سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

یوسف زێدان، “بەخێر بێیت بۆ کوردستان”

ئیبراهیم سادق مەلازادە و شێرکۆ کرمانج

لەو ڕۆژانە مقۆمقۆیەکی زۆر دژ و پڕۆ بە بانگهێشتکردنی ڕۆماننووس و بیرمەند و مێژوونووسی میسری یوسف زێدان بۆ هەولێر، دروست بووە. گفتوگۆیەک کە بەشی هەرە زۆری لەوانەی دژی ئەو بیرمەندەن، هۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی دەگوترێت “ئامانجێک لە نەفسی یەعقوب”. لە دیدارێکدا لەسەر سەڵاحەدینی ئەیوبی پرسیار لە یوسف زێدان دەکرێت، ئەویش بە هەڵچوونەوە وەڵامی پرسیارەکە دەداتەوە و دەڵێت کە سەلاحەدین یەکێک لە سەخیفترین (احقر) کەسایەتییەکانی مێژووە لە جیهاندا. ئێمە لەگەڵ ئەو شێوە وەڵامدانەوەدا نین، بەڵام لێرەدا چەند حاڵەت هەن بۆ لەسەر وەستان:

یەکەم، یوسف زێدان قسە لەسەر سەڵاحەدین ناکات وەکوو سەرکردەیەکی کورد، بەڵکوو وەکوو سەرکردەیەکی بیانیی کە لە میسری ئەوکات ڕۆڵێکی گەورەی گێڕاوە، بریاڕبەدەستبووە و وەکوو حاکمێکی ڕەها هەرچی ویستبێتی کردوویەتی. ئەگەر ئێمە بەشێک لەو مێژووە بزانین دڵنیام زۆریشی لێ نازانین، بەشێک لە میسرییەکان ڕەخنەی دژواریان دژ بەو رۆڵەی سەڵاحەددین هەیە و وەکوو داگیرکەر تەماشای دەکەن. ئەو ڕۆڵە بە دڵی ئێمە بێت یان نا، ئەو ڕۆڵە خراپ بووبێت یان باش، یان تێکەڵەیەک، ڕۆڵێکە بەشێک لە میسرییەکان وەکوو برین، وەکوو سەردەمێکی ئاڵۆز و نیگەرانکەر تەماشای دەکەن. کەواتە، نە ڕەخنەکە نە هەڵوێستەکە دژی کورد، یان کوردبوونی سەڵاحەدین نییە. لەوانەیە “سەڵاحەدین”یش ئەو کردار و هەڵوێستانەی کە لە میسر کردوویەتی، بە باش بە خراپ، وەک کوردێک نەی کردووە.

دووەم، ئێمە کەسمان وەکوو میسرییەک بیر ناکەینەوە، زۆربەشمان لە خەون و نیگەرانیی میسرییەکان تێناگەین، زۆر کەمیش لەسەر مێژوو و ئازارەکانی میسرییەکان دەزانین. بۆیە کاتێک حوکم لەسەر هەڵوێستی میسرییەک دەدەین، دەبێت لە ئازارەکانی ئەوانیش تێبگەین تاوەکوو بزانین نواندنی وەها هەڵوێستێک بەهۆی دژە کوردبوونییەتی یاخود بەهۆی برینێکە ئێمە هەستی پێناکەین و ئەوان هەستی پێ دەکەن و لە جەستەی ئەواندایە.

سێیەم، سیاسیی و ڕووناکبیرە عەرەب و فارس و تورکەکان کە هەڵوێستیان کوێرانە و بێویژدانانەیە دژ بە کورد، هەرگیز نەیانویستووە و نایانەوێت لە کورد تێبگەن، لە خەونەکانی کورد تێبگەن، ئینجا هەڵوێست بنوێنن. ئەوان لە ڕوانگەی خۆیانەوە دژایەتی کورد دەکەن، وەکوو داگیرکەر پشتیوانی لە داگیرکاریی دەکەن، کوردستان وەکوو خاکی خۆیان تەماشا دەکەن، ڕۆژانەش ئەو هەڵوێستانە لەو جۆرە بێویژدانییانە دەبینین. لێرەدا یوسف زێدان لە دووڕیانێکدایە، لەلایەک وەکوو میسرییەک هەڵوێستی دژ بە سەڵاحەدینی هەیە، بەڵام لەلایەکی دیکە وەکوو مرۆڤێک و میسرییەک دژ بە داگیرکاریی کوردستان و چەوساندنەوەی کورد هەڵوێست دەنوێنێت. هەر وەک خۆی لە چاوپێکەوتنێک دەڵێت ئەو هەر لە بنەچەدا “لایەنگریی لە مەزڵوومەکان” دەکات. لەبەر ئەوە، هەڵوێستی دووەمی، پشتیوانی لە کورد، دەبێت جێگای خۆشحاڵی و پێزانینی هەموو کوردێکی دڵسۆز بێت.

چوارەم، سەڵاحەدین سەرکردەیەکی ڕێزلێگیراوە، بەڵام بەر لەوەی سەرکردەیەکی بە ڕەچەڵەک کورد بێت، سەرکردەیەکی موسوڵمانە و وەکوو موسوڵمانیش حوکمی کردووە نەک وەک کورد. ڕاستە سوپاکەی خۆی بەشی هەرە زۆری کورد بوون، بەڵام بەکاری هێناون و متمانەی بەوان بووە وەک هەر سەرکردەیەک لەو قۆناغە مێژووییەدا لەبەر عەسەبانییەتی نەتەوەیی بە گۆتەی ئیبن خەلدون نەک لەبەر هەست و سۆز و هاوچارەنووسی کوردیی، کە لەم سەدانەی ئەم دواییە سەری هەڵداوە. وەکوو هەر سەرکردەیەکیش دەکرێت قابیلی ڕەخنە و ڕق و جوانیش بێت، دەکرێت کاری باش و کرێتیشی ئەنجام دابن. پرسیارەکە ئەوەیە، داخۆ لەسەر ئەو قسانەی، چەند موسڵمان لە میسر و فەلەستین و سووریا و ئوردن دژ بەو هەڵوێستە داوایان دژ بە یوسف زێدان تۆمار کردووە؟ نەک هەر داوا، داخۆ هیچ کەسێکی ناوداری عەرەب و فەلەستینی وەڵامێکی کەم تا زۆری “یوسف زێدان”ی داتەوە؟

پێنجەم، سەڵاحەدین لە مێژوودایە، واتە بووە بە مێژوو. ئەو مێژووە جوان بێت یان ناشیرین، جێگای شانازی بێت یان نا، کە بۆ کورد ڕەنگە گرنگ بێت کە شانازی پێکەوە بکات وەک بەشێک لە نەتەوەسازی و نیشتیمانسازی بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی ناسیونالیزم و دوای ئەوەی کە هەوڵێکی جددی لەلایەن داگیرکەرانی کوردستان‌ـەوە دەدرێت بۆ داماڵینی کورد لە مێژوو، واتە بێ مێژووکردنی کورد. هەر چۆنێک بێت، وەکوو کەسایەتییەک بەدەر نییە لە ڕەخنە و هەڵسەنگاندن، بەڵام کورد وەکوو نەتەوە لەژیاندایە و لەژێر نیری داگیرکەر دەناڵێنێت. چوار دەوڵەتی داگیرکەر لەکاتێکدا کە شەڕیانە لەسەر بەعەرەبکردن، بەفارسکردن یان بەتورککردنی سەڵاحەدین، هەرچواریشیان ئێستا ڕژێمێکی ئیسلامیی یان نیمچە-ئیسلامی بەڕێوەیان دەبەن و داگیرکەری بێویژدانی کوردستان‌ـن. ئێستا کاتی پەنابردنە بۆ دادگا نێودەوڵەتییەکان دژ بەو داگیرکارییە، کاتی پەنا بردنە بۆ دەنگهەڵبڕین دژ بە کوردکوژیی و دژ بە بۆمبارانکردنی ڕۆژانەی کوردستان، دژ بە لە سێدارەدانی مرۆڤی کورد کە تەنها “تاوانیان” کوردبوونە. دەبێت لە ئەولەوییات و ڕیزبەندی داواکارییەکان تێبگەن. نەک سکاڵا نووسین لەسەر ڕووناکبیرێکی عەرەب کە پشتیوانی لە کورد دەکات و بە زاری خۆی دەڵێت “ئەو ستەمەی لەسەر کوردە زۆر لەو ستەمە گەورەترە کە لەسەر فەلەستینییەکانە”.

شەشەم، لەسەر ئەو بنەمایانەش، بەپێچەوانەی دەیان و سەدان نووسەر و بیرمەندی عەرەب، یوسف زێدان هەڵوێستێکی مەردانە و مرۆڤدۆستانەی لەسەر کورد هەیە، بەبێ قەید و شەرت پشتیوانی لە سەربەخۆیی و مافەکانی نەتەوەی کوردستان دەکات، ئاخر چەندن ئەو عەرەب و تورک و فارسانەی کە بەو ڕاشکاوییە پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان بکەن. زێدان خاکی کوردستان نە بە هی عێراق و نە بە هی سووریا و نە بە هی تورکیا و نە بە هی ئێران دەزانێت، بەڵکوو ئەو پێی وایە؛ بەر لەوەی تورکیا و عێراق و ئێران و سووریا دروست بووبن، کوردستان هەر هەبووە و خاکی مێژوویی و دێرینی کوردە و پێویستە داگیرکەر دەستی لێ هەڵبگرێت. ڕێزنەگرتن لەو هەڵوێستە دەبێت ڕەخنە بکرێت نەک قسەیەک کە وەک میسرییەک بە سەڵاحەدینی ئەیوبی گوتووە.

بەکورتی، کورد لە هەڵوێست نواندندا هەمیشە واباشە زیان و قازانجەکانی بەراورد بکات، وەک یوسف زێدان عەقڵانی بێت کاتێک کە ڕەخنە لە جەمال عەبدولناسریش دەگرێت هەر عەقڵانییەت پێوەرییەتی. کوردستانیان واچاکە بزانن چۆن دۆست و ناحەزانیان لەیەکدی جیا دەکەنەوە. ئەو حیزب و لایەنانەی دژ بە یوسف زێدان هاواریان لێ هەستاوە، دەکرێت لە هەولێر لە میدیاکانیاندا داوەتی بکەن و ڕووبەڕووی ئەو هەڵوێستەی دژ بە سەڵاحەدینی ئەیوبی بکەنەوە و ڕەخنەی بکەن، کە مافێکی ڕەوایە.

وەک گوتمان، پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە؛ چەند بیرمەندی عەرەب و تورک و فارس پشتیوانی لە پرسی کورد دەکەن، داکۆکی لە مافەکانی دەکەن؟ بەدڵنیاییەوە زۆر کەم و ناوازەن، بەڵام یەکێک لەو کەمە ناوازانە “یوسف زێدان”ـە. بۆیە دەڵێین، بەخێر بێیت بۆ کوردستان.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO