بێوار ڕەسوول (سوداد ڕەسوول)
ئەم بابەتە هەڵقوڵاوی وەڵامێکە بۆ کاک حەمەسەعید حەسەن سەبارەت بە ڕەخنەکانی لەسەر سەڵاحەدینی ئەیوبی. بەڕێز حەمە سەعید حەسەن، لە لاپەڕەی فەیسبووکەکەی وتارێکی لەسەر سەڵاحەدین ئەیوبی بڵاو کردووەتەوە بە ناوی “سەلاحەددینی ئەیووبی، جێی شانازییە یان مایەی شەرمەزاری؟” لە کۆی وتارەکەی دەیەوێ بۆ خوێنەری کورد بسەلمێنێ کە ئەو کەسایەتییە کوردە هیچ جێی شانازی نییە، ئەوەندە تاوانی کردووە بەڵکوو مایەی شەرمەزارییە.
پێم خۆش بوو بە ئیزنی خۆیان لەسەر ئەم بابەتە گفتۆگۆیەکی هێمنانە بکەین، چەند خاڵێک لە وتارەکەی هاتووە ڕوونی بکەمەوە، ئەو چەند ڕەخنەیەی ئەو لە سەڵاحەدین هەتا چەند بنەمایەکی زانستییان هەیە، ئایا شایەنی ئەوەیە ئەم گەورە کەسایەتییە کوردە لە سەر ئەوەندە ڕەخنەیە بکرێ بە مایەی شەرمەزاری بۆ کورد؟
وەک ئاشکرایە ڕووداو و بەسەرهاتە مێژووییەکان زۆر ئاڵۆز و فرەڕەهەندن، هەمیشە کەسایەتییە گەورەکان لە مێژوودا جێگەی مشتومڕن، بیروڕای جیاواز لەبارەی ژیان و کارەکانیان هەیە، لە هەر سەردەمێک بە جۆرێک خوێندنەوەیان بۆ دەکرێ، بەپێی پێوەرە ئایدیۆلۆجییەکانی ئەو سەردەمەش ڕەخنەیان لێ دەگیرێ و جارێکی دی بەپێی پێویستییەکانی ئەو سەردەمە ناسینەوەیان بۆ دەکرێ. بۆیە ڕووداو و کەسایەتییە مێژووییەکان دەبێ زۆر بەوردی و بە زانستی لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێ، بۆ ئەوەی وێنەی ڕاستەقینەیان لە ناو مێژوودا دەستنیشان بکرێ. کەسایەتیی سەڵاحەدین یەکێکە لەو کەسایەتییانە کە لەم سەردەمە بە توندی ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە، بەتایبەت کەسایەتییەکی وەک ئەو کە کەسێکی سەربازی بووە لە مەیدانی شەڕ شمشێری هەڵکێشاوە و لە دژی دوژمنەکانی جەنگاوە. ئەم جۆرە کەسایەتییانە، زیاتر ڕووبەرووی ڕەخنە دەبنەوە تا کەسایەتییەک کە ئەهلی قەڵەم بووە و بابەتی فکری و فەلسەفی نووسیوە.
ئەگەر لەو ڕەخنانە ورد بینەوە کە ئاراستەی سەڵاحەدین دەکرێن، دەبینین زۆربەی ڕەخنەکان تۆمەتن، هەڵقوڵای ڕقێکی مەزهەبی، یان ئایدیۆلۆجین، هەندێکیان نەیارەکانی تۆمەتیان بۆ دروست کردووە بۆ ئەوەی کەسایەتیی ناشیرین بکەن؛ زۆر کەم ڕەخنەیەکی زانستییە و پشت ئەستوورە بە بەڵگەی لۆجیکی و ڕاست و دروستی سەلمێنەر.
سەڵاحەدینی ئەیوبی وەک کەسایەتییەکی گەورەی مێژوو، جودا لە زۆر کەسایەتیی سەردەمی خۆی، بەوە چووەتە ناو مێژوو کە کەسێکی دادپەروەر و میهرەبان و دڵنەرم و بە بەزەیی بووە، جوامێر و بە شەهامەت بووە، تەنانەت لەگەڵ دوژمنەکانیشی زۆر بە بەزەیی بووە و بەویژدانەوە مامەڵەی کردووە، حەزی بە کوشتن و خوێنڕشتن نەبووە. هەتا ڕێگەی ئاشتی هەبووبێت پەنای بۆ شەڕ و کوشتن نەبردووە. لەهەمان کاتدا ئەویش لەژیانی سیاسی بێ هەڵە نەبووە، وەک هەر کەسایەتییەکی مێژوو، هەڵە و کەموکووڕی هەبووە.
لەم سەردەمەدا، ئەوەی زۆرترین ڕەخنەی لە سەڵاحەدین بێت نەتەوەکەی خۆیەتی. ڕەخنە و گلەییی کورد لە سەڵاحەدین، لەو سەردەمەوە دەستی پێ کردووە کە کورد کێشەی نەتەوایەتیی لەگەڵ نەتەوەکانی هاوسێی بۆ پەیدا بووە، بە تایبەت لەگەڵ عەرەب کە دوو بەشی خاکی کوردستان خرایە ژێر حوکمڕانیی عەرەب لە عێراق و سووریا، لەم دوو وڵاتەدا دەسەڵاتدارانی عەرەب، بەخراپترین شێوە کورد دەچەوسێننەوە، نکوڵیان لە هەموو مافە نەتەوەییەکانی کردووە. کاردانەوەی کورد بەرانبەر ئەم چەوسانەوەیە وای لێ کردووە لە ڕوانگەیەکی نەتەوەییەوە سەیری کەسایەتیی سەڵاحەدین بکات و لە خۆی پرسیار بکات ئایا ئەو چی بۆ کورد کردووە؟ ئەگەر سەرنج بدەین، لە ماوەی نیوەی دووەمی سەدەی بیستەم کەسایەتیی سەڵاحەدین لای کورد دوچاری شێوان دەبێت، لە مێژوودا وا وێنا دەکرێ هیچی بۆ کورد نەکردووە و دەوڵەتی بۆ عەرەب دروست کردووە بەڵام بۆ کوردی دروست نەکردووە. پێش ئەم قۆناغە، واتە پێش سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم، سەڵاحەدین هەمیشە جێگەی شانازی کورد بووە. لە کتێبی شەرەفنامەی شەرەفخانی بدلیسییەوە تا خوڵاسەیەکی تەئریخی کورد و کوردستان و هەموو شیعری شاعیرانی کورد، سەڵاحەدین بە سەرکردە و قارەمان و گەورەترین کەسایەتیی کورد دانراوە. ئەگەر سەیری ئەم دوو قۆناغە لە مێژوو بکرێ، بە ئاسانی دەتوانین لە کێشەکە تێ بگەین کە ڕەخنەی کورد لە سەڵاحەدین لە جێی خۆی نییە، نابێ لە سەردەمێک باسی نەتەوایەتی و دەوڵەتی نەتەوەیی بکرێ کە لە هەموو دنیا هێشتا ناسیۆنالیزم و دەوڵەتی نەتەوەیی نەبووە. خۆشبەختانە، بەمدواییە هەتا ڕادەیەکی باش ئەم ڕەخنانە لای کورد لە سەڵاحەدین کەم بووەتەوە، چونکە کورد ئەو هۆشیارییەی پەیدا کرد کە ئەم ڕەخنەیە لە جێی خۆی نییە. بەڵام بەمدواییە کورد ئەگەر ڕەخنەی لە سەڵاحەدین هەبێت لەبارەی کوشتنی سوهرەوەردییە، کە زانا و فەیلەسوفێکی گەورەی کورد بووە. ئەمە ڕەخنەی کاک حەمەسەعیدـیشە کە لە وتارەکەی ئاماژەی پێ داوە سەڵاحەدین فەرمانی بە زاهیری کوڕی داوە سوهرەوەردی بکوژێ.
بێگومان ئەم کوشتنە هیی ٨٠٠ ساڵ پێش ئێستایە، جێگەی مشتومڕە، هێشتا ساغ نەبووەتەوە کە ئەو ڕاستەخۆ دەستی هەبووبێت لە کوشتنی، بەڵام ئەگەر ئەو ڕاستەوخۆش دەستی هەبووبێت لە کوشتنی، ئەمە بێگومان هەڵە بووە، بەڵام ئەمە نابێت بە بەهانەیەک کە هەموو کەسایەتیی ئەو ڕەت بکرێتەوە. کەسێکی وەک سەڵاحەدین کە ڕابەر و سیاسی و کارگێڕی ئیمپراتۆریەتێک بووە هەرگیز بە کوشتنی کەسێک هەڵسەنگاندنی بۆ ناکرێت، هەر بە هۆی تۆمەتباربوونی بە کوژرانی کەسێکیش ڕەت ناکرێتەوە، پێویستە کۆی گشتی ژیان و بەرهەم و کار و کردەوە و حوکمڕانییەکەی هەڵبەسەنگێنرێت. کاتێک مێژووناسێکی ئەوروپی سەڵاحەدین پەسند دەکات و ستایشی دەکات، هەموو ژیان و حوکمڕانییەکەی سەیر دەکات. کاتێک مێژووی هێرشی خاچهەڵگرەکان دەخوێنینەوە، مێژوویەکی ڕەش و خوێناویی ئەوروپی لە ڕۆژهەڵات دەبینین کە ئەوروپییەکان ئێسا لە بەرانبەر ئەم مێژووە شەرم دایان دەگری، بەڵام لە بەرانبەر ئەوەی سەڵاحەدین، کە هەر لەو سەردەمە لەکاتی ڕزگارکردنی قودس لەجیاتی تۆڵە بکاتەوە ئەوەندە نەرم و میهرەبان بووە بە هەزاران کرستیان و قەشە و پیاوانی دینی کە داگیرکەر و زەوتکەری موڵک و سامانی خەڵک بوون، هەموویان دەبەخشێ و بەبێ فدیە ئازادیان دەکات. مێژوو شاهیدی دەدات، کە سەڵاحەدین هەرگیز ئەو کەسە نەبووە شەڕ بکات لە پێناو کوشتن، بەڵکوو شەڕی کردووە لە پێناو ڕزگاری خاکێک لە دەستدرێژی و داگیرکاریی، لەگەڵ دوژمنانی پەنای بۆ کوشتن و تۆڵە نەبردووە، هەر ئەمەشە کە سەڵاحەدینی کردووە بە کاریزمایەک لە مێژووی ئەوروپا. ئەوان وەک کورد لە ڕوانگەی ئایدیۆلۆجییەوە تەماشای کەسایەتیی سەڵاحەدین ناکەن، ئەوان لە ڕوانگەیەکی ئەکادیمییەوە سەیری ژیان و کردەوەکانی دەکەن، هەر بۆیە لای ئەوان بووە بەو پیاوە مەزنەی مێژوو، لای کوردیش هێشتا لە نووکی دەرزیییەوە لێی دەڕوانن، ئایا دەکرێ سەڵاحەدینێک کە ئەوەندە میهرەبان بووبێت بەرانبەر دوژمنەکانی کەچی کەسێکی وەک سوهرەوەردی بکوژێت؟ بێگومان ڕێی تێ ناچێت، ئەگەر ئەویش فەرمانی دابێت، ئەمە دیارە فەرمانەکەی لەژێر زەختی خەڵک بووە کە سوهرەوەردییان بە زەندیق و گومڕا داناوە، سەڵاحەدینیان ناچار کردووە فەرمانی کوشتنی بدات، ئەگەرنا شەخسی سەڵاحەدین خۆی حەزی بەو کوشتنە نەبووە.
ڕەخنەیەکی دیکەی کاک حەمەسەعید لە سەڵاحەدین لەبارەی شیعە فاتمییەکانـە لە میسر، کە تۆمەتباری دەکات “سەلاحەددینی ئەیوبی قەڵاچۆی کردن و تۆوی بڕاندنەوە، ئەو فاتمییانەش لە کۆکوژی ڕزگاریان بووبوو، نێر و مێی لێک جودا کردەوە، بۆ ئەوەی تۆویان ببڕێتەوە”.
ئەم تۆمەتە ئەوە دیارە شیعە بۆیان هەڵبەستووە، ئەگەرنا ئەمە لە سەڵاحەدین ناوەشێتەوە کۆکوژی خەڵک بکات، سەڵاحەدین کۆکوژی دوژمنە خاچهەڵگرەکانی نەکردووە بۆچی هی موسڵمان دەکات؟ ئایا ئەمە دەچێتە عەقڵەوە؟ سەبارەت بەوەی کە گوایە نێر و مێی لە یەک جودا کردووەتەوە بۆ ئەوەی تۆیان ببڕێت و نەمێنن؛ بەڕاستی ئەمە جێگەی پێکەنینە، نێر و مێ لە یەک جودا بکرێنەوە بۆ ئەوەی زاوزێ نەکەن، ئەمە هەرگیز ڕاست نییە، ئەگەر نێر و مێ بە جودا زیندانی کراون، ئەمە دیارە لە زیندان نێر و مێ جودا دەکرێنەوە، ئەمە بۆ ئەوە نەبووە بیەوێ تۆوی فاتمییەکان بنبڕ بکات. ئەمە دیارە تۆمەتێکی ناڕاست و ساختەیە.
کاک حەمە سەعید ڕەخنەیەکی دیکەی لە سەڵاحەدین ئەوەیە کە ” کتێبخانەسووتێن بوو، چونکە زیاتر لە دوو میلیۆن کتێب و دەستنووسی سووتاندووە، وەک ئەنجامدەری تاوان دژی مرۆڤایەتی و وەک تاوانباری جەنگ سەرنج دەدرێت”. ئەمەش هەرگیز ڕاست نییە، سەڵاحەدین کتێبخانە بسووتێنێ، لە ئەنجامی جەنگ، کتێبخانە دەسووتێت و وڵات وێران دەبێت، مەرج نییە سەڵاحەدین فەرمانی دابێت بە سووتاندنی کتێبخانە، ئەگەر کارێکی وای کردووە پێویستە بە بەڵگەی مێژوو ساغ بکرێتەوە.
لە کۆتاییی ڕەخنەکانی کاک حەمەسەعید ئاماژە بە قسەیەکی د. یوسف زیدان دەدات کە لە ١١ی ئایاری ٢٠١٧دا، لە تەلەفزیۆنی ئاسمانیی (ئۆ ئێن ئی)ی میسرییەوە، بۆ عەمر ئەدیب دەدوێت، دەڵێت: “شەڕی سەلاحەددین لەگەڵ خاچهەڵگراندا، بە سازش دواییی هات نەک بە سەرکەوتن، خاچهەڵگران کشانەوە، سەلاحەددینیش بەڵێنی دا کەنیسە نەڕووخێنێت و کریستیان ڕێزلێگیراو بێت، ئەوەی گوایە قودسی ڕزگار کردووە، هەڵبەستراوە”.
ئەم قسەیەی یوسف زەیدان نیشان دەدات کەسێکە هیچ شارەزای مێژوو نییە، تەنیا مەبەستی ئەوەیە بە ئەنقەست لە کەسایەتی و گەورەیی و دەستکەوتەکانی سەڵاحەدین کەم بکاتەوە. سەڵاحەدین پێش ڕزگاری قودس لە شەڕی حەتین کە شەڕێکی یەکلاکەرەوە بوو، خاچهەڵگرەکانی بە خراپی تێک شکاند، هێزەکانی خاچهەڵگرەکان زۆر بە خراپی دەشکێن و زیانێکی گەورەی گیانی و ماڵیان پێ دەکەوێ و ئەسیرێکی زۆریان دەبێ، ئیدی دوای ئەم تێکشکانە خاچهەڵگرەکان لە شارەکانی سەر کەنار وەک یافا، سەیدا، بەیروت، جوبەیل و عەسقەلان و ئەوانی دی یەک لەدوای یەک شکان. ئەم شەڕە هاوسەنگیی هێز دەگۆڕێ و سنوورێک بۆ داگیرکارییەکانی خاچهەڵگرەکان لە ڕۆژهەڵات دادەنێ، کە بۆ ماوەی ٩٠ ساڵ بوو ئەم ناوچەیان داگیر کردبوو. دوای شکانی خاچهەڵگرەکان لەم ناوچانە، سەڵاحەدین بە سوپاکەی بەرەو باشوور دەکشێ بۆ ڕزگارکردنی شاری قودس. کاتێک لە دیوارەکانی شاری قودس نزیک دەبنەوە، شارەکە بۆ ماوەی دوازدە ڕۆژ گەماڕۆ دەدەن. خاچهەڵگرەکان لەوێ هێزێكی وا گەورەیان نابێ کە بتوانن بەرامبەر سوپای سەرکەوتوی سەڵاحەدین بەرگری بکەن، بۆیە کە زانیان لەم شەڕە دۆڕاون، داوای گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی بەبێ شەڕ شارەکە بدەنە دەست سوپاکەی. ئەمە دیارە سەڵاحەدینـیش مەبەستی شەڕ و کوشتار نەبووە، پێی باش بووە قودس بەبێ خوێنڕشتن ڕزگار بکرێ، ئەگەرنا دەیتوانی بە سەدان هەزار خاچهەڵگر بکوژێ و تۆڵەی موسڵمانانیان لێ بکاتەوە، بەڵام ئەمەی نەکرد، چونکە باوەڕی بە ئاشتی بوو نەک شەڕ. بۆ ڕزگارکردنی خەڵکە خاچهەڵگرەکەی ناو شاری قودس، سەڵاحەدین ئەوپەڕی لێبوردەیی دەنوێنێ؛ ئەوانەی لە تەمەن بوون بەبێ دانی فدیە لە شار دەرچوون. ئەمە بێجگە لەوەی کە سەڵاحەدین حەوت هەزار هەژاری لە سەر تکای مەلیک عادلی برای لە پێدانی فدیە بەخشی، بە خۆیشی دە هەزار هەژاری بەخشی. ڕۆژکیش هەر لەبەیانییەوە هەتا ئێوارەی تەرخان کرد بۆ دەرچوونی خەڵکی هەژار لە شار بەبێ فدیە. هەر ئەم هەڵوێستە جوامێرانەی لەگەڵ خاچهەڵگرەکان کردی، بوو بەو کەسایەتییە گەورەیە لە مێژووی ئەوروپا، کە دوای هەشت سەدە، باس لە جوامێری و شەهامەتی سەڵاحەدینی کوردی دەکەن.
مامەڵەی جوان و نەرمی سەڵاحەدین لە ڕزگارکردنی شاری قودس تەواو بە پێچەوانەی مامەڵەی خاچهەڵگرەکان بوو کە بۆ یەکەم جار لە شەڕی خاچهەڵگر یەکەم لە داگیرکردنی قودس کوشتارێکی بێبەزەییانەی خەڵکی شارەکەیان کرد، خاچهەڵگرەکان کە لە ١٠٩٩ قودسیان گرت مەلیک گۆدفری (Godfrey) بە دانپێدانانی مێژوونووسە ئەوروپییەکان، نزیک بە حەفتا هەزار موسڵمانی قەتڵوعام کرد.
بەم پێیە گیانی لێبوردەیی و بەزەیی و دڵنەرمی سەڵاحەدین لە هەموو دنیا دەنگ دەداتەوە، سەرکردە و پاشاکانی ئەوروپا لە ئیتاڵیا و فەرەنسا و ئینگڵتەرا بە ئەخلاقی جوان و کرداری پڕ سەروەری و جوامێری سەڵاحەدین سەرسام دەبن. لە شار و لە گوند باسی دەکرێ، دەبێ بە بابەتی چیرۆک و شیعر و شانۆکانیان، نیگاری سەڵاحەدین دەچێتە نێو مینیاتۆر و تابلۆ هونەرییەکانیان.
لاوران پەین (Lauran Paine)، کە نووسەرێکی ئەمەریکییە، لە کتێبێکی بەناو سەڵاحەدین، پیاوی هەموو سەردەمێک (Saladin, A Man For All Ages)، بەم شێوەیە وەسفی سەڵاحەدین دەکات: “مێژوو زۆر کەم پیاوی وەک سەڵاحەدینی بەرهەم هێناوە. لە سەردەمی ئەو، لە ئەوروپا هیچ سەرۆک و پاشا و ئیمپراتۆرێک لە ئاستی ئەو نەبووە، تەنانەت ئیسلام، لە دوای مردنی سەڵاحەدینـەوە هەتا ئێستا پیاوێکی دیکەی وەک ئەوی بەرهەم نەهێناوەتەوە”.
ئایا ئەم مێژووە بۆ کورد شەرمەزارییە؟ مێژووی سەڵاحەدین بۆ کورد ئەوەندە مێژووێکی گەورە و بایەخدارە، ئەگەر لە مێژوودا کورد هیچی نەبووایە، تەنیا مێژووی سەڵاحەدین و بنەمەڵەی ئەیوبییەکان گەورەترین سەرمایەی مێژوو بوو بۆ کورد. ئەمە ڕووداوێکی یەکجار گەورەیە لە مێژووی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بنەماڵەیەکی کورد بە سەر شام و میسر و حیجاز و یەمەن فەرمانڕەوایی بکەن، قودس لە دەست خاچهەڵگرەکان ڕزگار بکەن، گرنگترین ڕووداوی مێژوویی بۆ کورد و گەلانی ناوچەکە تۆمار بکەن، مێژووێکی پڕشنگدار لە دوای خۆیان بۆ هەموو جیهان بەجێ بهێڵن.
من ئەم مێژووە بۆ کورد وەک خۆرێک وەسفی دەکەم کە بۆ هەمیشە تیشک و ڕووناکی و وزەی ژیان و بەردەوامی بە کورد دەبەخشێ. ئەمە دیارە مێژوو سەرەڕای ئەوەی کە کۆمەڵێک دەرسی گەورە بە مرۆڤ دەبەخشێ و ژیانی ئەمڕۆمان ئاراستە دەکات کە چۆن لە داهاتوو پێش بکەون. لە هەمان کاتدا مێژوو ڕەگەزێکی یەکجار گرنگە بۆ نەتەوەسازی، هەر گەلێک مێژووی دەوڵەمەند بوو، ئەمڕۆشی دەوڵەمەندە، بۆیە مێژووی ئەیوبییەکان بۆ ئەمڕۆی نەتەوەسازیی کورد سەرمایەکی یەکجار گرنگە کە کورد وەک نەتەوە خۆی نیشانی جیهان بدات کە مێژووێکی پرشنگداری هەیە و پیاوی گەورەی وەک سەڵاحەدینی پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردووە. هەر ئەم نەتەوەیە دەتوانێ دەیان کەسایەتی دیکەی وەک ئەو بەرهەم بێنێتەوە. دەبێ لەم ڕوانگەوە لە مێژووی سەڵاحەدین و ئەیوبییەکان بڕوانین، وەک گەنجینەیەکی مێژوویی بۆ نەتەوەکەمان سوودی لێ وەرگرین.
لە هەمان کاتدا دەڵێم، هەزار حەیف و مخابن، کە ئەم کەسایەتییە گەورە مێژووییە لە ناو کورد هەڵکەوتووە، کە قەدری نازانێ، ئەگەر هیی هەر نەتەوەیەکی دی بووایە ئێستا لە هەر شارێکی ئەم وڵاتە پەیکەرێکی بۆ دروست دەکرا، بە دەیان شەقام و زانکۆ و دەزگای ڕۆشنبیری بە ناو دەکرا، کەچی دەبینین لە کوردستان نەک ئەوانەی بۆ نەکراوە، هێشتا هەندێ لە ڕۆشنبیری نەتەوەکەی دەیکەن بە مایەی شەرمەزاری بۆ کورد!
ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە، کورد سەڵاحەدین وەک ڕەمزێکی گەورەی نەتەوەی کورد سەیر بکات، کەسایەتی و مێژووەکەی بگێڕێتەوە بۆ کوردستان و لە هەموو شوێنێکی ئەم وڵاتە بەرچاو بێت و هەموو کوردێک شانازی پێوە بکات؟
سەرچاوەکان
علي محمد الصلابی، صلاح الدين الأیوبی وجهودە في القضاء علی الدولة الفاطمية وتحرير بیت المقدس، الطبعة الأولی، دار المعرفة، بیروت، ٢٠٠٨. ص. ٥٢٨ – ٥٣٠.
محمهد ئهمین زهکی بهگ، خولاسهیهکی تهئریخی کورد و کوردستان: له زۆر قهدیمهوه تا ئیمڕۆ. ئامادهکردنی: ڕهفیق ساڵح، بنکهی ژین، سلێمانی، ٢٠٠٦. ل.١١٣.
محسن محمد حسین، سەلاحەدینی ئەیوبی، ژیننامەی گەشترین، وەرگێڕانی: عبدالرزاق بیمار، دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی، بەغدا، ١٩٩٣. ل.١٠١.
Lauran Paine, Saladin, A Man For All Ages, Clarke. Doble & Brendon Ltd. London, 1974. P.82.
بۆ خوێندنەوەی وتارەکەی کاک حەمەسەعید حەسەن بڕوانە ئەم لینکەی خوارەوە:https://www.facebook.com/share/p/18xpo5Ue4S/