لەو دواییانەدا، بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە بەخۆداچوونەوەی ئەو کەسانەدا کەوتم کە پێشتر ئەندامی گرنگی بزووتنەوەی “ئیخوان موسلمین” بوون لە میسر، لە بەرپرسیارێتی جیاوازدا، کە بەلامەوە پێداچوونەوەی زۆر باڵکێش و گرنگن. پێداچوونەوەکان لەلایەن ڕۆژنامەنوس زیاء ڕەشوان (ضياء ڕشوان) بەڕێوە دەبرێن و لە کەناڵی ئەلعەرەبییەدا پەخش کراون و دەکرێن. هەندێکی دیکەش لەلایەن خەڵکی دیکەوە ئەنجام دراون و لە کەناڵەکانی دیکەدا پەخش دەکرێن. ئەو ئەڵقانەی کە زیاء ڕەشوان ئەنجامی داون و لە یوتیوب هەن زیاتر لە ٢٥ ئەڵقەن. بەشێک لەو بەخۆداچوونەوانە مەترسی ئایدیۆلۆجیای ئسیلامیزم بەگشتی و ئیخوان موسلمین بەتایبەتی لەسەر نەوەکان و کۆمەڵگەدا دەخەنە ڕۆژەڤ و بەر باس و لێکۆڵینەوە.
پێشتریش ئاگام لە زۆرێک لەو کەسانە هەبووە کە سەر بە ڕەوتی کۆمۆنیست و ئیسلامییەکان بوون، بەڵام دوایی وازیان لەو ڕەوتانە هێناوە و گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەر بیرکردنەوەیاندا هاتووە، یان خۆیان بەتەواوەتی گۆڕیوە و بە دووڕیانێکی دیکەدا کەوتوون. زۆر بیرم لەو گۆڕانکاری و گوزەرە جیاوازانە کردۆتەوە. ئەو گۆڕانکارییە بۆچی ڕوو دەدات؟ لەبەرانبەریشدا بۆچی هەندێک کەس لەناو ئایدیۆلۆجیای خۆیاندا قنیاتییان گرتووە، چەقیان بەستووە و ئامادە نین بە مووش لە ئایدیۆلۆجیای خۆیان لابدەن. ئامادەن بە ماست بڵێین ڕەش بەڵام ئامادە نین بەخۆیاندا بچنەوە. جیاوازی نێوان ئەو دوو لایەنە چییە؟ هەڵبەت بۆ قسەکردن لەسەر ئەو جیاوازییانە لەوانەیە پێویستی بە توێژینەوەیەکی سۆسیۆ/سایکۆلۆجی ورد بێت، بەڵام مانای ئەوە نییە نەتوانین لێرەدا بە کورتی قسەیەکی لێ بکەین.
ئەوە دەزانم کە بەشێک لە مرۆڤەکان، خاوەن بیرکردنەوەیەکی بزۆزن، بۆخۆشم بەردەوام لەناو ئەو گوزەرەدا دەژیم. ئەو جۆرە کەسانە هەمیشە پێداچوونەوە بە بیروباوەڕەکانیاندا دەکەن و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەن، ئەمەش لە ئەنجامی زۆر خوێندنەوە بێت یا ئەزموونی ڕۆژانەی ژیان و سەرنجدانی زۆر یان هەر هۆکارێکی دیکە. ئەو جۆرە کەسانە لە دەوروبەرماندا زۆرن و ڕۆژانە دەیانبینین. بۆخۆم زۆرێک لەو جۆرە کەسانە دەناسم و مامەڵەم لەگەڵیاندا کردووە. ئەو جۆرە سیفەتە دەکرێت هەردوو دیوی ئەرێنی و نەرێنی هەبن، بەڵام لە ئەزموونی خۆمدا، دیوە ئەرێنییەکانی ئەو جۆرە کەسانە زۆر زیاترن لە دیوە نەرێنییەکانیان، هەرچەندە بەپێی جۆری ئایدیۆلۆجیا و بیروباوەڕی کەسەکان دەگۆڕێت.
لەو بارەیەوە، بەسەر یەکێک لەو تیۆریانەدا کەوتم کە ڕێک وەسفێکی وردی ئەو جۆرە دیاردانەیە و دەکرێت بیکەینە چوارچێوەیەک بۆ ئەو جۆرە سیفەت و گوزەرانە. ئەوەش بریتییە لە “تیۆری بیرکردنەوەی قووڵ و نەرمیی ئایدیۆلۆجی” (Theory of Reflective Thinking and Ideological Flexibility)، کە فەیلەسوفی ئەڵمان یۆرگن هابەرماس (١٩٨٤) خاوەنییەتی. لەگەڵ ئەو تیۆرییەی فەیلەسوفی نەمساوی کارل پۆپەر، جۆرێک لە تێکەڵکێشی هەیە، کە بریتییە لە توانای جێبەجێکردن (falsifiability)، بەمانای ئەوەی بیروباوەڕەکان هەمیشە دەبێت توانای تاقیکردنەوە و پێداچوونەوەیان تێدابێت.
توانای جێبەجێکردن، بەپێی وێبسایتی (TechTarget)، توانای سەلماندنی هەڵە و ناڕاستی هەندێک لە پرس و دەستەواژە و تیۆری و گریمانەکانی هەیە. دەستەواژەی “توانای جێبەجێکردن”، لە ١٩٣٥ لەلایەن فەیلەسوفی نەمساوی کارل پۆپەر (١٩٠٢-١٩٩٤) کەوتە ڕۆژەڤەوە. هەر لەو کاتەشەوە، کۆمەڵگەی زانستی پێی وایە توانای جێبەجێکردن (falsifiability) یەکێکە لە بنەما بنەڕەتییەکانی میتۆدی زانستی، لەپاڵ خەسڵەتەکانی دیکەی وەکوو “توانای دووبارەکردنەوە” و “تاقیکردنەوە”. ئەم چەمکانە جەخت لەسەر بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە (critical thinking) و گفتوگۆی کراوە (open dialogue) و خۆڕاستکردنەوە (self-correction) لە سیستەمی بیروباوەڕ (belief systems) دا دەکەنەوە.
بەو جۆرە، پوختەی بیرۆکەی کارل پۆپەر جەختکردنەوەیە لەسەر ئامادەباشی جێبەجێکردن، بەو مانایەی بیروباوەڕەکان هەمیشە دەبێت ئامادە بن بۆ سێکوچکەی “جێبەجێکردن و سەلماندن و پێداچوونەوە”. هۆشداریش دەدات لەو بیروباوەڕانەی کە قابیلی جێبەجێکردن نین و ڕکابەری گۆڕانکاری دەکەن. لەو بارەیەشەوە، زانایەکان، بیرکردنەوەی ئەقڵانی، هەمیشە پێیان وایە هەموو مەعریفەکان کاتیین و قابیلی پێداچوونەوە و گۆڕانکارین. ڕووناکبیرە ڕاستەقینەکان هەمیشە بە ئایدیۆلۆجیاکانیاندا دەچنەوە و گۆڕانکاری بەسەردا دێنن کاتێک دەبینن ئەو بیروباوەڕانە پێچەوانەی بەڵگە بەردەستەکانە. ئەوەش بنەمایەک بۆ “کۆمەڵگەیەکی کراوە” ڕەنگڕێژ دەکات و پێک دێنێت، کە تیایدا بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە ڕێگا لە ئایدیۆلۆجیای بەنجکراو دەگرێت و ناهێڵێت بەسەریدا تێپەڕ ببێت.
لێرەدا، کە بیریارێکی موحافیزکار (conservative) سەرنج دەدات هەندێک بەها و نۆرمی تەقلیدی پێچەوانەی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤن لە سەردەمی ئەوڕۆدا، ڕاستەوخۆ بیروباوەڕەکانی هەموار دەکاتەوە لەجیاتی ئەوەی بەرگریان لێ بکات بە شێوەیەکی کوێرانە. ئەمەش هەرگیز پەیوەندی بەوەوە نییە وەکوو ئەوەی هەندێک لە کۆمۆنیست و ئیسلامییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن و دەڵێن ئەو جۆرە کەسانە هەر لەسەرەتادا لە بیروباوەڕەکەی خۆیان حاڵی نەبوون، بۆیە دەگۆڕێن و دووردەکەونەوە. ئەم گوزەرە دیاردەیەکی مێژوویی قووڵە و لە سەردەمی ئێستاماندا کە سەردەمی “زانیاری بەردەستە” زۆر باوتر و بەرفراوانترە. بۆیە پەیوەندی بە حاڵیبوون و ناحاڵیبوونەوە نییە.
بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو ڕوانگەیەش، “تیۆری کردەی پەیوەندیی” (Theory of Communicative Action)ی یۆرگن هابەرماس جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو دیاردەیە و پشتیوانیکردنە لەو بەخۆداچوونەوەیە. هابەرماس پێی وایە مرۆڤەکان بۆ هەڵسەنگاندنی بیروباوەڕەکانیان بەشداری مشتومڕی ئەقڵانی/ڕەخنەگرانە دەبن. تاکەکان لەبری ئەوەی کوێرانە شوێنی ئایدیۆلۆجیایەک بکەون، بە پشتبەستن بە گفتوگۆی ئەقڵانی و بەڵگەی نوێ، بیرکردنەوە، ڕکابەری و پێداچوونەوە بە بۆچوونەکانییاندا دەکەن. هەروەها، مرۆڤەکان تێکەڵ بە گفتوگۆی “ئەخلاقی گوتار” دەبن. ئەخلاقی گوتار واتە لەڕێگەی ئارگیومێنتی ئەقڵانی و گفتوگۆی کراوە، بیروباوەڕەکانیان ڕێک دەخەن. ئەوان بەدوای ڕەواییدا دەگەڕێن، دەتوانین ناوی بنێین “گەڕان بەدوای ڕاستیی، واتە بیروباوەڕەکانییان دەبێت بەرگەی لێکۆڵینەوەی لۆجیکی و ئەخلاقی بگرن. هەر چرکەساتێک کەموکوڕی لە ئایدیۆلۆجیاکەیاندا بدۆزنەوە، خۆیان دەگونجێنن، نەک کوێرانە شوێنی بکەون و دەمارگیر بن بۆ بیروباوەڕەکانییان.
نموونەی گونجاو بۆ ئەو جۆرە تیۆرییە زۆرن، بەتایبەتیش لەناو هەردوو کایەی کۆمۆنیزم و ئیسلامیزمدا کە لە زۆر ڕووەوە لەیەکدی نزیکن و دەتوانین وەکوو دوو دیوی یەک دراو تەماشایان بکەین. کاتێک بیرمەندێکی مارکسیست یا ئیسلامیست مەیلێکی پاوانخوازی لە ڕژێمە کۆمۆنیستەکاندا، یا ئیسلامییەکاندا دەدۆزنەوە، بیر لە هەڵوێستەکانییان دەکەنەوە، دژبەرییەکی گەورە لەگەڵ بەها و نۆرمە مۆدێرنەکان دەبینن، خۆیان بۆ ناگیرێت و دووچاری بیرکردنەوەی قووڵ دەبنەوە.
لە بەشی دووەمی ئەو نوسینەدا، وردتر لەسەر لایەنی پڕاکتیکی ئەو بابەتە دەوەستم.