عوسمان ساوجی
پڕۆسەی داگیرکاریی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بناغە و ڕیشەیەکی قووڵ و دێرینی هەیە، کە ڕەنگە ئەستەم بێت هیچ کەسێک بتوانێت بە تەواوی دەستنیشانی سەرەتا و هۆکارەکانی بکات. لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵدان هەبووە لەلایەن شارەزایانەوە بۆ ئەوەی بەگوێرەی تێگەیشتن و دنیابینی خۆیان ڕیشە و هۆکارەکانی ئاشکرا بکەن، کە لێرەدا دەرفەتی ئەو بابەتەمان نییە. سەبارەت بە کوردستانـیش کە یەکێکە لەو وڵاتانەی بە هەردوو ئاراستەی ئاسۆیی و ستوونی کەوتوەتە بەر نەفرینی پڕۆسەیەکی سەختی داگیرکاریی، دەکرێت سەدان توێژینەوە و کتێبی لەسەر بنووسرێت. ئەوەی بەسەر کوردستانـدا هاتووە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هاوشێوەی نییە، لەلایەک خاک و خەڵکی کوردستان بەزەبری هێز و پیلانی زلهێزەکان و سازشی گەورەی وڵاتانی هەرێمیی پارچە پارچە کراوە و خەڵکەکەی لە بچووکترین مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بێبەش کراون. لەلایەکی تر، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەم کارەساتە گەورەی بەسەر ئەم وڵاتەدا هاتووە بە داگیرکاریی ناناسێنێت کە لە کاردانەوەی ئەم ستەمە ئیسماعیل بێشکچی نووسەری بەویژدانی تورک دەڵێک کوردستان دووجار داگیر کراوە.
وەک لە گفتوگۆیەکم لەگەڵ دکتۆر جەبار قادر دا دەرکەوت، یەکێک لە هۆکارەکانی دواکەوتنی گەیشتنی کورد بە ڕزگاری ئەوەیە کە لە بنەڕەتەوە کوردستان وەک ناوچەیەکی داگیرگە (مستعمرة) نەناسێنراوە تاوەکو بیر لە ڕزگارکردنی بکرێتەوە. لەبەر ئەوە دەکرێت ئەمە هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی کە دەوڵەتانی سەردەستی کوردستان بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ بەهایەکی ئاینی و ئەخلاقی و یاسایی هەوڵی سڕینەوە و لەناوبردنی ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کوردستانیان داوە. پڕۆسەکانی کۆمەڵکوژی دیرسیم و ئەنفال و شەنگال و هەڵەبجە بەڵگەی دروستی ئەم ڕاستیانەن.
مەترسیەکانی پڕۆسەی داگیرکاریی کوردستان هەر ئەوە نین کە بەبەرچاوی جیهان و بەشێوەی فیزیکی بەڕێوەدەچن، بەڵکوو پیلان و مامەڵەی داگیرکەران زۆر قووڵتر و فراوانترن بەجۆرێک وەک فەیلەسوفی شۆڕش و تێکۆشان، فرانز فانون، ئاماژەی بۆ دەکات هیچ بوارێکی زمان و نەریت و فەرهەنگ و ژیان و ژیار لەدەستیان قوتاری نابێت و دەیانەوێت بەجارێک هەرهەمووی هەڵلوشن. ئەوان، کە کەمتیارئاسا هیچ لە هەگبەیاندا نەبووە کاتێک ڕێیان کەوتوەتە ئەم بەهەشتە پێویستیان بە هەموو ئەوانە هەیە کە لێرە هەبوون.
لەم وتارە کورتەدا تەنها ئەوە دەکرێت ئاماژە بۆ چەند نموونەیەکی بچووکی دزینی کولتووری کوردی بکرێت کە تورکەکان چەند بەهەڵەداوان ویستویانە جەوهەرە کوردییەکەی بەبەرگی ناقۆڵای خۆیان بتورکێنن. یەکێک لەوانە ئاواز و میوزیکی کوردییە، ئەوان لەبێ فەرهەنگی و داماوی و کۆڵەواری پاشخانی فەرهەنگییان ناچارن پەلبهاوێژن بۆ گەلانی دراوسێیان. بۆ ئەوەش، لە سەرمایەی فەرهەنگی کورد بێخاوەن تریان دەست ناکەوێت. بۆیە، چەندین ئاواز و گۆرانی کوردییان بردووە بەبێ ئەوەی بە موڵکی کوردی بزانن بەکاری دەهێنن، نموونەیەکی تر بریتییە لە دزینی ناوی ئەو ئاژەڵانەی کە بەشێکن لە ناسنامە و ڕەسەنایەتی کوردستان، بەڵام ئەوان ئەمەش بەهی خۆیان دەزانن و سەگی هاوشار و پشدەری کە تەنها خوا دەزانێت لە چ سەردەمێکەوە لەگەڵ مرۆڤی کورد لەسەر ئەم خاکە دەژی، ئەمەشیان بۆ خۆیان بردووە و بە کانگاڵ ناساندویانە.
لەم ڕۆژانەشدا کە جەژنی نەتەوەیی کورد (نەورۆز) بەڕێوەچووە بەجۆرێک کە لە مێژوودا نموونەی نەبووە و هەموو سنوورەکانی تێپەڕاندوە، ئیتر دەوڵەتانی سەردەستی کوردستان بێئومێد بوون لەوەی کە بتوانن کورد و نەورۆز وەک دوانەیەکی پێکەوە هەڵکردوو لێک دابڕن، ئیتر پەنایان بۆ فێڵە شەیتانیەکانیان بردوە. سەرۆک کۆماری تورکیا بەنووسینی ناوی نەورۆز و نەخشاندنی بە ئاڵای نەتەوەکانی تر هەوڵ دەدات دەست لەم جەژنەش بوەشێنیت و لانیکەم چەن هاوبەشێک بۆ کورد دروست بکات تاوەکوو کاریگەرییەکانی لەسەر یەکخستنی کۆمەڵگەی کوردی کەم بکاتەوە. هەروەک چۆن پێشتریش لە چەندین ڕێگەی وەک ڕاگەیاندن و درامای پووچ هەوڵیانداوە سوڵتان سەلاحەدینی ئەیوبی بکەنە تورک.
بۆ چارەسەری ئەم پرسە، فەیلەسوف و پزیشک و تێکۆشەر فرانز فانون تێکۆشان بەهەموو جۆرەکانیەوە بە چارەسەر و پێویستی زانیوە، لە پێناوی ئەوەی گەلێک بەزیدوویی بمێنێتەوە و بەرگری لە بوونی خۆی و پاشخان و سەرخان و ژێرخانی مادی و فەرهەنگی خۆی بکات.



