عەبدولڕەزاق مەهدی
دۆزینەوەی بە ڕێککەوتی ئەمریکا لە ١٤٩٢ سیمای جیهانی گۆڕی. خەڵکی ڕەسەنی ئەمریکا کە لە نێوان ٤٠ تا ١٣ هەزار ساڵ لەمەوبەر لە ئاسیاوە چووبوونە ئەم کیشوەرە، لە ساڵەکانی دواتر شاهیدی هاتنی بێ پسانەوەی ئەوروپییەکان بوون، کە توانای بەربەرەکانیان لەگەڵ تەکنولۆجیای سەربازی و ئەو نەخۆشییانەیان نەبوو کە ئەوروپییەکان لەگەڵ خۆیان بردبوویان.
دوای ئەوەی کە ویلایەت و کۆلۆنییەکانی ژێردەستی بەریتانیا، کە دواتر ئەمریکای لێ پێکهات، بە سەرکردایەتی جۆرج واشنتۆن بە وەرگرتنی یارمەتی سەربازی لە وڵاتانی ئەوروپی بەتایبەتی فەڕەنسا، وردە وردە بەریتانیایان خستە حاڵەتی بەرگرییەوە. لە بەهاری ١٧٨١، هێزەکانی هاوبەشی ژێردەسەڵاتنشینان و فەڕەنسا، هێزەکانی بەریتانیایان تووشی شکستێکی گەورە کرد. سەرکەوتن بەسەر بەریتانیا ئەو هیوایەی لە دڵی ئەمریکییەکان چاند کە لەمەودوا دەتوانن حوکمی چارەنووسی خۆیان بگرنە دەست. کۆنفیدراسیۆنی ١٣ ویلایەت پێکهات، بەڵام ئەمە سەرەتای دەست و پەنجە نەرمکردن بوو لەگەڵ کێشەی ناوخۆ تا جەنگی ناوخۆ و دروستبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ڕاگەیاندنی سەربەخۆی ئەمریکا (١٧٧٦) دەڵێت “کاتێک لە چوارچێوەی ڕووداوەکانی مرۆڤدا، ئەوە دەبێتە پێویستی کە یەکێک بیەوێت پەیوەندی سیاسی بتوێنێتەوە کە پێکەوەی بەستوونەتەوە، وە بۆ خەمڵاندنی دەستەبەربوونی جیاوازی و دۆخی یەکسان کە یاساکانی سروشت و یاساکانی خوا مافی دەدەنێ، ڕێزگرتن لە بیروبۆچوونەکانی مرۆڤ وا پێویست دەکات کە ئەو هۆیانە ڕوون بکەنەوە کە هانی دەدات بۆ جیابوونەوە”. بە گشتی ئەم ڕاگەیاندە هزر و فەلسەفەی سیاسی ئەمریکییمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە ئەمە دەسەپێنێت مرۆڤەکان هەموویان بە یەکسانی خوڵقاون.
بە لەدایکبوونی دەوڵەتی ئەمریکی، هەژموونی سیاسی ئەمریکی دەستی کرد بە گەشەکردن، بەمەش جیهان بینەری لە دایکبوونی گەورەترین زلهێزی سەر زەوی بوو کە تا ئێستا هەژموونی کردبێتە سەر پانتاییەکی فراوانی زەوی بە بەکارهێنانی هێزی ڕەق و نەرم.
بەشێوەیەکی گشتی سێ جۆر شیکردنەوە هەیە لە پەیوەند بە پرسی هەژموونی ئەمریکا لە پاش ١٩٤٥. دەتوانین بڵێین دوای جەنگی دووەمی جیهانی کە ئەمریکا وەکوو براوەی یەکەم لێی هاتە دەرەوە، دەوڵەتانی تریش شەکەت و دۆڕاو بوون. جۆری یەکەمیان بریتییە لە بەردەوام بوون (continuity). جۆری دووەمیان نابەردەوامی بونیادیی (structural discontinuity) لە ١٩٩٠ەوە. جۆری سێیەمیش بریتییە لە نابەردەوامی ئاژانسی (agential discontinuity) کە لە سەرەتای ٢٠٠٠ەوە دەست پێ دەکات.
لە ڕوانگەی یەکەم، ئەمریکا لە ١٩٤٥ تاوەکوو سەرەتای سەدەی بیست و یەک بەبێ پچڕان هەژموونی خۆی سەپاندووە بەسەر جیهان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. بەم جۆرە دەتوانین بچینە لای ئێریک هۆبسباوم (Eric Hobsbawm) کە دەڵێت “هۆکاری مانەوەی ئەمریکا وەکوو دەوڵەتێکی زلهێزی خاوەن هەژموون بۆ ئەو سامان و سەرچاوە سروشتییانە دەگەڕێتەوە کە دەستی پێی دەگات”.
ڕوانگەی دووەم تەواو پێچەوانەی بیروڕای گرووپی یەکەمە. گرووپی “نابەردەوامی” پێیان وایە کە ئەمریکا لە ساڵانی حەفتاکانەوە بووەتە خاوەن هەژموون نەک لە ١٩٤٥. بەمجۆرە والێرشتاین دەڵێت “هەژموونی ئەمریکی لە ١٩٤٥ەوە دەستی پێی کرد، بەڵام ئەم هەژموونە تەنها ٢٥ ساڵی خایاند و دواتر نەما”.
گرووپی سێیەم لەسەر ئەو ڕایەن ئەمریکا دوای ٢٠٠١ بووە خاوەن هەژموون و پێیان وایە ئەوەی ئیدارەکانی تری ئەمریکا لە ساڵانی ١٩٩٠ بۆیان نەکرا بیکەن، ئەوا ئیدارەی “بۆشی کوڕ” بە سەرکەوتوویی لە ٢٠٠١ ئەنجامی دا.
ستراتیجی ئەمریکا، بەگشتی دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتێمبەری ٢٠٠١، گۆڕانی ڕیشەیی بەسەردا هات. ئیتر گرنگیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و دەوڵەتە دیکتاتۆرییەکان چەند بەرانبەر دەبێت.
جەنگی دژی تیرۆر، هەڵمەتێکی نێودەوڵەتی ئەمریکا بوو ئەنجامیدا دوای ڕووداوەکانی ١١ی سێپتێمبەری ٢٠٠١، کە تێیدا نزیکەی ٣٠٠٠ هاوڵاتی ئەمریکی لە شاری نیویۆرک گیانیان لەدەستدا. ئەم جەنگە لەلایەن جۆرج بۆشی سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێککەوتی ٢٠/٩/٢٠٠٢ ڕاگەیەنرا. سەرەڕای ئەوەی لە ئێستادا دەوڵەتانی جیهان لە شێوەی دەوڵەتی نەتەوەیین، لە ستراتیجی نەتەوەیی ئەمریکا دا هاتووە کە هەڕەشەی سەرەکی بۆ سەر خاکی ئەمریکا بریتییە لە هێرش و هەڕەشەی تۆڕە تیرۆریستییەکان. ئەمەش گۆڕانێکی چۆنایەتی بووە بۆ ئەو سەردەمە لە ستراتیجی ئاسایشی نەتەوەی ئەمریکا.
لە ستراتیجی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دا هاتووە، وەزارەتی بەرگری هەمیشە ئامادەیە بۆ بەرگریکردن لە دەوڵەت و مانەوەی ئەمریکا وەک هێزێکی دیاری جیهانیی. پینتاگۆن لە ڕاپۆرتێکدا بۆ کۆنگرێس لە ٢٠٠٥ لە بارەی هێزی سەربازی چین ڕایگەیاند، گەشەکردن و بەهێزبوونی سوپای چین بەم شێوازەی دەبێتە هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا. بەم جۆرەش ئێمە ئەمە دەبینین کە ستراتیجی نیشتیمانیی ئەمریکا لە چەندین ڕەهەندەوە هەم کار دەکات هەم هەڕەشەکان وەردەگرێت و بەرپەرچیان دەداتەوە.
ستراتیجی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا لە ئیدارەی جۆرج بۆش
بۆش پێی وابوو دەتوانێت کێشە ناوخۆییەکانی ئەمریکا چارەسەر بکات، ئەویش بە گرنگیدان بە بەها نیشتیمانییەکان لە بواری پەروەردە و چاکسازی ئابووریی. بەڵام یازدەی سێپتێمبەر، “بۆش”ی ناچارکرد کار لەسەر بەهێزکردنی سیاسەتی دەرەوە بکات. لە دوای ٢٠٠٢، بۆش دوو ستراتیجی جەنگی دەستپێشخەرانە (pre-emptive war) و جەنگی پێشگیرانە (preventive war) گرتەبەر. ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی ستراتیجی نیشتیمانیی خۆی چاوی لە ئەفغانستان بوو بە پلەی یەکەم و عێراق بە پلەی دووەم. بەشێکی دیکەی ستراتیجی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بریتی بوو لە ئێران، کە پێی وابوو ئێران هۆکاری سەرەکی تێکدانی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستە. بۆش ئاماژە بەوە دەکات کە ئێران سپۆنسەری تیرۆر دەکات، هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات، ئارامی عێراق دەشێوێنێت. نکۆڵی دەکات لەپێدانی ئازادی لە وڵاتەکەیاندا.
ستراتیجی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا لە ئیدارەی باراک ئۆباما
ئۆباما لە دیباچەی ستراتیجی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا لە ٢٠١٠ نووسیویەتی: “بۆ نزیکەی یەک دەیە دەبێت، دەوڵەتی ئێمە لەگەڵ تۆڕە دوورەدەستە پێشێلکار و قین لە دڵەکاندا لە شەڕدایە. هەتا ئەوکاتەی ئێمە شەڕێکمان لە عێراق بە کۆتا هێنا، هێزی ئێمە جارێکی دیکە داوایان لێکرا سەرنجەکانیان بخەینە سەر ئەفغانستان، ئەمەش وەک بەشێک بۆ پابەندی ئێمە بۆ پارچەپارچەکردن، لەبەریەک هەڵوەشانەوە و تێکشکاندنی ڕێکخراوی ئەلقاعیدە و هاوسۆزانی”. لە سەردەمی ئۆباما دا ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا ڕووبەڕووی کۆمەڵێك کێشەی ئالۆز بوویەوە، لەوانە خواستی ڕووسیا بۆ گەڕانەوەی هێزی جارانی و کاریگەریی دانان لەسەر ناوچەی هەژموونی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران. بەهێزبوونی هەژموونی چینی لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کە خەریکە دەبێتە هێزێکی گەورەی بە هەژموون لە ئەفریقاـش. پرسی وزەی ئەتۆمی ئێران، کە ئۆمابا بە ڕوونی باسی ئەوەی کرد کە ڕێگا نادات ئێران ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، ئەمەش لەگەڵ پشتیوانی ئێران بۆ گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵا و گوتاری دژ بە ئیسرائیل و هەڕەشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل قبوڵنەکراون. لە بارەی عێراق، ئۆباما داوای دەکرد پرۆسەی سەروەربوونی عێراق و بەرپرسیاربوونی بەشێکە لە ویستی ئەمریکا. لە بارەی پرسی ئیسرائیل و فەلەستین، بە پێی ستراتیجی ئەمریکی و ڕوانگەیئۆباما، چارەسەرێکی ئاشتییانە خواستراو و پێویستیی بوو بۆ هەبوونی ئاسایش.
ستراتیجی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ
پێشەکییەکەی ستراتیجی ئاسایشی نیشتیمانیی ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ دەڵێت “گەلی ئەمریکا منی هەڵبژارد تاوەکوو جارێکی دیکە ئەمریکا مەزن بکەمەوە. بەڵێنم داوە لە ئیدارەکەم، تەندروستی، بەرژەوەندی و هەروەها خۆشگوزەرانی هاووڵاتییانمان دەخەینە پێش هەموو شتێکەوە. بەڵێن دەدەم کە ئابووری ئەمریکا ببووژێنمەوە، سوپاکەمان بنیات بنێمەوە، بەرگری لە سنوورەکانمان بکەم، پارێزگاری لە سەروەریمان بکەم و بەهاکانمان بەرەو پێشەوە ببەم”. سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ستراتیجییەتی ئاسایشی نیشتیمانییی ئەمریکاـدا هاتووە کە ئەمریکا هەوڵ دەدات ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبێتە پەناگەیەکی ئارام، یانیش شوێنی پەروەردەکردنی تیرۆریستە جیهادییەکان و نەبێتە شوێنێک کە لە لایەن هێزە شەڕانگێزە دژە ئەمریکاییەکان دەستی بەسەردا بگیرێت، بەڵکوو دەیەوێت ناوچەیەک بێت کە ببێتە هۆکارێک بۆ هەبوونی بازاڕێکی سەقامگیری وزەی جیهانی. بۆ چەندین ساڵە کە کێشە پەیوەندیدارەکانی وەکوو فراوانخوازی ئێران، شکستی دەوڵەت، ئایدۆلۆجیای جیهادی، چەقبەستوویی ئابووری و کۆمەڵایەتی، هەروەها ململانێی هەرێمی کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هەژاندووە.
پێگەی کورد و ستراتیجی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
لە سەردەمی پێداچوونەوەی سیاسی بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی لە “چوارچێوەی” دروستکردنی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی مەزن”ی ئەمریکییەکاندا کە کۆندەلیزا ڕایس لە ٢٠٠٢ ئاماژەی پێی کرد، پرسیارێک هاتە ئاراوە کە ئایا ئەمریکییەکان هاوکاریی دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتیمانیی کوردستان دەکەن یان نا؟ لەو ساتەوە هەژموونخوازی سیاسی نوێی وڵاتانی ڕۆژئاوا بەدیارکەوت، بەڵام ئەمجارەیان لە جیاتی بەریتانیا، ئەمریکییەکان بوون. ئەوان بڕیاریاندا نەخشەی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکێشنەوە و لەوەشدا نەخشەی دەوڵەتی کوردستان بەدیارکەوت. ئەوانەی کە پشتگیریی دروستکردنی دەوڵەتی نیشتیمانیی کوردستانیان دەکرد، ئەو لایەنانەبوون کە هاوپەیمانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بوون یاخود بەشێکی گرنگی ئاسایشی ستراتیجی ئەمریکا بوون وەک وڵاتێکی هاوپەیمانی ئەمریکی. ئێستا ئێمە لەنێو ئەو پلانە جیهانییە کوردستانییە داین کە کوردستانیان بریتین لە گەل و بە دڵنیاییەوە لە قوناغی ئێستادا لەبەر ئەو هۆکارانەی خوارەوە ئەمریکییەکان لە هەوڵی ئەوەدان بیرۆکەی دەوڵەتی کوردستان وەک ئامرازێک بەکاردێت:
یەکەم، لە بواری ئابووریدا باشووری کوردستان دەوڵەمەندە بە نەوت. دووەم، سەرچاوە سەرەکییەکانی ئاوی هەموو عێراق دەکەونە باشووری کوردستان، لەبەرئەوە زۆر بە جددی ئیدارەی کاروباری سەرچاوەی سروشتی و تەنانەت ئیدارەی جوگرافیای سیاسی ناوچەکەش دەتوانن بکەن وەک گەلی کوردستان، بەم شێوەیە کوردستان ئەمڕۆ بووەتە جێگای سەرنجی زۆری یارییە جیۆستراتیجییەکان لە ناوچەکەدا. هەموو ئەمانە ڕوانگەی ئەلێکساندەر دۆگینن کە فەیلەسوفێکی ناوداری ڕووسییە، کە دەبینین هاوتا دێنەوە بۆ ویستی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
هێزی جیۆستراتیجی کوردستان وەک پێگەی جوگرافی و خەڵک و بونیادی دەزگاکان، لە سەدەی بیست و یەک گەیشتووە بە قوناغێکی زۆر هەستیار و گرنگ، هێزی جیۆستراتیجی و هێزی جیۆپۆلتیکی کە لە “کۆهەن” وەری بگرین، کۆهەن پێی وایە کە زلهێزە جیهانییەکان هێزی جیۆستراتیجین و بریتین لەوانەی خوارەوە: یەکەم، زلهێزی دەریای ئەتڵەسی کە ئەمریکا نوێنەرایەتی دەکات؛ دووەم، زلهێزی کیشوەری ئۆراسیایی کە ڕووسیاـیە. سێیەم، زلهێزی کیشوەریـدەریای باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کە “چین”ـە.
لە دەرئەنجامی داڕووخانی دەوڵەتانی هەرێمیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کورد وەک نەتەوەی بێدەوڵەت خەریکە دەبێتە هێزێکی ناوچەیی کارا. ستراتیجی نەهێشتنی تیرۆریش ئەم پێگەی کوردی بەهێز کردووە، لە لایەکی تریشەوە دینامیکیەتەکانی دەرەوە بە تایبەت پشتیوانی ئاسمانی هێزی جیۆستراتیجی ئەمریکا پێگەی ئەم هێزە جیۆپۆلتیکییە ناوخۆییەکانی بەهێزتر کردووە.
ئەنجام
کورد لە قوناغێکی ڕاگوزەردایە بەرە و نەتەوەیبوون و نیشتیمانییبوون. پێگەی جیۆستراتیجی کورد و پڕۆژە ستراتیجییەکانی زلهێزەکان هاوتان نەک دژ لەگەڵ یەکتر. ئەمریکا وەک دەوڵەت و ئاسایشی نیشتیمانیی و ستراتیجی لە چەندین ڕەهەندەوە لەگەڵ کوردستان کار دەکات و هاوپەیمانن، لەمانە: جەنگی دژی تیرۆر، وەبەرهێنان و پرسی وزە، پرۆسەی سەقامگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە کورد گەورەترین ڕۆڵی هەیە. کورد توانی بە وریاییەوە ببێت بە ئەکتەرێکی کارای نادەوڵەتی، کە هەژموون و کارایی بەهێزی هەیە، ئەمەش بە ئاسانتر کورد دەگەیەنێت بە پڕۆژەی دەوڵەت، لە داهاتووی نزیک و لە چوارچێوەی پرۆژە جیۆستراتیجییەکان.
سەرچاوەکان
- سیاسەت و حکومەت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، محەمەد ئەمجەد، وەرگێڕانی سەلاح میهرپەروەر، چاپخانەی ئازادی، بەرگی یەکەم، ٢٠٢٢.
- زیندانییەکانی جوگرافیا، تیم مارشاڵ، چاپخانەی شڤان، ٢٠١٧.
- ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەجات عەلی ساڵح، چاپخانەی ماد، ٢٠٢١.
- کوردستان دوای ئۆپەراسیۆنی موسڵ و ڕەققە، کۆمەڵە نووسەر، چاپخانەی کوردستان، ٢٠١٧.