عوسمان ساوجی
گەمارۆی ئابووری و برسیکردنی هاووڵاتییانی وڵاتێک/هەرێمێک لەلایەن دەوڵەتێک یەکێکە لەو ڕێگە کاریگەر و باوانەی کە بەشێک لە زلهێزەکانی ئەم سەردەمە پەیڕەوی لێ دەکەن. ئەوەش لەلایەک بۆ ئەوەی خۆیان لە شەڕی ڕاستەوخۆ بەدووربگرن کە زیانی گیانی و دارایی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و کاولکاریی دروست دەکات. لەلایەکی تریشەوە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتی هێرشبەر دەکەوێتە بەر ڕەخنەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ئاشتی و ژینگە و مافەکانی مرۆڤ، خەرجی و تێچویەکی زۆریشی پێویستە بەتایبەتی کاتێک ئەو جەنگە درێژە بکێشێت. لەبەرامبەردا گەمارۆی ئابووری و برسیکردنی هاووڵاتییانی وڵاتانی نەیار کاریگەرییەکانی بەشێوەیەکی لەسەرخۆ دەردەکەون، بەڵام بەئازار و کوشندەن و دەبێتە هۆی داماڵینی دڵبەندی (ئینتیما)ی نەتەوەیی و نیشتیمانیی.
یەکێک لەو ئامانجانەی دەوڵەتانی گەمارۆدەر دەیانەوێت لەو ڕێگەوە بەدەستی بهێنن بریتییە لە لێسەندنەوەی ڕەوایەتی (شەرعیەت) لە فەرمانڕەوایانی دەوڵەتی گەمارۆدراو، چونکە برسیکردن بەپێچەوانەی هێرشکردنەوەیە. هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانەی دەکەونە بەر پەلاماری سەربازی و داگیرکردن بەشێوەیەکی گشتی هەوڵی خۆڕێکخستن و چوونە ناو ڕیزەکانی سوپا دەدەن بەمەبەستی بەرگریکردن لە خاک و خەڵکی خۆیان کە دەکرێت شەڕی ڕووسی-ئۆکرانی هەروەها تورکیا-ڕۆژاڤا دوو نموونەی زیندووی ئەو دۆخە بن کە ئاماژەی بۆ کرا. بەڵام گەمارۆی ئابووری و شەڕی برسیکردن وردەوردە تووڕەیی هاووڵاتییان بەرانبەر دەسەڵاداران و دابڕانی نێوانیان زیاتر دەکات تا لە قۆناغێکدا ئیدی نەک پەیوەندی لە نێوانیاندا نامێنێت بەڵکوو بەتەواوی دەبنە دوژمنی یەکتر. ئیدی دەسەڵاتداران یەکێک لە پایە مەعنەوییە گرنگەکانی بەردەوامیی دەسەڵاتەکەیان، کە بریتییە لە ڕەوایەتی، لەدەست دەدەن. بەوەش بوارێکی فراوان بۆ سەرهەڵدانی گەندەڵی لە دامودەزگاکانی حکومەتدا دێتە گۆڕێ و درز و کەلەبەری لەبار بۆ دەستتێوەردانی دەرەکی دێتە کایەوە.
پرۆسەی برسیکردن دۆخێکی مەترسیدار لە وڵاتی گەمارۆدراو دروست دەکات بەجۆرێک کە دەوڵەتی گەمارۆدەر دەتوانێت بەتێچویەکی کەم و بێ زیان دەستی ڕا بگات بە دۆسیە هەستیارەکانی دەوڵەت و هاووڵاتییە برسیکراوەکان لەدژی وڵاتەکەی خۆیان بەکاربهێنێت، یان هەر هیچ نەبێت گیانی بەرگری لەناو هاووڵاتییانی برسیکراو بەگشتی و ڕیزەکانی سوپا بەتایبەتی بکوژێت. بەمەش لە هەردوو باری دانوستان و شەڕدا گەمارۆدەر پێش دەست پێ کردن کلیلی گرەنتی بردنەوە دەخاتە گیرفانیەوە. دەکرێت ڕژێمەکانی بەعسی عێراق و سووریا دوو نموونەی زەقی بەرجەستەی ئەم پرۆسەیە بن.
ئەوەی لێرەدا گرنگە لە ئێستادا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ بە چڕی کار لەسەر ئەم شێوازی بەڕێوەبردنی ململانێیە دەکات و دەوڵەتانی نەیار و دژبەری خۆی تووشی دۆخێکی سەختی ئابووری دەکاتەوە کە نەتوانن بە هیچ جۆرێک کەڵک لە ناردنە دەرەوە و فرۆشتنی کاڵا و سامانی سروشتیان وەربگرن. ئەوە سەرباری ئەوەی پارەکانیان بلۆک دەکات و کەسایەتییەکانیان دەخاتە لیستی ڕەشەوە و بەهای دراوەکانیان بە جۆرێک دادەبەزێنێت کە هاووڵاتییان توانای کڕینی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان نەمێنێت. ئەوەش هۆکارێکە بۆ سەرهەڵدانی شەڕی ناوخۆ و پەشێوی و ڕاپەڕین و تێکچوونی ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتی. لەبەرئەوە، گرنگە دەوڵەتان و قەوارە سیاسییەکان خۆیان لە نەفرەتی گەمارۆی ئابووری بپارێزن و پەیڕەوی لە سیاسەتی دابینکردنی خۆشگوزەرانی هاووڵاتییانی وڵاتەکەیان بکەن بە هەر نرخێک بێت.
سەبارەت بە پێگەی کوردیش لە ناوچەکەدا دەکرێت بە پەیڕەوکردنی پلانی گونجاو بۆ پێشهاتەکان، لەلایەک، کەڵک لە لاوازی دەسەڵاتی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان وەربگرن و هەوڵی قۆستنەوەی ئەو دەرفەتانە بدەن کە بە هۆی ململانێی ئەم دەوڵەتانە و ئەمریکا لە ئارادایە. لەلایەکی تریشەوە، بۆ هەر هەنگاوێک دەبێت پارێز بکەن و نەکەونە نێوان بەرداشی ئەم شەڕەوە، بەتایبەتی هەردوو قەوارەی باشوور و ڕۆژاڤای کوردستان کە تاڕادەیەک توانیویانە تەریب لەگەڵ بەرژەوەندی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە شەڕی داعش، چەند دەستکەوتێکی سیاسی و لۆجستی بەدەست بهێنن. واچاکە هەوڵی ئەوە بدەن ڕەوایەتی و سۆزی هاووڵاتییانیان لەدەست نەدەن و کار بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسییە دەرەکییەکانیان بدەن.