سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نەخشەی نوێی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ

سلێمان مستەفا حەسەن

نەخشەی نوێ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستی نوێ، بەرەو کام ئایندە؟ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ماوەی سەدەیەکە بگرە زیاتریش بۆتە مەیدانی گۆڕانکارییە ستراتیجییەکان و پێکدادانە نەتەوەییەکان. شکست و سەرکەوتن، پلانگێڕیی و دابەشبوون بەسەر بەرەکان، ئەنجامدانی دەیان جەنگی بەوەکالەت سیمایی ڕابردووی بوون، لەدوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ پرسیارێک پێویستی بە وەڵام هەیە. نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ تەواو بووە؟ یان وەک خۆی دەمێنێتەوە؟ گەر گۆڕاوە ئایا نەخشەکە تەواو بووە؟ نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ چۆنە؟ کارەکتەرەکان دەگۆڕێن و جێگۆرکێ دەکەن؟ دەوری کوردان لە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی نوێ  چی دەبێت؟ ئایا وەک داود ئۆغڵوو گوتی پێویستە لەسەر مێزی خڕ کۆببینەوە؛ کورد، تورک، عەرەب، فارس. باوەڕو دنیابینی ئۆغوڵو پێمان دەڵێت دەبێت کورد شوێنی خۆی بگرێت، بەڵام ئیسرائیل لەسەر ئەو مێزە شوێنی نابێتەوە، یا لانی کەمی لە سنووری خۆیدا گەمارۆی دەدەن. لە ئێستادا وڵاتی بەهێز و خاون هەژموون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (تورکیا، ئێران، سعودیە، ئیمارات، قەتەر، میسر، ئیسرائیل و گەلی کوردستان‌ـن) کەواتە ئەو بکەرانە دوای ئەو گۆڕانکاریانە چ ڕۆڵێکیان دەبێت؟ بۆ ئیسرائیل، ٧ی ئۆکتۆبەر سەرەتای وەرچەرخانێکی نوێ بوو، ئیسرائیل لە ڕۆڵی شەرمنانە و شاراوە بۆ ڕۆڵی ئەکتەرێکی بەهێز و کاریگەر و ئاشکرا گۆڕا. ئیسرائیل لە دیدی خۆی  کۆتایی بە هیلالی شیعی هێناوە؟ بەئاشکراش کارتی کورد بەرانبەر تورکیا و ئێران و سووریا بەکار دەهێنێت؟ کورد باوەڕ بە ئیسرائیل دەکات؟ ئەمریکا کارتی سەوزی بۆ ئیسرائیل داگیرساندوە بۆ ئەوەی شەڕی بەوەکالەت تەواو بکات و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و دۆستانی  بپارێزێت. ئیسرائیل ئێستا هێزە لە هەمان کاتدا هەڕەشەییە بۆ سەر سێکوچکەی تورکیا-عەرەب‌-فارس تاڕادەیەک بۆ کوردیش. گەلۆ ئیسرائیل لەسەر پرسی کورد تا چەند ڕشدە؟ ئایا لە ئێستادا ئیسرائیل گەیشتۆتە ئەو ڕاستییە کە کورد هێز و پارسەنگی ناوچەکەن؟ ئایا ئیسرائیل دەیەوێت شان بەشانی ئەمریکا و ئەوروپا کورد وەک هێزی میانڕەوو و پاڵەوانی شەڕی داعش بکەن بە ئەکتەر و ڕۆڵی نکۆڵیلێکراویان بۆ بگێرنەوە، چونکە ماوەی ٧٥ ساڵە تورک و عەرەب و فارس، کورد وەک هەڕشە و مەترسی و “ئیسرائیلی دووم” دەشوبهێنن. کورد دژایەتییەکی زۆر کراوە لەسەر ئەم پرسە.

نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی نوێ بۆ ئاسایشی ناوچەکە و جیهان بۆ بوون بە ناوەندی گواستنەوەی وزە، خاڵی یەکلاکەرەوەیە بۆ ئیسرائیل  و تورکیا، باوەڕ ناکرێت ئیسرائیل ئەو دەرفەتە لە دەست بدات.

 ئیسرائیل و هاوپەیمانی نوێ،  بەرە و یەکگرتوویی یان دابڕانی ستراتیجی

ئیسرائیل لە ساتێکی مێژووی و سەرەکیی دایە لە ستراتیجی ناوچەیی خۆیدا. گۆڕانکارییەکانی دوای ٧ی ئۆکتۆبەر، ئیسڕائیل ناچار دەکات هەوڵ بدات  هاوپەیمانی نوێ دروست بکات کە بتوانێت لەو ڕووداوە نوێکان بەرژەوندی خۆی دەست بەکار بکات. لە بەرەی ئابوورییدا، ئیسرائیل خۆی وەک هێزێکی تەکنەلۆجی و وزە جێگیر دەکات، زیرەکیی دەستکرد و ئاسایشی ئەلیکترۆنی و تەکنەلۆجیای دارایی (fintech) بەرەوپێش دەبات. ڕۆڵی سەرهەڵدانی وەک هەناردەکردنی غاز بۆ ئەوروپا لە ڕێگەی بۆڕی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست‌ـەوە کاریگەرییە ئابوورییەکەی بەهێزتر دەکات.

کۆماری ئیسلامی ئێران، وڵاتێک لەژێر فشاردا

تەماحە ناوچەییەکانی ئێران وەک فاکتەری دیاریکەر لە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌دا دەمێنێتەوە. تاران لە ڕێگەی گرووپە نادەوڵەتییەکان بەوەکالەت لە (عێراق، سووریا، لوبنان و یەمەن) بەردەوامە لە کاریگەریی نواندن، هەرچەندە دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٣ بارودۆخەکە بەرو گۆڕانکاری گەورە دەڕوات بەڵام نائارامی ناوخۆیی و سزا ئابوورییەکان و دابەزینی داهاتی نەوت هەروەها، پرسی کورد مەترسی لەسەر سەقامگیری ڕژێم دروست دەکەن.

بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی ئێران هێشتا وەک نیگەرانییەکی سەرەکی بۆ زلهێزە جیهانییەکان دەمێنێتەوە. مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی هەمیشە لە ئارادایە، بەتایبەتی لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیل. لە ئێستادا تاران هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دەدات لەگەڵ چین و ڕووسیا، هاوکات بەرنامەی تاران وایە خۆی وەک یاریزانێکی سەرەکی لە جیهانێکی فرەجەمسەرییدا جێگیر بکات.

ئایا دەور و هەژموونی  کۆماری ئیسلامی ئێران بەرەو لاوازبوون و کۆتایی دەچێت؟ “لەسەر ئێمە پێویستە لە ڕۆژهەڵاتی کەناراوی دەریای ناوەڕاست‌دا بجەنگین و بەر بە هەڕەشەکان بگرین، تا ڕێگربین لەوەی خوێن لەسەر خاکی ئێران بڕژێ”، ئەم گوتەیە هی کۆڵۆنێڵ موجتەبا پاشایی، سەرۆکی دەزگای هەوڵگری و ئاسایشی نیشتیمانیی ئێران (ساواک) بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوین‌دا. هەنگاوی ئێران ڕێگاگرتن بوو لە پانعەرەبیزم. جمهوری ئیسلامی دوای دامەزراندنی لە ١٩٧٩ درێژەی بەهەمان سیاسەتدا بەڵام لە فۆرمێکی دیکە، بۆ نموونە، ڕاچاندنی پلانی سەوز لە لوبنان، لە ڕێگای ناردنی سەید موسا سەدر بۆ لوبنان، بەرنامەی کۆتایشی دروست کردنی هیلالی شیعی بوو. بەڵام دوای ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ئایا ئەو خەونە کۆتایی هات و بوو بە کابوس؟ ئەوە ئەو پرسیارەیە کە پێویستی بە وەڵامە. دۆسییەی کورد، چەکی ئەتۆمی، ئابڵوقەی ئابووری و پرسە ناوخۆییەکان سەربار و بنبار تەنگیان بە ئێران هەڵچنیوە لەم قۆناغەدا. ئەمریکا و ئیسرائیل و ئەوروپا ڕێگا دەدەن جارێکی کە ئێران بگەڕێتەوە هەمان پێگە؟ یان ئێران ئەو توانایەی هەیە بگەڕێتەوە بۆ پێش ٧ی ئۆکتۆبەری٢٠٢٣. ئێران لە سووریا و لوبنان و یەمەن تووشی شکستێکی بێوێنە بووە، لە عێراق‌یش لەژێر فشار و هەژموون وهەڕەشەی ئەمریکا و ئیسرائیل دایە گەر شێوازی خۆگونجادن و لادان پەیڕە و نەکات، لایەنگرانی دەبنە ئامانجی ئیسرائیل و ترەمپ. ئەگەر لەگەڵ هەلومەرجی خوازراوی سیاسەتی نێودەوڵەتی خۆی نەگونجێنێت ئاشت نەبێتەوە باجێکی زۆر گەورەتر دەدات.

کۆماری ئیسلامی بەدەست کۆمەڵێ دۆسیەی گرانەوە دەناڵێنێت، پرسی ئابڵوقەی ئابووری، چاکسازی مافی مرۆڤ، چەکی ئەتۆمی، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بێکاریی، چاکسازی، هتد.

ئێران لە پەیامی خەباتی “ژن، ژیان، ئازادی” تێگەیشت و بەئاگا هاتەوە؟ پرسی کورد پرسێکی بەردەوامە تەنها بەدیموکراسی و دانپێدانانی چارەسەر دەبێت، بۆیە کورد لە ئێران دەستەوەستان نابێت، ئەوە ئاقڵمەندەکانی ئێرانن لە کۆتاییدا چۆن لەگەڵ ئەو پرسە دەست و پەنجە نەرم دەکەن.

تورکیا لە نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ

تورکیا لە دوای پەیوەندی نوێی نێودەوڵەتی، دەیەوێت هێزێکی ناوازە بێت لە کایەی سیاسی و ئابووری. بەڵام ناکۆکی و نکۆڵی کردن لە گەلی کورد و سیاسەتی عوسمانیزمی نوێ و سیاسەتی ناوخۆیی، پرسی ئابووری، پاشەکشەی دیموکرسی وڵاتەکەی ڕووبەڕووی چارەنووسی نادیار کردۆتەوە.

 سەرانی تورکیا ماوەی ١٠٠ ساڵە نکۆڵی لە ماف و بوونی گەلی کورد دەکەن. کێشە ئابوورییەکان، پاشەکشەی ئازادی ڕۆژنامەگەری و دیموکراسی، داڕووخانی بازاڕ. ڕۆڵی ئاک پارتی، ناتەبایی بەرەی چەپ و سۆشیال دیموکراتەکان و نەتەوەپەرستەکان. شەڕی کورد. ئەو دۆسیانەن بارگرانی گەورەن بەسەر تورکیا، ئەوەندەی تر تورکیا لەلایەن ئەوروپا و ئەمریکا کەوتۆتە ژێر ڕووناکی، بەتایبەتی لەگەڵ  سەرهەڵدانی شەڕی داعش.
لە ئێستادا تورکیا بەهەژانێکی قورسدا گوزەر دەکات، تەنانەت بە دەنگی بەرز تورکیا لەناو کایەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پۆلین دەکرێت! بۆیە لەم قۆناغەدا بەئاشکرا بانگەوازی ئاشتی دەکەن لەگەڵ کورد. سەرۆکی مەهەپەی ڕەگەزپەرستی تورک بانگەوازی ئاشتی کرد، ئەم سیاسەتەی تورکیا بەرانبەر کورد، لە بەرانبەر هەست کردن و خوێندنەوەیەتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ هاتۆتە ئارا. ئەوە ئابووریناسانی تورکیان باوەڕیان بە دەوڵەتی قووڵ هێناوە و ڕایان بەرانبەر کورد بگۆڕن، یان تەنها کات کوشتن و بەڕێ کردنی کاتە بۆ دوورخستنەوەی مەترسییەکان. تورکیا دەیەوێت بەسەر پرسی کورد باز بدات؟ خۆی بۆ ئەو ڕۆڵە ئامادە بکات کە ببیێتە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا و ببێتە ناوەندی پاراستنی ئاسایش، دەستەبەرکردنی ڕێرەوی سەلامەت بۆ گەیاندنی وزە بە ئەوروپا؟

دۆسییەی کورد و ئابووری و هەمواری دەستوور،پاشەکشەی دیموکراسی، گرتنی ڕۆژنامەنووسان و قەیوم و گرتنی ئیمام ئۆغڵوو، تورکیای ماندوو کردووە. لە هەمان کاتدا ئەوروپا و کورد و ئیسرائیل و جەبهەی ناوخۆی تورکیا لە پێگەی تورکیایان کەم کردۆتەوە. هەمووان بە گومانن لە سیاسەتی ئێستای تورکیا. ئەمریکا، ئەوروپا، ئیسرائیل، ڕووسیا و ئێران، بەشێکی وڵاتانی عەرەبیش، گەلی کوردیش زۆر بە ئاگایی و گومانەوە لە سیاسەتی تورکیا دەڕوانن لە هەمبەر پێڤاژۆی ئاشتی. کورتەی کەلام هەمووان بەئاگایی و گومانەوە لە تورکیا دەڕوانن.

عەرەبەکان لە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ

دەوڵەتانی عەرەبی ڕێگای نوێ دادەڕێژن، یان جیهانی عەرەبی هەروا بە دابەشبوون دەمێنێتەوە؟ وڵاتانی وەک سووریا و لوبنان لەگەڵ داڕمانی ئابووری و ناسەقامگیری سیاسیدا دەجەنگن، لە کاتێکدا میسر سەرەڕای گرنگی جیۆپۆلەتیکییەکەی ڕووبەڕووی فشارە ئابوورییە پەرەسەندووەکان دەبێتەوە. ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەندێک لە دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسرائیل ئاماژەیە بۆ دوورکەوتنەوە لە دژایەتی ئایدیۆلۆجی، بەڵام ئاڵەنگارییەکان لە یەکخستنی تەواوەتی جیهانی عەرەبی فراوانتر لە نەزمێکی ناوچەیی یەکگرتوودا ماونەتەوە.

میسر وەک وڵاتێکی بەهێز خاوەن سوپا و سەرچاوەی مرۆیی پێگەی جیۆستراتیجی لەم ڕۆدا ڕۆلی نادیدە ناگیرێت لە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستی نوێدا.

سعودیە هاوتەریب بە نەرمی لەگەڵ ئەمریکا ڕێ دەکات و سیاسەتی نوێ پەیڕەو دەکات. گەر پلانی ئەمریکا سەربگرێت بۆ نێوەندگیری سعودیە و ئیسرائیل، سعودیە ڕۆڵی تەوەریی دەگێڕێت، تاڕادەیەکی زۆر پێگەی تورکیا لێژ دەکات و سنوورێک بۆ ئێران دادەنێت.

وڵاتانی کەنداویش بەدەر نابەن لەم گۆڕانکارییە، هەرچەندە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی کەنداو نەگۆڕە بەتایبەتی بەرامبەر ئەمریکا و بەریتانیا، بۆیە بەئاسانی داشەکانی خۆیان ناجوڵێنن و ناگۆڕن.

عەرەبەکان بەبێ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل و کورد ناتوانن ببنە ژمارەیەکی کاریگەر، بۆیە ئەو کاتە عەرەب دەتوانێت ببێتە ژمارەیەکی گەورە لەسەر مێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ کە لەگەڵ کورد و ئیسرائیل ڕێک بکەوێت.

کورد لە نێوان دیاریکردنی مافی چارەنووس و فشارە جیۆپۆلەتیکییەکاندا

کورد، وەک گەلێکی بێدەوڵەت و پارچەپارچە کراو، هەمیشە بەکار هێنراوە لەلایەن دەوڵەتانی جیهان و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی ناوچەکە، تا دەگاتە ئیسرائیل‌یش. لەو باسەماندا ناگەڕێینەوە سەر مێژووی پڕ لە کارەساتی ١٠٠ ساڵەی ڕابردووی گەلی کوردستان لە هەر چوار پارچە، لێرەدا بە کورتی و بەجیا ئاماژە بە بارودۆخی هەر پارچەیەک دەدەین.

باشووری کوردستان

 لە ئێستادا کورد لە باشووری کوردستان سەرەڕای کۆمەڵێ گرفت و تاڵی بەڵام خاوەن مافی دانپێنراوە لە دەستووری عێراق‌دا. کورد لە شەڕی داعش ڕۆڵی کاریگەریی هەبوو پشکی شێری لە قوربانیدان بەرکەوتووە، هێز و پێگەی گەلی کوردستان لە ئێستادا بەرچاوە. کورد لە عێراق لە شەڕێکی دەستووری و سیاسی و شەڕی خاک و ماف و نەتەوەیی و نیشتیمانیی قووڵ دایە. چاوەڕێی دەرفەت و گۆڕانکارییە لە هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵ. ئەمەش بەندە بە یەکگرتوویی و یەک گوتاریی کورد لەم بارودۆخەدا، هەروەها پەیڕەو کردن و کار کردن بە بنەماکانی دیموکراسی و نەترسان لە بەگەڕخستنی ئامرازەکانی خۆچاکردن، ئەوەندی تر هێزی هەرێمی کوردستان گوڕوتینی بۆ باکوور و ڕۆژاڤا بەهێز دەبێت. پێچەوانەکەشی ڕاستە، لەبەرانبەریشدا لە ژێر کۆمەڵێ فشار و ئابڵوقە و ڕزگاری دەبێت، بۆیە پێگەی هەرێمی کوردستان لە نەخشەی ناوچەکە گرینگی تایبەتی هەیە لە ڕووی سیاسی و ئابووری و هاوسەنگی هێز لە عێراق و ناوچەکەدا.

ڕۆژاڤای کوردستان

کورد، خاوەن هێزو پێگەی گەورەییە لەوێ، لە ئێستادا ئەمریکا و ئەوروپا و پێکهاتەکانی ناو سووریا و هێزە سێکولار و دیموکراتەکان چاویان لە ڕۆڵی کوردە. ئیسرائیل بە ئاشکرا پەیام بۆ کوردانی ڕۆژاڤا دەنێرێت، کورد هاوسەنگی پاراستووە، داوای مافی ڕەوای خۆی کردوە، ڕێککەوتنی لەگەڵ سەرۆکی خۆسەپێنێ سووریا‌ـدا کرد و بە نێوەندگیریی ئەمریکا و فەرەنسا، بەڵام لە دەستووری کاتیی کورد و ئەوروپا و ئەمریکا و تەوای پێکهاتەکانی بێئومێد کرد. کەواتە کورد چاوەڕێی دەرفەت و هەنگاوە لە حکومەتی ڕاگوزەر، گەرنا هەموو دەرگاکان کراوە دەبن. کردارەکانی حکومەتی ڕاگوزەر مژدەبەخش نین بەتایبەتی دوای کارەساتی کوشتاری دروز وعەلەوییەکان و ڕاگەیاندنی دەستوور و چوونە ژێر هەژموونی تورکیا.

لە ئێستادا کورد و قەسەدە تاکە ئومێدی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتین بۆ ڕاگرتنی پارسەنگی هێز و نغرۆ نەبوون لە سیستەمێکی ئیسلامی تۆتالیتاری بێهاوتا. هەموو ئەو ئەگەرانە بۆ پێگەی کورد بەندن بە یەکڕیزیی و یەکگوتاریی کورد لە ڕۆژاڤای کوردستان لە ناوخۆیی و لەگەڵ تەواوی پێکهاتەکانی تر. ئەمەش وادەکات کورد لەناو هاوکێشە گەورەکاندا ژمارە بێت، چونکە دووری کورد و قەسەدە لە شەڕی داعش کاریگەر و سەلمێنەری هێزێکی خاوەن دیسیپلینە، خاوەن ڕابردووێکی پڕشنگداراە، لە هەمان کاتدا جێگای ئومێدە، بۆیە پێگەی کورد لە ڕۆژاڤای کوردستان تایبەتە.

باکووری کوردستان

 کورد خاوەنی هێزێکی جەماوەری گەورەیە. دەوڵەتی تورکیا هەموو ڕێگاکانی لەناوبردن و سڕینەوەی دژ بە گەلی کورد بەکار هێناوە. لە ئێستا پڕۆسەی ئاشتی بەڕێوەیە، لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی و ئەردۆگان و ئۆزگور و داود ئۆغڵوو و علی باباجان سەبارەت بە کورد و پڕۆسەی ئاشتی دڵخۆشکەرن بەڵام جێگای متمانە نیین و بەگومانەوە لێیان دەڕوانین. عەبدوڵا ئۆجەلان پەیامی ئاشتی ڕاگەیاند؛ قەندیل وەڵامی پەیامی ئۆجەلانی دایەوە؛ دەم پارتی پەیامی خۆی ڕاگەیاند، لە نەورۆز کورد وەڵامی هەبوو. ئێستا نۆرەی دەوڵەتی تورکە هەنگاوی کردارەکی بهاوێت، ئۆجەلان و تەواوی زیندانیانی سیاسی ئازاد بکات، دەستوور هەموار بکاتەوە، متمانە بداتە کوردان لە ڕێگەی دەستوورەوە.  گەر تورک و تورکیا ڕاستگۆ نەبن بەرانبەر پرسی کورد، بەدڵنیاییەوە زەرەرمەندی یەکەم تورکیا و دەسەڵاتدارانی دەبن. ئیدی هەرگیز تورکیا ڕۆڵی کاریگەر و تەوەریی نابێت بۆ ئاسایشی ناوچەکە و پاراستنی ڕێڕەوی وزە. هەرچۆنێک بێت، دەبێت چاوەڕێی ڕۆژانی داهاتوو بین.

بە بڕوای من کورد کلیلی بەدەست هێنانەوەی متمانەیە بۆ تورکیا، تورکیایەکی بەهێز و خاوەن پێگە و براوە. لەهەمان کاتدا بەدەستهێنانی دەستکەوتی گەورە و ڕزگار بوون، ئەمەش بە داننان بە مافی کورد و چاکسازی لە سیستەم و هەمواری دەستوور، وازهێنان لە خەونی سوڵتانیزم و عوسمانیزمی نوێ و کارکردن بە بنەماکانی دیموکراسی.

ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لەدوای کۆماری کوردستان و شۆڕشی ئیسلامی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زەبرێکی کاریگەری بەرکەوت. حیزبە کوردستانییەکانیش ئەو ڕۆڵەیان نەما بەتایبەتی دوای تیرۆرکردنی دکتۆر قاسملۆ و دکتۆر شەرفکەندی و هاوڕێکانیان. بەڵام وەک چۆن بە لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەمەد و هاوڕێکانی پرسی کورد کۆتایی نەهات، بە تیرۆرکردنی قاسملۆ و شەرفکەندی‌یش کۆتایی نەهاتووە. لە ڕۆژهەڵاتیش کورد چاوەڕێی دەرفەتە، چاوەڕێ دانپێنان بە مافەکانییەتی، نکوڵی کردنی مافەکانی  کۆتایی پرسەکە نییە. کورد خاوەن مافە، خاوەن ماف هەمیشە هەقە و چاوەڕێی دەرفەتە. خەباتی “ژن، ژیان، ئازادی” و نەورۆزی ٢٠٢٥ پەیامێکی ڕوون و ڕاشکاو بوون بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، هێزی ئاشتی و خەباتی مەدەنی، زۆر لە خەبات و شۆڕشی چەکداری بەهێزترە.

کورد سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی نییە، بەڵام خۆڕاگریی و پێگەیشتنی سیاسیی لە عێراق، سووریا، تورکیا و ئێران‌دا نیشانداوە.

خەباتی بێوچانی ١١٥ ساڵەی کورد، لە هەر چوار پارچە، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە کورد بەردەوامە لە خەبات و بەرخودان. گەر کورد تا ئێستا بەر نەفرەتی جوگرفیا و ستەمکاریی وڵاتە زلهێزەکان و دەوڵەتانی داگیرکەر کەوتبێت، گەر سیاسەتی نکۆڵی و جینۆسایدی بەرانبەر پەیڕەو کرابێت، گەر یاری بە چارەنووسی کرابێت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڵام کورد ماوە، بەردەوامە لە بەرخودان! لە ئێستادا دوای شەڕی داعش و گرووپە توندڕەوەکان، گەلی کوردستان بۆتە هێزێکی باڵکێش لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان و ڕای گشتی جیهانی.

لە ئێستادا کورد ڕەوەندێكی بێژماری لە هەندەران هەیە، کورد ڕۆڵی کاریگەری تۆمار کرد لە تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش. کورد هێزێکی میانڕەو و مافخوراوە، لە سەردەمی ئێستا لە بنیاتنانەوەی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، بە یەک بێت یان بە چوار! ناکرێت ڕۆڵی کورد نادیدە بکرێت. لە ئێستادا هەلومەرجەکان لە خزمەت پرسی کورد دایە. ئیتر کاتی ئەوە بەسەر چوو بەناوی جیهاد، ئایین، ئایدۆلۆجیا، سۆز، قوربانی بدات و کوڕی خۆی بکاتە قوربانی کچی خەڵک. دەبێت سیاسەتزانانی کورد و کاربەدەستانی ئێستا هەموو دەرگاکان بەکراوەیی بهێڵنەوە، نابێت وشەی حەرام بوونی هەبێت، تاکە کار، پرس، کایە، پرنسیپ، تاکتیک، ستراتیج تەنها و تەنها بەرژەوەندی گەلی کورد بێت بەبێ دانانی سنوور. بۆ کورد، کاتی یەکێتیی و یەکبوونە، کاتی کورد بوونە، کاتی ڕزگار بوونە.

بەبێ یەکێتیی کوردان، لەناوخۆی خۆیان، لەنێوان هەر چوار پارچە، بەبێ یەکگرتوویی و یەکگوتاریی ئاسۆی ڕوون، بوونی نابێت، کاتی داتەکاندنی تەپوتۆزی خۆخۆریی و خۆبەکەمزانینە. بۆیە دەبێت بە یەک بێت یان بە چوار! لەسەر مێزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ یاریکەر بین نەک یاریپێکراو، دەبێت بزانین چۆن دەلیزین لەم ڕۆژگارەدا.

ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە مەیدانی گۆڕانکارییە گەورەکاندا دادەچێت. کوردان، وەک هێزێکی نوێ، بەڵام دەبێت یەکگرتوو بین، دەبێت بتوانن ڕێکخستنێکی نوێ، سیاسەتی نوێ پەیڕەو بکەین و لەهەمان کاتدا داوای مافی چارەخۆنووسین لە هەر چوار پارچە بکەین. هەر چەندە ئێران، تورکیا،عێراق، سووریا و وڵاتانی عەرەبی، ناچنە ژێر باری گۆڕینی نەخشەی ناوچەکە بەڵام بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئارامی ناوچەکە پێویستی بە دۆخێکی نوێ و هێزی نوێ هەیە، بەرئەنجام لە ئەمەدا دۆخێکی نوێ دروست دەبێت کە ئیسڕائیل و کورد و عەرەب و تورک و فارس لەناو هەژمارەکانی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا بن؟ یان کورد و ئیسرائیل هێزی نوێ دەبن؟ لە دەرەوەی ئەم ئەکتەرە سەرەکییانە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاری فراوانتر بەخۆیەوە دەبینێت:

گواستنەوەی وزە: گۆڕانکاری بەرەو وزەی نوێبووەوە و بەرهەمهێنانی هایدرۆجین خەریکە جێگەی خۆی دەگرێتەوە، وڵاتانی وەک ئیمارات و سعودیە وەبەرهێنان لە پڕۆژەی سەوزدا دەکەن.

گۆڕینی دیجیتاڵی: تەکنۆلۆجیایی دارایی (fintech) و زیرەکیی دەستکرد و بازرگانی ئەلیکترۆنی ئابووری ناوچەکە لە قاڵب دەدەنەوە، بەتایبەتی لە وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیل. گۆڕینی هاوپەیمانییەکان: دووبارە قەبارەدانانی سیاسەتی دەرەوە لەلایەن تورکیا و ئیسرائیل، عەرەب، فارس، کورد، دینامیکی دەسەڵات پێناسە دەکەنەوە، کورد لە خاڵی نائارامی ناوچەکە بۆ خاڵی هاوسەنگی و بڕیار و پێگە هەنگاو دەنێت.

بەرئەنجام

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچێتە قۆناغێکی نوێ، قۆناغێک کە ڕکابەرییە کۆنەکان بەردەوام دەبن، بەڵام دەرفەتی نوێ بۆ هاوکاری و گەشەپێدان سەرهەڵدەدەن. یاری نێوان خواستەکانی کورد، ستراتیجی ناوچەیی ئیسرائیل، مۆدێرنیزاسیۆنی عەرەبی و بەرگریی ئێران بەرانبەر گۆڕانکاریی، داهاتووی ناوچەکە لە قاڵب دەدەن. تا چەند ئەم ئەکتەرانە خۆیان لەگەڵ ڕەوتە جیهانییەکان و فشارە ناوخۆییەکان دەگونجێنن، ئەوە دیاری دەکات کە ئایا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ یەکێکە لە پێشکەوتنەکان یان بەردەوامی ململانێکان. گەلی کورد لە هەر چوار پارچە دوای ١٠٠ ساڵ بەرخودان و شۆرش و خەباتی چەکداریی، لە ئێستادا دوای گۆڕانکارییەکانی سیستەمی جیهانی پێشکەوتەن و تەکنۆلۆجییەکان، گەلی کورد هێزی لە ئاشتیدا دۆزیوەتەوە، ئەمەش خاڵی وەرچەرخانە لە خەباتی ئازادیخوازی گەلی کوردستان، ئەوەش بەهێزترین چەکە. بۆیە لە هەر پارچەیەکی نیشتیمان بەجیاوازی بارودۆخەکەی ئاگایی و بەرنامەی هەیە. کورد لە هەر چوار پارچە خۆی ناسیوە، کورد سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی نییە، بەڵام خۆڕاگری و پێگەیشتنی سیاسیی لە عێراق، سووریا، تورکیا و ئێران دا نیشانداوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO