەی داگیر دەکرد. ئەم دووانە لە دامەزرێنەرە یەکەمەکانی “ناتۆ”ن و لە گرووپە نیلیەکەدان واتە ١٩٤٩.

 

سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و لە قاڵبدانی یەکێتیی سۆڤیەت

پاش کۆتایی جەنگی سارد، ئەمریکا وەک کاریگەرترین زلهێز و بڕیاردەری جیهانی توانای لە ڕادەبەدەری هەبوو لە مانۆڕ کردن و داڕشتنی نەزمی جیهانی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا کە پێشبینی سەرهەڵدانی جیهانێکی نوێی فرە-جەمسەری دەکرد. ئەگەر ئاوڕێک بۆ مێژووی دوور بدەینەوە دەبینین کە ئامانجی پشت فراوانخوازی و داگیرکارییەکان لە سەردەمی یۆنانییە کۆنەکاندا هەمان ئامانجی فراوانخوازی و داگیرکارییەکانی ئەم سەردەمەیە. مێژوونووسی یۆنانی کۆن سیۆسیدیدس (Thucydides) لە باسی  جەنگی پیڵۆپۆنیژیا  (Peloponnesian war)  کە ٢٧ ساڵی خایاند (٤٣١-٤٠٤ پ.ز.)، لە نێوان دەوڵەتۆکەکانی سپارتا و ئەسینا کە دووەمیان بەهێزتر بووە، دەڵێت کە کۆنتڕۆڵکردنی خاکی ئەوانی تر فاکتەرێکی ستراتیجی گرنگ بووە بۆ دەوڵەتە بچووکەکانی ئەو سەردەمەی یۆنان چونکە دەوڵەتێک بە داگیرکردنی خاکی ئەوانی تر دەتوانێت هەم دەسەڵاتی خۆی فراوان بکات، مەترسییەکان لە خۆی دوور بخاتەوە و ئاسایش و ئارامیش بۆ خۆی فەراهەم بکات.

هەر ئەمەیە کەوا ناتۆ بەتایبەتی دوای جەنگی سارد نزیکەی هەموو وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتی هێنایە ناو هاوپەمانێتییەکەوە. کە بەشێک لەو وڵاتانە دراوسێی ڕاستەوخۆی ڕووسیاـن یان ئەندامی هاوپەیمانی وارشۆ بوون کە هەم لە ڕابردوودا و هەم ئێستا ناوچەی قەڵەمڕەویی ڕووسیا (یەکێتیی سۆڤیەتی ئەوکات) بوون.

هەموو ئەمانە بەسەرکردایەتی ئەمریکا کرا کە لە دوای کۆتاییهاتنی یەکێتیی سۆڤیەت و جەنگی سارد وەکوو براوەی جەنگ و تاکە زلهێز مایەوە، کە توانی تاکلایەنانە نەزمی نوێی جیهانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی خۆی دابڕێژێت. هەروەها فراوانبوونی ناتۆ لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە گەرەنتی ڕۆڵێکی گەورەی ئەمریکای وەک زلهێزی سەرەکی لە ئەوروپاـدا کرد کە لە جیهانی دوو جەمسەری سەردەمی جەنگی سارد دا چاوەڕوان نەدەکرا. بە کورتی، گەورەبوونی ناتۆ لە بابەتێکی مشتومڕاوی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاوە گۆڕا بۆ پێشەنگی ستراتیجی ئەمریکا.

لەم ڕووەوە، لە بابەتی پەیوەست بە فراوانخوازیی ناتۆ، دیپلۆماتکاران و بیرمەندانی سیاسەتی ڕووسیا بە گشتی پەنجە بۆ ئەمریکا ڕادەکێشن نەک وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا. لە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆرج بوشی باوک (١٩٨٩-١٩٩٣)، ئامادەییەکی بەهێز هەبوو بۆ گەورەکردنی ناتۆ دوای ڕووخانی دیواری بەرلین بە هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت کە تا ئەو کاتە لە ڕۆژهەڵاتی بەرلینی  پایتەختی ئەوکاتی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات بوونیان هەبوو. ئەمریکا و ئەڵمانیای ڕۆژئاوا و یەکێتیی سۆڤیەت لەسەر کشانەوەی هێزەکانی سۆڤیەت لە ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات و دواجار یەکگرتنەوەی ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا لە تشرینی یەکەمی ١٩٩٠ دەستیان بە دانوستانێکی چڕ و چارەنووسساز کرد. لەسەر ئەوە ڕێکەوتن کە یەکێتیی سۆڤیەت لە ڕۆژهەڵاتی بەرلین بکشێتەوە لە بەرامبەردا ناتۆ بە هیچ شێوەیەک نەکشێت بەرەو ڕۆژهەڵات. کاتێک ڕۆژئاوا بە پێشەنگی ئەمریکا پابەندی ئەم بەڵێنە نەبوو و زیاتر بەرەو ڕۆژهەڵات کشا، ڕووسیا زۆر نیگەران بوو و وای لێهات کە بە هیچ شێوەیەک متمانە بە ناتۆ نەکات و بەهەڕەشە لەسەرخۆی ببینێت.

لە ڕوانگەی تیۆری ڕیالیزم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە، ترسی ڕۆژئاوا لە یەکێتیی سۆڤیەت لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیی لە سێ تایبەتمەندی فرەڕەهەندی یەکێتیی سۆڤیەت وەرگیراوە؛  یەکەم: توانای لەڕادەبەدەری یەکێتیی سۆڤیەت و پێگە ستراتیجییەکەی؛ دووەم: هێزی سەربازی هێرشبەری تۆکمە و پڕچەک؛  سێهەم: ئایدۆلۆجیای شەڕانگێزیی. نزیکی سۆڤیەت لە ئەوروپای ڕۆژئاوا لە ڕووی جوگرافییەوە، دوکتراینی سەربازی هێرشبەری مۆسکۆ کە لەلایەن هێزە تەقلیدییە باڵاکانەوە پشتگیری دەکرا و ئایدۆلۆجیای کۆمۆنیستی شەڕانگێزیی، نیگەرانی زۆریان بۆ وڵاتانی ئەوروپا دروست کرد، بۆیە بەکۆمەڵ بەشدارییان کرد لە پێکهێنانی ناتۆ.

ڕوونتر بڵێین، ڕووبەری ڕووسیا وەک گەورەترین وڵات لەسەر زەوی، پێگەی گەورەی وەک زلهێز و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش کە کاریگەرییەکی ناوازەی هەیە لە داڕشتنی سیاسەتی جیهانی، هێزی سەربازیی و چەکی ئەتۆمی و سامانە سروشتییە بەرفراوانەکەی بەتایبەتی نەوت و گاز، پێگەیەکی گەورەی نێودەوڵەتی بە ڕووسیا بەخشیوە، کە ئەستەمە بتوانرێت لە هاوکێشە نێودەوڵەتیەکاندا وەلا بنرێت.  لەسەر ڕۆشنایی ئەم خاڵانەی کە لەسەرەوە باس کران، لەسەر ئاستی سیاسی، هەموو پارتە سیاسییە گەورەکانی ڕووسیا، میانڕەو و ڕادیکاڵەکان هەمیشە یەکگرتوو بوون لە دژی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ناتۆ.

لە ڕوانگەی نیگەرانییەکانی یەکێتیی سۆڤیەتەوە بە درێژایی جەنگی سارد تا ڕووسیای ئەمڕۆ، دەتوانم بڵێم کە هۆکارگەلێک هەبوون تا مۆسکۆ هەست بە مەترسی بکات. بۆ نموونە، ئەو نامانەی خرۆشۆف لە کاتی قەیرانی مووشەکی کوبا لە ١٩٦٢ کە بۆ جێف کەنەدی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا ناردووە، لەوێدا ئاماژە بەترسی یەکێتیی سۆڤیەت دەکات و دەڵێت: “ئێوە مووشەکی وێرانکەرتان لە تورکیا لە نزیک سنوورەکانی ئێمە جێگیر کردووە کە مایەی ترس و نیگەرانییە”  (شایانی باسە کە یەکێتیی سۆڤیەت ڕاستەوخۆ سنووری بە تورکیاـوە بوو لەو شوێنەی کە ئەرمینیای ئێستایە). لەم کاتەدا یەکێتیی سۆڤیەت لە کوبای هاوپەیمانی چەکی ئەتۆمی جێگیر کردبوو کە بە گەورەترین ململانێی جەنگی سارد لە نێوان ئەمریکا و یەکێتیی سۆڤیەت ناودەبرێت. دۆزینەوەی مووشەکی ئەتۆمی سۆڤیەت لە کوبا کە ٩٠ میل لە کەناراوەکانی ئەمریکا، دوورە، بووە هۆی دروستبوونی قەیرانی ئەتۆمی لە ١٩٦٢ دا، کە نزیکترین قەیرانی جیهانیی بوو لە بەرپابوونی جەنگی ئەتۆمی.

بەکورتی، پەیامی یەکێتیی سۆڤیەت بۆ ئەمریکا ئەوە بوو کە: بۆچی بۆ ئێوە ڕەوایە لە تورکیا چەکی ئەتۆم جێگیر بکەن بەڵام بۆ یەکێتیی سۆڤیەت ناڕەوایە هەمان کار لە کوبا بکات. هەر لەم ڕوانگەیەوە جۆن میەشایمەر کە زانایەکی سیاسی ئەمریکییە دەڵێت: ئایا هەڵوێستی ئەمریکا چۆن دەبێت بۆ نموونە ئەگەر چین مووشەکی وێرانکەر لە مەکسیک، نزیک لە سنوورەکانی ئەمریکا جێگیر بکات؟

سەرەڕای نزیک بوونەوە و لێکتێگەیشتن لە نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا لە لووتکەی مەدرید لە ١٩٩٧، ڕووسیا بە وریاییەوە لە هەڵوێستەکانی ڕۆژئاوا بەرانبەر مۆسکۆ دەیڕوانی چونکە فراوانبوونی ناتۆی بە پێویست نەدەزانی و وەک هەڕەشە بۆ سەر ناوچەی قەڵەمڕەوی خۆی دەیبینی. لە بری فراوانبوونی ناتۆ، ڕووسیا دەیویست ڕێکخراوی ئاسایش و هاوکاری ئەوروپا (Organization for Security and Co-operation in Europe) بەهێز بکرێت، کە پێی وابوو لە ناتۆ باشتر کار دەکات و ئاشتی و سەقامگیری زیاتر بۆ وڵاتانی تازە سەربەخۆی ئەوروپای ڕۆژهەڵات دابین دەکات. بە پێچەوانەوە، ئەوەی کە بە کردار لەسەر زەوی  دەگوزەرا شتێکی تر بوو. وڵاتانی ناتۆ، بەتایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا، نەیاندەویست ناتۆ لەبەردەم OSEC دا بچووک بکەنەوە و سووربوون لەسەرهاوکاری بەهێزتری ناتۆ لەگەڵ کۆمارە کۆمۆنیستەکانی پێشوو لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا.

پاش نەمانی یەکێتیی سۆڤیەت هەنگاوی ئەرێنی لەسەر ئاستی سەربازی و سیاسی نران بۆ نزیکبوونەوە لە نێوان ڕووسیا و ناتۆ. لەلایەکەوە مانفرێد ۆرنەر سکرتێری گشتیی ئەوکاتی ناتۆ لە تەمووزی ١٩٩٠ سەردانی مۆسکۆی کرد و ڕایگەیاند کە سەردەمێکی نوێی هاوکاری دوور لە ڕووبەڕووبوونەوە و بێ متمانەیی دەستی پێکردووە. هەروەها وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمەریکا جەیمس بەیکەر لە ١٩٩٣ دەڵێت، نابێت ناتۆ فراوانبوونی خۆی تەنها بۆ وڵاتانی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا سنووردار بکات، بەڵکوو دەبێت ڕووسیای دیموکراتی لەخۆبگرێت. ئەگینا، سەرکەوتوترین هاوپەیمانی لە مێژوودا مەحکومە بە لەناوچوون لەبەردەم ئەو هەڕەشەیەی کە ئیلهامی دامەزراندنی پێداوە.

دیپلۆماتکارە ڕۆژئاواییەکانیش ئەو کاتە تا ڕادەیەک بڕوایان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕووسیا هەبوو. بۆ نموونە، لە ١٩٩٣، جەیمس بەیکەر وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە ڕووسیا لە ڕاستیدا هەندێک مەرجی شیاوی تێدا هەیە بۆ ئەندامێتی ناتۆ، ئەگەر دەرفەتێکی بۆ بڕەخسێنرێت ئەوا دەتوانێت پێوەرەکانی تری بواری ئابووری و مافەکانی مرۆڤ جێبەجێ بکات. بەیکەر جەختی لەوە کردەوە کە دوورخستنەوەی ڕووسیا لە ناتۆ مەترسی زیاد دەکات و هانی ڕووسیا دەدات بۆ فراوانکردنی ناوچەی قەڵەمڕەوی خۆی.

سەرەڕای ئەوەی کە بۆ هەندێک لە نوخبەی سیاسی ڕووسیا، ناتۆ وەک دامەزراوەیەکی شەڕانگێزی جەنگی سارد تەماشا دەکراو دەیانویست هەماهەنگیان لەگەڵ ناتۆ لە ژێر چەتری  OSCE لەسەر بنەمای هاوبەشی و تەوافوق بێت، ئەندرێ کۆزیریڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە ١٩٩١-١٩٩٦ لایەنگری هاوبەشی و هاوکاری بەهێزی لەگەڵ ناتۆ بوو وەک میکانیزمێکی بەهێز بۆ باشکردنی پەیوەندی ڕووسیا و ناتۆ و پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانەی کە ببوونە هۆی دابەشبوونی ئەوروپا.

لە کاتێکدا سەرەتای نەوەدەکان سەردەمی ئارامی و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی بەخۆوە بینی کە هەندێک لە چاودێران بە مانگی هەنگوینی نێوان ڕۆژئاوا و ڕووسیا ناویان دەبرد، لە ١٩٩٣ بەدواوە دەستی بە کاڵبوونەوە کرد کاتێک سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا لە چەسپاندنی دیموکراسی و گوتاری ئابووری بازاڕ بەرە و سیاسەتێکی ڕیالیستی و و گوتاری ناسیۆنالیستی گۆڕا.

سەرەڕای ئەو بەڵێنانەی ڕۆژئاوا لە دوای ڕووخانی دیواری بەرلین بە ڕووسیا‌ـیان دابوو سەبارەت بە سنووردارکردنی فراوانبوونی ناتۆ، سەرۆکی ئەوکاتی ڕووسیا بۆریس یڵتسین و نوێنەرانی ناتۆ، لە لووتکەی مەدرید لە مانگی ئایاری ١٩٩٧ ڕێککەوتنی پەیوەندی و هاوکاری و ئاسایشی هاوبەشیان واژۆ کرد. ئەمە دەرگایەک بوو بۆ فراوانکردنی هاوپەیمانێتی سەربازی و دواتر ئەندامێتی بەخشرا بە وڵاتانی ئەندامی پێشووی پەیمانی وارشۆ لە ١٩٩٩، وەک پێشتر باسکرا.

هاوتەریب لەگەڵ فراوانبوونی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵات، فراوانبوونی یەکێتیی ئەوروپا و بەئەندامبوونی وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵات و پەرەپێدانی دیموکراسی، زیانی زۆری بە پەیوەندییە لاوازەکانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا گەیاند.

هاوکات، لەکاتی بۆردومانکردنی سیربەکان لە جەنگی بۆسنیا لە ١٩٩٥ لە لایەن ناتۆوە، بۆریس یەڵتسین بە ڕوونی سەرزەنشتی ڕۆژئاوای کرد و گوتی ئەمە ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی ئەگەر ناتۆ لە سنوورەکانی ڕووسیا نزیک ببێتەوە، دوور نییە ئاگری جەنگ هەموو کیشوەری ئەوروپا بگرێتەوە. یەکەم فراوانبوون وەک پێشتر باسمان کرد لە ١٩٩٩ بوو و کاردانەوەی زۆری لە مۆسکۆ نەبوو چونکە ڕووسەکان ئەو کاتە زۆر لاواز بوون و نەیانتوانی هیچ لەمپەرێک لەبەردەم فراوانبوونی ناتۆ دا دابنێن.

لەسەرەتای ئەم سەدەیەدا جیهان هیوایەکی چاوەڕوان نەکراوی لە باشتربوونی پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا بەخۆوە بینی کاتێک دووسەرۆکی تاڕادەیەک گەنج، جۆرج دەبلیو بوش لە ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتین لە ڕووسیا هاتنە سەر دەسەڵات. دوابەدوای ڕووداوەکانی ١١ سێپتێمبەری ٢٠٠١، پوتین کۆمەڵێک یارمەتی سەربازی و زانیاری هەواڵگری دەربارەی یاخیبووان لە ئەفغانستان پێشکەش بە جۆرج بوشی کوڕ کرد. بەڵام، شەپۆڵی دووەمی فراوانبوونی ناتۆ بارودۆخەکەی گۆڕی و مۆسکۆ بەم کارە تووڕە بوو و بە توندی ناڕەزایی دەربڕی.

جیاواز لە خولی یەکەمی فراوان بوونی ناتۆ، خولی دووەم کە لە ٢٠٠٤ بەڕێوەچوو تایبەتمەندی جیاوازی هەبوو، بۆیە لە ڕوانگەی ڕووسیاـوە هەستیارتر بوو، چونکە:

یەکەم: وڵاتانی دەریای باڵتیک، ئیستوانیا و لاتڤیا کە بوون بە ئەندامی ناتۆ، سنووری هاوبەشیان لەگەڵ ڕووسیا هەیە و بوونەتە سنووری باکووری ڕۆژهەڵاتی ناتۆ لە کاتێکدا لیتوانیا سنووری هاوبەشی لەگەڵ کالینینگراد هەیە کە زیاتر لە ٦٠٠ کیلۆمەتر  لە سەرزەمینی وشکانی ڕووسیاوە دوورە.

دووەم: فراوانبوونی ناتۆ لە بەلقانەوە تا دەریای ڕەش درێژ بووەوە و سلۆڤاکیا، سلۆڤینیا، بولگاریا و ڕۆمانیای گرتەوە. سەرەڕای ئەوەی کە سنووری ناتۆ ئێستا بە سنووری ڕووسیا‌ـوەیە و دەرگای وەرگرتنی ئەندامانی نوێ کراوەیە، فراوانبوونی ناتۆ بۆ ئەو ناوچانە کێشەی زیاتری دروست کردو و ناسەقامگیری زیاتری بەدوای خۆیدا هێنا.

 

فراوانبوونی ناتۆ و جیۆپۆڵەتیکی جۆرجیا و ئۆکرانیا

لە کۆبوونەوەی ٢٠٠٧ ی میونشن ، ڤلادیمیر پوتین بە ڕاشکاوی سەرزەنشتی ئەمریکای کرد لەسەر سێ بنەما. یەکەم: داگیرکردنی عیراق بەبێ ڕەزامەندی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەبەرچاوگرتنی بۆچوونی ڕووسیا و فەڕەنسا و چین. دووەم: خەونی ئەمریکا بۆ بوون بە تاکە زلهێزی جیهانی. سێیەم، فراوانبوونی ناتۆ بۆ سنوورەکانی ڕووسیا کە ناوچەی قەڵەمڕەوی ڕووسیا‌ـن. بۆ ڕووسیا، ئەمەیان لە دووانەکەی ترهەستیارتر و گرنگترە و پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ئاسایشی ڕووسیا‌ـوە هەیە.هەر لەو کۆبوونەوەیەدا پوتین زۆر بە توندی ڕەخنەی لە ئەمریکا گرت سەبارەت بە جێگیر کردنی بنکەی سەربازی لە بولگاریا و ڕۆمانیا. هەروەها بە توندی سەرزەنشتی پلانی ئەمریکای بۆ جێگیر کردنی بنکەی دژە مووشەکی بالیستی لە ئەوروپای ڕۆژهەڵات کرد.

پاشان لە کۆتایی لووتکەی بوخارێست لە ڕۆمانیا لە ٢٠٠٨، وڵاتانی ئەندامی ناتۆ بە ڕوونی گەیشتنە ئەو بڕیارەی کە جۆرجیا و ئۆکرانیا دەبنە ئەندامی ناتۆ. لە بەرانبەردا، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ئەلێکساندەر گروشکۆ بە ڕوونی بەرپەرچی ئەو بیرۆکەیەی دایەوەو ڕایگەیاند کە ئەوە هەڵەیەکی ستراتیجییە کە دەرئەنجامی خراپی بۆ ئاسایشی ئەوروپا هەیە، ناسەقامگیری دەهێنێتە ئەوروپا وهەرگیز ڕووسیا ڕێگە بە کارێکی لەوجۆرە نادات. بەڵام ناتۆ هەر بەردەوام بوو تا جۆرجیا لە ڕووسیا دوور بخاتەوە، یەکێتیی  ئەوروپاش هەر سوور بوو لەسەر ئەوەی کە سنوورەکانی بەرەو ڕۆژهەڵات فراوان بکات و ئۆکرانیا بهێنێتە ناو یەکێتییەکەوە. لە ئەنجامدا ڕووسیا لە هاوینی ٢٠٠٨ لەشکرکێشییەکی پێنج ڕۆژی بۆ جۆرجیا  دەست پێکرد و ئۆسێتیای باشوور و ئەبخازیای وەک ناوچەیەکی جیابووەوە لە جۆرجیا ڕاگەیاند.

سەبارەت بە ئۆکرانیا، گرژییەکان لەگەڵ ڕووسیا هەر لە سەرەتاوە پەیوەندی بە پاکێجێکی سێ لایەنەی ڕۆژئاواوە هەبوو. ئەوانیش فراوانکردنی ناتۆ، گەورەکردنی یەکێتیی  ئەوروپا و پەرەپێدانی دیموکراسی لە ئۆکرانیا کە ئەمانە زیاتر ئاگری شەڕێکیان خۆش کرد کە سێ ساڵە درێژەی هەیە و جگە لە ماڵوێرانی بۆ هەردوو گەلانی ڕووسیا و ئۆکرانیا، ئامانجێکی ئەوتۆ کە جەنگی بۆ هەڵگیرسا بەدەست نەهاتووە.

لە ڕوانگەی کولتووری، ئابووری، ناسنامە و مێژووەوە، ئۆکرانیا هەمیشە هێڵی سوور بووە بۆ ڕووسیا. سەرکردەکانی ڕۆژئاوا ئەمەیان باش دەزانی و بەئاگا بوون کە ئۆکرانیا چەند شوێنێکی هەستیارە بۆ ڕووسیا. جۆن میەشایمەرلەم ڕووەوە دەڵێت: زلهێزەکان  بە هەڕەشە و هەڵسوکەوتێک قەڵس و بێزار دەبن کە لە حەوشەی پشتەوەیانە یان هاتووەتە بەر دەرگایان. ئەمەیە کە وا  هەندێک لە چاودێران پێیان وایە ڕەوایەتییەک دەدات بە ڕووسیا بۆ جەنگ چونکە ئۆکرانیا بە حەوشەی پشتەوەی خۆت دەزانێت.

هەرچەندە دەستێوەردان و ئاژاوەگێڕیی سیاسەتی ناوخۆی ئۆکرانیا لەلایەن واشنتۆن‌ـەوە هەرگیز ئاشکرا نەبوو، بەڵام ڕوون بوو کە ئەمریکا لە پشت کودەتاکەوە بووە کاتێک سیاسەتمەدارانی باڵای ئەمەریکا لەگەڵ خۆپیشاندەراندا ڕژانە سەر شەقامەکان و پشتگیری خۆیانیان بۆ دووپات کردنەوە. سیناتۆری کۆمارییەکان جۆن مەکەین و سیناتۆری دیمۆکراتەکان کریس مەرفی لە ناو خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٣ ی کیێڤ دا پشتگیری خۆیانیان بۆ ئۆکرانییەکان دووپات کردەوە. پاشان هەڵاتنی  یانوکۆڤیچ ترس و تۆقینی لە ڕووسیا دروست کرد چونکە ئەوان نیگەران بوون لەوەی کە دەکرێت خۆپیشاندانێکی جەماوەری لەو جۆرە ڕۆژێک لە ڕووسیاش ڕووبدات.

ئیدی ئەمە ئەو کاتەبوو کە پوتین بڕوای بەوە هێنا کە کاتی ئەوە هاتووە ڕووسیا هێرش بکاتە سەر ڕۆژئاوا، بۆیە هێزەکانی ڕووسیا بە یارمەتی ئەو هێزانەی کە پێشتر لە بەندەری دەریایی سیڤاستۆپۆل لە کرایمیا بەڕەزامەندی ئۆکرانیا جێگیر کرابوون، نیمچە-دوورگەی کرایمیا‌ـیان لە سەرەتای بەهاری ٢٠١٤ خستە ژێر دەستی خۆیان و بە بەشێک لە ڕووسیا ناویان هێنا. دوابەدوای داگیرکردنی کرایمیا، ڕووسیا بە چڕی دەستی بە پشتگیری کردنی جودایخوازەکانی هەرێمی دۆنباس کرد کە لە ئاکامدا هەرێمەکە نوقمی شەڕ و نائارامییەکی تەواو بوو.

بە پێچەوانەی کرایمیا کە بەبێ خوێنڕشتن کەوتە ژێر دەستی ڕووسیا ، بارودۆخی هەرێمی دۆنباس شێوازێکی توندوتیژی وەرگرت. لە شەڕەکانی هەرێمی دۆنباس، مۆسکۆ کیێڤی لە هەژموونی ناوچەیی ڕووسیا  ئاگادار کردەوە و وانەیەکی پێشان دا کە سیاسەتی دژ بە مۆسکۆ لەلایەن ئۆکرانیاوە کە ڕووسیا بە ناوچەی قەڵەمڕەوی خۆی دەزانێت بە بێ باج نابێت. بارودۆخەکە لە نێوان مۆسکۆ و کیێڤ تا دەهات ئاڵۆزتردە بوو تاوەکوو شەڕ لە شوباتی ٢٠٢٢ هەڵگیرسا و پوتین لە ٣٠ ئەیلولی ٢٠٢٢  ڕایگەیاند کە هەرێمی دۆنباس (دۆنێتسک و لوهانسک) لەگەڵ خیرسۆن و زاپۆریژیا وەک چوار هەرێم لەگەڵ ڕووسیای دایک یەک دەگرنەوە.

هەندێک لە چاودێران پێیان وایە کە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە دوای جەنگی سارد دەرفەتێکی باشییان لەدەستدا، دەبوایە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ڕووسیا بە شێوەیەکی ئەرێنی بوایە. دەبوایە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی واز لە پلانەکەیان بهێنن بۆ بەڕۆژئاواییکردنی ئۆکرانیا و لە بری ئەوە کار بکەن بۆ ئەوەی بیکەن بە بەربەستێکی بێلایەن (Buffer Zone) لە نێوان ناتۆ و ڕووسیا، هاوشێوەی هەڵوێستی نەمسا لەسەردەمی جەنگی سارد دا.

ئێستاش سێ ساڵ بە سەر جەنگدا تێدەپەڕێت و ئەو ئامانجانەی کە جەنگی بۆ بەرپابوو نەهاتۆنەتە دی. کاتێک هێزەکانی ڕووسیا سێ ساڵ لەمەوبەر چوونە ناو ئۆکرانیا و بەشێکی باشیان لە خاکی ئۆکرانیا داگیر کرد، خۆیان ئامادە کردبوو و بۆ نمایشی  چوونە ناو کیێڤ و لێدانی تەپڵی سەرکەوتن کە ڤلادیمیر پوتین چاوەڕێی سەرکەوتنێکی خێرای دەکرد بەڵام ئەمە ڕووی نەدا.

ڕووسیا لە ٢٠٢٢ شەڕی هەڵگیرساند چونکە نائومێد بوو لەوەی کە ناتۆ سەربازەکانی لە باڵی ڕۆژهەڵات بکشێنێتەوە و ئەندامێتی بۆ ئۆکرانیا هەڵبوەشێنێتەوە. ئەوەی پوتین ناوی لێنا “ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت” بووە بە گەورەترین شەڕ لە ئەوروپا لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە. دەیان هەزار کەس کوژراون، هەموو شارەکان بوون بە وێرانە، ملیۆنان ئۆکرانی یان ئاوارەی ناوخۆن یان پەنابەرن. ڕووسیاش نەک هەرنەیتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، لە ڕۆژئاواش دابڕا، تا ئاستێکی باش گۆشەگیرکراوە. ڕووسیا کە نەیدەویست ئۆکرانیا ببێت بە ئەندام لە ناتۆ، پاش هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکرانیا، لە سنووری ڕۆژئاوایەوە فینلاند کە ١٣٤٠ کیلۆمەتر سنووری بە ڕووسیا‌ـوەیە بوو بە ئەندامی ناتۆ، سوید‌ـیش بەهەمان.

ئێستا بارودۆخ جیاوازە، بۆ جاری دووەم دۆناڵد ترەمپ هاتوەتەوە سەر دەسەڵات، جووڵەکانی پێشبینی نەکراون و دەکرێت شتگەلێک ڕووبدەن کە لە سەردەمی جۆ بایدن یان هەر سەرۆکێکی تری ئەمریکا ڕووی نەدەدا. لە پەیوەندیە تەلەفۆنییەکەی  ١٢-٢-٢٠٢٥، ترەمپ دەڵێت دوای گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی درێژ و پڕ بەرهەم لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، گفتوگۆکان بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ لە ئۆکرانیا “دەستبەجێ” دەست پێ دەکات. ترەمپ دانی بەوەدا نا کە لە داواکاری و نیگەرانییە سەرەکییەکانی پوتین تێدەگات سەبارەت بە ئەگەری ئەندامێتی ئۆکرانیا لە ناتۆ، کە پێشتر ئەمەریکا و ئەندامانی تری هاوپەیمانێتییەکە سازشیان لەسەر نەدەکرد. سەبارەت بە ڕووسیا، ترەمپ گوتی “ماوەیەکی زۆرە دەڵێن ئۆکرانیا ناتوانێت بێتە ئەندامی ناتۆ” دیسان دەڵێت “من کێشەیەکم لەگەڵ ئەوەدا نییە”. بە کوردییەکەی خۆمان، جا با ئۆکرانیا نەبێت بە ئەندامی ناتۆ. ئەمانە ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە ترەمپ سیاسەتێکی ڕوونی نییە و باکی نییە چی ڕوودەدات بە مەرجێک ئەوەی خۆی دەیەوێت جێبەجێی بکات ئەگەر سازش کردنیش بێت بۆ پوتین.

لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا، ترەمپ بەڵێنی دابوو کە لە یەک ڕۆژدا کۆتایی بە شەڕی ئۆکرانیا بهێنێت. دوای پەیوەندی تەلەفۆنی ترەمپ لەگەڵ پوتین لە ١٢-٢-٢٠٢٥، هەماهەنگی کرا تا دیپلۆمتکارە ڕووسی و ئەمریکییەکان یەک ببینن. ئەوەبوو هەفتەیەک دواتر، لە ١٨ی شوبات وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و هاوتا ڕووسیەکەی لە ڕیازی پایتەختی سعودییە چاویان بەیەک کەوت بۆ گفتوگۆ دەربارەی جەنگی ئۆکرانیا و هێورکردنەوەی دۆخی جەنگ. ئەمە لەلایەن زیڵینسکی‌ـەوە ڕەت کرایەوە چونکە ئۆکرانیا بانگهێشتی ئەو کۆبوونەیەوە نەکرا. شایانی باسە ئەم تەلەفۆنەی ترەمپ و کۆبوونەوەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هاوتا ڕووسەکەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکای پێچەوانە کردەوە و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیشی نیگەران کرد چونکە ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی لە ٢٠١٤وە کە ڕووسیا دوورگەی کرایمیای داگیر کردوو و لە ٢٠٢٢یش کە هێرشی سەرتاسەری بۆ سەر ئۆکرانیا دەست پێ کرد پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕووسیا لەوپەڕی خراپیدایە و هیچ هەنگاوێکی ئەرێنیش لەلایەن ڕووسیا‌ـوە بۆ هێوربوونەوەی جەنگ نەنراوە تا ترەمپ دۆخەکە ئاسایی بکاتەوە.

پاشان لە ٢٨-٢-٢٠٢٥ کاتێک زیڵینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا چاوی بە ترەمپ و تیمەکەی کەوت لە کۆشکی سپی، وەکوو ئەوە وابوو کە بۆسەیەک بۆ زیڵینسکی دانرابێت تا سووکایەتی پێ بکەن. سەرەتا بە پرسیارێکی نالۆجیکی ڕۆژنامەوانێک دەستی پێ کرد کە “بۆ زیڵینسکی جلوبەگی فەرمی لەبەردا نییە”. ئەم پرسیارە سەری کێشا بۆ زیاتر تووندبوونی گفتوگۆ و پرسیارەکان تا کار گەیشتە ئەوەی کە ترەمپ بە زیڵینسکی گوت کە تۆ قومارێکی خراپ دەکەیت و خەریکە هەمووان پەلکێش دەکەیت بۆ جەنگی جیهانی سێیەم. ترەمپ لەوانەیە لێرەدا ئامانجی ئەوە بووبێت کە گوشار بخاتە سەر زیڵینسکی، هەم بۆ لاوازکردنی دەسەڵاتی وەکوو سەرۆکی ئۆکرانیا، هەم سووکایەتی پێکردن بەمەبەستی بەدەستهێنانی ڕێککەوتنی ئاگربەست.

بە کورتی، ئەوەی کە لە کۆشكی سپی ڕوویدا زیانی بە پەیوەندییە لەمێژینەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی گەیاند و پێچەوانەی یاسا دیپلۆماسییە پەسەندکراوەکانیش بوو بۆ ڕێزگرتن لە سەرۆکی وڵاتێکی سەردانیکەر کە هاوپەیمانی ئەمریکایە. هەروەها ئەم مامەڵەیە گومان لەسەرئەمریکا بۆ یارمەتیدانی هاوبەشە دیموکراسییەکانی دروست دەکات و وادەکات کە هەمووان بە دوودڵیەوە لە ئەمریکا بڕوانن، بەلای کەمەوە لەسەردەمی سەرۆکایەتی ترەمپ دا.

لە کۆتاییدا، ناتۆ لە ماوەی جەنگی سارد دا لەلایەن وڵاتانی ڕۆژئاواوە وەکوو کاردانەوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ هەڕەشەکانی یەکێتیی سۆڤیەت دامەزرا کە بۆ ماوەی ٤٠ ساڵ قەڵایەکی قایمی وڵاتانی ڕۆژئاوا بوو لە دژی یەکێتیی سۆڤیەت و هاوپەیمانەکانی. لە دوای کۆتایی جەنگی سارد‌ـیش، ڕووسیا فراوانبوونی ناتۆ بە هەڕەشە بۆ سەر سنوورەکانی خۆی دەبینێت کە یەکێکە لەو هۆکارانەی کە بووە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ لە ئۆکرانیا. سەرەڕای ئەوەش کە فراوانبوونی ناتۆ بۆ ڕۆژهەڵات نیگەرانییەکانی ڕووسیای بردە ئەوپەڕی ئاست، بەڵام هێشتا پاساو نەبوو بۆ  داگیرکردنی ئۆکرانیا. بەڵکوو هەڵگیرسانی شەڕ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بەڵێنەی کە لە ساڵی ٢٠٠٨ درا کە ئۆکرانیا لە کۆتاییدا دەبێتە ئەندامی ناتۆ. ئێستاش کە ترەمپ بۆ جاری دووەم سەرۆکایەتی ئەمریکای گرتۆتە دەست، ئاسان نییە پێشبینی بکرێت کە ڕۆژئاواییەکان هەر بەردەوامن لەسەر بەئەندامبوونی ئۆکرانیا لە ناتۆ یان ئەم خەون و خولیایە بۆ هەتا هەتایە خامۆش دەبێت.

 

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO