ئەلەند محەمەد ئیبراهیم
زۆر جاران کە چەمکێک لە دایک دەبێ، یاخود ئەوەی کە دەمێکە هەیە و بە نیوەچڵی و سەرپێیانە تێگەیشتنی بۆ کراوە و سەردەم نایەوێت، ئێستا بڕیار دەدرێ دەربارەی ناواخنی ئەم چەمکە بە ئاگاییانەوە، بە هزری مۆدێرن کاری لەسەر بکرێ، جا هەر لە پرسی ئۆنتۆلۆجیایی پەیوەست بەم چەمکانە و هەڵتەکاندنی هەموو ئەو کەمە زانین (مەعریفە)ـەی کە کۆکراوەتەوە لەسەری و ئەوەشی کە لە ئێستادا گومان هەڵدەگرێ و جێگای ڕەزامەندی پێدان نییە لەسەری، کە دواتر مشتومڕ و گفتوگۆی زۆر هەڵدەگرێ. ئەمەش بەهۆی نەبوونی بەڵگەی تەواو کە بیسەلمێنێ و هەموو یان بەشێک لە هزرڤانان بێنێتە سەر ئەو باوەڕە کە بەهۆی گومانێکەوە یاخود بەهۆی کەمی و سادەیی زانیاری و زانین لەسەری، دووبارە ئەم چەمکانە دەهێننەوە سەر مێزی دیالۆگ و شیکارییان.
بیرمەندان لەو چەمکانە بەپێی فام و تێگەیشتنی خۆیان ناساندنیان پێ دەکەن و پێناسەیان دەکەن، کە ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە چەمکەکان چەندین پێناسەیان هەیە. گرووپ و کۆمەڵەکان بەپێی تێڕوانین و بەڵگەکانیان ڕەزامەندی لەسەر پیناسەیەکی بیرمەندان یان چەند دانەیەک دەدەن و ئەوانی تر وەلا دەنێن. سەرەڕای زۆری پێناسە و پاڵپشتییەکان بۆ هەر جۆرە تێگەیشتنێک بۆ چەمکەکان، کات و سەردەم ڕۆڵی چاکی گێڕاوە کە توانیویەتی چەندان تێگەیشتن دوا بداتەوە بە فەرواری ئەوەی کە بۆ ئەم دنیایە دەست نادا، کەچی دەبینین جاران جێگای ڕەزامەندی کۆمەڵ و نوخبەی دیکە بووە.
جا سەبارەت بە چەمکی (ڕاستیی) کە بە عەرەبی (حقیقت) و بە ئینگلیزی (truth)ی پێ دەڵێن، بە ئێستاشەوە لێکدانەوە و ناساندنی تازەی بۆ دەکرێ. هەر بیرمەندێک ڕێگای بۆ کراوەیە قسە لەسەری بکات و دواتر وەک تێز و وەک ئایدیا کاری لەسەر بکرێ، دەنگ بەدەست بهێنێ و کۆمەڵێک کەس ئاشکرای بکەن کە ئەم جۆرە بیرکردنەوە لەسەر چەمکی ڕاستی گونجاوترینی سەردەمە.
سەرەڕای ئەو هەموو جیاوازییەی لە گوتار و پێناسە و ناساندن و ئەو شیکارییانەی کە بۆ ڕاستیی کراوە، لەلایەن بیرمەندانی هەر جێگایەک و هەر سەردەمێک، دوو خاڵی هاوبەش لەنێو هەموو بیردۆزە ئەپستیمۆلۆجییەکاندا (مەعریفەناسی) هەیە، بەبێ ڕەچاوکردنی کات و سەردەمێ، شوێن یان کەسەکان. ئەویش ئەوەیە کە هەمووان بەدوای دۆزینەوەی ڕاستیی وێڵن، هەمووان دەیانەوێ ئەزموونی بکەن و ڕاستی بدۆزنەوە و بە دێڕێک یان وشەیەک ببنە ئاوێنەی ڕاستیی و پشتی ئەم بۆچوونە بگرن کە دەربارەی دەخرێتە ڕوو. خاڵی دووەم ئەوەیە هیچ کام لە بیرمەندان بەدوای ئەوە نەکەوتوون بەجۆرێک لە جۆرەکان دژایەتی ڕاستیی بکەن و پشتی تێکەن.
ئەمە دوو خاڵی هاوبەشە هەمووان بە جۆرێک لە جۆرەکان پەیڕەویان کردووە و بە ئێستاشەوە پەیڕەوی دەکەن. کە لەخوارەوە بەتەواوی لەڕێگای چەند بیردۆزێکەوە ئەم یەکگیرییە، سەبارەت بەم دوو خاڵە هاوبەشەی سەرەوە، پشتڕاست دەکەینەوە.
بەپێی بیردۆزی گونجان (Correspondence Theory)، کە دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی کۆن، بۆ سوقرات (Socrates) و ئەفلاتون (Plato) و ئەریستۆ (Aristotle). ئەم بیردۆزە سەبارەت بە ڕاستیی، پشتڕاستی ئەوە دەکاتەوە کە ڕاستیی هەر ئەوەیە کە “ئەوەی کە نییە هەیە، ئەوەی کە هەیە نییە، ناڕاستە و لە بارودۆخێکیشدا ئەوەی کە هەیە، هەیە و ئەوەی کە نییە، نییە بێت”، ڕاستییە. واتە ڕاستی لە هەبوونی گونجان لەنێوان گوتە و کەتوار دایە.
تۆماس ئاکویناس (Thomas Aquinas) ـیش دەربارەی ڕاستیی سەر بەوبیردۆزەیە و دەڵێ “هەر فەروارێک ملکەچی کەتوار بێ ڕاستییە”.
بیردۆزی پێکەوەلکاوەکان (Coherence Theory)، کە هەریەک لە سپینۆزا (Spinoza)، کانت (Kant)، نیتچە (Nietzsche) و چەندانی تر پشتگیرین. سەرباری ئەوەی کە هەریەکە و لە بازنەی ئەم بیردۆزە بەپێی لێکدانەوە و تێگەیشتن پەنایان بۆ جۆرێک لە پێناسەدان بۆ ڕاستیی بردووە و کۆکن لەسەر ئەوەی کە دەبێ “ڕاستیی بەتەواوی یەکانگیر و لکاو بێ بە کۆمەڵێک ڕستە و بیروباوەڕی دیاریکراو، بەچەشنێک کە لەم پەرگاڵەدا بەشەکان گونجاوترین و یەکگیرترین بن و بەیەکەوە یەکدی تەواو بکەن”، ئەمەش بەو واتایەیە کە ئەم یەکبوونە بتوانێ حاشا لە کۆمەڵێک ناڕاستیی بکات.
یەکێکی تر لە بیردۆزەکان بریتییە لە بیردۆزی کردارخوازی (Pragmatic Theory) کە چارلز سەندێرز پێرس (Charles Sanders Peirce) یەکێک لە پەیڕەوانییەتی و لە ژێر کارتێکەری ئەو بیردۆزەدا پێی وایە ڕاستیی بەرئەنجامی هۆش (تێگەیشتن، فام) و بەڵگەهێنانەوەی دوورودرێژە، کە لەلایەن توێژەرانەوە ڕاستاندنی بۆ کرابێت. لە ژێر ڕووناکی ئەم دێڕانەدا دەردەکەوێ هەر شتێک تاقی بکرێتەوە و ئەزموون بکرێ ڕاستییە. ویلیام جەیمز (William James) ـیش هەر ئەمە دەڵێ “ڕاستیی ئەوەیە کە خێر و قازانجی تێدابێ” هەڵبەت ئەو ئاماژەش بەوە دەدات و لە قازانج و خێری خۆیی دەردەچێ دەڵێ دەبێ بەرژەوەندی قازانج و خێری هەمووان بێت.
جۆن دوویی (John Dewey) لەژێر چەمکی کردارخوازییدا دەڵێ “هەرشتێک بەو مەرجەی بچێتە ژێر لێپرسینەوە بە تێپەڕبوونی کات خۆی ڕێکوڕاست دەکاتەوە و ئەوە ڕاستییە”.
ڕیچارد فاینمەن (Richard Feynman)، فیزیاناسی ناودار، لە پێناسەی ڕاستیدا دەڵێ “ئێمە هەرگیز ناتوانین دڵنیابین کە ڕاست دەکەین، تەنیا دەتوانین لەوە دڵنیابین کە خەریکین هەڵە دەکەین”. ئەم ڕوانینە، گومانێکی زانستی و مەعریفی قووڵ پیشان دەدات.
جیا لەم بیردۆزانەی تر پەیڕەوانی بیردۆزی بونیادگەرایی (Constructivism Theory) لایان وایە کە ڕاستی پرۆسەگەلێکی درێژمەودای کۆمەڵایەتیی و مێژوویی و کولتوورییە و تاڕادەیەک پەیوەستە بە شەڕ و ململانێ و گرتنی دەسەڵات لەناو کۆمەڵگا، کە لەدواجاردا هەموو ئەمانە شێوە بە کۆمەڵگا دەدەن تا دەبێت بە ڕاستیی و نکۆڵی لێ ناکرێت.
یەکێکی تر لە بیردۆزە گەوهەرییەکان بیردۆزی یەکدەنگی (Consensus Theory) کە دەربارەی ڕاستیی پێناسەی تایبەت و جیاوازیان هەیە و ڕاستیی پەیوەست دەکەن بە ڕێکەوتن و کۆدەنگیی و پێکهاتن (ڕێککەوتن)ـی کۆمەڵە کەسێک یان گرووپێک یاخود کۆمەڵگەیەک. بەو مانایەی هەرشتێک ڕێککەوتنی لەسەر بکرێ و کۆدەنگی بەدەست بهێنێ ڕاستیییە.
ئەم چەند دێڕەی سەرەتا ئەمە بۆ ئێمە ڕوون دەکاتەوە کە هەمووان لەگەڵ ئەوەدان چۆن ڕاستیی لە شتێکی هەستپێکراو و بینراو یان ڕێکخراودا ببینینەوە و ئاماژەی پێ بدەین بەبێ دژایەتی و پەردەدان بەسەر ڕاستیی دا.
بە دوای ئەم شرۆڤە کورتەی بیردۆزە فەلسەفییە جیهانییەکان، دەبێت ئاماژە بە تایبەتمەندی و ڕوانگەی فەیلەسوفە کوردەکان بەرامبەر بە چەمکی “ڕاستیی ” بکەین، کە بەداخەوە لە دنیای فەلسەفەدا زۆر کەم باسیان لێوە کراوە.
سۆهرەوەردی (١١٥٥-١١٩١)، فەیلەسوفی مەزنی کورد و خاوەنی فەلسەفەی وەدرەوشان (اشراق)، ڕوانینێکی قووڵ و تێگەیشتنێکی تایبەتی هەیە بۆ چەمکی ڕاستیی . ئەو وای دەبینی کە ڕاستیی لە یەكگرتنی عیرفان (مەعریفەی شهوودی) و عەقڵ و بیری فەلسەفیدا خۆی دەبینێتەوە. سۆهرەوەردی لە کتێبی “حیکمەتول ئیشراق”دا بنەمایەکی شیکاری نوێ بۆ تێگەیشتن لە ڕاستیی دادەمەزرێنێت کە تێیدا ڕووناکی دەبێتە هێمای ڕاستیی . بەلای سۆهرەوەردی، ڕاستیی خویا دەکرێت، نەک پێناسە. ئەو جۆرە ڕاستیییەی کە سۆهرەوەردی باسی دەکات ڕاستیییەکی تەواوە کە تێیدا جودایی نێوان زانەر و زانراو لە نێو دەچێت.
سۆهرەوەردی، وەک کوردێکی خەڵکی شارەزوور و پەروەردەی کوردستان، تێگەیشتنێکی قووڵی هەبوو کە چۆن هەتا بیرمەندێک زیاتر لەژێر زۆرداریدا بێت، زیاتر هەستی تینوویەتی بۆ ڕاستیی زیاد دەکات. ئەو فەلسەفەی خۆی لەسەر بنەمای خویایی و وەدرەوشان و ڕۆشنایی داڕشت، کە خۆی هێمایەکە بۆ ڕزگاریی لە تاریکیی زۆرداری و ڕوانین بەرەو ڕاستیییەکی باڵاتر. فەلسەفەی سۆهرەوەردی، بەپێچەوانەی بیرمەندانی تر، زۆر جار ڕاستیییەکان دەبەستێتەوە بە ئەزموونی ناوەوەی مرۆڤەوە، کە ئەمەش دەری دەخات فەیلەسوفی کورد چەند قووڵ لە ڕاستیی تێگەیشتووە.
ئیبن خەلەکان (١٢١١-١٢٨٢)، بیرمەندی مێژوونووسی کورد و نووسەری کتێبی گرنگی “وفیات الأعیان”، هەوڵیدا لە ڕێگەی تۆمارکردنی ژیاننامەی کەسایەتییە بەناوبانگەکانەوە ڕاستیی مێژوویی بپارێزێت، بەمەش هەوڵێکی مەزنی دا بۆ گەیشتن بە ڕاستیی بەبێ ئەوەی لەژێر کاریگەریی دەسەڵات و ئاستەنگییەکانی سەردەمدا بێت. ئیبن خەلەکان ڕێگایەکی نوێی داهێنا کە تێیدا ڕاستیی مێژوویی وەک پێکهاتەیەکی گشتی دروست دەبێت، نەک وەک بەشبەشی پارچەکراو. ئەم میتۆدە بۆ ڕاستییناسی لە مێژوودا کاریگەری گەورەی هەبوو.
ئەبو حەنیفە دینەوەری (٨٢٨-٨٩٦)، مێژوونووس و زانای کورد، بە نووسینی “ئەخباری تیوال” و بەرهەمە زانستییەکانی تری هەوڵی دۆزینەوەی ڕاستیی مێژوویی دەدا لە سەردەمێکدا کە زۆرجار ڕاستیی لەژێر کاریگەریی دەسەڵات و ئایدیۆلۆجیادا دەشێوێنرا. بەلای دینەوەریـیەوە، ڕاستیی شتێکی دینامیک و جووڵەمەندە کە لە گەواهـ و بەڵگە و دۆکیومێنتەکانەوە دروست دەبێت، نەک لە بۆچوونی کەسی و ئایدیۆلۆجیی تاکەکەسەوە.
ئەم چەمکە کوردیـیە لە ڕاستیی، وەک لە بیرمەندە کوردەکانی سەرەوەدا دەردەکەوێت، پڕە لە تێگەیشتنی قووڵی ئەپستیمۆلۆجی و ئۆنتۆلۆجی، کە هاوکات لەگەڵ کۆنتێکستی مێژوویی کوردستانـدا بەرهەمی هێناوە. ئەم تێگەیشتنە کوردیـیە لە ڕاستیی دەتوانێ بۆ ئێمە لە سەردەمی ئێستادا وەک ئامرازێکی هزریی گرنگ بەکار بهێنرێت بۆ تێگەیشتن لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێستای کورد و کوردستان.
بەڵام کوردێکی ئاگامەند هەرگیز ڕاستیی هەرس ناکات و بگرە دژایەتیشی دەکات، واتا پێناسەکردنەوەی ڕاستیی بۆ ئەم سەردەمەی کورد بەم جۆرە دەستنادا و هەموو بیردۆزەکان بۆ ئەو مانایان نامێنێت و ناچارە دوای ناسینی ڕاستیی پەنا بۆ ناساندنی ببات. ئێمە لەژێر ئەم چەمکەدا سەدان ساڵە لە خولانەوەیەکی بێپچڕان و بێوەستانداین. بۆ ئێمە ڕاستیی ئەوەیە کە دەبێ دژایەتی بکەین، چونکە ئەم ڕاستییـیە دوژمنان و داگیرکەرانی نیشتیمان بەلایەک و زلهێزان بەلایەکی تردا بە درێژایی مێژوو بۆ ئێمەیان هۆنیوەتەوە. جا بە سیاسەتی نەرم وەک سەپاندنی زمانی داگیرکەر وەک زمانی بکوژ و هەوڵدان بۆ سڕینەوە و لەبیرکردنی زمانی نەتەوەیی کوردستان، یان لە ڕێگەی دەزگای خوێندن و دژەپەروەردەی داگیرکەرەوە یاخود لەڕێگەی پەرشوبڵاوکردنی کوردانی ژێر داگیرکاریی خۆیان بۆ شارەکانی تری وڵاتانی داگیرکراو بەڕێژەیەک کە لە هەر شارێک ڕێژەی کورد کەم بکرێتەوە بۆ ٥٪ و هەوڵدان بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان. یانیش جوانترکردن و شکۆمەندکردنی کولتوور و دابونەریتی نەتەوەی داگیرکەر و کەمکردنەوە و ناشیرینکردن و ستیگماتیزەکردنی هەموو تایبەتمەندییەکی کولتووری و کۆمەڵایەتیی کوردی بەهەر جۆر و ڕێگایەک، بە شێوەیەک کە کورد خۆی حەز و ویستی خۆتواندنەوە لە داگیرکەردا بۆی دروست ببێت.
سیاسەتی توندیش کە ئەویش بە دەرکردنی کورد لە زێدی خۆی و یاساخکردنی زمانی نەتەوەیی و هەوڵدان بۆ بەکەمینەکردنی کورد و تەقەلای زۆریش بۆ بە ئایینییکردنی پرسی نەتەوەیی لە سەرانسەری کوردستان، کە لەژێر ئەم سیاسەتە زەبرە ڕۆژاڤای کوردستان بووە بە چەند دوورگەی لێکدابڕاو، کورد کران بە بێگانە. لە باشووری وڵاتیش پرۆسەی تەعریب کە بەردەوامی هەیە، بووە بە ڕاستیییەکی ناپەسەند بەسەرمانەوەیە. سیاسەتی داگیرکارانەی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیـش وەک پەڵەیەکی هەور کە لەشێوەی ڕاستیی بەسەر سەرمانەوەیە و ببووە بە ڕاستیییەک و بەشێکی زۆری کوردی بێئاگا وەک ڕاستیی هەرسی کردووە. ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بە هەموو جۆرێک لەنێو چنگی دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانیـدا بە هەموو جۆرێک پەراوێز خراوە و کراوە بە پاشکۆی فارس و زۆرێک وەک ڕاستیی باوەڕی پێ هێناوە کە ئەگەری گۆڕانی ناشۆ بێت.
ئەم سیاسەتە ڕەقە زۆر جاریش گۆڕاوە بۆ سیاسەتێکی تری توندتر کە جینۆساید و کۆمەڵکوژی و قڕکردن و تاوانی زۆر گەورەی لێکەوتۆتەوە. بۆیە هەر چوار داگیرکەر بەدرێژایی مێژوو کار بەم جۆرە سیاسەتە چەپەڵە دەکەن، تا توانیویانە ڕاستیییەک دروست بکەن و بیسەپێنن کە خۆیان و تاکەکانی کۆمەڵگەیان بەتەواوی و ئەرخەیانییەکی زۆرەوە باوەڕیان پێ کردووە. بۆیە، چەمکی ڕاستیی پێویست دەکات کورد بە دژایەتیکردن و پاشدانەوە دەستی بۆ بەرێت کاتێک لە پێناسەیەکدا دەیەوێت بیناسێنێت. لێرەوە پێچەوانەی هەموو ئەو دێڕانەی کە لەسەر ڕاستیی گوتراوە پشتڕاستکردنەوە دەکەم و دژبەریی هەمووان بە ڕێگای چارەسەر بۆ کورد دەزانم.
لای من “ئەوەی کە نییە هەیە و ئەوەی کە هەیە نییە” بەڕاست دەزانم، پێم ڕاستیییە، بەپێچەوانەی هەموو بیرمەندانی بیردۆزی ناوبراو، ئەگەر ڕاستیی ئەوە بێت ڕۆژاڤای کوردستان سووریا بێت؛ باشووری کوردستان عێراق؛ ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئێران و باکووری کوردستان تورکیا بێت، ئەم ڕاستیییە پاش دەکەمەوە و دژایەتیکردنیشی بە کارێکی هەڵوەشاندنەوە نابینم.
بەلای کوردی ئاگامەندەوە بەهیچ جۆرێک ئەم ڕاستیییەی کە ملکەچە بۆ جۆرێک لە کەتوارێکی دروستکراو بە ڕاستیی نازانێ. چونکە داگیرکەران لەڕێگەی مێژوویەکی درۆ و لە ڕێگای چەندان هەوڵی جۆراوجۆر، کەتوارێکیان سەپاند بەسەر کوردستانـدا و دواتر لە ژێر چوارپارچەی لەیەک دابڕاو و دروستکردنی کەلێنی گەورە لە نێوانیان، کەتوارێکی ناچاریی و درۆینەیان سەپاند بەسەرماندا تا ئەو ئاستەی کوردی بێئاگا لەژێریدا هەرسی کرد و ملکەچی بۆی نواند.
کوردی ئاگامەند ئەم ڕاستیییە پاش دەکاتەوە و نکۆڵی لەوانە ناکات کە بەرامبەرەکەی بە ناڕاستیی دەزانێ. عێراقیبوونی من ڕاستیییەکی دروستکراوە کە ناتوانێ نکۆڵی لە کوردبوونم بکات و بە ناڕاست و نادروست تایبەتمەندیی بداتێ. بۆیە ئێمە جیاواز لە هەموو کەسێکی تر کە لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕاستییدان، دۆزیومانەتەوە و دژایەتی دەکەین. دژایەتیکردنی ڕاستیی تەنها بۆ کوردێکی دوژمندار لە هەر چوار لاوە دروستترین کارە.
لەژێر پێناسەکانی کردارخوازیشدا دەردەچین، چونکە ئەوەی ئەزموون دەکرێ ئەگەر ڕاستیی بێ ئەوا منێک کە عێراقیبوونی زۆرەملێم ئەزموون کردووە و کوردێکیش کە کراوە بە ئێرانی و ئێرانیبوونی بە هەمان شێوە ئەزموون کردووە یان بەهەمان شێوە کوردانی باکوور و ڕۆژاڤای وڵات کە تورکبوون و سوریبوونیان لەسەر هەمان بنەما ئەزموون کردووە، لامان نەبۆتە ڕاستیییەک گەرچی بەسەرماندا سەپێندراوە. بەڵام پاشدانەوەی ئەم ڕاستیییە چنراوەی دەستی داگیرکەران دەرخەری ئەمەیە کە کوردی ئاگامەند دژایەتی کردووە و دەیکات. ئەوەشی لە ژێر لێ پێچینەوە و ئەزموونەوە بە تێپەڕبوونی کات ڕاست دەبێتەوە و دەبێتە ڕاستیی، دووبارە کوردی ئاگامەند ئامادە دەکات بۆ دژایەتیکردن چونکە ئەزموونی ئێمە لەگەڵ ئەم ڕاستیییە سەپێنراوە زۆردارییە ڕوونە و لامان وایە هەرگیز ڕاست نابێتەوە و هەرس ناکرێ، مەگەر ئەو کاتەی بە دوادانەوەی ئێمە کۆتایی پێ دەهێنرێت و خۆمان ڕاستیییەکی نوێ دەنووسینەوە.
ئەگەر ڕاستیی پرۆسەگەلێکی درێژمەودای کۆمەڵایەتی و مێژوویی و کولتوورییە و لە دواجاردا شێوە دەدات بە کۆمەڵگە، ئێمە بە هەموو جۆرێک دژبەریی ئەم ڕاستیییەین چونکە ئەو شێوەدانە بە کۆمەڵگەی کوردستان لە سەرانسەری کوردستان، بەدەستی داگیرکەر هەرسکراو و پەسەند نییە و نامانەوێ، بەم شێوەدانە بە کۆمەڵگا و نەخشەی کوردستان دڵشاد نین و هەرگیز لەبەرچاومان ناتوانێ خۆی ڕاست بنوێنێ.
ئەگەر ڕاستیی ئەمەیە کە خەڵکی ڕێک دەکەون لەسەری یاخود لە ڕێگای پێکهاتن و ڕێکەوتنەوە دروستی دەکەن، ئەرکی یەکەمی ئێمە ئەوەیە دژایەتی ئەم ڕێکەوتن و پێکهاتنە بکەین کە دوژمنانی کوردستان (تورک و عەرەب و فارس) لەگەڵ یەک یان لەگەڵ جیهان پێکی دەهێنن و ناوی دەنێن “میساق” و دواتر گوایە دەڵێن ئەمە ڕاستیییە.
پێچەوانەی ڕیچارد فاینمان (Richard Feynman)ی ئەمریکی کە دەڵێ ئێمە هەرگیز ناتوانین دڵنیا بین کە ڕاست دەکەین، دەڵێم “ئێمە دەتوانین دڵنیابین کە ڕاست دەکەین” کاتێک کە دژایەتی ئەو ڕاستیییە سەپێنراوە دەکەین کە هەرگیز ڕاستیی نییە.
لەدواجاردا و لە بنەڕەتدا ئاگامەند پێی وایە ئەگەر ئەو ڕۆژەی بە دوادانەوەکانی توانی ئەم ڕاستیییە سەپێندراوە پووچەڵەی دوژمنانی کوردستانی بسڕێتەوە، وەک بیرمەندانی هەموو جیهان کە خاوەنی دەوڵەتی خۆیانن، دادەنیشێت و لە ژێر سێبەری یەکێک لە دارەکانی نیشتیمانی یەکپارچە، ئەمجارە پێناسەیەک بۆ ڕاستیی دەکات و دەڵێت:
ڕاستیی هیچ نییە جگە لە دروستکراوێکی دەستی مرۆڤ!